مایكل نایت لە ئامۆژگای واشنتۆن بۆ گوڵان: پێشمەرگە و زێرەڤانی و دەزگا ئەمنیەكانی هەرێم رێگە نادەن سەقامگیری كوردستان بشێوێنرێت
May 5, 2013
دیمانەی تایبەت
پرۆفیسۆر مایكل نایت گەورە تۆژەری ئامۆژگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیك، لەهەمان ئامۆژگا بەرپرسی دیراسات و لێكۆڵینەوەیە لەسەر عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی و، ئێستا پرۆفیسۆر نایت وەك تایبەتمەند لەسەر دیراساتی هەرێمی كوردستان( KRG) لە ئامۆژگای ناوبراو ناسراوە، دیراسەتەكانی پرۆفیسۆر نایت پشت بەستووە بەو سەردانانەی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان دەیكات و پاشان لەبەر رۆشنایی ئەو واقیعەی كە خۆی بینیوویەتی توێژینەوە ئەنجامدەدات و راوێژ دەداتە حكومەتی ئەمریكا بۆ ئاراستەی سیاسەتی ئەمریكا لە عێراقدا، بۆ بەدواداچوون لەسەر بارودۆخی ئاڵۆزی عێراق بە پێویستمان زانی ئەم وتووێژە لەگەڵ پرۆفیسۆر نایت ئەنجامبدەین و بەڕێزی بەمجۆرە بۆ گوڵان هاتە ئاخاوتن:* بەم دواییە سوپای عێراق بۆردومانی خۆپیشاندەرانی كرد لە هەندێ لە شارەكاندا، ئەمەش هۆكاری ئەوەیە كە عەرەبی سوننە شەڕی حكومەتی عێراق بكەن كە شیعە زاڵە بەسەریدا، پرسیارەكە ئەوەیە تا چ راددەیەك ئەمە كۆتایی بە پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا دەهێنێت؟
- من هاوڕانیم لەگەڵ ئەم لێكدانەوەیە بۆ رووداوەكانی ئەم دواییە. لە كانوونی یەكەمی ساڵی 2012ـەوە سوپای عێراق هێزی بەكارهێناوە و تەقەی لە خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەكان كردووە، بە تایبەتی لە فەللوجە. تا راددەیەك ئەمانە رووداوگەلێكی دەگمەنن. لە زۆربەی حاڵەتەكاندا، هێزە ئەمنیە ئیتیحادیەكان هەوڵیانداوە خۆیان لە رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیانە لابدەن. رووداوەكانی ئەم دواییەی حەویجە و سلێمان بەگ جیاوازن: سوپای عێراقی ناچار بوو بەرگری لە خۆی بكات لەبەرامبەر هێرشی «JRTN»(جیش رجال الطریقة النقشبندیة). ئەمە حاڵەتێك نییە تێیدا خۆپیشاندەری ئاشتیخواز لەلایەن سوپاوە هێرشی كرابێتەسەر: بەڵكو ئەوان نموونەی بزووتنەویەكی یاخیگەرن، «JRTN» (جیش رجال الطریقة النقشبندیة) لەژێر پەردەی ناڕەزایی دەربڕیندا هێرش دەكەنە سەر سوپای عێراق.
* بە پێی دەستووری عێراقی نابێت سوپا لە ململانێ سیاسیەكانەوە تێوەبگلێت، بەڵام جیهان شایەتی ئەوەیە كە سوپا خەڵكی وڵاتەكە دەكوژێت، ئایا ئەمە تا چەند شەرعیەتی حكومەتەكە دەخاتە ژێر پرسیارەوە و وای دەردەخات كە دیكتاتۆرێك رەفتار دەكات؟
- بە پێی دەستوری عێراق نابێت سوپای عێراق لە بواری ئاسایشی ناوخۆدا بەكاربهێنرێت. هەرچۆنێك بێت، ئەوە ئاشكرایە كە پۆلیسی ئیتیحادی و پۆلیسی عێراقی ناتوانن لە شوێنێكی وەك تكریت، بێجی، شەرگات و موسڵدا شەڕی ئەل قاعیدە بكەن. كەواتە سوپای عێراق بەشێكی پێویستە لە دەزگا ئەمنیەكانی ناوخۆیی عێراق. كێشەكە ئەوەنییە سوپای عێراق بەكاردەهێنرێت لە دابینكردنی ئاسایشی ناوخۆییدا: لە تەقینەوەكانی ئەم دواییەی بۆستندا، گاردی نیشتمانی ئەمریكی جووڵێنران. كێشەكە ئەوەیە دانانی وەزیرە ئەمنیەكانی عێراق و فەرماندە باڵاكانی سوپا لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند نەكراون. ئەمە هەنگاوی یەكەمە بۆ باشتركردنی پەیوەندی نێوان لایەنی مەدەنی و لایەنی سەربازی لە عێراقدا و هەنگاونان بۆ ئەوەی سەربازان لەبەردەم خەڵكدا بەرپرسیار بن.
* ئاشكرایە كە وەزیرە كوردەكان موقاتەعەی حكومەتیان كردووە و هەروەها بەم دواییەش وەزیرە سوننەكانیش كشانەوە لەو حكومەتە، ئەمەش بە واتای ئەوە دێت كە حكومەت تەنیا نوێنەرایەتی پێكهاتەیەكی دیاریكراو دەكات، لە كاتێكدا پێویست بوو حكومەتێكی بنكە فراوان بێت، ئایا ئەمە تا چ راددەیەك دەبێتەهۆی یان سەردەكێشێت بۆ شەڕێكی ناوخۆیی خوێناوی؟
- مەزەندەی ئەوە دەكەم هەندێ لە وەزیرە سوننەكان پێش هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2014 بگەڕێنەوە بۆ حكومەت: ئەوان بە زۆری دوای ماوەیەك لە ناڕەزایی دەربڕین ئەگەڕێنەوە. هەروەها وەزیرە كوردەكانیش ئەگەڕێنەوە، رەنگە پێش ئەوەی بودجەی ساڵی 2014 تێپەڕێنرێت. بەڵام ئەوەی ئێوە دەیڵێن راستە، حاڵی حازر حكومەتی عێراق خراپ تێكشكاوە. باوەڕم وانییە توندوتیژیەكانی بگەنە هەمان ئاستی ئەو توندوتیژیانەی لە ساڵی 2006-2008دا لە عێراقدا لە ئارادا بوون، یاخود ئاستی ئەو توندوتیژیەی لە ساڵی 1991دا لە عێراقدا یاخود ئەوەی لە سوریای ئێستادا لە ئارادایە. بەڵام مەترسیەكی گەورە هەیە كە عێراق شێوەیەكی توندتر ئەو توندوتیژیە بە خۆوە ببینێت كە لە بەحرەیندا هەیە-ئەگەرچی شیعەكان باڵادەستن و سوننەكانیش لە شارۆچكەگەلێكی پڕ لە ناهەمواری و توندوتیژدا دەژین، كە بەهۆی خاڵەكانی پشكنینەوە دابڕێنردراون لەیەك. ئاشكرایە، پێویستە هەڵبژاردنەكانی 2014 گۆڕانی راستەقینە بهێننەئاراوە، ئەگەرنا عێراق بە ئاڕاستەیەكی زۆر خراپدا هەنگاو هەڵدەگرێت.
* بە پێی لێكدانەوەی هەندێ لە شارەزایان ئەمریكا عێراقی لە رژێمی دیكتاتۆری سەددام حوسێن رزگاركرد و دایە دەستی ئێرانیەكان و ئێستاش مالیكی لە زۆر رووەوە لە ژێر كاریگەری ئێراندا كار دەكات، ئایا تا چەند ئەمە عێراق لە دیموكراسی دووردەخاتەوە؟
- مالیكی نە خۆشەویستی بۆ ئێران هەیە و نە بۆ ئەمریكا، بەڵكو هەردووكیان بەكاردەهێنێت بۆ بەردەوامبوون و كۆنتڕۆڵكردنی عێراق. سادەكردنەوەیەكی زیاد لە پێویستە بڵێین ئێران كۆنتڕۆڵی مالیكی كردووە: تەهران ناتوانێت مالیكی ناچار بە ئەنجامدانی كارێك بكات كە بە راستی خۆی دژی بێت. بۆ نموونە، تەهران ناتوانێت عێراق ناچار بكات بەرهەمی نەوت و هەناردەكردنی كەم بكاتەوە. عێراق دەكەوێتە پێش ئێرانەوە، وەك هێزێكی نەوتی، و رەنگە كارێك بكات نرخی نەوت دابەزێت، كە ئەمەش كاریگەری كوشندەی دەبێت لەسەر ئابووری ئێران. ئێران دەتوانێت هانی مالیكی بدات ئەو كارانە بكات كە خۆی دەیەوێت ئەنجامیان بدات- وەك پشتیوانی رژێمی ئەسەد لە سوریا. كەواتە مالیكی لە داهاتوودا، پتر سەربەخۆتر دەبێت لە ئێران. مەسەلەكە بەو سادەییە نییە كە ئەمریكا كشابێتەوە و ئێران كۆنتڕۆڵی بارودۆخەكەی كردبێت.
* عێراق هەم لەسەر ئاستی سیاسی و هەم لەسەر ئاستی خزمەتگوزاری شكستی هێناوە، لەبەر ئەوەیە بە دەوڵەتێكی شكستخوارد دادەنرێت، واتە مەسەلەكە هەر ئەوەنییە كە ناسەقامگیرە و نادیموكراتیە، بەڵكو دەوڵەتێكی شكستخوارد، تا چ راددەیەك مەترسی هەرەسهێنانی بارودۆخەكە هەیە؟
- پێموانییە عێراق دەبێتە دەوڵەتێكی شكستخواردو. ئەمە دۆخێكی زۆر لاوازە و هەل و مەرجێكی زۆر توندوتیژە. بەڵام وەزارەت و پارێزگاكان لە كاركردنی خۆیان بەردەوامن، هەر مانگێك تێدەپەڕێت كەرتی نەوت گەشەی زیاتر دەكات لەڕووی بەرهەمهێنانەوە، هێزە ئەمنیەكان توانایەكی باشیان لێدەردەكەوێت بۆ پاڵپشتیكردنی حكومەت تاوەكو بتوانێت كۆنتڕۆڵی زۆرێك لە ناوچەكان بكات، هەڵبژاردنەكان و دیموكراسی پەرلەمانی، بەردەوام لەبەرەوپێشچوونن، ئەگەرچی بە شێوەیەكی لاوازیش بێت. گومان لەوەدانییە كە عێراق لە دۆخێكی لاوازدایە، دۆخێكی زۆر گەندەڵ و زۆر توندوتیژە. پێموایە بەحرەین مۆدێلێكە لەم رووەوە، ئەو شوێنەیە، دۆخێكی باشی هەیە، بەڵام ناڕەوایە و توندوتیژە و دیموكراسی تێیدا لاوازە.
* تا ئێستا هەرێمی كوردستان هەرێمە ئارامەكەی عێراقە، بەڵام بەم دواییە ناسەقامگیریەكانی باشوور هەڕەشە لەم هەرێمەش دەكات، پرسیارەكە ئەوەیە چۆن بتوانین سەقامگیری ئەم هەرێمە بپارێزین؟
- بۆ ئاییندەیەكی دیار هەرێمی كوردستان «KRG» وەك سەقامگیرترین بەشی عێراق دەمێنێتەوە. پێشمەرگە، زێرەڤانی و دەزگا هەواڵگریەكان ئاستێكی باشی ئاسایشی گشتی لە كوردستانی عێراقدا دەپارێزن. كاتێك عێراق پتر توندوتیژ دەبێت، هەرێمی كوردستان «KRG»، وەك هەرێمێكی پتر سەرنجڕاكێشتر دەردەكەوێت بۆ بزنسكردن. نیگەرانی هەرێمی كوردستان «KRG» ئەوەیە نەیارانی ئەزموونی دیموكراتی هەرێمی كوردستان هەوڵبدەن دۆخی ئەمنی بشێوێنن و هەوڵبدەن تەقینەوە ئەنجامبدەن بەتایبەتی لە هەولێر، ئامانجیش لەم هەوڵانە ئەوەیە سەرمایەی وەبەرهێنەران لە كوردستان بچنە دەرەوە، بەڵام دەزگا ئەمنیەكانی هەرێمی كوردستان «KRG» زۆر بە توانا و زۆر دڵسۆزن. رێگا نادەن هێرشی یەك لە دوای یەك هەڕەشە لە هەولێر، یاخود هەر شارێكی دیكەی قووڵایی هەرێمی كوردستان بكات.