د. مەحمود عوسمان بۆ (گوڵان):لەساڵی 2010 بەهۆی ئەوەی سیستمی هەڵبژاردن یەك بازنەیی نەبوو كورد 15-20 كورسیی پەرلەمانی عێراقی لەدەستدا
October 24, 2013
دیمانەی تایبەت
سەبارەت بەشێوازی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی عێراق، دكتۆر مەحمود عوسمان پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ گوڵان پێیوابوو:بەو پێیەی زۆربەی پەرلەمانتارە عێراقیەكان تەئكید لەسەر شێوازی 18 بازنەیی دەكەنەوە جگە لەپەرلەمانتارەكانی هاوپەیمانی كوردستان كە پێمان باشە پرۆسەی هەڵبژاردن بەشێوازی یەك بازنەیی بەڕێوەبچێت هەربۆیە تاوەكو یاساكە تێنەپەڕێنرێت هەوڵ دەدرێت لەگفتوگۆكاندا لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی دیكەی عێراق بگەنە رێككەوتنێكی مامناوەندی؛ لەم رووەوە بەڕێزیان وتی: زۆربەی پەرلەمانتارە عێراقیەكان جگە لەپەرلەمانتارەكانی هاوپەیمانی كوردستانی تەئكید لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە پرۆسەی هەڵبژاردن بەشێوەی 18 بازنەیی بەڕێوەبچێت، واتا هەر پارێزگایەك بازنەیەكی هەڵبژاردن بێت، ئەمەش بەپێچەوانەی ویستی ئێمەیە كە دەمانەوێت هەموو عێراق یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت، ئەگەر یاساكەش لەپەرلەمان تێپەڕێنرێت ئەوا هەڵبژاردنەكە بە شێوەی 18 بازنەیی ئەنجام دەدرێت، هەربۆیە پێموایە بۆ ئەوەی بتوانرێت یاساكە تێپەڕێنرێت دەبێت بگەینە رێككەوتنێكی مامناوەندیی، كە تا ئێستا روون نییە ئاراستەی ئەو رێككەوتنە مامناوەندییە چۆنە كە وابڕیارە لەماوەی هەفتەیەكی گفتوگۆ پەرلەمانیەكەدا یەكلابێتەوە، كە لەسەر ئاستی باڵاش گفتوگۆ لەنێوان لایەنەكان دەبێت. ئومێدەوارم ئەم گفتوگۆیانەش كە بەدرێژایی ئەم هەفتەیە تا كۆتایی ئەم مانگە لە نێوان پەرلەمانتاران بەڕێوەدەچێت بمانگەیەنێتە دەرئەنجامێك كە زیانی زۆری بۆ كورد نەبێت، بەپێچەوانەشەوە گەر بێتو ئەمجارە ئەم یاسایە تێپەڕێنرێت و گوێ لەویست و داواكاریی كورد نەگیرێت دەبێت كورد كۆبێتەوەو سەركردایەتی و لایەنەكان دانیشتن بكەن و پێكەوە بڕیار بدەن.
سەبارەت بەزیانەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەشێوەی 18 بازنەیی كە هەردوو لایەنی شیعەو سوننە بۆ زامنكردنی كورسییەكانیان پاڵپشتی دەكەن بە پێچەوانەی كوردەوە كە پێداگیری دەكات لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەشێوەی یەك بازنەیی، دكتۆر مەحمود عوسمان پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق بە گوڵانی راگەیاند: رێژەی دەنگدان لەهەرێمی كوردستان بەراورد بەناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق زۆر بەرزترەو كورد زۆر زیاتر بەراورد بەهاووڵاتیانی ناوچەكانی دیكەی عێراق بەشداری لەهەڵبژاردن دەكات، لەبەرامبەردا ئەوانەی پاڵپشتی لەبەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن بەشێوەی 18 بازنەیی دەكەن پێیانوایە لەم شێوازەی هەڵبژاردن هەر پارێزگایەك ژمارەی كورسیەكانی دیاری دەكرێت خەڵكی كەمیش بچێت بۆ دەنگدان ئەوان زامنی كورسییەكانیان دەكەن و كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی ژمارەی كورسیەكانیان نابێت، هەربۆیە كورد پاڵپشتی ئەوە دەكات هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی عێراق بەشێوەی یەك بازنەیی بەڕێوەبچێت، بەمەش لەكاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان بەشێوەی یەك بازنەیی ئەو كات كورد بەپێی ژمارەی دەنگدەران هەر لایەنەو كورسی لەپەرلەمانی عێراق دەبێت، بەپێچەوانەی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە لە ساڵی 2010 بەڕێوەچوو تێیدا كورد 15بۆ 20 كورسی لەدەستدا. لەلایەكی دیكەوە یەكێك لەسوودەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەشێوەی یەك بازنەیی ئەوەیە كەمە نەتەوەكان و حزبە بچووكەكان سوودمەند دەبن كاتێك هەموو دەنگەكانیان كۆدەكەنەوەو كورسیی پەرلەمانیان دەست دەكەوێت. ئەم حاڵەتە پێچەوانە دەبێتەوە لەكاتی ئەنجامدانی پرۆسەكە بەشێوەی 18 بازنەیی و دەنگێكی زۆری كورد و كەمە نەتەوەكان و حزبە بچووكەكانیش بەفیڕۆدەچێت.
لەوەڵامی پرسیارێكی گۆڤاری گوڵاندا بەوەی ئایا بۆچی بە بەردەوام لەنێوان كوردو لایەنە سیاسییەكانی دیكەی عێراق كێشەو گرفت لەسەر مەسەلە هەستیارەكان هەیە لەكاتێكدا عێراق خاوەنی دەستوورێكی هەمیشەییە؛ دكتۆر مەحمود عوسمان پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق بەگوڵانی راگەیاند: جیاوازیی و بگرە كێشەیەكی زۆر لەنێوان راوبۆچوونی ئێمەی كورد و لایەنە سیاسییەكانی دیكەی عێراق هەیە بەتایبەتی لەسەر مەسەلە گرنگ و هەستیارەكان؛ ئەوان بڕوایان بەفیدراڵی نییەو ئێمە بڕوامان بەفیدراڵییە، ئەوان نایانەوێت هەرێم دەسەڵاتی زیاتر بێت و ئێمە دەمانەوێت دەسەڵاتی زیاترمان هەبێت، تەنانەت ئەوان بڕوایان بەوە نییە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بێتەوە سەر هەرێمی كوردستان و بەپێچەوانەوە گەڕانەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ سەر هەرێمی كوردستان ویست و خواستێكی سەرەكی ئێمەیە، ئەوان بڕوایان بەمەسەلەی نەوت و غازیش نییە و چەندین مەسەلەو بواری دیكەش كە وایانكردووە جیاوازییەكی زۆر لەنێوان ئێمەی كوردو ئەوان هەبێت، كاتێكیش ئەوان ئەو كێشانە یەكلاناكەنەوەو بەویستی ئێمە ناكەن ئێمەش لەناوچەی خۆمان چیمان بووێت دەیكەین و گوێشیان نادەینێ و ئێمە حكومەتی فیدراڵیمان دەوێت ئەوان حكومەتێكی ناوەندیان دەوێت، راستە عێراق خاوەنی دەستوورێكی هەمیشەییە بەڵام «دەستوور هەیە و جێبەجێ نەكراوە لەبەر ئەوەی جیاوازی زۆر هەیە» كە دەبێت ئەو جیاوازیانە بەجیا چارەسەر بكرێت، چونكە بوونی ئەو جیاوازیانەو چارەسەرنەكردنی كێشەكانی هێشتۆتەوەو هەر رۆژەو لە شتێك و مەسەلەیەكدا دەردەكەوێت رۆژێك لە بودجەو رۆژێك لەنەوت و رۆژێك لەهەڵبژاردن.
لەسەروبەندی تەواوبوونی پرۆژەی بۆری ناردنە دەرەوەی نەوت لەهەرێمی كوردستانەوە بەرەو دەرەوە هەندێك لایەن و بەتایبەتی وەزیری نەوتی عێراق هەڕەشە لەهەرێمی كوردستان دەكەن و داوا دەكەن بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەبودجەی گشتی عێراق ببڕێت؛ لەمبارەیەوە مەحمود عوسمان پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق وتی: گەرچی من ئاگاداری مەسەلەی نەوت نیم لەهەرێمی كوردستان و لەنێوان حكومەتی ناوەندی بەغداو حكومەتی هەرێمی كوردستان كێشە لەسەر نەوت هەر هەبووەو دەبێت، چونكە كێشەكە زیاتر سیاسییە، بەڵام من پێموایە عەقڵیەتی ئیداریی لەعێراقدا نییە و بەرێوەبردنێكی خراپ هەیە، هەربۆیە بەبڕوای من كێشەی نێوان هەرێم و بەغدا زیاتر كێشەی سیاسییەو دەبێت هەردوو لا بەگفتوگۆ و دانوستاندن بگەنە ئەنجام، بەپێچەوانەوە گەر بێتو نەگەنە ئەنجامێك بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان ئەو كات دەبێت هەر یەكەو كاری خۆی بكات و كەسیش ناتوانێت خۆی بسەپێنێت بەسەر ئەوی تردا.