دكتۆر عامر حەسەن فەیاز بۆ ( گوڵان):بۆ ئەوەی بارودۆخی سوریا كاریگەری لەسەر عیراق نەبێت، گرنگە هەموو لایەك بەكردەیی هەنگاو بۆ فیدرالی و دیموكراتی هەڵبگرن

دكتۆر عامر حەسەن فەیاز بۆ ( گوڵان):بۆ ئەوەی بارودۆخی سوریا كاریگەری لەسەر عیراق نەبێت،  گرنگە هەموو لایەك بەكردەیی هەنگاو بۆ فیدرالی و دیموكراتی هەڵبگرن
پرۆفیسۆر د. عامر حەسەن فەیاز سەرۆكی بەشی سیاسەتە لەزانكۆی بەغدا و یەكێكە لە چاودێرە دیارەكانی عیراق، سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای سوریا و كاریگەریی ئەم بارودۆخە لەسەر ناوچەكە و عیراق لە لێدوانێكی تایبەتدا بەمجۆرە رای خۆی بۆ (گوڵان) دەربڕی:
((سەبارەت بەرووخانی رژێمی ئەسەد، لەگەڵ ئەوەی هیچ شتێك لە سیاسەتدا ئەستەم نییە، بەڵام رژێمەكەی ئەسەد ئەمڕۆ رژێمەكەی دوێنێ نییە، چونكە ئەو شمولیەتە رەهایەی كە رژێمی سوریا گرتوویەتیەبەر كە چەندین ساڵیشە بەردەوامە نەیدەزانی كە دەرئەنجامی خراپتری لێ دەكەوێتەوە ئەویش سەرهەڵدانی شموولیەتێكی دیكەی بەرامبەر كە لەو زۆر خراپترە كە بریتییە لە شمولیەتی رەوتی ئیسلامی توندڕەو، كە ئەمەیان پرۆژەی دژ بە ئەمریكا و ئیسرائیل نییە لە ناوچەكە، چونكە بەرژەوندیی ئیسلامی توندڕۆ لەژێر پەردەی بەئیخوانكردنی دەوڵەت هەروەها لە عیراقیش لە ژێر پەردەی بە پێكهاتەكردنی دەوڵەت واتا دەوڵەتی پێكهاتەیی، ئەمانە شموولییەكانیان بە شێوەیەكە كە زۆر مەترسیدارترو كاریگەرترن لە شمولیەتی دەوڵەتانی عەلمانی. لەم چوارچێوەیەدا من پێموایە ململانێی ئێستای سووریا ناوخۆیی نییە، بەڵكو بۆتە ململانێیەكی نێودەوڵەتی، من ئەمە لە دوو بەرەدا دەبینم، یەكێكیان بریتییە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو ئیسلامیی توندڕۆكان، ئەوانە لایەنێكی ئەو پرۆژەن كە مەبەستیان ئەوەیە ناوچەكە بكەن بە میرنشین و دەوڵەتۆكە كە بە پێی بەرژەوەندیی خۆیان و دوور لە زیانی ئەوان بكەوێتەوە، لەهەمانكاتدا تەكفیرییەكان، بەرەی دووەم ئەوانەی كە بەرگری لەرژێمی ئەسەد دەكەن بریتین لە ئێران و حزبوڵلای لوبنانی، بەڵام عیراق بە شێوەیەك لە شێوەكان ناچێتە ژێرباری هیچ كام لەو بەرانەوە، لەم دواییەدا ئەو مەسەلەیە رەهەندی دیكەی گرتەوە كە سەرنجی كوردی لە سوریاو لە توركیا بۆ خۆی راكێشا، بەڵام گروپە تەكفیرییەكان كاتێ دەیانەوێ پرۆژە تاوانكاری و خوێناوییەكانیان جێبەجێ بكەن لە ئەنجامدا زیان دەگەیەنن بە بزاڤی رزگاریخوازیی كوردستانی چ لە عیراق یان لە سوریا یاخود لە توركیا هەروەها لە ئیران. سەبارەت بە كاریگەری ئەم بارودۆخە لەسەر عێراقیش، بێگومان وەك ئاشكرایە دوای 2003 عیراق بە ناچاری خرایە بەردەم دوو بژاردە، هەر یەكێكیان لەوی دیكە تاڵترو ناخۆشترە، یەكەمیان ئەوەی یان عیراق بێتە دەوڵەتێكی موحاسەسە، دوومیان كە ئەگەر یەكەمیانی قبوڵ نەبێت ببێتە دەوڵەتێكی تیرۆریست و پاشماوەی رژێمی پێشوو ئاژاوەو ئاشووب، بەڵام لەبیریان چووە كە بژاردەی سێیەمیش هەیە كە بریتیە لە بنیادنانی دەوڵەتی فیدرالی و مەدەنی و دیموكراتی، بۆیە دەبێ عیراق ئاگاداربێت لەوەی كە دوای ئەوەی رزگاری بوو لە دەوڵەتی بەعسیی فەرمانڕەوا، ئێستا بەرەو دەوڵەتی پێكهاتەیی و پشكایەتی دەچێت، ئەمەش مانای ئەوەی كە عیراق لە بژاردەی دووەم نزیك دەبێتەوە ئەویش دەوڵەتی تیرۆریستی و ئاژاوەیە، بۆیە پێویستە عیراق لە هەردوو بژاردە دووركەوێتەوەو دەبێت كوتلەكانی دەسەڵات چاك بزانن كە ئەمە بە زیانی ئەوان تەواو دەبێت، لە بەرئەوە پێویستە رووبكەنە دیالۆگ و گفتوگۆ لە نێو خۆیاندا و بەرژەوەندیی وڵاتەكەشیان لە بنیادنانی دەوڵەتی فیدرالی و دیموكراتیدایە چڕ بكەنەوە. ئەگەر لەم قۆناخە بەرپرسیارانە هەنگاو بۆ بژاردەی سێیەم هەڵبگرن كە دەوڵەتی فیدرالی و دیموكراتییە، ئەوا مەترسیەكان ئاسان دەڕەوێنەوە، بەپێچەوانەشەوە بارودۆخەكە خراپتر دەبێت))
Top