فیلیپ کۆرکیوف بۆ گۆڤاری گوڵان:مارکسیستەکان رێگا نادەن ئەو دیوە نەخوێنراوانەی مارکس هەڵدەینەوەو بیانخوێنینەوە

فیلیپ کۆرکیوف بۆ گۆڤاری گوڵان:مارکسیستەکان رێگا نادەن ئەو دیوە نەخوێنراوانەی مارکس هەڵدەینەوەو بیانخوێنینەوە
فیلیپ کۆرکیوف، پرۆفیسۆر لە زانکۆی لیۆن، ئەو سۆسیۆلۆگەیە کە بیریارە عەرەبەکان، لە جابرییەوە تا حەرب، وەك سەرچاوەی تێگەیشتن لە فیکری فەرەنسی پۆست 68 بەکاری دەهێنن. عەلی حەرب دەڵێت: بۆ تێگەیشتن لە پیەر بۆردیۆ، دەبێت بە فیلیپ کۆرکیوفدا تێپەڕین. ئەم قسەیەی حەرب، هەرچەند زیاد‌ڕەوی تیادایە، بەڵام بە جۆرێك لە جۆرەکان دەمانباتەوە سەر ئەو واقیعەی کە کۆرکیوف دروستی کردووە. گومانی تیادا نییە کە ئەو یەکێکە لەو بیریارانەی کە ناتوانێت لەبەرامبەریدا بێلایەن بیت، یەکێکە لەو کەسانەی کە تێزەکانی یان دەتکاتە ‌دۆست یان ناحەز. بۆ بەشێك لە فەرەنسیەکان کۆرکیوف«مونەزیڕ»و وەك سەرچاوەی ئیلهام تەماشای دەکەن، بەڵام بۆ بەشێکی دیکە لە خراپترین رۆشنبیرانی مێژووی فەرەنسایە. بەڵام لە راستیدا حەقیقەت نە لای دۆستەکانیەتی نە لای ناحەزەکانی. بۆ تێگەیشتن لە کۆرکیوف باشتر وایە کە گوێ لە خۆی بگیرێت.مونەزیڕی پۆست پیەر بۆردیۆ، پۆست کارل مارکس، پۆست ئێمیل دۆرکایم، لە سیمینارەکانی کۆرکیوفدا کە بە سەدان کەس هەفتانە بەشداری تیادا دەکەن، دەیبەیتێکی هەمیشە بەڕێوەیە. کۆرکیوف، کە رۆژێك لەلایەن‌ زانکۆکانی یابان و رۆژێکی دیکە لەلایەن زانکۆکانی بەرازیلەوە داوەت دەکرێت، چەند لەسەر ئاستی جیهان دەکشێت، هێندەش خۆی خاکی دەکاتەوەو نایەوێت لە ژیانی رۆژانەی پرۆژە سیاسییەکان دوور بکەوێتەوە. پارادۆکسی کۆرکیوف لەوەدایە کە لەیەک کاتدا سۆسیۆلۆگێکی گەورەیەو لە گرووپێکی چەپی چەپیشدا سیاسەت دەکات و پێیوایە ئەم دوو چالاکییە هیچ لێکدژییەك لە نێوانیاندا نییە.
سازدانی گفتوگۆ: عادل باخەوان
گوڵان: ئێوە یەکێکن لەو سۆسیۆلۆگانەی کە زیاتر لە بیست ساڵە لەسەر سۆسیۆلۆژیای پیەر بۆردیۆ کارتان كردووە‌، بە رادەیەك کە لە ئێستادا توانیوتانە رووبەرێکی دیکە دروست بکەن بەناوی رووبەری پۆست پیەر بۆردیۆ. ئەوەی لێرەدا بەلای ئێمەوە گرنگە، چۆنییەتی روانینی ئێوەیە بۆ پیەر بۆردیۆ و پاشان چۆنیەتی دروستکردنی رووبەری پۆست پیەر بۆردیۆیە.
فیلیپ کۆرکیوف: سۆسیۆلۆژیای پیەر بۆردیۆ زانستێکی «رەخنەییە» کە کلیک لەسەر زنجیرەیەك ستراکتۆری کۆمەڵایەتی دەکات. ئەم ستراکتۆرانە لەیەک کاتدا لەلایەن جەستەی مرۆڤ و دەزگاکانەوە هەرسکراون. بۆردیۆ ئەم پرۆژەیە لە رێگای دوو چەمکی سەرەکییەوە جێبەجێ دەکات؛ چەمکی ئەبیتیوس (جیهان بەو شێوەیەی کە کەسەکان به ‌شێوەیەکی ناوشیارانە رایدەکێشنە نێو جەستەی خۆیانەوە)، هەروەها چەمکی کێڵگه ‌(کە رووبەری هەموو ئەو دەزگایانەیە کە ئەو ستراکتۆرە کۆمەڵایەتیانە دەخاتە نێو رەوتی بابەتی بوونەوە).
لە سۆسیۆلۆژیای بۆردیۆدا کۆمەڵگە بریتییە لە پانتایی بەیەکگەیشتن و بەریەککەوتنی هەردوو چەمکی ئەبیتیوس و کێڵگە کە دواتر زەبروزەنگی رەمزیش وەك چەمکی سێیەم دێت و دەستوەر دەداتە نێو رەوتی رووداوەکانەوە. زەبروزەنگی رەمزی بریتییە لە چوارچێوەی«نا-ئیرادی» داننان بە هەژموونی هەژموونداران لەلایەن هەژموون لەسەرکراوەکانەوە. هەژموون لەسەرکراو پێدەنێتە نێو کردەی هەژموونەوە و ئینتیمای پێوەدەکات، چونکە وەك دۆخێکی ئاسایی تەماشای دەکات و پێیوایە هیچ گرفتێکی تیادا نییە کە لەلایەن هەژمووندارەوە هەژموونی بەسەردابکرێت. ئەم کەسە وشیار نییە بەوەی کە ئەوەی روودەدات، جۆرێکە لە هەژموونی تاک لایەنانەی بیناکراو لەسەر بەرژەوەندی ئەویتر.
ئەمە چوارچێوەی گشتی سۆسیۆلۆژیای رەخنەیی پیەر بۆردیۆیە. ئێمە لە رێگای زنجیرەیەك توێژینەوەی تیۆری و مەیدانیی رەخنەییەوە‌ هەوڵمانداوە چەند تێزێکی دیکە گەشە پێ بدەین و پاشان پانتایی پیەر بۆردیۆ تێبپەڕێنین. لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا لەگەڵ لوك بۆلتانسکی و لۆران تیڤنۆدا، شتێکمان دروستکرد بەناوی سۆسیۆلۆژیای پراگماتیك کە کاری لەسەر دینامیکی «ئەنتەرئەکسیۆن»، توانایی رەخنەگرانەی ئەکتەر لەبەرامبەر ستراکتۆرە کۆمەڵایەتیەکاندا دەکرد، ئەکتەرێك کە بەتەواوی و ناوشیارانە هەژموونی بەسەردانەکراوە، بەڵکو دەتوانێت قسەبکات و تواناکانی خۆی بەردەوام بۆ ململانێ بانگهێشت بکات. لەپەنای ئەم پرۆژەیەی ئێمەدا، سۆسیۆلۆژیای پیەر بۆردیۆ دەکەوێتە ژێر شاڵاوی رەخنەی فەلسەفیشەوە، بەتایبەتی ئەوانەی کە کار لەسەر فەلسەفەی سیاسی بەگشتی و هەژموون و رزگاری بەتایبەتی دەکەن. رەخنەی ئەم فەیلەسوفانە لە بۆردیۆ ئاڕاستەی ئەو تێزانەی کراوە کە بەهیچ شێوەیەك دەرگا لەسەر رزگاربوونی ئەکتەر لە هەژموون ناکەنەوەو وا ئەکتەر وێنادەکەن کە لە زیندانێکی کۆمەڵایەتی هەمیشەییدا بێت. ئەم فەیلەسووفانە وەك ئێمە، کلیک لەسەر تواناییەکانی خۆ رزگارکردن لە هەژموون و چوونە‌ دەرەوە لە نا دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەکەن. ئەوان پێیانوایە هەموو سۆسیۆلۆژیای پیەر بۆردیۆ لەسەر نایەکسانی کۆمەڵایەتی دروستکراوە، بەڵام ئەم سۆسیۆلۆژیایە ناتوانێت پێمان بڵێت: چۆن لە نایەکسانی کۆمەڵایەتی بێینە دەرەوە.
بۆلتانسکی لە دوا کتێبیدا بەناوی«سەبارەت بەڕەخنە»و منیش لە دوا کتێبمدا بەناوی «رەخنەی کۆمەڵایەتی بەرەو کوێ»، هەوڵمانداوە کە لەیەک کاتدا رووناکی بخەینە سەر کۆی ئەو ستراکتۆرە کۆمەڵایەتیانەی کە هەلومەرجی هەژموونی کەسێك بەسەر کەسێکی دیکەدا ئامادە دەکەن، بەڵام لەهەمانکاتدا رووناکیمان خستووەتە سەر تواناییەکانی خودی هەمان هەژموون لەسەر کراو بۆ چوونە ‌دەرەوە و خۆ رزگارکردن. واتە تەواو بە پێچەوانەی پیەر بۆردیۆوە ئێمە ئەکتەری کۆمەڵایەتی ناخەینە نێو زیندانێکی هەمیشەییەوەو پێمانوایە کە یەکجار بۆ هەمیشەیی مەحکومە.
گوڵان: بەڵام ئێوە لە یەکێك لە کتێبەکانتاندا بەناوی «پیەر بۆردیۆ: لەرزۆکیەکانی سۆسیۆلۆگێك»، باس لە چەند فۆرمێکی جیاواز لە ئامادەبوونی کەسی تاك، فەردانییەت، لای پیەر بۆردیۆ دەکەن. دەمەوێت بڵێم، لەکاتێکدا کە خودی خۆتان پیەر بۆردیۆ وەك سۆسیۆلۆگی رەخنەگر لە ستراکتۆرە کۆمەڵایەتیەکان و وەك سۆسیۆلۆگی هۆلیست و وەك سۆسیۆلۆگی گشتەکان دەناسێنن و رەخنەی لێدەگرن، لەهەمان کاتداو لەو کتێبەتاندا باس لە ئامادەبوونی تاك لە سۆسیۆلۆژیای ئەودا دەکەن. چۆن لەگەڵ ئەم پارادۆکسەدا مامەڵە دەکەن؟
فیلیپ کۆرکیوف: تۆ لە نزیکەوە ئاگات لێیە کە یەکێك لە پرۆژەکانی من بریتییە لە خوێندنەوەی نەخوێندراوەکان. هەروەك مارکسیستەکان رێگانادەن کە ئەو دیوە نەخوێنراوانەی مارکس هەڵدەینەوەو بیانخوێنینەوە؛ کە من لەیەکێك لە کتێبەکانمدا وەك ئاگاداریت باسم كردووە‌، ئاواش بۆردیۆیستەکان رێگا نادەن کە بڕۆینە ئەودیو کەوالیسەکانی بۆردیۆوە و شتەکان وەك خۆیان ببینین. بێگومان بەبێ شکاندنی ئەم زنجیرە پۆڵاینانەی کە لایەنگرانی بۆردیۆ بەدەوەری سۆسیۆلۆژیای ئەودا دروستیان كردووە‌، ئەستەمە بتوانین هەموو شتەکان ببینین.
لە کارگە زانستیەکەیدا پیەر بۆردیۆ لەچەندین جێگادا باس لە ئەبیتیوسی تاك دەکات. لە توێژینەوەکانیدا لەسەر هونەر، لەسەر هایدگەر، لەسەر جیاکاری، تەنانەت لە کتێبی کڵۆڵی جیهانیشدا تیشکی خستووەتە سەر ئەم دیاردەیەو باس لە تاقانەیی کەسەکان دەکات. کاتێك پیەر بۆردیۆ باس لە چینی کۆمەڵایەتی دەکات، دەبێت تێبگەین لەوەی کە هەمان باسکردنی کارل مارکس لە چین نییە. چینی بۆردیۆ بریتییە لە پێکهاتەیەك لە تاکە تاقانەکان. بۆنموونە چینی ژنان لە بەرامبەر چینی پیاواندا، چینی کرێکاران لە بەرابەر چینی بۆرژواکاندا، تاد... ئەم چینانە پێش هەر شتێك چینی کەسە تاکە تاقانەکان. ئەوەی چینە کۆمەڵایەتیەکان لای بۆردیۆ دروست دەکات ئامادەیی خواستی هاریکاریە لەنێوان ئەندامانی چینێکیدا. واتە کەسی تاك لەنێو ئەبیتیوسەکەیدا زیاتر لە شووناسێکی هەیە. بۆنموونە دەتوانێت لەیەک کاتدا هەڵگری شوناسی کرێکار، کۆچبەر و ژنیش بێت. واتە ئەو لەیەک کاتدا ئەندامی زیاتر لە چینێکە: چینی ژنان، چینی کۆچبەران، چینی کرێکاران. لێرەوە ئەبیتیوسی ئەم تاکە دەبێت بە رووبەری بەیەکگەشتنی زیاتر لە «کۆلێکتیڤ»ێك، کە دواتر لەڕێگای ئەزموونە فەردیەکەیەوە بەرهەمیان دەهێنێتەوە. واتە ئەزموونێکی بابەتی کە لەدەرەوە دێت و خۆی دەکات بەنێو تۆڕی ئەبیتیوسی کەسی تاکدا، لە کاتی هاتنە دەرەوەدا بە فلتەرە تاقانەکاندا تێدەپەڕێت و تەنیا بەو شێوەیە دەردەکەوێتەوە کە خودی تاكی پێوەندیدار دەیەوێت. من ئەمە بە جۆرێك لە کرانەوەی سۆسیۆلۆژیای بۆردیۆ دەبینم.
لەرزۆکی سۆسیۆلۆژیا بۆردیۆ کەمتر لە نێو خودی پیەر بۆردیۆدایەو زیاتر لە نێو جیهانبینی بۆردیۆیستەکاندایە کە دەیانەوێت وەك سۆسیۆلۆگی «دێتێرمینیسم» کە ناتوانێت رووناکی بخاتە سەر تواناییەکانی کەسی تاك بۆ رزگاربوونی لە سیستەمی هەژموون. لەرزۆکی ئەم سۆسیۆلۆژیایە لەوەدایە کە ئاستێکی زۆر نزم بە ((ئەنتەراکسیۆن)) دەدات، زیاتر لە گڵۆباڵەوە نزیکە تا لۆکال...
راستە کە بۆردیۆ باس لە جۆرێك لە فەردانییەت دەکات، بەڵام ئەوەش راستە کە ئەم فەردانییەتە هەمیشە لەنێو سیستەمەی ئامادەباشی دەستەجەمعیدایە کە لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی دەستنیشانکراوەو لە نێو جۆرێك لە((دێتێرمینیسم))دایە. ئەم تێزە رێگامان پێدەدات کە باس لە تاقانەیی تاك بکەین، بەڵام رێگامان پێنادات کە باس لە ئۆتۆنۆمی تاك بکەین. میشێل فۆکۆ پێش مردنی چەند مەشخەڵێکی بچووکی لەم بوارەدا داگیرساند. فۆکۆ لە شەستەکان و حەفتاکاندا فۆکۆی ستراکتۆرە کۆمەڵایەتیەکان بوو، بەڵام لە سەرەتای هەشتاکانەوە تا مردنی دەستیکرد بە پرۆژەیەك بەناوی «سوبژێکتیڤاسیۆن/خوداندن». واتە بیناکردنی شتە کۆمەڵایەتیەکان لەسەر ئاستی خود.
فۆکۆ دەڵێت: فەردانییەتی هەر تاکێك وەڵامە لەبەرامبەر جەبرە کۆمەڵایەتیەکاندا. راستە ئەم تێزەی فۆکۆ بە جۆرێك لە جۆرەکان باس لە خود و تاك دەکات، بەڵام ئەوەش راستە کە ئەم باس کردنە لە چوارچێوەی«دێتێرمینیسم»دایە و لەنێو جەبرەکاندا خۆی دروستدەکات. ئەو ئۆتۆنۆمیەی کە فۆکۆ باسی دەکات تایبەتەو لەنێو هەلومەرجە کۆمەڵایەتی و دەروونیە جیاوازەکاندا خۆی بینا دەکات. واتە هەر تاکێك بەپێی بارودۆخی کۆمەڵایەتی خۆی کردەی ئۆتۆنۆمی دەکات بە وەڵامی جەبرە کۆمەڵایەتیەکان.
گەڕانەوە بۆ فۆکۆ، کە تەواو لە بۆردیۆ نزیکە، پەنجەرەیەکی بچووك لەنێو دێتێرمینیسمدا دەکاتەوە و ئەمەش بۆ نەوەی پاش فۆکۆ و بۆردیۆ گرنگە، چونکە دەتوانن لە رێگای ئەم پەنجەرەیەوە کار لەسەر لەرزۆکیەکانی بۆردیۆو فۆکۆ بکەن و تیۆری و چەمکی تازە دروستبکەن. لێرەوەیە کە من سۆسیۆلۆژیایەکی پۆست بۆردیۆ کە بۆردیۆیست نییە دروست دەکەم، وەك چۆن سۆسیۆلۆژیایەکی پۆست مارکس کە مارکسیست نییە دروستدەکەم.
گوڵان: باسی مارکس و مارکسیزمت کرد، رەنگە ئەمە دەرگایەکی باش بێت بۆئەوەی بگەڕێمەوە سەر خاڵێك کە هەمیشە جێگای مشتومڕە لەکاتی باسکردنی فیلیپ کۆرکیوفدا، کە بریتییە لە پێوەندی رۆشنبیر بە حزبی سیاسییەوە. بەڕێزتان یەکێکن لەو سۆسیۆلۆگە بەناوبانگانەی فەرەنسا کە نەك هەر شەرم ناکەن لە ئینتیمای حزبیتان بەڵکو شانازیشی پێوەدەکەن. ئێوە چۆن ئەم هەڵوێستەتان دەسەلمێنن؟ چۆن دەتوانن لەیەک کاتدا سۆسیۆلۆگ و حزبیش بن؟ پێتانوانییە کە حزبی بوونتان گرفت لە بەردەم بەرهەمهێنانی زانستێکی بێلایەندا دروست دەکات؟ ئێوە کە سۆسیۆلۆگن و میراتگری ماکس ڤێبەرن، ئەندامن لە حزبێکی چەپی چەپدا، چۆن لەگەڵ ئەو پرانسیپە میتۆدۆلۆژیەدا مامەڵەدەکەن کە خودی ڤێبەر پێی دەوت«نۆترالیتێ ئەکسیۆلۆژیك/بێلایەنکردنی بەهاکان» لەچرکەساتی سۆسیۆلۆگ بووندا؟
فیلیپ کۆرکیوف: سۆسیۆلۆگ کەسێکی کۆمەڵایەتیە و لەنێو کۆمەڵگەدا دەژی و لەنێو پێوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی ئەو کۆمەڵگەیەدا نقوم بووە. کاری سۆسیۆلۆگ بریتییە لە مەودا وەرگرتن لەگەڵ بەڵگەنەویستەکانی ئەو کۆمەڵگەیەدا بۆئەوەی بتوانێت مەعریفەیەکی دیکە لەسەر شتەکان بەرهەم بێنێت. بەڵام ئەمە مانای ئەوەنییە کە ئەو لە دەرەوەی کۆمەڵگەیە، بەپێچەوانەوەی، ئەو لەنێو خودی پێوەندییە‌ کۆمەڵایەتیەکاندا مەودا دروست دەکات. واتە کۆمەڵگە بۆ سۆسیۆلۆگ موختەبەرێکی دەرەکی نییە، چونکە بەدرێژایی تەمەنی لەنێو خانەکانیدا گەورەبووە. لێرەوە گرفتی سۆسیۆلۆگ دەبێت بە یەکەم کارکردن لەنێو خودی کۆمەڵگەدا، دووەم مەودا دروستکردن لەگەڵ بەڵگەنەویستەکانی هەمان ئەو کۆمەڵگەیەدا، سێیەم بەرهەمهێنانی بۆچوونێکی دیکە کە دەکرێت بە بۆچوونی سۆسیۆلۆژی ناوی بەرین. لەهەمانکاتدا سۆسیۆلۆگ دەبێت کۆمەڵگە وەك خۆی بناسێت، دەشیناسێت چونکە هەر لە مناڵییەوە ئەندامێکی ئەو کۆمەڵگەیەیە. بێگومان مەودا وەرگرتن مانای لەبیرکردنی مێژووی کۆمەڵایەتی سۆسیۆلۆگ نییە. نەخێر؛ سۆسیۆلۆگ لە چرکەساتی راڤەکردنی داتاکاندا، بەردەوام دەگەڕێتەوە بۆ مەخزەنی ئەو زانیاریانەی کە بەدرێژایی پەروەردەی کۆمەڵایەتی خۆی کۆی کردونەتەوە. بۆنموونە سۆسیۆلۆگێکی فەرەنسی کاتێك گوزارشتەکانی ئەکتەرێکی فەرەنسی راڤەدەکات، یەکەم وشیارە بە زمانی فەرەنسی و دەزانێت ئەو گوزارشتانە چ مانایەك لە ژیانی رۆژانەدا دەبەخشن، دووەم بۆ راڤەکردنیان پشت دەبەستێت بەو مەخزەنی زانیاریانەی کە لە مێژووی پەروەردەی کۆمەڵایەتی خۆیدا کۆی کردونەتەوە.
دەمەوێت بڵێم سۆسیۆلۆگ«ئیندیماجی»کۆمەڵایەتی سۆسیۆلۆگ لەیەک کاتدا خاڵی لاواز و خاڵی بەهێزە. لاوازە چونکە دەبێت مەودای لەگەڵدا وەربگرێت، بەهێزیشە چونکە دەیکات بەسەرچاوەی راڤەکردن. چیرۆکی چەمکی «دابڕانی ئێپیستیمۆلۆژی» باشلار و پاشان ئەلتۆسێر هەمیشە کلیکی لەسەر بەشی یەکەم كردووە‌. واتە مەودا وەرگرتن. لایەنگرانی دابڕانی ئێپیستیمۆلۆژی لەبیریان چووە کە سۆسیۆلۆگ مرۆڤێکی کۆمەڵایەتیەو بۆ وردکردنەوەی شتەکان پێویستی بە گەڕانەوەی بەردەوام بۆ مێژووی کۆمەڵایەتی خۆی هەیە؛ لەبیریان چووە کە مێژووی کۆمەڵایەتی خودی سۆسیۆلۆگ سەرچاوەیەکی بەهێزە بۆ راڤەکردنی داتاکان. پێموایە باشترین سۆسیۆلۆگێک کە لەسەر ئەم ئیشکالیەتە قسەی کردبێت نۆربێرت ئێلیاسە. ئەویش پێیوایە کە سۆسیۆلۆگ لەیەک کاتدا کار لەسەر مەوداوەرگرتن لەگەڵ مێژووی کۆمەڵایەتی خۆی و پاشان مۆبیلیزەکردنی هەمان مێژوودا دەکات. بەڵگەنەویستەکان، بڕیارپێشینەکان، مانا هاوبەشەکانی سۆسیۆلۆگێک چەند گرفتن ئەوەندەش سەرچاوەی پشتیوانین.
گوڵان: بەڵام ئایا ئەمە دەکاتەوە ئەوەی کە ئێوە ئەندامی حزبێك بن؟ چۆن ئێوەیەکی سۆسیۆلۆگ دەتوانن هاوئاهەنگی لەنێوان مەعریفەی سۆسیۆلۆژی و بڕیارەکانی حزبدا دروستبکەن؟ ئایا ئەم لێکدانەوانە رێگاتان پێدەدەن کە لەیەککاتدا سۆسیۆلۆگبن و حزبیش بن؟
فیلیپ کۆرکیوف: راستە من سۆسیۆلۆگم، بەڵام ئەوەش راستە کە من لەهەمان کاتدا لەنێو گرووپێکی کۆمەڵایەتیدا لەدایک بووم و گەورەبووم. بۆنموونە سۆسیۆلۆگ کە لە خێزانێکی کرێکاردا گەورەدەبێت، ئەندامی گرووپێکە کە پێی دەوترێت کرێکاران، سۆسیۆلۆگێکی ژن ئەندامی گرووپێکە کە پێی دەوترێت ژنان، سۆسیۆلۆگی بە ئەسڵ کۆچبەر ئەندامی گرووپێكی کۆمەڵایەتیە کە پێی دەوترێت کۆچبەران. منی سۆسیۆلۆگ کە ئەندامی یەکێک لەم گرووپانەم، پێش ئەوەی ببم بە سۆسیۆلۆگ ئەندامی یەکێک لەم گرووپانه ‌بووم و پاش ئەوەش کە دەبم بە سۆسیۆلۆگ هەر وەك ئەندامی ئەم گرووپە دەمێنمەوە، دەبێت لەیەک کاتدا مەودا لەگەڵ ئەم گرووپەدا وەربگرم و بەردەوام مۆبیلیزەشی بکەم بۆ راڤەکردنی داتاکان.
لێرەوە ئینتیما بۆ حزبێكی سیاسی، بۆ رێکخراوێك، بۆ سەندیکایەك هیچ نییە بەشێکی بچووك لە کۆی ئینتیما کۆمەڵایەتیەکانی سۆسیۆلۆگ نەبێت. ئینتیما بۆ حزبێك هیچی زیاترنییە لە ئینتیما بۆ گرووپێكی کۆمەڵایەتی کە رووبەری لەدایکبوون و پاشان بەکۆمەڵایەتی کردنی کەسێکە. رۆشنبیر کەسێك نییە کە لە ئاسمانەوە هاتبێتە خوارەوە، ئەو بیەوێت یان نا، ئینتیمای بۆ گرووپێكی کۆمەڵایەتی هەیە، ئینتیما بۆ حزبێك هەمان جۆر ئینتیمایە بۆ رووبەری کۆمەڵایەتی. حزب، وەك هەر گرووپێكی کۆمەڵایەتی، دەرگایەکە بۆ ئاوێتەبوون بە کۆمەڵگە. هەڵەیە کاتێك دەوترێت کە ئینتیما بۆ حزبێك گیروگرفتە لە رێگای بەرهەمهێنانی مەعریفەی سۆسیۆلۆژیدا. نەخێر ئینتیما بۆ چینێکی کۆمەڵایەتی، بۆ توێژێکی کۆمەڵایەتی چەند گرفتە لە رێگای مەعریفەدا، هەر ئەوەندەش ئینتیما بۆ حزب گرفتە! رۆشنبیرێك نییە لە جیهاندا کە بێ ئینتیمای کۆمەڵایەتی بێت، ئینتیما بۆ حزبیش بەشێکی بچووکە لە ئینتیمای کۆمەڵایەتی.
گوڵان: ئێوە چەند جیاوازن لەو تێزەی کە پێمان دەڵێت: سۆسیۆلۆگ کەسێکە کە لە چرکەساتی راڤەکردنەکانیدا لە دەرەوەی هەموو شتەکانی وەك چینی کۆمەڵایەتی، ئایین، ئەخلاق، ئایدۆلۆژ‌یاوەیە!
فیلیپ کۆرکیوف: من وشیارم بەوەی کە ئەم تێزە کارایی خۆی هەیە. بەڵام گومانم لەوە نییە کە ئێمە هەمیشە منداڵی چینێکی کۆمەڵایەتین، هەڵگری ئەخلاقێکین، ئایدۆلۆژیایەك لەپشت کارەکانمانەوەیە. من لە ئاسمانەوە دانەبەزیوم، کائینێکی کۆمەڵایەتیم. ئەوانەی بەپێچەوانەی ئەم تێزەی منەوەن، پێیانوایە کە مەعریفە دەسەڵاتێکی رەهای بەسەر مرۆڤەکانەوە هەیەو لە دەرەوەی پێوەندییە‌ کۆمەڵایەتیەکاندا دروست دەبێت. ئەمە نە راستەو نە مومکینیشە. ئەوانەی کە پێیانوایە فیکر جیهان دروست دەکات کۆمەڵێك ئایدیالیستن کە لەنێو واقیعی کۆمەڵایەتیدا جێگایان نابێتەوە. فیکر منداڵێکی شەرعی نێو پێوەندییە‌ کۆمەڵایەتیەکانەو لە دەرەنجامی بەریەککەوتنی ئەم پێوەندیانەدا دروست دەبێت، نەك لە ژوورە داخراوەکاندا.
گوڵان: واتە ئێوە بەهیچ شێوەیەك باوەڕتان بە بێلایەن بوونی سۆسیۆلۆگ نییە؟
فیلیپ کۆرکیوف: نەخێر، سۆسیۆلۆگ ناتوانێت بێلایەن بێت. سۆسیۆلۆگ دەتوانێت مەودا لەگەڵ واقیعی کۆمەڵایەتیدا دروست بکات، بەڵام ناتوانێت بێلایەن بێت. سیرکورێل که سۆسیۆلۆگێکی گەورەی ئەمریکیەو تا ئێستاش لە ژیاندا ماوە، چەندین جار میوانی پیەر بۆردیۆ بووەو دەهات بۆ پاریس بۆ ئەوەی سیمینار پێشکەش بکات. کاتێك باس لەسەر پێوەندی نێوان پۆلیس و تاوانکار دەکات و مەعریفەیەکی سۆسیۆلۆژی بەرهەم دەهێنێت، ئەم مەعریفەیە بێلایەن نییە، چونکە چەند مەودا لەگەڵ بەڵگەنەویستە کۆمەڵایەتیەکاندا دروستدەکات، هێندەش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پەروەردەی کۆمەڵایەتی خۆی لەنێو گەڕەکە پڕ لە زەبروزەنگەکاندا. واتە ئەم مەعریفەیە لە پێوەندییە‌کی بەردەوامدایە بە مێژووی کۆمەڵایەتی سۆسیۆلۆگەوە، بۆیە باسکردنی لە بێلایەن بوونی هەڵەیە. پیەر بۆردیۆش هەروای كردووە‌. بەشێك لەو مەعریفەیەی کە بەرهەمی هێناوە، پێوەندی راستەوخۆی هەیە بە پەروەردەی کۆمەڵایەتی سەردەمی منداڵی و گەنجایەتیەوە لە ناوچەی بیارن. بۆیە بەدڵنیایەوە دەڵێم سۆسیۆلۆگ نە بێلایەن و نە بابەتیش بەو مانایەی کە مەعریفەکەی پێوەندی بە ئینتیما کۆمەڵایەتیەکەیەوە هەیە.
گوڵان: بەڵام لە هەلومەرجێکی وادا بەهاو نرخی ئەم مەعریفە چییە؟
فیلیپ کۆرکیوف: بەهاکەی بەم شێوەیەیە. کەسێکی ئاسایی بۆ ئەوەی تێکەڵ بە کۆمەڵگە ببێت، دێت و شوێن بەڵگەنەویستەکان دەکەوێت و هەوڵدەدات کە رێك وەك ئەوەی کە ئەوان دەیانەوێت رەفتار بکات. بەڵام یەکەم کاری سۆسیۆلۆگ ئەوەیە کە مەودا لەگەڵ ئەم بەڵگەنەویستانەدا دروستبکات و دواتر لەڕێگای گەڕانەوە بۆ ئەزموونە شەخسیەکانیەوە راڤەیان بکات و لەم رێگایەوە تێکەڵ بە کۆمەڵگە ببێت. کۆی ئەم پرۆسێسە مەعریفەیەك دروست دەکات کە کەسە ئاساییەکانی نێو کۆمەڵگە ناتوانن بەرهەمی بێنن، بەڵام دەتوانن بەکاری بێنن.
لێرەوە دیسان دووپاتی دەکەمەوە کە مەعریفەی سۆسیۆلۆگ هەمان مەعریفەی کەسانی ئاسایی نێو کۆمەڵگە نییە. مەعریفەی سۆسیۆلۆگ لەدەرەوەی بەڵگەنەویستەکان، بڕیارە پێشینەکان و مانای هاوبەشدا دروست دەبێت، بەڵام مەعریفەی کەسانی ئاسایی لەنێو بەڵگەنەویستەکان، بڕیارە پێشینەکان و مانای هاوبەشدا دروستدەبێت.
گوڵان: سەرەڕای ئەم بۆچوونانەشتان، ئایا سۆسیۆلۆژیا هەر بە زانست دەزانن؟
فیلیپ کۆرکیوف: بەڵێ سۆسیۆلۆژیا زانستە، چونکە ئەو مەعریفەیەی کە لەڕێگای مەودا وەرگرتن لەگەڵ بەڵگەنەویستەکانی ژیانی هەموو رۆژێکدا وەریدەگرێت سروشتێکی زانستی هەیە. زانستە بە شێوەی خۆی نەك وەك زانستە سرووشتیەکان. ژان کلۆد پاسورۆن کە تۆ باش دەیناسیت بەجوانی ئەم هاوکێشەیەی روون كردووە‌تەوە. پاسورۆن دەڵێت: زانستە کۆمەڵایەتیەکان زانستی مێژوویین و لە بزووتنەوەی بەردەوامدان؛ بەپێچەوانەی زانستە سروشتیەکانەوە کە لەنێو موختەبەرەکاندا داخراون و بەپێی گریمانەی وشك کاردەکەن. سۆسیۆلۆگەکان لە ئاستی دیکەدا کاردەکەن، بۆنموونە سۆسیۆلۆگێک کە کار لەسەر شۆڕش دەکات، بەردەوام دەگەڕێتەوە بۆ مێژوو، مێژووی شۆڕشی فەرەنسی، مێژووی شۆڕشی سۆڤێتی، مێژووی شۆڕشی بەریتانی، ئەمریکی، عەرەبی، تاد. جیاوازی ئەم سۆسیۆلۆگە لەگەڵ پزیشکێکدا لەوەدایە کە سۆسیۆلۆگەکە ناتوانێت کۆی ئەم شۆڕشانە لە موختەبەرێکدا قەتیس بکات؛ ناتوانێت هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆڵگەی شۆڕش لە ئاستێکدا کورت بکاتەوە. شۆڕش ستراکتۆر نییە، بەڵکو پرۆسێسە! کاری سۆسیۆلۆژیا ئەوەنییە کە شووناس لەنێوان شۆڕشی فەرەنسی و شۆڕشی عەرەبیدا دروستبکات، بەڵکو بریتییە لە بەراوردکردنیان و دۆزینەوەی لێكچوون و لێکدژیەکانیان. لێرەوە کارکردن لەسەر دەوڵەت، لەسەر چین، لەسەر شۆڕش وەك کارکردن لەسەر میکرۆب نییە؛ بەڵکو دووجۆر لە زانست و دوو جۆر لە کارکردنی جیاوازن.
هەر ئەمەشە وادەکات،‌ دیسانەوە بەپێچەوانەی زانستە سروشتیەکانەوە، لەسەر یەك دیاردەی سیاسی یان کۆمەڵایەتی زیاتر لە تێوریەکمان هەبێت. ئەمە مانای ئەوه ‌نییە کە یەکێک لەو تیۆریانە راستەو ئەوانی دیکە هەڵەن، بەڵکو مانای ئەوەیە کە دیاردە کۆمەڵایەتیەکان توانای زیاتر لە خوێندنەوەیەکیان هەیە، بێهوده ‌نییە کە دەڵێین دنیای کۆمەڵایەتی هەمیشە لەسەر ئاستی پلورال/فرە دەردەکەوێت.
سەبارەت بە ئینتیمای سۆسیۆلۆگ بۆ حزبێك دەمەوێت لە کۆتاییدا بڵێم مەرج نییە کە سۆسیۆلۆگ هەمیشە ئەندامی حزبێک بێت، ئەندام بوون لە حزبێکدا یەکێکە لەو دەرگایانەی کە لەبەردەم سۆسیۆلۆگدا کراوەن و یەکێکە لە چەکەکان نەك هەموو چەکەکان. بەڵام بوون و نەبوونی ئینتیما لای سۆسیۆلۆگ رزگاری ناکات لەوەی کە بابەتێک هەیەو دەبێت بە پێی میتۆدە سۆسیۆلۆژیەکان کاری لەسەربکات.
گوڵان: بەڵام جیاوازی نێوان سۆسیۆلۆگی بێ حزب و سۆسیۆلۆگی حزبدار لەوەدایە کە یەکەمیان دوور لە جەبرە سیاسییەکانی حزب و دووهەمیان بە گۆشت و ئێسقانیەوە تێکەڵ بووە بە هەمان ئەو جەبرانەی کە دەستنیشانی گوتار و رەفتارەکانی دەکەن؟
فیلیپ کۆرکیوف: نەخێر هاوڕانیم لەگەڵ ئێوەدا. منێك کە ئینتیمام بۆ حزبێك هەیە و تۆیەك کە ئینتیمات بۆ حزب نییە، لەکاتی دروستکردن و پاشان کارکردن لەسەر بابەتێکی سۆسیۆلۆژیدا رووبەڕووی هەمان ئیشکالیەت دەبینەوە کە پێی دەوترێت مەودا وەرگرتن. تۆ ئینتیمای حزبیت نییە، بەڵام ئینتیمای کۆمەڵایەتیت هەیە، مێژوویەکی کۆمەڵایەتیت هەیە، لەنێو چەندین پێوەندی رۆژانەی کۆمەڵایەتی و سیاسیدایت. بۆ کارکردن لەسەر بابەتێکی سۆسیۆلۆژی دەبێت مەودا لەنێوان خۆت و هەموو ئەم ئینتیمایانەدا وەربگریت، ئینتیمای حزبی منیش یەکێکە لەم ئینتیمایانە کە دەبێت مەودای لەگەڵدا وەربگرم. واتە هەردووکمان لەنێو یەك پرۆسێسداین کە پێی دەوترێت مەودا وەرگرتن. راستە کە تۆ ئەندامی حزبێک نیت و دووریت لە جەبرە سیاسییەکانی حزب، بەڵام ئەوەش راستە کە تۆ سەر بە چینێکی کۆمەڵایەتیت و لەنێو رووبەرێکی کۆمەڵایەتیدا دەژیت کە سەدان جەبری خۆی هەیە، بڕیاری پێشینە و مانای هاوبەشی هەیە. لێرەوە هیچ جیاوازیەك لەنێوان ئینتیمای کۆمەڵایەتی و ئینتیمای حزبیدا نییە! لە زۆربەی هەلومەرجەکاندا ئینتیمای حزبی هیچ نییە جگە لە درێژبوونەوەی ئینتیمای کۆمەڵایەتی نەبێت. ئێمە چۆن دەبین بە سۆسیۆلۆگ یان رۆشنبیر؟ لە چێشتخانەیەکدا نان دەخۆین، لە خانوویەکدا دەژین و مانگانە کرێ دەدەین، وەک هەر مرۆڤێکی دیکە سواری پاس و میترۆ دەبین، لەگەڵ مرۆڤەکانی دەوروبەرماندا قسە دەکەین، لە تایپێکی تایبەت لە خێزاندا گەورە دەبین، تاد. هەموو ئەمانە وەك ئەزموون بە ناخماندا دەچینە خوارەوە، واتە هەر یەکێك لە ئێمە دەبێت بە هەڵگری ئەو دنیای کۆمەڵایەتیەی کە تیایدا دەژی. بۆ هەر کوێ بڕۆین و لە هەر ‌کوێ بین، ئەم دنیا کۆمەڵایەتیە بەسەر شانمانەوەیە، لە هەناوماندا دەژی، لە پێشمانەوە رێدەکات و رێبەریمان دەکات. کاتێك کە لەسەر بابەتێک کاردەکەین، هەموو ئەم دنیا کۆمەڵایەتیە ناسڕینەوە، بەڵکو تەنها مەودای لەگەڵدا وەردەگرین و دواتر دەگەڕێینەوە سەری بۆ ئەوەی بەڵگەکانمانی لێوەربگرین. سۆسیۆلۆگی بێ حزبیش هەمان شت دەکات و بەهەمان رێگادا تێدەپەڕێت.
لەلایەکی دیکەوە ئامادەیی سۆسیۆلۆگێک لە حزبێکدا، سەرەڕای ئەوەی کە ئەندامە وەك هەر کەسێکی دیکەو بەشداری کۆبوونەوەکان دەکات، دەتوانێت ئەو حزبە و ئەندامانی والێ بکات کە بەجۆرێك لە جۆرەکان بەڵگەنەویست و مانا گشتیەکان بخەنە ژێر پرسیارەوە. لە رێگای مەعریفە سۆسیۆلۆژیەکەیەوە دەتوانێت بەشداری بکات لە پەروەردەکردن، وشیارکردنەوەو پاشان تێگەیشتنی ئەندامانی حزبێکدا کە لە ململانێی رۆژانەدایە لە پێناوی بەدیهێنانی کۆمەڵێک ئامانجدا کە کەسی سۆسیۆلۆگ باوەڕی پێیان هەیە. راستە سۆسیۆلۆگ وەک هەر ئەندامێکی دیکە تراک دابەشدەکات و بەشداری کۆبوونەوەکان دەکات، بەڵام ئەوەش راستە کە ئەم سۆسیۆلۆگە جۆرێک لە پێگەی رەمزی تایبەتی خۆی هەیەو لەرێگای ئەم پێگەو دەسەڵاتە رەمزییەوە دەتوانێت کارایی بەسەر رەوتی رووداوەکانەوە دابنێت، واتە پاسیڤانە تەماشای دنیای کۆمەڵایەتی و سیاسی ناکات، بەڵکو وەک ئەکتەرێکی چالاک کارایی بەسەریانەوە دادەنێت. من کە ئێستا لە چەپی چەپدام، بەم شێوەیە کاردەکام و بەختەوەرم بەوەی کە دەیكەم.
گوڵان: کەواتە ئەمە دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی وەك یەکێك لە مونەزیڕەکانی چەپی چەپی فەرەنسی بۆچوونت لەسەر دیاردەیەك وەربگرم. چەپی چەپی فەرەنسی بانگەشە بۆ چەمکەکانی وەك «پێشکەوتن»،«ئازادی ژن»،«یەکسانی نێوان مرۆڤەکان»و دەیان چەمکی دیکەی لەم جۆرە دەکەن. بەڵام لە کاتێکدا کە ململانێی یەکەمی چەپی چەپ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بووە بە ململانێ لەگەڵ ئیسلامیستە نوێیەکاندا، ئێوە دێن کچێکی موحەجەبە دەکەن بە کاندیدی خۆتان و دەتانەوێت بینێرن بۆ پەرلەمان! هەست بەوه ‌ناکەیت کە ئەمە لێکدژییە لەنێوان دنیای تیۆری و دنیای پراکتیکی ئێوەدا؟ چۆن ئەم دیاردەیە تەفسیردەکەیت کە موسڵمانە موحەجەبە و ریشدارەکان دەبن بە ئەندام لە حزبەکانی چەپی چەپی فەرەنسیدا؟
فیلیپ کۆرکیوف: تێدەگەم لە تێبینییەکەتان. شتەکان لە فەرەنسادا زۆر ئاڵۆزن. زۆرینەی چەپی چەپ بەتوندی دژایەتی راسیزم دەکات، بەتایبەتی ئەو راسیزمەی کە دژ بە موسڵمانان لە ئارادایە. لەم سەرشارەوە، ئەکتەرەکانی چەپی چەپ باوەش دەکەنەوە بۆ هەموو ئەو موسڵمانە فەرەنسیانەی کە قوربانی دەستی ئەم جۆرە لە راسیزمن. بەڵام لەهەمانکاتدا بەشێکی زۆری چەپی چەپ پێ لەسەر ئەوە دادەگرن کە پێش هەموو شتێك عەلمانییەت بنەمای یەکەمە. واتە ئەو موسڵمانەی کە دەبێت بە ئەندام لە حزبێكی چەپی چەپدا ئەم بنەمایەی قبوڵەو ئیمانە شەخسیەکانی تێکەڵ بە بەرنامە سیاسییەکان ناکات.
ئەو کچە موحەجەبەیەی کە لە شاری ئاڤینیۆ وەك کاندید خرایە سەر لیست دەرەنجامی ئەم دوو بنەمایە بوو. واتە یەکەم ئەو عەلمانییەتی قبوڵ بوو، پاشان بە توندی دژایەتی ئەو راسیزمەی دەکرد کە لە بەرامبەر موسڵماناندا مومارەسە دەکرا. بەڵام چیرۆکەکە لێرەدا ناوەستێت. ئەم پێشنیارە بوو بە سەرچاوەی دیالۆگی ناوەکی توند لەنێوان ئەنداماندا و لە کۆتاییدا کچە موحەجەبەکە نەك هەر لە لیستەکە کشایەوە، بەڵکو وازی لە حزبیش هێنا. من یەکێک بووم لەوانەی کە بەرگریم لێکرد و بە ئەرکی سەرشانی خۆشم زانی. ئەوەی وای لێکردم ئەم هەڵوێستە وەربگرم ئەو کۆنتێکستە توندەیە کە موسڵمانانی فەرەنسای تێی کەوتووە. راستی راستی فەرەنسی سەرگەرمی بەرهەمهێنانی گوتارێکی راسیست و ئیسلامۆفۆبە لەبەرامبەر موسڵمانەکاندا. بەرگریکردن لەم کچە، رێگرتنە لەم گوتارەو هەر ئەمەش وایلێکردم کە هەڵوێست وەربگرم.

تێبینی: شیکردنەوەی کۆسێپتەکان کە لە کتێبی ئاینییە چیەی د.عادل باخەوانەوە وەرگیراوە:
دێتێرمینیسم
بەشێوەیەکی گشتی دێتێرمینیسم بریتییە لە چوارچێوەیەکی فراوانی تێگەیشتن لە واقیع. لەم چوارچێوەیەدا کۆمەڵێک یاسا هەن کە ئاڕاستەی رووداو و دیاردەو پێوەندیەکان دیاری دەکەن و بەشێوەیەکی ماتماتیکی رەفتار و گوتاری مرۆڤەکان لە قاڵب دەدەن و کاتێک ئێمە لەو یاسایانە تێدەگەین ئیتر دەتوانین ئەو شتانە ببینین کە لە ئێستاداو داهاتووشدا روودەدەن.
ئەم چەمکە بەدرێژایی چاخە کلاسیکیەکان ئامادەبووە، بەڵام لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمەوە زۆر بە تۆختر سەر ئاو دەکەوێت. یەکەمین چیرۆکی ئەم چەمکە راستەوخۆ لکاوە بە مێژووی مێتۆدی ئەزموونگەرای و رێژەگەرایی ماتماتیکەوە.
بەشێکی زۆر لە زانستە کۆمەڵایەتیەکان ئەم چەمکەیان لەو گەردوونەوە وەرگرتووەو پراکتیکیان کردووە بەسەر جیهانی کۆمەڵایەتی دا. دێتێرمینیسم، هەر لە مارکسەوە تا دەگاتە دۆرکایم و پاشان پیەر بۆردیۆ، وەک چەمکی سەنتراڵ بەکار هاتووە. ئەم سێ گەورە سۆسیۆلۆگە پێیانوایە کە هەر فاکتێکی کۆمەڵایەتی لەلایەن چەند یاسایەکەوە دەبرێت بەڕێوە، لێرەوە بۆ پەیبردن بە فاکتێکی کۆمەڵایەتی، ئێمە دەبێت بەدوای یاساکانیدا بگەڕێین. بێگومان ئەو یاسایانەش لە نێو مێژوویەکی کۆمەڵایەتیدا دروست بوون و دەقیان گرتووەو بوون بە چوارچێوەی گشتی فاکتی کۆمەڵایەتی. لەم تێگەیشتنەدا، تاک و گرووپ و چینە کۆمەڵایەتیەکان هەموویان لە دێتێرمینیسم دا دەژین؛ واتە هەموویان «مەحکومن» بەو ستراکتۆرە کۆمەڵایەتیانەی کە لەنێو مێژووە کۆمەڵایەتیەکانداو بەپێی چەند یاسایەکی کۆمەڵایەتی دەقیان گرتووەو هەمیشە لێرەن بۆ ئەوەی هەموو شتەکانمان پێبڵێن. لەم بیرکردنەوەیەدا، چۆنیەتی نانخواردن و بەرگ پۆشین و نمرەی تاقیکردنەوەکانی سەری ساڵ و چۆنیەتی قسەکردن و مەکانەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی تاکەکان و چۆنیەتی خێزان دروستکردن و پەروەردەکردنی منداڵ و رۆیشتن بۆ سینەماو مزگەوت و چۆنیەتی بانگ کردنی منداڵەکانت و تاد، «مەحکومن» بەو ستراکتۆرە کۆمەڵایەتیانەی کە ئاماژەمان پێدا. بۆنموونە: کاتێک سیاسییەکی گەورەی کوردی دەبینیت لەکاتی پێشوازیکردن لە سەرۆکی دەوڵەتێکدا تەسبیحێکی بەدەستەوەیە و دانەکانی دەژمێرێت. ئەم پراکتیکە فاکتێکی کۆمەڵایەتیەو بۆ تێگەیشتن لێی دەبێت بگەڕێینەوە سەر کۆی ئەو ستراکتۆرە کۆمەڵایەتیانەی کە لە مێژوویەکی کۆمەڵایەتی ئەو سیاسییەدا دروستبوون و ئێستا چۆنیەتی بەدەستەوەگرتنی ئەم تەسبیحە دیاری دەکەن.
دێتێرمینیسم چەمکێکە تەواو بە پێچەوانەی چەمکی ئازادییەوە کار دەکات و پێیوایە مرۆڤەکان کۆمەڵێک بوونەوەری ئازادنین و بە ئازادی بڕیارەکانیان هەڵنابژێرن و کاتێک ئەم سیاسییە کوردەی کە تەسبیح بە دەستەوە دەگرێت و دانەکانی دەژمێرێت، لەبەر ئەوەیە کە مەحکومە بەو پراکتیکەو ناتوانێت بەئاسانی لە ژێر زەبری ئەو ستراکتۆرە کۆمەڵایەتیە مێژووییە بێتە دەرەوە کە ناچاری دەکات تەسبیح بەدەستەوە بگرێت.
بێگومان ئالان تورێن و لوک بۆلتانسکی و رایمۆن ئارۆن و ئەلفرێد شووتز و ئیڤرین گۆفمان و هارلۆد گارفیکێل و ئەنسالم شتراوس تەواو بەپێچەوانەی دێتێرمینیسم»ـەوە بیردەکەنەوەو هەریەکەوە لە کارگە سۆسیۆلۆژیەکەی خۆیەوە هەوڵدەدات بۆ سەلماندنی ناواقیعیەتی ئەرگیومۆنتەکانی مارکس و دۆرکایم و بۆردیۆ.
ئەبیتیوس
«پیەر بۆردیۆ، کە دەکرێت وەک درێژە پێدەری سۆسیۆلۆژیای مارکس و دۆرکایم بخرێتە سەر شانۆ، هابیتیوس وەک هابیتیوس سیستەمێک لە ئامادەباشی پێناسە دەکات. ئەم سیستەمی ئاماده‌باشیەش لە هەموو چرکەیەکدا ئامادەیە بۆ پێشوازی کردن لە ئەزموونەکان. کە ئەزموونێک دێتە پێشەوە، لە قۆناغی یەکەمدا پەلی دەگرێت و رای دەکێشێتە ژوورەوە، بوردیۆ ئەمە ناو دەنێت، ناواندن، واتە راکێشانە ناوەوە، هێنانە ژوورەوە، لەدەرەوە بۆ ناوەوە. لەم قۆناغەدا، هابیتیوس لە ناوەوە تەواو دەستکاری ئەو ئەزموونە دەکات و سەرلەنوێ دایدەڕێژێتەوەو رەنگی دەکاتەوەو جلوبەرگی لەبەردەکاتەوەو ئامادەی دەکات بۆ قۆناغی دووەم کە بریتییە لە فڕێ دانەوەی بۆ دەرەوە، به ‌دەرەوەکردنی، دەرەواندی. کاتێک ئەم ئەم ئەزموونە دێتە دەرەوەو دەیخەینە ژێر چاودێریەوەو‌ هەست بەوە دەکەین کە زۆر جیاوازە لەو چرکەیەی کە هێشتا پلەکێشی ناوەوە نەکراوە.
واتە ئەزموونەکە لەلایەن هابیتیوسەوە ماڵی و دەستەمۆکراوە. تائەو کاتەی کە هابیتیوس دەتوانێت ئەزموونەکان ماڵی بکات هیچ گرفتێک دروست نابێت، بەڵام گرفت کاتێک دروست دەبێت کە هابیتیوس نەتوانێت ئەزموونێک ماڵی بکات. لە چرکەیەکی ئاواداو لە یەکەم چرکەی بەریەککەوتنیاندا ئیتر هابیتیوس وەک لاپەڕە دەدڕێت. کە هابیتیوسیش دڕا ئیتر سیستەمی ئامادەباشیش پەکی دەکەوێت و توانای ناواندن و دەرەواندنی ئەزموونەکانی نامێنێت. لەهەمان کاتدا ئەزموونەکان لە هاتن ناوەستن، بەڵام ئیتر سیستەمێکی ئامادەباشی لێرە نییە بۆ ئەوەی پێشوازیان لێبکات! دەرەنجام بکەری –فاعیلی کۆمەڵایەتی تووشی نامۆبوون و سەرگەردانی و جۆرێک لەسەرلێشێوان دەبێت و ژیانی هەموو رۆژێکی بەتەواوی لێ تێکدەچێت.
ستراکتۆر
ستراکتۆر بریتییە لە کۆی چەند رەگەزێک کە پەیوەندیەکی توندووتۆڵ بەیەکەوەیان دەبەستێت و دەستکاریکردنی هەر رەگەزێک لەو رەگەزانە دەبێتە مایەی گۆڕانی ئەو چوارچێوەیەی کە کۆی رەگەزەکان لەخۆ دەگرێت.
بەکارهێنانی چەمکی ستراکتۆر دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەڤدە. ئەو سەردەمە زانستە فیزیکیەکان لەبری وشەی «ڕێکخراو» بەکاریان دەهێنا. لە سەدەی نۆزدەهەمەوە، زانستە کۆمەڵایەتیەکان بەکاری دەهێنن بەتایبەتی لە چرکەی بەراوردکردنی کۆمەڵگە بە جەستەیەکی زیندوودا. دواتر زانستە کۆمەڵایەتیەکان وشەی ستراکتۆر لەبری سیستەم بەکار دەهێنن. ئۆگیوست کۆنت کە دامەزرێنەری سۆسیۆلۆژیایە، پێیوایە کە هیچ فاکتێکی کۆمەڵایەتی بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەو ستراکتۆرەی کە بەرهەمی دەهێنێت تەفسیر ناکرێت. دواتر مارکس دێت و ئەم چەمکە قووڵتر دەکاتەوە، بەتایبەتی لەڕێگای جیاکردنەوەی ئانفرا-ستراکتۆر لە سوپەر-ستراکتۆر (بگەڕێوە بۆ سەر فەرهەنگی کۆنسێپتەکان).
چەمکی ستراکتۆر رووناکی دەخاتە سەر ئەو سیستەمە پێوەندییەی کە یەکەیەکی گونجاوی گونجاوکراوی گونجاوکار دروستدەکات و لەناوەوەی ئەو یەکەیەدا هیچ رووبەرێک بۆ ئۆتۆنۆمی رەگەزە پێکهێنەرەکان بوونی نییە.
بەدیوێکی دیکەدا دەتوانین بڵێین: هەر ستراکتۆرێک لە کۆمەڵێک یاساو نۆرم دروست بووەو ئەم یاساو نۆرمانەش مێژوویەکی کۆمەڵایەتیان هەیەو لە ئێستاو ئێرەدا لەدایک نەبوون و تێگەیشتن لە بۆ تێگەشتن لەهەر ستراکتۆرێک ئێمە دەبێت بگەڕێینەوە سەر ئەو مێژووە کۆمەڵایەتیەی کە هەلومەرجی بابەتیانەی دەرکەوتنی ئەو یاساو نۆرمانەی دەستەبەر کردووە.
کاتێک لە چێشتخانەی زانکۆی سۆربۆن یان لیۆن دادەنیشیت و بە وردی سەرنجی چۆنیەتی نانخواردنی هەر خوێندکارێک دەدەیت، تێدەگەیت لەو ستراکتۆرە کۆمەڵایەتیانەی کە لە پشت چۆنیەتی نانخواردنی ئەو خوێندکارانەوە کاردەکات. کاتێک سەرنجی چۆنیەتی پێشوازیکردن لە میوانی دوو کەسایەتی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەدەیت، تێبینی ئەو ستراکتۆرە کۆمەڵایەتیە دەکەیت کە چۆنیەتی ئەو پێشوازیکردنەی هەریەکێک لەم دوو ئەکتەرە رێکدەخات.
بێلایەنکردنی بەهاکان
ئەم کۆنسێپتە یەکێکە لە بنەما هەرە گرنگەکانی قوتابخانە فیکریەکەی ماکس ڤێبەر. لە زمانی فەرەنسیدا بەم شێوەیە ناوسراوە: neutralité axiologique «نۆترالیتێ ئەکسیۆلۆژیک». لە زمانی ئەڵمانیدا، کە زمانی ماکس ڤێبەر خۆیەتی دەبێت بە: Wertfreiheit، واتە: ئازادی لەبەرامبەر بەهاکاندا. بێگومان ئەمە وەرگێڕانی دیکسیۆنەرەکانە. راستە سەد لە سەد ئەو مانایە نادەن بەدەستەوە کە ماکس ڤێبەر بەخشیویەتی بەم چەمکە، بەڵام نزیکمان دەکەنەوە لێی.
لەڕێگای بەکارهێنانی ئەم کۆنسێپتەوە، ماکس ڤێبەر داوادەکات کە زانا دەبێت لە چرکەی توێژینەوەدا هەموو ئەو بڕیارانەی کە لەسەر ئەخلاق و بەها دامەزراون پەراوێزبکات. واتە زانا ئەو کەسەیە کە بەهیچ شێوەیەک و لەهیچ کات و ساتێکدا بەهایەک لەبەهاکان مۆبیلیزە ناکات بۆ ئەوەی دیاردەیەک لە دیاردەکانی کۆمەڵەگەیەک لە کۆمەڵگە بەشەریەکانی پێبخوێنێتەوە.
لەهەلومەرجێکی ئاوادا زانا هەموو بەهاکان لە ساتی توێژینەوەدا بێلایەن دەکات، یاخود دووریان دەخاتەوە، پەراوێزیان دەکات، دەیانخاتە نێوان دووو کەوانەوەو بەشێوەیەکی عەقڵانیانە دەست دەبات بۆ بابەتی توێژینەوە لەسەر کراو. ماکس ڤێبەر پێیوایە کە بەهیچ شێوەیەک مافی ئەوەمان نییە بە توێژینەوەیەک بڵێین»زانستی»کە بەهایەک لەبەهاکانی لەپشتەوەیە. بۆنموونە کوردێکی زانا کاتێک توێژینەوەیەک لەسەر پەیوەندی نێوان کوردو تورکمان لە کەرکوکدا دەکات، گەر کورد بوونەکەی وەک بەهایەک نەخاتە نێوان دوو کەوانەوەو دووری نەخاتەوە، هەرگیز ناتوانین سیفەتی زانستی بەکارەکەی بدەین.
من ئەم چەمکەم بە «بێلایەنکردنی بەهاکان» کردووە بە کوردی. کە دەکرێت بە دوورخستنەوەی بەهاکان و پەراوێزکردنی بەهاکانیش ناوببرێت. ئەگەر کەسێک پێشنیارێکی دیکەی هەیە، پێم خۆشە ئاگادارم بکاتەوە.
چینی کۆمەڵایەتی
لە ترادیسیۆنی مارکسیستدا چەمکی چینە کۆمەڵایەتیەکان لەسەر دوو بۆچوونی سەرەکی دادەمەزرێت. یەکەمیان بریتییە لە دابەشکردنی کۆمەڵگە بەسەر دوو گرووپدا، گروپی چینی کرێکاران و گرووپی چینی سەرمایەداران، دووەمیشیان بریتییە لە پێوەندی ململانێگەرای هەیمەنەو بەکارهێنان لەنێوان ئەو دوو گرووپەدا. لەم ترادیسیۆنەدا چینە کۆمەڵایەتیەکان وەك دوو دژە-بەرامبەری کۆمەڵایەتی- ئابووری خراونەتە سەر شانۆ، دووو دژە- بەرامبەرکە کۆی شتەکان دەبەستێتەوە بە پێوەندی بیناکراو لەسەر ململانێی نێوانیانەوەو هیچ شتێك لەم چوارچێوەیە ناڕواتە دەرەوە.
ئەم بیرکردنەوە مارکسیە رێگامان پێدەدات هەلومەرجە بابەتیەکان بکەین بە سەرچاوە، بۆنموونە رێگامان پێدەدات کە خاوەنداریەتی کەرەسەکانی بەرهەمهێنان جیابکەینەوە لەو کەسانەی کە هەمان کەرەسە بەکاردەهێنن، ئەم بیرکردنەوەیە خۆی «کامڵ» دەکات کاتێك کە خودگەرایی/زاتیەتی/سوبژێکتیڤیتێی ئەکتەرە کۆمەڵایەتیەکان دەکات بە سەرچاوەیەکی دیکەی سەرەکی، مەبەستمان « وشیاری چین»ـە. تەنیا ئەمەشە کە، پاش کارل مارکس، دەرگای گفتوگۆمان بۆ دەخاتە سەرپشت لەگەڵ بیریارێکی بەناوبانگی وەك Nicolas Boukharine. ئەم بیریارە جیاوازی دەخاتە نێوان «چین لە خۆیدا» و «چین بۆ خۆی» و هەوڵدەدات رووناکی بخاتە سەر کردەی گوزەرکردن لە نێوانیاندا، بەتایبەتی لە چرکەی وشیاربوونەوەدا. هەر لەسەر هەمان رێگا جۆرج لۆکاشیش، بەتایبەتی لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا (وشیاربوونەوەی چین و مێژوو)، کلیک دەکات لەسەر فیتیشیسمی کاڵا و بەشتکردنی پێوەندییە‌ کۆمەڵایەتیەکان و پرسیارلەخۆکردن لەسەر توانایی پرۆلیتاریا لە ساتی رامان لە دۆخە تایبەتەکانیدا.
بەدرێژایی سەدەی بیستەم چەمکی چینی کۆمەڵایەتی لای کارل مارکس، کە چەمکێکی فرە چوارچێوەییە، رەخنەی لێگیراوە. سەرەکیترین رەخنەیەك کە ئاڕاستەی ئەم چەمکە مارکسیە کرابێت بریتییە لەو تێبینیە مەیدانییەی کە دەڵێت: کۆمەڵگە لەسەر ئاستی کۆنکرێتی پێکنەهاتووە لە ململانێی نێوان دوو چینی کۆمەڵایەتی دژ بەیەك، بەڵکو پێکهاتووە لە ململانێی چەندین گرووپی کۆمەڵایەتی پێکەوە-ژیاو بەڵام لە یەکجیا.
هەروەها رەخنەیەکی دیکەی سەدەی بیستەم، کە لە ماکس ڤێبەرەوە سەرچاوەدەگرێت، بریتییە لە تێکەڵکردنی چەمکی چین و چەمکی ستاتیو. ڤێبەر نموونە بە کرێکاران دەهێنێتەوەو پێیوایە کە تەنیا لە هەلومەرجێکی تایبەتدا چەمکی چین و چەمکی ستاتیو لای کرێکاران تێکەڵ بەیەکدەبن، بۆنموونە کۆبوونەوەی کرێکاران لە جێگایەکی تایبەتدا، تەنیا لەم کاتەشدا کردەی رێکخراوی چین دەبێت بە ئەگەرێکی کۆنکرێتی، گەرنا ئەو تێکەڵبوونە سیفەتێکی هەمیشەیی نییەو ئەم کردەیەش ئەگەرێکی کۆنکرێتی بەردەوام نییە.
ڕەخنەیەکی دیکە کە لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمەوە سەر هەڵدەدات بریتییە لە قسەکردن لەسەر کۆتایی چینە کۆمەڵایەتیەکان، چ لەسەر ئاستی تێوری و چ لەسەر ئاستی پراکتیك. ئەم رەخنەگرانە پێیانوایە کە دەسەڵات ئیتر بەتەنها گرەوی نێوان چینی سەرمایەدار و چینی کرێکار نییە، چونکە لە ئێستادا خودی ئەو دەسەڵاتە دابەشبووە بەسەر هەموو کاتیگۆریە کۆمەڵایەتیەکاندا و هەمووان پێکەوە بەشدارن لە دروستکردنیدا، بەتایبەتی لە کۆمەڵگە دیموکراتەکاندا.
لە ئەمڕۆدا، قسەکردن لەسەر «چینییە کۆمەڵایەتیەکان» وەك قسەکردنێکی ئەرکایك دێتە بەرچاو. راستە لە ئێستادا مارکسیسم پێگەی لە زانستە کۆمەڵایەتیەکاندا لاوازبووەو وەك ساڵانی شەستەکان و حەفتاکان نەماوە، بەڵام ئەمە پێوەندییە‌کی راستەوخۆی بە چەند رەگەزێکەوە هەیە کە دەیانەوێت دەرگا لەسەر چەمکی چینە کۆمەڵایەتیەکان دابخەن.
یەکێك لەو رەگەزانە گۆڕانی ستراکتۆری کۆمەڵایەتی خودی کۆمەڵگەیە. ئەم ستراکتۆرە نوێیە ئیتر جێگای نابێتەوە لە دابەشکردنی کۆمەڵگە بەسەر دوو گرووپدا. بێگومان ئەم گۆڕانەش بەرهەمی چوونە‌دەرەوەی ئەو کۆمەڵگانەیە لەو شتەی کە ناومان نابوو زەمەنی پیشەسازی.
ڕەگەزێکی دیکەی سەرەکی رەوانەی فۆرمە نوێیەکانی چەمکی ململانێمان دەکات لە نێو خودی کۆمەڵگە نوێیەکاندا: لە نێو دڵی ژیانی کۆلێکتیڤدا، ئیتر ناکرێت پرۆلیتاریای کرێکاری بکرێت بە مەشخەڵی گەشاوەی ململانێ کۆمەڵایەتیەکان. ئاخر لە ئێستادا چەندین ئەکتەری دیکە هاتوونەتە سەر شانۆ، ئەم ئەکتەرانە زیاتر کولتورین تا کۆمەڵایەتی، بۆنموونە دەرکەوتنی بزووتنەوە ئایینییەکان، بزووتنەوەی ئافرەتان، بزووتنەوەی خوێندکاران، بزووتنەوەی ئەلتەرمۆندیالیسم،...تاد. هەموو ئەمانە پێگەی خۆیان لە چەمکی «چینە کۆمەڵایەتیەکاندا» نادۆزنەوە.
ئەوەشمان لەبیرنەچێت کە تەنانەت خودی ململانێ کرێکاریەکان، رەهەندە ئیونیڤێرسێلە مارکسیەکەیان لەدەستداوە و لە ئێستادا ئیتر ئەوان گۆرانی بۆ ئەو خەونە مارکسیە ناڵێن کە دەیوسیت کرێکاران هەمووو مرۆڤایەتی لە کۆت و زنجیری کۆیلایەتی رزگاربکەن.
چەمکی «چینە کۆمەڵایەتیەکان» لەسەرەتادا دامەزرابوو لەسەر وێناکردنی پێوەندی ململانێگەرای نێوان دوو گرووپی کۆمەڵایەتی جێگیر لە نێو کۆمەڵگەداو پرسیاری کۆمەڵایەتیش گرەوی سەرکی هەردوو لایان بوو. بەڵام لە ئەمڕۆدا خودی ئەو پرسیارە کۆمەڵایەتیە نەك هەر لەنێو پێوەندی نێوان ئەو دوو گرووپە کۆمەڵایەتیەدا دروست نابێت، بەڵکو لە ئامادەنەبوونی ئەو پێوەندییە‌دا دروستدەبێت. لە ئێستادا خراپترین تراژیدیای پرۆلیتێرێك بریتی نییە لە «ئیستیغلالکردنی»، بەڵکو بریتییە لە ئامادەنەبوونی «ئیستیغلالکردن»، بریتییە لە پەراوێزکردنی، فڕێدانه ‌دەرەوەی. تۆ کە لەدەرەوەی کۆمەڵگە بیت، ئیتر چۆن دەتوانین پێوەندی ململانێی لەگەڵدا دامەزرێنیت، چۆن دەتوانیت بڕۆیتە نێو ژیانی کۆمەڵایەتیەوە.
هەر لێرەوەیە کە ئێمە دەڵێین: بەڵێ چەمکی چینە کۆمەڵایەتیەکان وەك کەرەسەی خوێندنەوەی کۆمەڵگە کۆتایی پێهاتووە.
Top