دكتۆر رۆژ نوری شاوەیس جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ گوڵان:بۆ پرسی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا پێویستە لە ئایندەیەكی نزیكدالیژنەكان بكەونەوە كاری ئاسایی خۆیان
October 10, 2013
دیمانەی تایبەت
پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان بەسەركەوتوویی كۆتایی هات و خەڵكی كوردستان جارێكی دیكە متمانەیان بە پارتی دیموكراتی كوردستان دایەوە وەك پارتی یەكەم و سەرەكی لە كوردستان، ئەم هەڵبژاردنە لەگەڵ ئەوەی كەرنەڤاڵێكی رەنگاڵەیی لە كوردستان دروستكرد، بەڵام بەداخەوە لەدوای راگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەكان تیرۆریستان هەوڵیاندا ئەم كەش و سەقامگیرییە بشێوێنن، بەڵام پیلانی تیرۆرستان سەركەوتوو نەبوو، هەروەها لەسەر ئاستی ناوچەكەش وەك دەبینین ناوچەكە بەگشتی و عێراق و سوریا بوونەتە دوو شوێنی ترسناك بۆ تیرۆریستان و رۆژانە دەیان كاری تیرۆریستی ئەنجامدەدرێت، بەڵام لەناو ئەم ژینگە ئاڵۆزەدا هەرێمی كوردستان دورگەیەكی ئارام بوو بۆیە زۆر جار پریشكی ئەو ژینگە ئاڵۆزە ئەم دورگە ئارامە دەگرێتەوە، بۆ قسەكردن لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنەكان و كارە تیرۆریستیەكان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، گوڵان لەشاری بەغدا ئەم دیمانەیەی لەگەڵ بەڕێز د.رۆژ نوری شاوەیس ئەنجامداوە كە ئەمە دەقەكەیەتی.دورگەیەكی دیموكراتی لەناو دەریایەك ناسەقامگیری، هەر پریشكی بەر دەكەوێت
* لە ماوەی رابردوودا بەڕێزتان بۆ بەشداری كردن لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمان گەڕابوونەوە كوردستان. چۆن پرۆسەی هەڵمەتەكەو ئاكامەكەی بە شێوەیەكی گشتی دەخوێننەوە؟
- بەر لە هەموو شتێك لە روانگەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە، لە راستیدا خۆی هەڵبژاردن خۆپیشاندانێكی گەورەی پرۆسێسێكی دیموكراتی بوو، خۆشبەختانە- ناڵێم كەموكوڕیی نەبوو- بەڵام بەشێوەیەكی گشتی سەركەوتووانە و بێ گیروگرفت ئەنجامدرا، بەتایبەتیش هەڵمەتی هەڵبژاردن بە شێوەیەكی ئارام و سەقامگیر بەڕێوەچوو، ئەمە هەمووی بەڵگەی ئەوەیە كە گەلی كوردستان خۆشبەختانە هەردەم بەرەو پێشەوە دەڕوات، بەتایبەتیش لە مەسەلەی دیموكراتییەت و پرۆسەی هەڵبژاردن كە ئەمە دەرئەنجام كاریگەریی خۆی دەبێ لەسەر رەوشی ناوخۆی هەموو كوردستان، لە روانگەی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە هەموو سەركردایەتی و هەڤاڵان و لە سەروویانەوە جەنابی سەرۆك بارزانی تا دوا كادیری پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەی لە توانایاندا بوو بەخششیان كرد لە پێناوی ئەوەی پرۆسەیەكی سەركەوتووبێت، هەروەها سیاسەتی پارتی لە پرۆسەكە سیاسەتێكی زۆر هێمنانە بوو، بێ ئەوەی كە هێرش بكاتە سەر هیچ لایەنێك یان لە سنووری یاساكان و رێنماییەكان دەربچێت، بۆیە ئەویش لەلایەكی دیكەوە جێگەی خۆشحاڵییە كە روویەكی شارستانی و پێشكەوتووی پارتییەكەمانی پیشان دا، سەبارەت بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنیش ئەم ئەنجامانە هەمووی ئاوێنەی هەست و شعوری گەلی كوردستانە بەرامبەر ئەو پارتانەو ئەو بەرنامانەی كە هەیانە، ئەوەی شایانی باسە پارتێك كە مێژوویەكی وەكو پارتی دیموكراتی كوردستانی هەبێت و دەستكەوتی گەورەی هەبێت بۆ گەلی كوردستان و سیاسەتێكی روون و ئاشكرای هەبێت جێگەی سەرسوڕمان نییە ئەگەر بە پلەی یەكەم دەربچێت و زۆرینەی دەنگ بێنێت لە ناو حزبەكانی دیكەدا، من هیوادارم ئەو ئەنجامە بەكاربهێنرێت بۆ خزمەتی گەلی كوردستان بۆ زیاتر بەرەوپێش بردنی پرۆسە دیموكراسییەكە، گوزەران چاكتر بكرێت و سوود لەو ئەزموونە وەربگیرێت و لایەنە ئیجابییەكانی هەڵبژاردن زیاتر پتەوبكرێت و لایەنە سلبییەكانیشی بەپێی توانا كەم بكرێتەوە و بەسەریدا زاڵ بین.
* لەم هەڵبژاردنەدا، هەروەك جەنابتان باستان كرد، پارتی دیموكراتی كوردستان پلەی یەكەمی بەدەست هێنا و زۆرینەی خەڵكی كوردستان متمانەیان پێداوە، ئایا تا چەند ئەم ئاكامە كاریگەریی بۆسەر پێگەی پارتی دەبێت لە هاوكێشەی سیاسیی عێراق و ناوچەكەدا؟
- ئاشكرایە كە پارتێك لە ناو پارتەكانی دیكەدا دەنگی زیاتر دەهێنێت بە چاوێكی دیكەوە سەیر دەكرێت لەوەی كە هەمان پارت دەنگی كەمتر بێنێت یان پێگەی تۆزێك لە خوارەوەتر بێت، ئەوەش مانای ئەوە نییە كە پارتەكانی دیكەش جێگەی خۆیان نییە و متمانەی گەلیان پێ نەكراوە و هەر پارتەی بەپێی قەوارەو پرۆگرام و هەلومەرج و توانای خۆی دەنگی هێناوە، ئەو دەنگانەش جێگەی رێزن، بەڵام سەرەڕای ئەمەش هەمووی، وەكو یەكێك كە لە قوتابخانە یەكەم دەربچێت بە چاوێكی دیكە سەیر دەكرێت، لە خوێندن یان لە ئینشا یەكەم دەرچێت ئەوەش هیچ جیاوازیی نییە، لەبەر ئەوە بە قەناعەتی من چ لە عێراق و چ لە دەرەوە هەستیشمان پێكرد لە میدیاكانی دەرەوە لە بروسكەی پیرۆزباییەكان كە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان هات، كە بڕینی هەڵبژاردن بەو شێوەیە كاریگەرییەكی گەورەی هەبوو لەسەر هەموو دەورو پشتمان، كە بەشێوەیەك و رێزێكی تایبەتییەوە بنواڕنە پارتی دیموكراتی كوردستان و سەركردایەتییەكەی، ئەگەر لە راستیشدا سەیری بكەیت پارتی دیموكراتی كوردستان بە هۆی مێژووی دوورو درێژیەوە هەروەكو باسم كرد، بە هۆی ئەو سیاسەتە روونەی پەیڕەوی دەكات و بەراستیش دەخوێنرێتەوە و بەتایبەتیش سووربوونی لەسەر مافەكانی گەلی كوردستان و سازش نەكردن لەسەر ئەو مافانە، ئەمانە هەمووی بوونەتە هۆی ئەوەی كە گەلی كوردستان متمانەی پێ بكات ئەوەش مەرجە لای پارتی دیموكراتی كوردستان بە پلەی یەكەم، بەپلەی دووەم ئینجا متمانەو رێزی لایەنەكانی دەرەوەی كوردستان دێت.
* ئەوەی جێگەی نیگەرانی بوو دوای راگەیاندنی ئاكامی بەرایی هەڵبژاردنەكان، تیرۆریستان چەند تەقینەوەیەكیان لە هەولێر ئەنجام دا، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی خەڵكی كوردستان نیگەران بن، تاچەند ئەو كارە تیرۆریستییانە پەیامێكی دوژمنكارانە بوو بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و پرۆسەی دیموكراتی لە هەرێمی كوردستاندا؟
- ئەگەر سەیری رەوشی ناوچەكە بكەین دەتوانین بیچووێنین بە دەریایەكی گەورە كە بە هەموو لایەكدا شەپۆل دەهاوێژێت و لە كوڵاندایە، ئەگەر سەیری ناوچەكەو دەوروپشت بكەین شوێنێك نابینین كە نا ئارامی و گیروگرفتی ناوخۆیی تێدا نەبێت، ئەو عێراقە بەو شێوەیەیە، سوریا بەهەمان شێوە، هەروەها وڵاتانی دیكەی دەوروپشتمان كە نامەوێ ناویان بێنم كە كێشەی گەورەیان هەیەو بەراورد ناكرێت لەگەڵ بارودۆخی هەرێمی كوردستان عێراق، خۆی لە بنەڕەتدا مایەی سەرسوڕمان بوو كە بارودۆخەكە لەكوردستان بەم شێوەیە ئارام و سەقامگیرە، دیارە ئەوە لەخۆڕا نەهاتووە، لە ئەنجامی كۆشش و هەوڵدانێكی زۆر و تەقەللایەكی گەورەی دەزگا ئەمنییەكانی كوردستان بووە، هەروەها وشیاری گەلی كوردستان بووە كە وایكردووە بارودۆخی كوردستان جیاوازییەكی هەبێت، هەروەها نابێ لە هەمان كاتدا پێمان سەیر بێت تۆ لە دەریایەكی ئاوا پڕ ناڕەحەتی لە كێشەو گرفت بڵێیت دوورگەیەكی وا هێمن و بەرقەراردانت هەیە، ئەمە شتێكی سرووشتی نییە، لەبەر ئەوە دەكرێ جاروبار شتێك لەو ناوە بقەومێ و پروشكێكی ئەو ناڕەحەتییەی دەوروبەرت پێ بگات، ئەمە لە لایەك، لە لایەكی دیكەوە كوردستان بەشێكە لە عێراق، هەموو كاتێكیش گوتوومانە تا رەوشی عێراق بەرەو خراپی بچێت كاریگەریی لەسەر كوردستان دەبێت، مەسەلەی سێیەمیش لە راستیدا تیرۆریستان ئامانجیان ئەوەیە كە ئەو بۆچوونە دیموكراتی و عەلمانی و پێشكەوتنخوازەی كە گەلانی ئەو ناوچەیە هەیانە و بگرە گەلانی جیهان هەیانە بە شێوەیەكی گشتی لەباری بەرن، گەلانی ناوچەكەو مرۆڤایەتی بە گشتی بە ئاراستەیەكی نادیاری تاریكدا بەرەو دواوە بەرن ئەمە ئامانجی تیرۆریستانە بە تایبەتی ئەلقاعیدەو ئەوانی دیكە، لەبەر ئەوە هیچ سەیر نییە كە بە شێوەیەكی تایبەتی هەوڵی ئەوە بدەن رەوشێكی ئارام و دیموكرات و پێشكەوتوو لە كوردستاندا بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنێكی وا سەركەوتووی رەنگاوڕەنگ ببێتە ئامانجیان و ئەم بارودۆخە تێك بدەن یان لەكەداری بكەن، ئەمانە لە راستیدا چاوەڕوانكراون، من پێموایە هەوڵی تیرۆریستان لەم بارەیەوە ناوەستێت، بەڵام لە هەمان كاتیشدا باوەڕم بە هێزە بە گەلی كوردستان بە پلەی یەكەم بە دەزگا ئەمنییەكان و ئاساییشی خۆمان بە گشتی چ هێزی پێشمەرگە بێت یان هێزی پۆلیس بێت یان هەموو هێزەكانی ناوخۆی كوردستان كە بەرەنگاری ئەو هەوڵ و تەقەللایانە دەبنەوەو لە شوێنی خۆیان پووچەڵی دەكەنەوە. لە راستیدا ئەزموونیشیان هەیەو لەم چەند ساڵەی رابردوودا بینیومانە ئەو هێزانەی ئێمە، گەلی كوردستان، پارتەكانی كوردستان، توانیویانە رەوشێكی خۆش لە كوردستان بێننە كایەوە، ئەوەی ئەمەی كردبێ دەتوانێ هەر بەردەوام بێ.
* ئێوە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان چۆن ئەو پەیامەی تیرۆریستان دەخوێننەوە، ئایا بەڕای جەنابت ئەوە كاریگەریی ئاڵۆزی ناوچەكەیە یان دوژمنان مەبەستیانە سەقامگیریی هەرێمی كوردستان تێك بدەن، تیرۆریستان هەر مەبەستێكیان هەبێت ئێوە چۆن رووبەڕووی ئەو نیگەرانییە دەبنەوە؟
- من پێشتر باسم كرد، كوردستان لەبەر بۆچوون و ئاڕاستەی دیموكراتیخوازانەو ئازایخوازانە بۆتە ئامانج، دووەم، رەوشی ناوچەكەش بەو خراپییە بێ بێگومان پڕیشكی دەگاتە كوردستان، بەڵام نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت كە كوردستان بە شێوەیەكی تایبەتی نموونەیەكە بۆ رەوشی ئارام و باشی لە هەموو ناوچەكە، بۆیە هەر هیچ نەبێ لەبەر ئەوە دەكرێتە ئامانج، بۆیە دەبێ هەمیشە ئەوەمان لەبەرچاو بێت و ئامادەكاری بۆ بكەین، بڕواشم قایمە كە گەلی كوردستان و هێزەكانی كوردستان هەمیشە ئامادەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هەوڵ و تەقەللایەكی نادروستی تیرۆریستان.
*ئەگەر باس لە بارودۆخی نا سەقامگیری عێراق بكەین هەست دەكەین لە كۆنترۆڵ دەردەچێت، ئێوە وەك جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق، چۆن رەوشی سیاسی و ئەمنی ئێستای عێراق دەخوێننەوە؟
- ئاشكرایە ماوەیەكە رەوشی عێراق بە شێوەیەكی گشتی بەرەو خراپی دەڕوات، بەپێی ئەو راستییانەی كە لێرە روودەدەن بە حوكمی ئەوەی ئێمە لە بەغداین و ئاگامان لە شتەكانە، رۆژ نییە تەقینەوەو تیرۆركردن و كوشتن نەبێت، ئەمەش مانگ لە دوای مانگ بەرەو زیاد بوون دەچێت ئەگەر سەیری ئامارەكان بكەین لە سەرەتای ئەمساڵ(2013) تا ئێستا مانگ بە مانگ ژمارەی تەقینەوەو رووداوەكان زیادیان كردووە و تاراددەیەك لە هەندێ شوێندا لە كۆنترۆڵ دەرچووە، ئەمە هەمووی بەڵگەی ئەوەیە كە رەوشێكی ناسەقامگیر و بە تایبەتیش رەوشێكی ناسەقامگیری سیاسی هەیە، چونكە ئەگەر رەوشێكی سەقامگیری سیاسی هەبووایە بێ گومان دەتوانرا سیاسەتێكی ئەمنی سەقامگیر دابنرایە كە چ حكومەت و چ گەلی عێراق بە گشتی شان بە شانی یەكتری بەرەنگاری هەموو جۆرە هەوڵێكی تیرۆریستانە دەبوونەوە، نەك تیرۆریستان بەڵكو هەندێ لایەنی دیكەش هەن كە دەیانەوێت عێراق بە گشتی بەرەو دواوە بەرنەوە واتا بەرەو رژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ، بێجگە لەوەش هەوڵی تیرۆریستان كە قاعیدەو تەكفیرییەكانن، ئەوە رەوشی ئەمڕۆی عێراقە سەقامگیری سیاسی و ئەمنی نییە و رەوشی ئابووریش بە گشتی نا سەقامگیرە، بۆیە دەبێ لایەنە عێراقییەكان بیرێكی جددی بكەنەوە، عێراق بەرەو كوێ بەرن، من ناڵێم لەم هەلومەرجە هەنگاوی زۆر گەورە بهاوێژێت، ئاشتبوونەوەی گشتی بكەیت یان سەقامگیرییەكی سیاسی بێنیتە كایەوە لە هیچەوە، بەڵام لانی كەم دەتوانیت هەوڵی ئەوە بدەیت لە عێراقدا كێشەی گەورەتر روونەدات، بارودۆخەكە لەوە خراپتر نەبێت، بەتایبەتیش كێشەی گەورە لە نێوان پێكهاتەكانی گەلی عێراق پەیدا نەبێت، لە نێوان حزب و كەسایەتییەكانی عێراق روونەدات، تا دەگەینە هەڵبژاردنەكان، پردێك یان پلانێك بدۆزینەوە كە گەلی عێراق و حزبەكان بگەیەنێتە هەڵبژاردنەكانی ساڵی داهاتوو بێ كێشەیەكی گەورە، بە بێ ئەوەیە ببێتە پاساو بۆ لایەنێك یان لایەنێكی دیكە كە هەڵبژاردن دوابخات یان نەیكات، یان عێراق بەرەو ئاراستەیەكی دیكە بەرێت، ئەمە مەرجێكی بنەڕەتییە، مەرجی دووەمیش ئەوەیە كە دەبێ هەوڵ بدرێت كە هەڵبژاردنی ساڵی داهاتوو بەپێی توانا پاك و شەفاف و بێگەرد بێت، ئەوەش مەرجە كە تۆ هیوایەكت بەو هەڵبژاردنە هەبێت كە بە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە تۆ بتوانیت و تا رادەیەك بواریشت هەبێت و شتێكی تازەی وا بێتە كایەوە كە بتوانیت بە شێوەیەكی لەسەرەخۆ بیر لە رەوشی عێراق بكەیتەوە، كە رێوشوێن و بەرنامەی بۆ دابنێیت چارەسەری بكەیت، مەسەلەی سێیەمیش سەبارەت بە عێراق كە تایبەتمەندە، هەموو جارێك كە هەڵبژاردن بووە، پێش هەڵبژاردن و دواتریش، چونكە خەریكی دامەزراندنی حكومەتی تازە بووین، بۆشاییەكی سیاسی دروست بووە، تیرۆریستان و دوژمنانی ئەزموونی دیموكراتی لە عێراقدا بە گشتی واتا ئەو عێراقەی بەپێی دەستوور بنیادبنرێت، عێراقێكی دیموكراتی، فیدرالی، عێراقێك كە دەسەڵات تیایدا بە شێوەیەكی ئاشتیانەو لە رێی سندوقی دەنگدانەوە ئاڵوگۆڕبكرێت، عێراقێكی وا دوژمنانی زۆرەو نایانەوێت بگاتە ئەو قۆناغەو هەمیشە ئەو هەلومەرجە بۆشاییە سیاسییەیان قۆزتۆتەوە هەتا پێش هەڵبژاردن و دواتر كە نزیكەی ساڵێك یان دە مانگی پێچووە، كرداریی تیرۆریستی خۆیان و پێگەی خۆیان زیاتر قایم كردووە، كە توانیویانە بەردەوام بن لە كارە نادروستەكانیان، من بە باشی دەزانم ئەگەر هێزەكانی عێراق بتوانن میكانیزمێكی وا بدۆزنەوە پێش هەڵبژاردنیش و ئەو هێزانەی كە نزیكن لەیەك، لە ئێستاوە بیربكەنەوە شێوەی حكومەتی داهاتوو و كەسایەتییەكان چۆن دەبن، بەرنامەكەی چۆن دەبێ، ئەگەر نیمچە رێكەوتنێكیش هەبێت، ئەویش لە سوودی پرۆسەسەكەیە.
* ماوەیەكە هەموو لایەنەكانی عێراق بە تایبەتی لایەنی شیعە لە هەوڵی ئەوەدان پەیماننامەی شەرەف لە نێوان لایەنەكاندا دروستبكەن، ئێوە چۆن سەیری ئەو پەیماننامەیە دەكەن، ئایا پێتانوایە باری ناسەقامگیری عێراق بەمە چارەسەردەكرێت؟
- ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كور دستان وەكو كوردیش بە شێوەیەكی گشتی، لایەنێك نەبووینە لەو ململانێیەدا، بە داخەوە ئەمڕۆ ململانێیەكە لە نێوان سوننە و شیعەدایە، لە بنەڕەتدا لەسەر دەسەڵاتە، كاتی خۆی دەسەڵات بەدەست سوننەوە بووە، زۆر كەس دەیەوێت ئەمە بشارێتەوەو باسی نەكات، ئەمە راستییەكەیەو ئێستا دەسەڵاتەكە بە كردەیی لەدەست شیعەدایە، ئەمانەو گەلی كورد پێكهاتەی بنەڕەتیی عێراقن، كورد لەو ململانێیە بەدوور بووە واتا بەشێك نەبووە لە ململانێ لەگەڵ سوننە دژی شیعە یان بە پێچەوانەوە، بەڵكو كورد هەوڵی داوە ئەو دوو لایەنە لە پێكهاتەكانی عێراق هەمووی وەكو شەریكێكی راستەقینە لەسەر بنەمای هاوسەنگی و سازان(تەوافوق)كاربكەن و ئەم وڵاتە بەڕێوەبەرن، بۆیە كورد توانیویەتی هەمیشە رۆڵی ناوبژیوان ببینێت، لەبەر ئەوە كورد هەوڵی داوە كێشە نەمێنێت و چارەسەری كێشەكان بكات و دەستوور جێبەجێ بكرێت، عێراقیش لە خزمەت هەموو لایەنێك ببێت، ناتوانی بڵێیت من دژی ئەم یان ئەو بانگەشەم بە تایبەتی ئەگەر بانگەشەكان راست بن یان نا، بانگەشەی ئاشتەوایی و ئاشتبوونەوەو چارەسەری كێشەكان بێت، بەڵام لێرەدا ئێمە وەكو كورد و وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان، دەتوانین بە راشكاوی بڵێین بانگەشە باشە، بەڵام بە تەنیا بەس نییە، چونكە تۆ رەنگە بتوانیت بانگەشە بكەیت تەنیا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، یان بە ناوی كەسێكەوە كە بەهای پێ بدەیت و ئەو بانگەشەیەی تۆ هیچ كردارێكی لەدوا نییە بۆیە سەرئەنجام بێ بەهایە، ئێمە لەگەڵ ئەو بانگەشەو تەقەللایانەداین كە هەنگاوی پراكتیكی و كردەیی لەدوایە و تەنیا بانگەشە نییە، یان قسەیەكی گەورە نییە لە هۆڵێكی گەورەدا بكرێت، لە میدیا بڵاو بكرێتەوەو هیچ سنوورێكی نەبێ، هەروەها نە بەرنامەو نەخشیەكی نەبێ كە بتوانیت كاری پێ بكەیت.
* دوای سەردانی مالیكی بۆ هەولێر و پاشان سەردانی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ بەغداو پێكهێنانی ژمارەیەك لیژنە، جارێكی دیكە كاركردنی لیژنە پێكهێنراوەكان وەستا، وەك دەوترێ لە ئێستادا پرسی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا پەكی كەوت، بۆچی ئەم جارە وای لێهات؟
- جارێ ئەوەی ئیجابییە، هێرشكردنە سەر یەكتر وەستاوە، پەیوەندییەكی ئاسایی هەیە لەنێوان هەرێم و بەغدا، هەڵمەتی راگەیاندن دژی یەك نەماوە، هەروەها هیچ كار دژی یەك نەكراوە، زۆر كەس لەوانەیە بڵێت بە هۆی هەڵبژاردنی كوردستانەوە یان پشێویی بارودۆخی ئەمنی عێراق پرۆسێسەكە دواكەوتووە، بەڵام بە رای من ئەمە پاساو نییە، رێوشوێنی راست بۆ چارەسەری كێشەكان دانراوە، هەموو كێشەكان دەست نیشانكراون و بۆ هەر یەكێك لیژنە دروستكراوە، من بە پێویستی دەزانم ئەو لیژنانە هەموو بكەونە ئیش، هەروەها كاربەدەستان گوشار بخەنە سەر لیژنەكان و بە زووترین كات كۆببنەوە و هیچ نەبێ خزمەت بە هەموو لایەك بكەن.