ئەیاد سامەرائی سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان:رەوتی سەدر و ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی دەنگ بە مالیكی نادەن و سەرۆك وەزیرانێكی دیكە هەڵدەبژێرن
November 21, 2013
دیمانەی تایبەت
پرۆسەی سیاسی لە عێراق لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا جۆرێك لە چەقبەستوویی پێوە دیارە و بارودۆخی ئەمنیش رۆژ لەدوای رۆژ خراپترە، تەقینەوە و كردەوە تیرۆریستییەكان روو لە زیادبوونن و قوربانییەكانیش تەنیا هاووڵاتیانن و تێكچوونی باری ئابووری و پاشڤەچوونی عێراقە لە هەموو رووەكانەوە، ئەیاد سامەرائی سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە وەڵامی چەند پرسیارێكی (گوڵان)دا تیشك دەخاتە سەر هۆكارەكانی شڵەژانی بارودۆخی عێراق و چەقبەستنی پرۆسەی سیاسی و ئاڵۆزبوونی بارودۆخی ئەمنی و گوزەرانی هاووڵاتیان، ئەمەش دەقی دیمانەكەیە.* لەبەر رۆشنایی ئەو بارودۆخەی ئێستای عێراق و ئاییندەی ئەم وڵاتەو پەیوەندییەكانی دەرەوەی چۆن دەخوێننەوە؟
- چەندین پاڵنەر و هۆكار هەن كە رەوشی ناوخۆی عێراقیان گرژ و ئاڵۆز كردووە، كە راستەوخۆ كاریگەریان هەیە بۆ سەر هەوڵە سیاسییەكان و رەوشی ئەمنیی وڵات، دیارە زیادبوون و پەرەسەندنی كردەوە تیرۆریستییەكان لەلایەك و ئەو رێكار و هەنگاوە ئەمنییانەی حكومەتی عێراق بوونەتە هۆی زیاتر هەستكردنی هاووڵاتیان بە بێزاریی و ناڕەحەتی دەربارەی ئەو بارودۆخەی كە لە ئاكامدا كاریگەریی نێگەتیڤیان دەبێ بۆ سەر پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، هەروەها لێرەو لەوێ دیاردەی پەیدابوونەوەی میلیشیاكان سەری هەڵداوەتەوە جا چ بە نهێنی بێت یان بە ئاشكراو بە پاڵپشت و پارێزگاریی هێزە ئەمنییەكان، ئەو پەرەسەندنە ترسناكەی باری ئەمنی شكست بە هەموو ئەو هەوڵانە دێنێ كە بۆ سەقامگیریی رەوشی عێراق و ئاشتەوایی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەكان دەخرێنەگەڕ، سەبارەت بە رەوشی سوریاش دەبینین ناوچەكە پشێوی پێوە دیارە، دەربارەی توركیاش پێشتر هەوڵی یەكلایی كردنەوەی دۆسێی سوریای دەدا، بەڵام ئێستا ئەوپەڕی ئامادەیە بۆ گەیشتن بە یەكلایی كردنەوە، حەزو ئارەزووی توركیاش بۆ نزیك بوونەوە لە عێراق دروست و بەجێیە، بە شێوەیەكی گشتی هەوڵی زۆر لەئارادایە بۆداڕشتنەوەی نەخشەی پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ دەرەوەدا، ، بەڵام زۆر ئاستەنگ و لەمپەری دێتە پێش جا چ لەسەر ئاستی ناوخۆ یان ئیقلیمی بێت.
* كاتێك باس لە بارودۆخی ئەمنی دەكەن، دەپرسین بۆچی هاوپەیمانی و سازان و رێككەوتن ناكرێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە عێراقدا؟
- من دەتوانم ئەوە بڵێم كە لەبەرچی ئەم هاوپەیمانێتییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر نایەتەدی، هۆیەكەی ئەوەیە كە مەسەلەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆتە پڕوپاگەندە لە پێناو جێبەجێ كردنی ئەجیندای سیاسی، ئەم پرۆسەیە پێویستی بە رێكەوتن هەیە لەسەر سیاسیەتێكی هاوبەش، بۆیە زیاتر پێویستیمان بە ستراتیژییەتێكی ئەمنی هەیە كە ئەمە لە عێراقدا نییە، بە رووكەش هێزە سیاسییەكان دژی تیرۆرن، بەڵام لە راستیدا رێك ناكەون لەسەر دیدێكی هاوبەش و كارا بۆ بنبڕكردنی بە رێكەوتن لەگەڵ حكومەتدا لەم ئەركە گرنگەیدا، چونكە پێمانوایە كە ئەگەر هاوكاریی حكومەتمان كرد مانای وایە هاتینە ژێرباری ئەجینداو گوشاری سیاسی كە لەئەنجامدا زیان بە هەموو هاووڵاتیان دەگەیەنێت.
* ئێستا عێراق بەرەو هەڵبژاردن دەچێت، پێتانوایە كە ئەنجامدانی هەڵبژاردن نەخشەی سیاسیی عێراق دەگۆڕێت؟
- جارێ زووە پێشبینی ئەم گۆڕانكارییە بكەین، چونكە هەموو لایەنە سیاسییەكان هەوڵدەدەن ئەنجامی بەرچاو بەدەست بێنن و بتوانن سیستەمێكی بەڕێوەبردنی باشتر بێننەكایەوە، رەنگە لەو هەڵبژاردنەدا گۆڕانكاری لە هەندێ شت بكرێ، بەڵام لە هەشت ساڵی رابردوودا بینیمان ناونیشانەكان گۆڕان، بەڵام سیاسەت و بەرنامەكە هەروەكو خۆیان مانەوە، بۆ نموونە سەرۆك وەزیران شوێنی دەوڵەتی یاسای گرتەوە و لیستی عێراقیە شوێنی تەوافوقی نیشتمانی، بەڵام هاوپەیمانیی كوردستانی هەروەكو خۆی مایەوە، عێراقیەش كە هاتە ناو حكومەت زۆر بە گوڕوتین نەهات، بەڵكو وەكو تەوافوق بەشداری كرد. ژماری وەزیرەكانی بەقەد تەوافوق بوو، ئەو پۆستانەشی كە وەریگرتن هەمان پۆستن، وەكو جێگری سەرۆك كۆمار و جێگری سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك لە وەزیرانی دیكە، بۆیە لەو هەشت ساڵەدا خاڵەكان هاوبەش بوون و هیچ گۆڕانكارییان بەسەردا نەهات، من پێموایە لە قۆناغی داهاتووشدا رەوشەكە هەروەكو ئەو ساڵانەی رابردوو هەر وەكو خۆی دەمێنێتەوە.
* عێراقیەو هاوپەیمانیی كوردستانی و دەوڵەتی یاسا لەسەر هەڵبژاردنەوەی مالیكی بۆ سەرۆك وەزیران گلەییان كەمە، بەڵام موقتەدا سەدر رازی نییە بە هەڵبژاردنەوەی بۆ جارێكی دیكە.
- من پێم گوتیت، رەنگە هەندێ گۆڕانكاری بێتەئاراوە، بەڵام گرنگ دەرئەنجامەكانە، گریمان دەوڵەتی یاسا رێژەیەكی زۆری دەنگی بەدەست هێنا، دەوڵەتی یاسا پێی باشە حكومەتێكی زۆرینە دابمەزرێت، بە حكومەتی شەراكەت قایل نابێت، رەنگە لەگەڵ چەند لایەنێك هاوپەیمانی بكات، لەوانە لەگەڵ كورد یان هەندێ سوننە، بەڵام گومانم لەوەیە كە دەوڵەتی یاسا جارێكی دیكە وەك پێشتر بیر لە دامەزراندنی حكومەتی شەراكەت بكاتەوە، بەڵام هەنگاو بۆ حكومەتی زۆرینە دەهاوێژێت، هەروەها من پێموایە ئەمجارە رەوتی سەدرو ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی رێك دەكەون لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكێكی وەزیران كە لەخۆیان بێت، واتا قایل نابن بە دەنگدان لەسەر شێوازی تەوافوق بۆ دەستنیشانكردنی سەرۆكی وەزیران لە نێو كوتلەی شیعە هەروەكو پێشتر ئەمە روویدا كاتێ نوێنەران كۆدەبوونەوەو هەڵیاندەبژارد، رەنگە ئەگەر جیاوازییەكیش لە دەنگەكانی ئەو دوو لایەنە لەگەڵ دەوڵەتی یاسا هەبێت، ئەوا دیسان قایل نابن و پێیان باشترە كە مامەڵە لەگەڵ كورد یان سوننە بكەن نەك لەگەڵ دەوڵەتی یاسا، بەڵام لەبەرامبەر ئەمەشدا دەبینین لە رەوتی هەڵبژاردنەكاندا هەندێ لایەنی كوردی هەن كە حەزدەكەن مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتی یاسا بكەن هەروەها لایەنی سوننەش هەن بەهەمان شێوە حەزیان لە هاوكاری كردنە لەگەڵ دەوڵەتی یاسا بە پێچەوانەی ئاراستە گشتییەكە.