بڵنت كیناش سەرنووسەری تودەی زەمان بۆ گوڵان:هەتا لەدەستوری ئێستای توركیا رزگارمان نەبێت ناتوانین پرۆسەی دیموكراتی سەربخەین

بڵنت كیناش سەرنووسەری تودەی زەمان بۆ گوڵان:هەتا لەدەستوری ئێستای توركیا رزگارمان نەبێت ناتوانین پرۆسەی دیموكراتی سەربخەین
بڵنت كیناش سەرنووسەری رۆژنامەی تودەی زەمانی چاپی ئینگلیزی لە توركیا، یەكێكە لەو رۆژنامەنووس و ئەكادیمیانەی كە بێجگە لەوەی لە حزبی داد و گەشەپێدان نزیكە، لەهەمانكاتدا وەك رۆژنامەنووسێك و ئەكادیمیەك لەسەر پرسی كورد و سیاسەتی حكومەتی توركیا شارەزایە و بەردەوام لەسەری دەنووسێت، بۆ قسەكردن لەسەر رەوتی چارەسەری كێشەی پەكەكە و چارەسەری كێشەی كورد لە توركیا و ئاستەنگەكانی بەردەم پرۆسەی دیموكراتی لە توركیا، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ بەڕێز بڵنت كیناش ئەنجامدا و بەڕێزی بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* هەنگاو هەڵگرتن بۆ پرۆسەی ئاشتی بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد لە توركیا، پێگەی توركیا لەسەر ئاستی ناوچەكە بەهێز دەكات، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا حكومەتی توركیا لەم پرۆسەیە چ لایەنێك بە هاوبەشی خۆی دەزانێت؟
- پێش هەموو شت وەك هەموو لایەك دەیبنین ئەمە پرۆسەی چارەسەركردنە نەك پرۆسەی ئاشتی بە دیالۆگ، لەبەر ئەوەی ئەگەر ناوی بنێین پرۆسەی ئاشتی، ئەوا دەبێت لەنێوان كورد و حكومەت هاوبەشیەك هەبێت. بەڵام وەك دەبینین ئەو هاوبەشیە دەستنیشان نەكراوە، بۆیە پرۆسەكە بریتییە لە هەوڵدان بۆ چەكدانان یان رۆیشتنی چەكدارانی پەكەكە بۆ دەرەوەی توركیا، بێگومان ئەم پرۆسەی چارەسەركردنە رۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت بۆ نەهێشتنی ئەو ناسەقامگیرییەی بەهۆی پەكەكەوە دروست ببوو، بەڵام ناتوانین بڵێین بە چوونە دەرەوەی چەكدارانی پەكەكە كێشەی كورد چارەسەر دەبێت، ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەو هۆكارانەی بوونە هۆی دروستبوونی كێشەی كورد هەر وەك خۆیان ماون، لێرەوە دەكرێت بڵێین پرۆسەی چارەسەركردنی كێشەی پەكەكە بۆ چارەسەری سەقامگیری و ئاسایشی توركیا بووە، بەڵام هۆكاری سەرەكی كێشەی كورد نەبوونی دیموكراتی بووە لە توركیا، ئەم كێشەیەش بەوە چارەسەر دەبێت پرۆسەی دیموكراتی لە توركیا بچێتە پێشەوە و بە شێوازێكی دیموكراتیانە و ئاشتیانە مافی كورد دەستنیشان بكرێت و كورد بتوانێت بە زمانی خۆی بخوێنێت و پەرە بە كەلتوری خۆی بدات، بەمجۆرە كێشەی كورد چارەسەر دەبێت، كە بێگومان چوونە دەرەوەی پەكەكە ئاستەنگی گەورە لەبەردەم ئەم كێشەیە لادەبات.
* لە قسەكانی بەڕێزت ئاماژەیەك بەدەر دەكەوێت كە چارەسەری كێشەی كورد پەیوەستە بە داڕشتنەوەی دەستوری توركیا، ئایا تاچەند زەمینە لەبارە بۆ داڕشتنەوەی ئەم دەستورە؟
- بە داخەوە دەستوور لە كۆماری توركیا لە سالی 1982وە كە لەلایەن رژێمی سەربازی ئەوكاتەوە نووسراوتەوە تا ئێستا هەر ئەو دەستورەیە و تەواوی مافەكانی مرۆڤ و مافە دیموكراتیەكان لەخۆی ناگرێت، بۆیە دەبێ زوو خۆمان لەو دەستوورە رزگار بكەین. بۆ ئەوەی لەم دەستورەش رزگارمان بێت، ئەوا نابێت لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوە، هاووڵاتیبیوون لە توركیا پۆلین بكرێت، بۆیە هاووڵاتی توركیا كورد بێـت یان ئەرمەنی یان مەسیحی ئەرسۆزكس یان كاسۆلیك، یەهودی بێت یان موسڵمان، سوننە بێت یان عەلەوی، دەبێت دەستور وەك هاووڵاتی سەیری هەموویان بكات و مرۆڤەكان لەسایەی ئەو دەستورە هەست بە ئارامی بكەن، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا هەوڵەكانی AKP بۆ گۆڕینی دەستوور بەڕاستی بۆ زیاتر بەرفروانكردنی دیموكراسی و بنبڕكردنی كێشە دیموكراسیەكانە یاخود تەنیا بۆ بەردەوامكردنی دەسەڵاتداریەتی خۆی و بەهێزكردنی خۆیەتی؟. من بەش بە حاڵی خۆم چەند پرسیارێك لە مێشكم دا هەیە، بەڵام هیوادارم دەستوورێك بێت كە ئەو مافەی خودا بە مرۆڤی داوە بگەڕێنێتەوە و ئەو پرسیارانەی لە مێشكمە بنبڕ بكات. لە حاڵی حازردا كۆمسیۆنێك هەیە بۆ داڕشتنی دەستوورێكی نوێ هەروەك دەزانن كە ئەو مۆڵەتەی بەو كۆمسیۆنە درابوو لە كۆتایی مانگی مارسی رابردوو تەواو بوو و بۆ ماوەی مانگێك موڵەتەكەیان درێژ كرایەوە كە ئەویش لەو دوو رۆژەی رابردوو تەواو بوو. وا بڕیارە رۆژی هەینی دووبارە كۆببنەوە. یان ئەوەتا خۆیان هەڵدەوەشێننەوە یان دووبارە داوای درێژكردنەوەی مۆڵەت دەكەن. ئەگەر مۆڵەتەكەیان 6 مانگیش زیاد بكرێت بڕواناكەم بتوانن كارەكەیان بە سەركەوتوویی تەواو بكەن. چونكە ژمارەی ئەندامانی پارتەكان یەكسانن، لە لایەك CHP و MHP لە لایەكی دیكەوە AKP و BDPی هاوەڵی PKK كە زۆر زەحمەتە بگەنە ئەنجامێكی هاوبەش. بەڵام تا كاتی ئەو كۆمسیۆنە تەواو دەبێت AKP دەستووری خۆی دادەڕێژێ و بە هاوبەشی لەگەڵ BDP پێشكەشی پەرلەمان دەكرێت و دواتر دەخرێتە بەر دەست راپرسی هاووڵاتیان. ئەگەر ئەم دەستوورە بە دڵی زۆرینەی هاووڵاتیان بێت و دەستوورێك بێت ستاندەردەكانی دیموكراسی بەرز بكاتەوە، ئەگەرێكی زۆری دەبێت كە لە ریفراندۆم بە سەركەوتوویی دەرچێت. ئەگەر ئەوەش روویدا كەواتە پرۆسەی گۆڕینی دەستوور بە شێوەیەكی نا سەركەوتوویی بە كۆتا دێت.
* ئایا بەڕای تۆ وەك چاودێرێك حكومەتی داد و گەشەپێدان، دەتوانێت كێشەی كورد و كێشەی پەكەكە لێكجیابكاتەوە؟
- حكومەت دەتوانێ جیای بكاتەوە یان ناتوانێ، من ئەمە نازانم بەڵام دەبێ جیای بكاتەوە. كێشەی PKK و كێشەی هاووڵاتیە كوردەكانمان كێشەی جیان. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە كە PKK نوێنەرایەتی هەموو كورد ناكات. ئەگەر بە شێوەیەكی گشتی سەیری بكەین ئەو هاووڵاتی كوردانەی كە پشتگیری لە PKK دەكەن بە ویستی خۆیان بێت یان بەفشار بێت لە 25% یان 30% تێناپەڕێت. پیشاندانی ئەو 70%یەی كە ماوە وەكو ئیرادەیەكی PKK شتێكی راست نییە. حكومەتیش ئاگای لەم عەیبە هەیە. بەڵام بە چارەسەركردنی كێشەی PKK سەردێرەكانی كێشەی كورد ئاسانتر تەركیزی لەسەر دەكرێت بۆ چارەسەركردنی. جا چ كێشەی ئابووری بێت یاخود نەتوانینی بەكارهێنانی زمانی خۆیان بە ئاسانی بێت كە زمانی كوردی-یە لە پانتاییەكی دیموكراسیتر بە ئاسانی چارەسەر دەكرێت. بەڵام پێش ئەوە ناساندنی ئەم كێشەیە بە كێشەی تیرۆر لەلایەن حكومەتەوە و چارەسەركردنی شتێكی گرنگە. ئەوەی دەمانەوێ هاووڵاتیەكانمان چ كورد بێت چ قەومێكی تر بێت ژیانێكی دیموكراسی بۆ بڕەخسێت. بە نەهێشتنی ئەو خوێناوەی كە PKK دروستی كردبوو كێشەكان ئاسانتر چارەسەر دەبێت، بەڵام ئەگەر PKK بەردەوامیش بوایە حكومەت هەنگاوەكانی دیموكراتی بوونی درێژە پێدەدا بە ئامادەكردنی پرۆژە و گۆڕینی دەستوور.
* ئاشكرایە هەرێمی كوردستانی عێراق رۆڵێكی گرنگی لەم پرۆسەی چارەسەركردنە هەبووە و پێشوازی لەم چارەسەركردنە كردووە، ئایا تاچەند لەم بارودۆخەی هەرێم دەتوانێت هاریكاری هەردوولا بێت؟
- لێرەدا دەمەوێت ئەوە بڵێم، ئەوەندەی هاووڵاتیانمان چ كورد بێت یان تورك لە توركیا زیانیان پێگەیشتووە لەو كەش و هەوا نالەبارەی كە PKKدروستی كردبوو، بەهەمان شێوە دۆستە كوردەكانیشمان لە هەرێم زیانیان پێدەگەیشت. چونكە ئەو سەقامگیرییەی بەڕێز مسعود بارزانی لە هەرێمی كوردستان دروستی كردووە، نا سەقامگیری PKK كاری تێدەكرد. ئەو بارە نا ئاساییەی سوریاو ئەو سیاسەتە شیعەپارێزەی نوری مالیكی بەكاری دەهێنێ لە عێراق، وایكردووە كە توركیا و كوردەكانی سوریا و كوردە دۆستەكانمان لە عێراق هاوقەدەر بن و ئەو هاوقەدەریە پاڵی پێوەنان بۆ پێكەوە كاركردن. كێشەی PKK بەشێكە لەم پرۆسەیە. پشتگیری لایەنی كوردی بەسەرۆكایەتی بەڕێز مسعود بارزانی بۆ ئەم پرۆسەیە كارێكی ئاساییە، بەڵام ئەگەر هاتوو پرۆسەكە بە سەركەوتوویی بە كۆتا هات بێگومان ئەو لایەنانەی پشتگیرییان لە پرۆسەكە كردووە بە سەرۆكایەتی بەڕێز مسعود بارزانی بێگومان بەشێكی گرنگ دەبن لە سەركەوتنەكە.
* بەڵام هەندێك لە چاودێران ئاماژە بەوە دەكەن توركیا ئەگەر بیەوێت كێشەی كورد چارەسەر بكات دەبێت PKK وەك شەریكی خۆی قبوڵ بكات، بەڕێزیشت ئاماژەت بەوە كرد لەم پرۆسەیە شەریك نییە، ئایا لەمبارەوە چی دەڵێیت؟
- لەسەر ئەم مەسەلەیە دوو بۆچوونی جیاواز هەیە، من لەگەڵ ئەوەم بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیەی پێی دەگوترێت كێشەی تیرۆر، PKK شەریكی حكومەتی توركیا بێت بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە، ئەمەش شتێكی ئاساییە، بەڵام قبوڵكردنی PKK وەك نوێنەری كورد شتێكی هەڵەیە، لێرەدا كێشەی نوێنەرایەتی نییە بەرای من. دەنگدەرە كوردەكان بە شێوەیەكی روون و ئاشكرا 70% دەنگ بە AKP دەدەن. ئەگەر بەتەمای دیموكراتبوون و ئەگەر دەتانەوێ هەموو مافەكان بۆ خاوەنەكانیان بگەڕێننەوە، پێویست ناكات كەسێكت بەرامبەر بێت و ئاڵوگۆڕی لەگەڵ بكەی. ئەگەر هۆیە سەرەكییەكان بزانن كە كێشەی كوردی لێ دروست بووە كە كێشەیەكی تازە نییە نزیكەی 100 ساڵە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و تەنانەت هاووڵاتییەكی سادەش دەزانێ كێشەی كورد چییە و بۆ دیموكراتی بوون پێویست بە دانوستاندن ناكات و پێویست بە پارتنەرێك ناكات. ئەگەر بە بەهێزكردنی ئیدارە ناوخۆیییەكان بێت یان بە بەهێزكردنی حكومەتێكی مەركەزی عادل و بێ جیاوازی بێت و بۆ قازانجی هەموو هاونیشتیمانەكان بێت ئەمە پێویست بە پارتنەرێك ناكات. بۆ چارەسەكردنی كێشەی PKK پارتنەر PKKیە. بەڵام بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد كە كێشەی هەموو هاونیشتمانە كوردەكانمانە، پێویست ناكات نوێنەرێك هەڵبژێرین و گفتوگۆی لەگەڵ بكەین. چەند كێشەیەك هەیە كە بەبێ هیچ گومانێك لە پەرلەمان بەرێگەی یاسادانان(تشریعی) چارەسەر دەبێ و بەبۆچوونی من بە هیچ شێوەیەك كێشەیەكی نوێنەرایەتی نییە.
Top