جۆن ئیڤەرسلی بەڕێوەبەری سیستمی چاودێریی تەندروستی لە بەریتانیا بۆ ( گوڵان):كێشەی تەندروستیی كوردستان لەوەدایەرێگری ناكرێت لەوەی خەڵك نەخۆش نەكەوێت

جۆن ئیڤەرسلی بەڕێوەبەری سیستمی چاودێریی تەندروستی لە بەریتانیا بۆ ( گوڵان):كێشەی تەندروستیی كوردستان لەوەدایەرێگری ناكرێت لەوەی خەڵك نەخۆش نەكەوێت
جۆن ئیڤەرسلی؛ شارەزا لە بواری سیاسەت و ئیدارەی گشتیی، خاوەنی 25 ساڵ ئەزموونی كاری خۆبەخشی و پۆستی بەڕێوەبەرە لە National health services» كە سیستمێكی چاودێریی تەندروستییە لە بەریتانیا. جۆن ئیڤەرسلی لە ساڵی 2012دا وانەبێژ بووە لە هەردوو بواری تەندروستی گشتی و پەرەپێدانی تەندروستی لە زانكۆی London South Bank، هەروەها بۆ ماوەی حەوت ساڵ لە زانكۆی Queen Mary لە لەندەن وانەی وتۆتەوە. بۆ قسەكردن لەسەر پێداویستییە كۆمەڵایەتیەكان و چاودێریی تەندروستی كە بۆ بنیاتنانەوەی تواناكانی هاووڵاتیان و پرۆسەی پەرەپێدانی بەردەوام زۆر گرنگە، گوڵان ئەم وتووێژەی لەگەڵ جۆن ئیڤەرسلی ئەنجامدا.
جۆن ئیڤەرسلی؛ شارەزا لە بواری سیاسەت و ئیدارەی گشتیی، خاوەنی 25 ساڵ ئەزموونی كاری خۆبەخشی و پۆستی بەڕێوەبەرە لە National health services» كە سیستمێكی چاودێریی تەندروستییە لە بەریتانیا. جۆن ئیڤەرسلی لە ساڵی 2012دا وانەبێژ بووە لە هەردوو بواری تەندروستی گشتی و پەرەپێدانی تەندروستی لە زانكۆی London South Bank، هەروەها بۆ ماوەی حەوت ساڵ لە زانكۆی Queen Mary لە لەندەن وانەی وتۆتەوە. بۆ قسەكردن لەسەر پێداویستییە كۆمەڵایەتیەكان و چاودێریی تەندروستی كە بۆ بنیاتنانەوەی تواناكانی هاووڵاتیان و پرۆسەی پەرەپێدانی بەردەوام زۆر گرنگە، گوڵان ئەم وتووێژەی لەگەڵ جۆن ئیڤەرسلی ئەنجامدا.

* سەرەتا حەز دەكەین باسێكی ئامانجی سەردانەكەت بۆ كوردستان بكەیت و تێڕوانینی گشتی بۆ هەرێمەكە چییە، ئایا ئەو ئاسانكاریانە چین كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆی دابینكردووی بۆ ئەوەی ئەركەكەت بەباشی لێرە جێبەجێ بكەیت؟
- من لێرەم بۆ كاركردن لەسەر پرۆژەیەك كە یونیسێف بۆ پاڵپشتیكردنی زانكۆی سەڵاحەددین بۆ پەرەپێدانی بە كۆرسی كاری كۆمەڵایەتی جێبەجێی دەكات، كە هاوكاری پەروەردەكردنی منداڵان و خێزان دەكات، لەلایەن زانكۆكەو دامەزراوە حكومییەكان و یونیسێفەوە هاوكارییەكی باش دەكرێین و من دڵنیام پێش كۆتایی ئەركەكەمان سیاسییەكانیش دەبینین، بەگشتی خەڵكی زۆر كراوەن لەگەڵ ئێمەداو یارمەتیان داوین هەموو كەسێك ببینین، چین و توێژەكانی قوتابیان و فەرمانبەران پێشوازیمان دەكەن و كاتی خۆیانمان بۆ تەرخان دەكەن، ئەوانەمان پێ دەڵێن كەخۆیان بیری لێدەكەنەوە نەك ئەوانەی ئێمە دەمانەوێت بیانبیستین، تەنانەت گەرچی ئەمە ئەركی ئێمە قورس دەكات بەڵام كارێكی باشە، لەبەر ئەوەی ئەو ئاڕاستەیەی ئێمە پێیدا دەڕۆین جێی مشتومڕە، بەڵام ئەوە بچووككراوەی ئەوەیە كە لە كۆمەڵگەی كوردیدا ڕوودەدات، كە بیرۆكەی ئەوەیان هەیە كوردستان پێویستی بە كاری كۆمەڵایەتیی و مشتومڕە، ئێمە لێرەین بۆ دۆزینەوەی شێوازێك بۆ ئەوەی بڕیار بدەیت چی بكەیت و بەردەوام بیت لەسەری.
* هەنگاوەكان حكومەتی هەرێمی كوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنیت لە پەیوەندیدا بە بنیاتنانەوەی تواناكانی هاووڵاتیانەوە؟
- سەرەتا پێویستە بزانم پێداویستیە كۆمەڵایەتییەكانی كوردستان چین و سەرچاوەكانی پڕكردنەوەی چین؟وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بنەڕەتییە یەكجار قورسە، من ئەكادیمیەكی بەریتانیم و لەو كەلتورەوە هاتووم كە پێویستت بە بەڵگەیە تاوەكو بیكەیتە بناغەی بڕیاردان بۆ داڕشتنی سیاسەتی كۆمەڵایەتی، لەم رووەوە كارێكی باشە ئەگەر بزانین ژمارەی ڕاستەقینەی خەڵكی كوردستان چەندە و بونیادی تەمەنیان چۆنە، وەڵامدانەوەی ئەم پرسانەش كارێكی سەختە، لەبەر ئەوەی تا ئێستا سەرژمێری نەكراوە. سەرچاوەیەكی دیكەی زانیاری كە بەكارهێنانی ئاكامێكی باشی لێدەكەوێتەوە بریتییە لە پسولەی خۆراك كە هێشتا لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان شیكردنەوەی بۆ نەكراوە لە ساڵی 2009ەوە-ڕەنگە من هەڵەبم- من هەوڵدەدەم بە ڕاستی ئەمە بگەم، ئەمە بە مانای ئەوە دێت زانیارییەكان كۆنن و جێی باوەڕپێكردن نین. بۆ نمونە ئەگەر دەتەوێت بزانیت چەند منداڵ لەگەڵ باوانەكانیان ناژین و ڕێژەی ئافرەتە تەڵاقدراوەكان چەندن و ڕێژەی ئەو منداڵانە چەندە كە كاردەكەن، واتە ڕێژەی هێزی كاری منداڵ چەندە. وەڵامدانەوەی ئەمانە قورسە، كەواتە سەختە وەڵامی ئەوە بدەینەوە كە كێشە كۆمەڵایەتیەكان چین؟پێویستە ئەوە ڕوون بێت كە ئامانجی كاری كۆمەڵایەتی چییە و ئایا چ بیرۆكەیەكی لەپشتە، ئایا بۆ مەبەستی یارمەتیدانی تاكەكەسەكانە لە شێوەی چارەسەری درێژخایەنە؟ ئایا مەبەستەكە گۆڕینی كۆمەڵگەیە؟ ئایا ئامانجەكە كۆكردنەوەی بەڵگەیە لەبارەی ئەوەی پێویستە چی بكرێت. هەموو ئەوانە پێویستە گفتوگۆیان لەبارەوە بكرێت.
* وڵاتانی دوای شەڕ بە شێوەیەكی گشتی هەموو ژێرخانەكانیان لەبەریەك هەڵدەوەشێت، بۆیە بونیادنانەوەی ژێرخان كاریگەریی گەورەی لەسەر گۆڕانی كۆمەڵایەتی دەبێت، ئایا تا چەند بونیادنانەوەی ژێرخانی خزمەتگوزارییە گشتییەكان بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو گرنگە؟ هەروەها تا چەند دابینكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان هەنگاوێكی ڕاستە بە ئاڕاستەی حكومڕانی باش؟
بەڵگەكانی گرفتاربوونی كوردستان بە دەست شوێنەوارەكانی شەڕەوە ڕوونە، من پتر بایەخ بە ژێرخانی نەبینراو و ژێرخانی مەعریفە دەدەم. ئەوە ئاشكرایە كە چەندەها باڵەخانە دروست دەكرێن و دەتوانرێت باج بەدەست بهێنرێت و هەندێ كەس ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆی هەیە و لە هەموو شوێنەكان خانوو دروست دەكرێت. كەواتە ژێرخانی ماددی لە بەرەوپێشچوندایە، هەموو ئەوانە باش دەردەكەون، بەڵام بنیاتنانی ژێرخانی كۆمەڵایەتی كە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە كێ هەیە هاوكاری خەڵك بكات لە كاتی ڕوودانی كارەساتدا و كێ ڕێنمایی منداڵان دەكات بۆ ئەوەی دواتر كە گەورە بوون تەندروستیەكی باشیان هەبێت، كێ بایەخ بەو كەسانە دەدات كە دەچنە تەمەنەوە؟ هەموو ئەوانە كاری زۆر قورسترن و كاتێكی زۆری دەوێت ئەو جۆرە ژێرخانە بنیات بنێیت. ناتوانیت كۆمپانیایەك لە توركیا یان چین یان هەر شوێنێكی دیكەوە بهێنیت بۆ ئەوەی ئەو كارانەتان بۆ ئەنجامبدەن، پێویستە ئێوە لەسەر ئاستی ناوخۆ پەرە بەم كاركردنە بدەن، ئەمە پرۆسەیەكی زۆر زۆر درێژخایەنە. من دەبینم كاردەكرێت، مەشق بە مامۆستایان دەكرێت و مەشق بەو كەسانە دەكرێت كە لە بواری كۆمەڵایەتی و پزیشكی كاردەكەن، بەڵام بنیاتنانی ئەو جۆرە ژیرخانە كاتێكی زیاتری دەوێت بە بەراورد بە بنیاتنانی ژێرخانی ماددی، پێم وایە خزمەتگوزارییە بنەڕەتیەكان ڕۆڵێكی زۆر گرنگیان هەیە لەم ڕووەوەو كارێكی زۆر بە نرخە كاتێك ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیش بەشداریان پێدەكرێت. بەڵام نیگەرانیم هەیە لەبارەی ئەوەی ئایا كەرتی تایبەت یارمەتیدەرە یان نا. پێم وایە ئەمە تەحەددیەكە و ڕووبەڕووی حكومەت دەبێت ئەگەر كارنەكات بۆ دۆزینەوەی شێوازێك بۆ ڕێگەگرتن لەوەی پزیشكەكان بچنە كەرتی تایبەتەوە كاتێك كەرتی گشتی پێویستی پێیان دەبێت، هەروەها مامۆستایانیش بە هەمان شێوە ئەوانەی لە بواری كۆمەڵایەتیدا كاردەكەن.
* یەكێك لە خزمەتگوزارییە گشتیەكان كە زۆر گرنگە كەرتی تەندروستییە، بێگومان لە ولاتانی دوای شەڕ هەنگاوی یەكەم بۆ بایەخدان بە چاودێریی تەندروستی، دروستكردنی نەخۆشخانەی پێویستە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان چارەسەر بكات، ئایا تا چەند دروستكردنی نەخۆشخانەی پێویست هەنگاوێكی كارایە بۆ چاودێریی تەندروستی؟
- من لە بەریتانیا ڕۆڵم هەیە لە بواری تەندروستی و تەندروستیی گشتیدا، خاڵی سەرەتا ئەوەیە كە كێشەكە لە زۆرێك لە وڵاتاندا، لە نێویاندا وڵاتەكەی خۆم و ئەوەی لە كوردستاندا دەیبینم، بریتییە نییە لەوەی سیستمی چاودێریی تەندروستی نییە، بەڵكو كێشەكە تەندروستی گشتیە. پێویستە تەركیز لەسەر ئەوە بكەین خەڵك نەخۆش نەكەوێت. بەلای منەوە كوردستان ڕووبەڕووی سێ تەحەددی گەورە بۆتەوە، تەحەددی یەكەمیان بریتییە لەوەی ئێوە لەسەرەتادا وروژاندتان كە بریتیە لە میراتی شەڕ و كارەسات، كە كارەساتی دەستكردی مرۆڤیش هەیە، وەك جەنگ، ڕوونە كە ئەزمونەكانی سەردەمی سەددام حوسێن و هەڵەبجە و تاد، هەروەها شەڕی ناوخۆی عێراق ئەو خەڵكانەی لە باشووری عێراق و كەركوكەوە دێن بۆ باكوور یا ئاوارەكانی سوریا و ئەو خەڵكانەی لە توركیاوە دێن، هەموو ئەمانە میراتی شەڕن و كێشەیەكی گەورە دەخوڵقێنن لە پەیوەندیدا بە پرسی تەندروستی گشتیەوە، لەبەر ئەوەی ئەو خەڵكانە لە دۆخێكی خراپدا دەژین و دوچاری تاسان و ترساندن بونەتەوە بەهۆی ئەوەی ڕویداوە و نادڵنیابوون و ئەو كامپ و شوێنە خراپانەی كە منداڵان تێیدا گەورە دەبن. كەواتە ئەوانە كێشەی گەورەن. پێم وایە جۆری دووەم كارەسات- كە ئەویش كارەساتێكی دەستكردی مرۆڤە بریتییە لەوەی كاتێك كارێك دەكەیت كە ژیانی خەڵكی دەخەیتە مەترسییەوە. لە وڵاتی ئێمەشدا باڵەخانە هەبووە هەرەسیان هێنا لەبەر ئەوەی بە شێوەیەكی خراپ دروستكرابوون. ئەوەی لە كوردستاندا بەدی دەكرێت ئەوەیە دروستكردنەكە زۆر زۆر بە خێرایی ڕوودەدات، جێی سەرسوڕمانێكی زۆر دەبێت ئەگەر هەموویان بەباشی دروستبكرێن، ئەمە زەمینەی كارەسات و ئەمە زەمینەی مردن و برینداربوونە. هەروەها كێشەی ئۆڤەرلۆدی كارەبا و دابینكردنی گاز، یان زیادبوونی كتو پڕی -ڕووداوەكانی- هاتوچۆ دەبێت، هەموو ئەوانە كارەساتگەلێكن كە خوڵقاوی دەستی مرۆڤەكانن. جۆری سێیەمی كارەسات بریتیە لە كارەساتی سروشتی، كێشەی دووەم بریتیە لە نەخۆشی، بە تایبەتی دەكرێت ڕێگە لە نەخۆشی گوازراوەكان بگیرێت، كەواتە بەرنامەی كوتان زۆر گرنگە، ئەوەی ئاشكرایە كوردستان كارێكی زۆر باشی كردووە لە پەیوەندیدا بە هەندێ لەو پرسانەدا، ئیفلیجی منداڵ بوونی نەماوە و مەلاریا لە كەمبووەنەوەدایە. كەواتە نەخۆشی كێشەیەكە و پێویستە هەوڵ و كۆششێكی زۆر بدرێت بۆ ڕێگەلێگرتنی. كێشەی سێیەم پەیوەستە بەوەی چۆن بایەخ بە خۆمان دەدەین و چۆن ڕێگە دەدەین پێشوەختە مەرگ یەخەمان نەگرێت، جگەركێشان گەورەترین كێشەیە لەم ڕووەوە سەرەڕای ئەوەی لێرە یاسایەك هەیە كە جگەرەكێشان قەدەغە دەكات، ئەوا ئاشكرایە هێشتا خەڵكی وازیان لێنەهێناوە. بەم دواییە لە بینایەی وەزارەتی تەندروستی بووم فەرمانبەرێكم بینی كە تاوەكو چووە ژوورەوە بەردەوام جگەرەی دەكێشا، كەواتە دەبێت بڵێین ئەگەر فەرمانبەرێك پێی ئاسایی بێت كە لە بینایەكدا جگەرە بكێشرێت كە هەڵمەتی دژ بە جگەرەكێشان ئەنجام دەدەن، ئەوا ئومێدێكی زۆر نییە بۆ باقی كۆمەڵگە. ئەوەی لە كوردستاندا دەیبینم ئەوەیە منداڵ و ژەمێك گۆشتی لەگەڵدایە، وەك پێویستە سەوزەو میوەی تازە دانانرێت، من تێناگەم بۆ ئەمانە لە كوردستاندا بەرهەم ناهێنرێن، من ئەو ڕۆژە چوومە سوپەرماركێت گێزەرێكمان هێنا لە چینەوە هێنرابوو، تێدەگەم كاتێك دەڵێن كۆمپانیای نەوتی چینی، بەڵام لەوە تێناگەم كە باس لە گێزەری چینی دەكرێت. كاتێك دەبینم كە شیری خواردنەوە لە سعودییەوە دێت، بەڵام ئەویش لەو شیرە وشكە دروست دەكرێت كە بەرهەمی چێڵەكانی باكوری ئەوروپان و دواتر لە سعودییە دروست دەكرێن و ئینجا هەناردەی ئێرە دەكرێن، ئەمانە ئەو كێشە گەورانەن كە دەبنەهۆی مردنی مرۆڤەكان، كێشەكە نەبوونی نەخۆشخانە نییە، چونكە دەتوانیت چەند نەخۆشخانەت بووێت دروستی بكەیت، بەڵام هەروەك ئێمە لە ئینگلیزیدا دەڵێین وەك ئەوە وایە لە خوارەوە ئەو كەسانە بگرینەوە كە لە شاخەكە بەردەبنەوە، لەبری ئەوەی پەرژینێك دروست بكەیت كە بیانپارێزین لەكەوتنە خوارەوە. ناكرێت ئەم كارە بكرێت. لە وڵاتەكەی منیشدا ناتوانرێت ئەم كارە بكرێت، پێم وایە ئەمە كارێكی هەڵەیە كە زۆرێك لە وڵاتان ئەنجامی دەدەن، مەبەستم ئەوەیە پێیان وایە مەسەلەكە چاودێریی تەندروستیە، لە كاتێكدا ئەوەی پێویستیانە بریتیە لە تەندروستی گشتی. من بە شارەكەدا دەگەڕێم و دەبینم نەخۆشخانەی تایبەتی چاو و ددان و هتد هەیە، بەلای منەوە ئەمە نە نیشانەی پێشكەوتن و نە نیشانەی دواكەوتنە، بەڵكو ئەمە بە ئامانج گرتنێكی هەڵەیە. لێرە دەرفەتی ڕاستەقینە هەیە بۆ ئەوەی ڕێگری لە نەخۆش كەوتنی خەڵك بكرێت. لەوڵاتانی دیكەدا كە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی پێی دەڵێت «eastern Mediterranean»، قەڵەوی كێشەیەكی زۆر گەورەیە بە تایبەتی لە نێو ئافرەتاندا، گومانێكی بەهێزم هەیە كە ئەگەر خەڵكی لە ئۆتۆمبێلەكانیان دانەبەزن و دووبارە فێری پیادەڕۆیی نەبنەوە، یان سواری پایسكیل نەبن و هەر كارێكی لەو شێوەیە، ئەوا دووچاری هەمان كێشە دەبنەوە كە وڵاتێكی وەك كوەیت و سعودییە ڕووبەڕووی بوونەتەوە، كە لە كوەیت نزیكەی نیوەی ئافرەتان قەڵەون، ڕێگە مەدەن ئەمە ڕووبدات.
* بە پێی ڕاگەیاندنی هەزارەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ حكومڕانی باش، چاودێریی تەندروستی دەكەوێتە یەكێك لەو بوارانەی كە حكومڕانی باشی پێ هەڵدەسەنگێنرێت، ئایا تا چەند چاودێریی تەندروستی دەبێتە فاكتەرێك بۆ سەرخەستنی پرۆسەی پەرەپێدان و هەنگاوهەڵگرتن بۆ پەرەپێدانی بەردەوام؟
هیچ گومان لەوەدانییە كە پاراستنی تەندروستی خەڵك كارێكی بنەڕەتییە بۆ گەشەی ئابووری و كۆمەڵایەتی و پەروەردە و منداڵ. بەڵام ئەگەر پێتان وابێت بوونی ژمارەیەكی زۆری نەخۆشخانە و پزیشك ئەم ئامانجە دەهێنێتەدی، ئەوا ئێوە بە هەڵەدا چوون، چونكە هێنانەدی ئەم ئامانجە بەو كارە ناكرێت. گرنگە ئاژانسێكی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕاگەیاندنی هەزارەی پەیوەست بە گەشەكردن و بابەتی لەو جۆرەی هەبێت. بەڵام ئەگەر سەیری كاری ئاژانسە نێودەوڵەتیەكانی دیكە بكەیت، وەك بانكی جیهانی و سندوقی نێودەوڵەتی دراو و بانكە هەرێمایەتیەكان و هتد. ئەوان پەرە بە مۆدێلێكی چاودێریی تەندروستی دەدەن كە پشت بە چاودێریی تەندروستی تایبەت دەبەستن و لەسەر ئەو بیرۆكەیەی كە پێویست ناكات دەوڵەت دەرمان بە خۆڕایی دابین بكات، بەڵكو پێویستە خەڵك بیانكڕن، ئەوانیش كارئاسانی دەكەن بۆ ئەوەی كارگەكانی دەرمان دروست كردن دەرمان بە خەڵكانێك بفرۆشن كە مەرج نییە پێویستیان پێی بێت، مەرج نییە كاریگەر بن و ڕەنگە زیاد لە پێویست پارەی پێبدەن، من دڵنیانیم لەوەی یەكدەنگی هەبێت لە نێو نەتەوە یەكگرتووەكاندا- كە موچەكەی من دەدات-، واتە مەرج نییە یەكدەنگی هەبێت لە نێو ڕێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و شەریكەكانیان لە بانكی جیهانی.
* ئێستا لەكوردستان هەوڵێك هەیە بەوەی ئاستی خزمەتگوزاری تەندروستی لە كوردستاندا بەرزبكرێتەوە بۆ ئاستی ستانداردی جیهانی، ئایا مەبەست لە ئاستی ستانداردی جیهانی بۆ كەرتی تەندروستی چییە؟
- ئێمە دەزانین كە ستانداردی دیاری كراو هەبوون لەبارەی ژمارەی ئەو ئافرەتانەی لە كاتی منداڵبووندا دەمرن و ژمارەی ئەو منداڵانەی كە لە خوار تەمەنی شەش مانگیدا دەمرن و ژمارەی ئەو كەسانەی بۆ ماوەیەك بێ چارەسەر مانەوە لە كاتێكدا شێرپەنجەیان بوو. كەواتە چەند ستانداردێكی دیاری كراو هەن. خۆلادان لە مردنی دایكان و منداڵان بە زمانێك هەر كەسێك بێت كارێكی باشە. هیچ گومانم نییە لەوەی تەندروستیەكی گشتی باش و چاودێرییەكی تەندروستی باش، كارێكی باشن. كاتێك پرسیارەكە دێتەسەر شێرپەنجە، ئەوا پێم وایە پێویستە تەنها نیوەی ژمارەكە چارەسەری خێرا و كاریگەریان بۆ بكرێت، پێویستە نیوەكەی ڕێگەی لێبگیرێت- واتە كاربكرێت بۆ ئەوەی ڕوونەدات، تاوەكو گەورەترین بكوژ ڕانەگیرێت، كە جگەرەكێشانە، ئەوا كات و داهاتی خۆتان بە هەدەر دەدەن. پێم وانییە ئامانجە ناڕون بێت، بەڵكو لیستێكی دورودرێژ هەیە كە پێویستە ئەنجام بدرێن. كۆمسیۆنێكی نەتەوە یەكگرتووەكان هەیە لەبارەی نیشانە كۆمەڵایەتیەكانی تەندروستیەوە، كە دەڵێت ئەوەی ئەوە دیاری دەكات كە تۆ تا تەمەنی 60 و 70 و 80 و 90 دەژیت، بریتی نییە لە فەراهەمبوونی دەرمان و نەشتەرگەرەكان، بەڵكو خانو و پەروەردە و ڕێزگرتن لە خۆ و ڕێزگرتن و ئاشكرایە خۆلادان لە جەنگ، ئەمانە وا دەكەن مرۆڤەكان زیاتر بژین و ژیانێكی تەندروستریان هەبێت.
* ئایا كەمی بودجەی تەرخانكراو بۆ بواری تەندروستی تاچەند جێی مەترسیە؟
تەرخانكردنی رێژەی 5% بۆ تەندروستی زۆر كەمە گەرچی جێی مەترسی نییە، بەڵام دەكرێت باشتر بێت، هەندێ مەسەلە هەیە لە دەرەوەی تەندروستی كە دەكرێت جیاوازی گەورە دروست بكەن. ئومێد دەكەین ئەو ڕێژەیە زیاتر بێت. من نازانم ئەم ڕێژەیە لە وڵاتی خۆمدا چەندە. بەڵام پێم وایە پێویستە داهاتی زیاتر تەرخان بكرێت بۆ كەمكردنەوەی ڕێژەی مردنی منداڵان و پاراستنی سەلامەتی لەدایكبونی منداڵ زۆر گرنگە. كوتانی منداڵ مایەی سەلامەتیە. ئەوەندەی من بزانم نەوەی ئێستای منداڵان لە دژی نەخۆشیە سەرەكیەكان دەكوترێن. كێشەكە لە كەسانەدا كە پێگەیشتوترن لەوان لەبەر ئەوەی بەهۆی بارودۆخی جەنگ و هەل و مەرجی دیكەوە نەكوتراون، ئێستا ئەوان باوانن و ئەمەش مایەی نیگەرانییەكی زۆرە، ئەگەر هەڵگری نەخۆشیەكی وەك Rubbella بن ئەوا مەترسی لەسەر تەواوی دانیشتوان هەیە. كەواتە ڕەنگە كێشەكە منداڵان نەبن و ڕەنگە كێشەكە دایك و باوكی منداڵان بن.
* گەندەڵی بواری تەندروستی بە تایبەتی لە بواری دەرمان هۆكارێكی گرنگی تەندروستی هاووڵاتیانە، ئێستا حكومەتی كوردستان بایەخی داوە بەم لایەنە، ئایا بنبڕكردنی گەندەڵی لە بواری تەندروستیدا بە تایبەتی دەرمانی ساختە، تا چەند فاكتەرێكە بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی؟
- من شتێكی دیاری كراو لەبارەی گەندەڵیەوە نازانم لە كوردستاندا. بەڵام ئەوەی ئاماژەتان پێكرد لەبارەی دەرمانی ساختەوە، ئەوا ئەمە كێشەكی زۆر گەورە لە زۆرێك لە وڵاتاندا، لە وڵاتەكەی مندا كەمتر مایەی كێشەیە، لەبەر چەند هۆكارێك، یەكێك لەوانە ئەوەیە كە تەنها یەك كڕیاری گەورەی دەرمان هەیە لە سەرتاسەری وڵاتەكەدا و زۆر لە نزیكەوە چاودێریی دەكرێت و لەوەش زیاتر پارەیەكی زیاتر دەدات لەوەی پێویستە بۆ كڕینی هەندێ جۆری دەرمان، بەڵام هۆكاری دووەم بۆ ئەوەی گەندەڵیەكی كەمتر هەیە ئەوەیە كە كارگەكانی دەرمان لە بەریتانیا و ئەمەریكادا تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت داهاتێكی زۆریان دەستدەكەوێت، كە نەیانتوانیوە لە وڵاتە هەژارەكاندا بەدەستی بهێنن. لەبەر ئەوە پێویست ناكات پەنا بۆ گەندەڵی ببەن. لەگەڵ ئەوەشدا سیستمێكی زۆر خراپ هەیە لە وڵاتەكەی ئێمەدا، كە بریتیە لەوەی كارگەكانی دەرمان پزیشكەكان دەعوەتی ژەمەخواردن دەكەن و دیارییان پێشكەش دەكەن بۆ ئەوەی وایان لێبكەن ئەم دەرمانە یان ئەو دەرمانە بكڕن، ڕاستە پارە ناكەنە دەستیانەوە، بەڵام پارەی بەسەربردنی پشودان و ئەنجامدانی یاری خلیسكانی سەربەفر یان گۆڵفیان بۆ دەدەن یان پارەی خوێندنیان بۆ دەدەن. تەنها ئەم هەفتەیە كێشەیەكی گەورەمان هەبوو لەگەڵ كەسێكدا كە هات بۆ ئەوەی موحازەرەیەكی گرنگ بداتەوە لە بەریتانیا، كە پزیشكێكی ئەمەریكی بوو، كە ملیۆنێك دۆلاری لە یەكێك لە كارگە گەورەكانی دروستكردنی دەرمان وەرگرتبوو، بە بێ ئەوەی بەو كەسانە بڵێیت كە توێژینەوەی بۆ دەكردن كە ئەم كارگەیە پارەی پێداوە، لەبەر ئەوە كارێكی كرد و بانگەشەی ئەوەی كرد كە ئەو دەرمانەی بەرهەمی دەهێنی دەرمانێكی باشە، بێ ئەوەی بڵێت پارەی لێ وەرگرتووە، ئەمە گەندەڵیە كە لە بەشی باكوری جیهان ڕوودەدات، كە جێی سەرسوڕمان نییە ئەمە لەوێدا ڕووبدات. بەڵام لە وڵاتانی وەك كوردستاندا كێشەیەكی زیاتریش هەیە كە بریتیە لە دەرمانی ساختە كە لە وڵاتگەلێكی دیاری كراودا بەرهەم دەهێنرێت، وڵاتانێكی وەك كوردستان دەكەنە ئامانج بۆ ئەوەی پێیان بفرۆشن. ئەگەر كەسانێك هەبن لەم وڵاتەدا كە هاوكاریان بن و شەریكایەتیان بكەن، ئەوا زۆر دڵتەنگ دەبم، ئەمە مایەی مەترسیە لەسەر خەڵك و ئەمە بە هەدەردانی سەرچاوەكانە، بە تایبەتی كە ئەمانە دەرمانی ناكاریگەرن. ئەوەی پەیوەندی بە دەرمانی ساختەوە هەبێت، ئەوا ئەمە كێشەیەكی ڕاستەقینەیە، كە بە زۆری كارگەكانی دەرمان، دەرمانی كەمتر كاریگەر دەفرۆشن، واتە وەك پێویستە پێكهاتە ڕاستەقینەكەی تێدانییە و جێی ئەو دەرمانە دەگرنەوە كە پتر كاریگەرن و بەهەرزانتر دەفرۆشرێن، لە وڵاتێكی وەك كوردستاندا، تەنها بۆ ئەوەی داهاتێكی زیاتر بەدەست بهێنن، بەڵام ئەمانە دەرمانێك نین كە بەكاربهێنرێن، ڕەنگە دەرمانێك لەسەر ڕەفەكان ببینیت كە پێت وابێت ڕاستەقینەن و ساختە نین، بەڵام ئەوانە دەرمانێك هەڵەن كە كەڵكی ئەوەیان نییە بفرۆشرێن.
* كەرتی تایبەتی تەندروستی كەم و كورتی زۆری تێدایە و نەیتوانیوە وەك پێویست هاوكاربێت لە چارەسەركردنی كێشەكە؟
من هەندێ شت لەبارەی تەندروستی گشتیەوە دەزانم و تەمەننا دەكەم پێویستم بە نەخۆشخانە نەبێت لە كاتێكدا لێرەم، باوەڕم وایە هەندێ لە ئاژانسە نێودەوڵەتیەكان هەرێمی كوردستان هان دەدەن بۆ ئەوەی كەرتی تایبەت بە بەشێك لە چارەسەر بزانن، من بە دڵنیاییەوە دەزانم ئەو موچەیەی دەدرێت بە پزیشكێك لە كەرتی تایبەت زیاترە لەوەی دەدرێت بە پزیشكێك لە كەرتی گشتیدا، ئەمەش وایان لێدەكان كەمتر پاڵنەریان هەبێت بۆ ئەوەی كار لە كەرتی گشتیدا بكەن. ئەگەر كەرتی تایبەت ڕێكنەخەیت، ئەوا كەرتی تایبەت منداڵ و كارمەندە بە تواناكان و دەرچوانی بواری پەرستاریتان دەبەن بۆ خۆیان، ڕەنگە ئەمە لە بەرژەوەندی كەسانێكی كەمدابێت، بەڵام زۆرینە گرفتار دەبێت.
* چ پێوەرێك هەیە لە وڵاتی ئێوەدا بۆ بڕیاردان لەوەی كەرتی تەندروستی پێشكەوتووە؟
- ئەمە پرسیارێكی باشە، لە هەفتەی ڕابردوودا ڕاپۆرتێك بڵاوبۆوە لەبارەی ئەوەی تا چەند خەڵكی دەژین و چۆن دەژین و ئایا بە بێ نەخۆشی ژیان بەسەردەبەن؟ كەواتە دەكرێت خەڵكی تەمەنێكی زۆر بژین بەڵام گرفتاربن بەدەست نەخۆشیەوە، لە كاتێكدا كەسانێكی دیكە ژیانێكی كورت ببەنەسەر بەڵام بە تەندروستیەكی باشەوە. ئەوەی دەیزانین ئەوەیە كە جیاوازی گەورە هەیە لە بەریتانیادا، كەواتە پێوەری نیشتیمانی لەبارەی ئەوەی خەڵكی تا چەند دەژین، خۆی لە خۆیدا بەس نییە، ئەوەی پێویستە بیزانیت ئەوەیە ئایا ناوچەگەلێكی جوگرافی هەیە، ئایا گرووپێكی كۆمەڵایەتی تایبەت هەیە و ئایا جیاوازی نێوان پیاوان و ئافرەتان چین لە پەیوەندیدا بە ڕێژەی مامناوەندی ژیانەوە، كەواتە بە دڵنیاییەوە ئەمە مەسەلەیەكی گرنگە ئەگەر بتەوێت بیپێویت. كەواتە ئێمە ئەدایەكی باشمان نییە لە پەیوەندیدا بە ڕێژەی مامناوەندیەوە بۆ تێكڕای دانیشتووان، ئەگەرچی ئێستا باشترە، بەڵام ئەدایەكی خراپترمان هەیە لە پەیوەندیدا بە دابەشبونی جوگرافی و بە پیاو و ئافرەتانەوە، كەمینەی ڕەشپێست. و گروپە ئیتنییەكان..... كە كەمتر دەژین لە سپی پێستەكان، ئەم كێشانە مایەی گرفتن بۆ ئێمە.
Top