دیندار دۆسكی(وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی حكومەتی فیدرالی) بۆ گوڵان:هەرێمی كوردستان كاتێكی گونجاوی بۆ هەناردەكردنی نەوت هەڵبژاردووە
January 7, 2014
دیمانەی تایبەت
هەفتەی رابردوو شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزارەتی دارایی عێراق و حوسێن شەهرستانی كۆبوونەوە بۆ دۆزینەوەی میكانیزمی گونجاو بۆ چۆنیەتی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم و رێككەوتن لەسەر پرۆژە بودجەی عێراق و چۆنیەتی پەسەندكردنی بودجەی ئەمساڵی حكومەتی فیدرالی، بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەم پرسە، بەڕێز دیندار نەجمان دۆسكی وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی حكومەتی فیدرالی عێراق لەم دیدارەی گوڵاندا تیشك دەخاتە سەر وردەكاری ئەو پرسانە و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.گوڵان: پاش هاتنی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا بە سەرۆكایەتی رێزدار نێچیرڤان بارزانی، تا چەند ئومێدێك دروست دەبێت تا ئەو ناكۆكییانەی كە هەن بە تایبەتی لەسەر پشكی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان و دۆزی هەناردەكردنی نەوت چارەسەر بكرێن؟
دیندار دۆسكی: لە راستیدا رۆژی 24/12/2013 لە ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی فیدراڵ باس لە موازەنەو بودجەی گشتی كرا، هەر لەو دانیشتنەدا تیشك خرایە سەر بەشە داهاتی كوردستان و رێژەی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان كە لە ساڵی داهاتوو دەبێتە 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، كاتێك هاتینە سەر ئەم باسە وا بڕیار درا ئەم مەسەلەیە دوابخرێت بۆ دوای سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا، لەبەر ئەوەی وەك هەموو لایەك دەزانن مەسەلەی نەوت مەسەلەیەكی گرنگ و ئاڵۆزە و بەڕاستی كێشەیەكە لە نێوان حكومەتی فیدرالی و حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، بۆیە من گەشبینم بەوەی بەم سەردانەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەروازەیەك دەكرێتەوە بۆ ئەوەی چارەسەری ئەم پرسە ئاڵۆزە بكرێت و سەرەنجامیش هەر دەبێت میكانیزمێك بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی هەردوولا لەسەری رێكبكەون، من گەشبینم بە ئەنجامەكەی، قەناعەتیشم وایە رێكەوتن ئەنجام دەدرێت لە نێوان هەردوولادا، ئەم رێككەوتنەش لەسەر بنەمای هەناردەی نەوتی كوردستان بۆ دەرەوە دەكرێت، دوای ئەم رێككەوتنە 17%ی بەشە داهاتی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق جیادەكرێتەوە كە ئەمساڵ بودجەی گشتی عێراق بە 138 ملیار دۆلار مەزندە كراوە، بەڵام لەم بودجەیە نەفەقاتی حاكیمەی لێدەردەكرێت.
گوڵان: لە هەواڵەكانەوە گوێبیستی ئەوە دەبین، كە كێشەكان هەموویان بە یەكجارەكی چارەسەر نابن، ئایا بەڕێزتان بەچی شتێك گەشبینن لە كاتێكدا كێشەكان هەمووی چارەسەر نەكراون؟
دیندار دۆسكی: سەبارەت بە كێشەكانی نەوت، تا ئێستا ئەوە بەستراوەتەوە بە تەفسیركردنەكانی دەستوورەوە، دەستوورەكە مافی هەرێم و پارێزگاكان چۆن دیاری دەكات هی حكومەتی فیدرالی چۆن دیاری دەكات، ناكۆكیمان لەسەر تەفسیركردنی دەستوور هەیە، ئەو دەسەڵاتانەی لە دەستووردا دیاری كراون كە حكومەتی فیدراڵ دەتوانێت تا كوێ دەسەڵاتی بشكێت بەسەر هەرێمەكان و پارێزگاكانداو دەسەڵاتەكانی حكومەتی هەرێم و مافەكانی چین، لە نێوان هەردوولا جیاوازییەك هەیە لە چۆنیەتی راڤەكردنەكاندا، لەبەر ئەوەی ناردنە دەرەوەی نەوتەكە سوودی هەموو گەلی كوردستان و عێراقی تێدایە، ئێمە ناتوانین چاوەڕێی چاكبوونی دۆخی عێراق بكەین ئەوجا نەوت رەوانە بكەین، ناكرێت باری ئاوەدانكردنەوە و پەرەپێدانی كوردستان رابگرین، سەبارەت بە یاسای نەوت و گازی فیدرالیش ئێمە تا ئێستا لە پەرلەمانی عێراق لەسەر دوا رەشنووسی فەرمی پرۆژە یاساكە رێكنەكەوتووین، بۆیە زۆر گرنگە لەسەر پرسی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، رێككەوتنێك لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدرالی بێتە ئاراوە بۆ ئەوەی بودجە رانەوەستێت، ئەویش بە نەوەستانی بەشە داهاتی گشتییە، تا ئیش و كاری خەڵكی بەڕێوەبچن، بۆیە گرنگە هەتا یاسای نەوت و گازی فیدرالی لە پەرلەمانی عێراق پەسەند دەكرێت، بەشێوەیەكی مەبدەئی رێكبكەوین، خۆشتان دەزانن بارودۆخی عێراق بەو شێوەیەیە، چەند ساڵێكیشە هیچ شتێك بەبێ رێكەوتن نەچووە بەڕێوە، سەبارەت بە پرسی نەوت و گازیش ئەمەش وەك كێشەكانی تر چەند ساڵێكە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بە رێككەوتن بەڕێوەیان دەبەین، كێشەكانی تریش زۆرن لە نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم، هەندێك لەو كێشانە پێویستیان بە كاتی زیاترە، هەندێكیان پێویستیان بە دانوستاندنی زیاتر هەیە، تا دێنە ئەنجامدان، ئەمەش شتێكی ئاساییە.
گوڵان: بەر لە كۆبوونەوەی نێوان مالیكی و نێچیرڤان بارزانی شاندی وەزارەتی دارایی عێراق و شاندی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی عیماد ئەحمەد كۆبوونەوەو دواتر رایانگەیاند كە گەشبین بوون بە ئەنجامەكانی كۆبوونەوەكە، تا چەند دەتوانرێت چارەسەری ریشەیی پشكی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بكرێت بێ كەموكوڕی بێت و وەك پارساڵی لێ نەیەت؟
دیندار دۆسكی: تا دوا چركەساتەكانی دانیشتنەكانیش هەر داكۆكیمان لە بەشە بودجەو بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان كردووە، ئەگەرچی هیچ داتاو ژمارەو ئامارێك لە بەشەداهاتەكەی هەرێمی كوردستان لە هەرێمەوە بە ئێمە نەگەیشتبوو، من وەك شەخی باسی خۆم دەكەم وەك وەزیر، هیچ تێبینییەكمان لەسەر ئەوە نەبووە، ئەوان بڕیاریان وایە رۆژانە كە 400هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمەوە رەوانەی دەرەوە بكرێت بایی ئەوەندەی نرخی ئەو رێژەیە پارە ببڕن لە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان، ئێمە لەسەر ئەمە ناڕازی بووین، ئەم كێشە و ناكۆییانەش ئەگەر نەگەنە چارە، لە رێی دادگای فیدرالی بڕیاریان لەسەر دەدرێن و یەكلایی دەكرێنەوە، ئێمە وەك دوو حكومەت رێككەوتین و لەسەر ئەم پرسە ئێمە ناڕازین، لەبەر ئەوەی ئێمە ئەم رێككەوتنە وەك رێككەوتنی نێوان دوو حكومەت سەیر دەكەین، هەر بۆیە پێویستە پێشتر رێككەوتن بكرێت، پاشان كە رێككەوتین لەسەر بودجە با لە پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگ پەسەند بكرێت، بۆیە من پێموایە ئەمساڵ وەك پار نابێت و جیاوازی دەبێت و مەزندەكان بەو جۆرەن بودجە بە رێككەوتن و تەوافوق بەڕێبكرێت.
گوڵان: لە یەكێك لە كۆبوونەوەكانی چوارشەممەی رابردوو سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا دیدارێكی تایبەتیمان لەگەڵ حوسێن شەهرستانی بینی، ئایا ئەمە كێشەی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بەچی دەگەیەنێت، لەكاتێكدا پاش ماوەیەكی زۆر لە ناڕەزایی دەربڕین، خودی شەهرستانی رایدەگەیەنێت كە ئەوان پشتگیری لە ناردنە دەرەوەی نەوت دەكەن؟
دیندار دۆسكی: بە راستی هەڵوێستی شەهرستانی لە بەرانبەر هەموو بەشەكانی وەبەرهێنان و ناردنە دەرەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە هەڵوێستێكی باشی لێ نابینرێت، تەنانەت هەڵوێستی مالیكی باشتر بووە، هەوڵی داوە لەگەڵ كوردستان رێكەوتن ئەنجام بدات، بەڵام وەك باسم كرد هەڵبژاردنیان لە پێشە بۆیە هەرێمی كوردستان كاتێكی گونجاویان بۆ هەناردەكردنی نەوت هەڵبژاردووە، ئەوان پێویستیان بە كورد هەیە بۆ پشتیوانی لێ كردنیان وەك پێكهاتەی شیعی، لەبەر ئەوە راگەیاندنەكانیان بۆ ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم وەك جاران نییە، بەڵام بەپێی روونكردنەوەكانی شاندی هەرێمی كوردستان جەخت كراوەتەوە سەر ئەوەی كە داهاتی ئەم نەوتەی دەنێردرێتە دەرەوە قازانجی بۆ هەموو گەلی عێراقەو بیروبۆچوونی ئەوانیش نزیك بووەتەوە لە بیروبۆچوونی حكومەتی هەرێم..
گوڵان: تا چەند پێتوایە بە تێپەڕاندن و دەرچوواندنی یاسای نەوت و گازی فیدرالی چارەسەر بۆ ناكۆكییەكان دەدۆزرێنەوە بە تایبەتیش پرسی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان كە داهاتەكەی بۆ هەموو عێراقە، تا چەند كاریگەری دەبێت بۆ بووژانەوەی ژێرخان یان یارمەتیدانی ژێرخانی ئابووری عێراق؟
دیندار دۆسكی: تا ئێستا رێككارییەكانی یاساكە بەو شێوەیەیە ئەگەرچی هەردوولا تائێستا لەسەر یەك پرۆژە رێكنەكەوتوون تا بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی، بەڵام قەناعەتم وایە ئەم گرفتانەی تا ئێستا لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدرالیدا هەیە، لە نێوان پارێزگاكانی ترو حكومەتی ئیتیحادیش كێشەی لەو شێوەیە هەیە چ لە نێوان بەسڕەو رومادی و میسان و موسڵ لەگەڵ حكومەتی فیدراڵیدا ناكۆكییان هەیە كە بێ ئەوەی ئەم یاسایە لە پەرلەمان تەسدیق بكرێت لە نێوان هەموو لایەنەكان ئەم كێشانە هەر بەردەوام دەبێت، ئەمەش كاریگەری هەیە لەسەر باری ئەمنی و ئابووری لە عێراقدا بە كوردستانیشەوە. هەرچەندە لە كوردستان باری ئاسایش سەقامگیرەو پەرلەمانی كوردستان یاساكانی پەسەند كردون و كاروباری یاسایی خۆیان بەڕێوە دەبەن، بەڵام تا ئەو یاسایەی حكومەتی فیدرالی تەسدیق دەكرێت، باشترە ئێمە وەك لایەنی كوردستانی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان رەشنووسێك ئامادەبكەین و رێوشوێن دابنێین بۆ چارەسەری هەموو ئەو كێشانەی لە ئارادان..