مارسيل گۆشێ لە دیمانەیەكی تایبەتی گوڵاندا: دیموكراسی بە ئاسانی لە دایك نابێت (بەشی دووەم و كۆتایی)
May 9, 2013
دیمانەی تایبەت
ڕۆژی 18ی مانگی ئه‌ڤریلی 2013، لەنێو دڵی پاریس‌دا، هه‌فته‌نامه‌ی گوڵان فه‌یله‌سووفێکی فه‌ره‌نسی و سۆسیۆلۆگێکی کوردی پێکه‌وه کۆکرده‌وه. پرۆفیسۆر مارسێل گۆشێ، که ئێستا له لوتکه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی فهرهنسیدایهو وه‌ك «به‌رامبه‌ره» مه‌زنه‌که‌ی میشێل فوکو له‌سه‌ر ئاستی جیهان ناسراوه، له‌گه‌ڵ دکتۆرعادل باخه‌واندا زیاتر له تهوهرەیهكی فیکری و سیاسی شیده‌که‌نه‌وه. له‌م بهیهکگهشتنهدا، دکتۆر عادل باخه‌وان ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر هۆکاره‌کانی ئه‌و ململانێ تونده‌ی که له‌نێوان مارسێل گۆشێ و میشێل فوکۆدا ئاماده‌بووه‌و ئهفلاتونهکهی پاریس ناچارده‌کات به‌وه‌ی که به‌شێك له‌و ڕووداوانه باس بکات که له‌پشت په‌رده‌وه بینادهکران به‌ڕاده‌یه‌ك که میشێل فوکو به جاك دێریدا بڵێت: «پۆلیس». گوشێ ده‌ڵێت: «گرفتی سه‌ره‌کی فوکۆ ته‌نيا ئه‌وه‌نه‌بوو که هه‌ڵه بوو له خوێندنه‌وه‌ی مێژووی به‌شه‌ریه‌تدا، به‌ڵکو ئه‌وه‌ش بوو که هه‌میشه خۆی له دیالۆگ ده‌شارده‌وه. ئه‌و دیالۆگی نه‌ده‌کرد، به‌ڵکو شه‌ڕه قسه‌ی ده‌کرد.»له باڵه‌خانه به‌رزه‌که‌ی گهلیماردا، که گه‌وره‌ترین ده‌زگای چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی فیكری فهرهنسیيهو، له نووسینگه تایبه‌ته‌که‌ی پرۆفیسۆر مارسێل گۆشێدا، چه‌ندین ته‌وه‌ره‌ی دیکه وردکرانهوه. دنیای ئیسلامی و گریمانه‌ی دێمۆکراتیزه‌کردنی، پێوهندیيهکانی نێوان ئايین و دێمۆکراسی، هۆکاره‌کانی ڕه‌دکردنه‌وه‌ی چه‌مکی عه‌لمانیەت لای مارسێل گۆشێ، چۆنییەتی ئاماده‌یی ڕۆژهه‌ڵات له یاده‌وه‌ری کۆلێکتیڤی ڕۆژئاواییهکانداوچۆنییەتی ئاماده‌بوونی ڕۆژئاوا له یاده‌وه‌ری کۆلێکتیڤی ڕۆژهه‌ڵاتیه‌کاندا، دێمۆکراسی مه‌سیحی، دێمۆکراسی موسوڵمان، دێمۆکراسی بودیست و ...ئه‌و ته‌وه‌رانه بوون که له‌م بهیهکگهشتنه زانستیه‌دا بوون به بابه‌تی دیالۆگ.له‌پێناوی دامه‌زراندنی دیالۆگێکی قووڵ و زانستیانه‌ی نێوان ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوادا، هه‌فته‌نامه‌ی گوڵان له‌م ژمارەیەشیدا به‌شی دووەمی ئه‌م گفتوگۆیه بڵاوده‌کاته‌وه. هه‌روه‌ها خوێنه‌ران ئاگادارده‌که‌ینه‌وه که ئه‌م دیالۆگه سه‌ره‌تای زنجیره‌یه‌کی درێژه له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و ئه‌کته‌رانه‌دا که له ئێستا‌و ئێره‌دا فیکری ڕۆژئاوایی به‌رهه‌مده‌هێنن. به‌زمانێکی تر، دیالۆگی ئێمه‌یه له‌گه‌ڵ دنیای فیکری ده‌ره‌وه‌دا. دیالۆگی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ سه‌رچاوه‌کانی فیکردا به‌بێ په‌ڕینه‌وه به « وه‌سیته‌کان»دا.- چەند دەیەك لەمەوپێش لە پاریس شەڕی دەستە و یەخەمان لەگەڵ یەكتر دەكرد
- شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی پێیان وتین دەسەڵات دەبێت لەو كەسانە بچێت كە حوكمڕانی دەكەن
- ڕۆشنبیری لینینیست له کاتی قسه‌کردندا په‌نا بۆ زه‌بروزه‌نگ ده‌بات
گوڵان: به‌ڵام هه‌ست به‌وه ناکه‌یت که ئێوه له‌ڕێگای چه‌مکی«چوونه‌ده‌ره‌وه له ئايین »ه‌وه، سه‌رگه‌رمی جه‌نگێکی سه‌ختن له‌گه‌ڵ نزیکه‌ی سێ به‌ش له هه‌موو ئه‌و توێژه‌ره جیهانیانه‌ی دنیای فرانکۆفۆن و ئهنگلۆفۆندا که چه‌مکی « عهلمانییەت/سکۆلاریزاسیۆن » به‌کارده‌هێنن؟ بۆچی ئێوه له‌به‌کارهێنانی ئه‌م چه‌مکه سڵ ده‌که‌نه‌وه؟ دوور له فۆرمه ئایدۆلۆژیه‌که‌ی عهلمانییەت که له‌سه‌ر له‌ناوچوونی ئایين خۆی بیناکردبوو، که پێی وابوو چه‌ند مۆدێرنیتێ سه‌ربکه‌وێت، هێنده‌ش خۆری ئایین ئاوا ده‌بێت، دوور له‌م فۆرمه جه‌نگاوه‌ره‌ی عهلمانییەتی به‌شێك له فه‌یله‌سووفه‌کانی سه‌رده‌می رۆشگهری، پێتان وایه له کۆتایيدا ده‌ره‌نجامه‌کانی چوونه‌ده‌ره‌وه له‌ئایین یه‌کسانن به ده‌ره‌نجامه‌کانی عهلمانییەت به‌و شێوه‌یه‌ی که ئێستا له وڵاته ڕۆژئاواییه‌کاندا تێبینی ده‌که‌ین، مه‌به‌ستم لهعهلمانییەتی ناسکه، له عهلمانییەتی له‌سه‌رخۆو هێوره، نه‌ك عهلمانییەتی جه‌نگ و زه‌بروزه‌نگ؟
مارسێل گۆشێ: نا من لێره‌دا هاوده‌نگ نیم له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا. من پێموایه ئه‌م دوو چه‌مکه ته‌واو له‌یه‌ك جیاوازن. له‌سه‌ر ئاستی چه‌مک، ئه‌مه مه‌یدانێکه که ده‌بێت زۆر به وریایی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکه‌ین. یه‌کێك له‌و شتانه‌ی که له ژیانمدا به‌ختیارم ده‌کات بڵاوکردنه‌وه‌ی کتێبی«ڕووتکردنه‌وه‌ی جیهان له ئایین». کاتێك له هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا ئه‌م کتێبه‌م بڵاوکرده‌وه‌و به‌قووڵی باسم له ئایین کرد، به‌شێکی زۆر له ڕۆشنبیران پێیان وا بوو من دوای کڵاوی بابردوو که‌وتوم و له‌سه‌ر ئیشکالیهتێك کارده‌که‌م که ((ئینقڕازی)) کردووه، مه‌به‌ستیان ئایین بوو. توێژه‌ره‌کانی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو له‌بری ئایین باسیان له میتۆلۆژیا ده‌کرد، باسیان له وههم ده‌کرد، وه‌ك ئه‌وه‌ی باسکردن له ئایین جۆرێك بێت له نه‌نگی. من یه‌کێك بووم له‌و توێژه‌ره هه‌ره که‌مانه‌ی، ڕه‌نگه بڵێم من ئه‌و که‌سه تاقانه بووم که به‌ته‌نيا باسم له ئیشکالیه‌تی ئایین ده‌کردو له‌ڕوانگه‌ی ئایینه‌وه مێژووی بهشهریهتم ده‌خوێنده‌وه. ئێستا به‌ختیارم، چونکه هه‌ست به‌وه‌ده‌که‌م که یاریيهکهم بردووه‌ته‌وه‌و به‌شێکی زۆر له توێژه‌رانی دنیا، سی ساڵ دوای من گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ سه‌ر ئه‌م ئیشکالیه‌ته.
من چه‌مکی عهلمانییەت/سێکیولاریزاسیۆنم پێ قبوڵ نییە، چونکه له بنه‌ڕه‌تدا بریتیه له بهدنیایی کردنی شته ئهملاکه ئایینییەکان. بۆنموونه، کهنیسهیهك یان مزگه‌وتێك که موڵکێکی ئایینین، کاتێك له‌لایه‌ن که‌سێکه‌وه ده‌کڕدرێت و ده‌کرێت به خانووی نیشته‌جێبوون، ئه‌م کرده‌یه پێی ده‌وترا سکۆلاریزاسیۆن. واته بهدنیایکردنی موڵکێکی ئایینی. دواتر به‌شێك له فه‌یله‌سووفه‌کان ئه‌م فیکره‌یه گه‌شه پێ ده‌ده‌ن و سکۆلاریزاسیۆن ده‌که‌ن به چرکه‌ساتی دابڕانی مێژوویی له‌گه‌ڵ ئایینه‌کاندا. من چه‌مکی دابڕان ڕه‌د ده‌که‌مه‌وه‌و پێموایه شۆڕشی مۆدێرنیتێ بریتیه له((تهحهولکردن))ئایین نه‌ك دابڕان لەگه‌ڵ ئاییندا. له شۆڕشی مۆدێرنیتێدا ئایین له‌گه‌ڵماندا ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام له‌چه‌ندین فۆڕمی جیاواز له‌گه‌ڵ ڕابردوودا. گه‌ر سکۆلار بریتی بێت له ڕزگاربوونی جیهانی مرۆڤه‌کان له ئایینه‌کان، ئه‌وا چه‌مکی چوونه‌ده‌ره‌وه له ئایین بریتیه له « ته‌حه‌ولی»ئایین له جیهانی مۆدێرنی مرۆڤه‌کاندا.
گرفتی سێکیولاریزاسیۆن له‌وه‌دایه که ناتوانێت له‌م ((ته‌حه‌وله)) وئامادهییهی ئایین له دنیای مۆدێرندا تێبگات. بۆیه من پێموایه ئه‌م چه‌مکه به‌رپرسیاره له به‌شێکی زۆر له خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی کۆمه‌ڵگه‌کان و ڕه‌وته مێژووییه‌کانیان، به‌رپرسیاره له ده‌یان تێز‌و تیۆری هه‌ڵه له‌سه‌ر مرۆڤ و ئایین. ئێمه سه‌دان دیارده‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیمان هه‌یه که تا ئێستا نهخوێنراونهتهوهو به‌رپرسياری یه‌که‌میش چه‌مکی سکۆلاریزاسیۆنه. ئه‌م چه‌مکه توێژه‌ران ته‌نيا تا قه‌راخی دیارده‌کان ده‌بات و توانای ئه‌وه‌ی نییە که ڕایان بکێشێته نێو قووڵایهکانیانهوه. سکۆلاریزاسیۆن باشه بۆ وه‌سفکردن، به‌ڵام له چرکه‌ساتی ڕاڤهکرندا هه‌موو تواناییه‌کانی له‌ده‌ستده‌دا.
گوڵان: باشه، به‌ڵام ئێوه چوونه‌ده‌ره‌وه له ئایین وه‌ك چه‌مکێکی یونیڤێرسال/جیهانی به‌کارده‌هێنن یان پێتان وایه لکاوه به کةلتورێکهوه که پێی ده‌وترێت ڕۆژئاوایی، لکاوه به جوگرافیایه‌که‌وه که پێی ده‌وترێت ڕۆژئاوا، لکاوه به ئایینێکه‌وه که پێی ده‌وترێت کریستیانیسم؟ ئایا پێتانوایه ئه‌مه‌ریکای لاتین و ئاسیا‌و ئه‌فریقيای ڕه‌ش وه‌ك ڕۆژئاوا پێیان ناوه‌ته نێو پرۆسێسی چوونه‌ده‌ره‌وه له ئایینه‌وه ؟
مارسێل گۆشێ: له قووڵایی ناخمدا باوه‌ڕم به‌وه هه‌یه که چوونه ده‌ره‌وه له ئایین، که مێژوویه‌کی نزیکی هه‌یه‌و ناگه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌زارساڵ لهمهوپێش، سروشتێکی یونیڤێرسال/جیهانی هه‌یه؛ به‌ڵام یونیڤێرسال بوونی مانای یه‌ك ئاستی و یه‌ك فۆرمی نییە، مانای به ڕۆژئاوایی کردنی جیهان نییە. نه‌خێر چه‌ند ئه‌م ڕه‌وته جیهانی بێت، هێنده‌ش فرهیيه و له ئاستی جیاوازدا ده‌رده‌که‌وێت.
یه‌کێك له به‌رژه‌وه‌ندیيه باڵاکانی تیۆری چوونه ده‌ره‌وه له ئایین بریتیه له تێگه‌شتن له دیارده‌ی «جیهانگیری»، که به‌شێکی زۆر له توێژه‌ران پێمان ده‌ڵێن: پێش هه‌موو شتێك دیارده‌یه‌کی ئابووریيهو بریتیه له قه‌رزکردنی که‌ره‌سه ماددی و ڕۆشنبیریيهکان بۆ گه‌شه‌دان به‌و شته‌ی که دواتر به کۆمه‌ڵگه‌ی پیشه‌سازی ناوبانگ ده‌رده‌کات. ئه‌م دیارده‌یه له بناغه‌دا کەلتوریی نییە، به‌ڵکو کۆمایهكه له که‌ره‌سه. کۆمه‌ڵگه‌کان دێن و ئه‌م که‌ره‌سانه وه‌رده‌گرن و به کەلتوری خۆیانه‌وه به‌کاریان ده‌هێنن. بۆنموونه ئاسیاویيهکان ئه‌م که‌ره‌سانه به‌کارده‌هێنن، به‌ڵام به کەلتوری خۆیانه‌وه. له ڕووکه‌شدا شته‌کان به‌م جۆره خۆیان ده‌رده‌خه‌ن. به‌ڵام له‌واقیعدا، جیهانگیری به‌ته‌نيا گواستنه‌وه‌ی که‌ره‌سه‌کان نییە، به‌پێچه‌وانه‌وه، چه‌ند کۆمه‌ڵگه‌کان ئه‌م که‌ره‌سانه قه‌رزبکه‌ن و به‌کاریان بهێنن، هێنده‌ش مێکانیزمه‌کانی چوونه ده‌ره‌وه له‌ئایین، به هوشیارانه یان به ناهوشیارانه، له قووڵاییه‌کانی خۆیاندا ده‌خه‌نه کار. کاتێك به‌خۆمان ده‌زانین ده‌بینین به‌گۆشت و ئێسقانه‌وه پێمان ناوه‌ته نێو ڕه‌وتی چوونه‌ده‌ره‌وه له ئایینه‌وه.
لێره‌وه من دیسانه‌وه مه‌ودایه‌ک له‌نێوان خۆم و توێژه‌ره‌کانی دیکه‌دا دروست ده‌که‌م و جیهانگیری پێش هه‌موو شتێك وه‌ك دیارده‌یه‌کی سیاسی پێناسه دهکهمەوە. له‌ڕووکه‌شدا جیهانگیری ئابووریه، به‌ڵام له پشت که‌والیسه‌کانه‌وه شتێك هه‌یه که من ناوی ده‌نێم هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئیمپریالیزاسیۆن. واته هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سیاسه‌تی ئیمپراتۆر که ده‌یه‌وێت هه‌ژموون به‌سه‌ر جیهاندا بکات. به‌مانایه‌کی دیکه، پێوەندی سیاسی نێوان کۆمه‌ڵگاکان له‌ڕابردوودا به‌تەنیا له‌سه‌ر هاوکێشه‌ی هێز ڕێکنه‌خرابوو. به‌پێچه‌وانه‌وه، من پێموایه پێوەندیيه سیاسيیه‌کانی نێوان کۆمه‌ڵگه‌کان پێش هه‌موو شتێك پێوەندی به رێکخستنی مۆدێلی ئایینییەوه هه‌بووه. ئیمپراتۆریه‌ت وێنه‌یه‌که له رێکخستنی ئایینیی کۆمه‌ڵگه.
پاش ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه ده‌مه‌وێت بڵێم: کۆمه‌ڵگه بهشهریيهکان پێش هه‌موو شتێك کۆمه‌ڵگه‌ی سیاسین و هه‌موویان یه‌کسانن به‌یه‌ك، به‌و مانایه‌ی که‌سیان «باشتر» نییە له‌وی تریان و وه‌ك یه‌ك ده‌ڕۆنه نێو ڕه‌وته جیاوازه‌کانی مێژووه‌وه. ئه‌و سه‌رده‌مه کۆتایی پێهات که کۆمه‌ڵگه‌یه‌ك به‌ناوی پرانسیپێکی باڵاوه هه‌ژموون به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دیکه‌دا بکات. ڕاسته ئه‌مه یه‌که‌مجار له ڕۆژئاوادا ڕووده‌دات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی جیهانگیریدا ته‌واوی کۆمه‌ڵگه بهشهریيهکان به‌م شێوه‌یه له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا مامه‌ڵە ده‌که‌ن. به‌لای که‌مه‌وه ده‌توانم بڵێم ته‌واوی کۆمه‌ڵگه بهشهریيهکان له‌سه‌ر ڕێگای جێبه‌جێ کردنی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ن.
به‌م شێوه‌یه جیهانگیری ده‌بێت به جیهانگیری ده‌وڵه‌تی- نه‌ته‌وه، به‌هێزکردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه، که به‌توندی ڕه‌فزی هه‌ژموونی ئه‌ویتر ده‌کات و نایه‌وێت وه‌ك به‌رامبه‌رێکی لاواز پێوەندی له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌دا دروستبکات. ئه‌مه ئه‌و گۆڕانکاریيه به‌هێزه‌یه که له ناخی ناخه‌وه کۆمه‌ڵگه‌کان ده‌گۆڕێت و جیهانێکی دیکه‌یان بۆ دروست ده‌کات. ئه‌مه ئه‌و چرکه‌ساته‌یه که به‌شه‌ریه‌ت خۆی تیادا دروست ده‌کاته‌وه‌و ئه‌مه‌وێت بڵێم ئێمه تەنیا له‌سه‌ره‌تای ئه‌م رهوتهداین و له‌داهاتوودا گۆڕانکاری گه‌وره‌تر دروست ده‌بێت.
گوڵان: که‌واته گه‌ر له‌م تێزه‌ی ئێوه‌وه بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات و دنیای ئیسلام، ئێوه به توندی دژایه‌تی ئه‌وه ده‌که‌ن که ئه‌م رووبه‌ره جوگرافی و کەلتوریهی دنیای ئیسلام «ئیستیسنایهکی» نه‌فره‌تلێکراوبێت و هێشتا نه‌چووبێته نێو مێژووی مۆدێرنی به‌شه‌ریه‌ته‌وه، وه‌ك به‌شێك له فه‌یله‌سووفه ئه‌وروپیه‌کان ئاماژه‌ی پێده‌ده‌ن؟ ئێوه له ئه‌شکه‌وته‌که‌ی ئه‌فلاتونه‌وه چۆن ده‌ڕواننه گۆڕانکاريیهکانی ڕۆژهه‌ڵات؟ سه‌ره‌ڕای گه‌يشتنه ده‌سه‌ڵاتی نه‌هزه له تونس، ئیخوان له میسر، داد‌و گه‌شه‌پێدان له تورکیا، بن کیران له مه‌غریب، شیعه ئوسوڵیيهکان له بەغداد، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌م رووداوانه، ئێوه ڕۆژهه‌ڵات چۆن ده‌بینن ؟
مارسێل گۆشێ: من پێموایه ڕۆژهه‌ڵات وه‌ك ڕۆژئاوا له‌نێو پرۆسێسی خۆ- دێمۆکراتیزهکردندایه و گه‌شتنه ده‌سه‌ڵاتی بزووتنه‌وه ئیسلامیسته‌کان وه‌ك قۆناغێكی پێویست له‌م چیرۆکه درێژه‌دا ده‌بینم. شۆڕشه عه‌ره‌بیه‌کان چیيان به ئێمه وت ؟ ئه‌وان په‌یامێکی ساده‌یان هه‌بوو، په‌یامێك که له قووڵاییه‌کانی تیێوریهکهی من له‌سه‌ر«چوونه‌ده‌ره‌وه له ئایین»دا کارده‌کات. ئه‌و په‌یامه بریتی بوو له‌م ڕسته‌یه: ده‌سه‌ڵات ده‌بێت له‌و که‌سانه بچێت که حکومهتداریيان ده‌کات. هه‌ر ئه‌مه‌شه که وای کرد که ئه‌و شۆڕشانه ڕادیکاڵ نه‌بن، سبه‌ینێ به‌ڵێن پێدراوه‌که نه‌بن. دهیانويست ئه‌وانه‌ی که حوکمیان ده‌که‌ن له‌وان بچن.
به‌ڵام ئه‌م په‌یامه ساده‌یه هه‌موو شته‌کان ده‌گۆڕێت. ڕاسته ساده‌یه، به‌ڵام ته‌واو گه‌وره‌یه. چونکه ده‌ری ده‌خات که دێمۆکراسی ڕیشه‌ی له‌نێو عه‌قڵی ڕۆژهه‌ڵاتدا داکوتاوه. لێره‌وه ده‌بێت ئه‌م پرانسیپه له عه‌قڵه‌وه بێته ده‌ره‌وه‌و په‌لکێشی دنیای پراکتیك بکرێت. بێگومان گرفته‌کان لێره‌وه ده‌ستپێده‌که‌ن. له قۆناغی یه‌که‌مدا چی ڕووده‌دات؟ ئێمه ڕووبه‌ڕووی چه‌ند کۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ده‌بینه‌وه که جومگه به جومگه‌ی له ژێرکارایی ئیسلامدا دروست بووه. ئیسلام به‌تەنیا ئایینێك نییە، به‌ڵکو شارستانییەتێکی گه‌وره‌شه. گه‌لان موسوڵمانن، که‌واته ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش که فه‌رمانڕه‌واییان ده‌کات، ده‌بێت موسوڵمان بێت. ڕێک وه‌ك سه‌ره‌تای چوونه‌ده‌ره‌وه له ئایین له ئه‌وروپادا، گه‌لان مه‌سیحی بوون، ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ش که حوکمیان ده‌کردن مه‌سیحی دێمۆکراتبوون.
گرفته‌که له‌وه‌دایه که گه‌لانی موسوڵمان، له‌په‌نای ئایینه‌که‌یاندا، ده‌بێت خۆیان ڕابێنن له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک پرانسیپی دێمۆکراتیک. واته به‌تەنیا موسوڵمان بوون به‌س نییە، به‌ڵکو له‌هه‌لومه‌رجی تازه‌دا ئه‌وان له‌یه‌ککاتدا ده‌بن به موسوڵمان و دێمۆکراتیش. من پێموایه که له‌م چرکه‌ساته مێژووییه‌دا، ڕۆژهه‌ڵات تێکه‌ڵ به‌و شته بووه که ناوی ده‌نێین تێکه‌ڵبوونی کولتوره‌کان. ڕۆژهه‌ڵات نه‌ك هه‌ر له ده‌ره‌وه‌ی مێژووی به‌شه‌ریه‌ت نییە، به‌ڵکو له ساته‌وه‌ختی به‌شداریکردنی مێژوودایه. له‌بیرمان نه‌چێت که دێمۆکراسی به ئاسانی له‌دایک نابێت. سه‌ده‌یه‌ك لهمهوپێش نابێت که له ناو ئه‌م پاریسهدا ئێمه شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه‌مان له‌گه‌ڵ یه‌کتردا ده‌کرد.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مه‌شداو له‌نێو ئه‌م پرۆسێسه‌دا ئێمه گرفتێکی تایبه‌تمان هه‌یه که بریتیه له: بزووتنه‌وه ئیسلامیسته‌کان. چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م بزووتنه‌وانه‌دا بکرێت ؟ سه‌ره‌تا ده‌بێت له‌وه تێبگه‌ین که کۆمه‌ڵگه عه‌ره‌بۆ- ئیسلامیه‌کان له قۆناغی پهڕینهوهدان. په‌ڕینه‌وه له ترادیسیۆنه‌وه بۆ مۆدێرنیتێ. ئه‌م کۆمه‌ڵگانه له ململانێی سه‌ختدابوون له‌گه‌ڵ مێژووی خۆیاندا. کاتێك مۆدێرنیتێ ده‌گاته ئه‌م کۆمه‌ڵگانه (ته‌له‌فزیۆن، ته‌له‌فۆن، ئه‌نته‌رنێت، تاد.)، ئه‌م کۆمه‌ڵگانه ده‌له‌رزێنێت و له‌گه‌ڵ ڕابردووی خۆیاندا ڕووبه‌ڕوویان ده‌کاته‌وه. به‌ڵام ئه‌م مۆدێرنیتێیه که له‌ده‌ره‌وه دێت، له‌هه‌مان کاتدا ده‌بێت به خه‌ونی ئه‌م کۆمه‌ڵگانه. ته‌نانه‌ت ئیسلامیسته‌کانیش نایانه‌وێت که به نامۆدێرن باسبکرێن. لێکدژیهکه له‌وه‌دایه که ئه‌م مۆدێرنیتێیه چه‌ند لای ئه‌وان خه‌ونێکی جوانه، هێنده‌ش چوارچێوه ترادیسیۆنێله‌کانی ئه‌وان ده‌له‌رزێنێت. لێره‌وه عه‌قڵه‌کان تووشی جۆرێك له گومان ده‌بن و هه‌ر ئه‌مه‌شه وایان لێده‌کات که به جۆرێك له جۆره‌کان هه‌وڵی دروستکردنی شوناسێک بده‌ن که ئه‌م دوو ڕووبه‌ره‌یان پێکه‌وه بۆ کۆبکاته‌وه و ئه‌مه‌ش ناوده‌نێن ئیسلام.
ئیسلام تایبهتمهندیيهکی گه‌وره‌ی هه‌یه، به‌پێچه‌وانه‌ی ئایینه‌کانی دیکه‌وه، که ده‌یانباته‌وه سه‌ر هه‌مان مۆدێلی ئایینی ئهوروپيیهکان، که بریتیه له مۆدێلی مۆنۆتایست/ته‌وحیدی. له‌سه‌ر ئاستی شارستانییەت ئیسلام له‌نێو زۆنی ئایینه مێژووییه تهوحیدیهکاندایه. له‌سه‌ر ئاستی جوگرافیش خاکی ئیسلام دراوسێمانه، به‌پێچه‌وانه‌ی شارستانییەتی چینییەکانهوه که له ئێمه‌وه زۆر دووره، ئیسلام شتێکی کۆنکرێتیه بۆ ئێمه. له‌بیرمان نه‌چێت که زه‌مه‌نێکی درێژ شتێکمان هه‌بووه که پێی وتراوه کۆلۆنیزاسیۆنی دنیای ئیسلام له‌لایه‌ن ئه‌وروپیه‌کانه‌وه.
هه‌موو ئه‌مانه پێکه‌وه جۆرێك له له‌رزینیان له نێو عه‌قڵی موسوڵمانه‌کاندا دروستکردووه. له‌لایه‌که‌وه سه‌رگه‌رمی هه‌رسکردنی پرانسیپه‌کانی دێمۆکراتین وه‌ك ئه‌وه‌ی که ئه‌وروپا پێشنیاری ده‌کات، له‌لایه‌کی دیکه‌وه به‌دوای مێکانیسمه‌کانی به‌ره‌نگاری بوونه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێن و دهیانةوێت خۆیان وه‌ك ئه‌ویتری ئه‌وروپا بخه‌نه سه‌ر شانۆ. له هه‌لومه‌رجێکی ئاوادا گه‌ڕانه‌وه خاکی ئیسلام زیاتر له هه‌ر هه‌رێمێکی دیکه‌ی جیهان، ده‌بێت به نیشتمانی سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه فۆندامۆنتالیستهکان، له چه‌ندین ئاستدا له‌یه‌کتری جیاوازن. ئێمه ناتوانین به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌هزه‌ی تونسی به ئه‌لقاعیده‌ی بن لادن به‌راورد بکه‌ین. به‌شێکی زۆر له ئیسلامیسته‌کان خه‌ڵکانێکی مۆدێرنن و به‌دوای ئاشتکردنه‌وه‌ی ئیسلام و مۆدێرنیتێدا ده‌گه‌ڕێن.
گوڵان: به‌ڕێز مارسێل گۆشێ، من ده‌رگای ئه‌م دهێبهیته له‌گه‌ڵ به‌ڕێزتاندا به گه‌ڕانه‌وه بۆ مێژوویه‌کی نزیکی کێڵگه‌ی ڕۆشنبیریی فه‌ره‌نسی داده‌خه‌م. به زمانێکی تر، به‌بیرم دێ، له‌قۆناغی یه‌که‌می لیسانسدا له زانکۆی لیۆن، وانه‌یه‌کمان هه‌بوو به‌ناوی «مه‌عریفه و ده‌سه‌ڵات». له‌م وانهیەدا هه‌میشه ده‌گه‌ڕاینه‌وه سه‌ر تێزه‌کانی میشێل فۆکۆ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و مێژووه جۆراوجۆره‌کانی، ده‌سه‌ڵات و ستراکتۆره جۆراوجۆره‌کانی. پاشان چه‌ند ناوی میشێل فۆکۆ ده‌هات، هێنده‌ش ناوی مارسێل گۆشێ وه‌ك «ئه‌ویتره» هه‌میشه ئاماده‌که‌ی فوکۆ ده‌هات. ڕاسته پێشتر چه‌ندجار یه‌کتریمان بینیوه، به‌ڵام ئه‌مه یه‌که‌مجاره که ده‌رفه‌تێکی وادروست ده‌بێت بۆئه‌وه‌ی بزانم چ جۆره پێوەندیيهك له‌نێوان ئێوه‌و فوکۆدا هه‌بووه، چ جۆره پێوەندیيهك ئێوه‌ی به‌یه‌که‌وه گرێداوه، ره‌نگه باشتربێت بپرسم : چ جۆره بیناکردنێکی تیۆريی ئێوه‌ی له میشێل فوکۆ جیا کردوه‌ته‌وه ؟
مارسێل گۆشێ: ڕه‌نگه باشترین وه‌ڵامێك بۆ ئه‌م پرسیاره بریتی بێت له‌و ڕسته به‌ناوبانگه‌ی که ئه‌رستۆ له وه‌سفکردنی پێوەندی خۆی به ئه‌فلاتونه‌وه درکاندی. ئه‌م ڕسته‌یه مانای گرنگی خۆی هه‌یه. ئه‌و ده‌ڵێت : «من ئهفڵاتونم خۆشده‌وێت، به‌ڵام حه‌قیقه‌تم خۆشترده‌وێت». بێگومان من تائێستاش فوکۆ ده‌خوێنمه‌وه و یه‌کێكم له‌وانه‌ی که باوه‌ڕیان وایه فوکۆ کاری گه‌وره‌ی کردووه. کاتێك له شه‌سته‌کاندا و بۆیه‌که‌مجار کتێبی «وشه‌کان و شته‌کان»ی فوکۆم خوێنده‌وه، چێژێکی گه‌وره‌ی پێبه‌خشم. کتێبه‌کانی دیکه‌شی هه‌روه‌ها. به‌ڵام که دواتر پێم نایه نێو بیناکردنی کارگه تیۆریهکهمهوه، تێگه‌شتم له‌وه‌ی که میشێل فوکۆ سه‌د و هه‌شتا پله به‌هه‌ڵه‌داچووه. گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی فوکۆ بریتیه له تێنه‌گه‌شتن له سروشتی مۆدێرنیتێ، بریتیه له ڕاڤه‌کردنی سه‌قه‌تی مۆدێرنیتێ. له کتێبی «مێژووی شێتيدا» ڕاڤه‌کردنه هه‌ڵه‌کانی فوکۆ ده‌گاته لوتکه. له‌م کتێبه‌دا به‌تایبه‌تی و له کتێبه‌کانی دیکه‌یدا به‌گشتی، تێزه‌کانی فوکۆ به‌هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌دا چوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی من ناوی ده‌نێم «شۆڕشی مۆدێرن». فوکۆ له پرۆژه‌ی مۆدێرنیتێ تێناگات چونکه له زیندانێکی فیکریدا که دوو لایه‌ن دروستیان کردووه: مارکسیزمی ڕه‌خنه‌گر له‌لایه‌ك و فیکری هایدگه‌ر له‌لایه‌کی دیکه‌وه. فوکۆ که میراتگرێکی شه‌رعی ئه‌م فیکره‌یه، هه‌موو مێژووی به‌شه‌ریه‌ت له‌م زیندانه‌وه ده‌بینێت، به‌ڕاده‌یه‌ك که ناتوانێت بڕواته قووڵایی شته‌کانه‌وه‌و تەنیا له ڕووکهشهکانیاندا ده‌مێنێته‌وه. فیکری میشێل فوکۆ سنووری ڕووکه‌شی شته‌کان تێناپه‌ڕێنێت.
با من چیرۆکێکی بچوکت بۆ بگێڕمه‌وه. ساڵی 1977 میشێل فوکۆ هات بۆ به‌شداریکردن له کۆنفرانسێکی من له چوارچێوه‌ی سیمیناره هه‌فتانه‌که‌ی پیه‌ر نورا له قوتابخانه‌ی خوێندنی باڵا له پاریس. پاش ته‌واوبوونی کۆنفرانسه‌که‌م، فوکۆ داوای مایکرۆفۆنی کرد‌و موداخه‌له‌ی کرد‌و به شێوه‌یه‌کی چاوه‌ڕواننه‌کراو وه‌سفی تێزه‌کانی منی کرد‌و وه‌ك داهێنانی گه‌وره باسیکردن. من ڕاسته‌وخۆ تێگه‌شتم له‌وه‌ی که ئه‌مه جۆرێکه له دێماگۆجی، چونکه ده‌مزانی که ئه‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ تێزه‌کانی مندا نیيه، به‌تایبه‌تی پاش ئه‌وه‌ی که کتێبێکم له‌سه‌ر کتێبه‌که‌ی ئه‌و به‌ناوی «مێژووی شێتی» بڵاوکرده‌وه. فوکۆ به‌شێوه‌یه‌کی بێ سنوور له‌م کتێبه‌ی من توڕه بووبوو. له‌زۆر شوێن به ئاشکرا قسه‌ی پێوتبوم. پیه‌ر نورا که هاوڕێی نزیکی من و فوکۆ بوو، پێی وتبوو: بۆ له‌سه‌ر ئه‌م کتێبه دیالۆگ له‌گه‌ڵ مارسێل گۆشێدا ناکه‌یت؟ ئه‌ویش وتبووی: بۆنا! به‌ڵام له‌ڕاستیدا هه‌رگیز ئاماده‌نه‌بوو که پێکه‌وه دیالۆگ بکه‌ین.
با من شتێکت پێ بڵێم : میشێل فوکۆ یه‌کێك بوو له‌و ڕۆشنبیرانه‌ی که دیالۆگی ڕه‌د ده‌کرده‌وه‌و نه‌یده‌ویست گفتۆگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌دا بکات که پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بیریان ده‌کردوه. ئه‌و به‌شێوه‌یەکی گشتی دژی گفتوگۆبوو. ئه‌و هه‌میشه ئاماده‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی موجاده‌له بکات، به‌ڵام ئاماده‌ی گفتوگۆنهبوو. بۆنمونه فوکۆ موجاده‌له‌یه‌کی بێسوودی له‌گه‌ڵ جاک دێریدادا ده‌کرد، به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌رگیز ئاماده‌بێت له به‌رامبه‌ره‌کانی تێبگات. ئاخر چۆن ده‌بێت که‌سێکی وه‌ك فوکۆ دێریدا به ((پۆلیس)) ناوبه‌رێت ! چۆن ڕۆشنبیرێك ده‌توانێت رێگا به‌خۆی بدات که ڕۆشنبیرێکی دیکه به پۆلیس ناو به‌رێت. گرفتی ئه‌م ڕۆشنبیرانه له‌وه‌دایه که له‌سه‌ره‌تاوه بیناکردنێکی فیکری لینینیستیان هه‌بووه و تا مردنیش ئه‌م بیناکردنه له‌گه‌ڵیاندا ماوه‌ته‌وه. ڕۆشنبیری لینینیست ئه‌و که‌سه‌یه که ته‌نانه‌ت له کاتی قسه‌کردنیشدا په‌نا بۆ زه‌بروزه‌نگ ده‌بات. فوکۆ، وه‌ك به‌شێکی زۆر لهڕۆشنبیرهکانی سه‌رده‌می خۆی، بیریارێکی زه‌بروزه‌نگاوی بوو.
ساڵی 1977 میشێل فوکۆ هات بۆ به‌شداریکردن له کۆنفرانسێکی من له چوارچێوه‌ی سیمیناره هه‌فتانه‌که‌ی پیه‌ر نورا له قوتابخانه‌ی خوێندنی باڵا له پاریس. پاش ته‌واوبوونی کۆنفرانسه‌که‌م، فوکۆ داوای مایکرۆفۆنی کرد‌و موداخه‌له‌ی کرد‌و به شێوه‌یه‌کی چاوه‌ڕواننه‌کراو وه‌سفی تێزه‌کانی منی کرد‌و وه‌ك داهێنانی گه‌وره باسیکردن. من ڕاسته‌وخۆ تێگه‌شتم له‌وه‌ی که ئه‌مه جۆرێکه له دێماگۆجی، چونکه ده‌مزانی که ئه‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ تێزه‌کانی مندا نیيه، به‌تایبه‌تی پاش ئه‌وه‌ی که کتێبێکم له‌سه‌ر کتێبه‌که‌ی ئه‌و به‌ناوی «مێژووی شێتی» بڵاوکرده‌وه. فوکۆ به‌شێوه‌یه‌کی بێ‌سنوور له‌م کتێبه‌ی من توڕه بووبوو. له‌زۆر شوێن به ئاشکرا قسه‌ی پێوتبوم. پیه‌ر نورا که هاوڕێی نزیکی من و فوکۆ بوو، پێی وتبوو : بۆ له‌سه‌ر ئه‌م کتێبه دیالۆگ له‌گه‌ڵ مارسێل گۆشێدا ناکه‌یت ؟ ئه‌ویش وتبووی : بۆنا ! به‌ڵام له‌ڕاستیدا هه‌رگیز ئاماده‌نه‌بوو که پێکه‌وه دیالۆگ بکه‌ین. با من شتێکت پێ‌بڵێم : میشێل فوکۆ یه‌کێك بوو له‌و ڕۆشنبیرانه‌ی که دیالۆگی ڕه‌د ده‌کرده‌وه‌و نه‌یده‌ویست گفتۆگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌دا بکات که پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بیریان ده‌کردوه. ئه‌و به‌شێوه‌یەکی گشتی دژی گفتوگۆبوو.