د. شێرزاد نەجاڕ:سیاسەتی رەتكردنەوەی رەها، بەرهەمی فیكری نازیزمە

د. شێرزاد نەجاڕ:سیاسەتی رەتكردنەوەی رەها، بەرهەمی فیكری نازیزمە
(( پێناسەی سیاسەت لە كۆمەڵگەی دیموكراتی هونەری پێكەوە كۆكردنەوەی جیاوازییەكانە، كەواتە لێرەوە دەگەڕێینەوە بۆ ئەرستۆتالیس كە بەوجۆرە پێناسەی سیاسەت دەكات بەوەی ((سیاسەت بۆ پاراستن و جێبەجێكردنی بەرژەوەندی گشتییە)) نەك وەك كارل شمیتی بیرمەندی نازی كە بەوجۆرە سیاسەت پێناسەدەكات ((سیاسەت هونەری جیاكردنەوەی (دۆست و دوژمن) بێت، كێشەكە لێرەدا ئەوە نییە كە كارل شمیت بیرۆكەی هەبوونی دوژمنێكی سەرسەخت وەك پێویستییەك بۆ سیاسەت و هاندان و جووڵەو جەمسەرگری لە كۆمەڵگەدا پێناسە دەكات، بەڵكو مەبەستی شمیت ئەوەیە كە نیشاندانی بەرامبەر بە دوژمن، گەوهەری كێشەكە دەشارێتەوەو هیچ كەسێك پێچەوانەی ئەوە قسە ناكات)).
لە قۆناخی بونیادنانی وڵات و كیاندا چۆن تەنگژەو ململانێ سیاسییەكان یەكلایی دەكرێنەوە

سیاسەتی رەتكردنەوەی رەها و سەیركردنی بەرامبەر بە دوژمن، سیاسەتێكە بۆ كۆمەڵگەی دیموكراتی ناگونجێت، بەداخەوە سیاسەتكردن لە هەرێمی كوردستان، خەریكە بەرەو ئاڕاستەی رەتكردنەوەی رەها بڕوات، ئەم ئاڕاستەیە مەترسییەكی گەورە لە كۆمەڵگەدا دروست دەكات، لەبەر ئەوەی سیاسەتی رەتكردنەوەی رەها بەرهەمی بیركردنەوەی نازیزمە، كاتێك كارل شمیت (1888-1985) راشكاوانە پێناسەی سیاسەت دەكات و دەڵێت: سیاسەت هونەری جیاكردنەوەیە لە نێوان دۆست و دوژمندا، ئەمەش مانای ئەوەیە بە لۆژیكی نازییزم بوونی دوژمن پێویستە، هەروەك چۆن بوونی دۆستیش پێویستە، كێشەكە لێرەدا ئەوە نییە كە كارل شمیت بیرۆكەی هەبوونی دوژمنێكی سەرسەخت وەك پێویستییەك بۆ سیاسەت و هاندان و جووڵەو جەمسەرگری لە كۆمەڵگەدا پێناسە دەكات، بەڵكو مەبەستی شمیت ئەوەیە كە نیشاندانی بەرامبەر بە دوژمن، گەوهەری كێشەكە دەشارێتەوەو هیچ كەسێك پێچەوانەی ئەوە قسە ناكات.
شمیت وەك بیرمەندێكی نازیزمی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە كاتێ بەرامبەر بوو بە دوژمن ئیدی چیتر كەس قسەیەكی جیاواز بەرامبەر دوژمن ناكات، بۆیە ناكرێت ئێمە لە كۆمەڵگەیەكی دیموكراتی بەوجۆرە لە سیاسەت تێبگەین، بەڵكو سیاسەتی دیموكراتیانە ئەوەیە كە بەرامبەر یان ئەویدی (الاخر) ئەوجا بەرامبەر حزبێكی سیاسی بێت، یان نەتەوەیەكی جیاواز یان ئاینێكی جیاواز، با بیروبۆچوونەكانیشی جیاواز بن، بەڵام دۆستە دوژمن نییە، ئەمە پێمان دەڵێت پێناسەی سیاسەت لە كۆمەڵگەی دیموكراتی هونەری پێكەوە كۆكردنەوەی جیاوازییەكانە، نەك هونەری جیاكردنەوەی دۆست و دوژمن، كەواتە لێرەوە دەگەڕێینەوە بۆ ئەرستۆتالیس كە بەوجۆرە پێناسەی سیاسەت دەكات ((سیاسەت بۆ پاراستن و جێبەجێكردنی بەرژەوەندی گشتییە))، بۆیە گرنگە ئێمەش لە هەرێمی كوردستان باشتروایە بە چەمكی ئەرستۆتالیس لە سیاسەت تێبگەین و سیاسەت بكەین، نەك بە چەمكی كارل شمیدت، ئەمەش مانای ئەوەیە كە پێویستە عینادی سیاسیی و رەتكردنەوەی رەهای بەرامبەر بگۆڕین بۆ كۆمپرۆمایز و پێكەوە گونجان و تەوافوقی سیاسی، هەنگاوی گرنگیش بۆ ئەم وەرچەرخانە لەوەوە دەست پێدەكات كە بگەینە قەناعەت(سیاسەت بە عاتیفە ناكرێت، بەڵكو سیاسەت بە ئەقڵانییەت دەكرێت)، ئەقڵانیەتیش بریتییە لە ئیرادەی خێری مرۆڤ، بۆ ئەوەی ئیرادەی مرۆڤ بۆ چاكسازی خێری كۆمەڵگە هەڵبسوڕێنێت نەك بۆ شەڕخوازی، بۆیە پیادەكردنی سیاسەتی ئەقڵانی واتە پاراستن و جێبەجێكردنی بەرژەوەندی گشتییە.
لەم راستەوە پێویستە هەڵسەنگاندنی رەوشی سیاسیی ئێستای كوردستان، لە چوارچێوەیەكی ئەقڵانیی دوور لە عاتیفە بێت و هەوڵەكان لە پێناوی ئەوە بێت كە هەموو لایەنە سیاسییەكان پێكەوە بتوانن بەرژەوەندی گشتی بپارێزن و بەرژەوەندی گشتی جێبەجێ بكەن، ئەگەر بەم جۆرە خوێندنەوە بۆ ئەو پرسانە بكەین، كە ئێستا لەهەرێمی كوردستان مشتومڕی سیاسی لە بارەوە دەكرێت، هەندێك لەو قسەو لێدوانانە رەتدەكەینەوە كە سەبارەت بەهەندێك پرس لەملاو لەولا گوێمان لێی دەبێت، هەر بۆ نموونە سەبارەت بە پرسی دەستوور هەندێك حزبی سیاسی بەوجۆرە لێدوانیان داوە بەوەی ئەگەر ئەم دەستوورە بخرێتە راپرسییەوە ئەوە شەڕی ناوخۆ بە مانای (شەڕی چەكداری) لە كوردستان سەرهەڵدادەتەوە، بەراستی لە ژینگەیەكی دیموكراتی وەك هەرێمی كوردستان مرۆڤ حەز ناكات گوێی لە قسەی لەوجۆرە بێت، ئەم قسانە ئەوەمان پێدەڵێن دیارە نییەتی شەڕ، بە مانای شەڕی چەكداری لای ئەو لایەنانە بوونی هەیەو بەرامبەر بە لایانەوە دۆست نییەو دوژمنە، بۆیە پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆچی شەڕی ناوخۆ بەمانای شەڕی چەكداری روو دەدات؟
وەڵامی ئەم پرسیارە تەنیا یەك شتە، ئەویش ئەوەیە دیارە نییەتی شەڕ لای ئەو حزبانە هەیە، ئەگەر ئەم نییەتە نەبێت، بە هیچ پاساوێك نابێت ئەم وشەیە بێتە ناو ئەدەبیاتی سیاسیی ئێستای كوردستانەوە، لەبەر ئەوەی ئەو شەڕە شوومە كۆتایی پێهاتووەو ئەو قۆناخە بەسەرچوو، دەبێت هەمووشمان بگەینە ئەو قەناعەتەی ئەو مەسەلەیە كۆتایی هاتووە، ئێستا لە هەرێمی كوردستان شەڕێكی دیكە هەیە، ئەو شەڕەش شەڕێكی فیكریی سیاسییە، بۆیە من دەڵێم با هەموومان بچینە نێو ئەم شەڕە فیكرییە سیاسییەوە و ململانێی توند لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی بكەین، ئەگەر هەموومان بۆ ئەم شەڕە فیكرییە سیاسییە ئامادەباشیمان هەبێت، ئەوا دەكرێت هەموو پرسەكان بخەینە ژێر پرسیار و قسەی خۆمانی لەسەر بكەین، لەم بازنەیەدا حەزدەكەم چەند پرسێك كە پرسی سەرەكی ئەمڕۆی كوردستانن، بخەینە ناو موناقەشەیەكی فیكری و سیاسییەوە.
دیموكراتی و سیستمی حكومڕانی
كاتێك باسی سیستمی حكومڕانی دەكەین، باسەكەمان تەنیا لە چوارچێوەی دیموكراتیدا دەبێت، واتە باس لەو سیستمانە دەكەین كە ئەزموونی دیموكراتی لە جیهاندا پێشكەشی كردون، لەمەشدا چوار جۆر سیستمەم پیادەكراون كە بریتین لە:
1- سیستمی سەرۆكایەتی
2- سیستمی پەرلەمانی
3- سیستمی تێكەڵاو واتە (نیمچە پەرلەمانی و نیمچە سەرۆكایەتی)
4- سیستمی جەمعیات، ئەم سیستمە تەنیا لە سویسرا سەركەوتنی بەدەست هێناوەو شێوەیەكە لە پیادەكردنی دیموكراتیەتی راستەوخۆ.
لەم چوار سیستمەدا، سیانیان كە بریتین لە (سەرۆكایەتی و پەرلەمانی و تێكەڵاو) لەزۆر وڵاتاندا پیادەكراون و هەرسێ سیستمەكەش دیموكراتین، بەڵام لە هەر وڵاتێك سیاسەتمەداران بەپێی تایبەتمەندی وڵاتی خۆیان یەكێك لەم سیستمانەیان هەڵبژاردووە، یان گۆڕانكارییان لە سیستمەكەدا كردووە، بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا خەسڵەتی سیستمە جیاوازەكان چۆن دیاری دەكرێت؟ بێگومان چەندین تیۆری سیاسیی هەن لەبەر رۆشنایی چۆنییەتی هەیكەلی دەسەڵاتەكان سیستمەكان پۆلێن دەكات، ئەمەش ناچارمان دەكات بەشێوەیەكی كورت هەڵوەستە لەسەر هەر سێ سیستمەكە بكەین:
سیستمی سەرۆكایەتی/ (ئەمریكا) بە نموونە
لە سیستمی سەرۆكایەتیداو لەدەسەڵاتی جێبەجێكردن تەنیا سەرۆك دەسەڵاتی هەیە، واتە ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بوونی نییە، هەموو وەزیرەكان دەبنە سكرتێر و یاریدەدەری سەرۆك، هەروەها راستە سەرۆكی ئەمریكا لەهەندێ مەسەلەدا پێویستی بە رەزامەندی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی سەنات هەیە، هەر بۆ نموونە سەرۆك لە دامەزراندنی سكرتێر و یاریدەدەرەكانی (وەزیرەكان)و باڵیۆزی وڵاتەكەی لە جیهان و راگەیاندنی شەڕ و رێككەوتننامەی نێودەوڵەتی پێویستی بە رەزامەندی ئەنجوومەنی سەنات هەیە، تەنانەت ئێستا بۆ رێككەوتننامەی نێودەوڵەتی، شێوازێكیان دۆزیوەتەوە پێی دەوترێت(رێككەوتننامەی جێبەجێكردن executive agreement)، بۆیە بەم شێوەیە سەرۆكی ئەمریكا لە رێككەوتننامەی نێودەوڵەتیدا ناگەڕێتەوە بۆ ئەنجوومەنی سەنات، هەروەها سەرۆك پێویستی بە رەزامەندی ئەنجوومەنی نوێنەران هەیە بۆ پەسەندكردنی بودجە، بەڵام سەرەنجام تەنیا سەرۆك بڕیار دەدات، بۆیە كۆنگرێس ناتوانێت لێپێچینەوە لەگەڵ سەرۆك بكات، هەتا نەگاتە خیانەتی گەورەی نیشتمانی، ئەم هەیكەلەی دەسەڵات لە سیستمی حكومڕانی لە زانستی سیاسەتدا بە سیستمی سەرۆكایەتی پێناسە دەكرێت.
سیستمی تێكەڵاو/( فەرەنسا) بە نموونە
فەرەنسا لەكۆماری چوارەمدا سیستمێكی پەرلەمانی هەبوو، بەڵام چەندین هۆكار وایكرد كە دیگۆڵ دوای 13 ساڵ چاوەڕوانی بیر لە گۆڕینی سیستمی حكومڕانی فەرەنسا بكاتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە دیگۆل لەدوای كۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهانی بەشداری حكومڕانی فەرەنسای نەكرد، بەڵكو لە ساڵی 1945- 1958 لە دەرەوەی حكومڕانی بوو هەتا ئەو كاتەی كە ژەنراڵ دیگۆل لە 15ی مایسی 1958 رایگەیاند كە ئامادەیی تێدایە بۆ پێداچوونەوە بە دەسەڵاتەكانی كۆمار، بۆیە سەرۆك كۆماری فەرەنسا بانگهێشتی ژەنراڵ دیگۆلی كرد كە سەرۆكایەتی وەزیران وەربگریت و پەرلەمانیشی ئاگاداركردەوە ئەگەر بەو گۆڕانكارییە هەڵنەستیت ئەوە دەبێت خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، هۆكاری ئەمە لەبەر ئەوەبوو كە لەو ماوەیەدا فەرەنسا بەدەست چەندین تەنگژەو گیروگرفتەوە دەیناڵاند لەوانە:
سەقامگیری حكومی بوونی نەبوو واتە حكومەت هەر خەریكی پێكهێنان و دەست لەكاركێشانەوە بوو.
حزبە سیاسیەكانی فەرەنسا لەناو خۆیاندا نەدەگەیشتنە خاڵی هاوبەش و نەیاندەتوانی حكومەتێكی هاوبەش دروست بكەن. بۆیە كێشەی نێوان حزبە سیاسیەكان گەیشتبووە بن بەست و نەدەتوانرا بەشێوەی كۆمپرۆمایز كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن.
حكومەت لاواز بوو نەیدەتوانی بڕیارەكانی خۆی جێبەجێ بكات.
دیگۆل دوای ئەوەی بوارێكی زۆر باشی بە كۆماری چوارەم دا بۆ ئەوەی بتوانێت فەرەنسا لە قۆناخی دوای شەڕ بەرەو قۆناخێكی باشتر بەرێت، بەڵام دەركەوت تەنگژەی حكومڕانی هەر بەردەوامە، بۆیە دیگۆل ناچار بوو پەنا بۆ گۆڕانكارییەكی ریشەیی ببات و دەستوورێكی نوێ بۆ وڵات دابنێت كە ئەویش راگەیاندنی كۆماری پێنجەمی فەرەنسا بوو، لەم دەستوورەدا دیگۆل پێشنیاری ئەوەی كردبوو بۆ ئەوەی بتوانرێت بارودۆخی فەرەنسا كۆنترۆڵ بكرێت، ئەوا دەبێت سەرۆكی وڵات كەسایەتیەكی بەهێز بێت و دەسەڵاتی بەهێزیشی هەبێت، لەبەر ئەوەی تەنگژەكانی ئەوكاتی فەرەنسا پێویستی بە بڕیاری خێرا هەبوو، لە دەستووری كۆماری پێنجەم بۆ ئەوەی بتوانرێت ئەم دەسەڵاتانە بە سەرۆك بدرێت، سوود لە سیستمی سەرۆكایەتی وەگیرابوو، بۆیە هەندێك لە سیماكانی سیستمی سەرۆكایەتی تێكەڵاوی سیستمی پەرلەمان كرا، ئەوەی ئێستا پێی دەگوترێت تێكەڵ، بێگومان ئەوەی رێگەیدا ئەم گۆڕانكارییە لە سیستمی حكومڕانی فەرەنسا بێتە ئاراوە، ئەو بارودۆخە بابەتیەی ئەو كاتەی فەرەنسا بوو كە پێویستی بەوە بوو كاریزمایەك هەبێت بۆ ئەوەی ئەو تەنگژانە یەكلایی بكاتەوە، ئەوجا لەبەر ئەوەی خەڵكی فەرەنساش هەستیان كرد ئەو گۆڕانكارییە پێویستە، بۆیە لە ساڵی 1958 كە دەستوور خرایە ریفراندۆمەوە دەنگی پێدرا.
سیستمی پەرلەمانی/ بەریتانیا بە نموونە
- لەسیستمی پەرلەمانیدا دەسەڵاتەكان بریتین لە سەرۆكی وڵات، ئەنجوومەنی وەزیران، پەرلەمان، سەرۆك لە سیستمی پەرلەمانیدا لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت یان لە پەرلەمانەوە ئەوە دەسەڵاتەكان دیاری دەكات سیستمەكە پەرلەمانیە یان نیمچە پەرلەمانیە، بۆیە ئەو دەسەڵاتەی لای سەرۆكێكی سەرۆكایەتی و نیمچە سەرۆكایەتی هەیە لای سەرۆكێكی پەرلەمانی نییە، راشكاوانەتر دەسەڵاتی سەرۆك لە سیستمی پەرلەمانی موقەیدە، بۆیە ئەوە مەرج نییە كە سەرۆك لەلایەن خەڵكەوە هەڵدەبژێردرێت یان لە پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، بەڵكو مەسەلەكە ئەوەیە ئایا دەسەڵاتەكانی سەرۆك موقەیدە یان نا، لێرەدا دەوڵەتی نەمسا باشترین نموونەیە لەبەر ئەوەی سیستمی حكومڕانی لە نەمسا لەدوای ساڵی 1955ـەوە سەرۆك لەلایەن خەڵكیشەوە هەڵدەبژێردرێت(مادەی 60ی دەستوور)و سیستمەكەش هەر پەرلەمانیە و ئەو دەستوورەشی كە هەیانە هەمان ئەو دەستوورەیە كە لەساڵی 1920 فەقیهی دەستووری ناسراو هانس كیلسن دایناوەو پێناسەی سیستمەكەش(سیستمێكی پەرلەمانی كۆماری فیدرالیە/ ماددەكانی 1 و 24 تا 59ی دەستووری نەمساویی)، كەواتە ئەمە پێمان دەڵێت هەڵبژاردنی سەرۆك لەلایەن خەڵكەوە شێوازی سیستمی حكومڕانی ناگۆڕێت، بەڵكو ئەوەی شێوازی سیستمەكە دەگۆڕێت دەسەڵاتەكانە، لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر سەیری دەسەڵاتەكانی سەرۆكی نەمسا بكەین، دەبینین دەسەڵاتەكانی دەسەڵاتی سەرۆكێكی سیستمی پەرلەمانییە (مادەكانی 60-68ی دەستووری نەمساویی)، نەك سەرۆكی سیستمێكی سەرۆكایەتی یان نیمچە سەرۆكایەتی، ئەو دەسەڵاتەی سەرۆكی نەمسا هەیەتی لەگەڵ دەسەڵاتەكانی سەرۆكی فەرەنسا بەراورد ناكرێت، لێرەوە ئەگەر سەیری دەستووری هەرێمی كوردستانیش بكەین، ئەوا تەواو هەست بەو جیاوازییە دەكەین كە لەنێوان دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (ماددەی 65ی پرۆژەی دەستووری هەرێم)و سەرۆكی فەرەنسادا هەیە(ماددەكانی 5-23ی دەستووری فەرەنسی ساڵی 1958)، بەڵكو دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم ئەگەر لە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی نەمسا كەمتر نەبێت، هاوشێوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی نەمسایە، ئەم پرسە كە پێناسەی سیستمی حكومڕانی پێدەكرێت، پرسێك نییە هەر كەس لە خۆیەوە پێناسەی بۆ بكات یان پۆلینی بكات، بەڵكو ئەم مەسەلەیە فوقەهای دەستووری و پسپۆرانی یاسا یەكلایی دەكەنەوە. بەڵام ئەگەر لێرەدا ئەو پرسیارە بكەین، ئایا جیاوازی چییە سەرۆك لە سیستمی پەرلەمانی لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت یان لەلایەن خەڵكەوە؟ بێگومان وەڵامەكەی ئەوەیە ئەگەر لەپەرلەمان هەڵبژێردرێت، ئەوا بێگومان حزبەكان هەڵیدەبژێرن، راستە حزبەكان بە نوێنەرایەتی میللەت هاتوونە پەرلەمان، بەڵام هەڵبژاردنی سەرۆك دەكەوێتە سەر هاوكێشە سیاسییەكان و هاوسەنگی نێوان هاوكێشە سیاسیەكان، تەوافوقاتی سیاسی، لەم حاڵەتەشدا میللەت ئاگای لەو تەوافوقاتە سیاسیە نییە، كەواتە لەم حاڵەتەدا كێ دەبێتە سەرۆكی وڵات؟ بێگومان ئەو حزبەی زۆرینەی پەرلەمانی هەبێت، نموونەی نزیك وەك ئێستای توركیا، ئەوجا لەبەر ئەوەی لە سیستمی پەرلەمانی فەرز دەبێت، سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی دەوڵەت لەیەك حزبن، ئەوا لەكاتی تەنگژە یان لە قۆناخی بونیادناندا، سەرۆكی حكومەت هیچ كەسێك نابێت چاودێری بكات، بەڵام ئەگەر لە لایەن میللەتەوە هەڵبژێردرێت، ئەوا دەسەڵاتی سەرۆك پشت دەبەستێت بەو متمانەیەی كە گەل پێیداوە، ئەمەش دەیكاتە سەرۆكی بەهێز بۆ ئەوەی بەرگری لە سیستمەكە بكات، بەرگری لە كیانەكە بكات، ئەمەش واتە: دەتوانێت رەخنە لەسەرۆكی حكومەت بگرێت، دەتوانێت سەرۆكی حكومەت ئاڕاستە بكات، لەبەرئەوەی گریمانەی ئەوە هەیە حكومەت غەڵەت بكات یان سیاسەتێكی نادروست پیادە بكات(وەك بنەمایەكی سەرەكی سیستمی پەرلەمانی كە بریتییە لە: المعرفة، التشجیع، التحذیر).
سیستمی حكومڕانی و لادان بەرەو دیكتاتۆریەت
-مێژوو و ئەزموونەكانی سیستمە جیاوازەكانی دیموكراتی ئەو راستیەمان بۆ ئاشكرا دەكەن، ئەوە سیستەم نییە كە دیكتاتۆریەت دروست دەكات، بەڵكو ئەوە مەیلی تاكڕەوی كەسەكانە كە سیستمەكە بەرەو دیكتاتۆری دەبات، ئەوجا ئەو سیستمە دیموكراتیە(سەرۆكایەتی بێت، یان پەرلەمانی، یان تێكەڵاو)، هەر بۆ نموونە لەساڵی 1955ـەوە لە نەمسا، لە فەرەنسا لەساڵی 1958، لە ئەمریكا لەدوای شۆڕشی ئەمریكا، لەم سێ نموونە جیاوازەدا، لە هەرسێكیاندا سەرۆك لەلایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێت و نەمانبیستووە دیكتاتۆرێك دروست بووبێت، هەروەها لە سیستمی پەرلەمانیشدا كە سەرۆك لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت نموونەی سەركەوتوو و نموونەی ناسەركەوتووشمان هەیە، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا لە سیستمی پەرلەمانیدا، دەسەڵات بەرەو دیكتاتۆریەت دەچێت؟
ئەمە لەكاتێكدا سەرۆك لە سیستمی پەرلەمانی ئەو دەسەڵاتانەشی نییە كە سەرۆك لە سیستمی سەرۆكایەتی یان تێكەڵاودا هەیەتی؟ بۆیە توێژینەوە سیاسییەكان سەبارەت بەم پرسانە ئاماژە بەوە دەكەن لەوانەیە سیستمی پەرلەمانی زیاتر بەرەو دیكتاتۆریەت بچێت، نەك سەرۆكی وڵات، نموونەش لەمبارەوە كۆماری ڤایمەری ئەڵمانی كە لە 1932حزبی نازی بە هەڵبژاردن دەسەڵاتی وەرگرت و پاشان لە 1933هیتلەر لەلایەن سەرۆكی ئەڵمانیا هیندنبورگ وەك راوێژكار(واتەسەرۆكی حكومەت) دەستنیشان كرا و دەسەڵاتەكەیان بەرەو دیكتاتۆریەت برد، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا هیتلەر كە راوێژكاری ئەڵمانیا بوو واتە سەرۆكی حكومەت بوو ئەڵمانیای بەرەو دیكتاتۆریەت برد یان سەرۆكی وڵات؟ بێگومان مێژوو پێمان دەڵێت سەرۆكی حكومەت سیستمی پەرلەمانی ئەڵمانیای بەرەو دیكتاتۆریەت برد، نەك سەرۆكی ئەڵمانیا، كەواتە دووبارە دەگەڕێمەوە سەر ئەو فاكتەرەی پێشتر ئاماژەم پێكرد، ئەویش ئەوەیە كە سیستمی سەركەوتوو و سیستمی شكستخواردوو، پێوەندی بەكۆمەڵێك فاكتەری سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە هەیە، هەر بۆ نموونە عێراق لەساڵی 1925 – 1958 سیستمێكی پەرلەمانی بوو، بەڵام ئەم سیستمە لەعێراق سەركەوتوو نەبوو، ئەمە نەك لەبەر ئەوەی سیستمی پەرلەمانی خراپە، بەڵكو ئاستی پێشكەوتنی عێراق لەو ئاستە نەبوو بتوانێت ئەو سیستمە بەسەركەوتوویی هەڵبسوڕێنێت، ئەگینا سیستمەكە هەمان سیستمی بەریتانیاو دەوڵەتانی كۆمۆنۆێڵس بوو، هەروەها دوای رووخانی رژێمی پێشوو، عێراق لە ساڵی 2005 بەپێی دەستوور لەسەر بنەمای سیستمی پەرلەمانی دامەزرایەوە، بەڵام با سەیر بكەین، ئایا چەند تەنگژە و كێشەمان لەگەڵ ئەو سیستمەدا هەیە، با سەیر بكەین، سەرۆك وەزیران بانگێشە دەكات بۆ ئەوەی پەرلەمانتاران بەشداری كۆبوونەوەی پەرلەمان نەكەن، سەیر دەكەین دەسەڵاتەكان هەمووی لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە قۆرخكراوەو سەرۆكی وڵات ناتوانێت جڵەوگیری بكات، كەواتە لێرەدا مەسەلەكە ئەوە نییە سیستمەكە خراپە، بەڵكو بارودۆخی دەوڵەت بەو جۆرەیە ئەو سیستمە سەركەوتوو نەبێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان بارودۆخێكی باشترمان لە عێراق هەیە، كەواتە هەر دەوڵەتێك بارێكی تایبەتی خۆی هەیە، بۆیە كام سیستم لەگەڵ ئەو بارودۆخە دەگونجێت، ئەوا پێویستە سیاسەتمەدارانی ئەو وڵاتە ئەو سیستمە هەڵبژێرن كە لەو وڵاتە سەركەوتوو دەبێت، هەربۆ نموونە باری سەقامگیری ئەمنی و سیاسیی باشترە، راستە ململانێی سیاسی هەیە، بەڵام تا ئێستا لە كەشوهەوایەكی ماقووڵ بەڕێوە دەچێت، پرسیار ئەوەیە ئایا پێویست نییە ئەم ململانێ و مشتومڕە سیاسییە بە كۆتا بێت و ئاكامێكمان هەبێت؟ بێگومان پێویستە ئاكامێكمان هەبێت، ئەم ئاكامەش لەبەردەستمانەو ئەو سیستمەیە كە لەدەستووردا دانراوە، ئەم سیستمە بە گونجاوترین سیستم هەڵبژێردراوە لەلایەن حزبەكان و پەرلەمان و لیژنەی پێداچوونەوەی دەستوورەوە، بۆیە پێویستە پارێزگاری بەم ئاكامەوە بكرێت، لێرەدا جێگەی خۆیەتی ئاماژە بەوە بكەین كە هیچ سیستمێك موتەكامیل نییە، بۆیە پێویستە ئەو كەموكورتیانە دەستنیشان بكرێت، قۆناخ بە قۆناخ ئەو دەستوورە هەموار بكرێت، لەچوارچێوەی چارەسەرێكی مامناوەندیدا كە هەموو لایەنەكان پێی رازی بن. ئەم چارەسەرە مامناوەندییەش لەكام ژینگە دروست دەبێت؟ بێگومان بە لێكتێگەیشتنی نێوان پارتە سیاسییەكان، ئەویش بەهەردوو لایەنی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات، كە پێویستە بیروڕایەكی هاوبەشیان هەبێت لەسەر بەرژەوەندی گشتی، گرنگترین خاڵی هاوبەشیش پارێزگاریكردنە لەسەر سیستمی سیاسی دەوڵەت، راشكاوانەتر ئەم سیستمەی ئێستا هەیە پێویستە بپارێزرێت، بەڵام ئایا ئەم سیستمە پێویستی بە گۆڕانكاری و هەمواركردن هەیە؟، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە گرنگە ئەوا پێویستە هەم بارودۆخی وڵات لەبەرچاو بگیرێت هەمیش هەموو حزبە سیاسیەكان لەسەر ئەو گۆڕانكاری و هەمواركردنە بگەنە تەوافق و بگەنە قەناعەت، ئەمەش پرۆسەیەكی داینامیكی سیاسەتە، لەبەرئەوەی سیاسەت بریتی نییە لە حاڵەتی متبوون و جێگیر، بەڵكو سیاسەت لە جووڵە و گۆڕانكاری بەردەوامدایە، ئەم جووڵەیەش وا دەكات هەندێكجار پێویستمان بە گۆڕانكاری و هەمواركردن هەبێت، ئەمانە لەهەموو دەوڵەتێكی دیموكراتی ئاسایین، بەڵام ئەوەی لە سیستمی دیموكراتی نەبۆتە نەریت، ئەوەیە نابێت بە شێوەیەكی رەها هیچ شتێك رەتبكرێتەوە، راشكاوانەتر لە سیستمی دیموكراتیدا گونجاندن هەیە، رەش و سپی بوونی نییە.
چۆنیەتی چارەسەری تەنگژەكان
لە قۆناخی بونیادنانی دەوڵەت یان كیاندا
- قۆناخی بونیادنانەوەی دەوڵەت یان قۆناخی بونیادنانی كیانی سیاسی، قۆناخێكە تایبەتمەندی خۆی هەیە، هەروەها ئەو تەنگژانەشی لەم قۆناخە سەرهەڵدەدەن، پێویستیان بە بڕیاری خێرا هەیە بۆ ئەوەی بارودۆخەكە كۆنترۆڵ بكرێت و نەتەوە بتوانێت ئەو قۆناخە راگوزەرییە بە سەركەوتوویی تێپەڕێنێت، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا كاتێك باس لە تایبەتمەندی سیستمی حكومڕانی بوونی سەرۆكی بەهێز دەكەین، باسەكەمان تایبەتە بە قۆناخێكی هەستیار ئەویش قۆناخی بونیادنانی دەوڵەت یان كیانی سیاسییە، لەم قۆناخەدا گرنگە سەرۆكی وڵات كەسایەتیەكی بەهێز بێت و خاوەنی كاریزما بێت، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا كەسایەتی كاریزما لە چ كاتێكدا دەردەكەوێت و لە چ كاتێكدا میللەت پێویستی بە سەرۆكی كاریزمیی هەیە؟ بێگومان سەرۆكی كاریزما لە بارودۆخی هەستیار و لەكاتی بوونی تەنگژە لەو وڵاتە دەردەكەوێت و كۆمەڵگەش پێویستی پێ دەبێت، ئەو كاتانەش بریتین لە كاتی بونیادنانەوەی دەوڵەت یان بونیادنانی دەوڵەت یان كیانی سیاسی، بەراشكاوی لەم قۆناخەدا نەتەوە لە دەسپێكی پرۆژەیەكی گەورەی نیشتمانیدایەو بۆ ئەوەی بتوانێت ئیدارەی ئەم قۆناخە هەستیارە بكات، ئەوا پێویستی بە سەرۆكێكی كاریزمایی دەبێت، دەركەوتنی ئەم كەسایەتیە كاریزمایە كە نەتەوە لەو قۆناخە پێویستی پێیەتی لە سیستمی پەرلەمانیشدا بوونی هەیە، هەر بۆ نموونە ئەدینهاوەر راوێژكاری ئەڵمانیا، یەكێكە لە راوێژكارە بەهێزەكانی ئەڵمانیای دوای شەڕ، توانی ئاسەواری شەڕ لە ئەڵمانیا بسڕێتەوە، لەم وڵاتە سەرۆك هەبوو، بەڵام كاریزماكە ئەدینهاوەر بوو كە توانی ئەڵمانیا بپەڕێنێتەوە بۆ قۆناخێكی باشتر، لەكاتێك دووبارە ئەڵمانیا یەكیگرتەوە ئەڵمانییەكان پێویستیان بە كاریزمایەكی وەك هیلمۆت كۆڵ بوو، وەختێك تەنگژەیەكی گەورەی نێوان بلۆكی سۆسیالیستی و بلۆكی رۆژئاوا هەبوو، ئەڵمانیا پێویستی بە كاریزمایەكی وەك ڤیلبراند هەبوو. لە نەمسا لە قۆناخی گەشەپێدان لە ساڵانی حەفتاكانی سەدەی بیستەم پێویستی بە كاریزمایەكی وەك كرایسكی هەبوو. ئەمە پێمان دەڵێت قۆناخی هەستیار و دەسپێكی پرۆژەی گەورەی نەتەوەیی پێویستی بە سەركردەیەكی كاریزمی هەیە، ئەوجا سیستمی حكومڕانی وڵات سەرۆكایەتی بێت یان پەرلەمانی یان تێكەڵاو، بۆیە لێرەوە ئەگەر سەیری بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان بكەین و لەخۆمان بپرسین، ئایا ئێمەش لەم قۆناخە هەستیارە پێویستمان بە سەرۆكێكی كاریزمایی نییە؟ ئەوەی دەبێتە وەڵامی گونجاو بۆ ئەم پرسیارە ئەوەیە، ئایا ئێستا كە هەرێمی كوردستان لەدەسپێكی ئەم پرۆژە گەورە نەتەوەییەدایە كە هەنگاو هەڵگرتنە بۆ بونیادی كیانێكی سیاسیی، تەواو سەقامگیرە؟ ئایا دروستكردنی ئەم كیانە سیاسیە پێویستی بە كاریزمایەك نییە؟ حەتمەن ئێمەش وەك هەموو نەتەوەكانی جیهان لەم قۆناخە هەستیارە پێویستمان بەكاریزمایەك هەیە، ئەو كاریزمایەش پێویستە سەرۆكێكی بەهێز بێت و بتوانێت هاوسەنگی رابگرێت لەنێوان سەرجەم هێزەكانی كۆمەڵگەدا، ئەمانە هەمووی دەبنە پاساوێك بۆ ئەوەی هەتا لەسیستمی پەرلەمانیشدا، لەگەڵ ئەوەی دەسەڵاتی گەورە لەلای سەرۆكی حكومەتە، بەڵام لەهەمان كاتدا پێویستمان بە سەرۆكێكی بەهێزیش هەیە، بۆ ئەوەی ئەو كاریزمایەی هەبێت كە بتوانێت بارودۆخەكە رابگرێت و بیباتە پێشەوە، لەبەر ئەوەی لاوازبوونی سەرۆكی هەرێم یان سەرۆكی دەوڵەت لەو قۆناخەی كە تەنگژەو ناسەقامگیری هەیە، ئەوا ئەم لاوازییە دەرفەت بۆ كۆمەڵێك ئەگەر واڵا دەكاتەوە، لەوانە دەبێتە هۆكاری ئەوەی ناسەقامگیری سیاسی و حكومڕانی دروست بێت، یان دەرفەت بۆ ئەوە دروست دەكات سەرۆكی حكومەت هەنگاو بەرەو تاكڕەویی هەڵبگرێت، سیێەمیش دەرفەت بۆ ئەوە دروست دەكات كە پەرلەمان لاواز بێت و نەتوانێت رۆڵی خۆی بە چالاكانە بگێڕێت، بۆیە لەم جۆرە حاڵەتەدا واتە لە قۆناخی بونیادنانی كیان، پێویستمان بە هاوسەنگییەك هەیە، ئەو هاوسەنگییەش بەوە دروست دەبێت كە لەیەك كاتدا، سەرۆكی حكومەتیش بەهێز بێت لەهەمانكاتدا سەرۆكی وڵاتیش بەهێز بێت، بەهاوكاری نێوان سەرۆكی حكومەتێكی بەهێز و سەرۆكی دەوڵەتێكی بەهێز هاوسەنگی دروست دەبێت و پەرلەمانیش دەتوانێت رۆڵێكی چالاك بگێڕێت، لێرەوە جارێكی دیكە دەگەڕێینەوە بۆ خەسڵەتەكانی سیستمی پەرلەمانی، بێگومان راستە دەسەڵاتی جێبەجێكردن بە سەرۆكایەتی سەرۆك وەزیران دەبێت زۆر بەهێز بێت، بەڵام لەهەمانكاتدا پێویستیش بەوەیە سەرۆكی دەوڵەتەكەشت بەهێز بێت، ئەمەش مانای ئەوەیە دەبێت هێزی سەرۆكی وڵات یان سەرۆكی هەرێم بەو ئاستە بێت كە بتوانێت بارودۆخەكە بپارێزرێت و هاوسەنگی بپارێزرێت، بتوانێت كۆنترۆڵی تەنگژەكان بكات.
سەرۆك لە كاتی تەنگژەكانی قۆناخی بونیادنانی كیاندا
- كاتێك لە قۆناخی بونیادی كیانی سیاسی یان بونیادی دەوڵەت تەنگژە دروست دەبێت، ئەوا سەرۆكی هەڵبژێردراو لەلایەن گەلەوە، لەبەر ئەوەی راستەوخۆ میللەت دەنگی پێداوە، ئەوا دەبێت سەرۆك راستەوخۆ لەگەڵ گەلی خۆی قسەبكات و رایەڵەیەكی پتەوی ئەوتۆ لەگەڵ میللەتەكەی دروست بكات كە بتوانێت بە راشكاوی هەموو لایەنەكانی كێشەكە بۆ میللەت روون بكاتەوە، بۆ هەرێمی كوردستانیش گرنگە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەم بارودۆخە راستەوخۆ قسە بۆ میللەتی خۆی بكات و هەموو راستیەكانیان بۆ ئاشكرا بكات و لەمەترسی هەموو ئەگەرە جیاوازەكان ئاگاداریان بكاتەوە، بەڵام لێرەدا گرنگە سەرۆكی هەرێمی كوردستان زۆر بە وردی لەسەر ئەم رایەڵەیە هەڵوەستە بكات، لەبەر ئەوەی ئەو مشتومڕ و ململانێ سیاسییەی ئێستا هەیە هەوڵ دەدات ئەو رایەڵەیە نەهێڵێت یان لاوازی بكات، لەبەر ئەوەی ئەو مشتومڕە سیاسیەی ئێستا بوونی هەیە، هەندێك جار تەنگژەی دروستكراون بۆ مەبەستی سیاسیی ، هەندێك مەسەلە هەیە جێگەی قسە لەسەر كردنە، بەڵام هەندێك لە رەهەندەكانی ئەو مەسەلەیە دروستكراون، بۆ نموونە تەنگژەی دەستوور دروستكراوە، لەبەر ئەوەی دەبوو لە 2009وە قسەی لەسەر بكرایە، دەبوو 4 ساڵ پێش ئێستا قسە لەسەر ئەوە بكرایە كە دەستوور پێویستە هەندێك شتی هەیە گۆڕانكاری تێدا بكرێت، بۆیە ئێستا لەژێر بارێكی سیاسی دیاریكراودا ئەو قسانە دەكرێت، واتە یان فشارێكی سیاسییە یان بەكارهێنانی دەستوورە وەك كارتێكی هەڵبژاردن، ئەمانە هەموویان ئەو فاكتەرانەن كە پێوەندییان بەو تەنگژە سیاسییەوە هەیەو بۆتە هۆكاری ئەوەی رای گشتی چەواشە بێت، لەبەر ئەوەی زۆر مەسەلە دەخرێتە نێو رای گشتی و دەبێتە هۆكاری چەواشەكاری، هەندێك باسی دەسەڵاتەكانی سەرۆك دەكەن، هەندێكی دیكە دەڵێن دەستوور بە یاسایەكی ئاسایی دەرچووە و دەكرێت بە یاسایەكی ئاساییش بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان، یان باس لەسیستمی حكومڕانی دەكرێت، ئەمانە هەم پێچەوانەی یاسان هەمیش پێچەوانەی ئەو بنەمایانەن كە سیاسەتی پێدەكرێت، ئەمە لەكاتێكدایە ئەو لیژنەیەی بۆ پێداچوونەوەی دەستوور پێكهێنرابوو، ئیشی خۆی تەواو كردووەو ئێستا كارەكە لای میللەتە، من پرسیار دەكەم بۆ رێگە نادەن میللەت رای خۆی بدات، ئەمەش پێشیلكردنی مافی میللەتە، بالێرەدا دیسان ئەو پرسیارە بكەینەوە، كە رۆژانە لەسەر پرسی ریفراندۆمی دەستوور گوێبیستی دەبین كە دەڵێن: پارتی و سەرۆكی هەرێم دەیانەوێت ئەو دەستوورە بسەپێنن؟ بۆ ئەمە با گریمانەیەك بكەین و بڵێین گریمان ئێوە راست دەكەن پارتی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەیانەوێت ئەم دەستوورە بسەپێنن، بەڵام پرسیاری گرنگتر ئەوەیە بۆ ئەم سەپاندنە پێویستیان بەچییە؟ بێگومان پێویستیان بە رای میللەتە، با میللەت رێگە نەدات پارتی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەم دەستوورە بسەپێنێت.
باشە با دیسان بە شێوەیەكی فیكری پرسیارێكی دیكە بكەین، ئایا ئۆپۆزسیۆن چۆن دەزانێت و پێشبینی ئەوە دەكەن كە بە ریفراندۆم ئەو دەستوورە دەچەسپێت؟ ئەمەش مانای ئەوەیە رای میللەت لەسەر ئەو ئاڕاستەیەیە كە پارتی و سەرۆكی هەرێم لەسەری دەڕۆن. ئەگەر وانییە پرسیار ئەوەیە بۆ لەراپرسی دەترسن؟ هەر بۆ نموونە ژەنەراڵ دیگۆل لە ساڵی 1958 دەستووری خستە راپرسیەوە، میللەت دەنگی پێدا، بەڵام لە ساڵی 1969 راپرسیەكی دیكەی ئەنجامدا میللەت رەتیكردەوە، لە حاڵەتی یەكەمدا كە میللەت دەنگی پێدا هەموو لایەك پێوەی پابەندبوون، كە میللەت رەتیشیكردەوە، دیسان هەموو لایەنەكانی گەلی فەرەنسا پێوەی پابەندبوون. كەواتە لەسەر پرسی دەستووری هەرێمی كوردستانیش با میللەت رای خۆی بدات، مەسەلەكە یەكلایی دەبێتەوە، ئەگەر پەسەندی كرد، ئەوە دەستوورەكە جێبەجێ دەكرێت، رەتیشیكردەوە لیژنەیەك دادەنرێتەوە دەستوورێكی دیكە دادەنرێتەوە، لێگەڕێن با میللەت دەنگی خۆی بدات. بۆیە گرنگە لە حزبە سیاسیەكانی كوردستان بپرسین، ئایا ئەركی حزبە سیاسیەكان ئەوەیە رای گشتی چەواشە بكەن، یان ئەركی حزبە سیاسییەكان ئەوەیە ئیدارەی ململانێ سیاسیەكان بكەن لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتی، ئیدارەدانی ئەم ململانێیەش بە پیشاندانی راستی بۆ میللەت دەكرێت، نەك بە چەواشەكردنی رای گشتی، كەواتە حزبە سیاسیەكان مافی خۆیانە رەخنە لە حزبە سیاسیەكان بگرن، بەڵام مافی ئەوەیان نییە لە میانەی ئە م ململانێیە زیان بە بەرژەوەندی گشتی بگەیەنن..
Top