رەشید تاهیر بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان:لەم سەردانەدا حكومەتی فیدرالی عێراق رازی بوو هەرێمی كوردستان نەوت بنێرێتە دەرەوە

رەشید تاهیر بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان:لەم سەردانەدا حكومەتی فیدرالی عێراق رازی بوو هەرێمی كوردستان نەوت بنێرێتە دەرەوە
رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدرالی عێراق لەسەر دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان بۆ هەناردەكردنی نەوت بۆ بازاڕەكانی جیهان، بە وەرچەرخانێكی گرنگ دادەنرێت بۆ چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكانی دیكەی نێوان هەرێم و بەغدا، هەروەها ئەوەی سەلماند كە هەرێمی كوردستان سیاسەتێكی نەوت و گازی سەركەوتووی لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتەی دەستووری عێراق بە هەرێمی كوردستانیداوە، پیادەكردووە. بۆیە رێككەوتن لەسەر ئەم پرسە هەستیارە كە لایەنی حكومەتی فیدرالی تەفسیری جیاوازی لەسەر ئەو بڕگە دەستووریانە هەبوو كە ئەو دەسەڵاتەی بە هەرێمەكان بەخشیووە، ئەمە مانای ئەوەیە ئەم رێككەوتنە دەبێتە سەرەتایەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی دیكەی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدرالی عێراق، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم لایەنە، بەڕێز رەشید تاهیر ئەندامی شاندی هەرێم و بۆ بەغدا و بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان بەمجۆرە لەسەر ئەم سەردانە بۆ گولان هاتە ئاخاوتن.
* تۆ ئەندامی ئەو شاندەبوویت كە بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغداتان كرد، ئەم سەردانە بە ئیجابی وەسفكراوە، ئایا دەكرێت باسی وردەكاری و ئامانجی ئەم سەردانە بۆ خوێنەرانی گوڵان بكەیت؟
- شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت و ئەندامێتیی بەڕێزان جێگری سەرۆكی حكومەت و ژمارەیەك لە وەزیران و منیش وەك ئەندامێكی شاندەكە، سەردانی بەغدامان كرد. لەم سەردانەدا لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی فیدراڵدا باسمان لەچەندین تەوەر كرد و چاومان بە بەڕێزان نوری مالیكی سەرۆكی حكومەتی عێراقی فیدرال و دكتۆر رۆژ نوری شاوێس جێگری سەرۆكی حكومەت و حوسێن شەهرستانی جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وزە كەوت، لەم سەردانەدا لەگەڵ وەزیرانی دارایی و پلان و بەڕێوەبەری گشتی بودجە و نوێنەرانی ئەنجومەنی وەزیران كۆبووینەوەو گفتوگۆمان لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان كرد لە بودجەی گشتیی عێراق، ئێمەو ئەوان بە تێروتەسەلی سەرنج و تێبینییەكانمان لەسەر بودجەی هەرێم و وردەكارییەكان ئاڵوگۆڕكرد، لە هەمان كاتدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و شاندەكە هەر لەسەر بودجەو پرسی نەوت لەگەڵ مالیكی و شەهرستانی گفتوگۆیان كرد، چەندین خاڵ راوبۆچوونیان دەربارە خرایەڕوو و ئومێدی چارەسەری لێدەكرێت و بڕیاریشدرا كە هەفتەی دوای سەری ساڵ شاندێكی هەرێمی كوردستان جارێكی دیكە سەردانی بەغدا بكاتەوە بۆ دانووستان لەسەر ئەم خاڵانە، بەهەر حاڵ چوونی شاندەكە بۆ بەغدا سوودێكی باشی هەبوو و كێشەكان رووەو چارەسەرە، هەروەها حكومەتی بەغداش رەزامەندیی دا لەسەر هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و 17%ی پشكی خۆی هەڵگرێتەوە و دەستحەقی كۆمپانیاكانی نەوتی لێ بدرێت و ئەوەی دەشمێنێتەوە بدرێتە حكومەتی هەرێمی فیدراڵ، كەواتە ئەوان رازی بوون كە نەوتی كوردستان هەناردە بكرێت.
* لەم سەردانەتاندا لەسەر پرسەكانی ئابووری زۆر قسەتان كردووە، ئایا لەسەر بابەتی بەشە بودجەی كوردستان تێبینییەكانتان چی بوون؟
- بودجەی ئێمە لەسەر حكومەتی فیدرال 17%یە، بەڵام پشكی سەرەكی ئەوەبوو كە بڕگەو پارەیەكی زۆر 30% لە بودجەی گشتی دەكرێتە سیادی، ئەو كاتە 17%كەی كوردستان دەڕوات، واتا 10% لە ئیجمالی دەمێنێتەوە و خەڵكیش دەڵێت 17%یە، ئێمە تێبینیمان هەبوو كە دەبێ هەندێ بڕگە لە سیادی لاببرێت، یان وەسفێكی خاڵەكانی نەفەقاتی سیادی بكرێت، یان پێویستە رێژەیەك بۆ سیادییەكە دەستنیشان بكرێت و نابێت بە ئارەزووی خۆیان دایبنێن، لەو حاڵەتە پشكی كوردستان و پارێزگاكانیش كەم دەكرێتەوە.
* بۆ مەسەلەی ناردنە دەرەوەی نەوت، ئەوان كۆمەڵێ مەرجیان داناوەو ئێوەش رەزامەندیتان لەسەر دا، ئەی هەناردەكردنی نەوتی عێراق و چۆنێتیی ناردن و شەفافییەتی دیكە چۆنە؟
- ئێمە دوای سەری ساڵ كە چووینەوە بەغدا سەرنجەكانمان دەخەینەڕوو، گرنگ ئەوان رەزامەندبوون لەسەر هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان كە ئێمەش بەشێكین لە عێراق و بەشداری دەكەین لە داهاتی گەنجینەی عێراق و كە پارە زیادبوو دەیدەینە بەغدا.
* ئایا بە هەمان شێوە داكۆكیتان لەسەر بەشە بودجەی پێشمەرگە كرد؟
- سەبارەت بە بەشە بودجەی پێشمەرگەش هەر لە كۆبوونەوەكان باسمان كردو لە هەفتەی داهاتوودا ئەم خاڵەش باس دەكەین و دەچینە ناو وردەكارییەكانەوە.
* مەبەست لە كۆبوونەوەتان لەگەڵ وەزارەتی پلانی عێراق چی بوو؟
- لەم كۆبوونەوەیەشدا بە هەمان شێوە باسمان لەو خاڵانە كرد كە پەیوەستن بە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان.
Top