كاروان ئاكرەیی بۆ گوڵان:هەر حزبێكی سیاسی خۆی بە خاوەنی بەرنامەی نەتەوەیی بزانێت دەبێت واقیعی فرەیی سیاسی كوردستان قبوڵ بكات

كاروان ئاكرەیی بۆ گوڵان:هەر حزبێكی سیاسی خۆی بە خاوەنی بەرنامەی نەتەوەیی بزانێت دەبێت واقیعی فرەیی سیاسی كوردستان قبوڵ بكات
كێشەی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆتە بەشێك لەو گۆڕانكارییانەی هەموو ناوچەكەی گرتۆتەوە، لەنێو ئەم گۆڕانكاریانەشدا بیركردنەوە لەسەر ئاستی نەتەوەو هەنگاو هەڵگرتن بۆ بونیادنانی نەتەوەو سڕینەوەی ئاسەواری داگیركاری لەسەر هزری تاكەكانی نەتەوە، بۆتە پێویستیەكی ئەم قۆناخە، لەهەمان كاتدا تێڕوانین و دیدی سیاسی جیاواز بۆ سەیركردنی ئەم پرسە هاتۆتە ئاراوەو لە روانگەی جیاوازەوە سەیر دەكرێت، بۆیە لەنێو ئەم گێژاوە فیكری و سیاسییەدا چەندین پرسیار رووبەڕوومان دەبێتەوە، ئایا ئێمە لەم قۆناخە چەند پێویستە بیركردنەوەمان نەتەوەییانە بێت؟ ئایا چۆن لەم قۆناخەدا هەموو پێكهاتە سیاسییەكانی كوردستان لەسەر ئاستی پارچەیەك و پاشان هەموو پارچەكان پێكەوە لەسەر بەرنامەیەكی هاوبەشی نەتەوەیی كۆدەبنەوە؟ ئەو خاڵە لاوازانە چین كە لەبیركردنەوەی نەتەوەییمان بەدی دەكرێت و تواناو وزەی نەتەوە پەرتەوازە دەكات؟ ئایا چۆن دەكرێت لەم قۆناخە هەست بەوە بكەین حزب بەتەنیا نابێتە نوێنەری نەتەوەو پێویستە هەموو حزبە سیاسییەكان لەژێر چەتری بیركردنەوەی نەتەوەیی كۆببنەوە؟ ئەمانە و چەندین پرسیاری دیكە بەرەو ئەوەمان دەبات چۆن هەنگاو هەڵبگرین بۆ پرۆسەی بونیادی نەتەوە و هەوڵدان بۆ پێكەوە گرێدانەوەی نەتەوەو خاك پێكەوە، بۆ تاوتوێكردنی ئەم پرسە گرنگە ئەم وتووێژەمان لەگەڵ سیاسەتمەدار و رۆشنبیر كاروان ئاكرەیی ئەنجامدا، ئاكرەیی لەمیانەی ئەم وتووێژەدا راشكاوانە دەستی خستۆتە سەر خاڵە لاوازەكانی بیركردنەوەی نەتەوەییمان و هەروەها شێوازی ململانێی سیاسی حزبەكان كە بۆتە هۆكاری ئەوەی فۆرمی نەتەوە لەناو حزبدا بچووك بكاتەوە، ئەمەشی وەك سەرەكیترین كێشەی بیركردنەوەی نەتەوەییمان دەستنیشان كردووە، ئەمەی خوارەوە دەقی وتووێژەكەی گوڵانە لەگەڵ كاروان ئاكرەیی.
پەیەدە ئەم واقیعە قبوڵ ناكات بۆیە گومان لەسەر بەرنامە نەتەوەییەكەی هەیە


گوڵان: هەموو نەتەوەیەك لە قۆناخێكی مێژووییدا پێویستی بە پرۆسەی بونیادنانی نەتەوەیی خۆی هەیە، ئەم پرۆسەیە پێویستی بە بیركردنەوەیەكی نەتەوەییانە هەیە بۆ ئەوەی لەدوای قۆناخی كۆلۆنیالی ناسنامەی نەتەوەو خاك پێكەوە پێناسە بكاتەوە، بۆ نەتەوەی كورد ئێستا ئەو قۆناخە دەستی پێكردووە، بەڵام هەست دەكرێت هەندێك لاوازی لە بیركردنەوەی نەتەوەییمان هەیە كە بۆتە هۆكاری ئەوەی سیمای پرۆسەی بونیادنانی نەتەوە وەك خۆی دەرنەكەوێت، ئایا بە رای تۆ ئەو خاڵە لاوازانە چین؟
كاروان ئاكرەیی: پێش هەموو شت خاڵی سەرەكی لاواز لە بیركردنەوەی نەتەوەییمان، شێوازی ئەو ململانێ سیاسییەیە كە لەنێو حزبەكانی كوردستاندا هەیە، لەبەر ئەوەی لەنێو ئەم ململانێیەدا بەشێكی بچووكی هەوڵدانە بۆ داڕشتنی فۆرمێكی نەتەوەیی كە بكەوێتە سەرووی حزبە سیاسییەكانەوە، بەپێچەوانەوە هەوڵێكی گەورە هەیە بۆ ئەوەی نەتەوەو خەسڵەتەكانی نەتەوە، زیاتر لەخودی حزبدا ببینێتەوەو حزب بكات بە جێگرەوەی نەتەوە، ئەمە یەكێكە لەسەرەكیترین كێشەی بیركردنەوەی ئێمە لە چوارچێوەی نەتەوەدا، لەوانەیە ئەم بیركردنەوەیە یەكێك لە هۆكارەكانی ئاكامی ئەو دابەشبوونە بێت كە بەسەر كوردستاندا هاتووە، بەڵام تائێستا ئەو ململانێ سیاسییەی لەنێوان حزبەكاندا هەیە، زیاتر بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆیانە وەك حزب نەك تێڕوانینی نەتەوەیی، پرسیار لێرەدا ئایا كێ دەتوانێت ئێمە لەو چوارچێوەیە دەربكات بەوەی حزبێك بە كردەوەو بە ئامانج و گوتار خواستی نەتەوەیی و بوونێكی نەتەوەیی دەرببڕێت، كە هەوڵبدات هاوكێشەكە بەلای خۆیدا بشكێنێتەوە نەك هەوڵبدات سیاسیانە سەیری كێشەكە بكات و خەڵك بۆ لای خۆی رابكێشێت، بەڵكو ئارەزوومەندانە خەڵك روو لەو حزبە بكات و ئەو قەناعەتەی لادروست بووبێت كە ئەو حزبە حزبی نەتەوەییە، حزبی فۆرلەمەكردنی نەتەوەو پێگەیاندنی كەسایەتی نەتەوەییە، لەوانەیە حزبێك خۆی ئەمە لە خۆیدا ببینێت، بەڵام لێرەدا ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە خەڵك ئاسۆی بەردەمی حزبەكە بەوشێوەیە ببینێت و لە رێی ئەو حزبەوە سوود لە هەموو پێكهاتەو ئیمكانیەتی نەتەوە وەربگیرێت، هەر بۆ نموونە پرسی ژن كە ئێستا باس دەكرێت، گرنگە سوود لە تواناو ئیمكانیەتی ژن وەك پێویست وەربگیرێت لەبەر ئەوەی ژن سەرمایەیەكی نەتەوەییە، بۆیە كاتێك ژن پەراوێز دەخرێت دیارە هەندێك شتی سیاسیی بەرتەسك لای ئەم حزبە یان ئەو حزبە دروست بووە، كە ناتوانێت لەپێناوی بەرژەوەندی حزبیی سوود لە دەوڵەمەندی ئیمكانیەتی نەتەوە وەربگرێت و مەودایەكی باش بۆ ئافرەت بكرێتەوە بۆ ئەوەی لە پرۆسەی بونیادی نەتەوەدا رۆڵی خۆی وەك پێویست بگێڕێت، ئەمە بۆ هەموو لایەنەكانی دیكەی گەنجان و لاوان و قوتابیان و تێكڕای چین و توێژەكانی كۆمەڵگە و كۆی داب و نەریت و داهێنانی تاكانی كۆمەڵگەش بە هەمان شێوەیەو پێویستە هەموو ئیمكانیەتەكان كۆبكرێتەوە بۆ ئەوەی توانای راستەقینەی نەتەوە بەرجەستە بێتەوە، بەداخەوە دەتوانم بڵێم ئەم بوارانە لە كوردستان تارادەیەكی زۆر بە حزبی و سیاسیی كراون، ئاكامەكەشی ئەوەبووە كە ئیمكانیەتی نەتەوە پەرت و بڵاو بووەو نەبۆتە ئەو هێزە ماددیەی كە بەرجەستەی توانای راستەقینەی نەتەوە پیشان بدات، راشكاوانەتر واتە ئەم هەموو ئیمكانیەتە ناخرێنە خزمەتی بەهێزبوونی كەسایەتی نەتەوەوە، بەڵكو دەخرێنە خزمەتی بەهێزبوونی پێگەی حزبە سیاسییەكانەوە، بۆیە دوورخستنەوەی ئەو ناوەندی ئیمكانیەتانە لە مۆركی نەتەوەیی و هەوڵدەدرێت بە حزبی بكرێن، پێموایە ئەمە هەڵەیەكی مێژووییە و لەبەر ئەو ململانێ سیاسییەی لەنێوان حزبەكان هەیە، ئەوجا چ ململانێی سیاسیی بەدرێژایی مێژوو یان ململانێی ئێستا لەسەر دەسەڵات، نەتوانراوە نەتەوە وەك خۆی نیشان بدرێت، لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر سەیری بارودۆخی ئێستای كوردستان بكەین، هەست دەكەین پەیەدە نموونەیەكی زۆر زەقی خولیای بە حزبیكردنی ئیمكانیەتی نەتەوەیەو ئەو دەیەوێت نەتەوە لەخۆیدا وێنا بكات، ئەمە لەكاتێكدا ئایدۆلۆژیەتی پەیەدە كە هەمان ئایدۆلۆژیەتی پەكەكەیە، پێویستە ئامێزی ئەوەندە فراوان بێت كە بتوانێت هەموو پێكهاتە فیكری و كۆمەڵایەتی و رەگەزییەكانی ناو نەتەوە لە باوەش بگرێت، پەیەدە بە هاوشێوەی پەكەكە پێیوایە ئەوەی لەچوارچێوەی ئایدیۆلۆژیەتی خۆی دەیبینێت ئەوە نەتەوەیە، هەر بۆیەش هەموو توخمەكانی دیكە و هەموو بیروبۆچوونە جیاوازەكانی دیكە رەت دەكاتەوە، ئەمەش كێشەیەكی یەكجار گەورەیە ئەمە نەك هەر تەنها مەسەلە ئەوەیە تاكڕەوی و دیكتاتۆریەتی لێدەكەوێتەوە، بەڵكو كەمكردنەوەی تواناو هێزی نەتەوەی لێدەكەوێتەوەو دەبێتە هۆكاری تێكشكانی پرۆسەی بونیادنانی نەتەوە كە هەموو پێكهاتە و ئیمكانیەتە جیاوازەكانی نەتەوە دەگرێتەوە.
گوڵان: ئەگەر راشكاوانەتر لەسەر خاڵە لاوازەكانی بیركردنەوەی نەتەوەییمان هەڵوەستە بكەینەوە، ئایا بەدیاریكراوی خاڵە لاوازەكانی بیركردنەوەی نەتەوەییمان چییە؟
كاروان ئاكرەیی: پێموایە دەبێت لەو خاڵەوە دەست پێبكەین، بەوەی چۆن حزبێكی سیاسیی دەتوانێت لە روانگەیەكی نەتەوەییەوە سیاسەت و پرۆگرام و پێگەی خۆی لە پێناوی كەسێتی نەتەوەییدا بخاتە گەڕ، ئەوجا لەم خاڵەوە ئەگەر سەیری واقیعی سیاسیی ئێستای كوردستان بكەین، ئەوا خاڵی درەوشاوەی ئەم واقیعە فرەیی سیاسییە، بۆیە خاڵی گرنگی دەسپێكی بیركردنەوەی نەتەوەیی بۆ هەر حزبێكی سیاسیی قبوڵكردنی ئەو فرەییە سیاسیەیە كە لەواقیعی كوردستاندا بوونی هەیە، كە بەداخەوە من وای دەبینم هەتا ئێستا حزبەكان بەناچاری مامەڵە لەگەڵ یەكتری دەكەن و لە قەناعەتی قوڵی هەر حزبێك لەو حزبانە ئەو پرانسیپە جێگیر نەبووە، كە حزبێكی سیاسی بەتەنها نەتەوە نییە، بەڵكو بەشێك لەنەتەوەو ئەوەی بەرامبەریشمە، ئەوەی لەراستمەو ئەوەی لە چەپیشمە، بۆیە كە ئەم قەناعە بوو بە پرانسیپ و بەرامبەر و لای چەپ و راستی بینی، ئەوا ئەم پرانسیپە لەسەر فیكر و نەخشەیەك مەودای ژیان و هەلی پێشكەوتن و پیشاندانی حزبەكان پیشاندەدا، كە هەموو نەتەوە بەشداری لەو پرۆسەیە دەكات كە بە ئاڕاستەیەكی نەتەوەیی هەنگاو بۆ پێشەوە هەڵبگرێت، نەبوونی رەگ و ریشەیەكی قوڵی ئەو فیكرو نەخشەیە لە ناو بیركردنەوەی حزبەكان تەنانەت تاكەكانیشدا، ئەمە خاڵێكی هێندە نەرێنیە كە تا دەگاتە ئەو ئاستەی بپرسین ئایا بەڕاستی حزبەكان حزبی نەتەوەیین، ئەگەر حزبی نەتەوەیین چۆن بەمشێوەیە یەكتری رەتدەكەنەوە، چۆن بیر لەوە ناكەنەوە نەتەوە بریتی نییە تەنیا لە حزبێك، بەڵكو بریتییە لەهەموو ئەوانەی كە هەن، بێگومان ئاساییە ململانێی سیاسیی هەبێت، ئاساییە حزبێك بەرنامەكەی زیاتر لە خزمەتی نەتەوەدایە ئەمە شتێكی رێژەییە، بەڵام ئەم توخمە نەتەوەییە لای هەر حزبێك هەیە بە رێژەی جیاواز، پرسیاری سەرەكی دیسان ئەوەیە ئایا چۆن دەكرێت مامەڵە لەگەڵ ئەم توخمە نەتەوەییە بكرێت كە لەلایەن حزبێكی دیكەوە هەیە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە من ناڵێم پێویستە ئێمە دیموكراتخواز بین، بەڵكو دەڵێم هەر لە روانگەی نەتەوەییەوەو لە پەرۆشیمانەوە بۆ بەهێزی كەسێتی نەتەوەییمان دەبێت بەرامبەریشمان قبوڵ بكەین و هەموو یەكتری قبوڵ بكەین و هەموو پێكهاتەكان قبوڵ بكرێن و وزەو توانایان رێك بخرێت و هەموو ئەم توانایەش ئاڕاستەی ئەو ئامانجە بكرێت كە سەرەنجام گەشەسەندن و بەهێزبوونی نەتەوەی تێدا بەرجەستە دەبێتەوەو سیماكانی نەتەوە بەدیار بخات.
گوڵان: هەموو نەتەوەیەك لە قۆناخێكی مێژووییدا پێویستی بە بونیادی نەتەوەیی خۆی هەیە، ئەم قۆناخە مێژووییەش كە دێتە پێشەوە پێویستە هەوڵ بدرێت سوودی لێ وەربگیرێت، هەر بۆ نموونە كوردستانی باشوور لە سیڤەرەوە تا راپەڕین بە درێژایی نزیكەی 80 ساڵ یەك هەلی مێژوویی بۆ هەڵكەوت، ئەم هەلە توانرا سوودێكی لێوەربگیرێت و ئەم ئەزموونەی لێ بەرهەم هاتووە كە بە هەموو كەموكورتیەكانیەوە ناسنامەی نەتەوەیمانی بردۆتە قۆناخێكی دیكەوە، ئێستا بۆ كوردستانی رۆژئاوا بە مەزەندە هەلێكی هاوشێوە هاتۆتە پێشەوە، ئایا چۆن لەم دەرفەتەی رۆژئاوای كوردستان پرۆسەی بونیادنانی نەتەوە دەست پێدەكات؟
كاروان ئاكرەیی: من سەرەتا لەهەرێمی كوردستانەوە دەستی پێدەكەم، لەبەر ئەوەی لەوانەیە ئێمەو مانان لەناو هەرێمی كوردستانەوە، بایەخ و گرنگی ئەم هەرێمە وەك پێویست نەبینین، چونكە لەناو جەنجاڵی ململانێی سیاسیداین، بۆیە ئەگەر وەك چاودێرێك لەدیدی كوردستانیەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستان و چ كوردستانیانی تاراوگەوە سەیری بكەین، ئەوان زیاتر هەست بەگرنگی و كاریگەری هەرێمی كوردستان دەكەن، بەحوكمی ئەوەی بووینە خاوەنی ناسنامە، واتە جاران كوردستانیەك یان گرووپێك یان حزبێكی سیاسیی تا خۆی بە خەڵكێكی دیكە دەناساند زۆر ماندوو دەبوو، بەڵام لەدوای بەهاری 1991 ئەو قۆناخەمان تێپەڕاند كە تەنها بوونێكی سادەو ساكاری نەتەوەییمان هەبوو، دەستمان كرد بە قۆناخێكی دیكە بە بیروبۆچوونێكی دیكە یان دەتوانم بڵێم چەمكێكی دیكە هاتەئاراوە كە چەمكی ئاگایی نەتەوەیی بوو، ئەویش پرۆسەی بونیادنانی نەتەوە بوو لەسەر بنەمای بەرنامەیەكی روون و ئاشكرا، لە پێناوی ئەوەی ئێمە وەك نەتەوە چ بەرنامەیەكمان هەیە بۆ پێشخستنی خۆمان، پێشتر لەوانەبوو بۆ ناساندنی نەتەوەیی خۆمان چالاكییەكی شۆڕشگێڕیمان بكردایە، بەڵام دوای 1991 ئەو قۆناخە دەستی پێكرد چۆن خزمەتی نەتەوەیی خۆمان دەكەین، بە چ بەرنامەیەك دەتوانین پێگەی نەتەوەیی خۆمان بگەیەنینە ئاستی ئەو نەتەوانەی كە قۆناخێكی دوور و درێژی مێژووییان بڕیوەو ئێستا لەسەر ئاستی جیهان خاوەنی ناسنامەی خۆیانن، بۆیە كورد دەستی بەم پرۆسەیە كرد، گرنگی ئەم پرۆسەیەش لە بوونی ناسنامەدایە، لەبەر ئەوەی ئێستا كورد بۆ یەكەمجار لەمێژوودا خاوەنی خاك و ناسنامەیە، پێش ئەم پرۆسەیە ئێمە لەروانگەیەكی شۆڕشگێڕی و بە پشت بەستن بە بەڵگە مێژووییەكان بانگێشەی ئەوەمان دەكرد كە كوردستان وڵاتی كوردانە، بەڵام كەس دانی پێدانەدەنا، بەڵام ئێستا نەك هەر دانی پێنراوە، بەڵكو لە واقیعدا چووینە ناو تۆڕێكی گەورەی پێوەندییە نێودەوڵەتیەكانی زۆر ئاڵۆزیش، ئێمەش دەمانەوێت لەم دنیایە رێگەی خۆمان بكەینەوە، بۆیە ئەوەی پێوەندی بە بونیادی نەتەوەوە هەیە لەهەر پارچەیەكی دیكەی كوردستان، بەتایبەتی كە ئێستا باسی رۆژئاوای كوردستان دەكەین، دەبێت رۆژئاوا لەو راستیە تێبگات كە لەلایەنی بونیادی نەتەوەیی وێڕای هەندێك لایەنی نەرێنی كە لەهەرێمی كوردستان بەدی دەكرێت، بوونی نەتەوە بەخاكەوە واتە بوونی نەتەوەیی بە نیشتمانەوە لە هەرێمی كوردستان هەیە، بۆیە هەر بزاوتێكی نەتەوەیی لەهەر بەشێكی دیكەی كوردستان دەبێت ئەم راستیە لەبەرچاو بگرێت، ئەگەر وزەو توانایە، هەرێمی كوردستان وزەو توانای لەرووی نەتەوەییەوە پێدەبەخشێت، ئەگەر خۆجیاكردنەوەیە، لەم بەش یان نادیدەگرتنی ئەم بەشەی باشووری كوردستانە، ئەوا ئەو نەتەوەخوازییە ئەم بەشە نادیدە دەگرێت نەتەوەخوازییەكی كرچ وكاڵ و هەژارەو بێ هیچ قووڵاییەكی مێژووییە، ئەمەش لەتوانای نەتەوە دەكوژێت، بۆیە زۆر زۆر گرنگە ئەو حزبەی بانگێشەی نەتەوەخوازی لە هەر بەشێكی دیكەی كوردستان دەكات، دەبێت بەر لەهەموو شتێك خۆی دان بەوەدا بنێت كە خۆی بەتەنیا نوێنەری نەتەوە نییەو نەتەوە لە كەسێتیی حزبێكدا بەرجەستە نابێت، بەڵكو بە خوێندنەوەی تابلۆیی نەتەوەیی وەكو خۆی و هەوڵدان بۆ ئەوەی بەرنامەی حزبی خۆی لەگەڵ واقیعی ئەو تابلۆ نەتەوەییە بگونجێنێت، نەك هەوڵبدات خۆی بەسەر واقیعدا بسەپێنێت و بەوجۆرە واقیع بسەپێنێت وەكو خۆی دەیەوێت، بۆیە واقیعی ئێستای رۆژئاوای كوردستان، واقیعێكی فرە حزبیە لە قۆناخێكدا سەریهەڵداوە كە قۆناخی سەلماندنی بوونی نەتەوەیی بووە وەك كورد، ئێستا رۆژئاوا بە كردەیی لە قۆناخی سەلماندنی بوونی نەتەوەییەو هێشتا قۆناخی بونیادی نەتەوە دەستی پێ نەكردووە، بۆیە بۆ ئێستای رۆژئاوا زۆر گرنگە لە هەنگاو هەڵگرتن بۆ قۆناخی بونیادی نەتەوە، گرنگە هەموو توخمەكانی نەتەوە لەبەر چاوبگیرێت و دانی پێدا بنرێت وەك خۆی، ئێستا توخمەكانی نەتەوە لە رۆژئاوای كوردستان بە ئاشكرا دیارن حزبە سیاسییەكانن، ئەو حزبە سیاسییانە هەر یەكەیان بەجۆرێك نوێنەرایەتی ناوەندێكی كۆمەڵایەتی ناوچەیەك یان بوارێكی كۆمەڵگە دەكەن، بۆیە ئەو حزبەی كە پێیوایە خۆی دەتوانێت بەتەنیا سەرقافڵەی نەتەوە بێت و حزبەكەی ئەو بەشی ئەو بەرنامە نەتەوەخوازییە دەكات، ئەمە خۆی لەخۆیدا پێچەوانەی واقیعی راستەقینەی رۆژئاوایە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەگەر ئەو حزبە بە هەڵە نەچووە، بۆچی ناپرسێت بۆچی فرەحزبی بوونی هەیە؟ ئەگەر وایە بۆچی هەموو خەڵك لەگەڵ ئەو حزبە نییە؟ ئەوجا ئەو حزبە پەیەدە بێت یان هەر حزبێكی دیكە بێت. بەداخەوە من پێموایە پەیەدە هێندە خەبات لە پێناوی چەسپاندن و سەپاندنی بوونی ئایدیۆلۆژی خۆی و بەكارهێنانی نەتەوە لە خزمەتی بەهێزكردنی پێگەی خۆیدا دەكات، ئەوەندە خزمەت بە پرۆسەی نەتەوەیی كورد ناكات، هەر بۆیەشە دەبینین پەیەدە لەدیدی سیاسیدا حزبێكی داخراوو توند دێتە بەرچاو، حزبێك كە ناتوانێت لەگەڵ خەڵكی دیكە هەڵبكات، ئەم هەڵنەكردنە پێش هەموو شت زیان بەنەتەوە دەگەیەنێت، چونكە نەتەوە جووڵەیەكی بەرفراوانی خەڵكانێكە كە دەبێت پێكبێن لەسەر ئەوەی چۆن دەتوانن یەكتری قبوڵ بكەن و چۆن دەتوانن سوود لەوزەو توانای هەموولایەك وەربگیرێت، لەپێناوی بە ئامانج گەیاندنی ئەو ئەمانەتەی لەبەردەستی هەموو لایەكە بۆ ئەوەی تەكانێك بە بزاوتی نەتەوەیی خۆیان بدەن بەرەو دەسپێكی پرۆسەی بونیادنانی نەتەوە لە رۆژئاوای كوردستاندا، كە ئەویش بونیادنانی دامەزراوەی نەتەوەیی و نیشتمانیە كە بێگومان بەهەماهەنگیەكی نزیك لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا، بەو پێیەی هەرێمی كوردستان دەست پێشخەربووە لەپرۆسەی بونیادنانەوەی نەتەوەو دەستپێشخەر بووە لە قۆناخی تێپەڕاندنی سەلماندنی نەتەوە، ئێستا لە قۆناخێكی دەستووری ئاشكرادایە، هەوڵدەدات بەشێوەیەك لە شێوەكان وزەو توانای نەتەوەیی لە هەرێمی كوردستاندا كۆبكاتەوە.
گوڵان: ئایا ئەم ئەقڵیەتە ئایدیۆلۆژییە داخراوەی پەیدە، چ زیانێك بەو هەلە مێژووییە دەگەیەنێت كە بۆ رۆژئاوای كوردستان هاتۆتە ئاراوە؟
كاروان ئاكرەیی: ئەگەر بەشێوەیەكی زۆر سادە سەیری بكەین و پەیەدە بەرنامەیەكی نەتەوەیی هەبێت، واتە ئەو بەرنامەیە لە خزمەتی رزگاركردنی خاك و میللەت بێت، بێگومان دەبێت هەموو خەڵك لە دەوری ئەو بەرنامەیە كۆببێتەوە، بۆیە ئەگەر كۆنەبێتەوە گومان لەنەتەوەخوازی ئەو بەرنامەیە هەیە، دیسان دووبارەی دەكەمەوە لە رۆژئاوای كوردستان واقیعێك هەیە كە فرە بۆچوون و فرەحزبی بوونی هەیە، ئەم فرەییە رەنگدانەوەی تابلۆیەكی واقیعی رۆژئاوای كوردستانە، بۆیە هەر حزبێك ئەم واقیعە لەبەرچاو نەگرێت، هەروەها هەر حزبێك هەوڵنەدات كە هێزو توانای نەتەوە لە رێی یەكگرتنی ئەم فرەییەوە كۆبكاتەوە، هەموو پێكەوە ئاڕاستە نەكرێت بۆ ئامانجە نەتەوەییەكە، ئەوا لە رووی مێژووییەوە بەرپرسیاریەتیەكی ئەوتۆی لە ئەستۆدا دەبێت، زیانی بۆ قۆناخێكی زۆر هەستیاری نەتەوە لە رۆژئاوا دەبێت، بۆیە گرنگە هەوڵبدرێت كوردستان نەكرێتە تاقیگەی هەندێ ئایدۆلۆژیاو هەندێك هەڵوێستی سەرگەرمانە، هەندێك هەڵوێست كە بەداخەوە بۆنی ئەوەی لێدێت خەمخۆری نەتەوەیی تێدانییە. بۆیە پەیەدە پێویستە بزانێت خۆی بەتەنها نەتەوە نییەو نوێنەری بزاوتی نەتەوەیش نییە، بەڵكو ئەگەر پەیەدە لاباڵێك بێت لە بزاوتی نەتەوەیی، دەبێت بزانێت لەپێناو نەتەوە لەگەڵ لا باڵاكانی دیكەی بزووتنەوەی نەتەوەیی هەڵبكات و خاڵی هاوبەشیان هەبێت، بۆ ئەوەی هێز و توانای نەتەوە پشانی ئەو لایەنانە بدات كە دژ بە گەشەسەندن و بووژاندنەوەی نەتەوەیی كورد هەوڵ دەدەن.
گوڵان: لەسەرەتای كێشەی سوریاوە هەست دەكەین پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك بارزانی لایەنێكی خێربوون بۆ بەخشینی وزەو توانای نەتەوەیی بە رۆژئاوا، بەڵام ئێستا هەست دەكەین وەك لایەنێكی نەیار لەلایەن پەیەدەوە سەیری پارتی و سەرۆك بارزانی دەكەن، پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی گوتاری سیاسی پەیەدە دژی پارتی و سەرۆك بارزانیە؟
كاروان ئاكرەیی: ئەوەی پەیەدە دەیكات ئاشكرایە كە بەهەماهەنگی لەگەڵ دیمەشق كاردەكات، ئەم هەماهەنگیەی نێوانیشیان چوارچێوەیەكی دیاریكراوی نییە، بەڵكو رەهەندێكی بەرفراوانی وەرگرتووە، ئەم رەهەندەش هاریكارییە بۆ ئەو هەوڵانەی كە ئێستا هەن بۆ ئەوەی رژێمی ئەسەد لەدەسەڵاتدا بمێنێتەوە، ئەمەش ئەگەر لەدیدی خەڵكی كوردستانەوە سەیری بكەین، ئەوا هیچ پێوەندی بە ئامانجی نەتەوەیی خەڵكی كوردستانەوە نییە، بەڵكو بەجێگەیاندن و جێبەجێكردنی ئەجێندایەكە كە لەسەر ئاستی هەرێمایەتی كاری بۆ دەكرێت و لەخزمەتی خەڵكی غەیرە كوردە، بێگومان لەم ململانێ هەرێمایەتیەشدا پێگەی بەڕێز مسعود بارزانی دیارەو دەزانرێت چۆنەو بەچ ئاڕاستەیەك هەنگاو هەڵدەگرێت، بۆیە لەدیدی پەیەدەوە گەورەترین ئاستەنگ بۆ جێبەجێكردنی ئەو ئەجێندایەی پێی سپێردراوە بە سەرۆك بارزانی دەبینێت، بۆیە هەموو هەوڵی خۆی خستۆتە كار بۆ ئەوەی ئاڕاستەی كێشەی نێوان كورد و رژێمی ئەسەد بگۆڕێت بۆ كێشەی نێوان پەیەدە و هەرێمی كوردستان، گۆڕینی ئەم ئاڕاستەیەو هەوڵدان بۆ لە خشتەبردنی خەڵكی رۆژئاوا بەچەندەها گوتاری دیماگۆكی بە بیانووی ئەوەی ئەوان باڵادەستن و لەخەمی خەڵكەكەن و خاوەنی چەكن، كە ئەو چەكە بۆخۆی جێگەی پرسیارێكی زۆرە، ئەمە وایكردووە كە كوردانی رۆژئاوا لەپەرتەوازەیی نەتەوەییدا بژین، ئەو گەرموگوڕییە لەسەرەتای رابوونەكەی سوریا هەستمان پێدەكرد، ئێستا لە رۆژئاوای كوردستان هەست بەو گەرم و گوڕییە ناكرێت، بەپێچەوانەوە هێشتا هیچ نەبووە، خەڵك كەوتە بەر زەبری دەسەڵاتدارانی پەیەدە لە رۆژئاوای كوردستان، دەكرێت ئەمە وەك شتێكی دەگمەن و نامۆ سەیر بكرێت، هێشتا هیچ نەبووە، خەڵك كەوتۆتە بەر شاڵاوی هێزێكی كوردی وەك پەیەدە كە بەناو شۆڕشگێڕ و نەتەوەخوازە، بۆ ئەوەی دوورت بخاتەوە لەگۆڕەپانی سیاسەت و دوورخستنەوە لە كرۆكی ململانێكە، كە هەموو هێزە كوردستانیەكانی رۆژئاوا كۆكن لەسەر ئەوەی كە كێشەی كوردی رۆژئاوا لەگەڵ رژێمی ئەسەدە نەك لایەنێكی دیكە، نەك وەك ئەوەی پەیەدە دەیەوێت ئاڕاستەكەی بگۆڕێت بەرەو بەشێكی زۆری هەرێمی كوردستان، بەشێكیشی بەرەو توركیا، لەراستیدا ئەمەش زەرەروزیانێكی زۆر بە بزووتنەوەی نەتەوایەتی و ئەو بزاڤە شۆڕشگێڕییە دەگەیەنێت كە ئێستا لەرۆژئاوا بوونی هەیە، كورد لەبەرنامەی نەتەوەیی خۆیدا بەلاڕێدا دەچێت، ئەمەش واتە بەلاڕێدا بردنی ئەو وزە و توانایەی كە هەیە ئاڕاستە نەكرێت بەرەو ئامانجە نەتەوەییەكەی رۆژئاوا، بەڵكو ئاڕاستە بكرێت بۆ لایەكی دیكە یان ئەو وزەو توانایە پوچەڵ بكرێـتەوە بۆ ئەوەی ئەو ئەجێندایە سەركەتوو بێت كە پەیەدە پێی سپێردراوە.
گوڵان: لێرەدا ئەگەر هەندێك بگەڕێینەوە بۆ دواوە، هەست دەكەین پەیامی هەرێمی كوردستان بۆ لایەنەكانی رۆژئاوا هەر لەسەرەتاوە هەوڵدان بووە بۆ ئەوەی هەموو پێكەوە ئەم هەلە لەدەست نەدەن، ئایا خوێندنەوەیەكی دیكە بۆ پەیامی هەرێمی كوردستان بۆ رۆژئاوا هەیە؟
كاروان ئاكرەیی: پێش هەموو شت گومان لەوەدا نییە كە ناكۆكی لەنێوان بیروبۆچوونە سیاسییەكانی رۆژئاوا هەیە، هەروەها لەنێوان خۆیان و هەرێمی كوردستانیش كەم تا زۆر هەیە، بەڵام بوونی ناكۆكی لەنێوان هێزەكانی رۆژئاوا بەو مانایە نییە كە ناتوانن بەرنامەی هاوبەشیان هەبێت، جەنابی سەرۆك بارزانی كە هەوڵیدا حزبەكانی رۆژئاوا لەهەرێم كۆبكاتەوە هەوڵیدا پێیان بڵێت، ئەو ناكۆكیەی ئێوە لەنێوان خۆتان هەتانەو ئەو ناكۆكیەی ئێوە لەگەڵ ئێمە هەتانە، بابیخەینە لاوەو هەموو توانای خۆمان ئاڕاستەی یەكلایی كردنەوەی ناكۆكیە سەرەكیەكە بكەین كە ئەویش یەكلایی كردنەوەی مافەكانی كوردە لەگەڵ رژێمی ئەسەد، ئەمەش واتە سەرۆك بارزانی ناكۆكیە سەرەكیەكەی پیشاندان كە ئێمە ناكۆكی سەرەكیمان چەسپاندنی مافی كوردە لەرۆژئاواو دەبێت هەموو تواناكانمان بۆ ئەو مەبەستە بخەینە گەڕ، میكانیزمی بەدیهێنانی ئەم ئامانجەش ئەوەیە هەموو وزەو تواناكان پێكەوە كۆبكەینەوە، ئەمەش بە وەلانانی ناكۆییە لاوەكیەكانی خۆمان دەست پێدەكات، بە بەرنامەی هاوبەش بە لێكتێگەیشتنی هاوبەش پێكەوە كەسێتی نەتەوەیی خۆمان لەرووی سیاسییەوە نمایش بكەین، بەڵام بەداخەوە زۆرجار پەیەدە ناكۆكیە لاوەكیەكانی هێنایە پێش ناكۆكیە سەرەكیەكە، ئێستا لە حاڵەتی رۆژئاوادا پەیەدە وایكردووە، ناكۆكیە لاوەكیەكەی خستۆتە جێگەی ناكۆكیە سەرەكیەكە، ناكۆكی سەرەكی پەیەدە كە داكۆكی كردن لە كەسێتی نەتەوەیی ونە. لەبەر ئەوەی نازانێت ناكۆكی سەرەكی پەیەدە لەگەڵ كێیە، ئایا ناكۆكی سەرەكی پەیەدە لەگەڵ ئەو كەسەیە كە داگیركەرەو خاكەكەی دابەشكردووە؟ بۆیە خەریككردنی خەڵكی كوردستان بەدۆزینەوەی ناكۆكیەكی لاوەكی لەگەڵ ئەم یان لەگەڵ ئەو، ئەمە دەستبەردای بەرنامە نەتەوەییەكەیە لە پێناوی ئامانجی خودی حزبەكە كە پەیەدەیە. من لەم هەڵوێستەی ئێستای پەیەدە وا تێدەگەم كە ئەمە كارێكی تاكتیكی ئەم قۆناخەیە، بەواتایەكی دیكە پەیەدە گەشەسەندنی حزبەكەی كردووە بە ستراتیژ و بەرنامە نەتەوەیەكەی كردۆتە شتێكی لاوەكی، ئەمەش دەبێتە هۆكاری ئەوەی خەڵك لەو رابوون و هۆشیارییە نەتەوەییە بەلاڕێدا بچێت، ئەو وزەو توانایەی نەتەوە هەیەتی پەرتەوازە ببێت، ئەمەش هەمووی لەپێناوی ئەوەیە پەیەدە بتوانێت جڵەوەكە بەدەستەوە بگرێت، بەڵام گومان لەوەدا نییە كە پەیەدە بەم ئەقڵیەتەوە ناتوانێت تەواوی حزبە سیاسییەكان و خەڵكی رۆژئاوا لەدەوری خۆی كۆبكاتەوە، لەبەر ئەوەی هەموو دەزانین كە ئایدیۆلۆژیای تاكڕەوی و دیكتاتۆری لە كرۆكی ئایدلۆژیای پەیەدەو پەكەكە هەبووەو بەداخەوە تائێستاش بە ئاسانی لایەنە پێوەندارە هەرێمیەكان لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سوودیان لەو توخمە تاكڕەوییەی پەیەدەو پەكەكە وەردەگرن و بە ئاسانی دەتوانن بەرنامەكانی خۆیان لەرێگەی ئەوانەوە جێبەجێ بكەن.
گوڵان: ئەگەر لەچوارچێوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كێشەی كورد هەمووی پێكەوە سەیر بكەین، هەست دەكەین لەنێو هەر چوارپارچەی كوردستان جۆرە گرێدانەوەیەك پێكەوە هەموو كێشەكە كۆدەكاتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر پرۆسەی بونیادنانی نەتەوە تەنیا لەباشوور دەستی پێكردبێت، ئێستا خەریكە دەبێتە پرۆسەیەكی فراوانتر بۆ بونیادنانەوەی نەتەوە لەسەر ئاستی هەموو كوردستان، ئایا لەم قۆناخە پێویستە بیركردنەوەی تاكی كورد چۆن بێت؟
كاروان ئاكرەیی: لەسەر ئەم پرسە من تێڕوانینێكی تایبەتیم هەیە، لە واقیعدا نەتەوەی كورد دابەش بووە، ساڵانێكی زۆرە هەر بەشێكی كوردستان بەپێی تایبەتمەندی خۆی و ئەو سیستمە سیاسییەی بەسەریدا زاڵ بووە ژیاوە، ئەمەش وایكردووە جۆرێك لە جیاوازی لە بیروبۆچوون و لە كەلتوور لەباری كۆمەڵایەتی و ئابووری سەرهەڵبدات. بۆیە كۆكردنەوەی هەموویان بەیەك ئاڕاستە لەوانەیە لەرووی مێژووییەوە كارێكی ئاستەم بێت، بەواتایەكی دیكە هەر بەشێكی كوردستان بەپێی ئەو واقیعە سیاسییەی هەیەتی رێگەی خەباتی خۆی دەگرێتە بەر، هەر بەپێی ئەو تایبەتمەندیە دەتوانیت بەرنامەی خۆی بەرەو پێشەوە بەرێت، ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە كە دیدی دەرەوە بۆ هەموو بەشەكانی كوردستان و بڕیاردانیان لەسەر هەر بەشێكی كوردستان، دوور نییە لەو دیدە گشتیەی كە بۆ تەواوی كورد هەیە لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا، بۆیە ئێمەش دەبێت بزانین هەر هەنگاوێك لە هەرێمی كوردستان هەڵیدەگرین كاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر بەشەكانی دیكەی كوردستانیش، بەهەمان شێوە لەبەشەكانی دیكەی كوردستانیش هەر هەنگاوێك دەنێن، كاریگەریەكی راستەوخۆی دەبێت لەسەر باری هەرێمی كوردستان، هەرێمی كوردستان قۆناخێكی بڕیوە لەوانەیە پێشكەوتووتر بێت لەبەشەكانی دیكەی كوردستان، بۆیە رەنگە ئەركیشمان قورستر بێت، بەحكومی ئەوەی هەرێمی كوردستان كەوتۆتە بەردەم هەندێك پابەندبوونی نێودەوڵەتی و دەبێت بەپێی هەندێك پرانسیپی نێودەوڵەتی هەنگاو هەڵبگرین، هەرێمی كوردستان نەبێتە سەرچاوەی ئاڵۆزی و پشێوی لە ناوچەكەدا، بۆیە دەبێت هەموو ئەو هەنگاوانەی كە لە هەرێمی كوردستان هەڵدەگیرێت، دەبێت بە دیراسەت بێت و ناكرێت سنووری یاسا نێودەوڵەتیەكان ببەزێنێت، ئەمەش بۆ ئێستا لە بەرژەوەندی كۆی بزاوتی نەتەوەیی كوردە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بۆیە گرنگە ئێمە ئەوە باش بزانین هەر هەنگاوێك كە لە كوردستانی عێراق بینێین كاریگەری بۆ هەموو بەشەكانی دیكەی كوردستان هەیە، لە بەشەكانی دیكەی كوردستانیش هەر هەنگاوێك بنێن كاریگەری راستەوخۆی هەیە بۆ هەرێمی كوردستان، لەبەرئەوە پێویستە هەنگاوەكانمان بە هەند هەڵگرین، كە تێیدا بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان لەبەرچاو بگرین، هاوكات ناكرێت لەو چەترە نەتەوەیی و نێودەوڵەتییە بترازێین و بەدیدەی نەگرین، باری هەرێم وایە بەڵام لە هەمان كاتدا دۆخی باكوور و رۆژهەڵات و رۆژئاواشت هەن، بە كورتیەكەی دەڵێم ئەركی هەرێمی كوردستان نییە ئەمڕۆ سەركردایەتی بزووتنەوەی نەتەوایەتی و رزگاریخوازی هەموو بەشەكانی كوردستان بكات، بە پێی ئەو تایبەتمەندایەتییەی لە هەر بەشێك هەیە پێویستە بە شێوازێكی نۆرماڵ و سروشتی ئەو بەشە پەرەبسێنێ و پێ بە پێ بچێتە پێشەوە، تا بتوانێت نزیك بێتەوە لە ئامانجەكەی خۆی، ئەو كات دەكرێت ئەو هەماهەنگییەو ئەو بەرنامە سیاسییە هاوبەشەی لەسەر ئاستی نەتەوەدایە خۆی لە رووی سیاسییەوە بە شێوەیەك لە شێوەكان لە هەر بەشێك لە بەشەكانی كوردستان خۆی بنوێنێ، رەنگە نموونەی كوردستانی عیراق بۆ هەر بەشێك لە بەشەكانی دیكەی كوردستان هاندەر بێت كە چارەسەری كێشەی سیاسی نەتەوایەتی كورد لە هەرێمی كوردستانەوە دەستی پێكرد، بۆ بەشەكانی دیكەیش بە هەمان شێوە ببێتە نموونەیەكی بەرچاوو هاندەر بێت، و بەرچاوی ئەوانیش روون بێت كە لە پێناوی چیدا خەبات دەكەن، بێگومان ئەو هەورازو نشێوییە لە دروشمەكانی بزاڤی سیاسی لە بەشەكانی دیكەی كوردستان زۆری بە خۆیەوە بینیوە، ئێستا بە رای من بەشەكانی دیكەی كوردستان لەبەر رۆشنایی ئەوەی كە لە هەرێمی كوردستان بە دەست هاتووە، خەریكە ئەوانیش دیدیان روونتر دەبێتەوە، كە ئەوانیش پێویستە خەبات لە پێناوی چیدا بكەن، بە بۆچوونی من كێشەكە لەوەدایە پەكەكە تا ئێستاش بەو هزرە زاڵەی ساڵانی هەشتاكان و نەوەتەكان كە خۆی پێ تاقانە حزبی نەتەوەیی كوردستانەوە تەنیا حزبی باڵادەست هەر خۆیەتی، كە هەوڵی داوەو لە هەوڵیشدایە پەیكەربەندی حزبەكەی لەسەر ئاستی هەموو كوردستان هەبێت، لە رێی ئەو نوێنەرانەی كە خۆی دروستی كردون و لە هەر پارچەیەك بە ناوێكەوە، ئەمە كێشەیەكی یەكجار گەورە بۆ خەڵكی بەشەكانی دیكەو خۆیان و هەرێمی كوردستانیش دەخوڵقێنێت، ئەگەر لە رووی زانستیشەوە تەماشای بكەیت هەرگیز لە توانادا نییە حزبێك لەبەر رۆشنایی بەرنامەو ئامانجی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان دروست بوو بێت و پێڕەوی هەمان بۆچوونی پەكەكە بكات، هەرگیز ناتوانێت هیچ ئیزافەیەك بخاتە سەر رەوتی بەرەو پێشوەچوونی هەرێمی كوردستان، چونكە هەرێمی كوردستان تایبەتمەندی خۆی هەیە، ئەگەر لە رووی زانستیەوەش تەماشای بكەیت هەروەك چۆن ناكرێت حزبێك لە باكوور هەبێت پێمان وا بێت هەمان بۆچوون و بەرنامەی سیاسی ئێرە بێت، ئەمەشیان هاوشێوە ناكرێت، بە داخەوە پەكەكە تا ئێستاش دەستی گرتووە بەوەی كە تاقانە حزبێكی سەرتاسەرییە، ئەوەش نەریتی كۆنی بۆماوەیی ساڵانی حەفتاكان و هەشتاكانی پەكەكەشە كە پێی وایە بتوانێت هەموو بەشەكانی كوردستان بخاتە ژێر دید و بەرنامەكانی خۆیەوەو كاریش بۆ ئەوە دەكات كە ئەم واقیعەی خۆی قەناعەتی پێی هەیە كە لە دیدی ئایدیۆلۆژیایی خۆیەوە سەری هەڵداوە بیكاتە واقیعێك و بیسەپێنێ بەسەر هەموو بەشەكانی دیكەی كوردستاندا، وەك هەموومان دەزانین لە پێناوی ئەوەشدا شەڕی زۆری بە هەرێمی كوردستان گێڕا، ئێستاكەش بە داخەوە هەر دەست بەوە دەگرێت، كە ئەمەش پێچەوانەی واقیعی هەرێمی كوردستان و تایبەتمەندییەكانی هەر بەشێكی دیكەی كوردستانە..
گوڵان: ئەگەر هەر بێینەوە ناو هەرێمی كوردستان كە بەڕێزتان زۆر ئاماژەتان پێی دا، ئەگەر خوێندنەوەیەكی رەخنەیی بۆ بیركردنەوەی نەتەوەیی لە هەرێمی كوردستان بكەیت هەست دەكەین لە هەرێمی كوردستانیش ئەمڕۆ جۆرە ئایدیۆلۆژیایەك یان تێڕوانینێكی حزبییانە لە هەرێمی كوردستانیش هەیە، بۆ نموونە لە یەكەمین دانیشتنی پەرلەمان دوو كەس ئامادەنەبوون بۆ سروودی ئەی رەقیب هەستنەوە، لەم روانگەیەوە ئەگەر خوێندنەوەیەكی رەخنەیی بۆ بیركردنەوەی نەتەوەیی خۆمان لە هەرێمی كوردستانی باشوور بكەین، ئایا خۆشمان نابینە جێگای رەخنە؟
كاروان ئاكرەیی: وەك لە سەرەتاوە باسم كرد ئەمە خۆی لە خۆیدا سەلمێنەری ئەوەیە كە بە داخەوە نەتەوەخوازی ئێمە بریتییە لە تێڕوانین و بۆچوون و بەرنامەی حزبەكان، ئەگینا ئەگەر نەتەوەخوازی ئێمە گەیشتبێت بەو ئاستە، كەسایەتی خۆی بەرجەستەكردبێت بە دامەزراوەیی نەتەوەیی لە هەرێم، رێگە نەدەدرا كە كەسێك لەبەردەم سروودی نەتەوەیی هەڵنەستێتەوە، یان كە رووی دا بۆ بەدواداچوونی بۆ ناكرێت، بۆ رێوشوێنی یاسایی لە دژی ئەو كەسانە ناگیرێتەبەر، ئەگەر ئێستاش ئەو ئەندام پەرلەمانە پێی وابێت دیدو بۆچوونی حزبییانەی خۆی بەرنامە داڕێژەرێتی و لەبەر بۆچوونی دیدو بۆچوونی حزبەكەی خۆیەوە سەیری نەتەوە دەكات، هەڵەیەكی كوشندە دەكات و بە پێچەوانەی رێساو یاساكانی ئەم هەرێمەشە، بۆیەشە كە ئەمەی كردووە پێی وابووە لە دیدە حزبیە ئیسلامیەكەی خۆیەوە پێی وایە ئەركی ئەو نییە بە رێزەوە هەستێتەوە خۆ دەبوایە هەر لە بنەڕەتدا نەچێتە ناو ئەو پەرلەمانەوە، چونكە ئەو پەرلەمانە بە هەمان رێساو یاسای نیشتمانی رێكخراوە، ئەو پەرلەمانە زۆر یاسای دەرچواندووە مەرج نییە سەرلەبەری یاساكان ئاوێنەی دیدو بۆچوونی خۆی یان هی حزبەكەی ئەو بن، كاتێك زۆرینەی پەرلەمان یاسایەك دەردەكات وا پێویست دەكات كە هەموو هاووڵاتیان و هەموو ناوەندەكان و هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكانیش پابەندی تێكستی ئەو یاسایە بن، چونكە بە رێگای یاساییدا تێپەڕیوەو دەرچووێنراوە، سروودی نەتەوەیی كوردیش بە یاسایی كراوەو هیچ پاساوێك داد نادات كە من قەناعەتم بە رستەیەكی نەبێت بڵێم پابەند نابم پێوەی، ئەمە نیشانەی كاڵ بوونی هزریی و ئاگایی نەتەوەیی ئێمەیە، خۆ لێ بە خاوەن نەكردنیش بەرانبەر كەسێك كە سووكایەتی بەو ئاگامەندییە بكات هەمان گوناهە..
گوڵان: بەڵام خەریكە دەیكەنە عادەت، چونكە هیچ یاسایەك نییە سنوورێك بۆ ئەم سووكایەتی پێكردنانە دابنێت..
كاروان ئاكرەیی: مەرجە هەبێت...
گوڵان: هەر لە چوارچێوەی بیركردنەوەی نەتەوەییمان دەرنەچین، ئەمڕۆ پرۆسەیەكی مەزنمان لە پێشە بە تایبەتی كە كوردستان دەچێتە قۆناغی پاش هەڵبژاردنەكان، ئێستا خەریكی پێكهێنانەوەی نوێی حكومەتەو دیسانەوە پارتیش كاك نێچیرڤان بارزانی هەڵبژاردۆتەوە كە لە چوارچێوەی بیركردنەوەیەكی نەتەوەییدا سەرپەرشتی ئەو پرۆسەیە بكات و حكومەتێكی تازە دروست بكەین، بەڵام دیسانیش هەندێك نائومێد دەبین ئەگەر لەم چوارچێوەیە تەماشای دروستكردنی حكومەت بكەین، ئەگەر لە روانگەیەكی نەتەوەییەوە بیربكەینەوە لەم پرۆسە دیموكراتیە، كاروان ئاكرەیی تا چەند گەشبینە..
كاروان ئاكرەیی: حكومەتی دیموكراتی ئەوەیە كە حكومەتێكی زۆرینە بێت، بە هاوپەیمانێتیەكانی خۆی هەستێت و لەوانەیە ئۆپۆزسیۆنیش هەبێت ئەویش بە پێی هەلومەرج كاری خۆی بكات، هەبوونی دووانەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە شوێنێكدا واتا كرۆكی دیموكراسیەت، پێم وانییە دیموكراسیەتەكەی ئێمە بەو شێوەیە تاقیبكرێتەوە كە ئایا هەموو حزب و هێزو لایەنە سیاسییەكان بەشداربن لە دەسەڵات، دیموكراسیەتەكە بەوەوە بەند نییە، قەناعەتەكە لەوەدایە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان ئەو قەناعەتەیان لە لادروست بووبێت، حزبی زۆرینە بە هاوپەیمانی لەگەڵ چەند حزبێكی دیكە، حكومەت دروست دەكات، ئەوەی كە پێی وایە بەشداری لەحكومەت ناكات یان كە پێی وایە ئەو قەبارەیە یان ئەو نیەتەی نابێت كە بەشداری لە حكومەتدا بكات، پێویستە بە پێگەی ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی رازی بێت و كار بە پێی پرەنسیپەكانی ئۆپۆزسیۆن بكات و بەردەوام بێت لە ژیانی سیاسی، تێكەڵكردنی هەموو كارتەكان بە رای من خۆدزینەوەیە لە راستییەك ئەویش ئەوەیە تا ئێستا بە قەناعەتەوە ئەو فرە حزبیە لە كوردستاندا جێگیر نەبووە، فرەیی بە مانای ئەوەی كە تۆ كاتێك دەرفەتت بۆ ناڕەخسێت تا لە حكومەت بەشدار بیت كەواتە تۆ دەرفەتی ئۆپۆزسیۆنت هەیە، ئۆپۆزسیۆن بوونیش بە واتای ئەوە نییە بێ بەش بێت لە هەموو شتەكان، لەوانەیە زەمینەخۆشكردن بۆ ئۆپۆزسیۆنێكی كارا لەوانەیە ئەو حزبە یان ئەو لایەنە سیاسییە باشتر بتوانێت لەناو خەڵكدا كار بكات و باشتر خەڵك بەلای خۆیدا راكێشێت بە كەڵك وەرگرتن لە كەموكوڕییەكانی ئەو حوكمڕانی یان ئەو حكومەتەی كە دروست دەبێت.
گوڵان: ئێستا باس لەوە دەكرێت كە دەبێت ریزبەندی هەڵبژاردنەكە چۆن بێت هاوپەیمانێتیەكانیش بە هەمان شێوە بن، گلەییش لەوە دەكەن ئەگەر پارتی و یەكێتی پێكەوە هاوپەیمانێتی بكەن، ئەمە دەبێتە شتێكی نادیموكراتیانە، بەڕێزتان لەسەر ئەمە چ دەڵێن؟
كاروان ئاكرەیی: ئەوە مەرجی دیموكراسی بوونی ئەو حكومەتە نییە چونكە هەڵبژاردن ئەم دەرئەنجامەی لێكەوتۆتەوە كە حزبی زۆرینە زۆرینەیەو ئەوانی دیكەیش بە پێی رێژەی دەنگدان و بە پێی دەنگەكانی كە بەدەستیان هێناوە نەك بەشداری لە حكومەتدا دەكەن، بەڵكو بەردەوامی بە كاری سیاسییانەی خۆیان بۆ حكومەت پێكهێنان دەدەن، هەر یەكە بەپێی ئەو دەنگانەو ئەو پێگەیەی لە پەرلەمان بە دەستی هێناوە، نەمزانیەوە ئەو ریزبەندییەی دەنگهێنانی حزبەكان مەرجێك بێت تا بە هەمان ریزبەندی بەشداری لە حكومەتدا بكەن، ئەگەر بە نموونە پارتی حزبی زۆرینەیەو دەنگی زۆرینەی وەدەست هێناوە، لەوانەیە لەگەڵ حزبێك كە تەنیا 5 كورسی بردبێتەوە خاڵی هاوبەشی هەبێت، رەنگە ئەگەر نیصابی یاسایی تەواو بكات رەنگە لەگەڵ ئەو حزبە هاوپەیمانێتی دروست بكات. ئەمە لە رووی دیموكراسیەتەوە، بەڵام لە رووی سیاسییەوە یان خواستی سیاسی وا بێت كە ئارامییەكی سیاسی یان سەقامگیرییەكی لێ دەكەوێتەوە كە حزبەكان هەموویان بەشداری لە حكومەتدا بكەن ئەوە مەسەلەیەكی دیكەیە، رەنگە قسەی لەبارەوە بكرێت بەڵام مەرج نییە بە پێی ئەو ریزبەندییەی دەنگهێنان بە هەمان ریزبەندییەوە بەشداری لە حكومەتدا بكرێت، بۆیە پارتی تەماشا دەكات بەرنامەی كێ نزیكترە لە بەرنامەی خۆیەوە، یان لەگەڵ كێ دەتوانێت باشتر هەماهەنگی بكات، بۆ ئەوەی ئەو حكومەتەی كە دروست دەبێت حكومەتێكی ئیفلیج نەبێت، یان ئەو لایەنانەی بەشداری لە حكومەت دەكەن بەشداری كاریگەریان هەبێت، یان رۆڵی یەكلاكەرەوەیان دەبێت، حزبی زۆرینە ئازادو سەرپشكە لەمانەدا. لام وایە ئەو لایەنەی بەنیازە بەشداری لە حكومەتدا بكات، دەبێ بڕوای بە بەشداریكردنی بەشدارپێكردن هەبێت.
گوڵان: دوا پرسیار لەسەر كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دەكەین كە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی كاندید كردەوە بۆ ئەوەی كە كاندیدی پارتییە تا رابسپێردرێت سەرۆكایەتی كابینەی هەشتەم بكات، ئەم پرۆسەیەی كە كاك نێچیرڤان دەستی پێدەكات بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەكان بە مەبەستی پێكهێنانی حكومەت ئایا ئاڵۆزی و سەختیەكانی بەردەمی چۆنەو چەندی ماوە پێدەچێت بە رای بەڕێزتان؟
كاروان ئاكرەیی: بە روونی لام وایە هەموو حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن چاوێكیان لە حكومەتەو پێیەكیشیان لە ئۆپۆزسیۆندایە، لە حاڵەتێكی وادا رەنگە سەرئێشەیەك بۆ پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت دروست بكەن رەنگە گرێكوێرەیەك دروست بكەن، هەر یەك لە حزبەكانی پارتی و یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو باش دەزانن چ پێگەیەكی هەیەو كارتی بەهێزی چییە، بۆیە لەو پرۆسەیەدا هەر یەك بە پێی توانا هەوڵ دەدات كارتەكانی خۆی بەكاربهێنێت، كێ دەتوانێت لەگەڵ پارتی نیسابی یاسایی تەواو بكات بەرانبەر بەوەش داواكارییەكانی چین، پارتی چەند دەتوانێت بە پیر داواكارییەكانیانەوە بێت، پێموایە ئەمە ئەزموونێكی تازەیە چونكە ئۆپۆزسیۆن بڕیاری نەداوە بە ئۆپۆزسیۆن بمێنێتەوە، بەڵكو مەیلی هەیە بۆ بەشداریكردن لە حكومەتدا، ئەم بەشداریكردنەش وەك چۆن باس لە پرەنسیپی یەكتر قبوڵكردن دەكەین، مەرجە لای هەر حزبێكیش ئەو پرەنسیپە بە روونی هەبێت كە بەرنامەكەی من نابێتە بەرنامەی حكومەت، بەڵكو بەشێكی بەرنامەی من لەوانەیە پەسەند بكرێت و بچێتە ناو ئەجێندای بەرنامەكانی حكومەتەوە، ئەگەر دیدێكی وا هەبێت بە روانینی من دروستبوونی حكومەت ئاسانتر دەبێت، واتا لایەنی كەمی داواكارییەكانم لەو دیدەوە كە هاوبەشێكم لە حكومەتدا نەك من حكومەت پێكدەهێنم كە بە داخەوە تا ئێستا لێرەو لەوێ دەبینرێت رەنگە بۆ لەخشتەبردنی خەڵكی بێت یان بەلاڕێدا بردنی جەماوەر بێت كە بیكەمە هەرا من پاكێجی خۆم هەیەو لە حكومەتی داهاتوو وا دەكەم و وا ناكەم، هەرچی دەكەیت لە حكومەتی داهاتوو لە چوارچێوەی رازیبوونی حزبی زۆرینە و حزبە بەشداربووەكان دەتوانی بیكەیت، لە چوارچێوەی ئەو حزبانەی كە بەشدارن لە پرۆسە سیاسییەكەو لەگەڵ حزبی زۆرینەدان بۆ پێكهێنانی حكومەت تۆ دەتوانیت رۆڵی خۆت بگێڕیت، واتا بە نەفەسێكی شەریكایەتی ئەگەر هەبێت بە رای من ئاسانكاری زیاتر بۆ پێكهێنانی حكومەت دەكات، بۆیە پێموایە ئەگەر لە رووی سیاسییەوە چەند پێویست بكات لە رووی سیاسییەوە حكومەتێكی نیشتمانی پێكبهێنرێت، بەڵام لە رووی حوكمڕانیەوە ئەوەندە سەخت و ئاڵۆز و رەنگە شكستیشی بەدوادا بێت، حكومەتی بنكە فراوانی نیشتمانی واتا حكومەتێكی كارای ئەكتیڤ نابێت بە بەراورد لەگەڵ ئەوەی ئەگەر حكومەتی دوو لایەن یان سێ لایەن پێكەوە حكومەتێك پێكبهێنن، وەك وتم لە حكومەتی بنكە فراوانی نیشتمانیدا لەوانەیە لە رووی سیاسییەوە خەڵكێك یان لایەنێك بیروبۆچوونێكی هەبێت كە پێی باش بێت، بەڵام لە رووی كردەییەوە ئەو حكومەتە ئەكتیڤ نابێت بە شێوەیەك كە بە نموونە حزبی زۆرینە لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی بەشداربوو بتوانێت بەرنامەی خۆی پیادە بكات..
Top