دكتۆر عەلی حوسێن بەلۆ شارەزا لە بواری وزە بۆ) گوڵان :(ناردنە دەرەوەی نەوت هەندێك دواكەوت بەڵام لە ئایندەیەكی نزیكدا دەست پێدەكات

دكتۆر عەلی حوسێن بەلۆ شارەزا لە بواری وزە بۆ) گوڵان :(ناردنە دەرەوەی نەوت هەندێك دواكەوت بەڵام لە ئایندەیەكی نزیكدا دەست پێدەكات
پەرەپێدانی كەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان بۆتە قسەو باسی هەموو میدیاكانی جیهان و كوردستانی خستۆتە سەر نەخشەی وزەی جیهانی و فاكتەرێكە بۆ ئاشتی و ئاسایشی هەرێمی، لە هەمانكاتدا ئێستا هێڵی بۆری نەوتی كوردستان تەواو بووە چاوەڕێ دەكرێت لە ئایندەیەكی نزیكدا نەوت هەناردەی بازاڕەكانی جیهان بكرێت، لەم چەند رۆژەدا كۆنگرەیەكی فراوانی وزە لە هەولێر بەڕێوە دەچێت، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسانە چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی دكتۆر عەلی حوسێن بەلۆ شارەزا لە بواری نەوت كرد و بەڕێزی بەمجۆرە وەڵامی داینەوە.
* كۆنگرەی وزە لە هەولێر دەبەسترێت، ئایا بابەتی ئەم كۆنگرەیە بۆ پەرەپێدانی نەوت و گازی هەرێم چییە؟
- بێ گومان ئەم كۆنگرەیە ژمارەیەكی زۆری گەورە كۆمپانیاكانی بواری وزە بەشداری تێدا دەكەن، بە تایبەتی ئەوانەی ئێستا لە هەرێمی كوردستانن و گرێبەستیان لەگەڵ هەرێم واژوو كردووە، ئەمە وێڕای ئامادەبوونی كۆمەڵێك كۆمپانیای جیهانی لە بواری خزمەتگوزاریی، تاكو هەلی كار بۆ خۆیان بدۆزنەوەو بێن لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت و گاز كە ئێستا لە هەرێم كار دەكەن گرێبەست واژوو بكەن، هەروەها ئەم كۆنگرەیە گرنگی بە هەرێم دەدات لە بواری دەرخستنی وەك هەرێمێكی ئەكتیڤ لە بواری وزەدا كە بینیمان لە ساڵی 2012 وەك چالاكترین هەرێم لەسەر ئاستی وزەدا لە جیهان دەركەوت، دیارە ئەم كۆنگرانە زیاتر دەبنە هۆی پیشاندانی رووی بوژاندنەوە چالاكیی هەرێمی كوردستان لەم بوارە گرنگەدا.
* هاتنی وەزیری وزەی توركیا و وەزیرانی هەندێ لە وڵاتانی جیهان و گەورە كۆمپانیاكان چ مانایەك بەم كۆنگرەیە دەبەخشێت؟
- ئێستا هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكی باشی هەیە لەگەڵ دەوڵەتی توركیا كە هاوسنوورە لەگەڵیدا، هاتنی وەزیری وزەی توركیاش بۆ هەرێمی كوردستان شتێكی ئاساییە بە تایبەتیش چەندین كۆمپانیای توركی لێرە ئیش دەكەن، بۆیە ئیشكردنی ئەم كۆمپانیایانە سوودی دوولایەنەی هەیە هەم بۆ توركیاو هەمیش بۆ هەرێمی كوردستان، هەروەها هەرێمی كوردستان وەكو سەرچاوەیەكی وزە هاوسنووەرە لەگەڵ توركیا و لەم بوارەدا زۆر پێویستی بە هەرێم هەیە، بۆیە ئاساییە كە توركیا بایەخ بەم كۆنگرەیە بدات و وەزیری وزەی ئەو دەوڵەتەش لەم كۆنگرەیەدا ئامادەبێت.
* یەكێك لە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا نەبوونی یاسایەكی نەوت و غازە، ئایا نەبوونی ئەم یاسایە تا چەند كاریگەریی هەیە بۆ سەر پەرەپێدان و هەناردەكردنی نەوت و غاز؟
- نەبوونی یاسا لە هەر بوارێكدا دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی كەم و كوڕیی و دیارە عیراق ساڵانە لە 95% ی بودجەكەی پشت دەبەستێ بە داهاتی نەوت و غاز، نەبوونی یاسا لەم سێكتەرە كاریگەریی دەبێت بۆ سەر ئەو كۆمپانیانەی كە لە عیراق لەم بوارەدا كاردەكەن، چونكە تووشی ئەشكال و كەموكورتیی دەبن تاكو بە پێی یاسا بتوانن كاری خۆیان بكەن و گرێبەست واژوو بكەن، هەروەها كاریگەریی بۆ سەر رێكخستنی ئیشوكار لە نێوان كۆمپانیاكان لەگەڵ وەزارەت و پەیوەندیی نێوان هەرێم و پارێزگاكانی بەرهەمهێنەری نەوت لەگەڵ سەنتەر و حكومەتی فیدراڵی ئەمە هەمووی كاریگەرییان دەبێت بۆ سەر ئەو بوارانەی ئاماژەم پێكردن، بەداخەوە تا ئێستا عیراق نەیتوانیوە یاسایەك بۆ رێكخستنی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوت و غاز دەربكات، چونكە عیراق پێیوایە دەبێ هەناردەكردنی نەوت سەنترالی بێت كە ئەمەش پێچەوانەی ماددەی 112 ی دەستووری عیراقە.
*ئێستا كەرتی وزەی هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە ئاستێكی بەرز تا هەناردەی دەرەوە بكرێت، ئایا تا چەند هەناردەكردنی نەوت پێویستی بە رەزامەندیی بەغدا هەیە ؟
- بە شێوەیەكی گشتی یاسای 111ی دەستووری عیراق دەڵێت نەوت و غاز هی هەموو خەڵكی عیراقە لە هەموو پارێزگاو هەرێمەكان لەبەر ئەوە بودجەی نەوت دەبێتە بنەمای بودجەی دەوڵەتی فیدرالی، بۆیە دەبێت ئاگادارییەك هەبێت لە سەنتەرەوە تا بزانرێت داهاتی نەوت چەندە جا چ ئەوەی لە كوردستان یان لە بەسرە دەفرۆشرێت، یان لە هەر شوێنێكی دیكە هەناردە دەكرێت یان دەفرۆشرێت لەبەر ئەوە دەبێت هەماهەنگییەك هەبێت بەبێ ئەوە كەموكورتیی دێتە ئاراوە.
* گەیشتنی نەوت و غاز بەو ئاستە تا چەند هەرێمی كوردستان لەسەر نەخشەی وزەی جیهانی جێی خۆی كردۆتەوە؟
- هەرێمی كوردستان ئاستێكی بەرزی بەخۆیەوە دیوە لە بواری سیاسەتی نەوتیدا، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ رۆڵی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و بە تایبەتیش رۆڵی بەرچاوی رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی وەزیران هەروەها وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە دانانی نەخشەو گەیشتن بەم ئاستە، ئەمەش پێگەی كوردستان بەهێز دەكات چونكە ئێستا پەیوەندیی نێوان دەوڵەتان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە، هەروەها ئەو یەدەگەی نەوت كە لە كوردستان هەیە كە بە 45 ملیار بەرمیل ئێستا مەزەندە دەكرێت كە ئەگەری زیادبوونیشی تێدایە لە ئاییندەدا دوای ئەو پشكنینانەی كە ئەنجام دەدرێن، بۆیە ئەمەش بۆتە هۆی بایەخدانی وڵاتان كە وزە ببێتە بنەمایەك بۆ زیاتر بەهێزكردنی پەیوەندییەكان.
* بەڕێز نیچیرڤان بارزانی رایگەیاند كە لە دەرفەتێكی نزیكدا نەوتی هەرێمی كوردستان هەناردە دەكرێت تا چەند ئەم هەنگاوە گرنگە؟
- ئێستا ئێمە لەگەڵ چەندین كۆمپانیا گرێبەستمان واژوو كردووەو پەیمان و بەڵێنیشمان پێیانداوە كە نابێ لە بەرامبەر ئیشوكاریان زەرەرمەند بن، كاتێ كە كۆمپانیاكان كارەكانیان دەگەیەننە قۆناغی وەبەرهێنان دەبێ بازاڕ هەبێت بۆ فرۆشتنی نەوت، بۆیە سەرۆك وەزیران بەردەوام لە هەوڵدایە تاكو بازاڕ و شوێنی هەناردە بۆ كردنیان بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی كاریگەریی بۆ سەر بەرژەوەندی و ئیشوكاری ئەو كۆمپانیانە نەكات كە لە كوردستانن و لەم بوارەدا كاردەكەن، ئێستا زۆری نەماوە ئەم هەنگاوە بێتە جێبەجێكردن هەرچەندە تۆزێك دواكەوت بەڵام هەر دەبێ سەربگرێ و نەوت هەناردە بكرێت بۆ بازاڕی جیهان.
* بەڵام ئێستا بە ملیۆنەها بەرمیل نەوت و چاوەڕێی دەكرێت بەملیارەها مەتری سێجا گاز بەرهەم بێت، ئایا دەكرێت ڕێگە لە فرۆشتنی ئەم هەموو بەرهەمە بگیرێت؟
- پێشتر لە وەڵامی پرسیارێكی گرنگ دەربارەی یاسای نەوت و گاز كە چۆن كاریگەریی هەیە بۆ سەر نەوت لە عێراق بە گشتی و لە هەرێمی كوردستان تایبەتی ئەمەم روونكردەوە، بۆیە ئەگەر یاساكە دەرچووبایە ئێستا زۆر ئاسان بوو بۆ هەرێمی كوردستان بەرهەمی نەوت و گازی هەناردە بكردایە، بە پێی دەستووری عیراقیش هەرێمی كوردستان ئەو دەسەڵاتەی هەیە ئیدارەی نەوت بكات و رەوانەی دەرەوەی بكات، هەروەها بەپێی یاسای 22 ی 2007 ی كوردستان كە ئەو مافە بە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەدرێت، بەڵام نەبوونی یاسایەكی فیدرالی كەموكوڕییەك پەیدا دەكات كە هەماهەنگییەك هەبێت و بەبێ كێشەو گرفت نەوت هەناردەی دەرەوە بكرێت، بۆیە پێویستە لە ئاییندەدا ئەو یاسایە هەر بێتە كایەوە.
Top