هۆشیار زێباری وه زیری ده ره وه ی عێراق بۆ گوڵان:وای ده‌بینم هه‌تا به‌هاری 2014بارودۆخی عیراق گۆڕانكاریئه‌وتۆی به‌سه‌ردا نه‌یه‌ت..

هۆشیار زێباری وه زیری ده ره وه ی عێراق بۆ گوڵان:وای ده‌بینم هه‌تا به‌هاری 2014بارودۆخی عیراق گۆڕانكاریئه‌وتۆی به‌سه‌ردا نه‌یه‌ت..
قسه‌و باسی ئێستا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ چۆن بارودۆخی عێراق سه‌قامگیر ده‌بێت و چۆن پێكهاته‌ سیاسییه‌كان پرۆسه‌ی سیاسی عێراق راست ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵكو قسه‌و باس له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ چۆن پێكهاته‌ جیاوازه‌كان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، ئیداره‌ی ئه‌م بارودۆخه‌ ده‌ده‌ن تا به‌هاری 2014 و هه‌ڵبژاردنێكی نوی له‌ عێراق ئه‌نجام دەد‌رێت، سیاسه‌تمه‌داران و چاودێران وای بۆ ده‌چن كه‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی عیراق گۆڕانكارییه‌ك له‌ هاوكێشه‌ی هێز دروست ده‌كات و ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌ت دروست ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕانكاری بێته‌ ئاراوه‌و ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ش ده‌بنه‌ ده‌روازه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیعی عیراق ده‌یبینن، ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵكشانێكی سه‌رسوڕهێنه‌ری كاره‌ تیرۆریستیه‌كانه‌ كه‌ شاره‌كانی عیراقی(بێجگه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان)ی گرتۆته‌وه‌، ئه‌م بارودۆخه‌ مه‌ترسی ئه‌وه‌ی لێده‌كرێت كه‌ جڵه‌وی عیراق له‌ده‌ست بچێت، به‌ڵام هه‌موو به‌رپرسانی حكومه‌تی فیدراڵی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ هێشتا بارودۆخه‌كه‌ قابیلی چاره‌سه‌ركردنه‌و ده‌كرێت پرۆسه‌ی سیاسی رێكبخرێته‌وه‌، بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ڕه‌وشی ئێستای عیراق، گوڵان به‌ پێویستی زانی سه‌ردانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراقی فیدراڵ بكات و له‌ نزیكه‌وه‌ ئه‌م پرسه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز هۆشیار زێباری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراق تاوتوێ بكات، به‌ سوپاسه‌وه‌ به‌ڕێزیان پێشوازی له‌ گوڵان كرد به‌مجۆره‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی داینه‌وه‌.
گوڵان: ئەو بارودۆخەی ئێستا كە عیراق پێیدا تێدەپەڕێت، لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا خراپی و ناهەمواری وەك ئەمەی ئێستای بەخۆیەوە نەدیوە، وەك ئامارەكانیش بەدیاریان خستووە، مانگی تەمووز خوێناویترین مانگ بووە لە عیراقدا، ئەمەش ئاماژەیە بەوەی كە عیراق لە ڕووی سەقامگیربوونەوە بەرەو بارودۆخێكی ئێگجار ناهێور دەچێت، ئایا بەڕێزتان وەك وەزیری دەرەوەی عیراق چۆن لەو بارودۆخە دەڕوانیت؟
هۆشیار زێباری: ئەو ڕووداوانەی لە مانگی تەمووز ڕوویاندا گەڕانەوەو پاشەكشێیەكی سەرتاپاگیر نەبوو، دەتوانم بڵێم بە تایبەتی لە دۆسێی ئاسایش پاشەكشێ ڕوویداوە، ئەوەش گوزارشت بووە بۆ ئەوەی كە لە دامودەزگاكانی ئاسایشی حكومەتی عیراقیدا كەموكورتییەكی زۆرهەیە، ئێمە چەندین جار داوامان كردووە ئەوانەی كەمتەرخەم یان بەرپرسیاربوون، لێپرسینەوەیان دەرهەق ئەنجام بدرێت، ئیتر لە هەر پۆست و هەركەسانێك بن، چونكە مەعقوڵ نییە ڕۆژانە 40تا50 هاووڵاتی سڤیلی بێگوناه لەسەر شەقامەكان و لە مانگێكی پیرۆزی وەك مانگی ڕەمەزاندا دەكوژران، ئەم گرفتە لەسەر هەموو ئاستەكان باسی لێ كراوە، چ لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیران یان لەسەر ئاستی سەركردایەتییە سیاسییەكان، منیش لەم ماوەیەدا سەردانێكم هەبوو، هەمان بابەتم لەگەڵ یەكێتیی ئەوروپی و ناتۆو ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش باس كردوون، ئەگەرچی بۆهەموولایەكمان روون كردۆته‌وه‌ كە عیراق جارێكی تر مەترسی لەسەر نییە تووشی شەڕی ناوخۆیی یان شەڕی تایەفەگیری ببێتەوە، بەڕاستیش هێشتا عیراق نەگەیشتۆتە ئەو قۆناغە یەكجار مەترسیدارانە، بەڵام پاشەكشەی دۆخی ئاسایش لەم وڵاتەدا جێی لەسەروەستانەو پێویستە نەك هه‌ر تەنیا بە قسەو ڕاگەیاندراو، بەڵكو بە كردەوە چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە..
گوڵان: به‌ڕێزت یه‌ك دوو مانگ پێش ئیستاش كاتێك خاتوو كریستیان ئەمانپووری ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی CNN هەمان پرسیاری سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری هه‌ڵایسانی شه‌ڕی ناوخۆی عیراق لە بەڕێزتان كردەوە، دیسان بەڕێزتان جەختتان كردەوە لەسەر ئەوەی هێشتا عیراق نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی پێی بووترێت شەڕی ناوخۆ تێیدا ڕوو دەدات، به‌ڵام هێنده‌ی پێنه‌چوو لە لایەن تیرۆریستانەوە بەندیخانەی ئەبوغرێب شكێنراو بە سەدان تیرۆریست لێی هەڵهاتن، ئایا ئەگەر ئێستا هەمان ئەو پرسیارەی (سی ئێن ئێن) ت ئاڕاستە بكەینەوە تا چەند گۆڕانكاری بەسەر وەڵامەكەتدا دێت؟
هۆشیار زێباری: هەمان وەڵامم هەیە بۆ ئەو پرسیارەی كریستیان ئامانپوور ئاڕاستەی كردم، وەك لە وەڵامی پرسیاری پێشووشدا جەختم لەسەركردەوە كە ئێمە لەو بڕوایەدا نین عیراق جارێكی تر بكه‌وێته‌وه‌ ناو شه‌ڕی ناوخۆیی، هێشتا ماویەتی چونكە دروست بوونی ئەو شەڕانە زۆر پاشخان و دیاردەی هەیە، هەلومەرج هەن بۆ دروست بوونی شەڕی ناوخۆ كە ئەو هەلومەرجانە ئێستا بوونیان نییە، ڕاستە كوشتارو كردەوە تیرۆریستیەكان لە هەڵكشاندایە، بەڵام ئەوەی لەم دواییەدا لە زیندانەكانی تاجی و ئەبوغرێب ڕوویدا شكستێكی گەورە بوو، بۆ شكاندنی هەیبەتی حكومەت و بۆ دامودەزگا ئەمنیەكان شكست بوو، چونكە هەرچی شرۆڤەكاریی و هەنجەت بێنینه‌وه‌، ناگەنە ئەو ئاستەی ڕووداوێكی وا، كە پێویست بوو چارەسەر بكرانایە، ڕاستە ئەم دۆخەی كە لە نائاسایشی و ناسەقامگیری ئێستا هەیە، بەشێكی لە ئەستۆی پرۆسەكانی ناكۆكی سیاسیدا مۆڵ دەخوات..
بە تایبەتی ئێستا لە نێوان هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەو لیستی ئه‌لعیراقیەی سوننە، كە لەو نێوانەدا ڕێكخراوی قاعیدە بە خراپ سوودی لێ دیوەتەوەو قۆستویەتییەوە، هۆكارەكەی ئەمەیە كە دووبەرەكی دروست بووە ، سەبارەت بە چارەسەریش یەكەمین شت پێویستە بە چارەسەرێكی سیاسی ئەم دووبەرەكییە یەكلایی بخرێتەوە، پێشتر ئەو پارێزگایانەی وەك ئەنبارو نەینەواو دیالاو سەڵاحەدین بۆ ماوه‌یه‌ك بە پشتگیری هێزەكانی ئەمریكاو حكومەتی عیراقی، رێكخراویی تیرۆریزمی قاعیدەیان لە ناوچەكەكانی خۆیان وەدەرناو هێزەكانی سەحوەیان پێكهێنا، ئەو كات قۆناغێكی یەكلاكەرەوە بوو بۆ قۆناغەكانی شەڕ لە دژی تیرۆریستان، ئێستا ئەم خەڵكانە هەمان ئەو حەماسەتەی جارانیان نەماوە كە ڕێگە بە ڕێكخراوی قاعیدەو تۆڕە تیرۆریستیەكان و ئەندامانی كۆنە بەعسی نەدەن، بەڵكو چاویان لێ دەپۆشن، هاوكات ئەم شەڕو پێكدادانانەی لە ناو سووریاش هەیە كاریگەریی هەبووە بۆ دۆخی ناوخۆیی عیراق، ئەویش لەبەر هۆكاری جیۆگرافی و كۆمەڵایەتی و سیاسی و زۆرهۆكاری تریش ئەو پاشخانانە هەن، بۆیە دیسان دووپاتی دەكەمەوە عیراق نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی دوچاری شەڕی ئەهلی یان تایەفەگەری ببێتەوە، ڕاستە كارو كردەوەی تیرۆریستی و ڕێژەی كوشتار زیاد بوون، بەڵام قابیلی چارەسەركردنە، خاڵێكی تریش هەیە هەموو خەڵكی عیراق و گشت هێزە سیاسییەكان لەو بڕوایەدا نیین كێشەكانی عیراق بە تایبەتی كێشە سیاسییەكانی بگەنە چارەسەرێكی گونجاو، هەموو لایەك قەیرانەكە بەڕێدەخەن تا هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2014ی دادێت، لەبەرئەوە لە ئێستاوە تا بەهاری ساڵی 2014 من شەخسی خۆیشم لەو بڕوایەدا نیم كە لە بارودۆخی عیراقدا گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی ببێت، تەنیا مەسەلەكە ئەوەیە ئەم 7ـ 8 مانگەی كە ماوەتەوە چۆن لێی دەرباز دەبین..
گوڵان: عیراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت كۆمەڵێك تایبەتمەندیی گرنگی هەیە، هەر یەكەیان بۆ خۆی هێزێكی داوەتە ئەم وڵاتە، بە نموونە گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتە، هەروەها وڵاتێكی كشتوكاڵی و گەشتیاریشە، لە هەمووشی گرنگتر وڵاتێكە خاوەنی دەستوورێكی دیموكراتییە، كە بە ڕێژەیەكی بەرزی دەنگی گەلانی عیراق دەستوورەكەی دانراوە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆچی ئەم هەموو سەرچاوە هێزانەی لە عیراقدا بوونیان هەیە، ئەمانە نەبوونەتە بنەوا بۆ وەگەڕكەوتنی هێزێكی ئه‌وتۆ تا بە هۆیەوە سەقامگیری لە عیراقدا دروست بكەن؟
هۆشیار زێباری: هۆكاری بنەڕەتی ناسەقامگیری لە عیراق نەبوونی حوكمڕانی باشە، بە تەنیا حكومەت بەرپرسیاری لەسەر شان نییە بۆ خستنەئەستۆی ئەم حوكمڕانی باشە، بەڵكو خەڵكان و لایەنانێكی تریش بەرپرسیارن لە پیادەكردنی حوكمڕانيیەكی باش، واتا عێراق قەیرانی نەبوونی حوكمێكی پاك و بێگەردی هەیە ئەگینا هەموو شتێكی تر لە عیراقدا بوونی هەیە، به‌ڵام ته‌نها حكومڕانيی باش بوونی نییه‌، هه‌ربۆنموونه‌ عیراق، نەوت و سەرچاوەی مرۆیی و سروشتی باش و پشتگیری هەموو وڵاتانی دنیاشی هەیە، پێوەندییەكانی عیراق لەگەڵ زۆربەی زۆری دراوسێیەكانیدا چاك بۆتەوە، لە بەندی حەوتەمیش دەرچووە، تا دەرفەت وەربگرێت ڕۆڵێكی سروشتی ببینێت لە جیهاندا، ئەمانە هەمووی لە بەرژەوەندی عیراقێكی دیموكراتی فیدراڵی یەكگرتووە، بەڵام نەبوونی كارگێڕایەتی و بەڕێوەبردنی دەوڵەت واتا نەبوونی حوكمڕانیی باش، هه‌موو باردۆخه‌كه‌ی ئاڵۆز كردووه‌ و نه‌توانراوه‌ وه‌ك پێویست سوود له‌م سه‌رچاوه‌ی هێزانه‌ وه‌ربگیرێت؟
گوڵان: زۆربەی چاودێران پێیان وایە بارودۆخی عیراق بە هەر لایەك بڕوات كاریگەریی سلبی و ئیجابی لەسەر سیاسەتی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی دەبێت، بۆ نموونە ئەگەرعیراق ببێتە دەوڵەتێكی دیموكراتیی سەقامگیر ئەوە هەم لەسەر ئاستی سیاسەتی هەرێمایەتی هۆكارێك دەبێت بۆ سەقامگیری هەرێمایەتی ناوچەكە، هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش هۆكارێك دەبێت بۆ هاوسەنگبوونی وزەی نێودەوڵەتی، پێچەوانەشی هەر ڕاستە ئەگەر عیراق ناسەقامگیر بێت ئەم حاڵەتەی لەسەر ناسەقامگیربوونی ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی ڕەنگ دەداتەوە، پرسیاری سەرەكیی ئێمە لێرەدا ئەوەیە ئایا بۆچی پێكهاتە سیاسییەكانی عیراق هەموو پێكەوەنابن بۆ ڕاستكردنەوەی هاوكێشەی سیاسی عیراق؟
هۆشیار زێباری: لەبەرچەند هۆیەك، له‌وانه‌ هۆكاری هەرە سەرەكی ئەوەیە ئێمە دەستوورێكمان ئیقراركردووە، گەل دەنگی لەسەرداوە بۆ ئه‌وه‌ی ئەم دەستوورە ژیانی نێو كۆمەڵگەو دەوڵەت ڕێكبخات، بەڵام تاكو ئێستا ئەم دەستوورە وەك كتێبێكی كراوە بەجێماوە، واتا كۆتایی پێنەهاتووەو تەفسیرات و ڕاڤەی جودا جودا هەیە بۆ ئەم دەستوورەو هەر كەسێك بە هەوای باڵی خۆی ڕاڤەی بۆ دەدۆزێتەوە، تا ئەم دەستوورە وەك كتێبێك لای هه‌موو لایه‌ك ئیقرار نەكرێت ئەم كێشانە هەر دەمێننەوە، دووەم گۆڕانكارییەكی گەورە لە بارودۆخی عیراق ڕوویداوە، هەندێك هێزی كۆن دەسەڵاتیان نەماوەو كۆمەڵێك هێزی نوێ بە ئیرادەی جەماوەری و لە ڕێی سندوقی هەڵبژاردنەوە هاتوونەتە سەر كار كە تا ئێستا ئەم وەرچەرخانە لە لای خەڵكانێك ئیستیعاب نەكراوە، لە لایەكی ترەوە دەستێوەردانی بێگانە هەیە لە كاروباری ناوخۆی عیراقدا، دواتر پێویستە سەركردە سیاسییەكانی عیراق گەورەتر بن لە بەرژەوەنديی حزبی و تایەفەگەری و ناوچەیی و تەنانەت نەتەوەیی، پێویستە بە چاوێكی گەورەتر تەماشای ئەم بارودۆخە بكەن و هەموو لایەك پێویستە سازش بۆ لایەكەی تر بكات تا دەكەنە چارەسەرێكی مامناوەند، تا لەم ناڕەحەتی و ناسەقامگیرییە عیراق ڕزگاری بێت.
گوڵان: بەڕێزتان وەك وەزیری دەرەوەی عیراق ڕۆڵێكی باڵاتان لە دامەزراندنی دیبلۆماتیەتی تازەی عیراق گێڕاوە، تا چەند هەوڵتان داوە سوود لە هاریكارییە نێودەوڵەتییەكان وەربگرن تا دەروازەیەك بدۆزنەوە تا پێكهاتە عیراقیەكان بە میكانیزمێك لەسەر پرەنسیپی پێكەوەژیان ڕێكبكەون؟
هۆشیار زێباری: وەكو پرەنسیپ سیاسەتی دەرەوەی هەر وڵاتێك وەك ڕەنگدانەوەیەكی سیاسەتی ناوخۆی وڵاتە، ئەگەر یەكگرتووی ناو ئەندامانی گەل بەهێز بێت، عەدالەتی كۆمەڵایەتی بەهێز بێت و ئابووری باشت هەبێت، سیاسەتی دەرەوەش كاریگەر دەبێت به‌ بارودۆخی ناوخۆیی، بەڵام جاری واهەیە، سیاسەتی دەرەوە هاندەر ده‌بێت بۆ ڕاكێشانی هاریكاری دەرەكی بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان، ئێمە لەم دە ساڵانەی ڕابردوودا چەند سەركەوتنێكی گەورەمان هەبوو، یەكەمیان ئەوە بوو كاتێك شه‌ڕی ناوخۆ لە ساڵانی 2005 و 2006 هەڵگیرسا ئەو كاتە دوو كۆنگرەی ئاشتبوونەوەی نیشتمانیمان لە قاهیرە بەست، كاتێك شەڕی سوننەو شیعە لەوپەڕیدا بوو، بڕوانامەی مەككەمان بە سەركردەكانی سوننەو شیعە لە مەككە واژۆكرد، وەختێكیش ئیشمان بە چالاكیی نەتەوە یەكگرتووەكان هەبوو، توانیمان هاوكاری ئه‌وان دابین بكه‌ین و ئێستاش گەورەترین نێردەری نەتەوە یەكگرتووەكان لێرە ئیش دەكەن و ئەوكاتیش ویلایەتی ئەوانمان بۆ ساڵێكی تر درێژ كردەوە، بەرپرسێكی نوێ دەستنیشان كرا بۆ بەڕێوەچوونی پێوەندییەكان و كارەكان، ئەمانە هەمووی بۆ ئەوە بوو یارمەتیمان بدەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆ بەڵام بە بێ ئەوەی ببنە خاوەن كێشەكە یان دەستوەردان بكەن، یان ببنە خاوەنداری ئێمە، تەنیا ڕۆڵیان ڕۆڵێكی ڕاوێژكاری و ئاسانكار بێت نەك ڕۆڵێكی بڕیاردارانە بێت..
گوڵان: گلەیی سەرەكیی پێكهاتە سەرەكییەكانی عیراق لە ناو حكومەتی عیراقدا لەسەر شێوازی ئەو حكومەتەیە، بۆ نموونە حكومەتی عیراق داوا لە سەرجەم پێكهاتەكان دەكات كە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و تیرۆر كارێكی هاوبەشەو پێویستە سەرجەم پێكهاتەكان هەر هەمووان شەریك بن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو شەڕەداو لە بەرانبەریشدا پێویسته‌ لە پرۆسەی سیاسی حكومەتی عیراق هه‌موو لایه‌ك شه‌ریك بن، به‌ڵام ئه‌م شه‌راكه‌ته‌ وه‌ك پێویست نییه‌،ئایا دەكرێت لە شەڕدا شەریك و قوربانیدەر بن و لە حوكمڕانیشدا پەراوێز بخرێن؟
هۆشیار زێباری: نەخێر، دەبێت لە حوكمڕانی و هەروەها لە وەستانەوە لە بەرانبەری تیرۆر شەریك بن، دەبێت لە هەردوو حاڵەتدا هێزە بنەڕەتییەكانی عیراق بەشداربن.
گوڵان: لەم بارودۆخەدا خەریكە پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا جۆرە كرانەوەیەكی تێدەكەوێت، بەڕێزتان لە نزیكەوە ئاگاداری كێشەكانن، دەكرێت لەسەر میكانیزمەكان و هەنگاوەكان و چۆنیەتی چارەسەریی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێرو بەغدا ڕوونكردنەوەی زیاترمان بدەیتێ؟
هۆشیار زێباری: ئەم كرانه‌وه‌یه‌ بڕیارێكی سەركردایەتی هاوپەیمانی كوردستانی بوو، لە ئاكامی دانوستاندن و چەندین كۆبوونەوە گەیشتینە ئەو چارەسەرییە كە هەوڵ بدەین كێشەكانمان بە دانوستاندن له‌گه‌ڵ به‌غدا چارەسەر بكەین، ئەوەبوو تەرتیبات كرا بۆ سەردانی جەنابی كاك نێچیرڤان بارزانی تا سەردانی بەغدا بكات لەگەڵ شاندێكی باڵادا، ئەوە خاڵی وەرچەرخان بوو بۆ گۆڕینی كەشوهەوای پێوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا، ئەو سەردانە یاریدەر بوو كە تەرتیبات بكرێت بۆ سەردانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ هەولێرو چاوپێكەوتنی لەگەڵ جەنابی سەرۆك بارزانی و حكومەتی هەرێم ئەوە دەروازەیەكی گەورەی كردەوە بۆ چارەسەری كێشەكان هەروەها ڕێككەوتن بوو بۆ دامەزراندنی چەندین لیژنەی هونەریی و پراكتیكی تا بە دوای كێشەكاندا بچن، ئەوە بوو پاش سەردانی جەنابی سەرۆك بارزانی پێش مانگی ڕەمەزان بۆ بەغداو دیتنی هەموو سەركردە سیاسییەكان و دانوستاندن لەگەڵ مالیكی و حكومەتی عیراقیدا ئەم پرۆسەیە بەهێزتر كرا، میللەتی عیراق بەگشتی ئەم سەردانەی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان پێ ئیجابی بوو، ئەمە هەمووی بۆ گەڕانەوەی متمانەبەیەكتر كردنەوە بوو، بۆ ئه‌وه‌ی چارەسەركردنی كێشەكان ئاسان بن، تا ئێستاش پێوەندی بەردەوام هەیە، ئەو لیژنانە بە بەردەوامی كاری خۆیان دەكەن، چەند ڕۆژێك لە هەولێر لەسەر بابەتە سەربازییەكان كۆبووبوونەوە، كێشەكانی تری ئابووری و مەسەلەی نەوت و ماددەی 140 و ئەوانی تریش هەموویان بە نیەتێكی پاك بەڕێوەدەچن، بەڵام پێویستە خێراتر بكرێت و تا لە هەردوولاوە هەندێك ئەنجامی دەستنیشان كراو بەرچاو بخرێن، لەو بڕوایەدام ئێستا پێوەندییەكان ئاساین و بەرەو باشتریش دەڕۆن؟
گوڵان: لە ماوەی ڕابردوو ئامادەكارییەكانی كۆنگرەی نەتەوەیی بە سەرپەرشتی جەنابی سەرۆك بارزانی لە هەولێر بەڕێوەچوو بڕیاریش وایە لە چەند ڕۆژی دادێت یەكەمین كۆنگرەی نەتەوەیی كورد بەڕێوەبچێت ئامانج لەم كۆنگرەیە چۆنییەتی چارەسەری كێشەی كوردە لە ناوچەكەدا بە شێوەیەكی ئاشتیانە لەم ڕووەوە توركیا تێگەیشتنی هەیەو كێشەی لە بەستنی كۆنگرەیەكی واتادا نییە، ئایا دەكرێت لە بەڕێزتان بپرسین هەڵوێستی فەرمیتان لەسەر كۆنگرەی نەتەوەیی چییە
هۆشیار زێباری: ئێمە لە عیراقێكی خاوەن دەستوورو پلۆرالیزمییەوە قسه‌ ده‌كه‌ین، بە بۆچوونی من سەركەوتنی كۆنگرە لەوەدا دەبێت كە پەیامەكەی ئاشتی و پێكەوەژیان بێت بە تەنیا، چ بۆ نەتەوەكانی ترو چ بۆ وڵاتانی دەوروبەر كە چیتر بە شەڕو توندوتیژی و شەڕی گەرێلایی و موقاوەمەت چارەسەر نابن، كێشەی كورد لە هەر وڵاتێك دەبێت چارەسەر بێت بە پێی ئارەزووی ئەو میللەتی كوردەی كە لەو وڵاتەدا خۆی چی دەوێت، لە چوارچێوەی ڕژێمێكی دیموكراسی هەر وڵاتێكدا چارەسەر دەدۆزرێتەوە، ئەمە بە شێوەیەكی گشتی بەڕاستی لەوانەیە ئەم كۆنگرەیە وەرچەرخێت بۆ هەندێك میكانیزمی جێبەجێكردن و دامودەزگاو تاد، لەو بڕوایەشدام كە پێویستە پەیامی ئەم كۆنگرەیە پەیامێكی برایانە بێت بۆ پێكەوەژیان تا گەلی كورد بەم كۆنگرەیەش بیسەلمێنێت كە گەلێكە هەمیشە لە مێژوودا هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوە بووە مافەكانی بە ڕێگەیەكی ئاشتیخوازانە بەدەست بێنێت و بەو شێوەیەش كێشەكانی چارەسەر بكات..
Top