جومعە عەتوانی پەرلەمانتار لە لیستی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عیراق بۆ گوڵان:ئومێدی نزیكبوونەوە لە نێوان هاوپەیمانیی كوردستانی وهاوپەیمانیی نیشتمانی پێشكەوتنی بەخۆوە بینیوە

جومعە عەتوانی پەرلەمانتار لە لیستی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عیراق بۆ گوڵان:ئومێدی نزیكبوونەوە لە نێوان هاوپەیمانیی كوردستانی وهاوپەیمانیی نیشتمانی پێشكەوتنی بەخۆوە بینیوە
بارودۆخی ئێستای عێراق بارودۆخێكی هەستیاری تەمومژاوییە، ئەو ئاستەنگ و تەحەدیانەی رووبەڕووی پرۆسە سیاسیەكە بوونەتەوە، هەمووی ئاكامی پابەندنەبوون بە دەستوور و ئەو رێكەوتننامانەیە كە پێشتر ئیمزایان لەسەر كراوە، هەر بۆیە ماوەیەكی درێژ بوو لەسەر ئەم پرسانە گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا دروست ببوو، حكومەتی ناوەند هەوڵیدەدا بە گوشار دروستكردنی هەمەلایەنە پێگەی هەرێم لاواز بكات، بەڵام وەك لەم دیدارەدا جومعە عەتوانی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نیشتمانی لەسەر لیستی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی ئاشكرای دەكات، بەغدا نەیتوانی پێگەی هەرێم لاواز بكات، هەرێمی كوردستانیش كە هەموو كات داوای لە هاوپەیمانی نیشتمانی كردووە هەنگاوی جددی بۆ چارەسەری كێشەكان بە ئاشتی هەڵبگرن، ئێستا دوای سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا، خەریكە ئەو قەناعەتە دروست دەبێت كە تەنیا رێگە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، رێگەی ئاشتی و دیالۆگ و پابەندبوونە بە دەستوور و رێككەوتنەكان و لە ناویشیاندا رێككەوتنی هەولێر، بۆقسەكردن لەسەر ئەم پرسەو چەند پرسێكی دیكە، جومعە عەتوانی بەمجۆرە بۆ گوڵان هاتە ئاخاوتن.
* دوای سەردانی شاندی هاوپەیمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی هەستدەكرێت جۆرە خاوبوونەوەیەك لە گرژیەكان هەیە، ئایا دوای ئەم سەردانە چۆن سەیری بارودۆخەكە دەكەن؟
- لە راستیدا رەوشی ئێستای عێراق تەمومژاوییە، هەرچەندە رێژەی ئومێدی نزیكبوونەوە و خاوبوونەوەی گرژییەكان لەنێوان هاوپەیمانیی نیشتمانی و هاوپەیمانیی كوردستانی تا رادەیەكی چاك پێشكەوتن بەخۆوە دەبینێت لە میانی دیالۆگ و گفتوگۆكردنەوە، بەمەش دەرگایەكی هیوا بەڕووی بەتینكردنی پەیوەندییەكان و گەڕانەوەیان بۆ دۆخی جاران و بگرە زیاتریش كرایەوە، هەرچەندە پێشتریش ئەو قەیرانەی نێوان هەردوولا نەگەیشتبووە ئەو ئاستەی كە كاریگەریی زۆر نەرێنی بكاتە سەر پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا، بەڵام گرفتە گەورەكە لە نێوان حكومەتی ناوەندو پارێزگاكانی خۆرئاوای عێراقە، دیارە ئەو گرفتەش لەو داخوازییە ناشەرعییانەدایە كە خۆپیشاندەران بەرزی دەكەنەوە هەروەها لەو ئەجیندایانەی كە بەسەر شێوازی خۆپیشاندانەكاندا دەسەپێنرێن، بۆیە من گەشبینم كە لەماوەی ساڵی داهاتووی تەمەنی ئەو حكومەتە پێشكەوتنێكی بەرچاو لە خاوبوونەوەی گرژییەكان و لەیەكترنزیكبوونەوەی لایەنە پێكناكۆكەكان دێتەئاراوە و یاسایەكیش دەردەچێت بۆ یەكجاری بنبڕكردنی تایفەگەریی لە عێراقدا.
* پێتانوایە ئەمە تا چەند هەنگاوی ئەرێنییە بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكان؟
- لە راستیدا بینیمان كە گرژی و لێدوانی دژ بەیەكدی هەبوو لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، بەڵام لە كۆتاییدا هیچ كامێكیان نەیانتوانی ئیرادەی ئەوی دی لاواز بكات، بەڵام سەرەنجام هەر دەبێت هەموو كێشەكان هەر بە دیالۆگ چارەسەر بكرێن تاكو هەموو لایەك بگەنە چارەسەری كۆتایی و پرۆسەی سیاسیش بەردەوام بێت.
* ئایا بەشێیوەیەكی گشتی هاوپەیمانی نیشتمانی تاچەند جددییە لەوەی كێشەكان بە شێوازی ئاشتی و دیالۆگ چارەسەر بكرێن، ئەمەش نەك لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەڵكو كێشەكانی عێراق بەگشتی؟
- من پێموایە ئێستا پەیوەندییەكانی هاوپەیمانی نیشتمانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەرەو پێش هەنگاو دەنێت و ئەگەر پێشتریش ناكۆكییەك یان جیاوازییەك لە هەندێ بۆچوون هەبووایە لە نێوان هەردوولا، بە تایبەتیش لەگەڵ حكومەتی ناوەند لە جێبەجێكردنی رێكەوتننامەكان لەوانە رێكەوتننامەی هەولێر ئێستا خەریكە لێكتێگەیشتن دروست دەبێت، بۆیە كێشەی حكومەتی ناوەندی لەگەڵ پارێزگاكانی رۆژئاوا جیاوازە لە كێشەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا، چونكە ئەوەی هەرێم داخوازی ئاشتی و دەستورین و دەكرێ بە دیالۆگ چارەسەربكرێن، بەڵام لە رۆژئاوا ئەو سەركردەو سیاسییانەی خەڵكەكە دەجووڵێنن بە پێی ئەجندای دەرەكی رەفتاردەكەن، تەنانەت بە شێوەیەك هەڵسوكەوت دەكەن داخوازییە رەواكانی خۆپیشاندەرانیشیان بە هۆی ئەو ئەجندایانەوە سووتاند و حكومەتیش گوێی لە داخوازییە رەواكانیان گرتووەو خەریكە بەپێی تواناو یاسا جێبەجێیان بكات، بۆیە دەبینین لە هەینی پێشووتر سەرانی خۆپیشاندانەكان داخوازییە رەواكانیان سووتاندو رایانگەیاند كە داخوازیی نوێیان پێیە، لە راستیدا ئەوە داخوازیی نوێ نییە، بەڵكو ئەوەیە كە لەلایەنی ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەوە پێیان دەگوترێت، بۆیە پێموانییە بتوانرێت مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە داخوازییە بكرێت كە مەبەستی دابەشكردن و بە هەرێمكردنی عێراقە لەسەر بنەمای تایەفەگەری، بۆیە ئێستا بە هەوڵ و كۆششی سەرۆك عەشیرەتەكان و خێرخواز و خاوەن ویژدانی نیشتمانی خەریكین رێگە لە پەرەسەندنی توندوتیژی دەگرین و نامانەوێ ئەوەی كە لە حەویجە رووی دا دووبارە بێتەوەو چی دیكە خوێنی هاووڵاتیان بە ناحەق نەڕژێت، بۆیە دەمانەوێت لەگەڵ خۆپیشاندەراندا بگەینە هەندێ خاڵی هاوبەش كە بتوانین بە شێوەیەكی جددی كار لەسەر داخوازییە رەواكانیان بكەین.
* ئایا پێتوایە زەحمەتە لەگەڵ سوننە بە زمانی دیالۆگ و گفتوگۆ مامەڵە بكەن؟
- مەبەستم لێرەدا بەشی رۆژئاوا یان باشوور نییە، بەڵكو لەگەڵ شێوازی پرۆژەی دژ بە پرۆسەی سیاسیی عێراقە، چونكە بەڕاستی هەروەكو ئاماژەشم پێكرد لەگەڵ عاقڵمەند و ریش سپی و ناودارانی عەشیرەتەكاندا گەیشتینە ئەو ئاستەی كە مامەڵە لەگەڵ داخوازییەكانیان بكەین، بەڵام دەبینین كەسانی دیكە لە سیاسییەكانیان دێن و هەندێ پرۆژە دەخەنەڕوو كە لە ئاستی داخوازییە رەواكان و پرەنسیبی شەراكەت تێدەپەڕێت، بۆیە ئێمە ئەوەیان بە پیلان دژ بە پرۆسەی سیاسی دەزانین، تەنانەت دەبینین لە پارێزگای ئەنبار كەسانێك سەركەوتنەسەر سەكۆی كۆبوونەوەكان بەناوی رێكخراوی ئەلقاعیدە هەڕەشەی كوشتن و سەربڕین دەكەن، چۆن دەكرێ بە شێوەیەكی ئەرێنی مامەڵە لەگەڵ ئەمانەدا بكرێت، تەنانەت هەندێكیان دەستیان بە خوێنی عێراقییەكان و خەڵكی ناوچەكەش سووربووە، لەلایەكی دیكەوە دەبینین كە خۆپیشاندەران لە حەویجە قایل نەبوون ئەو تاوانبارانەی خزابوونە نێوانیانەوە رادەستی هێزەكانی حكومەتیان بكەن، بۆیە پێموایە بە گفتوگۆ دەتوانین كێشەكان چارەسەر بكەین و شكست بە پرۆژەو پیلانەكانی دژ بە پرۆسەی سیاسی بهێنین.
* پرسیارێك هەیە كە زۆر دەخرێتەڕوو ئەویش ئەوەیە ئایا خودی حكومەت كەمتەرخەم نییە كە دەبوایە لە سەرەتاوە بەپیر هەندێ داخوازیی سووك و ئاسانی خۆپیشاندەرانەوە بهاتایە تا كارەكە بەم ئاستە نەگەیشتبایە؟
- راستە، رەنگە حكومەت لە بەشێكی ئەم رەوشەدا كەمتەرخەم بێت، بەڵام دەبینین كە حكومەت چەندین لیژنەی پێكهێناوە بۆ جێبەجێكردنی داخوازیی خۆپیشاندەران لەوانە چەندین ئافرەتی زیندانیی ئازادكردو بە هەزاران بەندكراوی دیكەشی بەردان ئەوانەی كە تۆمەتەكانیان لەسەر ساخ نەببووەوە، هەروەها مووچەی (سەحوە)كانی زیادكرد لە 350هەزارەوە بۆ 500 هەزار دینار و ئێستاش لیژنەی پێنج قۆڵی لە چاوخشاندنەوە بە داخوازییەكانیان هەر بەردەوامە، باشە ئایا سەرانی خۆپیشاندانەكان ئاماژەیان بەم هەنگاوانە كرد و گوتیان حكومەت یاسای لێپرسینەوەو دادپەروەری و هەواڵدەری نهێنی هەڵوەشاندەوەو هەزاران پیاو و ئافرەتی ئازادكرد؟ بێگومان نا، ئەمەیان رانەگەیاند، بەڵام كێشەكە لە پارێزگاكانی رۆژئاوا لە بازنەی ئەو داخوازییانەدا نییە، بەڵكو راستییەكەی جێبەجێكردنی پرۆژەیەكی دەرەكییە كە بە دانپێدانانی خودی سەرانی خۆپیشاندانەكان و سەرۆك عەشیرەتەكانیش ئەوان دژی پرۆسەی سیاسی كار دەكەن.
* دیارە لەماوەی رابردوودا ئەنجومەنی باڵا رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە نزیككردنەوەی راوبۆچوونی لایەنەكان و دۆزینەوەی چارەسەرێك كە هەموولا پێی قایل بن، ئایا ئێستا ئەنجومەنی باڵا هیچ هەنگاوێكی لەم شێوەیەی لەژێر دەستە؟
- بێگومان ئەنجومەنی باڵا هەمیشە بەرژەوەندیی هەموو لایەنەكانی لە عێراق مەبەست بووەو دەیەوێت میانڕەوانە كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بكات، بڕوا بكە ئەو هەنگاوەی كە بۆ نزیكبوونەوەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی ناوەند هاوێژرا زیاتر بە رۆڵی كاریگەری ئەنجومەنی باڵا هاتۆتەدی بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی هاوپەیمانیی نیشتمانی، دیارە ئەوەش لەبەر ئەو میانڕەوەی و پەیوەندییە دێرینەی ئەنجومەنی باڵا هەیەتی لەگەڵ هەموو لایەنەكان و سەرۆك عەشیرەتەكان، بەتایبەتیش كە دەبینین بەم دواییە سەماحەتی عەممار ئەلحەكیم لەگەڵ ئوسامە نجێفی و سەرۆك عەشیرەتەكانی ئەنبار كۆبۆوە، كە ئەمە بیروڕاكان لە یەكدی نزیك دەكاتەوەو هەر نەبێ پرۆژەی ئەجندای دەرەكی لە گۆڕەپانەكە دوور دەخاتەوە.
بۆیە ئێمە لە رابردوودا هەموو رێگەیەكمان تاقی كردەوە هەروەكو لە ساڵی 2006 هیچ كامێكمان سەركەوتوو نەبووین، بۆیە تەنیا رێگە لەبەردەم هەموو لایەنەكاندا تەنیا گفتوگۆ و دیالۆگی دڵسۆزانەو بنیادنەرانەیە تاكو عێراق لەم قەیرانە رزگار بكەین.
Top