گوتاری سەرۆكی كوردستان بەبۆنەی ساڵیادی شۆڕشی گوڵان
May 27, 2013
دیمانەی تایبەت
بهبێ قسهی میللهت، دهسهڵاتی هیچ كهس و لایهنێك نییه پرۆژهی دهستوور بگهڕێنێتهوه بۆ ههمواركردنبەناوی خوای گەورەو و میهرەبان
خوشک و برایانى خۆشەویستم.. هەڤاڵانى تێکۆشەر..پڕ بە دڵ سوپاسی ئەو هەستە پیرۆزەتان دەکەم.پیرۆزباییتان لێدەکەم بۆ ئەم رۆژە پیرۆزە، رۆژى هەڵگیرساندنى شۆڕشى گوڵان. شۆڕشی گوڵان درێژەپێدەرى شۆڕشی ئەیلوولى مەزنە،خەباتى گەلەکەمان خەباتێکى دورودرێژە زۆر هەوراز و نشێوى دیووە، ئەم گەلە لەپێناوى مافەکانى و ئازادى دا زۆر قوربانى داوە و بۆ هەموو جیهانى سەلماندووە، کە میللەتێکى زیندووە، نە بە کیمیاوى لەناو دەچێ نە بە ئەنفال لەناو دەچێ، ئەم گەلە ئەمەى نەک ئەمڕۆ ئیسپات کردووە،بەلکو هەزارەها ساڵ پێش ئێستا گەلى کوردستان سەلماندوویەتى، کە ئامادەیە لەپێناو کوردستاندا بمرێ.
پێش چەند رۆژێک ئەشکەوتى شانەدەر بە شێوەیەکى فەرمى کرایەوە و گوێمان لە راپۆرتى ئەو پرۆفیسۆرە ئەمەریکییە بوو، کە لەوێ ئێسقانى مرۆڤى نیندەرتاڵى دۆزیەوە، کە دەگەڕێتەوە بۆ 50 هەزار ساڵ بەر لە ئێستا و لەوساوە تا گەیشتە قەڵاتى سەربەرز تەسلیمى هۆڵاکۆ نەبوو، تا ئەمڕۆ ئەم گەلە تەسلیمى ئەنفال و کیمیاباران نەبوو، ئەمە هەمووى دەلیلى ئەوەیە، کە ئەم میللەتە، میللەتێکى زیندووە و هەر سەردەکەوێ.
خۆئامادەکردن بۆ گەیشتن بە لوتکە
خوشک و برایانى بەڕێز.. قۆناغە سەختەکان تەواو بوون، ئێستا کاتى ئەوەیە ئێمە خۆمان ئامادەبکەین بەرەو لوتکە بڕۆین، جارێکى دی پاشەکشە ناکرێ، ئێمە ناکشێینەوە دواوە.
خوشک و برایانى بەڕێز.. من ئەمڕۆ بە دەرفەتى دەزانم باسی بابەتێکى هەرە هەستیار بکەم، ئەویش بابەتى دەستوورە، کە بووەتە باسێکی ڕۆژانەی نێو ناوەندە سیاسی و ڕۆژنامەوانییەکان. هەندێ کەس میزاجی سیاسی و لێکدانەوەی شەخسییان کردووەتە پێوەری هەڵسەنگاندن و قسەکردن لەسەر بابەتێکی گرنگی وەک دەستوور، کە دەستوور گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی گرنگە و موڵکی گەلە و ناکرێ گرێبەستێکی وەها بایەخدار تێکەڵی بەرژەوەندیی تاکەکەسی و حزبی بکرێت و بە ئاسانی حوکمی لەسەر بدرێت و داوا بکرێت پڕۆژەکە بەر لەوەی خەڵک دەنگی پێ بدات بۆ دەستکاریکردن بگەڕێتەوە پەرلەمان.
بۆ داڕشتنی سوود لە دەستووری 40 وڵات وەرگیراوە
ئەو پڕۆژە دەستوورەی ئێستا هەیە ماوەی حەفت ساڵ کارێکی زۆری لەسەر کراوە و لە لایەن لیژنەیەکی تایبەت و پسپۆڕ ئامادە کراوە و ڕاوبۆچوونی شارەزایانی بیانی و نێوخۆیی و هاووڵاتیانیش وەرگیراوە و بۆ داڕشتنی سوود لە دەستووری 40 وڵات وەرگیراوە. کۆدەنگیی سیاسیشی لەسەر بووە و 36 حزبی سیاسی پاڵپشتیان کردووە و بە دەنگی 96 پەرلەمانتار پەسەند کراوە. ئەو کۆدەنگییە لە مێژووی سیاسیی نوێدا کەم وێنەیە. لەو پڕۆژەیەدا موسڵمانبوونی زۆرینەی خەڵک بایەخی پێدراوە. پڕۆژەکە مافی نەتەوە و ئایینەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤی زۆر بە باشی ڕەچاو کردووە و ڕێگەی لە پێشێلکردنی مافی نەتەوە و ئایینەکانی دیکەی کوردستان گرتووە.
لەو پڕۆژەیەدا میکانیزمەکانی هەموارکردنیش زۆر بەڕوونی دیاریکراون بۆ ئەوەی لە داهاتوو بە پێی پێویستی بیر لە هەموارکردنەوەی بڕگەکانی بکاتەوە. بەپێی پڕۆژەکە هەر کاتێک یەک لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان یاخود سەرۆکی هەرێم و ئەنجوومەنی وەزیران پێکەوە داواکارییەکیان بۆ هەموارکردن پێشکەش کرد و ئەو داوایە لە لایەن دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان پەسەند کرا، ئەو کات دەکرێ دەستوور هەموار بکرێت.
ئێستا پڕۆژەکە هەموو قۆناغە یاساییەکانی بڕیوە و دەسەڵاتى هیچ کەس و لایەنێک نییە بەر لەوەی میللەت قسەی لەسەر بکات بیگەڕێنێتەوە بۆ هەموارکردن. جگە لەوە نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستوور کاری پەرلەمان نەبووە، کە بۆ هەموارکردن بۆی بگەڕێتەوە، بەڵکو لیژنە پسپۆڕەکە نووسیویەتی و پەرلەمان تەنیا دەنگی پێداوە.
بۆ ئەوەی زۆرترین سازان هەبێ، مروونەتێکی زۆرمان پێشاندا و داوامان کرد پێشنیار و تێبینیی لایەنەکان چییە؟ بەڵام تا ئێستا وەڵامێکی ڕوونمان پێ نەگەییشتووە، جگە لەوەى، کە دەڵێن دەبێ سیستەمى حکومڕانى لە سەرۆکایەتییەوە ببێتە پەرلەمانى و سەرۆک لە پەرلەمان هەڵبژێردرێ. ئەوانەی داوای گەڕاندنەوەی پڕۆژەی دەستوور بۆ پەرلەمان دەکەن، سەرەڕای ئەوەی کە داوایەکی نایاساییە، بۆچی ئەو داوایەیان لە ساڵی 2005دا نەدەکرد، کە بەپێی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەموارکراو سەرۆکی هەرێم دەبێ لە لایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرێت؟
مافى خەڵکە راستەوخۆ سەرۆکى هەرێم هەڵبژێرن
سەرۆکی هەرێم نوێنەرایەتیی هەموو خەڵکی کوردستان دەکات نەک حزبێک، بۆیە مافی خەڵکە ڕاستەوخۆ هەڵیبژێرن. گرنگ نییە کێ سەرۆکی هەرێم دەبێت، بەڵکو ئەوە گرنگە، کە ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرێت.دڵنیام، کە لە کوردستان زۆر رۆڵەى لێهاتوو و دا هەن و دەتوانن ئەو ئەرکە بە جێبگەیەنن. جارێکى دیکەش دەڵێم: پێشمەرگایەتى خۆم لە هەموو پلەو پایەک بەرزترە. بەپێی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان سیستەمی سیاسی پەرلەمانییە و لە ماددەی 1ی پڕۆژەکەدا بەڕوونی ئاماژەی پێدراوە.پێدەچێ هەندێ لایەن بەبێ ئەوەی ناوەڕۆکی پڕۆژەکەیان بە دیقەت خوێندبێتەوە، بڕیاریان داوە دژایەتی بکەن و مەبەستی سیاسیی لە دواوەیە.
دروست نییە رەشنووسى دەستوور چیدیکە دوابخرێت
پرسیارێک هەیە، کە بۆ دەبێ ئێستا بخرێتە ڕاپرسی و چەند ساڵە نەخراوەتە ڕاپرسییەوە؟ ڕاستییەکەی ئەوەیە کاتێکی زۆر بەسەر نووسینەوەی ڕەشنووس تێپەڕیوە و دروست نییە چیدیکە دوابخرێت. بەپێی ئەزموونی گەلان ئەو بابەتە هەر چەند دوابخرێت کێشەی زیاتر دەبێ و بواری سازان و کۆدەنگیش کەمتر دەبێ. لە هەڵبژاردنەکانی 25ـ 7ـ 2009دا زۆر هەوڵماندا بخرێتە ڕاپرسی، بەڵام کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان نەیتوانی ئەنجامی بدات. بارودۆخی عێراق زۆر ئاڵۆز بوو، هەموومان چاوەڕوانی یەکلاییبوونەوەی چارەنووسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بووین بۆ ئەوەی بوار بڕەخسێت ئەو ناوچانەش بەشداری ڕاپرسیی دەستوور بن. پاشان لەنێوخۆی کوردستانیش بۆچوون و قەیرانی نوێ هاتە ئاراوە، کە وایان کرد پڕۆژەی دەستووریش دژایەتی بکرێت و بوار نەڕەخسێ پڕۆژەی دەستوور یەکلایی ببێتەوە.
وایلێهات مەسەلەی هەموارکردنەوەی پڕۆژەی دەستوور بوو بە بابەتێکی سیاسی بۆ بەدەستهێنانی کۆمەڵێک بەرژەوەندی و ئامانجی دیکە و هەندێ کەس مانا ڕاستەقینەکەی دەستووریان پشتگوێخست و کردیانە کەرستەی ململانێی نێو ڕاگەیاندنەکان. ئەوەش وا دەکات لێکترازانی کۆمەڵایەتی قووڵ ببێتەوە و بواری سازان کەم ببێتەوە.
ئەو مەسەلەیە دەبێ گەل چارەسەری بکات نەک کەسێک یان لایەنێک یان دەزگایەک، چونکە مافی گەلە بڕیاری لەسەر بدات. پڕۆژەی دەستوور هەموو شێواز و ڕێکارە یاساییەکانی بڕیوە، کە لە پەرلەمانیشەوە نێردراوەتە سەرۆکایەتیی هەرێم، بەپێی یاسا دەسەڵاتی ئەوە نەدراوەتە سەرۆکی هەرێم ڕەتی بکاتەوە یان قبووڵی بکات، بەڵکو تەنیا ڕێکارێکی یاساییە، کە ڕۆژێک بۆ ڕاپرسی دیاری بکرێت و بخرێتە بەردەم ڕای گشتی. ئەگەر دەستوورێکی خراپە با خەڵک ڕەتی بکاتەوە، ئەگەر بەباشیشی دەزانن با پەسەندی بکەن.
میللەت خاوەنی سەرەکی دەستوورە
لەبەر ئەوە بۆ ئەوەی دەستوور دوور بکەوێتەوە لە بیرکردنەوەی بەرتەسکی حزبیانە، داوا لە میللەت و هەموو حزبەکان دەکەم بیر لە چارەنووس و ئاییندەی خۆیان و وڵاتەکەیان بکەنەوە و ئەو بابەتە بە هەند وەربگرن. میللەت خاوەنی سەرەکیی دەستوورە و موڵکی هیچ کەسێکی دی نییە. ئێمە پێمانوایە، ئەوە زوڵمە لە خەڵکی کوردستانی دەکەن، کە لەبری ئەوان بیر دەکەنەوە و دەیانەوێت لەبری ئەوانیش بڕیار بدەن، با خەڵک خۆی بڕیار بدات.
سازان لەسەر چی و چۆن و کەی
ئەم ماوەیە زۆر باسی سازانی نیشتیمانی دەکرێت، فەرموون سازانی نیشتیمانی لەڕێی میللەتەوە بکەن و لە عموومیات دەرچن. بەڕوونی بە میللەت بڵێن سازان لەسەر چی بکرێت و چۆن و کەی بکرێت؟
کاتی نووسینەوەی پڕۆژەی دەستوور 36 حزب مۆڵەتی یاسایی کارکردنیان لە هەرێمی کوردستاندا هەبووە و هەر 36 حزبەکە ئەو ڕەشنووسەیان قبووڵکردووە و ئیمزایان کردووە، ئیتر سازانی نیشتیمانی لەوە زیاتر چی؟ لەدوای ئەوەش یەک حزب دامەزراوە و تێبینی لەسەر ڕەشنووسەکە هەیە، پرسیاری واقعی ئەوەیە ئایا دەکرێت هەر کاتێک حزبێکی تازە دامەزرا و تێبینی لەسەر دەستوور هەبوو، دەستوور هەموار بکرێتەوە؟ خۆئەگەر وا بێت کورد تاهەتایە نابێتە خاوەنی دەستوور. هەر هەموارکردن و سازانێک لە دوای ڕاپرسی دەکرێت. بۆیە ئەو مافە لە میللەت زەوت مەکەن ، نابێ میللەت ئەوە قبووڵ بکات.
نامەیەکم بۆ حزبەکان ناردووە
نامەیەکم بۆ حزبەکان ناردووە و داوام لێ کردوون لەماوەی یەک هەفتەدا تێبینی و پێشنیارەکانیان لەسەر پرۆژەی دەستوور بنێرن بۆ ئەوەی دوای ئەنجامدانی ڕاپرسی لەماوەیەکی کورتدا کار بۆ هەموارکردنی دەستوور بکرێت. وێڕای هەموو ئەو ڕاستیانەش، چونکە کاتی داڕشتنی ئەو پڕۆژەیە 36 حزبی کوردستانی بە ئیجماع قبوڵیان کرد و ئیمزایان لەسەر کرد، ئێستاش من دەڵێم: هەر پێشنیارێک لەسەر پڕۆژەکە هەبێ، کە پێچەوانەی ئیجماعەکەی پێشوو بێت، پێویستە بەهەمان شێوە ئیجماعی هەموو حزبەکانی ئێستای لەسەر بێت.ئەگەر مەبەستیش تەنها راگرتنى پرۆژەى دەستوورە و لەمە زیاتر نابێ رابگیردرێ و دەبێ بدرێتە دەنگدان، کە بێگومان راى گەل لە هەموو رایەکى دیکە شەرعیترە.بە دڵنیاییەوە بە هەموو گەلى کوردستانى رادەگەیێنم: بە هیچ شێوەیەک سازش لەسەر ئەوە ناکەین، کە کەس مافى رەئى دان لەو گەلە زەوت بکات. بیستوومە، کە هەندێ لایەن یا هەندێ کەس گوتوویانە، ئێمە دژى هەڵبژاردنى نیمچەکراوەین. من بە هەموو خەڵکى کوردستان رادەگەیێنم: زۆرمان پێخۆشە شێوەى هەڵبژاردنەکان نیمچەکراوەیی بێت و یەک بازنە بێت. پێشتریش زۆر کەس دەیانگوت، هەڵبژاردن ناکرێ و کۆسپ دەخەنە بەردەم هەڵبژاردن، بەڵام بینیتان لەکاتى خۆیدا من نامەم بۆ کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن نووسی و داوام لێکردن، کە کاتى هەڵبژاردن دەستنیشان بکەن و خۆیان ئامادە بکەن بۆ هەڵبژاردن و پشت بە خواى گەورە لە 21 ى ئەیلوولى داهاتوو بەرەو سندووقى هەڵبژاردن دەچین و ئەوسا گەلى کوردستان مافى خۆیەتى هەموو بابەتەکان یەکلایی بکاتەوە.
هەموومان لە قسە و بەڵێن ماندوو بووین
لەسەر رەوشی ئێستاى عێراق و پەیوەندى نێوان هەرێم و بەغدا، بەداخەوە دەبینین ئەو رۆژانە بارى ئاسایش لە زۆربەى ناوچەکانى عێراق زۆر ئاڵۆز بووە و کەسانێکى بێگوناه شەهید دەبن. پێشەکى من دەمەوێ هەڵوێستى خۆمان دووپات بکەینەوە،کە ئێمە دژى تیرۆر و تیرۆریستانین. لە هەمانکاتدا ئومێدەوارین هەموو لایەک بگەڕێنەوە بۆ دەستوور ى عێراق و لەسەر سێ بنەماى سەرەکى دەست بە گفتوگۆ بکەن و لەسەر ئەو بنەمایانە چارەسەرى هەموو گرفتەکان بکەن، ئەویش هاوبەشی راستەقینە، تەوافوق و هاوسەنگییە. ئەگەر هەموولا پابەندى دەستوور بن و لەسەر ئەو بنەمایانە کار بکەن، من پێموایە گرفتەکانى عێراقیش چارەسەر دەبن. سەبارەت بە گرفتەکانى نێوان هەرێم و بەغداش، دواى ئەو گرژیانەى، کە روویاندا، هەروەها ئەو سەردانانەى، کە ئالوگۆڕ کران و ئەو وەفدانەى لە نێوان هەرێم و بەغدا هاتن و چوون ، ئومێدەوارین ئەو رێککەوتنانەى وەفدى هەرێم و بەغدا لەسەرى رێککەوتوون، حکوومەتى هەرێم و حکوومەتى بەغدا جێبەجێ بکرێن، ئەمجارە بە کردەوە ئیسپات بکەن، کە ئەو بەڵێنانە جێبەجێ دەکرێن، چونکە وا بزانم هەموومان لە قسە و بەڵێنى بێ کردەوە زۆر ماندوو بووینە.
بە هەموو توانایەک پشتگیرى پرۆسەی ئاشتى لە تورکیا دەکەین
هەروەها دەمەوێ خۆشحاڵى خۆم دەرببڕم بە بەرەوپێشچوونى پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا، ئومێدەوارم گەلى کوردستان بە رێگەى ئاشتى بە مافەکانى خۆى شاد بێت ، ئێمە بە هەموو توانایەکەوە پشتیوانى لەو پرۆسەی ئاشتى دەکەین و بە هەردوولاشمان گوتووە، هەم بە حکوومەتى تورکیا هەم بە برایانى خۆمان لە باکوورى کوردستان، کە ئێمە بە هەموو توانایەک پشتگیرى ئەو پرۆسەیە دەکەین.
لە کۆتاییدا، سڵاو دەنێرین بۆ گیانى پاکى یەکەمین شەهیدى شۆڕشی گوڵان، سەید عەبدوڵڵا و هەموو شەهیدانى کورد و کوردستان و هەموو شەهیدانى ئازادى لە جیهاندا.
خوشک و برایانى خۆشەویست.. دڵنیا بن دۆزى گەلەکەمان، دۆزى گەلى کورد زۆر چۆتە پێشەوە و بۆ دواوە ناگەڕێتەوە، ئاسۆیەکى رووناکمان لەپێشە و ئومێدێکى زۆرمان هەیە، پەنا بە خوا بە لوتکەى سەرکەوتن دەگەین. هەر بژین و هەر شاد و سەرکەوتوو بن. هەر بژى کورد هەر بژى کوردستان.