لە قۆناخی بونیادنانی نەتەوە ودامەزراندنی دەوڵەتدا
July 29, 2013
دیمانەی تایبەت
((لەو كاتەی بڕیاری سەربەخۆیی سەنگافورام راگەیاندبوو سەرقاڵی ئەوەبووم سەرلەنوێ دەوڵەتی سەنگافورا بونیاد بنێمەوە، لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە هێرشێكی زۆر توند و ناڕەوا لەرێگەی میدیاكانەوە دەكرایە سەر شەخسی خۆم و ئەو بڕیارەی بۆ سەربەخۆیی سەنگافورا دابووم، من هێرشی میدیاكانی مالیزیام پێ ناخۆش نەبوو، لەبەر ئەوەی پێشتر سەنگافورا هەرێمێك بووە لەمالیزیا و بەسەربەخۆبوونی سەنگافورا ئەو هەرێمەیان لەدەستدا، هەروەها هێرشی میدیاكانی رۆژئاواشم پێ ناخۆش نەبوو، لەبەر ئەوەی بەندەرێكی گرنگیان لەدەست بوو، ئەوەی زۆر پێمناخۆش بوو ئەو هێرشانە بوو كە لەمیدیاكانی ناوخۆی سەنگافورا دەكرانە سەرم كە دژ بە بەرژەوەندی وڵاتی خۆیان و بۆ بەرژەوەندی دەرەوە بوو)).لی كوان یو چیرۆكی سەنگافورا لە سێهەمەوە بۆ یەكەمهێزی نەرم و لۆژیكی لێكتێگەیشتن رێگە لە قەیران وئاژاوە دەگرێت
سیمبولی نەتەوە یان وەك ئەوەی ئەمریكیەكان پێیدەڵێن باوكانی دامەزرێنەر (Fathers Foundation)، ئەو كەسایەتیانەن كە لەناو كاروانی مێژووی نەتەوە دەردەكەون و مێژوویەكی تازە بۆ نەتەوەی خۆیان تۆماردەكەن، هەڵكەوتنی ئەم جۆرە كەسایەتیانەش بۆ سڕینەوەی كەسایەتی یان سمیبولەكانی پێش خۆی نییە، بەڵكو هەموو كەسایەتیەك كە دەگاتە پلەی سیمبول یان باوكانی دامەزرێنەر، دەبێتە رایەڵەیەك قۆناخە جیاوازەكانی نەتەوە پێكەوە گرێدەداتەوە، هەربۆیە ئەگەر لە كۆتاییەكانی سەدەی شانزەهەم (1778ز) جۆرج واشنتۆن وەك باوكی دامەزرێنەری كۆماری ئازادی ئەمریكا ناسرابێت، ئەوا لەسەدەی حەڤدەهەم (1865) ئەبراهام لنكۆڵن هەمان نازناوی پێدراوە و لەسەدەی بیستەمیشدا رۆزفەلت كە چوار جار بۆ سەرۆكایەتی هەڵبژێردراوە و شەڕی دووەمی جیهانی بۆ بەرژەوەندی هاوپەیمانان یەكلایی كردەوە هەمان نازناوی وەرگرتۆتەوە، لەمێژووی نەتەوەكانی دیكەشدا هەموو ئەو كەسایەتیانەی بوونە سیمبولی نەتەوە لاپەڕەیەكی تازەی مێژوویان نووسیوەتەوە، وەك سەرۆك لی كوان یو لە كتێبی (چیرۆكی سەنگافورا: لەسێهەمەوە بۆ یەكەم) ئاماژەی پێكردووە، هەموو جیهان گەڕام تەنیا لاپەڕەیەكم نەدۆزییەوە هەتا فێرم بكات چۆن وڵاتێكی وەك سەنگافورا بونیاد بنێمەوە، بۆیە ئەو رێنمایی بۆ هەموو سەركردەكانی جیهان ئەوەیە، دەبێت هەموو سەركردەیەك خۆی كتێبی بونیادنانی نەتەوەی خۆی بنووسێتەوە، هەروەك چۆن لی كوان یو چیرۆكی سەركەوتنی سەنگافورامان بۆ دەگێڕێتەوە.
لەم راستەوە ئەگەر سەیری گاندی بكەین كە توانی هیندستان رازی بكات، ئایا پێش گاندی بزاڤێك هەبووە بۆ رەتكردنەوەی دەسەڵاتی ئینگلیز لەو وڵاتە؟ بێگومان مێژوو پێمان دەڵێت بەڵێ هەبووە، بەڵام ئەو شێوازی ناتوندوتیژییەی بۆ خەباتی رزگاری گاندی هێنایە ئاراوە، پێشتر بوونی نەبووە، هەروەها ئەگەر سەیری جەنابی مستەفا بارزانی بكەین و بپرسین ئایا پێش جەنابی بارزانی مستەفا، شۆڕش و بەرخودان بۆ رزگاری بوونی نەبووە؟ بێگومان مێژوو دیسان پێمان دەڵێت بەڵی هەبووە، بەڵام ئەو شێوازە تازەیەی بارزانی مستەفا هێنایە ئاراوە بەوەی سنوورەكان رەتبكاتەوە و هەموو كوردستانی گەورە وەك یەك نیشتمان سەیر بكات، لەم نیشتمانەشدا تایبەتمەندی هەر پارچەیەك لەبەرچاوبگرێت و بەشێوەی واقیعیانە خەبات درێژە پێبدات، بێگومان پێشتر بوونی نەبووە، بۆیە ئەم تایبەتمەندییە لە خەسەڵەتی خەباتی بارزانی مستەفادا، میللەت نازناوی سیمبولی نەتەوەی پێ بەخشیوە، ئەم دروستكردنی یەكەم سكێچی ئەو نەخشەیەی رێگایەیە كە خەباتی بارزانی مستەفا ئامانجی بووە، ئەویش بینینی (جمهوریەتی ئیستقلالی كوردستان بووە)، كەواتە ئەمە پێمان دەڵێت ئەو ئیرادەیەی بارزانی مستەفا بۆ ئامانجی شۆڕشی كوردستان دیاریكردووە، پەیوەندی بەوەوە نییە كە لەسەردەمی خۆیدا نەتەوە بگاتە ئەم ئامانجە یان نە، بەڵكو ئەمە رێگە پیشاندەرە بۆ ئەوەی نەوەكانی دوای خۆی بەرەو ئەم ئامانجە هەنگاوی زیاتر هەڵبگرێت، بۆیە چۆن جۆرج واشنتۆن بە راگەیاندنی سەربەخۆیی ئەمریكا بە باوكی دامەزرێنەر دادەنرێت، ئەوا هەموو ئەوانەشی كە هەوڵیانداوە شكۆی ئەو سەربەخۆییە و بەهای ئازادی بپارێزن و رێگە نەدەن شكۆی ئەمریكا بكەوێتە مەترسیەوە، هەمان نازناوی باوكی دامەزرێنەریان وەك جۆرج واشنتۆن لەلایەن گەلی ئەمریكاوە پێدراوە، ئەگەر لێرەدا حاڵەتەكە پێچەوانە بكەینەوە و بپرسین، ئەگەر جۆرج واشنتۆن لەسەردەمی خۆیدا قەدەر رێگەی نەدایە سەربەخۆیی رابگەیەنێت، ئایا هەر بە باوكی دامەزرێنەر لە قەڵەمدەدرا؟ لەوەڵامی ئەمەشدا مێژوو پێمان دەڵێت بەڵێ، لەبەر ئەوەی ئەو رۆژەی لە بۆستن و لە ئاهەنگی چا خواردنەوەی ناو كەشتیەكە بڕیاری شۆڕشی سەربەخۆیی ئەمریكا درا، گەلی ئەمریكا ئەو شەرەفەی بە جۆرج واشنتۆن دا كە سەركردایەتی شۆڕشی ئەمریكا بكات، بۆیە لێرەدا مەسەلەكە ئەو ئیرادە خێرەیە كە ئەو شۆڕشەی بەرپاكردووە، بۆیە ئەو شۆڕشە سەربكەوێت یان نە، ئەو ئیرادەی خێرە هەر بەخێری دەمێنێتەوە، هەتا ئەگەر شۆڕشیش سەربكەوێت ئەو ئیرادەی خێرە هیچی لێ زیاد نابێت و ئەگەر شكستیش بێنێت ئەو ئیرادەی خێرە هیچی لێ كەم نابێتەوە هەروەك چۆن پارچە گەوهەرێك (ئەگەر لەناو قوڕدا بێت یان بە ئاوریشم دابپۆشرێت)، ئەوا نە قوڕەكە هیچ لەبەهای گەوهەرەكە كەمدەكاتەوە، نە ئاوریشمەكەش هیچ لە بەهاكەی زیاد دەكات، بۆیە ئەو ئیرادە خێرەی مستەفا بارزانی شۆڕشی سەرتاسەری لە 11ی ئەیلوولی 1961 پێ هەڵگیرساند، ئامانجەكەی بونیادنانی نەتەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستانە، بەردەوامی و پاراستنی دەوڵەت و دامەزراوەكانی كوردستانە، بۆیە ئەم ئیرادە خێرە، ئیرادەیەكی بەردەوامە و هەتا ئەو ئیرادە خێرە زیندوو بێت، ئەوا نەك بارزانی مستەفا بەڵكو هەموو ئەوانەشی هۆكارێك بوون بۆ بەردەوامی ئەم ئیرادە خێرە بە نەمری دەمێننەوە و هەموو كات لەیادەوەری نەتەوە بە زیندوویی دەمێننەوە، هەروەك چۆن سەرۆك ئۆباما لە 200 هەمین ساڵیادی لەدایكبوونی ئەبراهام لنكۆڵن و لەبەردەم كاپیتەڵ هۆڵ بە ئەمریكیەكانی راگەیاند، دەبێت ئێستاش بە هاوشێوەی لنكۆڵن بگەڕێینەوە بۆ بنەماكانی شۆڕش و لەسەر ئەو بنەمایانە و لەنێو تەمومژی رۆژگارەكاندا بڕیاری بوێرانە بدەین، ئەگەر سەرنج لە سەرۆك ئۆباما بدەین، هەست دەكەین هەوڵی ئەوە دەدات لەنێوان خۆی و باوكانی دامەزرێندا رایەڵەیەك بۆ بەستنەوەی مێژوو دروست بكاتەوە، ئەو مێژووەی جۆرج واشنتۆن و تۆماس جیفرسۆن و جێمس مادیسۆن و لنكۆڵن و رۆزفەڵت و ریگان پێكەوە كۆدەكاتەوە و بە پارێزەری بنەماكانی شۆڕشی ئەمریكای دەزانێت.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هیچ كام لەم سیمبولانەی ئەمریكا و نەتەوەكانی دیكەی جیهان، كە هەنگاویان بۆ ئازادی و دیموكراتی هەڵگرتووە و هەوڵیانداوە نەتەوە و دەوڵەت لەژێر سێبەری دیموكراتی و ئازادی بویناد بنێنەوە، دووچاری هەڕەشە و شاڵاوی بێ ویژدانانە بوونەتەوە، هەر بۆ نموونە:
• جۆرج واشنتۆن كە دوای نزیكەی دوو سەدە و نیو، هێشتا ئەمریكیەكان بە باوكی دامەزرێنەری دەزانن، لەسەردەمێكدا كەوتۆتە بەر شاڵاوی خەڵكانێك كە لە ئاستی شكۆی جۆرج واشنتۆندا خۆیان بە بچووك هاتۆتە بەرچاو، بۆیە ئەو لەسەرەتای سەربەخۆیی ئەمریكا بە ئاشكرا دەیگوت، من بنەماكانی شۆڕش كە ئازادی گەلی ئەمریكایە نایكەم بە قوربانی ئەو رەخنانەی چەند هەرزەكارێك لێم دەگرن.
• لنكۆلن كە دووبارە پێناسەی ئازادی لەبەر رۆشنایی راگەیاندنی سەربەخۆیی ئەمریكا كردەوە، جاڕی كۆتایی هاتنی كۆیلەتی دا و ئێستا ئەمریكیەكان پێی دەڵێن (میراتی ئازادی)، لەسەردەمی خۆیدا هێندەی هێرشی دەكرایە سەر كە نەكراوەتە سەر هیچ سەركردەیەك، بەڵام لنكۆڵن دەیگوت:(هێندەی كاتی خۆم بە وەڵامدانەوەی ئەوان بەفیڕۆبدەم، باشترە هەوڵ بۆ سەركەوتن بدەین، ئەگەر سەركەوتین قسەی ئەوان هیچ بایەخێكی نابێت)).
• رۆزفەلت لە ماوەی شەڕی دووەمی جیهانیدا رووبەڕووی تەحدی زۆر گەورە بووە و كۆنگرێس رێگەی پێ نەدەدا، ئەمریكا تێكەڵاوی شەڕ بێت، بۆیە لەژێر باری ئەو رەخنە و هێرشانەی دەكرایە سەری، پەنای بۆ ئەوە برد راستەوخۆ لەگەڵ گەلی ئەمریكا قسە بكات، داوای لەگەلی ئەمریكا كرد هەر یەكەی نەخشەیەكی جیهان بكڕێت و ئەو لەرادیۆەوە مەترسیەكانی ئەو شەڕە بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا رووندەكاتەوە و گەلی ئەمریكا با خۆی لەسەر نەخشە بیبینێت، رۆزفەڵت ئەم قسەكردنەوەی ناو لێنا ((قسەكردن لەناو ئاگردا- The fireside chats)، توانیشی شەڕەكە بۆ بەرژەوەندی هاوپەیمانان یەكلایی بكاتەوە.
• ژەنراڵ دیگۆڵ كە فەرەنسای لە ژێر دەستی نازیەت رزگار كرد، لە ساڵی 1968 گروپێكی رادیكاڵ بۆ مەبەستی تەسكی حزبایەتی هەوڵیاندا هەموو فەرەنسا بكەن بە قوربانی خواستە تایبەتیەكانی خۆیان و ئاگریان لە سۆربۆن بەردا و بە دیگۆلیان دەگوت فاشی، بەڵام دیگۆڵ وەك سیمبولی فەرەنسیەكان و فرانكفۆنەكان، رێگەی لەم ئاژاوەیە گرت و توانی چۆن فەرەنسای لە كۆماری چوارەم رزگار كرد، بەهەمان شێوە لە 1968 یشدا توانی فەرەنسا لەو گێرە شێوێنانە رزگار بكات.
• مەهاتما گاندی رووبەڕووی رەخنەی توندی سوبهاس چاندرای سەرۆكی سوپای نیشتمانی هیندستان بۆوە، سوبهاس كە لە ئاستی كارێزمای گاندی خۆی بچووك دەهاتە بەرچاو، بۆیە بە هەموو شێوەیەك شێوازی ناتوندوتیژی گاندی رەتبكاتەوە، ئەو بۆ ئەوەی گاندی بچووك بكاتەوە و بیهێنێتە ئاستی خۆی، هاوپەیمانی لەگەڵ هیتلەر كرد بۆ ئەوەی سەرنجی گەلی هیندستان بۆ خۆی رابكێشێت، بەڵام ئەم كارەی نەك هەر نەیتوانی گاندی بچووك بكاتەوە، بەڵكو ئاگری لە مێژووی خۆشی بەردا.
ئەم پەندە ئەوەمان پێدەڵێت، زۆرجار كە سەركردەی گرووپێكی بچووك لە ئاستی سیمبولی نەتەوەكەی هەست دەكات خۆی بچووك دەبینێت، ئەو هەوڵنادات خۆی بگەیەنێتە ئاستی ئەو بەڵكو هەوڵدەدات، ئەو وەك خۆی بچووك بكاتەوە، هەر بۆیە هەموو ئەوانەی لەئاستی سەركردە و سیمبول و باوكانی دامەزرێنەر خۆیان بە بچووك زانیووە، لەبەرامبەر هەوڵدان بۆ ناشرینكردنی سیمبول و باوكانی دامەزرێنەر درێغیان نەكردووە، ئامانجیشیان ئەوە نەبووە خۆیان گەورە بن و بگەنە هاوشانی ئەوان، بەڵكو هەموو هەوڵیان بۆ ئەوە بووە ئەوان هێندە بچووك ببنەوە بگەنە هاوشانی خۆیان، ئەمەش بە درێژایی مێژوو خەیاڵ پڵاو بووە و ئەوەی ئەو رێگەی گرتووە هەر بەبچووكی ماوەتەوە، راستە هەموو هەوڵیان بۆ ئەوە بووە شكۆی سیمبولی نەتەوە بە بچووكی ببینن، بەڵام نیچە گوتەنی، چەند سیمبولەكان بەرز ببنەوە لەچاوی ئەواندا بچووك دەبنەوە، لەبەر ئەوەی ناتوانن بفڕن.
پێشمەرگەیەك
درێژە پێدەری ئیرادەی مستەفا بارزانی-یە
ئەگەر لە چوارچێوەی ئەو سیمبول و سەركردە جیهانیانە بەراوركارییەك بكەین و بپرسین، ئایا مستەفا بارزانیش وەك ئەوان رووبەڕووی هەڵمەت و شاڵاوی بێ ویژدانانەی راگەیاندنەكان بۆتەوە؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارە مێژووی خەباتی بارزانی مستەفا پێمان دەڵێت، بارزانی مستەفا نەك هەر لەسەر ئاستی ناوخۆ و عێراق و ناوچەكە بەڵكو لەسەر ئاستی جیهانیش هێرشی ناڕەوای كراوەتە سەر، لەوانەیە بۆ عێراق و وڵاتانی ناوچەكە و جیهانیش جێگەی ناخۆشی نەبێت كە غەدر لە سیمبولە نەتەوەییەی كوردستان كراوە، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە لەسەر ئاستی ناوخۆش بەدرێژایی مێژووی شۆڕشی ئەیلوول و هەتا ئێستاش زۆر جار غەدری بێ ویژدانانە لەم سیمبولە نەتەوەییە دەكرێت، هۆكاری سەرەكی هەموو ئەو هێرشانەش لەوە سەرچاوە دەگرێت، هەتا ئێستاش هەندێك لە ئاستی شكۆ و گەورەیی بارزانی مستەفا، خۆیان بچووك دەبینن و هەموو هەوڵیان بۆ ئەوەیە دژایەتی ئەم سیمبولە نەتەوەییە بكەن، كەواتە لێرە ئەو پرسیارە دەوروژێت ئەوەیە، كاتێك مسعود بارزانی وەك پێشمەرگەیەك لەسەر هەمان رێگە بە هەمان ئیرادەی بارزانی مستەفا هەوڵ بۆ ئاییندەی كوردستان دەدات و هەوڵەكانیشی بەرەو ئەوە دەچن خەڵك هەست بكات رۆحی بارزانی لەناویاندایە، ئایا پێشبینی ئەوە دەكرێت ئەوانەی نەیار و دڵ پڕ لە كینە بن بەرامبەر رێبازی بارزانی، ئێستا دەستخۆشی لە مسعود بارزانی بكەن؟ بێگومان مێژووی چەند دەیەی رابردوو لە نێو بزاڤی رزگاری خوازی كوردستان ئەو راستیەمان بۆ دەسەلمێنێت، لەدوای بارزانی مستەفاوە، هێشتا كۆمەڵێك سیاسەتمەداری لۆكاڵ كاتێك سەیری شكۆی مسعود بارزانی دەكەن، كە ئەمڕۆ وەك سیمبولی نەتەوە هەنگاو بەرەو ئەو ئامانجانە هەڵدەگرێت كە ئیرادەی بارزانی مستەفا نەخشەی بۆ كێشاوە، ئەوا دیسان ئەوان لە ئاستی ئەو شكۆ و پێگەی مسعود بارزانی خۆیان بە بچووك دەبینن، بۆیە هەموو هەوڵی خۆیان دەخەنە گەڕ بۆ ئەوەی شاڵاوی توند و بێ ویژدانانە بكەنە سەر مسعود بارزانی بۆ ئەوەی ئامانجی نەتەوەیەك ناشرین بكەن و، لەمەشدا هیچ پرانسیپێكی ئەخلاقی سیاسیی و نیشتمانی لەبەرچاو ناگرن و ئەوەی لەماوەی نزیكەی 50 ساڵی رابردوو بەرامبەر مستەفا بارزانی كردوویانە، ئێستا دژی مسعود بارزانی و مستەفا بارزانی درێژەی پێدەدەنەوە، بەڵام ئایا ئەم رەفتارانە چ ئاكامێكی دەبێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە نەك مێژووی كوردستان بەڵكو مێژووی جیهان پێمان دەڵێت، ئەوانە بێجگە لەوەی جۆرێك لە ناسەقامگیری و ئاژاوە لە كۆمەڵگە دروست دەكەن، بەڵام سەرەنجام ئاگر لە مێژووی خۆیان بەردەدەن.
ئاشتی و یەكڕیزی و سازان
ئامانجی سیمبولی نەتەوەیە
دیاردەی ئۆپۆزسیۆن وەك ئۆكسجین وایە بۆ سیستمی دیموكراتی، لەبەر ئەوەی ئۆپۆزسیۆن هۆكارێكی گرنگە بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیۆن بنەما سیاسییەكانی دیموكراتی بە بنەمای رۆشنبیری دیموكراتیەوە گرێدەداتەوە، لەوانەیە ئەو حزبانەی كە حكومەت پێكدەهێنن بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكانیان زۆر جار نەتوانن هاوسەنگی لەنێوان بنەما سیاسیی و رۆشنبیرییەكانی دیموكراتی بپارێزن، بۆیە ئەوە ئەركی ئۆپۆزسیۆنە كە ئەو هاوسەنگیە رابگرێت و ئەو رایەڵە بێت هەردوو لایەنی سیاسیی و رۆشنبیری دیموكراتی پێكەوە گرێبداتەوە، لەوانەیە لێرە پرسیار ئەوە بێت، بۆچی ئۆپۆزسیۆن باشتر لە حزبەكانی دەسەڵات دەتوانن ئەم هاوسەنگیە بپارێزن و ئەم دوولایەنە پێكەوە گرێبدەنەوە؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارە ئەزموونی دیموكراتی پێمان دەڵێت لەبەر ئەوەی فەزای كاركردنی ئۆپۆزسیۆن لە فەزای كاركردنی حزبەكانی دەسەڵات فراوانترە، هەروەها بواری كارلێكی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ كۆی توخمەكانی حكومڕانی زیاترە، بە تایبەتی توخمە مەدەنیەكانی كۆمەڵگەی دیموكراتی، وەك رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، گرووپەكانی فشار (كەرتی تایبەت)، بازاڕ، میدیا، سەندیكا و رێكخراوە پیشییەكان، بۆیە لە كۆمەڵگەی دیموكراتی لەبەر ئەوەی حزبەكانی دەسەڵات حكومەت و ئیمكانیەتی كارگێڕیان هەیە، ئەوا حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن ناچار دەبن پەنا بۆ هێزی نەرم بەرن، واتە ئۆپۆزسیۆن لەبەر ئەوەی دەیەوێت قسە بكاتە رەخنە و رەخنە بكاتە كار بۆ ئامانجی خۆی، ئەوا هابرماس گوتەنی ئەوا دەبێت ئەو رەخنەیەی ئۆپۆزسیۆن لە ئاكامی كارلێكی لەگەڵ هەموو توخمەكانی دیكە بەرهەمی دەهێنێت، بنەمای ئەخلاقی گوتار نموونەیی تیا بێت، ئەو گوتارە بەرهەمی كارلێكی قسەكردن و گوێگرتنی ئۆپۆزسیۆن بێت، بە واتایەكی دیكە، لە كۆمەڵگەی دیموكراتی ئۆپۆزسیۆن بۆ ئەوەی بتوانێت رەخنە بكاتە كارێك بۆ ئەوەی ئامانجی پێ بەدەست بهێنێت، ئەوا بە تەنیا گوتاری حەماسئامێز ئاراستەی خەڵك ناكات، بەڵكو گوێ لەخەڵك دەگرێت بۆ ئەوەی شەرەفی ئەوەی پێ بدرێت نوێنەرایەتی خواستەكانیان بكات و ئەوەی خەڵك دەیڵێت رێكیان بخات و بیكات بە بەرنامە، بۆ ئەوەی بەدیل بۆ بژاردەی خەڵك لەكاتی بڕیارداندا دروست بكات، ئەمەش واتە ئۆپۆزسیۆن هەوڵنادات كۆمەڵگە دابەش بكات، هەروەها هەوڵیش نادات كۆمەڵگە نائومێد بكات، بەڵكو هەوڵی ئۆپۆزسیۆن بۆ ئەوەیە لەو كاتەی خەڵك لە حكومەت بێزار دەبێت هەست دەكرێت بۆشاییەك دروست دەبێت، ئۆپۆزسیۆن ئەو بۆشاییە پڕدەكاتەوە و بە بەرهەمهێنانی فیكری نوێ ئومێد دروست دەكاتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا هەموو ئاراستەكان بەو جۆرەن، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن بوونی نەبێت، ئەوا دیموكراتی نەخۆش دەبێت و كامڵ نابێت، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن ئۆكسجین بێت لەناو هاوكێشەی دیموكراتیدا، ئایا ئەم ئۆكسجینە بێ كارلێك لەگەڵ توخمی دەسەڵات چ مانایەكی هەیە؟ بێگومان ئەوانەی شارەزای زانستی كیمیان، ئەوە دەزانن ئۆكسجین توخمێكی گرنگە بۆ ژیان ئەگەر لەگەڵ توخمی دیكە كارلێك بكات، بەڵام ئەگەر لەچوارچێوەی ئەو كارلێكە هاتە دەرەوە یان جیاكرایەوە، ئەوا هیچ بایەخێكی بۆ ژیان نامێنێت، هەر بۆ نموونە، ئەگەر H2O، هێمای كیمیایی ئاوی خواردنەوە بێت، ئەوا راستە ئۆكسجین بۆ پێكهاتەی ئاو گرنگە، بەڵام بەبێ دوو توخمی هایدرۆجین(H2)، ناتوانێت ئاو دروست بكات، بۆ هەناسەش بە هەمان شێوەیە، ئۆكسجین بە تەنیا بۆ هەناسە ناشێت، بەڵام ئۆكسجین گرنگە بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەك بۆ هەناسەدان و ژیان، كەواتە ئەم هاوكێشە كیمیاییە دیوە نەرمەكەی ئۆكسجینمان پیشاندەدا بۆ كارلێك و گونجان لەگەڵ توخمەكانی دیكە، خۆ ئەگەر میكانیزمێك نەبێت بۆ دروستكردنی كارلێك لەگەڵ توخمەكانی دیكە ئەوا ئۆكسجین ئەو بایەخە گرنگەی نییە، لەم روانگەیەوە ئۆپۆزسیۆنیش بۆ سیستمی دیموكراتی، ئەو ئۆكسجینەیە كە توانای كارلێك و گونجانی هەیە بۆ ئەوەی دیموكراتی ببێتە سەرچاوەیەك بۆ ژیان بۆ خۆشگوزەرانی، بۆیە كاتێك ئۆپۆزسیۆن ئەم خاسیەتە وندەكات، یان ناتوانێت كارلێك لەگەڵ توخمەكانی دیكەی حكومڕانی بكات بەتایبەتیش لەگەڵ حكومەت و دامەزراوەكانی دەوڵەت، ئەوا ئەمجۆرە ئۆپۆزسیۆنە نابێتە ئەو توخمە گرنگەی كە دیموكراتی بكاتە سەرچاوەی خۆشگوزەرانی دەوڵەت، بەپێچەوانەوە دەبێتە هۆكارێك بۆ تێكدانی سڕكردنی پرۆسەی دیموكراتی.
لەم چوارچیوەیەدا ئەگەر سەیری حاڵەتی حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستان بكەین، دەبینین ئەم شێوازەی ئۆپۆزسیۆن لە حكومڕانی هەرێمی كوردستان پیادەی دەكات، شێوازی نەگونجان و رەتكردنەوەی بەرامبەر، حاڵەتێكی دروستكردووە، لەبری ئەوەی ئۆپۆزسیۆن ببێتە ئەو ئۆكسجینەی دیموكراتی بكاتە سەرچاوەی ژیان و خۆشگوزەرانی، ئەوا وەك دەبینین ئەم ئۆكسجینە بۆتە سەرچاوەیەك بۆ مەترسی لەسەر دیموكراتی، لەبەر یەكێك لە خەسڵەتەكانی ئۆكسجین ئەوەیە بەكارلێكی لەگەڵ توخمەكانی دیكە دەبێتە سەرچاوەی ژیان، بەتەنیا هۆكارێكە بۆ سووتاندن.
لەم چوارچێوەیەدا بۆ ئەوەی حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن لەهەرێمی كوردستان بتوانن هەمان رۆڵی ئۆكسجین ببینن لە پرۆسەی دیموكراتیدا، دەبێت ئەو ژینگەیە دروست بێت كە بتوانن دەستبەرداری سیاسەتی توندوتیژی و رەتكردنەوە ببن و هەنگاو بۆ سازان و گونجاو هەڵبگرن، لەم راستەدا لەگەڵ ئەوەی رەفتارەكانی ئۆپۆزسیۆن جۆرێك لە نائومێدی بۆ گەیشتن بە سازان و كارلێك و لێگتێگەیشتنە دروست دەكات، بەڵام پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە رۆژی 16/7/2013سەبارەت بە هەردوو یاساكەی رۆژی 30/6/2013 پەرلەمانی كوردستان، دووبارە ئومێدیكی دیكەی دروستكردۆتەوە كە هەموو لایەنە سیاسییەكان هەوڵی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی سازانی نیشتمانی دروست بێت.
ئەم خەمەی سەرۆك بارزانی وەك سیمبولی نەتەوە لەم قۆناخە ناسكەی میللەتەكەمانی پێدا تێدەپەڕێت، خەمی سەرخستنی پرۆسەی دیموكراتی و لەدەستنەدانی ئەو هەلە مێژووییەیە كە لەم قۆناخە ناسكە بۆ میللەتەكەمان هاتۆتە ئاراوە، لەهەموو كەسێك زیاتریش سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەو راستیە دەبینێت كە گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانیەكانمان و پێشكەشكردنی نموونەیەكی جوانتری حكومڕانی پەیوەستە بە یەكڕیزی و یەك هەڵوێستیمان سەبارەت بەو پرسانەی پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە، هەروەها پەیوەستە بە كارلێك و پێكەوە گونجانی هەردوو لایەنی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات لەگەڵ تێكڕای لایەنەكانی دیكەی كۆمەڵگە كە پەیوەندی بە شێوازی حكومڕانی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، لەم بازنەیەدا سەرۆك بارزانی لە هەوڵی ئەوەدایە هەموو لایەنەكانی سەرچاوەی هێز لە چوارچێوەی هێزێكی زیرەكدا(Smart Power) رێكبخات بۆ ئەوەی بتوانرێت سوود لەم دەرفەتە وەربگیرێت كە بۆ نەتەوەو نیشتمانەكەمان هاتۆتە ئاراوە، دیارە مەبەستیش لە رێكخستنی هێز وەك هێزی زیرەكیش ئەوەیە كە بتوانرێت لەسەر ئاستی ناوخۆ بە هێزی نەرم خۆمان رێكبخەینەوە بۆ ئەوەی ئەم هێزە نەرمە ببێتە فاكتەرێك لەگەڵ هێزی رەق، هێزێكی زیرەك بەرهەم بهێنرێت و بتوانرێت بەڕووی ئەو تەحەدییانە بوەستینەوە كە رووبەڕووی چارەنووسی ئەم سیستمە سیاسییە دەبێتەوە.
سازان و پێكەوە گونجان بەرهەمی هێزی نەرمە
نەك توندوتیژی و یەكتری رەتكردنەوە
فرانسیس فۆكۆیاما لە كتێبی ئەسڵی سیستمی سیاسیدا (The Origins of Political Order)، جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، دەوڵەت وەك دامەزراوەیەكی بیرۆكراسی بەرهەمی چینیەكانە، دەوڵەت وەك حكومڕانی یاسا بەرهەمی رۆژئاوایە، ئەمەش مانای ئەوەیە چەمكی دەوڵەت وەك داهێنانێكی چین واتە ئەو دامەزراوەیەیە كە شەرعیەتی ئەوەی هەیە سەرچاوەی هەموو هێزەكان لەناو خۆیدا كۆبكاتەوە، بەڵام چەمكی دەوڵەت بەمانای سەروەریی یاسا، واتە سنوردانان بۆ ئەو دەسەڵاتەی دەوڵەت لەبەردەستیەتی و چۆنیەتی بەكارهێنانی ئەو دەسەڵاتە لەلایەن دەوڵەتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە لە دەوڵەتی هاوچەرخی رۆژئاوا سیستمی سیاسی بریتییە لە ڤیتۆكراتی نەك دیموكراتی، ئەمەش واتە بەكارهێنانی ڤیتۆ بۆ سنورداركردنی دەسەڵاتەكان نەك دیموكراتی بە مانای حكومڕانی گەل، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا ئاماژە بەوە دەكات، هیچ سەرۆكێك لەم جیهانە، هێندەی سەرۆكی ئەمریكا دەسەڵاتی بۆ دیاری نەكراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم دەسەڵاتانە ڤیتۆ كراون ئەوا ناتوانێت بە ئاسانی بەكاری بهێنێت، ئەگەر لەم فیكرە تازەیەی فۆكۆیاما وردبینەوە، هەست دەكەین گۆڕینی دیموكراتی بۆ ڤیتۆكراتی، هەنگاوێكی گرنگە بۆ ئەوەی بیر لەوە بكرێتەوە پەنا بۆ هێزی نەرم ببرێت، ئەم پەنا بردنە بۆ هێزی نەرم مانای ئەوەنییە، پشت لە هێزەكانی دیكە بكرێت، بەڵكو كاتێك پەنادەبرێت بۆ هێزی نەرم ئەوا ئەم هێزە نەرمە هەتا ئەگەر ناچار بێت پەنا بۆ شێوازی دیكەی هێزیش بەرێت، ئەوا بە تێكەڵاوكردنی هێزی نەرم و هێزی رەق، هێزی زیرەك بەرهەم دێت، واتە هێزەكە كاریگەری زیاتری دەبێت، لێرەوە ئەگەر هێزی نەرم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هۆكارێك بێت بۆ سەرنجڕاكێشانی جیهان بەرامبەر دەوڵەتێكی دیاریكراو، ئەوا لەسەر ئاستی ناوخۆی پرۆسەی سیاسی لە ناو سیستمی دیموكراتی، هێزی نەرم بریتییە لە شێوازی سەرنجڕاكێشانی دەنگدەر یان هاووڵاتی بۆ سیاسەتی حزبێكی دیاریكراو، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەندێك جار دەوڵەت ناچار دەبێت هاوشانی پەنابردن بۆ هێزی نەرم، پەنا بۆ هێزی رەقیش بەرێت، هەتا ئەگەر بۆ پیشاندانی مانۆربێت وەك كارتێك بۆ كاریگەری هێزی نەرم، بەڵام لەسەر ئاستی ناوخۆ تێكەڵاوكردنی هێزی نەرم و هێزی رەق نەك نابێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی هێزی نەرم كاریگەر بێت و ببێتە هێزی زیرەك، بەڵكو پرۆسە دیموكراتیەكە دەخاتە مەترسیەوە، ئەم حاڵەتەی دەستبەردابوون لە هێزی نەرم ئەگەر لایەنی زۆرینە پەنای بۆ بەرێت، ئەوا دەوڵەتێكی فاشیلی وەك دەوڵەتانی سەب سەحرای ئەفریقیا بەرهەم دەهێنێت، خۆ ئەگەر كەمینەی سیاسیی پەنا بۆ توندوتیژی و هێزی رەق بەرێت و هێزی نەرم رەتبكاتەوەو دەوڵەت نەتوانێت لە چوارچێوەی سەروەریی یاسا سنوری بۆ دابنێت، ئەوا ئەمە دەبێتە هۆكاری دەركەوتنی دیاردەی پۆپۆلیستی و بازنەیەك دروست دەبێت كە ناسەقامگیری حكومی و نەبوونی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی پێكەوە كۆدەكاتەوە. ئەمەش نموونەی بەشی زۆری ئەو دەوڵەتانە بەرهەم دەهێنێت كە ئێستا لە ئەمریكای لاتینی بوونیان هەیە.
لەم راستەوە ئەگەر سەیری پەیامەكەی بەڕێز مسعود بارزانی بكەین كە لەهەموو پەرەگرافەكانیدا ئاماژە بۆ پێكەوە گونجان و سازانی نیشتمانی و دیالۆگی نێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات دەكاتەوە، ئەو راستیە تێدەگەین كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، چەند لای مەبەستە كە هاوكێشەی سیاسیی لە ناوخۆی كوردستان بە هێزی نەرم رێكبخرێتەوە و لایەنە سیاسییەكان بە رێگەی دیالۆگ و لێكتێگەیشتن و یەكتری قبوڵكرن، هەنگاو بۆ بەهێزكردنی پرۆسە دیموكراتیەكە و جوانكردنی پرۆسەی دیموكراتی هەڵبگرن، بۆیە لەم راستەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان گلەیی بەسۆزی باوكانە لە ئۆپۆزسیۆن دەكات و دەیخاتە بەرچاویان چۆن ئاكامی ئەم سیاسەتەی هەتا ئێستا پیادەیان كردووە، بۆتە ئاستەنگ لەبەردەم سازانی نیشتمانی و تەناتەت بۆتە هۆكاری ئەوەی كە هەرێمی كوردستان ناچار بێت پەنا بۆ یاسای درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان و ماوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەرێت، بۆیە بەڕێزی لەگەڵ ئەوەی یاسای ماوەی درێژكردنەوەی پەرلەمانی ئیمزا كرد بۆ ئەوەی بۆشایی یاسایی لەكوردستان دروست نەبێت، بەڵام یاسای ماوەی درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی ئیمزا نەكرد، ئەم ئیمزانەكردنەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەروویەكەوە پیشاندانی نیگەرانیە كە سیاسەتی نەگونجان و بەرامبەر قبوڵنەكردنی ئۆپۆزسیۆن كاریگەریەكی هێندە خراپی هەبوو كە نەكرا لەكاتی خۆی سازان دروست بێت و بەڕێزی ئەو ئەمانەتەی لەسەر شانیەتی لەكاتی خۆی بیداتە ئەو بەڕێزەی كە گەلی كوردستان متمانەی پێدەدا، لەڕوویەكی دیكەشەوە ئیمزا نەكردنی ئەم یاسایە، واتە جێبەجێكردنی یاساكەی پەرلەمان وەك ئەمری واقیع، ئەمەش مانای ئەوەیە رێزی لەئیرادەی زۆرینەی حزبە سیاسییەكانی كوردستان و تەواوی نەتەوەو ئایینە جیاوازەكانی كوردستان گرتووە، كە بەڕێزیان بەچەترێكی دەزانن بۆ ئەوەی هەموو لایەنەكان بە لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنەوە بگەنە جۆرێك لە سازان و پێكەوە گونجان و پێكەوە كاركردن، بۆ ئەوەی لەماوەیەكی دیاریكراودا كە بەڕێزی لە پەیامەكەیدا بە ساڵێك كەمتر ئاماژەی پێكردووە ئەم كێشانە چارەسەر بكرێن و زەمینە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم سازبكرێت.
پەرۆشی سەرۆكی هەرێم بۆ پابەندبوونی تەواوی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە لۆژیكی پێكەوە سازان و یەكتری قبوڵكردن، لایەنێكی دیكەی ئەم وتارەیە كە بەڕێزی داوا لە پەرلەمانی داهاتوو دەكات، مەسەلەی سازانی نیشتمانی بكرێتە ئەولەویەتی كاری پەرلەمانی داهاتوو، بۆ ئەمەش سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان راستەوخۆ هاوكاری پەرلەمان دەكات بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە لەماوەیەكی كورتدا سەركەتوو بیت.
تێگەیشتن لەم پەیامە، بۆ ئەوانەی لایەنی سیاسیی و رۆشنبیری دیموكراتی لەیەكتری جیاناكەنەوە كارێكی قورس نییە، بەڵام بۆ ئەوانەی دیموكراتی بچووك دەكەنەوە بۆ سندوقی دەنگدان و، سندوقی دەنگدان وەك ئامێرێك بۆ گەیشتن بەدەسەڵات بیری لێدەكەنەوە و پاراستنی سیستمە سیاسیەكەیان لا مەبەست نییە، تیگەیشتن لەم پەیامە ئاسان نییە، بەڵام دەبێ ئەوانەی هەتا ئێستا لەكوردستان بەو جۆرە بیردەكەنەوە، كە دەتوانن بە گۆڕینی لۆژیكی یەكتری قبوڵكردن و پێكەوە ژیان، بۆ یەكتری رەتكردنەوە و توندوتیژی، دەتوانن هاوكێشەی سیاسی لەم هەرێمە بگۆڕن بۆ بەرژەوەندی حزبی خۆیان، ئەوا چۆن بۆ ئیخوانەكانی میسر خەیاڵ پڵاو بوو، بۆ ئەمانیش زیاتر نابێت.
سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ گوڵان:
پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان تەنیا رێگابوو بۆ چارەسەركردنی ئەو قەیرانەی ئێستای هەرێمی كوردستان<
بۆ پاراستنی یەكڕیزی و هەوڵدان بۆ دیالۆگ و سازانی نیشتمانی، بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە 16/7/2013 پەیامێكی ئاراستەی گەلی كوردستان كرد، سەبارەت بەم پەیامە بەڕێز سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەمجۆرە لەسەر ناوەڕۆكی پەیامەكە رای خۆی بۆ گوڵان خستەڕوو:
((لە راستیدا مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لەو بارەیەوە بروسكەیەكی نارد بۆ جەنابی سەرۆكی هەرێم، لە بروسكەكەدا هەڵوێستی یەكێتیی نیشتمانی روونكردۆتەوە كە ئەمە تەنیا رێگا بوو بۆ چارەسەركردنی ئەو قەیرانەی كە لە هەرێمی كوردستان هەبوو، چونكە یەكێتیی نیشتمانی هەر لەسەرەتاوە پێداگیریی لەسەر ئەوەكرد سازان نەك لێكترازان، ئێمە دەبێ دەرفەتێكی دیكە بدەینەوە ئەمە وڵاتی ئێمەیە و خەڵكەكەش هەمووی برای یەكدییە و نابێ بكەوینە داوی ئەوەی كە ئەگەر لایەنێك یان دوولایەن بیەوێت لە پێناو پروپاگەندەی هەڵبژاردنی پێشوەخت ئاسایشی كۆمەڵایەتی تێكبدات، دەبێ رێگە لەوە بگرین و بەشێوەیەك چارەسەری بكەین كە بەرەو ئاییندەیەكی باشتر و پاراستنی یەكڕیزی میللەتەكەمان بڕۆین. ناوەڕۆكی پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رێك گوزارشتی لەوە دەكرد كە شانسێكی دیكە بە كۆدەنگی و یەكڕیزی و دیالۆگ بدات بۆ ئەوەی بگەینە چارەسەرێكی باشتر. هەروەها دەبێ هەموو لایەكمان پشتگیری ئەو هەنگاوە بكەین كە هەنگاوێكی دروستە، هەروەها من پێموایە هاوكارییەكی باشە بەتایبەتی لە هەڵبژاردنی وشەكانی و وردیی لە وتارەكەی، هەروەك وتم شانسێكی دیكە دەدات بەو رێگا راستە كە هەموو دنیا لە پێناو سەركەوتن پێیدا رۆیشتوون، ئەویش یەكڕیزیی میللەتەكەمانە)).
دكتۆر شوان قەڵادزەیی وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان بۆ گوڵان:
ئەم پەیامە پیشانیدا كە پۆست و پایە لای سەرۆكی هەرێمی كوردستان گرنگ نییە
بیروبۆچوون و لێكدانەوەی جیاواز بۆ پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نیشانەی ئەوەیە ژینگەی سیاسی لە كوردستان، رەنگدانەوەی كۆی بیروبۆچوونە جیاوازەكانی كوردستانە، لەم چوارچێوەیەدا، د.شوان قەڵادزەیی وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەتی بۆ گوڵان بەمجۆرە خوێندنەوەی خۆی بۆ پەیامەكە دەربڕی:
((پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان زۆر شتی گرنگی تێدا بوو، لەوانە ئیمزانەكردنی درێژكردنەوەی ماوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم، ماناو ناوەرۆك و مەدلوولی خۆی تێدابوو، هەرچەندە پەسندكراوە بەڵام كە ئیمزانەكراوە ئەوە مانای ئەوەیە كە لای سەرۆكی هەرێم پۆست بەو شێوەیە گرنگ نییە، بۆیە دوو ساڵەكەشی كەمكردۆتەوە بۆ كەمتر لە ساڵێك. خاڵێكی دیكەش كە پێموایە گرنگە بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئامادەیی خۆی پیشانداوە بۆ ئەوەی كە جارێكی دیكە خۆی بۆ ئەم پۆستە نەپاڵێوێتەوە هەروەها پیرۆزبایی و ئومێدی سەركەوتنی بۆ ئەو كەسە خواست كە ئەم پۆستە وەردەگرێت و ئامادەیشە كە هاوكاریی بكات، كۆمەڵێ خاڵی دیكە كە بەزەقی تێیدا بەدی دەكرێت، هەوڵدراوە كە بەرپرسانی كوردستان لەوە دووركەونەوە كە خۆیان بە كورسییەوە چەسپ بكەن، بەڵكو زیاتر ئاماژە بە خزمەت و چاكسازی و خزمەتی گەل و نیشتمان كراوە، كە مانای بنچینەیی بەرپرسیارێتی دەگەیەنێت، نەك ناونیشان و پۆستی بەرز و جۆراوجۆرەكان، كەواتە كوردستانی ئێمە ناتوانێت بیچووێنیت بەو وڵاتانەی كە بەهاری عەرەبی تێدا روویداوە، خاڵێكی دیكە بە هەمان شێوە كە ئاماژەی پێكراوە ئەوەیە بەروونی باسی هاوپەیمانێتیی پارتی و یەكێتی كراوە، ئەمەش جەختكردنەوەیە لەسەر رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی، ئەم رێككەوتنەش ئەگەر هیچی نەكردبێت توانیوویەتی دووڕدۆنگی و لێكدووری و شەڕی ناوخۆیی دووربخاتەوە، ئەمە كارێكی باشە بەڵام پێم باشبوو كە دەبوو پەیامەكە بەرامبەر ئۆپۆزسیۆن تۆزێ نەرمتربووایە، چونكە سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەرۆكی هەمووانەو بەدەنگی خەڵكی كوردستان بۆتە سەرۆكی هەرێم، بە تێڕوانینی من ئەگەر بەشێوەیەكی گشتی سەیری پەیامەكە بكەین شتێكی باشەو هیوای سەركەوتن بۆ هەموو لایەك دەخوازین هیوادارین لایەنە سیاسییەكانیش لە ئێستاوە بەملاوە لە سازان و كۆدەنگیدابن، تاكو ئەو قەیران و كێشانەی هەیە بە گفتوگۆ كۆتاییان پێ بێت و شتێك نەبێت لە كوردستان بە ناوی قەیران)).
كاروان ساڵح پەرلەمانتاری سەربەخۆ بۆ گوڵان:
پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەروازەیەك بوو بۆ تێپەڕاندنی قەیرانێك
گرنگی پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەوڵدان بوو بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ رزگاركردنی ئەو قەیرانەی كە هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستان دروستی كردبوو، سەبارەت بە گرنگی ناوەڕۆكی ئەم پەیامە، بەڕێز كاروان ساڵح پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانتاری كوردستان لە لێدوانێكی تایبەت بۆ گوڵان بەمجۆرە رای خۆی دەربڕی:
((پێش ئەوەی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە 16ی تەمموز ئەم پەیامە ئاراستە بكات، پێشتر باری سەرنج و تێبینی 26 لایەنی سیاسیی كوردستانی رەوانەی پەرلەمان كردبوو بۆ ئەوەی لەژێر چەتری پەرلەماندا هەموو لایەنە سیاسییەكان بەوانەی بەشدارن لەپەرلەمان و ئەوانەشی لەدەرەوەی پەرلەمان، لەگەڵ لیژنەی داڕشتنەوەی دەستوور بگەنە سازانێكی نیشتمانی، بەڵام بەداخەوە دوای ئەوەی چەندین كۆبوونەوە ئەنجامدراو ئەم پرسە تاوتوێ كرا، كۆمەڵێك رای جیاواز سەبارەت بە سازانی نیشتمانی هاتە ئاراوە، لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن پێیانوابوو تەنیا ئەو سێ لایەنە لەگەڵ پارتی و یەكێتی سازان لەسەر دەستوور بكەن و لایەنەكانی دیكە رەتبكرێنەوە و قبوڵ نەكرێن لە دانیشتنەكان ئامادەبن.
بێگومان وەك هەموو لایەك دەزانن لەناو پەرلەمانی كوردستان نوێنەرانی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و هەمەڕەنگی جۆراو جۆر بوونیان هەیە، بۆیە ئەوانیش ئەم جۆرە سازانەی ئۆپۆزسیۆن داوای دەكرد رەتیانكردەوە، لەوانەیە ئەگەر بێجگە لەدەستوور ئەم مەسەلەیە لەسەر پرسێكی دیكە بوایە، ئەوا پێدەچوو قبوڵبكرایە، بەڵام كە هاتە سەر مەسەلەی دەستوور، ئەوا بێگومان دەستوور پەیوەندی بەهەموو لایەكەوە هەیە و بۆی هەیە هەموو كەسێك قسەی لەسەر بكات، بۆیە تێكڕای لایەنەكان بە نوێنەرانی نەتەوەو ئایینە جیاوازەكانەوە لەسەر ئەوە كۆك بوون كە هەموو پێكەوە قسە لەسەر دەستوور بكەن، بەڵام ئۆپۆزسیۆن ئەمەی رەتكردەوە.
هەربۆیە هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆن گەیاندیە ئەوەی سازان نەكرێت، لەبەر ئەوە خەریك بوو قەیرانەكە بگاتە خاڵێكی بنبەست، بۆیە دەبوو دەروازەیەك بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی لەو قەیرانە دەرچین، بۆ ئەمەش سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی ئاراستەی هەموولایەك كرد، من پێموایە ئەم پەیامە لە ئاستی بارودۆخەكە دایە و داواكاری و مەرجی هەموو لایەكی تێدایە هەم مەسەلەی دەستوور ئاماژەی پێدراوە هەم هەڵبژاردنەكانیش تەئكیدی لەسەر كراوەتەوە و هەم لەماوەی ساڵێك كەمتر ئەو پێشنیار و سەرنجە جیاوازانەی لەسەر دەستوور هەیە بگەینە چارەسەركردنیان و هەموو پرسەكان یەكلا بكرێنەوەو بە هەموو لایەكەوە سازان لەسەر دەستوور بكرێت تاوەكو هەموو لایەكمان لەخزمەتی وڵاتێك دابین كە دەستوورێكی هەبێت، كە بووینە خاوەنی دەستووریش ئەوكات دەستوور مەرجەعێكی شەرعی دەبێت بۆ چارەسەری هەموو قەیرانەكان.
ئەمیر گۆكە سەرۆكی لیستی ئەنجومەنی كلدانی و ئاشووری و سریانی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان:
ئەگەر دوور لە دیدی حزبی سەیری پەیامەكەی سەرۆكی كوردستان بكەین بۆ بەرژەوەندی هەموو لایەكە
پەیامی ئاشتیخوازانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەوڵێكی دیكەیە بۆ پاراستنی یەكڕیزی و چارەسەركردنی كێشەكان لەهەرێمی كوردستان، سەبارەت بە خوێندنەوەی پێكهاتەو نەتەوە جیاوازەكانی كوردستان بۆ ئەم پەیامە، بەڕێز ئەمیر گۆكە سەرۆكی لیستی ئەنجوومەنی كلدانی و ئاشوری و سریانی لە پەرلەمانی كوردستان، بەمجۆرە رای خۆی بۆ گوڵان دەربڕی:
((پەیامەكەی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی زۆر گرنگ بوو و ئێمە زۆر بەبایەخەوە تەماشای دەكەین و هەموو خەڵك چاوەڕوانی ئەم پەیامە بوون، چونكە پەیامەكە هەموو شتێكی تێدابوو هەتا سەبارەت بە ئۆپۆزسیۆنیش ئەوەی ئەوان دەیانەوێت لەخۆی گرتبوو، پەیامەكە زۆر رێكوپێك و ئاشتیخواز بوو و ئەوەی بۆ كوردستان پێویست بوو تێیدا ئاماژەی بۆ كرابوو، بەدیدی ئێمەوە پەیامەكە هەنگاوێكی ئیجابی بوو بۆ چارەسەری قەیرانەكە، گەرچی لە كوردستان قەیرانێكی وا نییە كە مەترسیدار بێت وەكو ئەوەی هەندێ خەڵك رایانگەیاندووە و ئاماژەی پێ دەكەن، بەڵام سەبارەت بە هەردوو پرۆژە یاساكە(درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان )ئەگەر پەسند نەكرابوونایە ئەوە لەدوای 20/8/2013 بۆشایەكی یاسایی دروست دەبوو و ئەمەش دەبووایە چارەسەر بكرێت، هەر بۆیە ئەگەر هەموو لایەنەكان لە هەرێمی كوردستان دوور لە شتی تایبەت سەیری پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەن ئەوە پەیامێكی ئیجابی بوو بۆ چارەسەری ئەو كێشەو قەیرانانەی كە ئێستا لە كوردستان هەیە، هەر چەندە ناتوانین بڵێین قەیران لە هەرێمی كوردستان هەیە، بەڵكو راوبۆچوونی جیاواز لە نێوان لایەنەكان بەدی دەكرێت كە ئەمەش چارەسەر دەكرێت)).
عەبدولڵای حاجی مەحمود سەرۆكی فراكسیۆنی حزبی سۆشیالیستی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان:
لە خەمخۆریمان بۆ ئایندەی كوردستان پشتگیریمان لە پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردووە
((ئێمە كاتی خۆی رای خۆمان، وەك هەڵوێستی حزبی سۆشیالیستی دیموكراتی كوردستان راگەیاندووە هەروەها سكرتێری حزبمان پشتیوانی خۆی لەم بارەیەوە دەربڕی بۆ پەیامەكەی جەنابی سەرۆكی هەرێم، ئێمە لە راستیدا وەك حزبی سۆشیالیستی دیموكراتی كوردستان لە پەرۆشی و خەمخۆریمان بۆ پرۆسەی سیاسی و دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان و پێگەی سەرۆكی هەرێم كە نوێنەرایەتی كۆكراوەی بیروبۆچوونەكانی خەڵكی كوردستانە كە لە پرۆسەیەكی دیموكراسیدا ئەو متمانەیەی پێبەخشراوە بەرامبەر بە ئەدای كاركردنی هەرێمی كوردستان هەم لەناوەوەو هەمیش لە دەرەوەو بۆ دەوروبەر و عێراقیش، لەبەر ئەوە دروستبوونی بۆشایی یاسایی لە هەرێمی كوردستان ئێمە وای دەبینین كە ئاسەواری خراپ بەدوای خۆیدا بهێنێت، لەبەر ئەوە كاتی خۆی ئێمە ئەو دیدگایەمان پیشاندا كە ئەو پۆستە درێژبكرێتەوە و پەیامەكەی بەڕێزیشیان بە روونی ئاماژەی بەهەموو شتێك داوە بەتایبەتی ئەوەی كە لای من مایەی تێڕوانینە تەئكید كردنەوە لە سازان و هاوكاری و گیانی هاریكاری بۆ ئەوەی پێكەوە بتوانین ئەم پرۆسە سیاسییەی هەرێمی كوردستان و ئەو دەستكەوتانە و خۆشگوزەرانی و ئەزموونە نوێیە لە چوارچێوەی عێراقدا بپارێزین، هەروەها لەناو خەڵك بیروبۆچوونی ئێمەو تێڕوانینی ئەو كەسانەی كە دەیانەوێ هەرێمی كوردستان لەو قۆناغەوە بۆ قۆناغێكی دیكە بگوێزنەوە، سەرنجی تایبەتی خۆیان هەبووە لەسەر ئەم نووسراوە بە ئیجابی، ئێمە پشتیوانیمان لێكردووەو هیوادارین هەموو لایەكیش پێكەوە هاوكاریی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەین بۆ ئەوەی خەمخۆری و دڵسۆزیمان بۆ ئەو وڵاتەو بۆ پێشكەوتن و رووبەڕووبوونەوەی هەر تەحەددایەك كەبەرامبەر گەلی كوردستان بوەستێ بە تایبەتی گەڕانەوەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم و پیادەكردنی دەسەڵاتی دیموكراسی و هەڵبژاردنەكان لە كاتی خۆی، ئەمانە هەمووی هەم لە پەیامەكەی سەرۆكدا و هەم لە بیروبۆچوونەكاندا ئاماژەی پێكراوە، بۆیە ئێمە ئەو پەیامە بە ئیجابی وەردەگرین)).