جۆشوا لاندیز بۆ گوڵان:ئەمریكا لەترسی باڵادەستی رێكخراوی قاعیدە هاوكاری بۆ تێكشكانی رژێمی ئەسەد ناكات

جۆشوا لاندیز بۆ گوڵان:ئەمریكا لەترسی باڵادەستی رێكخراوی قاعیدە هاوكاری بۆ تێكشكانی رژێمی ئەسەد ناكات
پرۆفیسۆر جۆشوا لاندیز ئوستادی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكانە لەزانكۆی ئۆكلاهۆما و تایبەتمەندە لەسەر پرسی كورد و سوریا و یەكێكە لەو چاودێرە نێودەوڵەتیانەی كە لە نزیكەوە چاودێری سوریا دەكات و رۆژانە لێدوان و شرۆڤەی هەیە لەسەر رەوشی سوریا، سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای سوریا و هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی ئەمریكا بە خاوبوونەوەی بەرامبەر لێدانی سوریا چەند پرسیارێكمان ئاراستەی پرۆفیسۆر لاندیز كرد و بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.
* لە دوای 20ی ئابەوە بینیمان كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستێكی بەهێزی هەبووە، بەڵام دوای بواردان بە پشكنەرانی چەكی كیمیایی بۆ ئەوەی بچنە سوریاوە، ئەو هەڵوێستە خاوبۆوە، بە شێوەیەك ئەمجارەش رژێمەكەی ئەسەد لە گورزێكی سەربازی رزگاری بوو بەهۆی خاوبوونەوەی هەوڵەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا بەمانای ئەوە دێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناتوانێت هیچ شتێك بكات لە ئاست سوریادا؟
- دوو شت هەیە لێرەدا ئاماژەیان پێبكەین، یەكەمیان ئەوەیە سەرۆك ئۆباما تەنیا تەركیز لەسەر یەك شت دەكات كە بریتییە لە پابەندبوون بە رێسا نێودەوڵەتیەكانەوە كە پەیوەستن بە سنورداركردنی بەكارهێنانی چەكی كیمیاییەوە و ئەو بڕیارەی ئێستای نەتەوە یەكگرتووەكان و رێككەوتنی نێوان ئەمریكا و روسیا بۆ ئەوەیە پابەندبوون هەبێت بەم رێسا نێودەوڵەتیانەوە لەبارەی كێشەی چەكی كیماییەوە لە سوریا.
* نیگەرانیەكە ئەوەیە تەنیا تەركیز لەسەر چەكی كیمیایی دەكرێت، لە كاتێكدا لە ماوەی دوو ساڵی شەڕ لە سوریادا رژێمەكەی ئەسەد نزیكەی 100 هەزار كەس بە چەكی تەقلیدی كوشتووە و بە سەدان هەزاریشی ئاوارە كردووە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەمە بەس نییە بۆ ئەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستێوەردان بكات و كارەكانی رژێمی دیكتاتۆریی راگرێت؟
- ئەگەر پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەمە كارێكی نائەخلاقیە، بەڵێ پێموایە نائەخلاقیە بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كە نەیتوانیوە خەڵكی سوریا بپارێزێت.
* حاڵی حازر رژێمەكەی ئەسەد هاوپەیمانی حزبوڵڵای لوبنانیە كە داواكراوە ئەم حزبە بخرێتە لیستی رێكخراوە تیرۆریستیەكانەوە، كەواتە لە كاتێكدا سوریا بۆتە مۆڵگەی ئەلقاعیدە، ئەوا هاوپەیمانی رێكخراوێكی تیرۆریستیشە، كەواتە ئایا سوریا نەبۆتە دەوڵەتێكی شكستخواردو كە هەڕەشە بێت لەسەر ئاسایشی جیهان؟
- لە روانگەی ئەمریكاوە، سوریا لەوە نزیكە دەوڵەتێكی شكستخوارد بێت، بەڵام بە تەواوەتی شكستخوارد نییە، ئەوەش گرنگە، چونكە ئەوەی ئەمریكا زیاتر لێی دەترسێت ئەوەیە لە كاتێكدا رژێمەكەی ئەسەد چەكی كیمیایی هەیە، ئەوا یاخیبوانیش- شۆڕشگێران- ئەم چەكەیان دەستكەوێت، هۆكاری ئەوەی هێشتا سوریا بە تەواوەتی دەوڵەتێكی شكستخوارد نییە، ئەوەیە كە ئەسەد كۆنتڕۆڵی تەواوی چەكی كیمایی كردووە لە سوریادا و ئەگەر یاخیبووانیش سەركەوتوو بن، ئەوا كۆنتڕۆڵی ئەم چەكە دەكەن و ئەمریكا و روسیاش ئەمەیان ناوێت. هەر لەبەر ئەمەشە گفتوگۆ لەگەڵ ئەسەددا دەكەن، من ناڵێم پشتیوانی دەكەن، ئەمریكا پشتیوانی ئەسەد ناكات، ئەمریكا لە ترسی ئەلقاعیدە هاوكاری تێكشكاندنی ئەسەد ناكات.
* سوریا بۆتە هەڕەشە لەسەر دراوسێكانی، چونكە ئەلقاعیدە لە عێراقدا رۆژانە كاری تیرۆریستی ئەنجام دەدات و ئەمەش بۆتە سووتەمەنی شەڕی تائیفی لە عێراقدا، ئایا مەترسی ئەوەنییە عێراقیش وەك سوریای لێبێت ئەگەر هاتوو ئەسەد لە دەسەڵاتدا مایەوە؟
- ئەمە پرسیارێكی باشە و من نازانم چۆن وەڵامی بدەمەوە. ئەوە تەواو روونە كە كاتێك ئەمریكا عێراقی داگیركرد و سەركەوتنی تەواوی تەسلیمی شیعەكرد، ئەوا بە شێوەیەكی نەخوازراو، یاخود ناژیرانە بوونەهۆی رادیكاڵبوونی عەرەبەكانی سوننە و كێشەی ئەلقاعیدەیان لە عێراقدا خوڵقاند.
* بارودۆخی سوریا كاریگەری دەبێت لەسەر هەل و مەرجی ناوخۆیی توركیا و توركیاش لە ماوەی چەند ساڵی رابردودا هاوكاری موعارەزەی سوری كردووە، ئایا مانەوەی ئەسەد نابێتەهۆی ئەوەی بیر لە تۆڵەكردنەوە لە توركیا بكاتەوە و ئەمەش بارودۆخەكە خراپتر دەكات؟
- توركیا خوازیاری ئەوە نەبوو ئەمە رووبدات و پێی خۆش نەبوو دەسەڵاتی سوننە لە عێراقدا تێكبشكێت و پێی باش بوو سەددام لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. و هێشتا توركیا هاوكاری یاخیبووانی سوریا دەكات، یاخود باشترە بڵێین ئەمریكا و توركیا خۆیان لە دۆخێكی نارۆشندا دەبیننەوە و نازانن چی بكەن و سیاسەتەكانیان سست و خاوە لەم رووەوە. لەبەر ئەوەی پێشتر باوەڕیان وابوو دەتوانن هاوكاری سوننەكان بكەن بۆ لەقكردنی دەسەڵاتی ئەسەد، بەڵام ئێستا بۆیان روون بۆتەوە كە بەهێزكردنی سوننە، بەهێزكردنی ئەلقاعیدەیە، و ئەوانیش خوازیاری ئەمە نین و لەم دەرئەنجامە دەترسن و توركیاش دەترسێت- یان بەلای كەمەوە رایدەگەیەنێت كەترسی هەیە لەم رووەوە- ترسی هەیە لە ئەلقاعیدە لە سوریا. بەڵام توركیا سەری لەوە دەرناچێت ئایا ئەلقاعیدە مەترسیدارترە بۆ توركیا یان پەیەدە، بەڵام پێیوایە پەیەدە مەترسیدارترە لە ئەلقاعیدە، لەبەر ئەوە هاوكاری ئەلقاعیدە دەكات بۆ تێكشكاندنی پەیەدە. ئەوەی پەیوەندی بە تۆڵەكردنەوەوە هەبێت، ئەوا ئەمە ئەگەرێكە، بەڵام ئەسەد زۆر لاوازە، ئەسەد تێگەیشتووە، یان بەو دەرئەنجامە گەیشتووە كە هەرگیز حەلەب و باكور و رۆژهەڵات بەدەستناهێنێتەوە، و باوەڕم وانییە بیەوێت جارێكی دیكە كۆنتڕۆڵیان بكاتەوە، لەبەر ئەوەی سوننەیەكی زۆری لێیە و كێشەیەكی زۆری هەیە. ئەوەی ئەو داوای دەكات ئاگربەستە، كە لە زۆر رووەوە دەبێتەهۆی دابەشبوونی سوریا و دروستبوونی دوو هەرێم، یەكێكیان رژێمەكە كۆنتڕۆڵی دەكات و ئەوی دیكەیان موعارەزە، لەلایەك ئەردۆغان دەیەوێت ئەسەد تێكبشكێت و لەلایەكی دیكەوە نایەوێت دەستێوەردان لە سوریادا بكات.
* ئایا پێتوایە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكاری رژێمەكەی سوریا دەكات بۆ ئەوەی گروپگەلێكی توندڕەو لە سوریادا دەسەڵات نەگرنەدەست؟
- هەڵەیە بڵێین هاوكاری دەكەن، بەڵام ئەوان ئامادەنین هاوكاری یاخیبووان بكەن، ئەمەش بە مانای ئەوە دێت ئەسەد قبوڵ دەكەن و نایانەوێت بڕووخێت.
* باس لەوە دەكەن ئێران براوەی سەرەكیە لە كێشەی سوریادا، كە ئێستا گفتوگۆ لەگەڵ رۆژئاوادا دەكات، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا تا چەند بارودۆخی سوریای بۆ سوودی خۆی بەكارهێناوە بۆ پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمیەكەی؟
- ئەوە پرسیارێكی زۆر باشە، ئێران براوە نییە، ئێران لە سوریادا پارەی لەدەست دەچێت و هاوپەیمانەكەی بە راددەیەكی زۆر لاوازكراوە و حزبوڵڵاش بە راددەیەكی گەورە لاوازبووە و گۆشەگیركراوە لە جیهانی عەرەبیدا، و تەواوی ستراتجیەتەكەی بۆ پاڵپشتیكردنی موقاوەمە لەرزۆك بووە. لە ئێستادا عەرەبە سوننەكان رقیان لە شیعەیە و باوەڕیان وایە عەرەبە شیعەكان سەر بە جیهانی عەرەبی نین. و تەنیا چەند ساڵێكی كەم ئێران پاڵەوان بوو و لەلایەن زۆرێك لە عەرەبە سوننەكانەوە بە پاڵەوانی راستەقینەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی سەیردەكرا، لەبەر ئەوەی شەڕی ئیسرائیلی دەكرد، ئێستا هەموو ئەوانە هەرەسیان هێناوە و ئێستا ئێران دابڕاوە لە جیهانی عەرەبیدا و هەروەها ئێران زۆر هەژارە، لەبەر ئەوەی سزاكانی كاریگەری گەورەیان هەبووە، ئەمەش وا لە ئێران دەكات دووبارە بە ستراتیجیەتەكەیدا بچێتەوە، ئەمەش سەرەتای كەمكردنەوەی ناكۆكیە لەگەڵ ئیسرائیل و كەمكردنەوەی موقاوەمە و كەمكردنەوەی دوژمنایەتیە بۆ ئەمریكا. بۆ ئەوەی پێگەی خۆی بەهێز بكاتەوە پێویستی بەوەیە دۆستایەتی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریكادا بكات و قەناعەت بە رۆژئاوا بكات كە سوننە مەترسی راستەقینەن و شیعە دەتوانێت هاوكاریان بكات لە تێكشكاندنی ئەلقاعیدە. كەواتە بەڵێ ئێران دەیەوێت ئیستیغلالی تەشەنەكردنی ئەلقاعیدە بكات لە عێراق و لە سوریا، بۆ ئەوەی قەناعەت بە رۆژئاوا بكەن كە هاوپەیمانەكەیان- ئەسەد- و خۆیان- ئێران- هاوكاری رۆژئاوا دەكەن لە چارەسەركردنی كێشەی ئەلقاعیدە، ئەگەر بتوانێت قەناعەتیان پێبكات و سزاكان هەڵگرن، ئەوا ئەوانیش دەست لە پروپاگەندەی دژ بە سامیەت و دژ بە ئیسرائیل و ئەمریكا هەڵدەگرن.
Top