پەرلەمانتار موحسین سەعدون لە هاوپەیمانی كوردستانی بۆ گوڵان:ئەگەر هەموو عێراق یەك بازنەی هەڵبژاردن نەبێت لایەنی كوردستانی رازی نابێت

پەرلەمانتار موحسین سەعدون لە هاوپەیمانی كوردستانی بۆ گوڵان:ئەگەر هەموو عێراق یەك بازنەی هەڵبژاردن نەبێت لایەنی كوردستانی رازی نابێت
پەرلەمانتاری هاوپەیمانی كوردستان سەبارەت بە هەوڵەكان بۆ تێپەڕاندنی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق لەسەر بنەمای دابەشكردنی عێراق بۆ 18 بازنە، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ گوڵان بەمجۆرە رای خۆی خستەڕوو:
((ئێمە وەك هاوپەیمانی كوردستانی هەر لە خولی رابردووەوە رازی نەبووین بەم یاسایە و سەرەتا دەنگمان بۆی نەدا و داوای هەمواركردنەوەی ئەم یاسایەمان كرد، هەموو لایەكمان دەزانین كە ئەو كات ئەمریكا هاتە سەر هێڵ و تەنانەت خودی سەرۆك ئۆباما و جۆ بایدن پەیوەندییان بە (سەرۆك بارزانی)یەوە كرد و پشتگیری خۆیان بۆ داواكەی ئێمە دەربڕی و رایانگەیاند كە حەز دەكەن كورد بەشدار بێت لە پرۆسەی سیاسی، بۆیە بەهۆی بوونی فشاری زۆرەوە دەنگمان بۆی دا بەو هیوایەی هەموار بكرێتەوە، لە رێكەوتننامەی هەولێریش یەكێك لە بەندەكانی بریتی بوو لە هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام حكومەت و كوتلە سیاسییەكان پابەند نەبوون بە رێكەوتنەكە، لەم پێشنیارە یاساییەدا ئێمە داوای چارەسەركردنی كێشەیەك دەكەین كە عێراق بە دەستییەوە دەناڵێنێت، چونكە هیچ سەرژمێرییەكی دروستمان نییە و هیچ كەسێك بە دروستی نازانێت ژمارەی دانیشتوانی عێراق چەندە، بۆیە ئەم داوایە یاساییە كە پێویستە سیستمێكی هەڵبژاردنی نێودەوڵەتی هەبێت و عێراق بكرێتە یەك بازنەی هەڵبژاردن وەك ئەوەی لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدرا بۆ ئەوەی دەنگی هاووڵاتی بە فیڕۆ نەچێت، چونكە بەپێی دەستوور پێویستە رێز لە ئیرادەی خەڵك بگیرێت، هەروەها لە دەستووردا هاتووە كە ئەندام پەرلەمان نوێنەرایەتی هەموو گەلی عێراق دەكات نەك نوێنەرایەتی پارێزگایەكی دیاریكراو، بەڵام ئێستا هەندێك لایەن دەیانەوێ عێراق بكرێتە 18 بازنەی هەڵبژاردن ئەمانەش سەرپێچی یاسایین، بۆیە داوای هەمواركردنی یاساكەمان و چەند پێشنیارێكمان پێشكەش كردووە، تا ئێستا چەندین كۆبوونەوەمان ئە‌نجام داوە و دواترینیان لەگەڵ بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو بە ئامادەبوونی هەموو لایەنە كوردییەكان بە ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتەوە و هەموو لایەك لەسەر ئەوە كۆك بوون كە عێراق یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت، چونكە ئەگەر وانەبێت ئێمە بەلایەنی كەم 20 كورسی لە دەست دەدەین، ئێمەش ئامادە نین قوربانی بە دواڕۆژی سیاسی خۆمان بدەین بەهۆی یاسایەك كە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی حزبی و كەسی بونیادنراوە كە هەر لایەنێك دەیەوێ تێیدا سەركەوتن بەدەست بهێنێت، بەڵام ئێمە دەڵێین پێویستە دادپەروەری هەبێت لەم مەسەلەیە و دەنگدەری عێراقی لە هەر پارێزگایەك دەنگ بدات پێویستە رێز لە دەنگەكەی بگیرێت، ئەگەر لە كوردستان 70%ی دەنگ بدەن پێویستە رێز لە دەنگی بگیرێت، بە هەمان شێوە ئەگەر لە بەسرە 90%ی خەڵكەكەی دەنگ بدەن دەبێ رێزیان لێ بگیرێت، بەڵام هەندێك لە لایەنەكان دەڵێن: ئێوە بە ژمارەیەكی زۆر دەچن دەنگ دەدەن و ئێمە بە ژمارەی كەمتر ئەمەش ناكرێ، ئەمەش لێكدانەوەیەكی نادروستە، چونكە ئەگەر بارودۆخی ئەمنی لای ئەوان سەقامگیر نەبێت ئێمە بۆ باجەكەی بدەین، خۆ ئێمە هۆكارێك نین بۆ دروستبوونی ئەو بارە، بۆیە داواكارییەكانمان مەشروعە و ئێمە داوا دەكەین بگەینە رێككەوتنێك و ئەگەر چارەسەرێكی دیكەیان دانا كە ئێمە وەك هاوپەیمانی كوردستانی یەك یان دوو كورسی لە دەست بدەین لەپێناو بەرژەوەندی گشتی، رەنگە بەمە رازی بین.
كاتێك كە ئێمە لە كۆمەڵەی نیشتمانی عێراق یەك بازنە بوو ژمارەی كورسییەكانی هاوپەیمانی كوردستانی 76 كورسی بوو، بەڵام دوای ئەوەی كرا بە چەند بازنەیەك ئێستا هەموو كوتلە كوردییەكان لە پەرلەمانی عێراق 57 كورسیمان هەیە، ئەمەش جیاوازییەكی زۆرە و لەوەوە هاتووە كە لە كوردستان پاڵێوراو دەبێ 20-30 هەزار دەنگ بەدەست بهێنێت، لە كاتێكدا لە هەندێك پارێزگای عێراق بە 7-10 هەزار دەنگ دەبێتە ئەندام پەرلەمان و كرۆكی ناكۆكییەكە لێرەیە، ئێمە لیژنەیەكی باڵامان پێكهێناوە لە كوتلە كوردییەكان و ئامادەی گفتوگۆین بۆ روونكردنەوەی راستییەكان بۆ خەڵكی عێراق، بەڵام لەسەر حیسابی دەنگی دەنگدەرانی ئێمە نەبێت)).
Top