جیرمی پرێسمان بۆ گوڵان:شێواز و چڕی هێرشە سەربازیەكە بۆ سەر سوریا ئەوە دیاری دەكات ئەسەد دەڕووخێت یان نە

جیرمی پرێسمان بۆ گوڵان:شێواز و چڕی هێرشە سەربازیەكە بۆ سەر سوریا ئەوە دیاری دەكات ئەسەد دەڕووخێت یان نە
پرۆفیسۆر جیرمی پرێسمان ئوستادی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكانە لەزانكۆی ماسیۆشیتدی نێودەوڵەتی و تایبەتمەندە لەسەر سیاسەتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا و نووسەری كتێبی هێز و دیپلۆماتی-یە لە پرۆسەی ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بۆ قسەكردن لەسەر ئەو هێرشە چاوەڕوان نەكراوەی دەكرێتە سەر رژێمی ئەسەد، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ پرۆفیسۆر پرێسمان ئەنجامداوە و بەڕێزی بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە
* هەموو جیهان پێشبینی ئەوە دەكەن رۆژئاوا بە سەرۆكایەتی ئەمریكا گورزێكی سەربازی لە سوریا بوەشێنێت، ئەمە دوای بەكارهێنانی چەكی كیمایی لەلایەن رژێمەكەی ئەسەدەوە هات. تا چ راددەیەك گورزی سەربازی كاریگەری دەبێت لەسەر كێشەی سوریا؟
- ئەگەری گورزی سەربازی زۆرە لەم ساتەوەختەدا و پێدەچێت گورزێكی سنوردار بێت و پێدەچێت زۆر نزیك بێت، ئەویش بەهۆی گۆڕانی دراماتیكی لە سیاسەتی ئەمریكا و رۆژئاوا، لەبەر ئەوە ئەگەری زۆرە رووبدات. ئەمریكا دەیەوێت زۆر بە حەزەر بێت لەوەی –گورزێكی سنوردار بێت- و ئامانجەكە ئەوەبێت ئەسەد سڵبكاتەوە لە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی، نەك رووخانی رژێمەكەی ئەسەد. بە دڵنیاییەوەی ئەوەی دەبێت سەرنجی لێبدەین ئەوەیە ئایا تا چەند هێرشێكی چڕ دەبێت كاتێك روودەدات، بە دەربڕینێكی دیكە- ئەگەرچی ئەمریكا دەڵێت ئامانجەكە گۆڕینی رژێم نییە، بەڵام چڕی هێرشەكە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی حوكم لەسەر ئەوە بدەین ئایا ئەوە ئامانجی راستەقینەیە.
* بەپێی ئەو زانیاریانەی لەبارەی هێرشە سەربازیەكەوە ئاشكراكراون، ئامانجەكە بریتی نییە لە رووخاندنی رژێمەكەی ئەسەد، بەڵكو ناچاركردنیەتی بۆ ئەوەی هەنگاو بەرەو كۆنفرانسی جنێف 2 بنێت، بە بۆچوونی ئێوە ئایا بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە كارێكی ئاسانە؟
- پێموانییە لەم ساتەوەختەدا گفتوگۆیەكی سیاسی بێتەئاراوە، لە بەشێكیدا لەبەر ئەوە بارودۆخی سەربازی لە سوریا و لە بەشێكیدا لەبەر پشتیوانە سەرەكیەكانی- ئێران و روسیا-كە هیچیان بە ئاشكرا كار بەو ئاڕاستەیەدا ناكەن- كە كۆنفرانسی جنێف ببەسترێت- بە شێوەیەك كە چوارچێوەیەك بۆ گفتوگۆكان دابنرێت كە موعارەزە قبوڵی بكات.
* زۆرێك لە شارەزایانی سەربازی باوەڕیان وایە هێرشی سەربازی لەلایەن رۆژئاواوە بۆ سەر سوریا هاوشێوەی هێرشی رێوی بیابان دەبێت كە لە سەدەی رابردوودا لەلایەن كلینتۆن و بلێرەوە دژی سەددام حوسێن ئەنجامیان دا، واتە هێرشكردنەسەر چەند ئامانجێكی دیاریكراو، بە بۆچوونی ئێوە، ئایا هێرشكردنە سەر ئامانجێكی دیاریكراو نابێتە هۆی ئەوەی رژێمەكەی ئەسەد پتر خەڵكەكەی كۆمەڵكوژ بكات؟
- با بڵێین ئەمریكا هیچی نەكردووە و رۆژئاوا هیچی نەكردووە، شەڕە ناوخۆییەكە بۆ چەند ساڵێكە بەردەوامە و خەڵكانێكی زۆر دەكوژرێن و ئەو كەسانەشی دەكوژرێن- مەدەنی بن یان سەربازی- بەهۆی كارەكانی رژێمی ئەسەد و سوپای سوریاوە، خەڵكێكی زۆر دەكوژرێن ئەگەر گورزێكی سەربازی لێبدرێت، بەڵام ئەگەر گورزی سەربازیشی لێنەدرێت هەر خەڵكێكی زۆر دەكوژرێن. بەداخەوە لە سوریادا بارودۆخێكی زۆر خراپ هەیە، شەڕێكی ناوخۆیی هەیە و ئێش و ئازارێكی مرۆیی بێئەندازە هەیە، لە رووی ژمارەی قوربانیەكان و ئەو كەسانەی لە شوێنەكانی خۆیان هەڵدەكەنرێن، ئەمە واقیعەكەیە. پێموانییە دەستێوەردانی ئەمریكا یان هەر دەستێوەردانێكی دەرەكی، ئیتر ئەمریكا بێت یان ئێران یان روسیا یاخود سعودیە بێت بتوانێت بە خێرایی كۆتایی بەم بارودۆخە بهێنێت. ئەگەر ئەو گورزە سەربازیە لە چەند رۆژی داهاتوودا رووبدات، ئەوا دەبێت ماوەی گورزەكە و ئەو شوێنانە لەبەرچاو بگرین كە دەبنە ئامانجی گورزەكە، چونكە تاوەكو گورزەكە درێژ ببێتەوە و تاوەكو ژمارەی ئامانجەكان زیاتر بن، ئەوا زیاتر لە ئامانجەكە دووردەكەوینەوە-ئامانجی ئەوەی وا لە ئەسەد بكرێت سڵبكاتەوە لە بەكارهێنانی چەكی كیمایی-، ئەوا لە واقیعدا- ئەگەرچی رانەگەیەنرێت- ئەوا تۆ بەرەو ئامانجی دیكە دەچیت، وەك پەكخستنی توانای شەڕكردنی ئەسەد، یان گۆڕینی رژێمەكە، یان ناچاركردنی رژێمەكە بۆ ئەوەی بەشداری لە كۆنفرانسی جنێفدا بكات بەو مەرجانەی ئەمریكا یان موعارەزە تەفزیڵی دەكەن. كەواتە دەوەستێتە سەر ماوە و ژمارەی ئامانجەكانی گورزەكە، ئەگەر كورتخایەن بێت و چەند شوێنێكی كەم بكاتە ئامانج، ئەوا تەنها بۆ ئەوەیە سڵبكاتەوە لە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی.
* جیهان ئەزموونی سەددام حوسێنی بینیوە لە ماوەی 1990بۆ 2003، لە ماوەی ئەو 13 ساڵەدا، عێراق رووبەڕووی چەند هێرشێكی سەربازی لەسەر حسابی خەڵكەكە بۆوە. سوریا بەرەو كارەساتێكی مرۆیی گەورە دەچێت، ئەگەر هێرشەكە ئەنجام بدرێت و رژێمەكە نەگۆڕێت، ئایا پێتوانییە كارەساتە مرۆییەكە دژوارتر دەبێت؟
- بۆی هەیە بارودۆخەكە خراپتر بێت، تێڕوانینە گشتیەكە ئەوەیە ئەگەر گوزرێكی سەربازی سنوردار لەلایەن ئەمریكا و بەریتانیا- و هەر لایەنێكی دیكە- ئەنجام بدرێت، ئەوا بە شێوەیەكی دراماتیكی نابێتەهۆی گۆڕینی بارودۆخەكە، ئەگەر ئەوە راست بێت كە ئامانجەكە بۆ ئەوەیە چەكی كیمیایی بەكارنەیەت. ئەوا شەڕێكی ناوخۆیی بێڕەحمانە بەردەوام دەبێت كە خەڵكێكی زۆر بەدەستیەوە گرفتار دەبن. ئەگەر لە روانگەیەكی مێژووییەوە-20 بۆ 25 ساڵی رابردوو- لە عێراق بڕوانین، ئەوا- ئەمریكا- پتر لەڕووی سەربازیەكە لە عێراق تێوەگلا، من تەنها باسی 2003 ناكەم كە عێراقی داگیركرد-.....كە پێموانییە دۆخەكە دەگاتە ئەو راددەیە لە سوریا-. بەڵام تەنانەت لە نەوەتەكاندا كە ئەمریكا لەگەڵ بەریتانیا و فەڕەنسا ناوچەی دژەفڕینی سەپاند بەسەر عێراقدا، ئەوا لە ئێستادا ئەمریكا ئەو شێوە تێوەگلانە سەربازیەی نییە لە سوریادا. كەواتە جیاوازیەكی دراماتیكی لە نێوان عێراقی نەوەتەكان تاوەكو سەرەتای دوو هەزار لەگەڵ سوریای ئێستادا هەیە -ئەویش لە روانگەی دەستێوەردانی دەرەكیەوە- ئەوەیە ئەمریكا دەستێوەردانێكی سەربازی كەمتری هەیە- لە سوریا-. هەروەها نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت كە دەستێوەردانی روسی و سەربازی هەیە لە سوریادا.
* هەرچەندە روسیا رایگەیاندووە كە هەوڵی راگرتنی هێرشی سەربازی نادات، بەڵام وەزیری دەرەوەی روسیا بە ئاشكرا رایگەیاند كە ناكرێت كەیسی سوریا بە رێگاچارەی سەربازی یەكلابكرێتەوە. ئایا باوەڕتان وانییە ئەگەر ئامانجی هێرشەكە گۆڕینی رژێم بێت، ئەوا روسیاش هەڵوێستی خۆی دەگۆڕێت؟
- ئەوەندەی نموونەی عێراق لەم رووەوە سوودمەند بێت، ئەوا تێڕوانینی ئەمریكا و بەریتانیا گۆڕانكاری بەسەرداهات لە ماوەی نەوەتەكان بۆ ساڵی 2000دا، لە ساڵی 1991دا بەریتانیا بوونێكی سەربازی گەورەی هەبوو، بەڵام رژێمەكە نەگۆڕدرا، ئەگەرچی بژاردەی ئەوەیان لەبەردەمدا بوو بەرەو بەغدا بچن، بەڵام نەچوون، بژاردەی ئەوەیان لەبەردەمدا بوو پتر پشتیوانی راپەڕینی 1991 دژی سەددام بكەن، بەڵام ئەمریكا و بەریتانیا ئەم كارەیان نەكرد. لە كاتێكدا لە ساڵی 2003دا ئامانجەكە بۆ گۆڕینی رژێمەكە گۆڕا. كەواتە ئەوەی ئێوە دەیڵێن بە تەواوەتی راستە كە دەكرێت گۆڕانكاری لە ئامانجەكانی رۆژئاوا ببینین لە سوریادا-ئەگەرچی ئەمە بە مانای ئەوە نایەت كە بە دڵنیاییەوە دەگۆڕێت، چونكە تا راددەیەك ئامانجەكە هەر وەك خۆی ماوەتەوە. بارودۆخەكە نائاساییە، حاڵەتەكە ئەوەیە وڵاتێك ئامانجگەلێكی دەبێت و سیاسەت و تاكتیك دەگرنەبەر بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجانە، بەڵام لێرەدا وا دەردەكەوێت كە تاكتیك ئامانج بەدوای خۆیدا رابكێشێت، لەبەر ئەوەی دوودڵیەكی زۆر هەیە لەلایەن ئیدارەی ئۆباماوە بۆ ئەوەی لە شەڕێكی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تێوەبگلێت، ئەمەش كاریگەری هەبوو لەسەر داڕشتنی ئامانجەكان، یاخود كاریگەری هەبووە لەسەر ئەوەی ئامانجەكان سنورداربن.
* هەمیشە رژێمی سوریا هێرشی كرۆدتەسەر ئیسرائیل وەك كاردانەوەیەك بۆ هێرشەكانی رۆژئاوا، بە دڵنیاییەوە حاڵی حازر رژێمی سوریا لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنانی هاوپەیمانن، كە بە ئاسانی دەتوانێت هێرش بكاتە سەر ئیسرائیل وەك كاردانەوەیەك بۆ هێرشەكانی رۆژئاوا، بەپێی بۆچوونی ئێوە، تا چەند هاوڕان لەسەر ئەوەی ئەم هێرشانە زەمینەسازیەكن بۆ شەڕێكی خوێناوی لە ناوچەكەدا؟
- رێی تێدەچێت سوریا هێرش بكاتە سەر ئیسرائیل، بەڵام پێموانییە ئەمە ئەگەری روودانی هەبێت، هۆكارەكەش ئەوەیە كە كاردانەوەی ئیسرائیل سنوردار نابێت- ئاشكرایە ئەمەش دەوەستێتەسەر ئەوەی ئێمە باس لە چ جۆرە هێرشێك دەكەین، بەڵام ئەگەر سوریا هەوڵێكی گەورە بخاتەگەڕ بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل، وەك كاردانەوەیەك بۆ هێرشی ئەمریكا و رۆژئاوا، ئەوا پێشبینی من ئەوەیە هێزی ئاسمانی ئیسرائیل دەكەوێتە گیانی سوریا. ئاشكرایە ئامانجی كۆتایی رژێمی ئەسەد رزگاربوونیەتی لە شەڕە ناوخۆییەكە و مانەوەیەتی لە دەسەڵاتدا، بەڵام هێرشكردنە سەر ئیسرائیل ئەم ئامانجە دەخاتە مەترسیەوە، لەبەر ئەوەی ئیسرائیل بۆردۆمانێكی سنوردارنەكراو دژی سوریا ئەنجام دەدات. ئیسرائیل بە هەمان شێوەی ئەمریكا دوور نییە، چونكە دووری جوگرافی تەرجەمە دەبێت بۆ جۆرێك لە سیاسەت-. كەواتە ئایا رێی تێدەچێت سوریا هێرش بكاتە سەر ئیسرائیل، بەڵێ، بەڵام باجەكە زۆر گران رادەوەستێت، كە رەنگە وایان لێبكات سڵبكەنەوە، ئەویش لەبەر ئەوەی ببێتەهۆی ئەوەی رژێمەكەی ئەسەد لە سەرتاسەری وڵاتەكەدا كۆنتڕۆڵ لەدەستبدات.
Top