عەدنان حوسێن نووسەر و شرۆڤەوانی سیاسیی بۆ گوڵان:پەنابەرانی كورد له ترسی هێرشی تیرۆریستان و چەكدارانی ئەسەدروویان لە هەرێمی كوردستان كردووە

عەدنان حوسێن نووسەر و شرۆڤەوانی سیاسیی بۆ گوڵان:پەنابەرانی كورد له ترسی هێرشی تیرۆریستان و چەكدارانی ئەسەدروویان لە هەرێمی كوردستان كردووە
عەدنان حوسێن یەكێكە لە نووسەر و شرۆڤەوانە سیاسییەكانی عێراق كە بێجگە لەوەی بەردەوام نووسینەكانی لە رۆژنامەكانی عێراقدا بڵاودەبنەوە، لەهەمانكاتدا یەكێك بووە لە نووسەرە دیارەكانی رۆژنامەی (الحیاة) و بەردەوام قەڵەمێكی بوێر بووە و داكۆكی لە پرسی كورد و گەلانی عێراق كردووە، بۆ قسەكردن لەسەر رەوشی ئێستای سوریا و كۆڕەوی كوردانی سوریا لە ترسی هێرشی تیرۆریستان و چەكدارانی رژێم، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ عەندنان حوسێن ئەنجامداوە و بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.
* بارودۆخی سوریا بە ئاستێكی زۆر ترسناكدا تێدەپەڕێت و قەبارەی توندوتیژی و كردەوەی سەربازی پەرەی سەندووە، ئەمەش بووە هۆی كۆچكردنی هەزاران هاووڵاتی كە پەنایان بۆ كوردستان و ناوچەكانی دیكە بردووە، ئێوە ئەم هەڵكشانەی بارودۆخەكە چۆن دەخوێننەوە؟
- ئەم بارودۆخەی ئێستای سوریا مایەی نیگەرانییەكی زۆرە بۆ وڵاتەكەو بۆ سەرجەم ناوچەكە، دیارە لێرەدا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش كەمتەرخەمە بەرامبەر ئەم رەوشەی سوریا، ئەوان زۆر ئاسانكارییان بۆ رژێمی بەشار ئەسەد دابین كردووە هەر ئەمەش بوو كە زیاتر هانی ئەو رژێمەی داوە هەرچی لەدەستی بێت لە وەڵامدانەوەی خەڵكەكە بە چەك و كوشتن و بۆردومانكردنی ناوچەكانیان درێخی نەكات. دیارە گەلانی ناوچەكە زۆر لەم هەڵسوكەوتەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكات لە مامەڵەی تاوانكاریی رژێمی ئەسەد نیگەرانن، چونكە من پێموایە كە ئەم رەوشە لە چەند مانگێكی داهاتوودا رەنگە زیاتر گرژی و توندوتیژی بەخۆوە ببینێت كە كارەساتی گەورەتر و مەترسیدارتری بەدواوەبێت، بە تایبەتیش كە كار گەیشتە ئەوەی چەكی كیمیایی بەكار بهێنرێت، بۆیە پێویستە لەسەر وڵاتانی زلهێز و نەتەوە یەكگرتووەكان و سەرتاپای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كە دەستەوەسان بەرامبەر ئەو تاوانە نامرۆییانەی رژێمی ئەسەد نەوەستن بەڵكو بێنەدەنگ و ریسوای بكەن، بە پێچەوانەوە ئەم رژێمە دەستی دەچێتە زیاتر خوێن رشتن و دەربەدەركردنی گەلی سوریا بە هەموو نەتەوەو پێكهاتەكانییەوە.
* تۆ پێتوایە بە چ شێوازێك كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستێوەردان لەم بارودۆخەی ئێستای سوریادا بكات؟
- ئەمە تەنیا بەوە دەكرێت كە لەڕێی سەربازییەوە دەستێوەردان بكات وەك ئەوەی كە لە لیبیا ئەنجامی دا، هەروەها گوشار بخاتە سەر هاوپەیمانەكانی رژێمی ئەسەد وەك روسیاو چین و ئێران كە چیدیكە پشتگیری لەم رژێمە خوێناوی و تاوانبارە نەكەن، بۆیە من پێموایە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە دەستێوەردانی سەربازی دوودڵ نەبێت، دەكرێ لەژێر ناوی هەڕەشە بۆسەر ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكە كە كاریگەریی نەرێنی بۆ سەر سەرجەم وڵاتانی دنیا و بەرژەوەندییەكانیان هەیە ئەم هەڵمەتە ئەنجام بدات بە پشتیوانیی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاساییش، ئەگەرنا ئەو رژێمە هەروەكو سەدام حوسێن گاڵتە بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات، كاتێ بە چەكی كیمیایی شاری هەڵەبجەو ناوچەكانی دیكەی عێراقی بۆردمان كرد و هەر بەمەشەوە نەوەستا بەڵكو هەڵمەتی فراوانی ئەنفال و جینۆسایدی بەرامبەر بە كورد ئەنجام دا، وێڕای سەركوتكردنی راپەڕینی بەهاری 1991 لە كوردستان و باشووری عێراق و ئینجا داگیركردنی وڵاتی كوێت و زۆر شتی دیكە.
* ئێستا نزیكەی 160 هەزار پەنابەری كوردی رۆژئاوای كوردستان روویان لە هەرێمی كوردستان كردووەو هیچ پشتگیرییەكی نێودەوڵەتیش تا ئێستا بۆ ئەم پرسە مرۆییە نەكراوە، بەڕای ئێوە لەم قۆناغەدا چی پێویستە؟
- هیچ بوارێك نییە لەبەردەم گەلی كورد و حكومەتی هەرێمی كوردستان و گەلانی عێراق و حكومەتی بەغدا، تەنیا واڵاكردنی دەروازەكان نەبێت و پشتیوانی و هاوكاری كردنی پەنابەران بكەن، چونكە ئەوانە هاووڵاتی سڤیلی بێ گوناهن و لەدەست غەدر و ستەمی چەكدارانی تیرۆریست و هێزەكانی رژێم هەڵاتوون و ئاوارەبوونە، بۆیە ئەگەر هەماهەنگی هەبێت لەنێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا لەڕێی وەزارەتی دەرەوەو كەناڵە فەرمییەكانەوە بۆ راكێشانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامودەزگا خێرخوازەكان تاكو دەستی یارمەتی بۆ ئەو پەنابەرانە رابكێشێت ئەوە شتێكی زۆر باشە هەروەك چۆن بۆ ئاوارەكانی سوریا لەسەر سنووری توركیاو ئوردون و لوبنان كراوەو لەڕێی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە هەموو یارمەتییەكی مرۆییان پێشكەش دەكرێت.
* ئەوە بۆ دوو ساڵ دەچێت رەوشی سوریا رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپی دەچێت، ئایا كاریگەریی ئەمە بۆ سەر رەوشی عێراق بە گشتی چۆن دەبینیت؟
- دیارە زیادبوونی ژمارەی ئاوارەكان و سەرهەڵدانی توندوتیژی و كردەوە تیرۆریستییەكان بە شێوەیەكی فراوانتر ئەمانە هەمووی كارەسات و مەینەتیی زیاتر بۆ گەلانی سوریا دەهێنن، ئەو پەرەسەندنە ترسناكەی رەوشی سوریا كاریگەریی راستەوخۆی بۆ سەر عێراق دەبێت، هەر لەبەر ئەوەیە كە دەبوایە حكومەتی فیدرالی عێراق هەر لەسەرەتای قەیرانەكە هەڵوێستێكی دیارو روونی هەبووایە لەئاست ئەو رەوشە و تا بەم شێوەیە پەرەی نەسەندبایە كە دیارە سەرەتای ململانێی تایفی و دەمارگیریی خەریكە سەرهەڵدەدات و بەمەش پروشكی ئاگری ئەم قەیرانە ئێمەش دەگرێتەوە، هاوكات تێبینی ئەوە دەكرێت كە حكومەتی فیدرال بە شێوەیەك لە شێوەكان پشتگیریی لە رژێمی ئەسەد دەكات و رێگە بۆ گەیشتنی چەك و یارمەتیی سەربازی بۆ ئەم رژێمە خۆش دەكات و ئەمەش وایكردووە كە چەكدارانی قاعیدەو تیرۆریستان دزە بكەنە ناو خاكی سوریاوە و بە پێچەوانەشەوە لە عێراق پەرە بە كاری تیرۆریستی بدەن.
* دیارە هیچ جیاوازییەك لە ئارادانییە لەنێوان ئەوەی كە لە عێراق روودەدات و لە نێوان ئەو كارەساتەی بەسەر سوریادا هاتووە، بە تایبەتیش كە رۆژانە خوێنی دەیان كەس بەبێ تاوان دەڕژێت؟
- هەروەكو ئاماژەم پێ كرد، هەڵەكە لە حكومەتی بەغداوەیە، ئەگەر لەسەرەتاوە لایەنگیریی گەلی سوریای دژی رژێمی ئەسەد بكردایە، بارودۆخەكە بەم شێوەیە نەدەبوو، گەلی سوریا لە هەشتاكان و نەوەدەكان هەڵوێستی ئیجابیان هەبووە بەرامبەر گەلانی عێراق، كە بەغداش بەهەمان شێوە دەبوو ئەو چاكەیەی لەبەرچاو بووایە، بەڵام بۆ هەموو لایەك روون بووەوە كە بە پێچەوانەوە بە هەر جۆرێك بێت هەڵوێستەكەی حكومەتی بەغدا زیاتر بەلای رژێمی بەشار ئەسەدەوە بوو.
Top