خالید شوانی:هیچ لایەنێك ناتوانێت پرۆژە یاسای هەڵبژاردنەكان بە زۆرینە تێپەڕێنێت

خالید شوانی:هیچ لایەنێك ناتوانێت پرۆژە یاسای هەڵبژاردنەكان بە زۆرینە تێپەڕێنێت
رۆژی شەممەی رابردوو بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد كە پێكهاتبوو لە ئوسامە نوجێفی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران و ژمارەیەك نوێنەر و سەرۆكی كوتلە سیاسییە عەرەبییەكان و نوێنەری گشت كوتلە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق، جگە لە فراكسیۆنی گۆڕان.لە كۆبوونەوەیەكدا كە تایبەت بوو بە باسكردنی وردەكاریەكانی یاسای هەڵبژاردن سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە نادادپەروەری و زوڵمێكی زۆر لە كورد كراوە، بۆیە پێویستە ئەو هەڵەیە دووبارە نەكرێتەوە و لەم بوارەوە پێویستە چارەسەرێك بۆ ئەم كێشەیە بدۆزرێتەوە، بەڵام نابێ لەسەر حیسابی كورد بێت، سەبارەت بەم كۆبوونەوەیە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ خالید شوانی ئەندامی هاوپەیمانی كوردستان ئەنجامدا كە بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.
* لە كۆبوونەوە‌تان لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان گرنگترین ئەو مەسەلانەی باستان كرد، چی بوون؟
- ئێمە كۆبوونەیەوەكمان لەگەڵ جەنابی سەرۆكی هەرێم هەبوو وەك ئیئتیلافی لایەنە كوردیەكان و لیستی موتەحیدون و رەوتی سەدری و فەزیلە بۆ گفتوگۆ كردن لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان، ئێمە وەكو كورد دەمانەوێ یاسایەكی دادپەروەرانه دەربچێت كە ئیستیحقاقەكانی كوردی تێدا بەدی بێت و مافی كوتلەكانی ئێمە بەفیڕۆ نەچێت، بەپێی ئەو سیستمەی ئێستا هەیە زیانێكی زۆر بە كورد دەگات، چونكە لە كوردستان یەك كورسی پەرلەمان بە 45 تا 50 هەزار دەنگە، كەچی لە خوارووی عێراق بە 26 هەزار دەنگە، واتە هەرچەندە ژمارەی دەنگدەرمان زیاد بكات، بەڵام ژمارەی كورسییەكانمان زیاد ناكات لە پەرلەمانی عێراق، بۆیە ئێمە بەدوای ئەم دادپەروەریەدا دەگەڕێین، لایەنەكانی دیكە تا راددەیەك گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە كورد زوڵمی لێكراوە، بەڵام تا ئێستا نەهاتوونەتە ژێر باری ئەوەی كە ئەم دادپەروەریە بێتە دی، بۆیە لە ماوەی داهاتوودا بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ بەو هیوایەی بگەینە داڕشتنێكی تەوافوقی لەسەر یاساكە.
* ئەگەر تا 30 ئەم مانگە نەگەنە ئەنجام و بەزۆرینە یاساكە تێپەڕێنرێ هەڵوێستی ئێوە چی دەبێ؟
- جارێ ئەوە دیار نییە كە 30 مانگ وادەیەك بێت كۆتایی بێت، ئێمە لە گفتوگۆكانمان بەردەوام دەبین تا دوای 30 مانگیش بەردەوام بێت پێموانییە یاساكە بە زۆرینە تێبپەڕێنرێت، لەبەرئەوەی هەموو لایەك كاردانەوەكانی تێپەڕاندنی یاساكە بە زۆرینە دەزانن و ئەگەر بەو شێوەیەش بێت ئەوا لە دادگای ئیتیحادی فیدرالی بە ئاسانی ڤیتۆ دەكرێتەوە، چونكە پێشنیاری یاسایە نەك پرۆژە یاسا، لایەنە عەرەبییەكانیش ئەمە باش دەزانن بۆیە لەگەڵیدا نین كە بەبێ ویستی كورد تێبپەڕێنرێت.
* لە ئێستاوە باس لەوە دەكرێ كە 20 كورسی قەرەبوو دابنرێت، ئەمەیان چۆنە؟
- زیادكردنی ژمارەی كورسی قەرەبوو بۆ ئێمە گرنگ نییە ئەگەر بێتو بەپێی ژمارەی دەنگدان نەبێت، ئەگەر هەر شێوەیەك دادپەروەری لە دابەشكردنی كورسییەكان بێتە دی ئێمە پێی رازی دەبین، بەڵام ئەگەر بەپێی رێژەی كورسییەكان دابەش بكرێت، ئەوا هیچ لە مەسەلەكە ناگۆڕێت.
* تەوافوق لە عێراق چ بەهایەكی هەیە كە ئێمە وەكو هەمیشە لە مەسەلەی زۆرینە و كەمینە هەست بە ترس دەكەین؟
- یاسای هەڵبژاردنەكان یاسایەكی گرنگە و ناكرێ بە زۆرینە و كەمینە تێپەڕێنرێت، بۆیە دەبێ تەوافوقی لەسەر بكرێت و تەوافوقیش نابێ لەسەر حیسابی كورد بێت، هەروەها زۆرینە و كەمینەش نابێ دژی كورد بێت، لەبەر ئەوە ئەم جۆرە گفتوگۆیانە لە سیاسەتدا ئاساییە، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئێمە لە دەرئەنجامدا بتوانین پارێزگاری لە مافەكانی خۆمان بكەین.
* هەوڵدانی لایەنەكانی دیكە بۆ پەراوێزخستنی كورد لەچیدا دەبیننەوە؟
- من پێموایە لایەنەكانی دیكە گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە ناتوانن كورد پەراوێز بخەن، بۆیە گفتوگۆكان بەردەوامن لەسەر پرۆژە یاساكه چ وەك گفتوگۆی خۆمان لە دەرەوە و ناوەوەی پەرلەمانیش‌، چونكە ئەمە یاسایەك نییە ئاوا بە ئاسانی تێبپەڕێنرێت و بەلای ئێمەوە گرنگە بگەین بە تەوافوقێك.
* دوایین تێڕوانینتان چییە بەتایبەتی دوای كۆبوونەوەتان لەگەڵ جەنابی سەرۆك بارزانی؟
- پێموایە كەشوهەواكە ئیجابیترە، بۆ نموونە لایەنە ئامادەبووەكان دانیان بەوە نا كە كورد غەدری لێكراوە و ئەوان دەیانەوێ ئەو كورسییانەی كورد قەرەبوو بكرێنەوە و دادپەروەری هەبێت لە دابەشكردنی كورسیەكان، بەڵام بەدوای میكانیزمێكدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی بتوانرێ باشتر دابەش بكرێن، ئەمەش ئەو خاڵەیە كە خراوەتە روو بۆ گفتوگۆ كردن، ئەگەر نەگەین بە تەوافوق پێموانییە هیچ لایەنێك بە زۆرینە و كەمینە یاساكە بڕوێنن و ئەگەر بشیانەوێ ئەمە بكەن ئەوا هەنگاوی لەم جۆرە ناهاوێن لەبەر چەند ئیعتبارێك لەوانە زۆربەی كوتلەكانی ناو پەرلەمان لەگەڵ چەند بڕگە و خاڵی گرنگی ناو یاساكه كە گرفتی سیاسی زۆر گەورەی بەدواوەیە كێشەیان هەیە بۆ نموونە سیستمی هەڵبژاردنەكان كە هەندێكیان دەیانەوێ (هۆندك) بێ و هەندێكی دیكە دەیانەوێ (ساندی كۆ) بێ كە ئەمە ناكۆكی زۆری لەسەرە لە نێو كوتلەكانی پەرلەمان و بە ئاسانیش چارەسەر ناكرێ، چونكە هەموو لایەك دەیەوێ دەنگەكانی خۆی مسۆگەر بكات و ئەو سیستمە پەیڕەو بكرێ كە بتوانێ سەربكەوێت، بۆیە ئەمە تەنیا بە كورد یەكلایی دەكرێتەوە كە دەنگ لەگەڵ كامەیان دەدات، بۆیە ناتوانن بێ كورد بچنە ناو هەڵبژاردنەكان، هەروەها ئەمە تا ئێستا پێشنیارە و دەنگدانی تایبەتی و ئالیەتەكانی ئەژمار كردن و جیاكردنەوەی دەنگەكان و مەرجەكانی كاندید و خۆكاندید كردن ئەمانە خاڵی ناكۆكی زۆری تێدایە ئەگەر پێشتر لێكتێگەیشتن دروست نەبێت كەس ئامادە نییە ئەو موجازەفەیە بكاتە و بچێتە هۆڵی پەرلەمان بۆ تێپەڕاندنی، خاڵێكی دیكەی گرنگ هەیە ئەویش ئەوەیە كە یاساكە وەكو پێشنیارە بەم پێیەش هەر لایەنێك لەبەردەم داداگای باڵای ئیتیحادی تانەی لێبدات ئەوا هەڵدەوەشێتەوە، بەمەش هەڵبژاردن لە عێراق ئەنجام نادرێت، كەواتە تێپەڕاندنی ئاسان نییە.
Top