داكشانی پێگەو نفوزی گۆڕان نەوشیروان مستەفای تووشی هیستریاكردووە

داكشانی پێگەو نفوزی گۆڕان نەوشیروان مستەفای تووشی هیستریاكردووە
جەعفەر ئیمینكی*
نەوشیروان مستەفا كاتێك لە یەكێتی نیشتمانی جیابۆوە و بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراند، سیاسەتی خۆی بەوجۆرە دەخستەڕوو بەوەی گوایە دژی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی-یە، ئەوكات ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو گومانەمان لا دروست ببوو كە بزووتنەوەی گۆڕان ئامانجی ئەوەیە هەر بیانوو پاساوێكی دەست بكەوێت دژایەتی پارتی پێدەكات، بۆیە لەسەرەتاوە هەوڵی پارتی بەو ئاراستەیە بوو هەوڵ لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بدات بۆ ئەوەی وەك شەریكی پرۆسەی سیاسیی لەهەرێمی كوردستان سەیری خۆی بكات، هەر بۆ ئەم مەبەستەش بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە شەخسی لەگەڵ نەوشیروان مستەفای رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی كۆبۆوە، لەمەش زیاتر مەكتەبی سیاسی پارتی چەند جارێك سەردانی نەوشیروان مستەفایان كرد، بۆ ئەوەی ئەویش وەك حزبێكی سیاسی بەشدار لە پرۆسە دیموكراتییەكە بەگیانی دۆستانە سیاسەت بكات نەك دوژمنكارانە، بەڵام بەداخەوە لەبری ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان و شەخسی نەوشیروان مستەفا بیروبۆچوونی خۆیان بگۆڕن و بە گیانی دۆستانە لەم ژینگە دیموكراتییە سیاسەت بكەن، بە راشكاوانە و بە ئاشكرا سیاسەتی خۆیان دژی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاند كە ئێستا گەیشتۆتە ئەو ئاستەی ناتوانن بیشارنەوە. ئەگەر لەم چوارچێوەیەدا بە وردی سەیری لێدوانەكانی ئەم دواییەی نەوشیروان مستەفا بكەین، هەست دەكەین ئەمجۆرە لێدوانانە نەك هەر دژایەتین بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵكو دروستكردنی مەترسییە لەسەر ژیانی فرەیی كۆمەڵگەی دیموكراتی و هەنگاونانە بەرەو یەكتری رەتكردنەوە و دووركەوتنەوە لە دیالۆگ و پێكەوە گونجان، ئەم حاڵەتەش پێمان خۆش بێت یان نە، خۆی لەخۆیدا مەترسییەكی راستەقینە لەسەر كوردستان بەگشتی و ئەزموونی دیموكراتی هەرێمی كوردستان دروست دەكات، هەر بۆ نموونە ئەگەر ئاماژە بەو بوختانە بكەین كە لەچەند رۆژی رابردوو سەبارەت بە گێڕانەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بۆ سەرۆك تاڵەبانی و سەرۆك بارزانی هەڵیبەستوون، دەگەینە ئەو دەرەنجامەی كە ئەم كەسایەتییە چەند گرێیەكی مێژوویی و سایكۆلۆژی هەیە و خەو بەوەوە دەبینێت كە زەمینەیەك دروست بكات خۆی بسەپێنێت و خۆی فەرز بكات، تەنانەت لەناو بزووتنەوەی گۆڕانیشدا هەمان سیاسەت پیادە دەكات بۆیە چەندین سەركردەی دیار و خاوەن ئەزموونی ناو ئەم بزووتنەوەیە ئەو دیاردەیەیان پێ قبوڵ نەكراوە و لە بزووتنەوەكە جیابوونەوە، بۆیە لەم راستەوە كاتێك سەیری ئەم شێوازی سیاسەتكردنەی كەسێكی وەك رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان دەكەین، هەست دەكەین بارودۆخی سیاسیی كوردستان ئەو كەشوهەوایە نییە كە هاندەر بێت بۆ ئەوەی دیالۆگ و پێكەوە گونجان رەتبكاتەوە، بەڵكو هۆكاری راستەقینە كە بۆتە هاندەر نەوشیروان مستەفا بەو جۆرە سیاسەت بكات، گرێ مێژوویی و سایكلۆژیەكانی خۆیەتی.
بالێرەدا سەرنج لە بایكۆتكردنی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان بدەین كە گۆڕان بایكۆتی كردووە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەم حزبە خۆی داوای سازانی نیشتمانی دەكرد، ئێستا هەر خۆی بایكۆتی ئەو دانیشتانە دەكات كە بۆ سازانی نیشتمانی لەسەر دەستوور لە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچن، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا دەكرێت بایكۆتی دانیشتن و دیالۆگ لەسەر دەستوور بكرێت؟ بێگومان دەستوور پەیوەندی بەهەر حزب و گروپ و هاووڵاتیەكەوە هەیە، ناكرێت بایكۆتی دیالۆگ و وتووێژ لەسەر دەستوور بكرێت، بەڵێ دەكرێت لەسەر مەسەلەیەكی سیاسی حزبێكی سیاسی هەڵوێست وەربگرێت، بەڵام لەسەر دەستوور، ئەمە هەڵوێستێكە كە لە فەرهەنگی سیاسیدا جێگەی نابێتەوە، دەبێت لەدەرەوەی فەرهەنگی سیاسی بگەڕێین تا ناوێكی بۆ بدۆزینەوە، بۆیە پێش دانیشتنی لایەنە سیاسیەكان لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، ئێمە وەك پارتی پێشبینی ئەوەمان دەكرد ئەوان بڕیاری پێشوەختەیان هەبێت بۆ ئەوەی هەموو پرۆسەیەكی سیاسی لەم وڵاتە پەك بخەن، بەڵام خۆیان دەریان خست كە ئەمە ئامانجیانە، ئەمەش لەپێناوی ئەوەیە ئەم پەكخستنە وەك كارتێكی هەڵبژاردن بەكاربهێنن، بەتایبەتی دوای ئەوەی هەموو لێكۆڵینەوە و بۆچوونەكان ئەو راستیانەیان دەرخستووە، كە بزووتنەوەی گۆڕان ئەو هێزە نییە كە لەساڵی 2009 ئەو ژمارە كورسییەی بەدەست هێنا، لەمەش راشكاوانەتر هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان لە پارێزگای دیالە تا پارێزگای سەلاحەدین و نەینەوا، ئەو راستیانەیان خستەڕوو كە بزووتنەوەی گۆڕان جێگەی متمانەی خەڵك نییە و خەڵكی ئەو ناوچانە دەنگ بە گۆڕان نادەن، هەر بۆ نموونە بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنەكانی یەك دوو رۆژی رابردووی پارێزگای نەینەوا، لە شاری مەخمور تەنیا 116 دەنگی هێناوە، لەكۆی نزیكەی 12 كورسی لەو پارێزگایە پێشبینی ناكرێت گۆڕان هیچ كورسییەك بەدەست بهێنێت، بۆیە ئەگەر لەم واقیعەوە سەیری قسەكانی نەوشیروان مستەفا بكەین كە لەسەر ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم دەیكات، ئەوا خەڵكی ئەو ناوچانە زۆر بەراشكاوی وەڵامیان دایەوە بەوەی متمانەیان بەگۆڕان نییە و گۆڕان و نەوشیروان مستەفا بە داكۆكیكاری ئەو ناوچانە نازانن و متمانەیان بە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستانی هاوپەیمانە بۆ ئەوەی چارەنووسی ئەو ناوچانە یەكلایی بكاتەوە و ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان، بۆیە هەوڵدان بۆ بوختان و چەواشەكردنی مێژوو سەبارەت بەو ناوچە دابڕاوانە كارێكە دوورە لە ئاكاری سیاسیی كەسێك كە خۆی بە سیاسەتمەدار بزانێت، هەروەها بوختان دروستكردن بۆ سەرۆك مام جەلال كە ئێستا نەخۆشە و لەدەرەوەی وڵاتە كە ئێمە ئومێد دەخوازین زۆر بەزوویی و بە سەلامەتی بگەڕێتەوە بۆ كوردستان، دیسان كارێكە جۆرێك لە هیستریای سیاسیی پێوە دیارە و كەسێك ئەو جۆرە قسانە دەكات كە كێشە ناوخۆییەكانی حزبەكەی و پێگەی حزبەكەی لەناو جەماوەرەدا گەیشتبێتە ئەو ئاستەی نەتوانێت كۆنترۆلی خۆی بكات و شپرزە بێت.
لەوانەیە ئەم بارودۆخە شلۆقەی ئێستای گۆڕان و نەوشیروان مستەفا لەلای خەڵكانی ئاسایی بەو راشكاوییە بەرچاو نەبن، بەڵام ئێستا لەناو زۆربەی خەڵكانی دەستەبژێری رۆشنبیری و سیاسیی ئەو بۆچوونە خەریكە دروست دەبێت كە هەست دەكەن ئەو جۆرە سیاسەتەی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا پیادەی دەكەن مەترسییە بۆ سەر دۆزی كورد بەگشتی و ژینگەی دیموكراتی هەرێمی كوردستان، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كە سیاسەتی رەتكردنەوە و یەكتری قبوڵ نەكردن و پەنابردن بۆ بوختانی سیاسی، لەكاتێكدا بەرەو هەڵبژاردن هەنگاو هەڵدەگرین مەترسی راستەقینە لەسەر پرۆسە دیموكراتیەكە دروست دەكات.
بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییە، پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبەردەم بەرپرسیاریەتییەكی مێژوویی گەورەدان بۆ ئەوەی بەهەر نرخێك ئەم ئەزموونە دیموكراتییە بپارێزن، ئەمەش بەوە دێتە دی كە پێویستە هەموو فاكتەرەكان لەبەردەستی پارتی و یەكێتی بن وەك دوو لایەنی هاوپەیمان بۆ ئەوەی رێگە نەدەن ئەو ژینگە ئاڵۆزە بێتە ئاراوە كە سیاسەتی دوژمنكارانە مەترسی لەسەر ئەم بارودۆخە دروست بكات، بۆ ئەمەش دەبێت هەموو هەوڵی پارتی و یەكێتی بۆ ئەوەبێت، سندوقەكانی دەنگدان وەڵامی ئەم سیاسەتە هیستریایەی بداتەوە، هەروەك چۆن هاووڵاتیانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم وەڵامیان دایەوە و لە پرۆسەیەكی دیموكراتیدا پێیان گوت ئێوە نوێنەری ئێمە نین و متمانەمان پێتان نییە. بۆ ئێستاش كە بەرەو هەڵبژاردنەكانی ئاییندە هەنگاو هەڵدەگرین، گرنگە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بەوجۆرە هانی جەماوەر و لایەنگیرانی خۆیان بدەن، بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوو و بەرێگەی سندوقی دەنگدان جارێكی دیكە وەڵامی ئەوانە بدەنەوە كە مەترسین لەسەر پرۆسە دیموكراتییەكەمان.

* وتەبێژی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
Top