سۆزان خاڵە شەهاب: سازانی نیشتمانی واتە هەموومان پێكەوە بگەینە ئەنجامێكی هاوبەش نەك دیالۆگی نێوان دوو لایەن

سۆزان خاڵە شەهاب: سازانی نیشتمانی واتە هەموومان پێكەوە بگەینە ئەنجامێكی هاوبەش نەك دیالۆگی نێوان دوو لایەن
ئێستا سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان سەرقاڵی تاوتۆكردنی ئەو بۆچوون و سەرنجانەن كە حزبە كوردستانیەكان بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان ناردووە و سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش بە نامەیەك ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كردووە بۆ ئەوەی هەموو لایەنەكان لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان وتووێژی لەسەر بكەن و لەسەری بگەنە سازانێكی نیشتمانی، بەڵام لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن بایكۆتی ئەم سازانە دەكەن، سەبارەت بەم پرسە چەند پرسیارێكمان لە بەڕێز خاتوو سۆزان خاڵە شەهاب سەرۆكی فراكسیۆنی كوردستانی كرد لە پەرلەمانی كوردستان و بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.
* سازانی نیشتمانی داواكاری كۆمەڵێك لایەنی سیاسی بوو، ئەوەبوو سەرۆك بارزانی بە دەنگ داواكەوەهات، ئایا ئێوە وەكو فراكسیۆنی كوردستانی چۆن سەیری ئەو سازانە دەكەن؟
- بێگومان كە باسی سازانی نیشتمانی دەكرێ بە واتای دیالۆگ و دانیشتن لەسەر یەك مێزی گفتوگۆكردن لە نێوان هەموو لایەنەكاندا، مەبەستی بەڕێز سەرۆكی هەرێمیش هەر ئەوە بووە، كە هەموو لایەنەكان پێكەوە دابنیشن و خاڵە جەوهەرییەكان باس بكەن و تێبینییەكان بخرێنە بەر باس و ئەو كاتە ئەگەر ئەو خاڵانە پێویستیان بە چاككردن هەبێت چاك بكرێن و رێكبكەون لەسەر میكانیزمی ئەو كۆدەنگی و سازانە، بۆیە ئەوە هەموو لە نامەكەی جەنابی سەرۆكدایە ئەگەر بیخوێنیتەوە ئەوە بەو ئاراستەیەیە.
* سازانی نیشتمانی واتا سازانی نێوان هەموو كوتلەو پێكهاتەكانی كۆی پەرلەمانی كوردستان، ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت ئەم سازانە بكاتە سازانی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن،خوێندنەوەی ئێوە بۆ ئەمە چییە؟
- ئێمە لە گەڵ ئەوەین كە دەڵێین سازانی نیشتمانی، نیشتمان و گەلەكەمان هەموو رەنگ و دەنگێكی تێدایە بێگومان دەستووریش دایكی هەموو یاساكانە ئەو وەسیقە نیشتمانیەیە كە دەبێ هەموومان لەسەری رەزامەندبین و دەنگی پێ بدەین، بۆیە سازانی نیشتمانی واتا هەموومان پێكەوە نەك دوو لا پێكەوە، لای من لەوەوە سەرچاوەی گرتووە.
* ئێستا رەوشی كورد لەكوردستانی باشوور لە قۆناغێكی هەستیاردایە، بۆ ئەم قۆناغە تا چەند گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان كە دەستوورێكی تایبەت بە خۆی هەبێت؟
- دەستوور نەك هەر بۆ ئەم قۆناغەو دەبووایە هەر لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1992دەستوورمان هەبووایە، چونكە ئەگەر ناكۆكییەك بكەوێتە نێوان لایەنەكانەوە دەستوور ئەو شوێنە دەبێت كە یەكلایی دەكاتەوە، واتا دەستوور هەموو لایەنەكان لەگەڵ یەك كۆدەكاتەوە بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكە، هەر بە هۆی دەستوورەوە دادگای دەستووریشمان دەبێت كە ئەویش یەكێكە لەو دەزگایانەی كە دەتوانێت كێشەكان چارەسەر بكات.
Top