ئەبولفەزڵ ئەلئیسناوی: ئیخوان موسلمین ئەگەر پەنا بۆ توندوتیژی ببات، ئەوەی بە 80 ساڵ بینای كردووە بەدەستی خۆی دەیڕوخێنێت

ئەبولفەزڵ ئەلئیسناوی: ئیخوان موسلمین ئەگەر پەنا بۆ توندوتیژی ببات، ئەوەی بە 80 ساڵ بینای كردووە بەدەستی خۆی دەیڕوخێنێت
ئەبولفەزڵ ئەلئیسناوی سكرتێری نووسینی گۆڤاری (السیاسة الدولیة) كە لەسەنتەری ئەهرام دەردەچێت و یەكێكە لە تۆژەر و شرۆڤەوانە بەتواناكانی میسر و تایبەتمەندە لە بواری ئیسلامی سیاسی، پەیامنێرمان لە قاهیرە سەبارەت بە ئاییندەی ئیخوان موسلمین دوای دووركەوتنەیان لە حكومڕانی، چەند پرسیارێكی ئاڕاستەكردووە و بەمجۆرە رای خۆی بۆ گوڵان خستۆتەڕوو.
((پێموانییە بە لادانی سەرۆك محەمەد مورسی و دەرچوونی ئیخوان موسلمین لە حوكمڕانیی، دیاردەی ئیسلامی سیاسی لە میسر كۆتایی بێت، لەبەر ئەوەی ئیسلامی سیاسیی خۆی لە چەندین رێكخراو و پێكهاتەدا دەبینێتەوە لەوانە سەلەفییەكان بە هەردوو باڵی سیاسییانەوە(حزبی نور و حزبی وەتەن)یان كۆمەڵی ئیسلامی ئەویش بریتییە لە باڵە سیاسییەكەی حزبی بینا و تەنمیە، یاخود كۆمەڵی ئیخوان موسلمین كە بەم دواییە لە دەسەڵات لادرا، بۆیە من وای دەبینم یان خوێندنەوەی من بۆ ئیسلامی سیاسی لە دوای گۆڕانكارییەكانی 30 یۆنیۆ، حزبە سیاسییە ئیسلامیەكان دەبێت دوو لەو رێچكانە بگرێتەبەر:
رێچكەی یەكەمیان: بەشداری كردنێكی سنووردار، واتا دیاردەی ئیسلامی سیاسی هەر بمێنێت، هێزی رێكخستن و پاڵپشتی دارایی و مانەوی بۆ رەوتی سەلەفی بەهۆی هەڵوێستە گشتییەكەی لە ئاكامەكانی درێژەدان بە شۆڕشی 25ی یەنایەر لە 30 یۆنیۆدا، هاوكات دەستپێشخەریان هەبێت بەوەی رێگە بەكاری توندوتیژی نەدەن، هەروەها قایلبن بە راستكردنەوەی رێبازی شۆڕش، ئەمانە دەبنەهۆی ئەوەی ئەو حزب و رەوتە ئیسلامییانە لەگەڵ قۆناغە تازەكەدا بگونجێن، هەتا ئەگەر بە شێوەیەكی كەمیش بەشداری لە پەرلەماندا بكەن لە میانی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمان، بە چاوپۆشی لە بیروبۆچوون و هەڵوێستەكانی جەماوەر بەرامبەر بە رەوتەكانی ئیسلامی سیاسی، ئەویش بە هۆی ئەو توندوتیژییەی كە گرووپی ئیخوان موسلمین لە شەقامی میسریدا بەرپایان كردووە دوای لابردنی سەرۆكەكەیان، بۆیە دەرئەنجام ئەوەمان بۆ روون دەكاتەوە كە دیمەنی ئیسلامی سیاسی لە میسر بەبێ ئیخوانیش بەردەوام دەبێت تەنانەت ئەگەر قایل نەبوون بەشداریی سیاسییش بكەن.
رێچكەی دووەم: پاشەكشەیەكی رێژەییانەی دیاردەی ئیسلامی سیاسی بۆ ماوەیەكی درێژ لە نێوان 5 تا 10 ساڵ، هەروەكو ئەوەی كە لەگەڵ رەوتە ئیسلامیەكانی جەزائیر روویدا، بەڵام ئەم رێچكەیە دەوەستێتەسەر خێرایی دەرك پێكردنی گرووپی ئیخوان موسلمین بە هەڵەكانی و دووركەوتنەوە لە توندوتیژی و دانووستان لەگەڵ شەقامی سیاسی.
لەبەرامبەر ئەمەدا دەكرێ ئاماژە بە چەند سیناریۆیەك بدرێت كە پەیوەستە بە رەفتاری گرووپی ئیخوان موسلمین لەهەمبەر پێكهاتەكانی دەوڵەتی میسری.
سیناریۆی یەكەم: ململانێی سەربازی، واتا گرووپی ئیخوان واز لە كاری سیاسی دێنن و پەنا دەبەنەبەر توندوتیژیی چەكدارانە، وەك بژاردەیەك بۆ دووپاتكردنەوەی شەرعییەتی سەرۆك مورسی، دیارە ئەم سیناریۆیەش پشت دەبەستێ بە شێوازی رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ دەسەڵاتی تازەدا بە سەرۆكایەتی سەرۆكی كاتی عەدلی مەنسور، لەپاڵ بەرزكردنەوەی چەك بەڕووی ئەو میسرییانەی پشتگیریی 30 یۆنیۆ دەكەن، بۆیە لە حاڵەتێكدا ئەم سیناریۆیە روویدا ئەوا گرووپی ئیخوان موسلمین ئەوەی 80 ساڵە بینایان كردووە هەمووی دەدۆڕێنن، تەنانەت ئەمە دەبێتە هۆی كۆتایی هاتنی پرۆژەی ئیسلامی سیاسی بە هەموو پێكهاتەكانییەوە، ئەم سیناریۆیە رێك وەكو ئەوەی جەزائیرە كە لەئاكامدا كوژرانی 100 هەزار كەسی لێكەوتەوە.
سیناریۆی دووەم: پاشگەزبوونەوەی ئەو لایەنە توندڕۆیانەن جا لە هەندێ لە سەرانی ئیخوان موسلمین بێت یان لە رەوتی سەلەفی جیهادی لە سینا، لەم سیناریۆیەدا توندوتیژخوازان دەرك بەوە دەكەن كە بەردەوامبوونیان لەم رەفتارەدا هەڕەشەیە بۆ سەرجەم پرۆژەی ئیسلامی، دواتر رایدەگەیەنن كە گەڕانەوە بۆ دیالۆگی سیاسی پێویستە و لە بەرژەوەندیی ئاییندایە. رەنگە لایەنگرانی ئەم سیناریۆیە براگماتییە چاكسازیخوازەكان بن لەنێو گرووپی ئیخوان موسلمین، كە داوایان لە مورسی كردبوو ركابەریی نەكات لەگەڵ داخوازیی گەل بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، هەروەها پەنا نەباتە بەر توندوتیژی هەروەكو حەسەن بەننا گوتویەتی: ((ئەوانەی چەك بەكاردێنن ئیخوان نین و موسڵمانیش نین)) بۆیە وا چاوەڕوان دەكرێت ئەگەر ئەم سیناریۆیە جێبەجێكرا، ئەوا زۆر بە خێرایی بەڕێوە دەچێت، بە تایبەتی بەپێی پرانسیبی گوێڕایەڵی توند كە لە نێو ئیخواندا بوونی هەیە.
سیناریۆی سێیەم: بریتییە لە دووبارەكردنەوەی ئەزموونی(ئەربەكان- ئەردۆغان)كە ئەردۆغان توانی تەنگژەی زیندانی كردنی ئەربەكان بقۆزێتەوەو جارێكی دیكە بزووتنەوەی ئیسلامی بنیادبنێتەوەو بگاتە كورسیی دەسەڵات، ئەم سیناریۆیەش ئەوە دەخوازێت كە ئیخوان بە خێرایی شكستی خۆیان بەلاوەبنێن و لۆژیك بەسەر سۆزدا زاڵبكەن، ئەم سیناریۆیەش پێویستی بە پێداچوونەوەیەكی بە پەلەو ناوخۆی ئیخوان هەیە، واتا بە زووترین كات سەركردە كۆنەكانیان بە سەركردەی گەنج بگۆڕنەوە كە بۆچوون و دیدێكی سەردەمیانەیان هەیە.
بە بۆچوونی من ئەمەش پێویستی بە دەرچوون لەم تەنگژەیە هەیە لەوانەی كە دوای 30ی یۆلیۆ دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە ئەویش بە میانگیریی سیاسی بە تایبەتیش لە سەركردایەتییە ئایینییەكانی حزبی نور و دەعوەی سەلەفی كە بەشداربوون لە داڕشتنی نەخشەڕێگای تازە بۆ قایلكردنی ئیخوان تاكو واز لە رێچكەی توندوتیژی بهێنن كە دوای 30ی یۆنیۆ سەری هەڵدا، بە تایبەتی كە فتوایەك لە دكتۆر یاسر بەرهامی گەورە شێخی دەعوەی سەلەفی هەیە كە(شەرع رێگە ناگرێت لە بانگەوازكردن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆكایەتی لەپێناو نەڕشتنی خوێن)، لێرەدا پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بكەین كە ستراتیژییەتی تێكەڵكردنی گرووپی ئیخوان موسلمین و گرووپی لایەنگرانی ئەو لە گرووپەكانی دیكەی ئیسلامی سیاسی لە حاڵەتێكدا ئەگەر وازیان لە توندوتیژی هێنا، ئەمە لە دەسەڵاتی كاتی دەخوازێت كە چەندین داواكاری بەدی بهێنێت، لەوانە لانەدانی هیچ گرووپێكی ئیسلامی سیاسی لە پرۆسەی سیاسیی ئێستای وڵات، هەروەها گفتوگۆی سیاسیی بەردەوام هەر لەگەڵ وەستانی توندوتیژی لەلایەن گرووپی ئیخوان موسلمینەوە تاكو ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێزی سیاسی بێتەئاراوە، لە جیاتی ئەوەی ببنە میلیشیاو بە شەقامەكاندا بڵاوببنەوە و لە مەیدانەكان دژی سوپاو پۆلیس و هاووڵاتیانی سڤیل سەنگەربگرن، هەروەها پێویستە دەسەڵاتی ئێستای میسر پەلاماری سەركردەكانی ئیخوان نەدەن و دەستگیریان نەكەن تەنیا بە یاسا نەبێت، لە هەمان كاتیشدا حزبە مەدەنییەكان گوتاری سیاسییان بەرامبەر گرووپەكانی ئیسلامی سیاسی سووكتر بكەن، پێویستیشە گەنجانی توندڕۆی ئەم گرووپانەش هۆشیاربكرێنەوە كە ئەگەر لەو توندوتیژییە بەردەوام بن ئەوا وڵاتەكە بەرەو شەڕی ناوخۆ دەبەن.
Top