نەدیم شاهیدی پسپۆر لە چاتام هاوس بۆ گوڵان:بارودۆخی ئێستای سوریاساڵی 1991ی عێراقمان بیردێنێتەوەكە سەدام راپەڕینەكەی سەركوتكرد و ئەمریكا بێدەنگ بوو
October 24, 2013
دیمانەی تایبەت
نەدیم شاهیدی پسپۆر و تایبەتمەندە لەسەر سوریا و لوبنان و تۆژەری باڵایە لە ئامۆژگای چاتام هاوسی بەریتانی و بۆ قسەكردن لەسەر كۆنفراسی ژنێڤ 2 كە بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیك بۆ چارەسەری كێشەی سوریا گرێبدرێت، هەروەها ئەو بارودۆخەی ئێستا سوریا پێیدا تێدەپەڕێت و ئەگەرەكانی مامەڵەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ نەدیم شاهیدی ئەنجامدا كە ئەمە دەقەكەیەتی.* وابڕیارە لە 23 و 24ی مانگی داهاتوو، كۆنفرانسی دوەمی جنێڤ دەبەسترێت بۆ چارەسەركردنی دۆخی سوریا، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا دوای ئەو هەموو كارەساتانەی روویاندا، ئایا سازكردنی كۆنفرانسێكی لەم جۆرە هیچ بەهایەكی هەیە؟
- لە سایەی هەل و مەرجی ئێستادا، ئەم كۆنفرانسە ئامانجە بنەڕەتیەكانی خۆی بەدەست ناهێنێت، كە بریتین لە خستنەگەڕی پرۆسەیەكی ئینتیقالی لە سوریا و ئەنجامدانی گفتوگۆی سیاسی لەگەڵ موعارەزەدا. و ئەوەی من نیگەرانم لەبارەیەوە ئەوەیە ئەمە كاتێكی زیاتر بە فێرۆبدات، لە كاتێكدا كە رژێمەكە خەریكی كوشتنی خەڵكەكە و سەركوتكردنی گروپە موعارەزەكانە لەسوریا، ئەمە دۆخی عێراقی ساڵی 1991مان بیر دەخاتەوە، كاتێك كە جۆرج بوشی باوك خەڵكی عێراقی هاندا بۆ راپەڕین دژی سەددام حوسێن و راپەڕینیش دەستی پێكرد و بە ماوەی 2 هەفتەدا حكومەتەكەی لە كۆی 18 پارێزگا 14 پارێزگای لەدەستچوو، بەڵام ئەمریكا پشتیوانی و هاوكاری راپەڕینەكەی نەكرد و سەددام حوسێن سەركوتی كرد، بۆیە من زۆر گەشبین نیم بەرامبەرە بارودۆخی سوریا، یان سیاسەتی نێودەوڵەتی، لەبەر ئەوەی من نیگەرانم و ئەو بارودۆخەم لەبەرچاوە كە لە ساڵی 1991دا لە عێراق روویدا.
* ئایا ئومێدی ئەوە هەیە بەشار ئەسەد دەستبەرداری دەسەڵات بێت و بگەنە رێككەوتنێكی سیاسی لەم كۆنفرانسەدا؟
- نەخێر من پێموانیە ئەگەری لەم جۆرە رووبدات، لەبەر ئەوەی بەشار ئەسەد پێیوایە دوایین بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش لەبارەی چەكە كیمیاییەكانی- ئەو وڵاتەوە-، بۆتەهۆی ئەوەی بەلای كەمەوە زەمانەتی ساڵێكی دیكە بكات كە لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.
* بەهۆی دابەشبوونی موعارەزە پێشبینی دەكرێت ئەم كۆنفرانسە لە بەرژەوەندی موعارەزەدا نەبێت، بۆچوونی ئێوە چیە لەم بارەیەوە؟
- ئەوەتان لە یادە كاتێك موعارەزەی عێراق لە ساڵی نەوەتەكاندا هەوڵی خۆڕێكخستنی دەدا، چەند ناكۆكی هەبو و چەند كۆنفرانس كرا كە یەكلاكەرەوە نەبوون، دوای ساڵانێكی زۆر ژیان لە سایەی دەسەڵاتێكی دیكتاتۆریدا، ئەم دەسەڵاتە كۆمەڵگە تێكدەشكێنێت و بارودۆخێك دەخوڵقێنێت كە مەحاڵ بێت موعارەزە خۆی رێكبخات، كەواتە ئەوەی لە موعارەزە روودەدات شتێكی سروشتیە و دەرئەنجامی ئەو هەموو ساڵەیە كە لە سایەی دیكتاتۆریەتدا بردویانەتەسەر، خەڵك متمانە بە یەك ناكەن و گومان لە یەكتر دەكەن و ئەجینداگەلێكی زۆر لە ئارادایە و ناكرێت پێشبینی ئەوە بكرێت لە دۆخێكدا لەم چەشنەدا موعارەزە یەكگرتوو بێت.
* راوبۆچوونی ئێوە چیە لەبارەی هەڵوێستی پەرلەمانی بەریتانیا لە ئاست چارەسەری سەربازیدا؟
- پێموایە ئەوەی لە پەرلەمانی بەریتانیادا روویدا، بە شێوەیەك لە شێوەیەكان شكستێكی گەورەیەو رەنگە هۆكارەكەی چۆنیەتی خستنەڕووی كێشەكە بێت و بەهۆی میراتی شەڕی عێراقەوە، خەڵكی دەرسێكی هەڵەیان لە دەستێوەردان لە عێراقەوە وەرگرتووە، كە بریتییە لە بیرۆكەی ئەوەی لابردنی دیكتاتۆرێك دەبێتەهۆی ئەوەی وڵاتەكە بەرەو لێكهەڵوەشان بچێت، پێموانیە ئەمە لێكدانەوەیەكی ورد بێت، چونكە رووخاندنی دیكتاتۆریەت سەرەتای پرۆسەیەكی ئینیتقالیە، و ئەوەی روودەدات دەرئەنجامی لابردنی دیكتاتۆریەت نییە، بەڵكو دەرئەنجامی ئەو چەند ساڵەیە كە دیكتاتۆریەت حكومڕانی كردووە.
* دەبینین سوریا بۆتە گۆڕەپانی شەڕی شیعە و سوننە و لەلایەكی دیكەوە ئەمریكا هەوڵدەدات، ئێران بەشداری پێبكات لە كۆنفرانسی جنێڤ 2، ئایا ئەم كۆنفرانسە هاوكێشەی ناوچەكە دەگۆڕێت؟
- پێموایە روانین لە شەڕ و ناكۆكیەكە وەك ئەوەی تەنیا ناكۆكی سوننە و شیعە بێت، لێكدانەوەیەكی ورد نییە، چونكە چەندین دابەشبوون هەیە لە نێو سوننەكان و چەندین دابەشبوون هەیە لە نێو شیعەكاندا كە لەبەرچاو نەگیراوە و بەشداریكردنی شیعەكان، بەشداری شیعەكان نییە، بەڵكو ئەوە گاردی شۆڕشگێڕی ئێرانیە كە لەلایەن ئێرانەوە داراییان بۆ دابین دەكرێت و رێكدەخرێن لەلایەن حكومەتی ئێرانەوە، واتە ئەمە دەستێوەردانی دەوڵەتێكە لە سوریادا، و ناكۆكی شیعە و سوننە نییە و تەنانەت لە عێراقیشدا جیاوازیەكی زۆر لە نێو شیعەكاندا هەیە، لەبەر ئەوە ناكرێت بڵێیت ئەمە رووبەڕووبوونەوەی شیعە و سوننەیە. لەبەر ئەوە من نە ناكۆكیەكەی عێراق و نە ئەوەی سوریا بە ناكۆكی نێوان شیعە و سوننە لێك نادەمەوە.
* ئەی سەبارەت بە كوردی سوریا لەم بارودۆخە چی دەڵێن؟
- پێموانیە كوردەكانی سوریا جیاببنەوە و ببنە دەوڵەتێكی سەربەخۆ، یاخود هەرێمی كوردستانی –عێراق-......جیاببێتەوە و ببێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ، بەڵام ئەوەی ئاییندە هەڵگریەتی ئەوەیە كە دەبێت خەڵكی ناوچەكە فێربن پێكەوە بژین و هاوبەشی بكەن لە دەسەڵات و لە داهاتدا لە چوارچێوەی سنورەكاندا، لە چوارچێوەی ئەو فرەییەی سەدان ساڵە بوونی هەیە، ئەوە دیكتاتۆریەت نەبووە، یەكگرتوویی كۆمەڵگەی پاراستووە، بەڵكو نەریتێكی كۆنی پێكەوەژیانی خۆی هەبووە.