جیم بەتەرفیلد بۆ گوڵان:نازانرێت بارودۆخی ئێستای عێراق بەرەو كوێ دەڕوات بەڵام ئەگەری دابەشبوون و شەڕی ناوخۆ لە ئارادایە

جیم بەتەرفیلد بۆ گوڵان:نازانرێت بارودۆخی ئێستای عێراق بەرەو كوێ دەڕوات بەڵام ئەگەری دابەشبوون و شەڕی ناوخۆ لە ئارادایە
پرۆفیسۆر جیم بەتەرفیلد ئوستادی زانستی سیاسەتە لە زانكۆی وێسترن میشیگان، پسپۆر و تایبەتمەندە لەسەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیاو دەوڵەتانی پۆست كۆمۆنیست و بونیادی دیموكراتی، هەروەها تایبەتمەندە لەسەر عێراق و ئێران و توركیا، بۆ قسەكردن لەسەر رەوشی ئێستای عێراق و هەرێمی كوردستان چەند پرسیارێكمان ئاراستەی پرۆفیسۆر جیم بەتەرفیلد كردو بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.
* لە ماوەی سەرۆكایەتی سەرۆك بوشدا، ئەمریكا هەردوو وڵاتی عێراق و ئەفغانستانی داگیركرد بۆ لەناوبردنی بنكەی تیرۆریستان لەم دووڵاتەدا، بەڵام دواتر بوونە گۆڕەپانی شەڕی تیرۆر، پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی دۆخەكە بەم ئاڕاستەیەدا رۆیشت و بەو شێوەیە نەبوو كە ئەمریكا پێشبینی كرد؟
- ئیدارەی بوش بێئەندازە سەرچیغ چوو لەوەی كە پێیوابوو دەتوانێت لە عێراق و ئەفغانستان بەدەستی بهێنێت، ئەوەتان لە یاد بێت ئەو پێشبینی ئەوەی دەكرد عێراقیەكان بە گوڵباران پێشوازی لە سەربازە ئەمریكیەكان بكەن. لەبەشێكیدا هۆكاری ئەو سەرچیغیە ئەوەبوو كە متمانەیەكی زیاد لە پێویستی هەبوو بەوەی دەتوانێت بە كردەوەی سەربازی هەرچی دەیەوێت و ئامانجیەتی دەتوانێت بەدەستی بهێنێت. هەروەها هۆكارێكی دیكەش بێئاگایی بوو لە دیموگرافیای قووڵ و ئاڵۆزی كۆمەڵگەی عێراقی. وەك پیشەیی زۆرجاریان، هێزە كۆڵۆنیە ئەوروپیەكان كۆمەڵگەگەلێكی فرەئیتنی و فرەمەزهەبیان لە دوای خۆیان جێهێشت كاتێك سەربەخۆییان گەڕاندەوە بۆ كۆڵۆنیەكانی پێشوویان. بە هەمان شێوە ئەوە پیشەیان بووە، كە وەك پیادەكردنی ستراتیژی پەرتكە و زاڵبە، لە رۆژگاری كۆڵۆنیاڵیدا گروپێكی ئیتنی یان ئایینیان دژ بە گروپێكی دیكە بەكارهێناوە. سوریا، و كینیا و نەیجیریا نمونەگەلی كۆمەڵگەگەلێكی ناسەقامگیرن كە بەدەست ئەم میراتەوە دەناڵێنن. ئەمە لە كاتێكدا زۆرێك لە شارەزایان لەم داینامیكیەتانە تێدەگەن و راوێژ و راسپاردەی ئەوان دژ بە داگیركردنی عێراق و ئەفغانستان بوو، بەڵام رای گشتی ئەمریكا و سەركردایەتیەكەی لە تێڕوانینیاندا بۆ جیهان، مێژوو نادیدە دەگرن.
* بەڵام دوای ئەوەی هێزەكانیان لە عێراق كشاندەوە ویستیان وا پیشانی رای گشتی جیهان و ئەمریكای بدەن، كە ئەوان لەشەڕەكە سەركەوتن بۆیە دەكشێنەوە، بەڵام وەك ئێستا دەیبنین توندوتیژییەكان بە ئاستێكن حكومەتی عێراق ناتوانیت كۆنترۆڵی بكات، ئایا ئەمە سەركەوتنە؟
- بە دڵنیاییەوە سەركەوتن نییە، هەوەها من ناشتوانم پێشبینی ئەوە بكەم عێراق بەرەو كوێ دەڕوات، بەڵام بێگومان ئەگەری روودانی ئەم سیناریۆیە لە ئارادایە كە حكومەت دەسەڵاتی نەمێنێت و ببێتە پاشا گەردانی. هەروەها سیناریۆیەكی دیكە بریتییە لە دابەشبوونی وڵاتەكە لەسەر بنەمای تائیفی و بەرپابوونی شەڕێكی ناوخۆیی سەرتاسەری. سیناریۆی سێیەم، ئەوەیە لایەنێك دیكتاتۆریەتێكی دڕندە دابمەزرێنێت، بە چەشنی دیكتاتۆریەتی سەددام حوسێن و ئەسەد و قەزافی. ئەم دیكتاتۆرانە بە زەبر و زەنگ هێمنییەك بەسەر لایەنە ململانێكارەكاندا دەسەپێنن، ئەگەرچی ئەوە تەنها كێشەكان دوا دەخات و چارەسەریان ناكات. سیناریۆی كۆتایی ئەوەیە لایەنەكانی عێراق فێری پێكەوەژیان بن. ئەمەش ئەندازەیەكی زیاتری لێبوردەیی و سازشكردنی دەوێت، وەك ئەوەی حاڵی حازر لە ئارادایە. توێژینەوەیەكی زۆر هەیە لەبارەی داڕشتنی ئەو دامەزراوانەی هانی سازشكردن و هاوكاریكردن دەدەن، بەڵام لە كۆمەڵگەیەكی دابەشبووی وەك عێراقدا، ئەمە كارێكی ئاسان نابێت.
* ئێستا تەكتیكی تیرۆریستان گۆڕاوە لە عێراقدا، پێشتر تەنها ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و تەقینەوەی خۆكوژی بوو، ئێستا لە رێی خۆكوژەكانەوە هێرش دەكەنەسەر زیندانەكان، وەك ئەوەی لە ئەبوغرێب روویدا، ئایا ئەمە بە مانای ئەوە نایەت كە تیرۆریستان تەحەددای حكومەتی عێراقی دەكەن؟
- هەمیشە تیرۆریستان دەبنە تەحەددی بۆ ئەو بارودۆخەی لە ئارادایە. كاتێك ئەمریكا لە عێراق كشایەوە، ئەوا بارودۆخەكە لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە دەپارێزرێت. لەبەر ئەوە شتێكی لۆجیكیە كە تیرۆریستان بیكەنە ئامانج. لەلایەكی دیكەوە لەو قۆناغە راگوزەریانەدا كە تا دوا راددە شلۆق و ناكۆكی هەڵگرە، وەك ئەوەی لە ماوەی چەند ساڵی كەمی رابردودا عێراقی پێدا تێپەڕیوە، بە دەگمەن دەتوانین هەموو ئۆباڵەكە بخەیتە ئەستۆی كەسێك یان لایەنێك. بەڵام رەوایە بڵێین عێراق خاوەنی سیاسەت و سەركردایەتیێكی باوەشگرەوە نەبوە-هاووێنەی- ئەوەی نێڵسۆن ماندێلا هەیبوو، كە مردنەكەی كاریگەری میراتی سەركردایەتی پێشكەوتووی بیرخستینەوە.
* بارودۆخێكی مەترسیداری دیكە بریتییە لەوەی لە شەڕی دژە تیرۆر و ستراتیژیەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمدا عێراق لە هەوڵی بەدەستهێنانی هاوكاری وڵاتانی دیكەدایە، وەك ئێران، ئەمەش مەترسیدارە، لەبەر ئەوەی دەبێتەهۆی ئەوەی لە پاڵ زیادبوونی نفوزی تیرۆردا نفوزی ئێرانیش زیاتر بێت لە عێراقدا، تا چ راددەیەك ئەمە كاریگەری هەیە لەسەر سەقامگیری و سەروەری عێراق؟
- یەكێك لەو شتە سەیرانەی مێژووی ئەم دواییە- كە مایەی بەدبەختیە- ئەوەیە كە ئەمریكا پێگەی ئێرانی بەهێزكرد كاتێك دوو لە دوژمنەكانی لەناوبرد، سەددام حوسێن و تاڵیبان. ئەگەرچی، ئێران بەدەست چەندین كێشەی ناوخۆییشەوە دەناڵێنێت. یەكێك لەو هەنگاوانەی مایەی ئومێدە گفتوگۆكانی ئەم دواییە بوو لەبارەی توانا ئەتۆمیەكانی ئێرانەوە. بەڵام هێشتا ئەمە هەنگاوێكی بچووكە و زۆر شتی دیكە ماوە كە دەبێت دیاری بكرێت. ئومێدەكە ئەوەیە سەركردایەتی ئێران بگەنە ئەو دەرئەنجامەی كە ناكرێت كێشە ناوخۆییەكانی چارەسەربكرێن تەنها ئەو كاتە نەبێت كە ریشەی رادیكاڵیەت هەڵبكێشرێت لە ئێراندا. ئەگەرچی ئەمە وەك گەشبینیەكی ناواقیعی دەردەكەوێت.
* هەرێمی كوردستان كە هێشتا بەشێكە لە عێراق، هەرێمێكی ئارام و سەقامگیرە و ئەزموونێكی دیموكراسی هەیە، حكومەتی عێراقیش نەك هەر هاوكاری ئەم هەرێمە ناكات، بەڵكو كێشەشی بۆ دروست دەكات، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا تا چ راددەیەك كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی لە گەشەكردن و سەقامگیری ئەم هەرێمە دەكات؟
- من پێشبینی ئەوە ناكەم كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشێوەیەكی فراوان پشتگیری سەربەخۆیی كوردستان بكات، بڕواننە ئەو مشت و مڕەی لەبارەی جاڕدانی سەربەخۆیی كۆسۆڤۆ، ئەبخازیا و ئۆسیتیای باشورەوە دروست بوو. كۆسۆڤۆ تا راددەیەك ئیعتیرافێكی دیپلۆماسی پێكرا، بەڵام هێشتا زۆرێك لە وڵاتان هەن كە كارێكی لەم چەشنە رەت دەكەنەوە. تەنها ژمارەیەكی كەمی وڵاتان ئەم كارەیان لە ئاست دووانەكەی دیكەدا -ئەبخازیا و ئۆسیتیای باشور-كرد، ئەمە سەرەڕای دەستپێشخەریەكی دیپلۆماسی توند كە لەلایەن روسیاوە لەبری هەردووكیان خرایەڕوو. مەسەلەكە بریتییە لەوەی ئەمە دەبێت پێشینەیەك- سابقەیەك-. رەنگە شتێكی تەواو رەوا بێت كە كوردەكان وڵاتی خۆیان هەبێت، بەڵام زۆرجار شەرعیەت و رەوایی لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا مەسەلەیەكی پەیوەندیدار نییە. لەوەش زیاتر، سەرەڕای ئەوەی توركەكان تا راددەیەك تێڕوانینێكی لیبراڵیان هەیە لە ئاست كوردەكانی رۆژهەڵاتی توركیا، بەڵام هێشتا پشتیوانی لە كوردستانێكی سەربەخۆ ناكرێـت. توركیاش زۆر دەستڕۆیشتووە لە ناوچەكەدا. ئومێد دەكەم كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كاریگەری لەسەر عێراق هەبێت بۆ ئەوەی سیستمێكی فیدراڵی بگرێتەبەر- و رەنگە فیدراڵیەتێكی جیاوازیش بێت- كە هاوكاری كوردەكان بكات لە پاراستنی ناسنامە و سەقامگیریدا.
Top