د.سامی موبیز تۆژەری سیاسی لە ئامۆژگای كارینجی بۆ گوڵان:هەڵوێستی سەرۆك بارزانی بەرامبەر كوردەكانی سوریا پیشاندانی پشتگیری كورد بوو بۆ كورد

د.سامی موبیز تۆژەری سیاسی لە ئامۆژگای كارینجی بۆ گوڵان:هەڵوێستی سەرۆك بارزانی بەرامبەر كوردەكانی سوریا پیشاندانی پشتگیری كورد بوو بۆ كورد
د.سامی موبیز تۆژەری میوانە لە ئامۆژگای بەناوبانگی كارینجی بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و توێژینەوەكانی تایبەتن لەسەر بارودۆخی سوریا و لوبنان و عێراق و كێشەی ئیسرائیل و عەرەب، هەروەها تۆژەریشە لە زانكۆی ساینت ئەندرۆز لە سكۆتلەندا، د.موبیز خۆی هاووڵاتی سوریا و سەرنووسەری یەكەمین گۆڤاری سوریایە بە زمانی ئینگلیزی كە ئەویش (فورورد مەگەزینە)، هەروەها بەرپرسی نووسینگەی رۆژنامەی دەیلی ستاری لوبنان بووە لە دیمەشق، بۆ قسەكردن لەسەر رەوشی ئێستای سوریا ئەم وتووێژەمان لەگەڵ د.سامی موبیز ئەنجامداوە و بەڕێز بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
پەیامەكەی بارزانی مانای ئەوەبوو ئەو دەستەوەسان راناوەستێت كاتێك دەبینێت كورد لەسوریا سەردەبڕدرێت


* كێشەی سوریا لەگەڵ ئەوەی بۆتە كێشەیەكی نێودەوڵەوتی و ئێستا بارودۆخەكە بەرەو ئەو ئاڕاستەیە دەچێت كە سوپاكەی ئەسەد ئەو ناوچانە كۆنترۆڵ بكاتەوە كە پێشتر لە دەستی دابوو، لەهەمانكاتدا بارودۆخەكە تادێ خوێناوی تر دەبێت. ئایا لەم بارودۆخەدا كە خەریكە كارەساتێكی مرۆیی گەورەی لێدەكەوێتەوە، چۆن واقیعی سوریا دەخوێنرێتەوە؟
- پێموایە ژمارەی كوژراەوەكانی سوریا زۆر لەوە زیاترن كە نەتەوە یەكگرتووەكان باسی دەكات، من دڵنیام كە زیاتر لە 200هەزار لە هەردوو لایەنی رژێم و ئۆپۆزسیۆن كوژراون، هەردوولا هەوڵدەدەن ئەم ژمارەیە كەمتر پیشان بدەن، لەبەر ئەوەی ئەگەر ژمارەی راستەقینەی كوژاروەكان دەربكەون، ئەوا ورەی شەڕكەرانی هەردوولا دەڕووخێت، هەر بۆ نموونە لە حوزەیرانی 2012 باسی ئەو كوژراوانەوەی نەكرد كە لە سوپاكەی كوژران، كە لانی كەم لەو كاتە رۆژانە 30 سەرباز دەكوژران، ئەمە بێجگە لەوەی ئێمە ئاگامان لەناوی زۆربەی ئەو كەسانە نییە كە دەست بەسەر دەكرێن یان ون دەبن یان دەكوژرێن، بۆیە بارودۆخی ئێستای سوریا گەورەترین كارەساتە رووبەڕووی گەلی سوریا دەبێت، كوژرانی بەكۆمەڵ بوونی هەیە، برسێتی لە سەردەمی شەڕی جیهانی یەكەم زیاترە، بۆیە بەڕاستی كارەساتێكی مرۆیی لە سوریا روودەدات.
* لەبەرامبەر ئەم بارودۆخە ئاڵۆزە، ئۆپۆزسیۆنی سوریا بێجگە لەوەی نەیانتوانیوە خۆیان رێكبخەن، لەهەمانكاتدا بەهۆی تێكەڵاوبوونی رێكخراوی ئەلقاعیدە لەناو سوریا، جیهان ترسی هەیە كە بەتەواوەتی پشتگیری موعاڕەزەی سوریا بكات، ئایا بوونی سوریا بە پەناگەی رێكخراوی ئەلقاعیدە، تا چەند ئاییندەی سوریا و ناوچەكە تاریك دەكات؟
- دوو ساڵ بەر لە ئێستا رژێمی سوریا یەكەمین لایەن بوو كە دەیوت رێكخراوی ئەلقاعیدە لە سوریا كار دەكەن، لەو كاتەدا من لەو بڕوایەدا نەبووم، بەڵام چالاكوانانی مەدەنی و ئۆپۆزسیۆن دەیانگوت ئەمە پیلانە، ئەوان بانگێشەی ئەوەیان دەكرد هیچ بوارێك بۆ رێكخراوی ئەلقاعیدە لەسوریا بوونی نییە، بەڵام ئەم قسانە بۆ سوریای 2013 راست نین، ئێستا ئاشكرابووە كە رێكخراوی ئەلقاعیدە سوریای كردۆتە گۆڕەپانی شەڕ بۆخۆی، بۆیە ئەمەش راستیەكی قورسە كە رژێمی ئەسەد و ئۆپۆزسیۆن و خاوەنی بەرژەوەندییەكان لەسوریا دانی پێدابنێن، لەمەش زیاتر رێكخراوی ئەلقاعیدە خۆی بە ئاشكرا بەرێگەی ئەیمەن زەواهیری رایگەیاندووە كە ئێستا ئەوان لەسوریا بوونیان هەیە و ئەوەی نوێنەرایەتی ئەلقاعیدەش دەكات ئەبو محەمەدی بەغدادییە، سەرۆكی لقی ئەلقاعیدەیە لە عێراقدا، ئەمەش بە بۆچوونی من كارێكی سروشتیە لەبەر ئەوەی كاتێك ئەم كێشەیە درێژەی كێشا، ئەوا ژینگەی سوریا بۆتە شوێنێكی سەرنجڕاكێش بۆ هەموو توندڕۆكان، لەم بارودۆخەدا دوای بێدەنگبوونی چەكەكان دەتوانرێت جیهادییەكانی سوریا تێكەڵی كۆمەڵگە بكرێنەوە، بەڵام كێشەی سەرەكی ئەو تیرۆریستانەن كە لەدەرەوە هاتوونە ناو سوریا، من نازانم ژمارەی ئەو خەڵكانە چەندن، خەڵكانێك دەڵێن بە ژمارە زۆر نین، بەڵام ئەو تیرۆریستانەن كە زۆر باش مەشقدراون لەناو گرووپە چەكدارەكاندا، بەڵام بە تەنها گەیشتن بە چارەسەرێك ئەوجا چارەسەری جنێف 2 بێت یان چارەسەرێكی دیكە، ئەوانە لەسوریا جێگەیان نابێتەوە، لەبەر ئەوەی سوریا هەموو كات شوێنی میانڕۆیی و پێكەوەژیان بووە، ئەم نەریتەش لەسوریا رەگێكی مێژوویی هەیە، بۆیە ئەوەی ئێستا لە سوریا روودەدات، حاڵەتێكی كاتیەو بەردەوامی نابێت.
* لەم بارودۆخەدا كە كوردی سوریا ناوچەیەكی ئازاد كردووە، ئێستا لەلایەن رێكخراوی جەبهەی ئەلنوسرەوە هێرش دەكرێتە سەر كوردەكان، بەپێی هەواڵەكان رێكخراوی جەبهەی ئەلنوسرە، ئێستا كۆمەڵكوژی كورد دەكات و ژن و منداڵ دەكوژێت. پرسیاری سەرەكی لێرەدا ئەوەیە بۆچی لەم قۆناخە لەبری ئەوەی سوود لە هێزی كورد وەربگیرێت، هەوڵدەدرێت كورد جینۆساید بكرێت؟
- شەڕەكانی ئەم دواییەی نێوان جەبهەی ئەلنوسرە و كوردەكانی سوریا زۆر بە كوتوپڕی سەرنجی هەموو جیهانی بۆلای خۆی راكێشا، بێگومان ئەم شەڕانەش تازە نین لەهەندێك كاتدا دووبارە دەبنەوە، هۆكاری ئەمەش ئەوەیە كە توندڕۆكانی ناو ئۆپۆزسیۆنی سوریا زۆر توڕەن لەكورد، لەبەر ئەوەی كوردەكان لە دەسپێكی راپەڕینەكانی ساڵی 2011ـەوە زۆر میانڕەو بوون، ئەو توندڕۆیانە مەزندەی ئەوەیان دەكرد گەورەترین و سەخترین شەڕی رژێم لەگەڵ كوردەكان دەبێت لەبەر ئەوەی كورد رقێكی لەمێژینەی بەرامبەر بەعسی سوریا هەیە، بەڵام كورد لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن بەتەواوەتی هاریكاری نەكرد، نەیانویست ببنە بەشێك لەهیچ گرووپێك كە توركیا پشتگیری لێ بكات، بۆیە دەبوو لەمێژووی ئەم بۆچوونە تێبگەن، لەبەر ئەوەی كورد مافەكانی خۆی لەبەر چاو بوو وەك ئۆتۆنۆمی، زمان، خوێندن، كەلتور، لای ئەوان ئەم مافانە گرنگتربوون نەك بەشداریكردن لە پرۆسەیەكدا كە هیچی بۆ ئەوان دیار نییە، بۆیە كوردەكان توانیان لە پارێزگاكانی باكووری رۆژهەڵات هەرێمێك بۆ خۆیان دابین بكەن، ئیسلامیەكان ئەم واقیعەیان پێ خۆش نەبوو، لەبەر ئەوەی ئەم هەرێمە لەباكووری رۆژهەڵاتی سوریا وایدەكرد لە باكوور رووبەڕووی سوپای سوریای ئازاد ببنەوە، سەرەنجامیش لەسەر ئاستی رەهەندی دوورمەودا سوپای ئازاد شەڕەكەی دەبردەوە، بۆیە ئیسلامیەكان هەستیان كرد كە لەلایەن كوردەوە پەراوێز خراون، لەهەمانكاتدا كوردەكانیش بەوجۆرە سەیری ئیسلامیەكانیان دەكرد، ئەو راپەڕینەی كە لە مارتی 2011 لە سوریا دەستی پێكردووە، ئیسلامیەكان پرانسیپەكانیان ونكردووە و تێكیانداوە، سەرەنجامیش ئەو كارەی ئیسلامیەكان دەبێتە هۆكاری مانەوەی زیاتری رژێمەكەی ئەسەد، سەرەنجامیش كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دوای ئەوەی تەیارە ئیسلامیەكان بە بەهێزی لەناو ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەركەوتن، چاویان بە كۆمەكەكانیاندا كێشایەوە.
* بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە ئێستا سەرقاڵی گرێدانی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردە لە هەولێر، سەبارەت بە كۆمەڵكوژی كورد لە سوریا داوای لە كۆنگرەی نەتەوەیی كردووە شاندێك بنێرین بۆ سوریا بۆ ئەوەی لەنزیكەوە ئاماری ئەو كۆمەڵكوژییە بزانن كە رێكخراوی ئەلقاعیدە دژ بە كوردی سوریای كردووە، ئەگەر لە ئاكامی لێكۆڵینەوە دەركەوت كورد كۆمەڵكوژ كراوە، ئایا تاچەند كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیری لە كورد دەكات بۆ ئەوەی ئەو كۆمەڵكوژییە رابگرێت؟
- سەرۆك بارزانی زۆر بە بەهێزی و بە بایەخەوە دوای چەند رۆژێكی كەم لەسەر ئەم پرسە هاتە وەڵام و رایگەیاند ئەو دەستە وەستان راناوەستێت لە كاتێكدا ببینێت لە سوریا كورد سەردەبڕن، بۆیە ئامادەباشی خۆی پیشاندا هەرچی لەدەستی بێت بۆ ئەو مەبەستە دەیخاتە گەڕ، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەم پەیامەی بارزانی خاڵی وەرچەرخانە، بەسادەیی كورد لایەنی كورد دەگرێت و هەنگاو بۆ پراكتیك هەڵدەگرێت و شان دەداتە بەر هەموو مەترسیەك بۆ پاراستنی برا كوردەكانی، ئەمەش تەنها رێگە بووە بەدرێژای مێژوو، بۆ كورد ئەمە فرسەتی تەمەنە، بۆیە ئەگەر ئەم فرسەتە نەقۆزنەوە ئەوا جارێكی دیكە ئەم فرسەتەیان بۆ هەڵناكەوێتەوە. بەڵام هەوڵدان بۆ دەستێوەردان یان هەنگاوێكی لەو جۆرەی بارزانی بۆ پارێزگاریكردن لەكوردی سوریا، ئەوا پێویستی بە رەزامەندی سورییەكان و توركەكان و عێراقیەكان هەیە، هەروەها گومانی تێدانییە پێویستی بە رەزامەندی ئەمریكاش هەیە، بۆ ئەوەی رێگە بدەن كێ دەستێوەردان دەكات؟ لەسەر چ بنەمایەكی یاسایی، لەڕووی یاساییەوە ئەوا ئەمە پێیدەگوترێت شەڕكردن، هەتا ئێستا ئەوەی پەیوەندی بە كوردستانی سوریاوە هەیە، ئەوەیە بەپێی نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمكاری عەرەبی بەشێكە لە كۆماری سوریا.
* پاراستنی ئەو ناوچانەی ئێستا كورد لە سوریا بەڕێوەی دەبات، بۆ ئاییندەی سوریا گرنگە، ئایا تاچەند گرنگە پرۆسەیەكی هاوشێوەی پرۆسەی پرۆڤاید كۆمفۆرتە كە لە ساڵانی 1990 بۆ كوردەكانی عێراق دروستكرا، بۆ كوردەكانی سوریاش لە ئێستا دروست بكرێت؟
- زۆر باشە، بەڵام لە رێگەی ساڵح موسلیمی هاوسەرۆكی پەیەدەوە، پشتگیری لەلایەن ئێران و توركیا بۆ بۆچوونی كوردەكانی سوریا پیشاندراوە، هەتا ئێستاش رژێمی سوریا بێدەنگە، نە پشتگیری نە رێگری پیشان نەداوە بۆ دامەزراندنی هەرێمی رۆژئاوای كوردستان كە پایتەختەكەی قامیشل بێت، بەڵام من وای دەبینم توركیا هەرگیز رێگە بەوە نادات لە هیچ كاتێكدا، ئەوەی سەبارەت بە فیدرالی و دیموكراتی سوریا لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە مایەی گاڵتەجارییە، لەبەر ئەوەی ئەم مەسەلەیە دەبێتە هۆكاری زیاتری هەستی كوردەكانی توركیا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وتووێژەكانی نێوان پەیەدە و توركیا زۆر گرنگە، ئەویش لەبەر دوو هۆ: یەكەمیان وتووێژەكان ئاشكران، دووەمیش لەبەر ئەوەی داوەتی رەسمیە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی توركیاوە، ئەمە لەكاتێكدا پێشتر ئەم جۆرە وتووێژانە بەرێگەی نهێنی و لە كەناڵەكانی هەواڵگری و ئاسایشەوە بەڕێوەدەچوو، هەروەها ئەگەر حكومەتی توركیا بە وتووێژ لەگەڵ پەكەكە بگەنە رێككەوتن ئەمە واتە جارێكی دیكە مێژوو دروست دەكاتەوە، ئەوجا تاچەند لەسەر ئەم پرسە جددی دەبێت، ئەوەیان مسەلەیەكی دیكەیە.
* ئەوەی بەڕێزت ئاماژەت پێكرد بارێكی واقیعیە، بەڵام ئێستا باس بە گۆڕینی سنور دەكرێت، یان بەشێوەیەكی دیكە باس لەوە دەكرێت پێكهاتەكانی سوریا ناتوانن پێكەوە بژین، ئایا تۆ چۆن ئەم لایەنە دەخوێنیتەوە؟
- پێشتر داواكاری كوردەكانی سوریا وەرگرتنی پەساپۆرت و مافی كەلتوری و زمان بوو، نەك مافی خۆبەڕێوەبردن، بەڵام ئێستا بیروبۆچوونی ئەو خەڵكە پێشكەوتووە، هەروەها پرۆژە و بیركردنەوەكانیش گۆڕانكاریان بەسەردا هاتووە بەتایبەتی دوای ئەوەی دەوڵەتی سوریا لەبەشی باكوری رۆژهەڵات لەبەریەك هەڵوەشا، ئەو سنورانە تەمەنیان لە 100 ساڵ كەمترە، لەمێژووی مرۆڤایەتیشدا 100 پشتی پێنابەسترێت، بۆیە ئەو سنورانە دەستكردن و لەلایەن فەرەنسی و بەریتانیەكانەوە بەسەر هەموو لایەكدا كورد و عەرەب فەرز كراون، بەڵام عەرەبە قەومیەكانی سوریا نایانەوێت ئەو سنورانە گۆڕانكارییان بەسەردا بێت و دەیانەوێت سوریا بەیەكپارچەیی بمێنێتەوە، من دڵنیانیم لەوەی لە ماوەیەكی كورتدا ئەو سنورانە گۆڕانكاریان بەسەردا بێت، هەتا ئێستا خوێنێكی زۆر رژاوە، ئێستا بارودۆخەكە بەوجۆرەیە كە جارێكی دیكە تائیفەی عەلەوییەكان تەرتوس لەگەڵ ئیسلامیەكانی ئەدلەب پێكەوە بژین، كریستیانەكانی حەلەب ناتوانن لەگەڵ ئوسولیەكانی جسر الشغور پێكەوە بژین، كوردی حەسەكە ناتوانیت لەگەڵ ئیسلامیەكانی جەبەلزاویە پێكەوە بژین، بۆیە كورد ئەم بارودۆخەی بەكارهێنا و بەو ئاراستەیە هەنگاو هەڵدەگرێت كە لەگەڵ بەرژوەندییەكانی خۆی دەگونجێت
* تۆ ئاماژەت بەوەكرد كە مەرج نییە ئەو سنورانە لە ئاییندەیەكی نزیكدا گۆڕانكاری بەسەردا بێت، بەڵام ئەگەر گریمانەی ئەوە بكەین رژێمی ئەسەد پێشتر بڕووخێت، ئایا تاچەند ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئامادە دەبێت پابەند بێت بە مافی پێكهاتەكانەوە؟
- ئۆپۆزسیۆنی سوریا لەسەر كاغەز پابەندە بەو بەڵێنانە، بەڵام ئەوە زۆر زەحمەتە بزانین ئەو دوولایەنە(رژێمی ئەسەد و ئۆپۆزسیۆن) كامیان سەركەتوو دەبێت، بەپێی ئەم شەڕە سەربازییەی ئێستا و ئەو پشتگیریەی رۆژئاوا دەیكات رژێمی ئەسەد بەوجۆرە ناڕووخێت، ئێستا دوای هەموو شتێك رژێمی ئەسەد توانیوویەتی %45ی وڵاتەكە لەبەشی باشوور كۆنترۆڵ بكاتەوە كە %60 دانیشتوانی سوریا لەخۆی دەگرێت، شاری حەمس دووبارە لەلایەن رژێمی سوریاوە كۆنترۆڵكراوەتەوە، دیمەشق و تەرتوس و لازقیە هەتا ئێستاش بەهێزترین پێگەی رژێمی ئەسەدن، بەهەمان شێوە دەوروبەری دیمەشق كە كەس باسی ناكات، ئێستا شەڕ بەردەوامە لەو ناوچانە و رژێمی ئەسەد فرسەتی بۆ هەڵكەوتووە ئەو ناوچانەش بگرێتەوە، لایەنی ئێرانی بە باری ئێستا دڵخۆشن، لەبەر ئەوەی ئەمە مانای ئەوەیە رێگەی خێرای نێوان دیمەشق و بیروت سەلامەتە، هەروەها رووسەكانیش پێیان خۆشە كە رژێم زیندوبۆتەوە و بنكە سەربازییەكانی لە دیمەشق و تەرتوس سەلامەتن، هەروەها ئیسرائیلیش هەرگیز بوار نادات كە ئیسلامیەكان لەسەر سنوری نێوان ئیسرائیل و سوریا بونیان هەبێت، بۆیە ئیسرائیل دەڵێت ئەگەر دەوڵەتێك بەهێز بێت چەكی كیمیایی هەبێت ئاساییە، بەڵام ئەگەر لاواز بێت جێگەی مەترسیە، بۆیە بەلای ئیسرائیلەوە قەت رێگە بەوە نادات ئیسلامیەكان بگەنە دەسەڵات و ببنە خاوەن چەكی كیمیایی، بۆ روسیا و ئیرانیەكانیش لایان گرنگە كێ لە دەرعا و ئەدلەب حكومڕانی دەكات، ئەمریكیەكان چەندین جار ئەوەیان دووبارەكردۆتەوە بەوەی ئەوان دەیانەوێت ئەسەد لەدەسەڵات نەمێنێت، بەڵام هیچ نەخشەیەكیان بۆ لابردنی ئەسەد نییە، بۆ پشتگیری روسەكان بۆ مانەوەی ئەسەد لە هەوڵدانی ئەمریكا بۆ دوورخستنەوەی جددی ترە، زۆر لە ئۆپۆزسیۆن پێی وابوو كە رژێمی ئەسەد لەماوەیەكی كورتدا دەڕووخێت، بەڵام دەركەوت كە هیچ رژێمێك بە 18 رۆژ ناڕووخێت و رووخانی حوسنی موبارەك حاڵەتێكی تایبەتی بوو، بۆیە بیركردنەوە لەسوریا لە روانگەی میسرەوە بێجگە لەوەهمێك شتێكی دیكە نییە، بارودۆخی لیبیاش بەهەمان شێوە بوو پێیان وابوو دەڕووخێت، بەڵام هەتا ناتۆ دەستێوەردانی نەكرد، نەڕووخا.
Top