دكتۆر رۆژ نووری شاوێس(جێگری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی فیدراڵی عێراق) بۆ گوڵان:هاتنی مالیكی بۆ هەولێر نیشانەی ئەوەیە بەغدا ئەو نیەتەی هەیەكێشەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەر بكات

دكتۆر رۆژ نووری شاوێس(جێگری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی فیدراڵی عێراق) بۆ گوڵان:هاتنی مالیكی بۆ هەولێر نیشانەی ئەوەیە بەغدا ئەو نیەتەی هەیەكێشەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەر بكات
دوای ماوەیەكی زۆری تەنگژەو كێشە لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، بە سەردانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق و رێككەوتن لەسەر پرانسیپێك بۆ چارەسەركردنی تێكڕای كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و پێكهێنانی حەوت لیژنە بۆ دۆزینەوەی میكانیزمی گونجاو بۆ چارەسەری ئەو كێشانە، بووە كردنەوەی دەروازەیەك كە بەڕێز نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و لەگەڵ بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە و هەروەها بە ئامادەبوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكومەتی فیدرالی لە هەولێر ئەنجامبدرێت، ئەم سەردانەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ هەولێر بە هەنگاوێكی گرنگ لەقەڵەم دەدرێت بۆ پیشاندانی نیەتی حكومەتی فیدرالی بۆ ئەوەی كێشەكانی لەگەڵ هەولێر چارەسەر بكات، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم سەردانە و ئەو ئاكامانەی لەدوای ئەم سەردانە چاوەڕێ دەكرێت جێبەجێ بكرێن، گوڵان بە پێویستی زانی ئەم دیمانە تایبەتە لەگەڵ بەڕێز د.رۆژ نوری شاوەیس جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدرال ئەنجامبدا كە ئەمە دەقەكەیەتی.
* دوای ماوەیەكی دوور و درێژ لە تەنگژەو كێشە لە نێوان هەولێر و بەغدا و بە سەردانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا دەروازەیەك كرایەوە، هەروەها هەفتەی رابردووش بەڕێز مالیكی سەردانی هەولێری كرد، پرسیاری ئێمە ئەوەیە ئایا ئەو كرانەوەیە لە نێوان هەولێر و بەغدا چۆن روویدا، حەز دەكەین جەنابت ئەم بابەتە بۆ خوێنەرانی گوڵان بخەیتەڕوو؟
- ئەگەر بێتەوە بیرتان پاش ئەوەی كە بودجەی عێراق لە پەرلەمان یەكلایەنانە بڕیاری لەسەر درا، پەرلەمان و وەزیرە كوردەكان هاتنەوە كوردستان بۆ ئاڵوگۆڕكردنی راو بیروبۆچوون دەربارەی ئەو رەوشە، بە رای من قەیرانەكە لە بڕیاردانی بودجەوە دەست پێ ناكات كە یەكلایەنانە كردیان، بەڵكو كێشەكە پێش ئەوەیە، زۆر لە خاڵەكانی رێكەوتننامەی هەولێر كە حكومەتی لەسەر دروستكرابوو جێبەجێ نەكران، بە تایبەتی ئەو خاڵانەی كە پێوەندییان هەیە بە شەراكەتی راستەقینە، بە هاوسەنگی، هەروەها بە مەسەلەی تەوافوق، یەكێك لە زەقترین كێشەی تەوافوقیش ئەو بڕیاردانەی بودجە بوو بە یەكلایەنی، كە هەموو لایەنە كوردستانیەكان هاتبوونە دەرەوەو لایەنەكانی دیكەش لە هاوپەیمانی نیشتمانی بڕیاریان لەسەردا، ئەمە بووە هۆی ئەوەی وەزیر و پەرلەمانتارە كوردەكان بگەڕێنەوە كوردستان، لەگەڵ سەركردایەتیی حزبەكان و لەگەڵ جەنابی سەرۆكی هەرێم دابنیشن و گفتوگۆ بكرێت كە چی بكرێت باشە، لەبەر ئەوە وەزیر و پەرلەمانتارە كوردەكان ماوەیەكی زۆر لە كوردستان مانەوە، خاڵەكان دەست نیشانكران، كە چی بكرێت باشە، ئەگەر لایەنی بەرامبەریش ئامادە بێت ئەو خاڵانە جێبەجێ بكات، كە رەوشەكە بێنێتەوە سەر رێچكەی خۆی، بەر لەوەی كاك نێچیرڤان بارزانی بچێتە بەغدا، دوو شاندی دیكەش چووبوون، لە نزیكەوە ئاگاداری بۆچوونەكانی بەغدا بوون و لەگەڵ مالیكی و لایەنەكانی دیكە بە راشكاوی باسی گیروگرفت و بابەتەكان كرابوو، رەچاوی ئەوە كرا، هیچ نەبێ جارێ ئامادەیی بە قسەو زارەكی هەیە، كە ئەو كێشانە هەمووی چارەسەر بكرێت، ئەو رایەمان هێنایەوە كوردستان و لەگەڵ جەنابی سەرۆكی هەرێم و لایەنەكان جارێكی دیكە كۆبووینەوە، بڕیاردرا ئەمجارە بە فەرمی شاندێكی حكومەتی هەرێم نەك هی حزبەكان بچێتە بەغدا، چونكە كێشەكە لە بەینی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەو لایەنانەیە كە لە بەغدا دەسەڵاتیان بەدەستە، بە رای هەموو حزبەكان و بێ دەستێوەردانی حزبیی كە ئازادی بدرێت بە حكومەتی هەرێم كە بەتەواوی ئازاد بێت لە دانانی رێوشوێن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، ئەوەبوو شاندەكە بە سەرۆكایەتی كاك نێچیرڤان چوونە بەغداو لەوێ پێوەندی كرد و گەیشتنە ئەوەی كە پێویستە شتێكی نووسراو لە نێوان هەردوو لادا هەبێت، هەرچەندە من ئەندامی شاندەكە نەبووم بەڵام بۆ نووسراوەكەی نێوانیان من و پارێزگاری كەركوك دانیشتین لەگەڵ لایەنی بەرامبەر لە حكومەتی فیدرال و ئەو خاڵانەمان دەست نیشانكرد كە پێویستە چارەسەر بكرێن و ببێتە بنەمایەك بۆ ئەوەی وەزیر و پەرلەمانتارە كوردەكان بگەڕێنەوە بەغدا، بەمانای ئەوەی رێوشوێنمان دانا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان حكومەتی فیدرال و هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای ئەو رێكەوتن و گفتوگۆیانەی كاك نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا دەیكرد و ئەنجامیدا، هەمان رۆژ ئەو شتانە هەمووی تەواوكران و ئیمزاكرا، دوای گەڕانەوەی كاك نێچیرڤان بۆ كوردستان لێرەش لە كۆبوونەوەیەكدا ئەو خاڵانە ئیقراركرا، ئینجا چرای سەوز هەڵكرا بۆ وەزیر و پەرلەمانتارە كوردەكان تا بگەڕێنەوە بەغدا.
* دوای ئەم هەنگاوە مالیكی سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد، ئایا ئەم سەردانە زیاتر نیەتی بەڕێز مالیكی بۆ چارەسەری كێشەكان پیشاندەدا یان نە؟
- یەكێك لەو خاڵانەی كە لە سەردانەكەی كاك نێچیرڤان بۆ بەغدا ئەوەبوو كە داوا لە مالیكی كرا سەردانی هەولێر بكات، ئەوەش بە هەنگاوێكی ئیجابی دادەنرا ئەگەر بێتە هەولێر، چونكە نیەت پیشان دەدا كە دەیەوێت كێشەكان چارەسەربكات، نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێت كە زۆر لایەن هەبوون كە رەنگە حەزیان نەدەكرد مالیكی بێتە هەولێر و حەزیان دەكرد بارودۆخەكە وەك خۆی بمێنێتەوە، یان بە تەنازولیان دادەنا كە مالیكی بێتە هەولێر یان چەندین پاساویان دەهێنایەوە بۆ دانانی تەگەرە تا ئەم سەردانە ئەنجام نەدات، دەرئەنجام هاتە هەولێر، بە بۆچوونی من، هاتنی مالیكی بە هەر شێوەیەك بێت بەناوی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران یان هەر شتێكی دیكە، بەڵگەیەكی دیارەو نیەتی وا پیشان دەدات كە دەیەوێت كێشەكان لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا چارەسەربكات، دەیەوێت پێوەندییەكانی لەگەڵ جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان چاك بكاتەوە، هەروەها نیەتی ئەوەشی پیشانداوە كە ئەو رێكەوتننامانەی كە كراون، ئەو حەوت خاڵە جێبەجێ بكات، وێڕای كۆبوونەوەی مالیكی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتەكەی لە هەولێر، جگە لەوە مالیكی و دوو یاریدەدەری خۆی لەگەڵ شاندی حكومەتی هەرێمدا دانیشتن بە سەرۆكایەتیی كاك نێچیرڤان بارزانی و دەست نیشانی ئەو لیژنانەیان كرد بۆ جێبەجێكردنی ئەو حەوت خاڵەی كە لەسەری رێككەوتبوون، هەروەها دانیشتنێكی دوور و درێژی لەگەڵ جەنابی سەرۆكی بارزانی كرد، كە رۆیشتینەوە بەغدا من لەگەڵ مالیكی بووم، ئەو زۆر خۆشحاڵ بوو بەو كۆبوونەوانەی لە هەولێر بەتایبەتیش كۆبوونەوەكەی لەگەڵ جەنابی سەرۆك ئەنجامی دان، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ئەو لایەنانەی كە گرنگی دەدەن بە كێشەی عێراق و مەسەلەی دیموكراتیەت لە عێراق ئەو هاتنەو دیدارانەیان لە هەولێر بەرز نرخاند، لەوانە نەتەوە یەكگرتووەكان و باڵیۆزە ئەوروپییەكان بە گشتی و ئەمریكاش، تارادەیەك ئێرانیش.
* هەموو جار لە كۆبوونەوەكاندا باس لەوە دەكرێت كە كێشەكان دەبێ لەژێر سەقفی دەستوور جێبەجێ بكرێن، لەسەر ئەو قسەیە هەردوولاتان، كوردو بەغدا هاودەنگن، ئایا كە هاودەنگن بۆ كێشەكان چارەسەر ناكرێن، ئایا ئەوە مانای ئەوە نییە كە كوردو بەغدا هەر یەكەیان خوێندنەوەی جیایان بۆ دەستوور هەیە؟
- جارێ سەبارەت بە دەستوور بەغدا چەند لایەنێكە، بەڵام تێڕوانین و دیداری كورد بۆ دەستوور یەك لایەنەیە، لەبەغدا خەڵكانێك هەن دژبە دەستوورن و خەڵكانێكیش هەن نیوەی دەستووریان قبوڵە، خەڵكانێك هەن تەنیا ئەو خاڵانەیان قبوڵە كە بەرژەوەندیی خۆیانیان تێدایە، كورد بە گشتی بەو شێوەیە سەیری دەستوور دەكات كە بەرهەمی خەباتێكی دوور و درێژی گەلی كوردستانەو ئەو پارتە كوردستانییانەی كە رۆڵی سەرەكیان بینیوە لە نووسینەوەی دەستوور و پاڵپشتی بوونەو دەنگیان بۆ داوە، هەروەها 80%ی گەلی عێراق دەنگی بۆ ئەم دەستوورە داوە.
ئەو دەستوورە لە وردەكاریشدا ئامانجەكانی گەلی كوردستانی تا رادەیەك پاراستووە و لە بەرژەوەندیی دایە، لەبەرئەوەی بەر لە هەموو شتێك دانی ناوە بەو دەزگایانەی لە كوردستان هەن، دووەم رێگەی داوە كە كوردستان بە شێوەیەكی پێشكەوتوو ئیدارەی خۆی بكات، رێگەشی داوە كە پەرلەمانی كوردستان هەر یاسایەكی هەبێ جێبەجێكردنی لە كوردستاندا بە پێی بەرژەوەندیی گەلی كوردستان دەستكاری بكات، رێگەی داوە كە سەیری دەستوور بكەین كە هاوسەنگییەك هەبێت لە نێوان كورد و عەرەب بە هەردوو لایەنەكەی، چ شیعەو چ سوننە، ئاماژەی بەوە كردووە كە هەر بڕیارێك بێت، دەبێ بە تەوافوق بێت لە نێوان ئەو هێزانە، دەبێ پرەنسیپی شەراكەت هەمیشە رەچاوبكرێت، جگە لەوانەش، دەستوورەكە مافی داوە بە گەلی كورد كە ئەگەر هاتوو خەڵكانێك ویستیان گۆڕانكاریی لە دەستووردا بكەن، یان هەمواری بكەنەوە، ئەگەر دوو لەسەر سێی گەلی كوردستان رازی نەبێت لەسەر ئەمە، ئەوا دەستوورەكە دەستكاری ناكرێت و وەك خۆی دەمێنێتەوە، بۆیە كورد كە دەڵێ ئێمە پابەندی دەستوورین بە راستییەتی، بەڵام لایەنەكانی دیكە وانین بە داخەوە، بۆیە لەگەڵ زۆر لە لایەنەكانی بەغدا لە دوو گۆشەنیگای جیاوازەوە سەیری دەستوور دەكەین، بۆیە كە سەیری رێكەوتننامەی هەولێر بكەین ئێمە دەڵێین پابەند بوون بە دەستوور، بەبێ لێهەڵبژاردنی ماددەكان واتا هەموو دەستوور مەبەستە، بۆیە تا هەموو لایەنەكان دەستووریان بە یەك بلۆك مەبەست نەبێت، راو بۆچوونمان لەسەر كێشەكان جیاواز دەبێت، واتا ئەوان لێكدانەوەیەكیان دەبێت ئێمەش لێكدانەوەیەكی دیكە.
* دوای ئەو كرانەوەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان باسی پێكهێنانی ژمارەیەك لیژنە كرا، ئایا ئەم لیژنانە بۆ ئەم مەبەستەیە یان بۆ گەڕانە بەدوای دۆزینەوەی میكانیزمێك جێبەجێی بكەن بۆ چارەسەر یان چارەسەرەكان دیارن؟
- پێش هەمووشت و یەكەم جار لەسەر لیژنەكان رێكەوتن نەكراوە، بەڵكو لەسەر پرەنسیپی چارەسەركردنی كێشەكان ئیتیفاق كراوە، وەكو هەماهەنگی ئەمنی و لیژنەیەك هەبێت سەرپەرشتی هەمووی بكات و دیراسەتی چۆنییەتی جێبەجێكردنی ماددەی 140 بكرێت، دیراسەتی چارەسەركردنی پرسی پێشمەرگە بكرێت كە دەبێت چارەسەربكرێت، یاسای نەوت و داهات كە دەبێ بە زووترین كات ئەنجام بدرێت، بابەتی شەراكەت و هاوسەنگی و تەوافوق كە بابەتێكی گشتی عێراقییەو خاڵێكی گرنگە، ئەمەش ئەو قسانە پووچەڵ دەكاتەوە كە تەنیا بڵێی رێكەوتنەكە بۆ بەرژەوەندیی یان جێبەجێكردنی داواكارییەكانی كورد بووە، هەروەها چەند خاڵێكی دیكەی گرنگ، یەكێ لەو خاڵانە پێداچوونەوەیە بە بودجەی عێراق كە كەموكورتییەكانی چاك بكرێن، ئەو راوبۆچوونانەی كوتلە كوردستانییەكان كە لەسەری چوونە دەرەوە هەموار بكرێن یان بودجەیەكی تەواوكاری دابنرێت كە ئەو شتانە هەمووی چارەسەربكات، ئەو لیژنانەی كە دروستكراون ئەگەر زوو بكەونەكارو لە راستیدا كارەكان دیارن و كورد دەزانێت چی دەوێت، چارەسەری كێشەی عێراق بە گشتی دیارە چۆن دەبێت، كە لە سێ شت بەدەر نییە، یەكەم دامەزراندنی حكومەت لەسەر بنەمای شەراكەتی راستەقینە واتا هاوسەنگییە لە بڕیارو لە دەسەڵاتدا، مەسەلەی هاوسەنگی لە هەموو دامو دەزگاكانی حكومەتی فیدرال، دەبێ رەچاوی رای پێكهاتە سەرەكییەكان بكرێت لە هەر بڕیارێكی گرنگدا كە ئەمەش یەكێكە لە خاڵەكانی رێكەوتننامەكەی هەولێر، بە تایبەتی ستراتیژی و چارەنووسسازەكان دەبێ كورد و سوننەو شیعە لەسەری رێكبكەون نەك لایەنێك یان دوو لایەن بە كەیفی خۆی بڕیاری لەسەر بدات، سەبارەت بە مەسەلەی ناوچە دابڕاوەكانی كوردستان ئێمە زیاتر لە ماددەی 140 مان ناوێت، خۆمان ئەو ماددەیەمان كاتی خۆی لە یاسای بەڕێوەبردنی حكومەتمان كردووە و نووسیومانەتەوەو چەسپاندوومانەو لەوێوە دوایی گواستوومانەتەوە بۆ ناو دەستوور بە هەمان شێوە، بۆیە پێویستە ئیشی لەسەربكرێت، دیاریشە چی ماوە، هاوردەكان رۆیشتوونەتەوە و كورد گەڕاونەتەوە شوێنەكانی خۆیان، قەرەبوو كراونەتەوە و كێشەی زەوی و زار زۆربەی چارەسەر كراوە، هەندێ شت ماوە كە هێشتا نەكراوە یەكەمیان ئەو دەستكارییانەی سنووری ئیدارەی كەركووك كە پێشتركراون چارەسەر نەكراوە، كە دەبێ چارەسەر بكرێ، ئەمڕۆ چەند یاسایەك پێشكەشكراوە لە پەرلەماندا كە پێویستە پەرلەمان بڕیاریان لەسەربدات، دووەم چۆنێتیی ئەنجامدانی راپرسی لە كەركووك یان ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم ئەگەر هیچ سەرژمێرییەك نەكرابێت بەتایبەتیش گۆڕانكاری كراوە یان ئەوەندە هاوردە هاتوون و ئەوەندە رۆیشتوون بێ سەرژمێری ناتوانرێت راپرسی بكرێت، لە مادەی 140 ئەمە هاتووە كە دەبێ سەرژمێری بكرێت، ئینجا راپرسی ئەنجام بدرێت، بۆ جێبەجێكردنی ئەم ماددەیە دەبێ ئەو هەنگاوانە بهاوێژرێن، مەسەلەی یاسای نەوت و دابەشكردنی داهات لێرەدا دەبێ لایەنی كوردی بزانێت كە بە پێی دەستوور كورد مافی ئەوەی هەیە سەرپەرشتی نەوتی ناو هەرێم بكات، هەروەها مافی ئەوەی هەیە لەگەڵ كۆمپانیاكان رێك بكەوێت و باشترین بەرهەم بهێنێت و سوودی زیاتری لێ وەربگرێت، بۆیە دەبێ یاسای نەوت لەگەڵ روحی دەستووردا بگونجێت و مەركەزی نەبێت، سەبارەت بە دابەشكردنی داهاتیش دەستوور ئاشكرای كردووە داهاتی عێراق هەمووی بە پێی رێژەی دانیشتووان بەشێوەیەكی دادوەرانە دابەش دەكرێت بەسەر ناوچەكاندا، بەڵام بۆ كورد یەك گرفت هەیە ئایا كێ دابەشی دەكات، دەبێت بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی دابەش بكرێت بە دەست نیشانكردنی رێژەكە بە پێی یاساو رێكار، ئەو پارەیەی كە دێتە سندوقی عێراقیەوە كە لە دەرەوەیە هەر لەوێ دابەش دەكرێت بەسەر حكومەتی فیدرال و هەرێمی كوردستان.
* زۆرجار باستان لەوە كردووە كە كێشەی هەرێم یان لایەنی كوردستانی لەگەڵ بەغدا كێشە نییە لەگەڵ هیچ كەس و لایەنێك، بەڵكو لەسەر شێوازی حوكمڕانیە لە وڵاتدا، ئایا دوای ئەو كرانەوەیەوە ئومێدتان هەیە كە شێوازی حوكمڕانی لە عێراق ببێتە شێوازی شەراكەتی راستەقینە؟
- ئەو شێوازی حوكمەی كە كورد دەیەوێت، شێوازێكە كە لە دەستووردا دەست نیشانكراوە، سیستەمێكی دیموكراتی فیدرالی فرەحزبی، دەسەڵاتیش بە شێوەیەكی ئاشتیانە ئاڵوگۆڕ بكرێت بە پێی سندوقی دەنگدان و لەسەر سێ بنەما كە باسم كرد شەراكەت و هاوسەنگی و تەوافوق، ئەمە راوبۆچوونی كوردەو رای هەموو هێزە دیموكراتییەكانە لە عێراق بە گشتی، بۆیە چارەسەری ئەم كێشانە لەم بۆچوونە بەدەر نییە، ئەگەر جێبەجێ بكرێت هەموو كێشەكان چارەسەر دەبن، ئەمەیە مەسەلەكە، كورد هەر ئەمەی كردووەو بەردەوامیش دەبێت ئینجا كێشەی هەبێ لەگەڵ بەغدا یان نەیبێ، سەردان ئەنجام درابێت بۆ هەولێر یان نەكرابێت، بەڵام بەم سەردانە لەم ئامانجە نزیك بووینەتەوە یان گەشبین بم كە ئەم ئامانجە جێبەجێ دەكرێت من وەڵام دەدەمەوە كە واقیعی نییە، چونكە دەبێ بەردەوام هەوڵی بۆ بدەیت و خەباتی بۆ بكەیت چونكە سیاسەت هونەری مومكیناتە دەبێ كاری لەسەر بكەیت و جێبەجێ كردنی رێكەوتننامەو پەیمانەكان پەیوەستە بە توانای هێز نەك هێزی بازوو و سەربازی، بەڵكو هێزی سیاسەت و ئابووری و پێوەندی، ماوەیەكی كەممان لەبەردەمدا ماوە چونكە بەرەو هەڵبژاردنی عێراق دەچین، زۆر حزب چاوەڕوانی زۆر شت لەم هەڵبژاردنە دەكەن، بۆیە دوو شت پێویستن ئێمە وەكو كورد نەچینە دواوە، بەرژەوەندییەكانمان لەدەست نەدەین، ئامانجەكەی خۆمان لەبەرچاوبێت كە دیموكراسییەت و فیدرالی و فرەحزبی و دەستوورمان دەوێت و هەوڵ بدەین لەم ماوەیەدا كێشەمان لەگەڵ بەغدا بۆ دروست نەبێت، ئەو شتانەی لەسەری رێكەوتووین لانی كەم لەم ساڵەدا جێبەجێ بكرێت، هەروەها دەبێ هەوڵ بدەین لەم ماوەیەدا پێكهاتەكانی دیكەش بێنینەوە سەرخەت نەك هەر ئێمەو شیعە بەڵكو برا سوننەكانیش، مەسەلەیەكی گرنگی دیكە ئەوەیە ئەو هەڵبژاردنەی كە دەكرێت دەبێ گەرەنتی ئەوە هەبێت كە پاك و بێگەرد بێت، بۆ ئەم مەبەستە سێ شت پێویستە یەكەمیان یاسایەكی باشتری هەڵبژاردنمان هەبێت، دووەمیان چاودێری تۆكمە هەبێت لەسەر دەزگاكانی هەڵبژاردن، سێیەم دەبێ ئەوە دەستەبەربێ كە دەزگای هەڵبژاردن بێ لایەن بێت و بۆ لایەنێكی دانەشكێنێت دژ بە لایەنێكی دیكە.
* حكومەتی ئێستای عێراق بەپێی رێكەوتنی هەولێر دامەزراوە، ئەمجارەش هەر لە هەولێر هەنگاو بۆ خاوكردنەوەی كێشەكان دەنرێت، ئایا دەتوانین بڵێین ئەو كرانەوەیەی ئەم جارەش گەڕانەوەیە بۆ خاڵەكانی رێكەوتنی هەولێر، ئایا ئەم رێكەوتنە هەر ئەو نەخشە رێگایەیە، یان نەخشەیەكی دیكەتان داناوە؟
- جارێ دامەزراندنی حكومەت لە هەولێر و زۆربەی كارەكانی لە هەولێر تەواوبوون، دووەم هاتنەوەی ئەم دواییەی بۆ هەولێر و هەوڵدان لێرەوە بۆ چارەسەری كێشەكان ئەمانە هەموویان گرنگی و بەهێزیی پێگەی هەولێر و بە تایبەتیش جەنابی سەرۆك بارزانی پیشان دەدەن لە 2003-وە بێجگە لە رۆڵی دیاری لەكاتی ئۆپۆزسیۆن پێش ئەو ساڵە، بەتایبەتیش بۆ عێراق لە هەموو هەنگاوەكاندا، بە قەناعەتی من ئەو رۆڵە هەر دەمێنێت، تا هەرێم بەو شێوەیەی لەسەری رۆیشتووە بەرەو پێشكەوتن بچێت و دامەزراوە دیموكراتییەكان زیاتر بچەسپێن، بۆیە بەهەر خاڵێكدا بچیت ئەنجام هەر دەگەڕێیتەوە بۆ سەر ئەو خاڵانەی لە رێكەوتننامەی هەولێر دەست نیشان كراون.
* ئەگەر رێكەوتنی هەولێر جێبەجێ بكرێت، ئەوا نابێت هیچ پێكهاتەیەكی عێراق لە شەراكەت پەراوێز بخرێت، ئایا ئەم كرانەوەیە تایبەت بوو بە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان كورد و بەغدا، یان هەوڵێكە بۆ راستكردنەوەی حوكمڕانی لە عێراق، راشكاوانەتر ئایا دەروازەیەك نییە بۆ چارەسەری كێشەی سوننەكانیش لە عێراق؟
- بەڵێ دەروازەیە بۆ ئەمە و كورد هەمیشە ئەو سیاسەتەی بە ئاشكرا راگەیاندووە، راستە ئێمە هاوپەیمانی دەكەین لەگەڵ حزب و لایەنەكاندا بەڵام هاوپەیمانیمان لەگەڵ هیچ پێكهاتەیەك لەسەر حسابی پێكهاتەیەكی دیكە نییە، باوەڕیشمان بەوە بەتینە كە عێراق بە یەك پێكهاتە حوكمڕانیی ناكرێ بگرە بە دوو پێكهاتەش ناكرێ، دەبێ هەر سێ پێكهاتە سەرەكییەكە هاوسەنگ و شەریك بن و بەیەكەوە كار بكەن.
* ئەگەر سەبارەت بە بارودۆخی سوریا قسەیەك بكەین، لەو روانگەیەی كە بارودۆخی سوریا كاریگەری لەسەر ناوچەكەو عێراقیش هەیە، بەڕێزت وەك جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق سەیری بارودۆخی سوریا دەكەیت، تا چەند نەمانی ئەسەد كاریگەری بۆ سەر رەوشی عێراق دەبێت؟
- من ئەگەر وەك جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق قسەبكەم، دیارە سیاسەتی فەرمیی عێراق بێ لایەنە و راشیگەیاندووە، دژی تیرۆر و كوشتنە، پشتگیری لە چارەسەرێك دەكات كە گەلی سوریا پێی رازی بێت، لەسەر ئەو بنەمایە وەزیری دەرەوەی عێراق لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی كار دەكات، بەڵام حكومەتی عێراق حكومەتێكی هاوپەیمانیە و یەك لایەنە نییە، بۆیە دەبینین لەنێو حكومەتی عێراق راوبۆچوونی جیاواز هەیە سەبارەت بە كێشەی سوریا بە كورد و سوننەو شیعەشەوە، بەڵام ئەگەر وەك كوردێك قسە بكەم، پێش هەموو شتێك دەبێت رەچاوی بەرژەوەندیی كوردی سوریا بكەم كە زەرەرمەند نەبن و نەبنە سووتەمەنیی ئەو رەوشەی سوریا، بەرژەوەندی و ئاشتیی ناوخۆیان بپارێزن، دووەم رەچاوی ئەوە بكەن چی ئامانج و چی مافە نەتەوەییەكانیان دێنێتە دی، راو بۆچوونی من ئەوەیە كە ئەو رژێمەی ئەمڕۆ لە سوریادا هەیە نابێت بەم شێوەیە بمێنێتەوە، پاش ئەو هەموو كوشتار و تاوانانە، لە هەمان كاتیشدا نابێ لایەنێك بێتە سەر حوكم كە توندڕۆ بێت جا توندڕۆی ئیسلامی بێت یان سەر بە قاعیدە بێت، یان بە شێوەیەك ئیش بكات ئاگری شەڕەكە خۆشتر بكات، بۆیە دەبێ بەدوای چارەسەرێك بگەڕێن كە هەموو میللەتی سوریا تێیدا بەشدار بێت بە موعارەزەشەوە، بەس دوور لەسەرانی ئەو رژێمەی كە ئێستا هەیە، دانیشن چارەسەرێكی دیموكراتیانە دوور لە توندڕۆیی و ستەم و دەستدرێژی یەك لایەنە بدۆزنەوە، ئەمە پرۆسێسێكی قورسە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئیشی لەسەر دەكات، بۆیە تا ئێستا كێشەی سوریا چارەسەر نەكراوە چونكە ئەگەر بەجێی بێڵیت یان بە دەست رژێمێكی ئاوا خوێنمژ یان بە دەستی تاقمێكی توندڕۆی وەكو قاعیدە دێنە سەرحوكم كە هەردووكیان یەك لە یەكتر خراپترن و لەو ناوەشدا نەك هەر میللەتی سوریا زەرەر دەكات بەڵكو میللەتانی ناوچەكەش، بۆیە لایەنەكان دەبێ رێكەون حكومەتێكی دیموكراتی دامەزرێنن كە رەچاوی مافەكانی هەموو لایەك بكات و پێوەندیی دراوسێتی و نێودەوڵەتی لەبەرچاو بگرێت كە ئەمە زۆر زەحمەتە، بە نسیبەت عێراقیش لەبەر ئەوەی وەزعی سوریا زۆر خراپتر دەبێت، عێراق دەبێ بیر بكاتەوە ئەگەر ئەمە نەكرا رەوشەكە چی دەبێت، سەیری رەوشی توركیا بكە كە خەریكە بەرەو خراپتر دەڕوات، رەوشی ئێران دیار نییە هەڵبژاردنیان لە پێشە، لەگەڵ ئەمریكا لەسەر ئەتۆم هەرایانە، رەوشی ناوچەكە هەمووی دەكوڵێت، ئێمەش لە كوردستان باشین بەڵام ئەگەر دەوروپشتمان گڕی تێبەربوو بۆ ئێمەش كاریگەری دەبێت، بۆیە دەبێ نێوماڵی خۆمان چاك بكەین و پلانمان هەبێت و رێك بكەوین، بەرژەوندیی ئێمە لەوەدایە ئەم دەستكەوتانە بپارێزین و ئەگەر توانیمان پێشی بخەین چونكە دەبێ ئەوە بزانین كە بارودۆخەكە بەرەو خراپی دەچێت و دەبێ كورد ناوماڵی خۆی رێكبخات و دواتر لەگەڵ عێراقیش رێكی بخات.
Top