تۆزەن باهچلی بۆ گوڵان:سەردانی بارزانی بۆ ئامەد رووداوێكی مێژوویی بوو سەنگ و پێگەی بارزانی مافەكانی كوردی پێشخستووە

تۆزەن باهچلی بۆ گوڵان:سەردانی بارزانی بۆ ئامەد رووداوێكی مێژوویی بوو سەنگ و پێگەی بارزانی مافەكانی كوردی پێشخستووە
پرۆفیسۆر تۆزۆن باهچلی ئوستادی زانستی سیاسەتە لەزانكۆی كینگ لە ئۆنتاریۆ لە كەندا و تایبەتمەند و پسپۆرە لەسەر كێشەی كورد و توركیا، بەتایبەتیش كوردی عێراق و توركیا، بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەكانیش ماوە ماوە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و سەردانی هەموو هێزە سیاسییەكانی كوردستان دەكات بۆ ئەوەی لەبەر رۆشنایی زانیاری ورد دیراسەتەكانی پێشكەش بكات، بۆ قسەكردن لەسەر دۆخی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كاریگەی هەرێمی كوردستان لەسەر ئەم پرسە، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ پرۆفیسۆر باهچلی ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە:
* خەریكە كێشەی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك كێشەیەك دەردەكەوێت كە هەموو لایەك هەست بكەن ئەم كێشەیە پێویستە چارەسەر بكرێت لە هەر چوار وڵاتی توركیا و سوریا و ئێران و عێراق، ئایا تاچەند ئەم تێڕوانینە وەك پێویستیەك سەیر دەكرێت؟
- بە دڵنیاییەوە و بە بەراورد بەهەر كاتێكی دیكە ئێستا كورد رۆڵێكی گەورەتر دەبینێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئاشكرایە دوایین رووداوەكانی ئەم دواییە كە پەیوەست بوون بە كوردەوە بریتی بوون لەو رووداوانەی لە سوریای گرفتار بە شەڕدا روویاندا، كە تێیدا ئەگەری ئەوە هەیە كوردەكان بەرەوپێشچوونێكی راستەقینە لە دۆخی خۆیاندا بهێننەدی. لە عێراقدا، حكومەتی بەغدا بە بەردەوامی دووچاری تەحەددیەكی گەورەتر دەبێتەوە لە رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی تائیفی، و تا راددەیەكیش حكومەتێكی لاوازە. ئەمەش دەستڕۆیشتووییەكی زیاتری بە هەرێمی كوردستان داوە لە مامەڵەكردن لەگەڵ حكومەتەكەی مالیكیدا. لە توركیاشدا گەشەكردنێكی بەردەوام -ئەگەرچی نایەكسانە- هەیە لە بەرەوپێشچوونی مافەكانی كورددا، ئەمەش دوای ئەوەی توركیا ناچار بوو سیاسەتی كرانەوە بۆ چارەسەری كێشەی كورد پیادە بكات، هەربۆیە لە كاتێكدا دانپێدانانێكی ئاشكرا هەیە لەلایەن حكومەتی توركیەوە بەوەی چارەسەركردنی كێشەی كورد پێویستی بە دیموكراسیەتێكی زیاتر هەیە، لە ئێراندا دۆخەكە وەك خۆی ماوەتەوە، تا ئێستا ئومێدێكی ئەوتۆ نایەتە بەرچاو گۆڕانێكی ئەوتۆ رووبدات.
* بەڵام هەست ناكەی لەتوركیا هەنگاوی جددی هەیە، بەتایبەتی وەك لەسەردانی ئەم دواییەی بارزانی بۆ ئامەد دەركەوت، ئایا ئەوە تاچەند رووداوێكی گرنگ بوو؟
- لە راستیدا سەردانی ئەم دواییەی سەرۆك بارزانی بۆ ئامەد لەسەر بانگهێشتی سەرۆك وەزیرانی توركیا، رەجەب تەییب ئەردۆغان، رووداوێكی مێژوویی بوو، كە سێ بۆ چوار ساڵ پێش ئێستا نەدەكرا وێنای روودانی رووداوێكی لەم چەشنە بكرێت. پشتیوانی بارزانی بۆ دەستپێشخەریە نوێیەكەی حكومەتەكەی ئەردۆغان هاوكار و یارمەتیدەرە. لەگەڵ ئەوەشدا، ژمارەیەكی زۆر ناسیۆنالیستە كوردەكانی توركیا، لە نێویاندا زۆرێك لە ئەندامانی پارتی ئاشتی و دیموكراتی (بەدەپە) جار لە دوای جار دوپاتی دەكەنەوە كە كێشەی كورد پێویستی بە گفتوگۆی نێوان ئەنقەرە و سەركردایەتی كوردی توركیا هەیە، ئەویش لە پێناو بەدەستهێنانی مافە جەماعیەكانی كورددا. ئەمە مەسەلەیەك نییە لە نێوان ئەنقەرە و هەولێردا. بە رەچاوكردنی ئەوەی وترا، ئەو پێگە مەزنەی سەرۆك بارزانی لە نێوان كوردەكانی توركیا هەیەتی و ئەو بەرەوپێشچوونە گەورەیەی لە پەیوەندیەكانی توركیا و كوردستاندا بەدی هاتووە سوودبەخشە بۆ پرۆسەی ئاشتی لە توركیا.
* تا چ راددەیەك بارزانی دەتوانێت هاوكاربێت بۆ ئاشتی و چارەسەركردنی كێشەكانی ناوچەكە؟
- كوردستانی عێراق بۆتە» «kin-state(كە بریتیە لەو دەوڵەتەی كەمینەیەكی نەتەوەیی هەیە لە وڵاتانی دیكەدا) بۆ كوردەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و –دۆخێكی-دەوڵەتداری راستەقینەی بەدەستهێناوە، بە حەزەرەوە هەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی دەوڵەتە بەهێزەكانی وەك توركیا و ئێران توڕە نەكات كە كەمینەیەكی گەورەی كوردیان هەیە. سەرۆك بارزانی شایستەی ستایشێكی زۆرە كە رێبازی رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ توركیادا نەگرتۆتەبەر. دەرئەنجامەكانیش دیارن و بە بەرچاوی هەموو كەسێكەوەیە. ئابووری گەشەكردو و پەیوەندییە بازرگانیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بەردەوامە لەبەدەستهێنانی دەرئەنجامی زۆر باش بۆ هەردوولا. پەیوەندیە سیاسییە نزیكەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا وای لە هەرێمی كوردستان كردووە كە رۆڵێكی یارمەتیدەر ببینێت لە دەستپێشخەریە ئاشتیانەكەی حكومەتەكەی ئەردۆغاندا. پەیوەندییە نزیكەكانی لەگەڵ توركیا پێگەی بارزانی بەهێز دەكات بۆ خستنەڕووی دەستپێشخەری ئیقلیمی كە ببێتە هۆی بەرەوپێشبردنی مافەكانی كورد.
* دیسان ئەگەر هەر لەسەر ئەم سەردانە پرسیار بكەین، وتارەكەی سەرۆك وەزیران ئەردۆگانیش وتارێكی گرنگ بوو بۆ كورد، لەبەر ئەوەی یەكەمجاربوو ناوی كوردستان بهێنێت، خۆشت دەزانی ناوهێنانی كوردستان تابو بوو لە توركیا، ئایا ئەمەش پیشاندانی نیەتێك نییە بۆ چارەسەری ئاشتی لەلایەن حكومەتی توركیاوە؟
- ماوەیەكە حەرامبوونی – ناوهێنان و ئاماژەكردن بە- كورد و كوردستان لە توركیا بەسەرچووە و ئەمەش دوایین نموونەیە لەم رووەوە. ماوەیەكی زۆر پێش ئێستا نەبوو كە سەرۆكی توركیا عەبدوڵڵا گویل بە شێوەیەكی بەرفراوان كەوتەبەر رەخنە بەهۆی بەكارهێنانی وشەی كوردستانەوە. ئەردۆغان ئەو مشتومڕەی لەبەرچاو بوو كە لێدوانەكەی گویل دروستی كرد، ئەم وشەیەی وەك ئاماژەیەك بۆ خواستەكەی خۆی بەكارهێنا و بۆ بەدەستهێنانی سۆزی دەنگدەرانی كورد كە لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا لە هەڵبژاردنە شارەوانی و سەرۆكایەتی و پەرلەمانتاریەكاندا دەنگ دەدەن. گومان هەڵناگرێت كە ئەردۆغان پابەندە بە چارەسەركردنی كێشەی كورد لە توركیا، پارتی داد و گەشەپێدان(ئاك پارتی) بەرەوپێشچوونێكی زۆری بەدەستهێناوە لە مامەڵەكردن لەگەڵ داواكاریەكانی كورددا. لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێت چاوەڕێ بكەین و ببینین، ئایا ئاك پارتی بە چ رەوتێك پرسەكانی پەیوەست بە زەمانەتی دەستووری بۆ پاراستنی زمان و كەلتوری كوردی، و خوێندنی كورد لە قوتابخانە حكومیەكان، هەروەها ئۆتۆنۆمی لە ناوچە كوردیەكەدا، ئەهێنێتەدی.
* بوونی هەرێمی كوردستان بە فاكتەرێكی هاریكار بۆ یارمەتی پرۆسەی ئاشتی لەتوركیا، خاڵێكە زۆر لە پسپۆران هەڵوەستەی لەسەر دەكەن، ئایا ئەمە نیشانەی سەركەوتنی هەرێمی كوردستان نییە؟
- پێموایە دەتوانین گریمانەی ئەوە بكەین كە ئەو خۆبەڕێوەبەریە(ئۆتۆنۆمیەی) هەرێمی كوردستان هەیەتی كاریگەریەكی گەورەی هەیە لەسەر كوردەكانی توركیا و بۆتەهۆی وروژاندنی هۆشیاری نەتەوەییان. حكومەتی توركیاش ئەو راستیە دەزانێت. دوای ساڵانێك لە نیگەرانی كە بوونی كوردستانی عێراق دەبێتەهۆی ورووژاندنی كوردەكانی توركیا، ئەوا توركیا ئیجابیانەتر لە سەركەوتنی هەرێمی كوردستانی لە رووی خۆبەڕێوەبەری و سەقامگیریەوە دەڕوانێت، بە تایبەتی كە هەرێمی كوردستان لایەنێكی یارمەتیدەرە لە پرۆسەی ئاشتی توركیا. زیاتر لە هەر شتێكی دیكە، ئەگەری ناكۆكیەكی نەبڕاوە لەگەڵ پەكەكەدا بۆتە هێزی پاڵنەر لە خواستی توركیا بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد، بەڵام ئەوەش راستیە كە توركیا و هەرێم ی كوردستان وەك هاوپەیمانی ستراتیژی رەفتار دەكەن. ئەوان بەرژەوەندی هاوبەش و هەروەها جیاوازیشیان هەیە. بە دڵنیاییەوە توانای ئەوەیان هەیە كاریگەربن بەسەر پەرەسەندنەكانی سوریاوە كە كاریگەریان هەیە لەسەر كوردەكانی ئەو وڵاتە. پێدەچێت كوردەكانی سوریا دەرفەتێكی مێژووییان لەبەردەمدابێت بۆ بەرەوپێشبردنی دۆخی خۆیان و دەرهێنانی لەوەی كۆمەڵگەیەكی بن لە سوریا كە زۆرترین جیاكاریان لە دژكرابێت بۆ پێكهاتەیەك كە ئیعیتراف بە مافە جەماعیەكانیان كرابێت. هەروەها رەنگە بتوانن شێوەیەك لە خۆەبەڕێوەبەری بەدەست بهێنن، ئەویش بەندە بە دەرئەنجامی شەڕە ناوخۆییەكەوە. ئەوەی مایەی بەدبەختی ئەوانە، ئەوەیە كە كوردەكانی سوریا لە رووی سیاسیەوە دابەشبوونە و ئەمەش ئاستەنگی بۆ دروست كردون. هەم ئەنقەرە و هەم سەركردایەتی كوردستانی عێراق پەرچەكرادی سلبیانەیان هەبووە لە دژی راگەیاندنی خۆبەڕێوەبەری لەلایەن پارتی یەكێتی دیموكراتی (پەیەدە)وە. ئەوان حەز بەو هاوپەیمانێتیە ناكەن كە لە نێوان پەیەدە و پەكەكە(لە توركیادا). هەیە. هەروەها پەیەدەش هاوكاری لەگەڵ رژێمی سوریادا دەكات، و هەوڵی سەپاندنی ئەجێندەی خۆی بەسەر گرووپە كوردیەكانی دیكەی سوریادا دەدات.
* سەرەڕای بەرەوپێشچوونە ئابووریە گەورەكەی، هەرێمی كوردستان خاوەنی سەرچاوەی وزەیە و نەوت هەناردەی دەرەوە دەكات. تا چ راددەیەك بوونی سەرچاوەی وزە پێگەی هەرێمی كوردستانی لە هەمو روویەكەوە باشتر كردووە؟
- بە راستی سەروەتی هایدرۆكاربۆنی هەرێمی كوردستان سەروەتێكی زەبەلاحە، و سەرچاوەی سەرەكیە بۆ ئەوەی هێز و توانای ئەوەی هەبێت رۆڵێكی گرنگ ببینێت وەك ئەكتەرێكی ئیقلیمی. ئەمەش لە رێككەوتنەكانی ئەم دواییەی نێوان ئەنقەرە و هەولێردا دەركەوت بۆ هەناردەكردنی بڕێكی زۆری نەوت و غاز لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ توركیا.
Top