مەسرور بارزانی لە یادی شۆرشی گوڵاندا: ئێدی کورد کارتی یاری نیە و بووەتە یاریکەرێکی سەرەکیی داڕشتنی سیاسەتی ناوچەکە
May 25, 2013
دیمانەی تایبەت
شۆڕشی گوڵان وەک درێژەپێدەری شۆرشی ئەیلولی مەزن، بوو بە هێمای خۆراگری و ئەو پەیامەی بە هەموو جیهان ڕاگەیاند کە هیچ پیلانێک ناتوانێت ئیرادە و ویستی گەل کپ بکات. ئەم شۆڕشە بەخشینەوەی هیوا و ئۆمێد و گوڕ و تینێکی نوێ بوو بۆ ناو کۆڕی خەباتی گەلەکەمان.
پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانەی شۆرشی گوڵاندا پەرەی بە ئەزموونی کاری بەرەیی و فرە حیزبی دا و وێڕای هەموو گرفتەکان توانرا یەکڕیزی و تەبایی نێوان هێزەکانی ئەوسای مەیدانی خەبات بپارێزرێت و بەرهەمی ئەم یەکریزییەش دەسکەوتەکانی ڕاپەڕێنی مەزنی گەلەکەمانی لە ساڵی ١٩٩١ لێ کەوتەوە.
ئێستا کە ئەم یادە دەکەینەوە بەرهەمەکانی شۆرش و قوربانیدانی گەلەکەمان پەرەیسەندووە و پێگەی کورد لە سیاسەتی ناوچەکەدا گۆڕانی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، بەجۆرێک کە ئێدی کورد کارتی یاری نیە، بەڵکو بووەتە یاریکەرێکی سەرەکیی داڕشتنی سیاسەتی ناوچەکە.
ئاسۆی بەردەمی کورد ڕوونە و لەو بڕوایەداین کە بە پاراستنی یەکڕیزی و تەباییمان دەتوانین بەهێزتر لە جاران بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێین و گشت ماف و ئاواتە دێرینەکانمان بە شێوازی ئاشتیانە و سەردەمیانە دەستەبەر بکەین.
لەم یادەدا سەری رێز و نەوازش بۆ گیانی شەهیدانی شۆرشی گولان و سەرجەم شەهیدانی بزاڤی رزگاریخوازی کورد دادەنوێنم. لەم بۆنەیەدا ڕیز و سڵاوی بێ پایانم ئاراستەی خانەوادەی شەهید و ئەنفالکراوان دەکەم.
شەرەفی ئەوەم هەبوو کە لە شۆرشی گوڵاندا پێشمەرگە بم و ئەم شۆرشە ئاوێتەی بیرەوەریە تاڵ و شیرینەکانمە، لێرەدا یادی سەرکردەی هەمیشە زیندووی شۆرشی گوڵان کاک ئیدریس بارزانی و گشت ئەو هاوسەنگەر و تێکۆشەرانەمان دەکەم کە ئەمڕۆ لەناومان نین، یادیان هەردەم لە دڵماندا بە زیندوویی دەمێنتەوە.
مەسرور بارزانی
٢٥/٥/٢٠١٣