د.رەشاد میران رۆشنبیر و ئەكادیمی بۆ گوڵان: هێزەدەرەكی وناخۆییەشۆڤینییەكان هەمیشە لە هەڵوێستە نەتەوەییەكانی كوردستانی باشوور نیگەرانن وئامادەن هەموو شتێك بكەن بۆلەناوبردنی ستاتووی كوردستان

د.رەشاد میران رۆشنبیر و ئەكادیمی بۆ گوڵان: هێزەدەرەكی وناخۆییەشۆڤینییەكان هەمیشە لە هەڵوێستە نەتەوەییەكانی كوردستانی باشوور نیگەرانن وئامادەن هەموو شتێك بكەن بۆلەناوبردنی ستاتووی كوردستان
د.رەشاد میران رۆشنبیر و ئەكادیمی ناسراوی كوردستان، لەم دیمانە تایبەتەی گوڵاندا بەراشكاوی لەسەر رەوشی ئاسایش و سەقامگیری كوردستان دەدوێت و لەسەر پرسی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری كوردستان قسە دەكات و ئەم پرسە لەبازنەیەكی فروانتر لە ئەركێكی تایبەتی دەزگاكانی ئاسایش سەیر دەكات و دەیبەستێتەوە بەكۆی سیستمی حكومڕانی و هۆشیاری خەڵكی كوردستانەوە، د.میران لەم دیمانەیەدا بۆ بەرپەرچدانەوەی تیرۆر و راگرتنی باری سەقامگیری كوردستان هەڵوەستە لەسەر راگرتنی هاوسەنگی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە، ئەمەش دەقی دیمانەكەیە.
* ئەوەی لە كوردستان شانازی پێوە دەكرا، ئەوەبوو كە چەند ساڵێكە دەستی تیرۆریستان لەم هەرێمە دوورخراوەتەوەو ئاسایش و سەقامگیری باڵی بەسەر كوردستان كێشاوە، بەڵام دوای 6 ساڵ وەك بینیمان جارێكی دیكە تیرۆریستان بەچەندین تەقینەوە ئارامی هەولێریان شڵەقاند، ئایا بەڕێزت چۆن سەیری ئەم بارودۆخە دەكەیت؟
- كوردستان كەوتۆتە نێو چەقی ناوچەیەكی گڕگرتووی وەكو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، دەوروبەرەكەی پڕە لە نائارامی و توندوتیژی و ناسەقامگیری. لە رەوش و هەلومەرجێكی وادا پاراستنی ئاسایش و ئارامی لە كوردستان ئەركێكی ئاسان نابێ و لەهەمان كاتیشدا ئەمە دەبێ بە ئەرك و ستراتیجێكی هەنووكەیی هەرەگرنگ – لە 6 ساڵی رابردوودا دەزگا پەیوەستدارەكان بە ئاسایشەوە بەڕادەیەكی باش ئەم ئەركەیان جێبەجێ كردبوو. بەڵام ئەو راستییەش ئاشكرایە كە ئارامی و ئاسایشی ناوخۆ تەنیا بە دەزگای تایبەت ناپارێزرێ، بەڵكو دەبێ لەپاڵ ئەمەشدا سیاسەتی ناوخۆ و دەرەكیی حكومەتی هەرێم و هەروەهاش هۆشیاریی خەڵك هاوكاربن لەمەدا.
پێش هەموو شتێك، كوردستانی باشوور رەوشێكی تایبەتی و هەستیاری هەیە، هەڵوێستە نەتەوەییەكانی خەڵك و سەركردایەتیی سیاسی هێزە دەرەكی و ناخۆییە شۆڤینییەكان هەمیشە نیگەران دەكەن و ئەمانە سەلماندوویانە كە ئامادەن هەموو جۆرە دەستوبردێك بكەن بۆ لەناوبردنی ستاتووی كوردستان لەم ناوچەیەدا. بۆیە ئیدارەكردنی سیاسەتی نێوخۆ و دەرەوە دەبێ ئەوپەڕی ژیرانە بێ – دابینكردنی یەكڕیزیی خەڵك بە فەراهەمكردنی ئاستێكی باشی دادی كۆمەڵایەتی (نەهێشتنی جیاوازیی یەكجار گەورە لە مووچە و داهات و پۆست و پلە...)- ئەمە كۆڵەگەی یەكەمی سیاسەتی نێوخۆی سەركەوتووە؛ ئینجاش راگرتنی هاوسەنگی لە پەیوەندییەكان لە گەڵ هێزە دەرەكییەكاندا – ئێمە لە هەرێمی كوردستان كە ئەوەندە كراوەین بەرامبەر بە توركیا، دەبێ بەهەمان رادەش كراوەبین بۆ ئێران(كە ئەوە ئۆباما مەرایی بۆ دەكات) هەرنەبێ لەبەر خاتری ئاسایش و ئارامیی كوردستان – كە ئەمە گەلێ گرنگتریشە.
سەبارەت بە هوشیاریی خەڵكیش، ئەگەرچی ئەمان بەگشتی بە پەرۆشن بۆ رەوشە ئەمنییەكە، بەڵام هێشتاش هوشیاریی كۆمەڵایەتیی لە كۆمەڵگای كوردیدا لە ئاستێكی شیاودا نییە كە بگونجێ لەگەڵ رەوشی ئاڵۆزی كوردستان و دە هەر لەگەڵ دنیای سەدەی بیست و یەكدا- بەشێكی باشی ئۆباڵی ئەمەش دەكەوێتە ئەستۆی سیاسەتی نێوخۆی حكومەت و سەركردایەتی؛ چونكە بەرزكردنەوەی ئاستی هوشیاریی خەڵك، بەتایبەتی، وەستاوە لەسەر ئاست و ئەدا و كاریگەریی دەزگا پەروەردەیی و زانستی و كۆمەڵایەتی و كولتوورییە فەرمییەكانەوە و ئینجا سەركردایەتی و هێزە سیاسییەكانیش. بە پەیوەندیی بە تیرۆریزمەوە، هوشیاریی خەڵك هەر بەوە پێوانە ناكرێ كە دژ بە تیرۆر بن و بەرەنگاری ببنەوە- ئەمە ئاساییە و هەموو خەڵكی دنیا ئەمە دەكات، بەڵكو ئەم هوشیارییە تاچەند پەیی دەبات بەو رەوشە سیاسی- نەتەوەییەی كە كورد تێیدا گوزەردەكات و ئەرك و پێداویستییە سیاسی و نەتەوەیی و كۆمەڵایەتییە هەنووكەییەكانی كۆمەڵگا چین؟ نەك وێنایەكی پاك و پاراو و ئیدیاڵیی ناواقیعییانەیان لە مێشكدا بئاخنین، پشتی لێ بكەینەوە و خەریكی (مابعد المعاش)ی ئیبن خەلدوون بین. لەم رووەوە، زۆر گرنگە خۆمان هەمیشە بە خاوەن كێشەیەكی نەتەوەیی گەورە بزانین كە تارماییەكانی باڵیان كێشاوە بەسەر هەموو هەڵوێست و چالاكی و بوارەكانی ژیانمانەوە و جارێ دوورین لە رەفاهیەت ! – هەڵڕژاندنی پارە و ساماڵ بەسەر «خەڵك»دا بە شێواز و بیانوی جۆراوجۆر سیاسەت و ستراتیجیایەكی هەڵخەڵەتێنانەیە و لەسەر حسێبی كێشە و ئامانجە گەورەكە و هەروەها لەسەر حسێبی مۆراڵ و ئەخلاق و لایەنی مەعنەویی خەڵكەكە دەبێ- ئەمەش واتە كاركردن لەسەر تێكدانی ئەو یەكڕیزییە كۆمەڵایەتییەی كە لە رەوشێكی وادا ئەوپەڕی پێویستمانە. ساڵانێكە دەبوایە قوتابخانەئاسا كار لەسەر هوشیاریی خەڵك بكرێ. خەڵك و كۆمەڵگاش وەكو تاكەكەس دەبێ هەمیشە ئاڕاستە و فێربكرێن!.
* لەدوای ئەم كارە تیرۆریستیە كۆمەڵێك شرۆڤەی جۆراوجۆر بۆ ئەم كارە كراوە، ئایا بەڕای تۆ هۆكاری پشت ئەم كارە تیرۆریستیە چیە؟ یان ئایا بۆچی تیرۆریستان هێندە داخ لە دڵن بە ئەزموونی دیموكراتی هەرێم و داخ لە دڵن لەكوردستان؟
- لە راستیدا هەموو راستییەكان ئاشكرا نین، بەڵام ئەوەی دەكرێ بخوێندرێتەوە رەوشی كوردستان بەگشتی پابەندبووە بە سووریاوە؛ لەوێ ململانێیەكی گەرمی سیاسی و چەكدارانەی نێوان هێزە ناوخۆیی و هەرێمی و تەنانەت زلهێزانی دنیاش ئەوا لە گەڕدایە- بۆیە ناكرێ سەرنجی ئەوە نەدەین كە رەنگە، دەڵێم رەنگە، هەڵوێست و سیاسەتی دەرەكیی هەرێم سەبارەت بە سووریا و كوردانی رۆژئاوا بەدڵی یەكێك لە گەمەكەرانی ئەو مەیدانە نەبێت. بەڕای من بەهۆی ئەوەوە كە هێرشەكەی شاری هەولێر بۆسەر دەزگای ئاسایش بوو دیارە ئەمە مەسجێكە بۆ سیاسەتی ئەمنیی حكومەتی هەرێم. مەسەلە رق و كینە و داخی دڵ نییە.
* ئەم كارە تیرۆریستیە دوای پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان راستەوخۆ ئەنجامدرا، ئایا تاچەند ئەم كارە بەو ئامانجە ئەنجامدراوە كە پرۆسەی حكومڕانی لە كوردستان تێكبدەن، ئەگەر ئەم ئامانجە لە پشت ئەم كارەوە بێت، ئایا بەوجۆرە ناخوێندرێتەوە كە دەستی چەند وڵاتێكی لە پشتەوە بێت؟
- لە راستیدا زۆرن ئەو لایەنە دەرەكییانەی كە مەبەستیانە نەك هەر حوكمڕانی، بگرە تەواوی كیان و ستاتووی كوردستان لەناوبەرن، بەڵام ئەوەش حاشا هەڵنەگرە كە هیچ هێزێكی كوردستانی لە هەر بارودۆخێكدا مەسەلەی ئاسایشی كوردستان ناخاتە مەترسییەوە لەپێناو ئامانجێكی حیزبی و تەكتیكیدا- ئەوانە نەبن كە سەربە «فەلسەفەی جیهادی»ی توندڕەون. بەڕای من ئەم كارە تیرۆریستییە پەیوەندیی بە حوكمڕانییەوە نییە، بەڵكو ئاڕاستەی هەڵوێستێكی سیاسییانەی دیاریكراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان كراوە.
* دیاردەی تیرۆر تەنیا دژی كەسێك یان لایەنێك نییە، بەڵكو دژی هەموو مرۆڤایەتیە بە جیاوازی ئایین و نەتەوەوە، لەم بارودۆخە چۆن دەتوانرێت دیاردەی دژایەتی تیرۆر بكەینە ئەركێكی نیشتمانی و هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان و هاووڵاتیان خۆیان لەو ئەركە ببینەوە بۆ ئەوەی هەموو پێكەوە ئەم مەترسیە بڕەوێنینەوە؟
- تیرۆر تەنیا كوشتن و تەقینەوە و تەقاندنەوە نییە، راستە ئەمە هەرە كاریگەرەكەیە و گومانیش نییە لەوەی كە هەموو خەڵك و چین و توێژاڵ و لایەن و هێزەكانی كۆمەڵگا بەرەنگاری دەبنەوە – چونكە كوشتن و تەقاندنەوە ریتمی ژیانی رۆژانە تێكدەدەن. بەڵام بەهەمان رادە ترسناك دیاردەی توندوتیژییە لەناو سستێمی كۆمەڵایەتی و كولتووریی ئێمەدا كە دەبێتە مایەی داهێنانی تیرۆری جۆریتر كە مرۆڤ لە كۆمەڵگای كوردیدا تیایدا دەژی و هەستی پێناكات، ئەویش تیرۆری فیكری و مەعنەوی و هێماییە- ئەندامانی كۆمەڵگای كوردی لە كەش و فەزایەكی تژیی توندوتیژیدا دەژین و بەداخەوە لێی راهاتوون، چونكە ئەم توندوتیژییە، كە دەگاتە رادەی تیرۆر، لە هەموو شوێنێك و چركەساتێكدا هەیە – لەناو خێزان، لە سەر شەقام، لە مزگەوت. جێگەی تێڕامانە كە تەنانەت هاوسەرگیریش بەم دواییە خراوەتە نێو «فەلسەفەی جیهاد»ـەوە كە جیهاد خۆی تیرۆر و توندوتیژییە. بنەبڕكردنی تیرۆر و توندوتیژی بە كاركردنی زانستیانەی بێوچان لەسەر گۆڕینی كولتووری باوی سستێمی كۆمەڵایەتیمان دەستەبەر دەبێ – هەرچی تیرۆری سیاسی و چەكدارییە ئەوا خەڵكی هوشیار و دەزگا فەرمییەكان سنوورداری دەكەن.
* ئێستا لە هەرێمی كوردستان نوێنەرایەتی و كونسوڵخانەی چەندین وڵات و چوار دەوڵەتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی تێدایە، هەروەها كوردستان بۆتە ئەو زۆنەی كە دەیان و سەدان كۆمپانیای تێدا كۆبۆتەوە، بەڕێزتان دەزانن ئەگەر تیرۆر كۆنترۆڵ نەكرێت، زیانێكی گەورە لە كوردستان دەكەوێت، بەڕای بەڕێزت دەبێت حكومەت چی بكات بۆ ئەوەی ئەم وێنەیەی كوردستان نەشێوێت؟
- تیرۆر رەوشی كۆمەڵایەتی و ئاسایشی نەتەوەیی هەڵدەتەكێنێ، ژیانی رۆژانەی خەڵك تێكدەدات، بۆیە مەسەلە كۆنسوڵخانە و كۆمپانیاكان نین، بەڵكو مەسەلە پاراستنی ژیانی رۆژانەی خەڵكە كە ئەگەر تیرۆر كۆنترۆڵ نەكرێ، ئەوا ژیانی ئاسایی خەڵك مەحاڵ دەبێ- ئەركی حكومەتیش فەراهەمكردنی ژیانێكی ئاسایی و سەقامگیر و بێ مەترسیی هاووڵاتیانە. بۆ ئەمەش حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەركردایەتیی سیاسی دەبێ پشتگیری و متمانەی خەڵكی كوردستان بەدەستبێنێ – ئەویش، وەكو گوتمان، بە داهێنانی رەوشێكی، هەرنەبێ، لای كەمیی دادی كۆمەڵایەتی تیادا رەنگ بداتەوە...لەپاڵ ئەمەشدا بەهێزكردنی دەزگای ئاسایش و لە سیاسەتیشدا رەچاوكردنی رەوشی جیۆپۆلۆتیكی هەرێمی كوردستان.
* لەم قۆناخەدا گرنگە رۆشنبیران و مامۆستایانی زانكۆ رۆڵێكی گرنگ بگێڕن بۆ ئەوەی خەڵك لەدەوری یەك گوتاری نیشتمانی كۆبكەنەوە، ئایا لەم قۆناخەدا پێویستە رۆلی رۆشنبیران و مامۆستایانی زانكۆ بۆ هیۆركردنەوەی بارودۆخەكە چۆن بێت؟
- بەرزكردنەوەی ئاستی هوشیاریی كۆمەڵایەتی، وەكو گوتم، لە ئەستۆی حكومەت و دەزگا فەرمییەكانی دایە. مامۆستایانی زانكۆش لە نێو ئەم دەزگایانەدا كاردەكەن و ئەركی فەرمییانە كە دەور ببینن لە هوشیاركردنەوەی قوتابیانی زانكۆ و، خەڵكیتریش لە دەرەوەی زانكۆ، هانیان بدەن بۆ پێشكەشكردنی توانا و پشتگیری و بەهرەكانیان بە خەڵك و خزمەتكردنی كۆمەڵگا – زانكۆ دەزگایەكی زانستیی ئەكادیمییە بۆ خزمەتكردن و پێشخستنی كۆمەڵگا.
زۆربەی رۆشنبیرانیش هەر لەنێو دەزگا فەرمییەكاندا كاردەكەن، كەمینەیەكیان سەربە بواری ئەهلی و نافەرمین – لە دەرەوەی ئەم دەزگا فەرمی و نافەرمییانەدا ئێمە تاكو ئێستا توێژاڵێكی كۆمەڵایەتیی رۆشنبیرانمان نییە، بە مانا سۆسیۆلۆگییەكەی، كۆمەڵگا حسێبی بۆ بكات – مرۆڤی رۆشنبیر لە كوردستاندا ناتوانێ تەنیا بە بەرهەمە فیكری و ئەدەبی و هونەرییەكانی ژیانی خۆیی دابین بكات و سەربەست بێ. بەڵام رۆشنبیر وەكو تاكەكەس، بێگومان، دەوری خۆی بینیووە لە هوشیاركردنەوەی خەڵك و هاندانیان بۆ یەكڕیزی سەبارەت بە مەسەلە گەورە و هەنووكەییەكان: نەتەوەیی، نیشتمانی، ئاسایش، خزمەتگوزاری...
بەرزكردنەوەی ئاستی هوشیاریی خەڵك بە سیاسەت و ستراتیجیایەكی زانستیی تۆكمە دەكرێ تیایدا هەموو جومگەكانی ژیانی رۆژانەی خەڵك و سستێمی كۆمەڵایەتی و دەزگاكانی بگرێتەوە- پێش هەموو شتێكیش دانانی كەسانی بەتوانا و لێهاتوو و دڵسۆز لە شوێنی گونجاودا – لەم ستراتیجیایەدا دەبێ پێش هەموو شتێك ئەوە لەبەرچاو بگیرێ كە ئێمە لە سەدەی بیست و یەكدا دەژین.
خەڵكی هوشیاریشە كە هێمنی و ئارامی و سەقامگیری لە كۆمەڵگادا فەراهەم دەكەن.
Top