ممتازەر تۆركن بۆ گوڵان: پێش ئەوەی بەگۆڕینی دەستوور چارەسەری كێشەی كورد بكەین دەتوانین بە ئیرادەی پێكەوەژیان چارەسەری بۆ بدۆزینەوە

ممتازەر تۆركن بۆ گوڵان: پێش ئەوەی بەگۆڕینی دەستوور چارەسەری كێشەی كورد بكەین دەتوانین بە ئیرادەی پێكەوەژیان چارەسەری بۆ بدۆزینەوە
پرۆفیسۆر ممتازەر تۆركن هەم ئەكادیمیەو هەم رۆژنامەنووس و یەكێكە لە ستووننووسە دیارەكانی رۆژنامەكانی توركیا بە تایبەتی تودەی زەمان و مامۆستای زانكۆ لە هەردوو زانكۆی غازی و فاتیح، بۆ قسەكردن لەسەر رەوشی پرۆسەی ئاشتی بۆ چارەسەری كێشەی كورد لە توركیا و چۆنیەتی چارەسەركردنی ئەم كێشە دێرینە، گوڵان ئەم وتووێژەی لەگەڵ پرۆفیسۆر ممتازە تۆركن ئەنجامداوە:
* ئێوە یەكێكن لەو ئەكادیمیانەی كە بایەخێكی زۆر بە چارەسەری كێشەی كورد لە توركیا دەدەن، ئایا چۆن سەیری پرۆسەی ئاشتی ئێستای توركیا لەگەڵ كورد دەكەن، بەتایبەتی كە پەكەكە وەڵامدانەوەیەكی ئەرێنی بۆ ئەم پرۆسەیە هەیە؟
- بارودۆخی ئێستا گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، بەتایبەتی كە كوردی سوریا ئێستا لە بارودۆخێكی دیكەدان، بۆیە لەبەر رۆشنایی ئەم هەلومەرجە تازەیە و هەڵسەنگاندنی جیاواز لە پێشتر بۆ پرسەكان لەلایەن پەكەكەوە، ئەوا وەك دەبینین پەكەكە بەرەو گۆڕانكارییەكی ستراتیژی بە شێوەیەكی گشتی هەنگاوی هەڵگرتووە، ئەم ستراتیژە نوێیەی پەكەكەش لەگەڵ ویستەكانی توركیادا دەگونجێن، بۆیە توركیا و پەكەكە گەیشتنە لێكتێگەیشتن و پێكهاتن، هەروەها لەم بارودۆخەدا هەرێمی كوردستان و كوردی سوریا و كوردی توركیا، پێویستە بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی كورد لە پێشەوە دابنێن، بۆیە بەتێڕوانینی من پەكەكە بەپێی ئەو بەرژەوەندییە هاوبەشانە ستراتیژیی خۆی گۆڕی، لەبەر ئەوە پرۆسەكە بەشێوەیەكی تەندروست بەرەو پێشەوە دەچێت.

* هەموولایەك پێشوازی لەم پێكهاتنەی پەكەكە و توركیا دەكات وەك چارەسەرێك بۆ كێشەی كورد لەو وڵاتە، بەڵام هەندێك لەناو توركیا دەڵێن چارەسەری كێشەی كورد پەیوەستە بە گۆڕینی دەستووری توركیا، ئایا تۆ لەمبارەوە رەوتی چارەسەری كێشەی كورد لەتوركیا چۆن دەبینیت؟
- پێش ئەوەی چارەسەری كێشەی كورد لەتوركیا بە دەستوورەوە گرێبدرێتەوە، بە بۆچوونی من چارەسەری ئەم كێشەیە پەیوەستە بەئیرادەی خەڵكی توركیا بەوەی پشتگیری لە چارەسەری ئاشتیانە بكەن، بۆیە پرسێكی وەك پرسی كورد بە دەستوور شرۆڤە ناكرێت، بەڵكو بە بڕیار و ئیرادەی خەڵك چارەسەر دەكرێت، ئەوەی من دەیبینم لە ئێستادا ئەوەیە خەڵكی توركیا ئیرادەی بە ئاراستەی ئەوەیە كە پێكەوە بژین، بۆیە بە تەئكید ئەم ئیرادەیە ئەگەر بەردەوام بێت چارەیەك بۆ ئەم كێشەیە دەدۆزرێتەوە، ئەگەر بێینە سەر دەستووریش من بڕوام وایە كە دەتوانین دەستوورێك دابنێین كە رەنگدانەوەی ئیرادەی هاوبەشی تێڕوانینی كۆمەڵگەی توركی و كوردی بێت. رێگەو شێوەی ئەمەش دیارە، دەستوور دەبێ بە یاسایەك فۆرمەلە بكرێت و بنووسرێتەوە كە هەموو هاووڵاتیەك بتوانێت خۆی لەناویدا بدۆزێتەوە. بەڕای من بە وەرگرتنی بۆچوون و رازی بوونی كورد، دەتوانرێت دەستوورێك دابڕێژرێت و كاری پێبكرێت كە ببێتە سیمبۆلی ئاشتی و تەبایی لە وڵاتدا.

* زۆر گوێمان لە ناوەندەكانی توركیا دەبێت كە مەسەلەی پەكەكە وەك مەسەلەی تیرۆر سەیر دەكرێت نەك مەسەلەی چارەسەركردنی كێشەیەك، ئایا بەبڕوای تۆ دەكرێت ئەم كێشەیە لێك جیابكرێتەوە؟
- ئەگەر كێشەی كورد نەبوایە كوشتار و توندوتیژی نەدەبوو، بۆیە ئەگەر كێشەی كورد نەبوایە، ئەو كێشەش نەدەبوو كەپێی دەڵێن تیرۆر، بەڵام لە ئێستادا حكومەتی توركیا تەنیا وەكو كێشەی تیرۆر سەیری كێشەكە ناكات، هەر لەبەر ئەوەشە كە دەتوانێت چارەسەری بكات. هەموولایەك گەیشتوونەتە قەناعەت بەوەی بەڵێ لەتوركیا كێشەیەكی بنەڕەتی هەیە كە ئەویش كێشەی كوردە، ئەو كێشەیە لەساڵی 2009 بەچەند بڕیارێكی حكومەت هەنگاوی باشی بۆ هەڵگیرا، بەڵام لە دوای ساڵی 2009 پاشەكشە بەو بڕیارانەوە دیارە، بەڵام كێشەی كورد لەئێستادا، كێشەیەكە ناتوانرێت نكۆڵی لێ بكرێت، لەمەودواش ئەو هەنگاوانەی بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە هەڵدەگیرێن بەردەوامیی هەنگاوەكانی پێشوو دەبن و بە یاساو بە دەستوور، هەموو مافێكی تاكەكان دەدرێت و بە مافی خوێندن بە زمانی دایكیشەوە هیچ كێشەیەك لە دواوە ناهێڵێتەوە و ئەو مەسەلەیە چارەسەر دەكات.

* لەم پرۆسەیەدا هەرێمی كوردستان زۆر مەبەستی بوو كە كێشەی كوردی توركیا بە ئاشتی چارەسەر بكرێت، تاچەند ئەم هەوڵانەی هەرێمی كوردستان كاریگەرییان لەسەر ئەم پرۆسەیە هەبووە؟
- هەرێمی كوردستانی عێراق و بەتایبەتی خودی سەرۆك بارزانی و بەڕێز نێچیرڤان بارزانی هەوڵ و كۆششێكی زۆریان دا بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا سەربگرێت، ئەمەش لەو بیروبۆچوونەوەی بەڕێز بارزانییەوەیە بۆ چارەسەری كێشەی كورد لەتوركیا، ئەو بۆچوونەش زۆر راستە، ئەم بیروبۆچوونە لەلایەن بارزانییەوە لە هەرێمی كوردستان بووە سیاسەتێك و پیادەكرا، ئەوەش بریتی بوو لە پاراستنی ئاسایش و پاراستنی بەرژەوەندیی كورد لەتوركیا بەرێگەی ئاشتی و پێكهاتن، لەسەر بنەمای ئەم بیروبۆچوونە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی هەنگاوی زۆر گرنگی هەڵگرت بە ئاراستەی ئەوەی كورد و تورك خاوەنی بەرژەوەندیی هاوبەشن و پێویستە پێكەوە هەنگاوی هاوبەش هەڵبگرن بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوانیان و بگەنە ئەو قەناعەتەی ئەوەی زیان بەكورد بگەیەنێت زیان بە توركیش دەگەیەنێت و ئەوەی زیان بە تورك بگەیەنێت زیان بە كوردیش دەگەیەنێت. حكومەتی ئەمڕۆی توركیا بەسەرۆكایەتیی ئەردۆگان لە هەقیقەتی ئەم راستییە تێگەیشت بۆیە هەوڵەكانی نێچیرڤان بارزانی بەرەو پێشەوە چوو، ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی هەوڵەكانی هەولێر و ئەنكەرە پێكەوە ئاكامی باش بەدەست بهێنن، بەڵام لەهەموو حاڵەتێكدا هەرێمی كوردستان رۆڵێكی گەورەی گێڕاوە ئەو هەوڵەش جێگەی رێز و تەقدیرە.

* بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لەتوركیا، ئایا كێ دەبێتە هاوبەش لەگەڵ حكومەتی توركیا؟
- بەرای من توركیا ناتوانێ پارتنەر دەستنیشان بكات، بەڵكو كوردەكانی توركیا دەستنیشانی دەكەن. ئەگەر چەك نەبێ و جموجۆڵ نەبێ، سیاسەتی كوردی دەبێتە سیاسەتێكی زۆرینە و نوێنەرایەتییەكی پاك دەكات. بەڵێ جگە لە كوردی PKK، كوردێكی زۆر هەیە لە ناوچەكەدا. ئەگەر خوێن رشتن نەبێت لە ناوچەكە ئەوانیش بە نوێنەرە دیموكراتییەكانیان، نوێنەرایەتیی بەرژەوەندی بیروبۆچوونەكان و سیاسەتی خۆیان دەكەن. بۆ ئەوەش دەبێ هەندێك كاتی بەسەردا تێپەڕێت. ئەمڕۆ دەبینین تازە شەڕ وەستاوە و تازە زەمینەی سیاسەتی دیموكراسی و سیاسەتی مەدەنی ئامادە دەبێت. لەم بابەتە دەبێت هەلێك بدرێت بە كورد. من باش دەزانم كە كورد زۆر باش لە سیاسەت دەزانن و زۆر لە نزیكەوە ئاگایان لێیەتی، بۆیە لەم بابەتە هیچ هەڵەیەك ناكەن. ئەگەر شەڕ نەبێت و چەك نەبێت، كورد نوێنەرایەتیی دیموكراتیی خۆیان و نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییەكانی خۆیان بە باشترین شێوە ئەنجام دەدەن.
Top