فەشەلی ئیخوان موسلمین سەرەتای قۆناخی پۆست ئایدۆلۆژیای شمولیە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

فەشەلی ئیخوان موسلمین سەرەتای قۆناخی پۆست ئایدۆلۆژیای شمولیە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
((ئەوانەی دژی ئەو راستیانە رادەوەستنەوە كە ئەزموونی پراكتیكی ئەقڵ فێرمان دەكات، ئەوا ئەو كەسانەن كە دوژمنایەتی لەگەڵ ئەو بەڵگانە دەكەن كە ئەو راستیە دەسەلمێنێت، گومانی تێدانییە دوژمنایەتیكردنی بەڵگەی سەلمێنەری راستیەكانیش لەناو خودی ئەو كەسەدا دوژمنایەتی لەگەڵ مرۆڤەكانی دەوربەری دروست دەكات)).ئەمانۆیل كانت
بونیادنانی میتافیزیكیای ئەخلاق

جیاوازی نێوان سیاسەتمەدارێكی حزبێكی شمولی لەگەڵ رۆشنبیرێك ئەوەیە، ئەو سیاسەتمەدارە هەموو جیهان بچووكدەكاتەوە بۆ ئەو ئایدۆلۆژیەتە شمولیەی كە خۆی باوەڕی پێیەتی، لەمەش گرنگتر ئەوەیە هەموو هەوڵی بۆ ئەوەیە گومان و پرسیارەكان بسڕێتەوە، ئەمەش واتە ئایدۆلۆژیای شمولی ئامانجی ئەوەیە یەكبوون و یەكڕیزی و رێكخستنی پتەو لە ریزی ئەندامەكانی دروست بكات بۆ ئەوەی هەموو حزب وەك یەك كەس بیربكاتەوە و وەك یەك كەس رەفتار بكات، بەڵام رۆشنبیر لەناو ئەو یەكێتی و یەكڕیزی و رێكخستنە بەهێزەی نێو ئایدۆلۆژییە شمولیەكان گومان دەوروژێنێت و بۆشایی دروست دەكات، بۆ ئەوەی لەنێو ئەو بۆشاییە پرسیار دروست بكات و فیكری نوێ بێنێتە ئاراوە، رۆشنبیر قەناعەتی بەوەیە لەو كاتەوە هەنگاو بۆ ئاییندەی رۆشن هەڵدەگیرێت، كە ئەقڵی مرۆڤ لە كۆت و بەندە شمولیەكان رزگاری دەبێت و بە دەنگی بەرز رەخنە دەگرێت، ئەم دەنگە بەرزە ئازادە دەبێتە وەڵامی ئەو پرسیارە گەورەیەی كە سەدان ساڵ لەمەوپێش كراوە و رۆژانە دووبارە دەبێتەوە (ئایا رۆشنگەری چییە؟).
لەنێو ئایدۆلۆژیای شمولیدا، حزبی سیاسیی هۆكارێك نییە بۆ رێكخستنی پێداویستی خەڵك و نوێنەرایەتیكردنی خەڵك بۆ دابینكردنی پێداویستیەكان و چارەسەركردنی كەموكورتیەكان، بەڵكو حزبی سیاسیی خۆی ئامانجە و خەڵك هۆكارە بۆ ئەوەی ئەو حزبە لەبری ئەو خەڵكە قسە بكات و بڕیار بدات، بەدیوێكی دیكە لە ئایدۆلۆژیای شمولیدا حزب لەبەر رۆشنایی خواست و داواكاری خەڵك بەرنامە دانانێت، بەڵكو دەبێت خەڵك لەبەر رۆشنایی بەرنامەی حزبە سیاسییەكە ژیانی خۆی بگونجێنێت. ئەم حاڵەتە ئەو كاتە مەترسیەكەی دەردەكەوێت كە ئەو حزبە شمولیە بگاتە دەسەڵات، ئەوا لەبەر ئەوەی هاوكێشەی كۆمەڵگە تەواو پێچەوانە بۆتەوە و خەڵك ناچارە لەبەر رۆشنایی پرۆگرامی حزبەكە خۆی بگونجێنێت، ئەوا هەمیشە حزبە شمولیەكە سەركۆنەی ئەو هاووڵاتیانە دەكەن كە نەبوونە كۆیلەی جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیە، بۆ ئەوەی لە روانگەی ئایدۆلۆژیای ئەم حزبە شمولیەشەوە ئەو خەڵكانە ناچار بكرێن بەرنامەی حزبەكە جێبەجێ بكەن، ئەوا شێوازی جۆراوجۆری وەك دوورخستنەوە، پەراوێزخستن پیادە دەكات، لێرەوە ئەگەر تەواو بگەڕێینەوە ناو ئەو بازنەیەی ئایدۆلۆژیای حزبی شمولی تیا باڵادەستە، ئەوا هەست دەكەین لەناو ئەو بازنەیە ئەوە خەڵكە رەخنەی لێدەگیرێت، بۆیە خەڵك ئەو بوارەی لێداخراوە دیالۆگ بكات و رەخنە بگرێت، بۆیە یان ئەوەتا باڵادەستی حزبە شمولیەكە بارێكی خامۆشی كپكردنەوە بەسەر كۆمەڵگە دروست دەكات، وەك ئەو حزبە شمولیانەی وڵاتانی بلۆكی سۆشیالیستی پێشوو كە بۆ زیاتر لە 70 ساڵ كۆمەڵگەی داخراویان دروستكرد، یان وەك حزبی عەدالە و تەنمیەی ئیخوان موسلمینی میسر لەماوەی ساڵێكدا فەشەلی هێناو بە یەكجار زیاتر لە 30 ملیۆن هاووڵاتی دژی حكومڕانی ئیخوانەكان هاتنە سەر شەقامەكان و پاشان سوپا بۆ بەرژەوەندی 30 ملیۆن هاووڵاتی خۆپیشاندەر دەستێوەردانی كرد و محەمەد مورسی و ئیخوانەكانی لەدەسەڵات دوورخستەوە.
ئایدۆلۆژیای شمولی تایبەت نییە
بە ئاراستەی فیكرێكی سیاسیی دیاریكراو
خەسڵەتی هاوبەشی نێوان هەموو ئایدۆلۆژییە شمولیەكان لەو خاڵەدا بەرجەستە دەبێت، كە ئەم حزبانە خۆیان هەموو راستیەكانیان لایە و هاووڵاتی یان خەڵك لەو راستیانە تێناگەن، بۆیە لەسەر ئەم راستیانە گومان دروست دەكەن، لەم راستەوە ئەگەر سەیری ئایدۆلۆژیەتە جیاوازەكانی فیكری سیاسیی شمولی بكەین، راستە هەر حزبێك شێوازێك بەكاردەهێنیت لە هەڵسوڕاندنی حزبەكەی، بەڵام سەرەنجام یەك ئاكام، یان ئاكامی هاوبەش بەرهەمدەهێنن، هەر بۆ نموونە ئەگەر هەتا ئێستا تەنیا فیكری ئیسلامی سیاسیی كە ئایین دەكاتە ئایدۆلۆژیا و فیكری كۆمونیستی كە سۆشیالیزم دەكاتە ئایدۆلۆژیا، وەك دوو فیكری شمولی پێناسە كرابن، ئەوا لەگەڵ بەرەو پێشەوەچوونی فیكر و زانست، ئەو راستیە دەركەوتووە كە لەنێو هەموو فیكرێكی سیاسیی و فەلسەفیشدا، جۆرێك لە ئاڕاستەی شمولی هەیە، هەر بۆ نموونە بیرمەندی فەرەنسی لە كتێبی (رۆشنگەری كوێر كراو)) رەخنە لە عەلمانییەت دەگرێت كە پێشتر لە فەرەنسا پێڕەو كراوە ناوی لێناوە(سكۆلاریزمی كوێرانە) ئەم حاڵەتەی هاوتای فەندەمیتالیزمی ئیسلامی سیاسیی كردۆتەوە، لەمەش گرنگتر بیرمەندی گەورەی عەرەب محەمەد ئەرەگۆن لە كتێبی (لە منهاتنەوە بۆ بەغدا)، جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە چۆن ئیسلامی سیاسیی ئایینی كردۆتە ئایدۆلۆژیا، بە هەمان شێوە جۆرج دەبلیو بۆشیش لەدوای كارەساتی 11ی سێپتەمبەر، لیبرالیزمی كردۆتە ئایدۆلۆژیا و لەیەكەم كاردانەوەی بەرامبەر ئەو كارەساتە رایگەیاند ئەمە شەڕی كرۆسیدایە و ئەوەی لەگەڵمان نەبێت دوژمنمانە، تەنانەت لەبواری فیكر و فەلسەفەشدا، هەروەك چۆن كارل ماركس فەلسەفەی كرد بە ئایدۆلۆژیا و راستە توانی بۆ ماوەی زیاتر لەسەدەیەك ئەم فەلەسەفەیە بەهەموو جیهان بڵاوبێتەوە و تەنانەت جیهانی دابەشكرد بۆ بلۆكی سۆشیالیستی و وڵاتانی دیموكراتی و جیهانی سێهەم، بەڵام وەك بینیمان ئەم ئایدۆلۆژیەتە شمولیە پێكەوە لەبەر یەكهەڵوەشا، لەدوای شەڕی جیهانی دووەم بیرمەندانی ئەڵمانیا هەوڵیاندا بەجۆرێكی دیكە ئایدۆلۆژیای ماركسی راست بكەنەوە، لەمیانەی دامەزراندنی قوتابخانەی فرانكفۆرتیەوە، بەڵام دیسان لەگەڵ ئەوەی هەوڵیاندا ئەو هەڵانەی ماركس كردوونی ئەوان دووبارەی نەكەنەوە، بەڵام ئەوانی لەبەر ئەوەی تیۆری كۆمەڵگەیان بە تێوری رەخنە و رەتكردنەوە وەسف كرد، بۆیە ئەوانیش بە تایبەتی نەوەی یەكەمی قوتابخانەی فرانكفۆرتی كەوتنە ئەو هەڵەیەی كە پێیانوابوو قۆناخی مۆدێرنێتە كۆتایی هات و دەبێت قۆناخی پۆست مۆدێرنە دەست پێبكات، بەڵام هابرماس كە نەوەی دووەمی هەمان قوتابخانەیە ئەمەی راستكردەوە و لە هەردوو كتێبی (بەرژەوەندی و مەعریفە، گوتاری فەلەسەفی بۆ مۆدێرنە) هەموو ئەو چەقبەستنەی رەتكردەوە و دەرهاویشتە نەرێنییەكانی پێشكەوتنی زانستی خستەڕوو كە ئەم پێشكەوتنانە دەبنە هۆكاری بەرهەمهێنانی بەرژەوەندی بۆ مەعریفە، بۆیە هابرماس راشكاوانە جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە دەبێت بەرژەوەندی مەعریفە بەرژەوەندی رزگاری مرۆڤ بێت نەك بەرژەوەندی پێشكەوتنی ئامێر بۆ بە كۆیلەكردنی مرۆڤ، بۆ ئەمەش 3 داهێنانی لە چەمكە فیكرییەكان بەرهەم هێنا، ئەویش ئەوەیە كە دەبێت پەیوەندی نێوان ئەقڵ و كار و ئەخلاقی مرۆڤ لەگەڵ زەمەن، پەیوەندیەكی پێكەوەرۆ (التواصلی) بێت، بۆ ئەوەی لەهەموو زەمەنێكدا پرۆسەی مۆدێرنە بەردەوامی هەبێت نەك لە خاڵێكدا رابوەستێت، كە بێگومان وەك قوتابخانەی فیكری فەرەنسی جەختی لەسەر چەقبەستنی ئەو خاڵە دەكردەوە و ناوی لێنابوو كۆتایی مۆدێرنە، هابرماسیش هەستی بەو چەقبەستنە كردووە، بەڵام جیاوازی هابرماس لەگەڵ بیرمەندانی فەرەنسی ئەوەیە، بیرمەندانی فەرەنسی جاڕی كۆتایی مۆدیرنەیان دا، بەڵام هابرماس هەوڵدەدا، ئەو چەقبەستنە بكەوێتە جوڵە و بەردەوام بێت نەك رابووەستێت.
گەڕانەوە بۆ ئەم باكگراوەندە و بەراوردكاری نێوان فیكر و ئایدۆلۆژیا و وەرچەرخانی بەرەو شمولیەت، لە پێناوی ئەوەیە كە بڵێن هەر فیكرێك بكرێتە ئایدۆلۆژیا، ئەوجا ئەو فیكرە بەرهەمی مرۆڤ بێت، یان فیكرێكی ئاسمانی بێت، ئەوا لەبری ئەوەی بكەوێتە خزمەتی مرۆڤایەتی، ئەوا ئازادی مرۆڤ زەوت دەكات، هەر بۆنموونە فیكر و فەلسەفە كە دەكرێت بە ئایدۆلۆژیا، ئەوا دەقاودەق ئایدۆلۆژیا ئەركی فیكر و فەلسەفە پێچەوانە دەكاتەوە، لەبەر ئەوەی فیكر و فەلسەفە لەنێو وروژاندنی گومان و داهێنانی پرسیاردا بۆشایی لەنێوان هەیكەلی یەكبەستووی ئایدۆلۆژیا دروست و رێگەی نوێ بۆ ژیان دەدۆزیتەوە، دۆلۆز وتەنی داهێنانی چەمكی تازەیە لەنێوان سیستمی چەمكەكاندا، بەڵام ئایدۆلۆژیا داخستنی هەموو دەرگاكان و نەهێشتنی گومان و پرسیارەكانە بۆ ئەوەی بەیەك ئاڕاستە بەسەر ئەو رێگەیە بڕۆین كە ئەو ئایدۆلۆژیایە دیاری دەكات، ئەم حاڵەتە بۆ فیكری بەرهەمی مرۆڤ تا رادەیەك ئاساییە، بەڵام كاتێك ئاڵۆزی و ئیشكالیەت دروست دەبێت كە ئایینێكی ئاسمانی بكرێتە ئایدۆلۆژیای حزبێكی سیاسیی و بەناوی قورئان و خواوە سیاسەت بكات، ئەم تێكەڵكردنە كە تێگەیشتنی ئەقڵی مرۆڤ یان گرووپێك یان حزبێكی سیاسییە بۆ تێگەیشتن لە پەیامی پەروەردگار دەگۆڕێت بۆ خودی پەیامەكەی پەروەردگار، ئەوا دەبێتە هۆكاری ئەوەی ئاژاوە و ناسەقامگیری كۆمەڵایەتی و توندوتیژی لەكۆمەڵگە دروست بێت، ئەوا لەم حاڵەتەشدا كە ئایین دەكرێتە ئایدۆلۆژیەت، ئەو حزبە سیاسییە چەند خۆی بە میانڕۆ یان توندڕۆ بزانێت، سەرەنجام یەك ئاكام بەرهەم دەهێنن، هەر بۆ نموونە ئیسلامی سیاسیی توندڕۆ نموونەی بزووتنەوەی تاڵیبانی بەرهەمهێنا كە ئیمارەتی ئەفغانستانی دامەزراند، نموونەی ئیسلامی سیاسیی میانڕۆ ئیخوانەكانی میسرە، كە ئەم میسرەی ئێستای بەرهەم هێناوە كە هەموو جیهان لە دەرهاویشتەی تەنیا ساڵێكی خراپی حكومڕانی ئیخوانەكان و سەرۆكەكەی محەمەد مورسی دەترسن.
ئایدۆلۆژیای شمولی لە ژینگەی كراوە ناژی و
ژینگەی كراوەشی پێ داناخرێت
لە مێژووی فیكری سیاسیدا هیچ ئایدۆلۆژیەتێك وەك ئایدۆلۆژیەتی ماركسی بەهەموو جیهاندا بڵاونەبۆتەوە، تەنانەت لەنێو دەوڵەتانی لیبرال دیموكراتی ئەوروپا و ئەمریكاشدا ئەم ئایدۆلۆژیەتە پێگەیەكی گرنگی هەبووە و تەنانەت ئەو حزبە ماركسیانەشی كە لە ئەوروپا بڕیاریاندا بەشداری ژیانی پەرلەمانی بكەن، بۆ ماوەیەكی درێژ لە زۆربەری وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاوا و لەرێگەی سندوقی دەنگدانەوە دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست، كەواتە كێشەكە لێرەدا ئەوەنییە نابێت حزبێك بوونی هەبێت كە بڕوای بە سۆشیالیزم هەبێت، یان بەرنامەی بەو شێوەیە بێت یەكسانی و دادپەروەری لە كۆمەڵگە دابین بكات، هەروەها ئەمە مانای ئەوەنییە حزبێكی سیاسیی بوونی نەبێت كە بڕوای بە ئایین نەبێت، یان بەرنامە سیاسییەكەی بەرگری لە ئایین نەكات، نەخێر مەسەلەكە بەوجۆرە نییە، بەڵكو ئیشكالیەتی دروستبوونی شمولیەت لەو خاڵەوە سەرچاوە دەگرێت، كە ئەو حزبە سیاسییە عەلمانی بێت یان لیبرالی یان ئایینیی یان كۆمونیستی، كە پێی وابێت تەنیا رێگە بۆ رێكخستنی ژیانی كۆمەڵگە پیادەكردنی ئەو ئایدۆلۆژیەتەیە كە ئەو بەڕاستی دەزانێت، بۆیە لەم راستەوە كە باسیی ئایدۆلۆژیای شمولی دەكەین، مەبەستمان لە سەپاندنی تەنیا بۆچوونێك و رەتكردنەوەی تەواوی بۆچوونەكانی دیكەیە، ئەم جۆرە بۆچوونانە ئامانجیان ئەوەیە كۆمەڵگە بەشێوەیەكی گشتگیر وەك ئەو ئایدۆلۆژیەتە بیربكاتەوە و ببێتە كۆیلەی ئەو ئایدۆلۆژیەتە، لەم حاڵەتەدا كە ئامانجی ئەم ئایدۆلۆژیەتە پەرژینكردنی كۆمەڵگەیە، ئەوا هەر كەس بیەوێت ئەو پەرژینە بشكێنێت، دەبێتە دوژمنی ئەو ئایدۆلۆژیایە، بۆیە لە ئایدۆلۆژیای شمولی بەرهەمی مرۆڤدا، بەرنامەی حزبە شمولیەكان لەسەر بنەمای (جێبەجێكردن ئەوجا موناقەشەكردن) بەڕێوە دەچێت و لە ئایدۆلۆژیای حزبە سیاسییە ئیسلامیەكانیشدا لەسەر بنەمای (گوێگرتن و ملكەچكردن بۆ فەرمانە) بەڕێوە دەچێت، هەر كەسێك لەسەر ئەم بنەمایە لابدات ئەوە لەناو ئەو حزبانە جێگەی نابێتەوە، ئەگەر ئەندامی ئەو حزبانەش نەبێت، ئەوا بە ئایدۆلۆژیەتی ئیسلامی سیاسی تەكفیری دەكەن و بە ئایدۆلۆژیەتی شمولیش ناشرینی دەكەن.
كەواتە وەك پێشتر ئاماژەمان پێكرد لە هەموو ئایدۆلۆژییەتێكدا ئاڕاستەیەكی شمولی تێدایە، ئەوا لەناو هەموو فیكرێكی ئەو ئایدۆلۆژیایەش ئاڕاستەیەكی كرانەوە هەیە، بۆیە ئەگەر پێڕەوانی ئایدۆلۆژیەتێكی دیاریكرا و بگەڕێنەوە بۆ ئەو پاشخانە فیكرییەی ئەو ئایدۆلۆژیەتی لەسەر بونیادنراوە، بۆ ئەوەی دەستبەرداری ئەوەبن كە ئەمە تەنیا رێگە و تەنیا راستیە، ئەوا لەم حاڵەتەدا واتە داماڵینی شمولیەت لەو فیكرەی كراوە بە ئایدۆلۆژیەت، بۆیە لەم حاڵەتە دەكرێت فیكرەكە لەگەڵ كۆمەڵگەی كراوە بگونجێت، بەڵام بەمەرجێك قینی پەنگخواردوی خەڵك بەزۆر پەرژینەكە نەشكێنێت، یان كرانەوە وەك تاكتیكێك بۆ مانەوەی ئایدۆلۆژیەتە شمولیەكە پیادە نەكات، بۆیە لەم حاڵەتەدا، ئەوجا چی شكاندنی پەرژینی ئایدۆلۆژیەتەكە بێت یان ئایدۆلۆژیەتەكە وەك تاكتیكێك بۆ مانەوەی خۆی پەنای بۆ بەرێت دەبێتە سەرەتای كۆتایی ئەو ئایدۆلۆژیەتە شمولیە و چیتر لە كۆمەڵگە جێگەی نابێتەوە، لێرەدا دەكرێت چەند نموونەیەك ئاماژە پێبكەین:
1. كاتێك گۆرباچۆف پرۆسەی كرانەوە((گلاسنۆست)ی راگەیاند، گەیشتبووە ئەو قەناعەتەی كە چیتر ناتوانرێت لەو كۆمەڵگە داخراوەدا هەنگاو هەڵبگیرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی حزبی شیوعی سۆڤیەتی قەناعەتی بەو كرانەوەیە نەبوو، نەیتوانی دەستبەرداری شمولیەت بێت، بۆیە وردە وردە لەناو پرۆسەی كرانەوەدا پوكایەوە و بەرووخانی دیواری بەرلین 1989، گەیشتە ئەوەی ئیمپراتۆریەتی كۆمارەكانی یەكێتی سۆڤیەت لەبەر یەك هەڵبوەشێت و سەرەتای كۆتایی ئایدۆلۆژیەتی كۆمونیستی وەك ئایدۆلۆژیەتێكی شمولی لەهەموو جیهاندا كۆتایی پێ بێت، ئەم دیاردەیەی یەكێتی سۆڤیەتی پێشان ئەو بەڵگە مێژووییەمان بۆ دەردەخات، ئایدۆلۆژیەتی شمولی لەناو ژینگەی كراوەدا دەمرێت و جێگەی نابێتەوە.
2. میسری سەردەمی موبارەك بەهەموو لایەنە خراپەكانییەوە و بەهەموو ئەو خۆسەپاندنەی كە رژێمی موبارەك پیادەی دەكرد، هێشتا لەرووی كۆمەڵایەتی و هونەریەوە كراوە بوو، شۆڕشی 25 ینایری 2011 بۆ كرانەوەی زیاتر و دادپەروەری كۆمەڵایەتی هاتە ئاراوە، بۆ ئەوە بەرپا نەبوو، بۆ ئەوەی كۆمەڵگەی میسری بكرێتە كۆمەڵگەیەكی داخراو، بۆیە دوای ئیخوان موسلیمین دەسەڵاتی گرتە دەست، لەبری ئەوەی كار بۆ ئامانجەكانی شۆڕشی گەلی میسر بكات، هات كاری بۆ ئامانجی ئایدۆلۆژیەتی سیاسی ئیخوان موسلیمین كرد، ئەمەش لەبری ئەوەی دەوڵەت بەو شێوەیە رێكبخاتەوە كە گەلی میسر شۆڕشی لەپێناودا كرد، هاتن بەو جۆرە دەستیان پێكرد میسر بگۆڕن بۆ دەوڵەتێك لەسەر مۆدیلی ئیخوان موسلمین، ئەمەش واتە ئەو پەراوێزی كرانەوەی لەمیسر هەبوو ئەویش نەهێڵن و كۆمەڵگەی میسر بكەنە كۆمەڵگەیەكی داخراو، ئەمە بووە هۆكاری ئەوەی ئەگەر لەدژی رژێمەكەی موبارەك یەكدوو ملیۆن هاووڵاتی رژابنە نێو مەیدانەكانی تەحریر، ئەوا بۆ لابردنی مورسی زیاتر لە 30 ملیۆن هاووڵاتی رژانە سەر شەقامەكان و داوای لابردنی مورسیان كرد. كەواتە ئەمەش پێمان دەڵێت، ئایدۆلۆژیای شمولی ناتوانێت كۆمەڵگەی كراوە بكاتە كۆمەڵگەیەكی داخراو. بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا ئیخوان موسلمین دوای ئەم فەشەلە گەورەیە جارێكی دیكە بەشداری لە پرۆسەی سیاسی میسر دەكەنەوە، بێگومان وەك ئەبوفەزل ئەسناوی سكرتێری نووسینی گۆڤاری سیاسەتی نێودەوڵەتی لە قاهیرە بە گوڵانی راگەیاند، لابردنی مورسی و نەمانی ئیخوان موسلیمین لە حكومڕانی میسر مانای كۆتایی هاتنی ئیسلامی سیاسی نییە، هەروەها ئیخوان موسلیمینیش دەتوانێت بەشداری پرۆسە سیاسییەكە بكاتەوە ئەگەر هانی توندوتیژی نەدات و ئەوەی قبوڵ بێت ئاراستەی شۆڕشەكە راستبكرێتەوە، ئەگەر لەم لێدوانەی ئەبوفەزل سەرنج بدەین، بێگومان لێدوانەكە داواكردنە بۆ دەستبەردار بوون لە ئەقڵی شمولی و هەنگاو هەڵگرتن بۆ كرانەوە، خۆ ئەگەر ئەمە نەكەن، ئەوا ئەم فەشەلەی ئیخوان دەبێتە سەرەتای كۆتایی هەموو لقەكانی ئیخوان موسلیمین لە تەواوی ناوچەكەدا.
سەرەتای كۆتایی
ئایدۆلۆژیەتی ئیسلامی سیاسیی
ئەو حزبە سیاسییانەی خۆیان بە پاشكۆی ئیخوان موسلیمینی میسر دەزانن، یان مەترسی ئەوەیان هەیە فەشەلی ئیخوانەكان كاریگەری راستەوخۆ و ناراستەوخۆی بۆ ئەو ئاڕاستە سیاسییە هەبێت كە حزبەكانیان ئاڕاستە دەكەن، ئەوا ئەم گۆڕانكارییەی میسر و دوورخستنەوەی ئیخوانەكان و سەرۆكەكەی لە حكومڕانی، بە كودەتایەكی سەربازی ناودەبەن بەسەر دیموكراتیدا، پرسیار لێرەدا ئەوەیە تەنیا هەڵبژاردن مەحەكە بۆ شەرعیەتی حكومڕانی؟ ئایا سلۆبۆدان میلۆسۆڤیچی سەرۆكی یوگسلافیای پێشوو سەرۆكێكی هەڵبژێردراو نەبوو؟ ئەمە لەكاتێكدا ناتۆ دەستێوەردانی كرد و نەك هەر لەدەسەڵات دووریان خستەوە، بەڵكو رەوانەی دادگای باڵای لاهایان بۆ تاوانەكانی جەنگ كرد، ئەمەش مانای ئەوەیە كە كار گەیشتە ئەوەی لەنێوان بەرژەوەندی وڵات و پاراستنی هاووڵاتیان و شەرعیەتی سندوقی دەنگدان یەكێكیان هەڵبژێرێت، ئەوا نەك سوپا، بەڵكو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئەو شەرعیەتەی سندوقی دەنگدان قبوڵ ناكات كە بۆ سەركوتكردنی گەلەكەی بەكار بهێنرێت، لە مەسەلەی لابردنی مورسی و دوورخستنەوەی ئیخوانەكان لە حكومڕانی، مەسەلەكە هێشتا بەوجۆرە نییە كە حزبەكانی سەر بەئیخوان یان حزبە ئیسلامیە سیاسییەكان تەفسیر و تەئویلی بۆ دەكەن، لەبەر ئەوەی:
1. ئەو بزاڤەی بەناو یاخیبوون (تمرد) بۆ یاخیبوون و رەتكردنەوەی حكومڕانی ئیخوان و مورسی لە میسر دروست بوو و زیاتر لە 30-40 ملیۆن ئیمزای بۆ كۆكرایەوە، ئامانج لێی ئەوەبوو، سەرۆكی لەكارلابراوی میسر وەڵامی داخوازییەكانیان بداتەوە و دەستبەرداری سیاسەتی بەئیخوانكردنی دامەزراوەكانی دەوڵەت بێت، بەڵام لەلایەن سەرۆكی لەكارلابراو حكومەتەكەی ئیخوانەوە وەڵامنەدرانەوە.
2. ئەو خەڵكانەی كە دژی شێوازی خراپی حكومڕانی مورسی و ئیخوان بوون، تەنیا خەڵكانی عیلمانی نەبوون كە نەیانەوێت گروپێكی ئیخوان موسلیمین حكومڕانی بكات، بەڵكو بێجگە لە هەوادارانی ئیخوان، هەموو میسر بە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینە جیاوازەكانەوە، تەنانەت بە حزبی نوری سەلەفیشەوە دژی حكومڕانی ئیخوان موسلیمین و مورسی بوون، لە رێوڕەسمی خوێندنەوەی بەیانی دەستەی ئەركانی سوپای میسر، دانانی مەنسور عەدلی بەسەرۆكی وڵات بەشێوەیەكی كاتی، شێخی ئەزهەر و بەتریارێكی قیبتیەكان و نوێنەری تەواوی لایەنە سیاسییەكانی میسر ئامادەبوون، ئەمەش مانای ئەوەیە ئیخوان موسلیمین بەتەنیا مابوونەوە و نەدەكرا سوپا پشتگیری لە دیكتاتۆرێك بكات و دژی گەلەكەی خۆی رابوەستێت.
3. لەگەڵ ئەوەی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا و ئەمریكا، وەك هەڵوێستێك بۆ پشتگیری لە دیموكراتی و رێگەنەدان بە دەستێوەرنەدانی سوپا لەكاروباری مەدەنیدا، هەڵوێستێكی ئاشكرایان وەرنەگرتووە بەوەی ئەم دەستێوەردانە كودەتایە، لەگەڵ ئەوەشی ئان پەترسۆن باڵیۆزی ئەمریكا لەگەڵ لابردنی مورسی بەوجۆرە هەڵوێستی دەربڕی كە ئەمە رەفتارێكی نادیموكراتیانەیە، هەروەها لەگەڵ ئەوەی حزبی كۆماری ئەمریكا لە كۆنگرێس داوا دەكات، ئەم دەستێوەردانە بە كودەتا لەقەڵەم بدرێت، بەڵام ئاراستەی سیاسەتی ئیدارەی ئەمریكی هەتا ئێستا بەوجۆرەیە كە بە كودەتا ناوی نەبات، لەبەر ئەوەی ئەگەر بە كودەتا ناوی بەرێت، ئەوا دەبێت بەپێی یاساكانی ئەمریكا ئەو هاوكارییە لە میسر ببڕێت كە ساڵانە بەو وڵاتەی دەدات، ئەوجا لەبەر ئەوەی هەتا ئێستاش ئەو یارمەتیە بەردەوامە، ئەوا پێناچێت نە ئەمریكا نە دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا وەك كودەتا هەڵوێست بەرامبەر میسر وەربگرن.
4. هەڵوێستی عەرەبستانی سعودی بە تەرخانكردنی 5 ملیار و ئیمارات بە 3 ملیار و كوەیت بە 3 ملیار، كە دەكاتە 11 ملیار دۆلار هاوكاری كە بەشێكیان یارمەتی نەختیە و بەشێكی قەرزی دوورمەودای بێ وەرگرتنی سوودە لەبەرانبەردا، بۆ ئێستای میسر زۆر گرنگە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی هێشتا قەتەر هەڵوێستی خۆی نەگۆڕیوە سەبارەت بەراگرتنی ئەو 8 ملیار دۆلارەی كە پێشتر وەك هاوكاری بە میسری دابوو.
5. لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی، زۆربەی زۆری وڵاتانی عەرەبی بە لابردنی مورسی و دوورخستنەوەی ئیخوان لە حكومڕانی خۆشحاڵن، لەسەر ئاستی ناوەندەكانی توێژینەوە و لێكۆڵینەوە لەرۆژئاوا، ئەو ناوەندانەی راوێژ دەدەنە حكومەتەكانیان، هەموو داوای ئەوە دەكەن، پشتگیری میسر لەم قۆناخە بكرێت بۆ ئەوەی رێڕەوی شۆڕشی میسر راست بكرێتەوە و میسر وەك گەورەترین و گرنگترین وڵاتی عەرەبی هەنگاو بەرەو دیموكراتی هەڵبگرێت، هەروەها لەبەر ئەوەی هەتا ئێستا هاوكارییەكانی بانكی نێودەوڵەتی بۆ میسر رانەگیراوە، ئەمەش مانای ئەوەیە بانكی نێودەوڵەتی ئەم دەستێوەردانەی سوپای بە كودەتا لەقەڵەم نەداوە.
ئەو خاڵانەی ئاماژەمان پێكردن، هەموویان لە میدیاكاندا رۆژانە باسی لێوە دەكرێت، بە مانایەكی دیكە راستە جیهانی ئەمڕۆ لەگەڵ دەستێوەردانی سەربازی نییە بۆ حكومەتێكی هەڵبژێردراو، بەڵام كە كار گەیشتە ئەوەی هەڵبژاردن لەنێوان رێگە چارەی خراپدا بكرێت، ئەوا گومانی تێدانییە، ئەو خراپە هەڵدەبژێردرێت كە كەمترین زیانی هەیە، ئەوەش لابردنی مورسی و دووركەوتنەوەی ئیخوانەكان بوو، نەك پشتكردنە گەلی میسر.
لەم واقیعەدا كە ئێستا ئیخوانەكان دەیانەوێت بە پیادەكردنی توندوتیژی خۆیان فەرز بكەنەوە و بگەڕێنەوە بۆ دەسەڵات، زۆر لە راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، كە رێكخراوی ئەلقاعیدە لەسەر زاری ئەیمەن زەواهیری سەرۆكی ئەو رێكخراوە پشتگیری خۆی بۆ ئیخوانەكان دەربڕیوە و ئیخوانەكانیش بڕیاریانداوە كە میسر بكەنە ئەفغانستانێكی دیكە، ئەم حاڵەتە ئەوەمان پیشاندەدا، كە لابردنی مورسی و دوورخستنەوەی ئیخوان لە حكومڕانی، شكستێكە بۆ ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی بە هاوشێوەی هەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو، كە بووە سەرەتای كۆتایی ئایدۆلۆژیەتی شیوعی (بەو شێوە شمولیەی كە بانگێشەی بۆ دیكتاتۆریەتی پرۆلیتاریا دەكرد)، جیهان بەتەواوی بە هاووڵاتیانی ئێستای روسیاشەوە ئەو ئایدۆلۆژیەتە شمولیەیان رەتكردەوە، ئەمەش دەبێتە سەرەتای ئەو كۆتاییەی نەك هەر میسرییەكان بەڵكو هەموو هاووڵاتیانی جیهانی ئیسلامی لەو رەوتە ئیسلامیانە دوور بكەنەوە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا ئەمە بەمانای كۆتایی هاتنی دیاردەی ئیسلامی سیاسیی دێت؟ لەوەڵامدا دەڵێین نەخێر بەو مانایە نایەت، بەڵكو بەو مانایە دێت كە سیمای شمولی لەو ئایدۆلۆژیەتە بكرێتەوە و وەك حزبێكی دیموكراتی مامەڵە لەگەڵ دامەزراوەكانی دەوڵەت بكەن، نەك دەوڵەت و دامەزراوەكانی بكەنە میزاجی ئایدۆلۆژیەتی سیاسیی خۆیان و هەوڵبدەن دەوڵەت لە دەوڵەتێكی مەدەنییەوە بگۆڕن بۆ دەوڵەتی حزبێكی ئیسلامی سیاسی.
Top