بولنت ئاراس بۆ گوڵان:كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر رژێمی ئەسەد بێدەنگە و سیستمێكی نێودەوڵەتیش نییە لەسەر تاوانەكانی ئەسەد بێتە دەنگ

بولنت ئاراس بۆ گوڵان:كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر رژێمی ئەسەد بێدەنگە و سیستمێكی نێودەوڵەتیش نییە لەسەر تاوانەكانی ئەسەد بێتە دەنگ
پرۆفیسۆر بولنت ئاراس ئوستادی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكانە لەزانكۆی ئیشك و پسپور و تایبەتمەندە لە سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆراسیا و تۆژرە لە ئامۆژگای (SETA) لە ئەنكەرە و لەنزیكەوە چاودێری گۆڕانكاریییەكانی سوریا دەكات، بۆ قسەكردن لەسەر رەوشی سوریا و بێدەنگی نێودەوڵەتی بەرامبەر رژێمی ئەسەد دوای ئەوەی ئەسەد دەرگای بۆ پشكنەرانی چەكە كیمیاییەكانی واڵاكرد، سەبارەت بە رەوشی سوریا چەند پرسیارێكمان ئاراستەی پرۆفیسۆر بولنت ئاراس كرد و بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.
* دوای سێ ساڵ لە كوشتنی مەدەنیەكان، ئێستا كارە تاوانكاریەكانی بەشار ئەسەد سەرنجێكی كەم بەلای خۆیدا رادەكێشێت، سەرەڕای دەركەوتنی لە راگەیاندنی نێودەوڵەتیدا كە تەحەددای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات. بە تێڕوانینی ئێوە، چۆن كۆمەڵگای نێودەوڵەتی مامەڵە لەگەڵ ئەسەد و رژێمەكەیدا دەكات؟
- ئەو سیاقە نێودەوڵەتیەی هەیە جێی داخە كە بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ رژێمێكی وەك بەشار ئەسەد دەكات، ئێمە هیچ دەسەڵاتێكمان نییە لە سەرووی ئیرادەی نێودەوڵەتیەوە كە رێساگەلێكی دیاریكراو بەسەر ئەم جۆرە تاوانانەدا بسەپێنێت، هەروەها سیستمێك نییە دادپەروەری بهێنێتەدی و رێگە لە ئەنجامدانی تاوان دژی كۆمەڵگەكەی بگرێت، سەرۆك وەزیران ئەردۆغان و وەزیری دەرەوە داود ئۆغڵۆ رەخنەیان لەم سیستمە نێودەوڵەتیە گرتوەو و رایانگەیاندوە كە دادپەروەری و یەكسانی تێدانییە. ئەوەی لە سوریادا روودەدات ئەوەیە كە كۆمەڵە وڵاتێك پێیانوایە ئەوەی روودەدات تاوانە، بەڵام سیستمێك نییە رووبەڕووی ئەسەد بێتەوە لەسەر ئەم تاوانە. بەڵام جێی داخە كە كۆمەڵە وڵاتێكی دیكە هەن كە بێدەنگن و تەنانەت دەچنە پاڵ ئەسەد لە تاوانەكانیدا دژی سوریەكان و دژی مرۆڤایەتی.
* هەندێك لە چاودێران وای دەبینین كە ئێستا رژێمی ئەسەد دەیەوێت دووبارە كۆنترۆڵی هەموو سوریا بكاتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەسەد ئێستا لە ئۆپۆزسیۆن بەهێزترە، ئایا مانەوەی ئەسەد لەدەسەڵاتدا چ هەڕەشەیەك بۆ سوریا و ناوچەكە دروست دەكات؟
- پێموانییە ئەسەد دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت كۆنتڕۆڵی سەرتاسەری سوریا بكاتەوە، لەبەر ئەوەی موعارەزەیەكی راستەقینەی ناوخۆیی هەیە لە دژی، یەكەم شتیش كە پێویستە بیكات ئەوەیە عەقڵ و سۆزی خەڵك بەلای خۆیدا رابكێشێت، بەڵام زەحمەتە ئەمەشی بۆ بكرێت، لەلایەكی دیكە ئۆپۆزسیۆنیش هەیە كە تەحددای رژێمەكەی ئەسەد دەكات، هەروەها ناوچەیەكی جوگرافیی كوردی هەیە لە سوریا كە ئەسەد كۆنتڕۆڵێكی زۆری ئەو- جوگرافیایەی بەدەستەوە نییە-، بەڵام هێشتا ئەسەد ماوەتەوە، ئەویش بە شێوەیەكی سەرەكی هۆكارەكەی بۆ نەبوونی سیستمێكی عەدالەتی نێودەوڵەتی دەگەڕێتەوە و بۆ سەرنجنەدان لە تاوانەكانی دەگەڕێتەوە. بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نایەت كە دەمێنێتەوە، لە رووی مێژووییەوە هەموو سەركردە تۆتالیتاریەكان رۆیشتوون، رەنگە بۆ ماوەیەك بمێنێتەوە، بەڵام درەنگ یان زوو لە كەشی سیاسی سوریادا دەسڕێتەوە.
* بەهۆی پەرت و بڵاوی گروپەكانی موعارەزە لە سوریا، كۆنفرانسی جنێف دوو دواخرا، ئەمەش بۆتە هۆی بەتاڵكردنەوەی ناوەڕۆكی كۆنفرانسی جنێڤ 1. لەبەر ئەوەی ئەسەد لە كۆنفرانسی دووەمدا دەسەڵات جێناهێڵێت، چۆن وەرچەرخانی سیاسی روودەدات لە سوریادا، لە كاتێكدا ئەسەد لە دەسەڵاتدایە؟
- پێش هەموو شت كۆنگرەی جنێڤ 2 بە مانای دووبارە چەسپاندنەوە و پشتیوانیكردنی ئەسەد نایەت، بەڵكو بیرۆكەكە ئەوەیە هەمووان بەشداربن بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەرێكی كۆتایی، ئاشكرایە كە موعارەزە زۆر بەربڵاوە و یەكگرتوو نییە. ئەوە سروشتی دۆخی شەڕە و بەڕێز ئەردۆغانیش ویستی گفتوگۆیان لەگەڵدا بكات و یەكیان بخات، لەبەر ئەوەی ئامانجی هاوبەشیان هەیە كە هەموو لایەكیان لەگەڵ دوورخستنەوەی ئەسەدن لە دەسەڵات و لەگەڵ دروستكردنی دەوڵەتێكی نوێن، و ئاشتەواییش لە نێوانیاندا لە بەرژەوەندی ئایندەی وڵاتەكەیە.
* لەسەر ئاستی ئیقلیمی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوو بەرە دروستبوون لە ئاست كێشەی سوریادا، یەكەمیان لەگەڵ مانەوەی ئەسەد لە دەسەڵاتدا كە عێراق و ئێران و حزبوڵان، بەرەی دووەم لەگەڵ رووخانی ئەسەد دایە كە بریتین لە سعودیە و قەتەر و توركیا. بە تێڕوانینی ئێوە، تا چ راددەیەك ئێران و حزبوڵا سەركەوتوو بوونە لە پشتیوانیكردنی رژێمەكەی ئەسەد بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە؟
- رژێمی ئەسەد هێشتا لە دەسەڵاتدایە و لە بارودۆخێكی باشیشدا نییە، بۆیە بە باوەڕی من لە دۆخێكی زۆر لەرۆزكدایە، لەبەر ئەوەی تەواوی نەتەوەكە رووبەڕووی بوونەتەوە و شەڕی لەگەڵدا دەكەن. كەواتە رژێمەكەی ئەسەد لە كێشەیەكی قوڵدایە. ئەسەد هێشتا لە دەسەڵاتدایە ئەویش بە بەكارهێنانی تاكڕەوی و خۆسەپێنی خۆی، هەر دیكتاتۆرێكیش ئەوە بەكاربهێنێت، ئەتوانێت بەو شێوەیە بەردەوام بێت، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە كە بۆ هەتا هەتایە بەردەوام دەبێت. بە دڵنیاییەوە كەس ناتوانێت ئەوە لەبیر بكات كە لە سوریادا روودەدات، سوریا نەتەوەیەكی مەزنی هەیە و خەڵكێكی مەزنی هەیەو ئەوان خۆیان دەزانن چی باشە بۆیان. ئەوەی گرنگە بەلای لایەنەكانی دیكەوە، ئیتر هەرێمی كوردستان(KRG)بێت، یان ئێران یاخود توركیا و لایەنەكانی دیكە ئەوەیە لایەنی خەڵك بگرن، چونكە خەڵكی خۆیان دەزانن چی باشە بۆ ئەوان، ئەوەی لایەنی خەڵكیش بگرێت لە بەرەی راستی مێژوودایە. و ئەگەر لایەنی خەڵك بگرن ئەوا دواتر دوچاری شەرمەزاری نابنەوە لە پەنجا ساڵی داهاتوودا و لە پێگەیەكدا نابن كە ناچاربن داوای لێبوردن بكەن و پۆزش بهێننەوە، كەواتە دەبێت بوار بە خەڵكی سوریا بدرێت خۆیان ئایندەی خۆیان دیاری بكەن
* هەندێ لە چاودێران پێیانوایە لابردنی مورسی لە دەسەڵات لەلایەن سوپای میسرەوە، بۆتە هۆی ئەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگ بێت لە ئاست كێشەی سوریادا، كە بە هەمان شێوە ترسی ئەوەیان هەیە ئیسلامیەكان لە سوریادا دەسەڵات بگرنە دەست. تا چ راددەیەك لابردنی مورسی لە دەسەڵاتدا هۆكارێك بووە بۆ مانەوەی ئەسەد لە دەسەڵاتدا؟
- ئەوان ترسیان هەیە و بە ئاشكرا ئەمەیان راگەیاندووە، بەڵام پێموایە هۆكاری سەرەكی دوودڵیان لە دەستێوەردان ئەوەیە كە ئەمە چارەسەری كێشەكە ناكات و دووەمیان ئەوەیە كە ئەمە ئەولەویەتی ئەوان نییە، بۆیە ئەم هۆكارانە وایكردووە كە دەبێت پرسی چارەسەركردنی كێشەی سوریا بۆ خەڵكەكەی جێبهێڵرێت، ئەگەر ئەوان هەر كەسێكیشیان هەڵبژارد، ئەوا با حكومڕانی وڵاتەكە بكات و هەر پارتێكیش دەسەڵاتی گرتەدەست پێویستە بەپێی خواست و داواكاری خەڵك رەفتار بكات، هەروەها بەپێی رێسا و یاسا نێودەوڵەتیەكان، كە رێسا و یاسای نێودەوڵەتی هەن پەیوەستن بە حكومڕانی باش و بەرپرسیارێتی و هەڵبژاردنی رەوا و ئازادەوە، هەر كەسێك ئەم پێوەرانەی رەچاوكرد و هەر كەسێك لەلایەن سوریەكانەوە هەڵبژێردرا، ئەوا حكومڕانی وڵاتەكە دەكات، ئەم بڕیارە بەدەستی ئەوانە و بە دەستی كەسی دیكە نییە.
* بۆ گۆڕینی هاوكێشەی دەسەڵات لە سوریا، پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی موعارەزە بكات و چەكی پێبدات بۆ ئەوەی ئەسەد لە دەسەڵات دووربخاتەوە. تا چ راددەیەك پێشبینی ئەوە دەكەن كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەسەد ناچار دەكات دەستەبەرداری دەسەڵات بێت لە رێی چەكداركردن و پێدانی چەك بە موعارەزەوە؟
- ئەمە پرسیارێكی زۆر قورسە، من ناتوانم بڵێم ئەم وڵاتە چی دەكات و ئەو وڵاتە چی دەكات، بەڵام بەپێی بۆچوونی من ئەگەری ئەوە هەیە پشتیوانی زیاتر لە موعارەزە بكرێت، ئەسەد لە دەسەڵاتدایە، بەڵام ئەوە بە مانای ئەوە نایەت كە ئەو باڵادەستە بەسەر وڵاتەكەدا، راستە لە رووی لەناوبردنی چەكی كیمیاییەوە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵدا كرد، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نایەت كە پشتیوانی لێدەكەن و كێشەی رژێمی ئەسەد لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كۆتایی هاتووە.
Top