مایكل بارنێت بۆ گوڵان:ئیدارەی ئۆباما هەرگیز نەیویستووە لەوە زیاتر لە سوریا تێوەبگلێت، لە زۆر رووەوە رێككەوتنەكە لەبارەی چەكە كیمیاییەكانەوە، ئیدارەی ئۆبامای رزگاركرد

مایكل بارنێت بۆ گوڵان:ئیدارەی ئۆباما هەرگیز نەیویستووە لەوە زیاتر لە سوریا تێوەبگلێت، لە زۆر رووەوە رێككەوتنەكە لەبارەی چەكە كیمیاییەكانەوە، ئیدارەی ئۆبامای رزگاركرد
مایكل ئین بارنێت پرۆفیسۆری زانكۆیە بۆ كاروباری نێودەوڵەتی و زانستی سیاسەت لە زانكۆی ئیللویت و تایبەتمەندە لە سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ قسەكردن لەسەر بارودۆخی ئاڵۆزی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بارودۆخی سوریا و عێراق، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی پرۆفیسۆر مایكل بارنێت كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێكی ئینتیقالی سەختدا دەڕوات و هەموو گۆڕانكاریەك چاوەڕوانكراوە، لە هەمان كاتدا پارت و گرووپە ئیسلامیەكان لە هەڵكشاندان و پێشبینی دەكرێت هەڵكشێن، ئێوە چۆن بارودۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخوێننەوە؟
- رەنگە وەسفكردنێكی ورد بۆ بارودۆخەكە ئەوە بێت كە شلۆقە. هەروەك ئێوە ئاماژەتان پێكرد، لە راستیدا چەندین تەوژم لە ئارادان و بە ئاڕاستەی جیاوازدا دەجوڵێن، كە ئەگەری ئەوە هەیە ئەم تەوژمانە كۆببنەوە و ببنە گەردەلولێكی تەواو، یاخود بارودۆخەكە وەك ئێستا بمێنێتەوە، لەگەڵ ئەگەری ئەوەی بەردەوام بەرەو خراپتر بچێت، پێم وایە سەرباری ئەو گۆڕانكاریە زۆرەی روویداوە - كە پاڵنەری سەرەكی هێزە ناوخۆییەكان بوونە-، نیگەرانیەكی دیكەش لە ئارادایە، كە پەیوەستە بەوەی چەندین هێزی دەرەكی هەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كە دەستێوەردان دەكەن بۆ ئەوەی بارودۆخەكە بە خواستی ئەوان بشكێتەوە، كەواتە دەگونجێت بڵێین بارودۆخەكە شلۆقە و مەترسیدارە و ناكۆكی هەڵگرە...
* ئایا تا چەند هاتنەسەر دەسەڵاتی پارتە ئیسلامیەكان هەڕەشە دەبێت بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی؟
- لە زۆربەی حاڵەتەكاندا، ئەمە پەیوەست نییە بە هەڕەشەوە لەسەر ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی، بەڵكو پەیوەستە بە بڕیاری دەوڵەت و كۆمەڵگەوە كە دەیانەوێت چۆن بژین. هەندێ جار ئەمە ئاكامی نێودەوڵەتی لێدەكەوێتەوە، بەڵام من پێموانییە هەڵكشانی پارتە ئیسلامیەكان، یان عەلمانیاكان بابەتی پەیوەندیدار بێت بە سیستمی نێودەوڵەتیەوە...بەلای كەمەوە لە روانگەی سیاسەتی دەرەكی ئەمریكاوە، پشتیوانیكردن هەیە بۆ بەها تەقلیدیەكانی دیموكراتی، كە ئازادی كۆبوونەوەو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی رەوا و ئازادانە و ململانێ و...تاد لە خۆدەگرێت، هەروەها كاركردن هەیە بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەم بەهایانە نەك لە پێش هەڵبژاردندا، بەڵكو لە دوای هەڵبژاردنیش پیادە دەكرێن.
* وڵاتە پاشایەتیەكان جیاوازن، وەك سعودیە و مەغریب و ئەردەن، كە بە دوورن لەم گۆڕانكاریانە و ئەمەش سەرنجدراوە، بەڵام حكومەتەكانیان لەبەرامبەر ئەو شەپۆلی گۆڕانكاریەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەندێ گۆڕانكاریان كردووە، ئایا تا چ راددەیەك رژێمە پاشایەتیەكانی ناوچەكە لەم گۆڕانكاریانە بەدوور دەبن؟
- بە دڵنیاییەوە زۆر زەحمەت دەبێت بۆیان كە خۆیان لە گۆڕانكاری لابدەن، ئەوان لە ژێر فشاری ناوخۆییدا-ئیتر هێزە ئاینیەكان بن یان عەلمانیەكان- گۆڕانكاریی دەكەن...پێموایە پرسەكە تەنها ئەوە نییە ئیسلام حكومڕانی كۆمەڵگە بكات، بەڵكو لەوە گرنگتر پرسی شەرعیەتی حكومڕانی پاشایەتیە، لەبەرامبەر حكومڕانی خەڵكدا، بەتایبەتی لە ئەردەن و مەغریبدا كە جێی سەرنجە بزانین چۆن هاوسەنگیەك دێتەدی لە نێوان هێزە كۆمەڵایەتیە بەرفراوانەكە و ئەو ئیمتیازاتانەی حكومڕانی پاشایەتی هەیەتی.
* سوریا كە پێشتر گەرمترین هەواڵی راگەیاندنەكانی جیهان بوو، هەروەها رۆژئاواش هەڵوێستێكی توندی هەبوو لە ئاست سوریادا، بەڵام دوای رازیبوونی ئەسەد بە لەناوبردنی چەكە كیماییەكانی و دوای گفتوگۆكانی نێوان ئێران و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەستدەكەین لەسەر هەموو ئاستەكاندا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگە، هەر ئەمەش هۆكاری ئەوەیە كە كارەسات و توندوتیژی دژی خەڵكی مەدەنی سوریا بەردەوامە، بە بۆچوونی ئێوە چۆن سوریەكان رزگاربكرێن لەم دۆخە؟
- پێموایە ئەمە یەكێكە لە گەورەترین تراژیدیاكانی مرۆڤایەتی، كاتێكیش ئاوڕدەدەینەوە دەبینین كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەرفەتی ئەوەی هەبوو كارێك بكات دۆخەكە جیاواز بێت....هەستی من ئەوەیە ئیدارەی ئۆباما هەرگیز نەیویستووە مامەڵە لەگەڵ سوریادا بكات و نەیدەویست سیاسەتی دەرەوە لەوە زیاتر تێوەبگلێت كە هەبوو، لەبەر ئەوە لە زۆر رووەوە رێككەوتنەكە لەبارەی چەكە كیمیاییەكانەوە، ئیدارەی ئۆبامای رزگاركرد، چونكە وا دەردەكەوێت ئەم ئیدارەیە كارێك دەكات، بێ ئەوەی هیچ شتێكیش بكات لەبارەی چارەسەركردنی ریشەی ناكۆكیەكەوە. پێموایە باشترین چارەسەر، كە زۆر كەس لەگەڵ ئەمەدا هاوڕایە- ئەوەیە رێككەوتنێكی سیاسی بكرێت، بەڵام تراژیدیاكە بۆ خەڵكی سوریایە.
* عێراق بۆتە مۆڵگەی ئەل قاعیدە و سەقامگیری لەم وڵاتە لە ئاڵۆزترین دۆخدایە، حكومەتی عێراق بەرەو ئەوە دەچێت دیموكراسی بكەوێتە مەترسیەوە، ئەگەر بارودۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئایا چ مەترسیەك لەسەر ناوچەكە دروست دەكات؟
- ئاشكرایە ئەوەی لە عێراقدا روودەدات كاریگەری هەیە لەسەر سوریا و ئێران، واتە ئاكامی ئیقلیمی لێدەكەوێتەوە. ئومێدی من ئەوەیە ئیدارەی ئۆباما لە گفتوگۆكانی لەگەڵ ئێراندا، كارێك بكات ئێران رۆڵێكی باشی هەبێت لە پەیوەندیدا بە پرسی ئەل قاعیدەوە، چونكە ئاشكرایە ئێران حەزناكات ئەل قاعیدە لە عێراقدا دەسەڵات بگرێتەدەست. كەواتە یەكگرتنی بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا و ئێران هەیە، كە هیچیان ناسەقامگیریان ناوێت. ئەمریكا دەتوانێت لەگەڵ حكومەتێكدا لە عێراقدا هەڵبكات ئەگەرچی نزیكیش بێت لە ئێرانەوە، بە مەرجێك ئەركەكانی خۆی لە رووی ئاسایشی ناوخۆییەوە ئەدا بكات، ئەوە شتێكی زانراوە كە ئەمریكا پتر بایەخ بە سەقامگیری دەدات نەك دیموكراسی، ئەوەی جێی داخە لەم جارەیاندا ئەوەیە ئەمە بۆتە بژاردەیەكی ئاسانتر بۆ ئەوەی ئەمریكا هەڵیبژێرێت. بەڵام ئەمە دوو ساڵ پێش ئێستا بەم ئاسانیە نەبوو، كە بەهاری عەرەبی هەبوو.
* زۆرێك لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرچاوەی وزەن، و ناسەقامگیری سیاسی لەم وڵاتانەدا كاریگەری هەیە لەسەر ئەم حاڵەتە، هەروەها مەترسی تیرۆریستانیش هەیە، كەواتە ئەگەر دۆخەكە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كەوتە دەستی تیرۆریستان، تا چ راددەیەك مەترسی لەسەر ئاسایشی وزەی جیهان دەبێت، كە ئێستا مەترسی تیرۆر لە عێراقدا زۆر بەرزە، سوریاش تا راددەیەك لە ژێر كۆنتڕۆڵی تیرۆریستاندایە، هەل و مەرجی لوبنانیش ناسەقامگیرە؟
- نرخی نەوت پەیوەستە بەوەی لەسەر ئەرزی واقیع لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا روودەدات، هەمیشە ئەمە راست بووە، خوێندنەوەی من بۆ بارودۆخەكە ئەوەیە كە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لە ئابووری جیهاندا روودەدات، كە ئەمریكا بەرەو ئەوە دەڕوات نەوت هەناردە بكات و زۆرێك لە وڵاتانیش چیتر پشت بە بەرهەمی پەترۆلی نابەستن، كەواتە ئەمە پێچەوانەی چڵ ساڵ پێش ئێستایە كە جیهان پشتی بە وڵاتانی كەنداو دەبەست بۆ دابینكردنی وزە، بەڵام چیتر ئەمە حاڵەتەكە نییە. لەبەر ئەوە واقیعەكە ئەوەیە لە كاتێكدا ناسەقامگیری ناوچەكە كاریگەری لەسەر بازاڕی وزە دەبێت، ئەوا هەمان ئەو كاریگەریەی نییە كە لە چل ساڵ پێش ئێستا هەیبوو، هەروەها ئەوەی دەیبنین سعودیە رۆڵی هاوسەنگكردن دەبینێت، كە هەر كاتێك هەناردەی نەوت لە بەشەكانی دیكەی ناوچەكە كەم بووبێتەوە، ئەوا سعودیە هەناردەی خۆی زیاتر كردووە.
Top