سەعد هەجرس رۆژنامەنووس و پسپۆری ئابووری بۆ گوڵان:میلی كاتژمێر ناگەڕێتەوە دواوە و ئیخوان سوورن لەسەر خۆكوشتنی سیاسی
August 28, 2013
دیمانەی تایبەت
سەعد هەجرسی پسپۆری ئابووری و نووسەری سیاسی و بەڕێوەبەری نووسینی رۆژنامەی (العالم الیوم)ـە لە میسر، ئەو وای دەبینێت كە واقعێكی سیاسی نوێ ئێستا لە میسر هاتۆتە ئاراوە دوای لەناوچوونی حوكمی ئیخوان و، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ گوڵان وتی: گرەو لەسەر لەدایكبوونی بژاردەیەكی نوێی میسری لە هەموو رەوتە سیاسی و فیكرییەكان دەكرێت كە ئەركی چاكسازی بارودۆخەكەی لە ئەستۆدایە، دوای كۆتایی هاتنی دەسەڵاتی بژاردەی پێشوو لە رێگای گفتوگۆی نێوان هەموو هێزە نیشتمانییەكان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی هاوبەش كە هەموو لایەك ناچار دەكرێن بۆ گفتوگۆ نەك لەبەر خۆشەویستی خەڵك بۆ گفتوگۆ، بەڵام لەبەر ئەوەی بارودۆخی ئابووری خراپی میسر هەموو لایەك ناچار دەكات، سەرەڕای كاركردنی هەموو لایەك بۆ تەواوكردنی بونیادنانی دەوڵەتی مۆدێرنی هاوچەرخ كە ئێستا هەیە و میسر پێویستی پێیەتی، داوا لە ئیخوان دەكەم رەخنە لە خۆیان بگرن بۆ هەڵە ستراتیژیەكان لەجیاتی خۆ بەستنەوە بە سیاسەتی رووبەڕوو بوونەوە و سوور بوون لەسەر گەڕانەوەی سەرۆكی لەكار لادراو موحەمەد مورسی.دیمانە: ئەسما ئەلحوسەینی ــ قاهیره
* ئێستا میسر بە چ ئاراستەیەك هەنگاو دەنێت، ئایا چارەنووسی ئیخوان چی دەبێت؟
- ئێستا واقعێكی سیاسی نوێ دروست بووە، لە گرنگترین نیشانەكانی لادانی موحەمەد مورسییە لە سەرۆكایەتی دەوڵەت و داماڵینی ئیخوان موسلمین لە حوكم كە تەنیا یەك ساڵ و سێ رۆژ لە دەستیان بوو، لە جیاتی ئەوەی ئیخوان ئەم بارودۆخە لەبەر چاو بگرن و دان بە هەڵە ستراتیژییەكانی خۆیان بنێن، ئەم سەركردایەتی كە دووربین نییە و خەیاڵ فراوان نییە، دەستی كردووە بە سیاسەتی رووبەڕووبوونەوەی مەیدانی بە كۆبوونەوە لە گۆڕەپانی رابیعە عەدەویە و دەوروبەری پەیكەری رابوونی میسر و دەستپێكردنی خۆنیشاندانی شەوانە، و هەوڵدان بۆ قۆستنەوەی ئەم زیانە مرۆییانەی كە لە ئەنجامی ئەم خۆنیشاندانانە دەكەوێتەوە بۆ ئەوەی خۆیان وەك قوربانی وێنا بكەن و هاوسۆزی ناوخۆیی و دەرەوە بەدەست بهێنن و گرنگی زیاتریش بە دەرەوە بدەن، و هاوتەریب لەگەڵ ئەم نەهجە مەیدانییە هەوڵی خستنەڕووی دەستپێشخەری دەدەن كە لە ناوەڕۆكدا جیاوازن، بەڵام لە چەند لایەنی سیاسییەوە هاوبەشن، گرنگترینیان بازدان لەسەر راستییە نوێیەكان كە شۆڕشی نوێ هێنایە ئاراوە، تەنانەت سڕینەوەیان بۆ نموونە هەوڵی گەڕاندنەوەی مورسی ئەگەر بێدەسەڵات و بۆ چەند دەقیقەیەكیش بێت بۆ ئەوەی دەسەڵاتەكانی رادەستی سەرۆك وەزیران بكات بە تەوافوق.
* چ سوودێك دەبینن ئەگەر ئەم كارە بكەن؟
- بیانوی ئەم دەستپێشخەریە ناپاكانە كە ئەمە بە تاكە رێگەی گەیشتن بەوە دەزانن كە خۆیان بە (شەرعیەت) ناوی دەبەن، واتە دەیانەوێ (شەرعیەت)ی سەرۆكی لەكار لادراو و جەماعەتەكەی، ئەو شەرعیەتەی كە بە هێرشكردنی مورسی بۆ سەر دەستوور و دادگا تووشی داخوران هات بەتایبەتی گوناهی جاڕدانی نادەستووری كە دەیگۆڕی لە سەرۆكێكی هەڵبژێردراوەوە بۆ خواوەندێك كە هەڵە نەكات، پێموایە خاوەنی ئەم دەستپێشخەریانە دەیانەوێ شەرعیەت بە سەرۆكێك بدەن كە خۆی دوا بزماری لە تابوتی شەرعیەتی خۆی دا، دواتر گەردەلوولی بێ وێنەی ملیۆنان میسری هات و ئەم شەرعیەتەی رووخاند.
* بۆچی ئیخوان تا ئێستا تانە لە شەرعیەتی شۆڕشی 30 یۆنیۆ دەدەن؟
- كاتێك بەم شێوەیە باس لە شەرعیەت دەكەن دەیانەوێ بیرۆكەیەكی چەواشەكاری تێپەڕێنن كە ئەمەی روویدا كودەتایەكی سەربازی بوو، ئەمەش ئیهانەی ملیۆنەها میسرییە كە ئەم شەپۆڵە شۆڕشگێڕییه نوێیەیان دروستكردووە و بارودۆخی سیاسی ئێستا ساختە دەكەن و هەوڵ دەدەن میلی كاتژمێر بۆ دواوە بگەڕێننەوە لە هەردوو ئاراستەی مەیدانی و سیاسی، ئیخوان و هاوپەیمانان هەوڵ دەدەن شۆڕش لەناوبەرن و ئەو دەسەڵاتە بگەڕێننەوە كە لە دەستیان داوە و بەرژەوەندی خۆیان لەسەرووی بەرژەوەندی نیشتمان داناوه و ئەوەی سەیرە كە تەكتیكەكانی ئەوان سەركەوتووەكان بەكاری دەهێنن لەكاتێكدا ئەوان دۆڕاون.
* بەڵام ئایا ئەوە مانای ئەوەیە كە سیاسەت شوێنی نەماوە بۆ مامەڵە كردن لەگەڵ ئەم ململانێیە؟
- رەنگە ئێستا رووبەڕووبوونەوەی ئەمنی و بەرپەرچدانەوەی توندوتیژی و تیرۆر و بەلتەجیەكان و پوچەڵكردنەوەی هەوڵەكان بێهێزكردنی دەوڵەت بە توندوتیژی كوێرانە لە سینا و سەرتاسەری میسر، بەڵام لە كۆتاییدا دەبێ پەنا بۆ چارەسەری سیاسی و دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆی نیشتمانی نێوان هەموو لایەنەكان بەرین بەبێ پەراوێز خستن یان ریشەكێش كردنی هیچ لایەنێك.
* بۆچی ئەم هەموو شڵەژان و ناڕوونیە دەربارەی بارودۆخی سەرۆكی لادراو موحەممەد مورسی؟
- ئێستا پێویستمان بە یەكلایی كردنەوەی زۆر لە فایلەكان هەیە كە ناكرێ دوابخرێن وەك مەلەفی سەرۆكی لادراو موحەممەد مورسی، چونكە لە شوێنێكی نادیار دەستبەسەرە و بڕیارێك نەدراوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵی، بەڵكو تا ئێستا دوودڵییەك هەیە، نازانین ئایا لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێ و تۆمەتی ئاراستە دەكرێ یان نا؟ بەڵام تەنانەت كەسێكی ئاسایی دەزانێت كە ئەو تۆمەتانەی بوونەتە هۆكاری دەستگیركردنی حوسنی موبارەك و لێكۆڵینەوە كردن لەگەڵی هەموویان لە مورسیشدا كۆبوونەتەوە، هەروەها كێشەی بەندیخانەی دۆڵی نەترون پەردەی لەسەر زۆر تاوان هەڵدایەوە وەك سیخوڕی كردن بۆ بێگانە تا دەگاتە كێشەی هەڵهاتنی زیندانیان و تێیدا پەنجەی تاوان بۆ مورسی درێژكراوە، واتە تۆمەتی دیاریكراوی ئاراستە كراوە لە ماوەی حوكمڕانیی و پێش ئەوەی جڵەوی حوكم بگرێتە دەست، كەچی لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا ناكرێ و تا ئێستاش هۆكاری ئەم دوودڵییە ناڕوونە و لە ئەنجامدا ئیخوانی لە هەڵوێستی بەرگرییەوە گواستەوە هەڵوێستی هێرش بردن و ئەگەر مورسی بۆ چەند كەیسێك داوا كراو نەبێت بۆی هەیە بچێتەوە ماڵی خۆی، بەڵام ئەگەر لەبەر هۆكارێك دەستبەسەر بێت ئەوا پێویستە رابگەیەنرێت و شوێنی دەستگیر كردنیشی دیاری بكرێت و رێگا بە پارێزەر و خێزانەكەی بدرێت سەردان و پەیوەندی پێوە بكەن.
* چۆن دەڕوانیتە پاشەڕۆژی ئاشتەوایی نیشتمانی كە مایەی ناكۆكییە لە میسر؟
- ئەگەر پێداویستی سیاسی رێگا بەم رێكەوتنانە بدات ئایا مەرجەكانی چین؟ و گرنگتر لەوەش گفتوگۆ لەگەڵ كێ دەكرێ؟ ئایا لەگەڵ نووسینگەی ئیرشاد كە حاكمی فیعلی میسر بوو لە ساڵی رابردوو و بەرپرسی ئەو كارەساتانە بوو كە لەم ساڵە كەبیسەدا بەسەر میسردا هاتوون بە ئێستاشەوە وەك فیتنە نانەوە و هاندان بۆ دابەشكردنی سوپا و هاندانی تیرۆریستان لە سینا بۆ هێرش كردنە سەر سوپا و پۆلیس بۆ گەڕاندنەوەی مورسی، یان ئەم رێكەوتنە لەگەڵ چەند لایەنێكی دیكە لە چەپی توندڕۆ و ئایا ئەمانە كێن؟ و لەسەر چ بنەمایەك دەربارەی پێوەندی نێوان دین و سیاسەت.
* بە ڕای تۆ بۆچی ئیخوان سەركەوتوو نەبوون لە مانەوەیان لە دەسەڵات؟
- ئیخوان توانیان بێنە سەر دەسەڵات و نەیانتوانی بیپارێزن لە ساڵێك زیاتر، توانیان متمانە و دەنگی زۆرێك لە میسرییەكان بەدەست بهێنن، بەڵام نەیانتوانی كەمترین بەڵێنەكانیان لە هەڵبژاردنەكان بهێننەدی، بۆیە ناڕەزایی هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگا بەشێوەیەكی بێ وێنە بەرز بۆوە تاكو هەڵمەتی (یاخی بوون) سەركەوت و ئیمزای زیاتر لە 22 ملیۆن هاووڵاتی بە دەستهێنا كە داوای سەندنەوەی متمانەیان لە مورسی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دەكرد، لە جیاتی ئەوەی سەرۆكایەتی ئیخوان خوێندنەوەیەكی باشی پاڵنەڕەكانی شۆڕشی 30ی یۆنیۆ و (یاخی بوون)ی بكەن و هۆكارەكانی ئەم گەردەلوولە شۆڕشگێڕییە شی بكەنەوە، بەردەوام بوون لەوەی سەریان خستبووە لمەوە و بەردەوام بوون لە سیاسەتی ئینكار كردن بە راددەیەك كە سەركردە گەورەكانیان بەردەوام لە سەكۆی رابیعە عەدەویە دەیانگوت شۆڕشی 30 یۆنیۆ تەنیا شۆڕشی (فۆتۆشۆپ) بوو، واتە ئەوەی ئە رۆژە روویدا و جیهانی سەرسام كرد تەنیا فێڵ كردن بوو لە چاوی ملیاران كەس كە سەیری روودواوە ئەفسوناوییەكەیان دەكرد له گۆڕەپان و شەقامەكان یان لە رێگای شاشەی سەتەلایته جیهانیەكان و هەموو دەزگاكانی راگەیاندن، پێموایە ئەم قسە پڕوپوچانە ئینكار كردنی واقعێكی هەست پێكراو بوو، كە لە ئەسڵدا مشتومڕ قبوڵ ناكات، بەڵكو لە بنەڕەتدا ئیهانە كردنێكی نوێی گەلی میسر بوو بە گشتی و بە خودی ئەندامانی ئیخوان موسلمینیشەوە، بە هەزاران لە ئەندامانی ئیخوان مافی خۆیان بوو كە ئەندامانی نووسینگەی ئیرشاد داوای لێبوردن لەو هەڵانە بكەن كە لە ماوەی تاكە ساڵێكی حكومڕانییان ئەنجامیاندا، بەڵام ئەوان لەم سەركردایەتییە فاشیل و نەزۆكە تەنیا بەردەوام بوون لە خۆدزینەوە و درۆ و بیانوو هێنانەوە، تەنانەت رۆڵەكانی ئیخوانیشیان بە كوشت داو رووبەڕووبوونەوە بەردەوام لەگەڵ دەوڵەت و كۆمەڵگە لەپێناو وەهمی نوێ، سەرەڕای ئەوەی كە داواكانیان ئەستەمە.
* گرنگترین ئەو هەڵانە چین كە ئیخوان ئەنجامیان دا؟
- هەوڵیاندا زۆر لە هێزە سیاسی و لیبرالی و چەپەكان و تەنانەت هەندێك لە هێزە ئیسلامییە سیاسییەكان لە ناوبەرن وەك حزبی نوری سەلەفی و دەوڵەتیان وا لێكرد كە رووبەڕووی ئەگەری هەڵوەشانەوە بێت و دەسەڵاتی دەوڵەت لە سینا نەمابوو، هێرشیان كردە سەر شێخەكانی ئەزهەر و كاتدرائیەی مەرقسی و داداگای دەستووریان گەمارۆدا دوای ئەوەی بە فشاری ئەمریكی دەستیان بەسەر ئەنجوومەنی سەربازیدا گرت، هەروەها هەوڵیاندا فەرهەنگی میسر بخەنە ژێردەستی خۆیان بۆ بەدیهێنانی پڕۆژەی خەلافەتی ئیسلامی.
لە راستیدا ئیخوان بڕوایان بە موئەسەسات نییە و دوای ئەوەی كە دەسەڵاتیان گرتە دەست كەوتنە ململانێ لەگەڵ هەموو موئەسەسەكانی دەوڵەت، سەرەتا بە موئەسەسەی سەربازی دەستیان پێكرد و بە موئەسەسەی دادوەری كۆتایی هات.
* ئایا هەموو ئیخوانەكان هەمان بیروبۆچوون ئەقڵیەتیان هەیە؟
- لەنێو راسترەوە ئایینیەكاندا كەسایەتی ئاقڵی وەك د.محەمەد حەبیبمان بینیووە، كە هەتا ئەم دواییەش كەسی دووەم بووە لەریزبەندی سەركردەكانی ئیخوان و جێگری مورشیدی گشتی ئیخوان بووە، ئەو داوای دەكرد ئەندامانی مەكتەبی ئیرشاد دەست لەكاربكێشنەوە و داوای لێبوردن بكەن و داوای لەدەوڵەت دەكرد لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكەن لەسەر ئەو تاوانانەی دژی نەتەوە و نیشتمان ئەنجامیانداوە.
* ئەی سەبارەت بە بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندانەكانی گۆڕەپانی رابیعەی عەدەوی چی دەڵێیت؟
- بەردەوام بوونی پەناگیریی كۆمەڵێك كاریگەری نەرێنی دروستكرد و بووە هۆی پێكهەڵپژانی لایەنە پێكناكۆكەكان، بۆیە ئەمە پێویستی بەوە دەكرد كە ئەو خۆپیشاندانانە بە هێزێكی پرۆفیشیناڵ كۆتایی پێبهێنرێت و گیانی میسرییەكانیش بپارێزرێت، مافی خۆپیشاندانیش بۆ لایەنگرانی سەرۆكی لەكارلابراو پێویستە لەچوارچێوەیەكدا بێت كە نابێت زیان بە ئاسایشی نیشتمانی بگەیەنێت و بەرژەوەندی خەڵكی پەكبخات، لێرەدا بەكارهێنانی هێز بۆ كۆتایی هێنان بەوجۆرە خۆپیشاندانانە، خۆپیشاندانی هێمن و ئاشتیخواز ناگرێتەوە، لەبەر ئەوەی كە كار گەیشتە توندوتیژیی ئەمریكاش ناچار بوو بە هێز خۆپیشاندانەكانی وۆل ستریت كۆتایی پێ بێنێ، بۆیە چەند باج بدەین بۆ كۆتایی هێنان بەو جۆرە خۆپیشاندانانە نابێت بگەڕێینەوە بۆ دواوە، لەبەر ئەوەی مورسی جارێكی دیكە نابێتەوە بەسەرۆك لەبەر ئەوەی لەلایەن گەل و سوپا و راگەیاندن و دەسەڵاتی دادوەرییەوە رەتكراوەتەوە.
* ئەی چۆن سەیری دەستگیركردنی مورشیدی گشتی ئیخوان و ژمارەیەكی زۆر لەسەركردەكانی ئیخوان دەكەیت؟
- دەستگیركردنی ئەو سەركردانەی ئیخوان كە هانی ئەو توندوتیژیانەیان داوە كە لە چەند هەفتەی رابردوو میسر بەخۆیەوە بینی، هەواڵێكی دڵخۆشكەر بووە لای میسرییەكان.
* سەبارەت بە حكومەتی كاتی ئێستای میسر، ئایا چۆن سەیری كارەكانی ئەم حكومەتە دەكەیت؟
- من پێموایە نابێت حكومەت تەنیا سەرقاڵی تیرۆریستەكان بێت، بەڵكو دەبێت شان بەشانی ئەو ئەركە هەوڵی باشتركردنی باری ئابووری بدات، هەروەها ئێستا گرنگە دەوڵەت هەڵمەتێكی هۆشیاری دەست پێبكات بۆ ئەوەی بەسەر نەزانی و دیاردەی كۆنەپارێزی زاڵ بێت و هەروەها دەبێت هەنگاوەكانی خێراتر بكات بۆ ئەوەی ئاراستەی ژیانی ئابووری و كۆمەڵایەتی راست بكاتەوە و هاووڵاتیانی میسر هەست بەوە بكەن كە لەدوای حكومی ئیخوانەوە ژیان بەرەو باشتر دەچێت.
* ئایا چۆن سەیری ئاییندەی میسر دەكەیت لەكاتێكدا میسر رووبەڕووی تەحەددی گەلێك بۆتەوە؟
- من ئومێدم بە لەدایكبوونی دەستەبژێرێكی تازەی میسر هەیە لەهەموو ئاراستە فیكری و سیاسییەكان بۆ ئەوەی ئەركی چارەسەری بارۆدۆخەكە بگرنە ئەستۆ، پاش ئەوەی رۆڵی دەستەبژێری كۆن كۆتایی هات، بۆیە لێرەوە گرنگی دیالۆگ لەنێوان هەموو هێزە نیشتمانیەكان دەست پێدەكات، بەرژەوەندی هاوبەش لەنێوانیاندا دروست دەبێت.
* ئایا ئەم دیالۆگە لە ئێستادا دەكرێت؟
- پێموایە لە كاتێك لەكاتەكاندا هەموو لایەك ناچار دەبن دیالۆگ بكەن، ئەمەش نەك لەبەر خۆشەویستی بۆ دیالۆگ، بەڵكو لەبەر باری ئابووری خراپ و كەمی یەدەگی نەختی و بەرزبوونەوەی نرخ و زیادبوونی قەرزەكان، ئەمە وادەكات هەموو ناچاربن دیالۆگ بكەن، هەروەها لەبەر ئەوەی پێویستیە هەموو كار بكەن بۆ تەواوكردنی بونیادی دەوڵەتێكی مەدەنی هاوچەرخ لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون و سەروەریی یاسا بۆ هەموو لایەك.
* ئایا تاچەند شكستی ئیخوان لەمیسر كاریگەری لەسەر تەواوی وڵاتانی دیكەی عەرەبی دەبێت؟
- بەڵی پێموایە كە كەوتنی ئیخوان لەمیسر، دەرهاویشتەی گەورەی لەسەر تەیاری راستڕەوی ئایینی لە وڵاتانی بەهاری عەرەبی دەبێت، هەروەها كاردانەوە دەبینین لەسەر پرۆژەی ئیخوانی كە ئامانجی ئەوەبوو بنەمای دەوڵەتی نیشتمانی تێكبشكێنێت، لە میسریش من لەو بڕوایەدام كە دەبێت لاوەكانی ئیخوان لەخۆبگرین بۆ ئەوەی سوود لەتواناكانیان وەربگرین بۆ بەرژەوەندی نیشتمان.