دكتۆر نەجیب جوبرائیل راوێژكاری یاسایی كڵێسەی قیبتیەكانی میسر بۆ (گوڵان): هێرشكردنە سەر كاتدرائی قیبتیەكان پەڵەیەكی شەرمەزارییە بۆ مێژووی حكومڕانی ئیخوانەكانی میسر
May 4, 2013
دیمانەی تایبەت
فیتنەی تایەفەگیری سەرلەنوێ گەڕاوەتەوە بۆ میسر، ئەمەش لەو رووداوە هەمەجۆرانەدا هەستی پێدەكرێت كە لەسەرتاپای وڵاتدا كەوتونەتەوە، شۆڕشی میسری لە رۆژانی یەكەمیدا مۆدێلێكی بۆ یەكێتی نیشتمانی و هەماهەنگی لەنێوان میسرییەكان بەجیاوازی ئینتمای ئاینیانەوە پێشكەش كرد، لەم دیالۆگەشدا دكتۆر نەجیب جوبرائیل چالاكوان و مافخوازو راوێژكاری یاسایی كڵێسای قیبتیەكان لەمیسر جەخت دەكاتەوە لەوەی كە كۆمەڵێك هۆكار لە پشتەوەی توندوتیژییە تایەفەگەریەكانەوەن. فتیلەی قەیرانەكان ناقرتێنرێت ئەگەر بێت و مافی هاووڵاتیبوون تێیدا بەرجەستە نەكرێت، یان ئەگەر بێتوو كەلتووری یەكترقبوڵكردن و پاكژبوونەوەی گوتاری ئاینی بڵاونەكرێتەوە، هەروەها پێویستە ڕێگا بدرێت بە قیبتیەكان تاوەكو كڵێسەكانی خۆیان بونیاد بنێن و لە پۆستە باڵاكانی وڵاتدا بێ هەلومەرج دابمەزرێن، پێش هەموو ئەمانەش لێكۆڵینەوە لەو ڕووداوانە بكرێت كە لە دژیان روویداوە، هەروەها تاوانباران بخرێنە بەردەم دادگا. د. جوبرائیل زیاتر جەختی كردەوە لەوەی دیمەنێكی تەمومژاوی باڵی كێشاوە بەسەر بارودۆخەكەی میسردا، چونكە لە بنەڕەتەوە لەنێوان موسڵمانان و قیبتیەكان هیچ جۆرە ڕق و كینەیەكی پێشینە بوونی نەبووە لە نێوانیان، ئەوەی ڕق دەچێنێت پەڕگیرەكانە، بۆیە قیبتیەكان لە پێشەوەی كاروانی داكۆكیكاران دەبن لەئەزهەرو شێخەكەی چونكە بە نوێنەری راستەقینەی میانڕەویی و ناوبژیوانی لەمیسردا ماونەتەوە.ناپلیۆن چۆن بە ئەسپەكانیەوە بەناو ئەزهەردا رۆیشت، پەڵەیەكی رەشی بۆ مێژووی خۆی تۆماركرد، ئیخوانیش بە هەڵكوتانیان بۆ سەر كاتدرائی قیبتیەكان هەمان پەڵەی رەشیان لەمێژووی خۆیاندا تۆماركرد
ئەسما حوسێنی – گوڵان – قاهیرە
گوڵان: لەتێڕوانینی بەڕێزتانەوە ئەو هۆكارانە چین لەپشت تەقینەوەی گرفتە تایەفەگەرییەكانی ئەم دواییەدا؟
د. نەجیب جوبرائیل: زۆربەی كات لەم جۆرە رووداوانەی میسردا لە ڕووداوێكی كەسیی ئاسایی نێوان موسڵمانێك و كریستیانێكەوە دەستی پێ كردووەو دواتر پەرەدەسەنێت بۆ ئەوەی ببێتە گرفتێكی تایەفەگەری، هۆكارەكەشی هەبوونی كەلتووری توندڕەویی كەڵەكە بووە لەمیسر بەدرێژایی زەمەنەكانی پێشوو، لەم بارەیەشەوە هەموو سیستەمەكە پێویستی بەچارەسەرە، لەوانەش چارەسەری خوێندن و فێركردن و بەرجەستەكردنەوەی كەلتووری یەكتر قبوڵ كردن و پارێزگاریكردن لەمافی هاووڵاتیبوون. ئەگەر وا نەبێت ئەوا هاووڵاتیان بەسەر خاكی میسرەوە یەكتر دەخەنە تەڵەو داوی یەكترلەناوبردن.
گوڵان: مافەكانی قیبتیەكان بەدیاریكراوی چین؟
د. نەجیب جوبرائیل: هیچ یاسایەك نییە ڕێگە بە هاووڵاتیانی قیبتی بدات كڵێسا دروست بكەن، بەڵام ڕێگا بەخەڵكانی ئاسایی دەدرێت كە تەعدا لەمافەكانیان بكەن، خودی دەوڵەت رۆڵێكی كارا دەگێڕێت لەچەسپاندنی فیتنەگێڕی تایەفەگیریدا، قیبتیەكان لەپۆستە باڵاكان دوور دەخرێنەوە، تەنیا یەك وەزیری ئافرەتیان لەناو 34 وەزیری حكومەتی ئێستای میسردا هەیە، تاقە یەك قیبتیش نەكراوەتە بەڕێوەبەری ئاسایش یا سەرنووسەر یا سەرۆكی زانكۆ یا بەڕێوەبەری بانكێك، منداڵێكیش ئەوە دەزانێت بەگشتی قیبتیەكان و مەسیحیەكان پەراوێزخراون، بۆیە زۆر ئاساییە رووداوێكی بچكۆلە كۆمەڵكوژییەكی لێ بكەوێتەوە.
گوڵان: بۆچی لەم رووداوانەی دواییدا گرژی و هەڵوێستەكان توندتر بوونەوە؟
د. نەجیب جوبرائیل: لەبەر ئەوەی گوتاری ئایینی بەقۆناغی پاكژبوونەوەدا تێنەپەڕیوە، هەربۆیە رووداوەكانی میسر توندتر بوونەوە. ئەگەر لەو كاتەدا مامۆستایەكی ئاینی موسڵمانانی بۆ شەڕ لەدژی كریستیان هان نەدایە، دەكرا ئەو رووداوە كۆنترۆڵ بكرایە. لەبەر ئەوە سكاڵامان لەدژی بەڕێوەبەری ئاسایشی قاهیرەو بەڕێوەبەری ئاسایشی قلیوبیەو ئەو مەلای مزگەوتەش كە خەڵكی هاندابوو تۆمار كردووە. هەروەها سكاڵا لەدژی راوێژكاری سەرۆك نووسراوە كە بەپەلە پروزێ راگەیاندنێكی بڵاو كردەوە و قیبتیەكانی تاوانبار كردووە بەوەی گوایە تەعدایان لە پۆلیس كردووە، ئەمە لەبری ئەوەی برینی قیبتیەكان ساڕێژ بكات. دواتر شاندێكی سەرۆكایەتی لە تیڤیەكانەوە دەردەكەون و بێ ئاگایی خۆیان لەو راگەیاندنەی جەنابی راوێژكار دەردەبڕن. دواتریش كۆمەڵێك وتەبێژی فەرمی یەك بەدوای یەكدا پاكانەی بۆ دەكەن.
گوڵان: بەڵام ئەوەتا سەرۆكی میسر بەشەخسی پێوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ پاپا تاوضروسی دووەم كردوو، وتی هەر تەعداكردنێك لەقیبتیەكان تەعدا كردنە لەشەخسی خۆم، دەنگدانەوەی ئەم وتەیەی سەرۆك چۆن كەوتەوە؟
د. نەجیب جوبرائیل: وتەكەی سەرۆك شتێكی تازە نەبوو، پێشتریش سەرۆك رایگەیاندبوو كە سەرۆكی هەموو میسرییەكانە، زۆر وتەی تری بێ كرداری وەكو وتەكەی سەرۆكی میسر رادەگەیەنرێت، بەڵام بڵێسەی ئاگرێك رەنگە لەهەر شوێنێكی تردا كارەساتی وا بقەومێنێتەوە. بۆ نموونە لەشەبرا كەسێكیان بەناوی جەمال سابیر دەسگیر كردبوو كە بە راست و چەپ موسڵمانانی دەكوشت، تا بەسەر كریستیانەكاندا بهێنرێتەوە، كاتێك دەسگیر كرا وتی: بۆیە لەوێ بووم چونكە كریستیانەكان هەوڵیان دەدا مزگەوت بڕوخێنن، ئەگەر موسڵمانان ئەم بوختانانەیان نەناشتایە ئەوا شبرا هەر وەكو خسوس گڕی دەگرت، داوا لەمحەمەد مورسی دەكەین یاسایەك دەربچوێنێت ڕێگا بدات بەكریستانەكان كڵێسەكانی خۆیان بونیات بنێن هەروەكو چۆن ڕێگا بەموسڵمانان دەدات مزگەوتی خۆیان دروست بكەن، وەكو چۆن وڵاتانی مەسیحی لە خۆرئاوا ڕێگا بە كەمینەی موسڵمان دەدەن مزگەوت لە وڵاتەكانیان دروست بكەن، پێش هەموو شت پێویستە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكان بكرێت، بەتایبەتی رووداوەكانی بەردەم كڵێسەكانی(سوڵ و ئەتفیح و ماریناب و كڵێسای عەزراو دێر ئەنبابێشەویی لەبیابانی میسرو قەسابخانەكەی لە ماسبیر ڕوویداو گەمارۆدانی كڵێسەی كوم ئامبوو) كە تا ئێستاش هیچ خەتابارێك لەو رووداوانە دادگایی نەكراون، ئەمەش هۆكاری ئەوەبوو كە قیبتیەكان بەرەو دەرەوەی میسر كۆڕەو بكەن و هەڵبێن.
گوڵان: بۆچی دەوڵەت بەرپرسیارێتی رووداوە تایەفەگەرییەكانی دەخرێتە ئەستۆ؟
د. نەجیب جوبرائیل: دەوڵەت بەرپرسە لەو تەعدایانەی كە دەرهەق بە قیبتیەكان ئەنجام دەدرێت، بەرپرسە لەوەی ناوێرن كڵێسە دروست بكەن، بەرپرسە لە پاكتاوكردنی ئاینی و پەراوێزخستنیان، یەكەمین بەرپرسیشە لە رووداوەكانی كاتدرائییەكە، سكاڵام لەسەر تۆمار كردون و دەوڵەتم تۆمەتباركردووە بەرپرسیارم كردون لەئاست رووداوەكاندا، كاسێتی ڤیدیۆیی هەن كە رووخساری ئەنجامدەرانی رووداوەكانی سەر كاتدرائی تێیدا بەروونی دەردەكەون. كاسێتی ڤیدیۆیی تر هەیە تێیدا بەئاشكرا هێزەكانی ناوخۆ نیشان دەدرێت كە بەبۆمبی مۆلۆتۆف و قۆچەقانێ ئاگردارەوە باڵەخانەی كاتدرائیی دەسووتێنن، لە رووداوەكانی خسوس دا پاش 8 كاتژمێر لە ئاگرتێبەردانی كڵێسەكە پۆلیس و پیاوانی ئاگركوژێنەوە گەیشتن، دەپرسم تاوانی مەسیحیەكان چی بوو كە بەو شێوەیە ئەشكەنجەدران و تەعدایان بەرامبەر دەكردن دەرمانخانەو دوكانەكانیان سووتێنران. تاوانی ئەو مەسیحیە چی بوو كە بەنزین كرا بە گیانیدا و سووتێنراو مرد سەرۆك بەرپرسی راستەوخۆیە، ئەگەر دركی پێ ناكات كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دادگایی سەرۆك دەكات، چونكە بەهەموو مانایەك ئەم تاوانانە جینۆسایدن.
گوڵان: بارودۆخی قیبتیەكان لەژێر سایەی حوكمڕانی ئێستادا چۆن هەڵدەسەنگێنی لەچاو حوكمڕانی حوسنی موبارەك؟
د. نەجیب جوبرائیل: قیبتیەكان بەخراپترین شێوە لەسەردەمی موبارەكدا هەڵسوكەوتیان لەگەڵ دەكران، بەڵام لەسەردەمی سەرۆكی ئێستادا خەڵتانی خوێن كراون، لەزەمانی رۆمانیەكانەوە تا ئێستا رووبەڕووی كارەساتی وا نەبوونەتەوە وەك ئەوەی ئێستای ڕووبەڕووی دەبنەوە. تەعدا كرا لە گەورەترین ناوەندی ئاینی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كە لەپاش فاتیكان گەورەترین بنكەی ئایینیە، ئەگەر ناپلیۆن بەئەسپەكانیەوە چووبێتە ناو زانكۆی ئەزهەرو تا ئێستاش لەمێژوودا بەپەڵەی شەرمەزاری بۆی ئەژمار كرا بێت ئەوا گەمارۆدانی كاتدرائی و سووتاندنی پەڵەیەكی رەشترە بۆ حوكمڕانانی ئێستا.
گوڵان: قیبتیەكانی تاراوگە ئاماژە دەدەن بەنێودەوڵەتیكردنی دۆزەكەیان لەمیسر؟
د. نەجیب جوبرائیل: جیاوازی هەیە لەنێوان خۆهەڵكێشان و پشتبەستن بەدەرەوە و ئەمەریكا لەبەرامبەر بەنێودەوڵەتیبوونی دۆزێكدا، لەهەقیقەتدا ئەمەریكا گەورەترین دوژمنی قیبتیەكانەو گەورەترین لانكەو دۆستی ئیخوانەكانیشە، ئێمە دەستێوەردانی ئەمریكی لەكاروباری میسر رەتدەكەینەوە، بەڵام بەنێودەوڵەتیبوونی دۆزەكە شتێكیترە چونكە میسر لەكۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا ئەندامە. كاتی ئەوەهاتۆتە پێشەوە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی چاوێك بەم تاوانە وەحشیگەرییانەدا بخشێنێتەوە، هەروەكو كاترین ئاشتون كە لە كۆمیسیاری باڵای یەكێتی ئەوروپاوە هات لەسەردانەكەیدا بۆ میسر بەسەرۆك مورسی راگەیاندن لێدانی كاتدرائی كار دەكاتە سەر راگرتنی هاوكارییەكانی یەكێتی ئەوروپا بۆ میسر. هاووڵاتیانی میسری ئاسایی لەكۆتاییدا باجی ئەم دۆخە دەدەنەوە بە موسڵمان و قیبتیەوە، بارودۆخی میسر لەخراپ خراپترە، ژمارەی دەرۆزەكاران هێندەی سوپایەكە، سەرۆكیش تەنیا لە ئیخوان موسلمین زیاتر كەسی تر نابینێت، سەرۆكی میسر بەیەكچاو تەماشای هەموو هاووڵاتیانی میسر ناكات.
گوڵان: ئەم قەیرانی توندڕەویی و ڕق و كینە هەڵڕشتنە تەنیا لەنێوان موسڵمانان و قیبتیەكانە، یان قەیرانێكە لەناواخنی كۆمەڵگای میسرییەوە هەڵقوڵاوە؟
د. نەجیب جوبرائیل: توندوتیژی سیاسی پێوەندی بەسەرجەم هێزە سیاسییەكانەوە هەیە، لەگەڵ هاتنی محەمەد مورسی ئەم توندوتیژییە ئاڵۆزترو توندتر بووەتەوە، ئازارو ئەشكەنجەی بۆ هەموو لایەك هێناوە، دەمەوێت بڵێم هیچ رق و كینەیەك لەنێوان موسڵمانان و قیبتیەكاندا پێشوەختە نەبووە، بەڵام كەسان و لایەنی وا هەیە كە دەیانەوێت ئەو رق و كینەیە بچێنێن و دروستی بكەن.
گوڵان: بۆچی زیاتر هێرش و تۆمەتەكان ئاڕاستەی ئیخوان موسلمین دەكەیت لەكاتێكدا هێزو بزووتنەوەی دیكەی سیاسیش لەمیسر دەستیان هەیە؟
د. نەجیب جوبرائیل: بۆیە ئیخوان موسلمین تۆمەتبار دەكەم چونكە ئەوان رەگ و ریشەی توندوتیژی ئایینیان چاندووە، تەنانەت مۆركی جیاوازی و پارچەپارچە بوونیان لەناو خودی موسڵمانانیش دروست كردووە، ئالێرەدا ژمارەیەك لەگرووپە ئاینیەكانی تر پێداچوونەوە بەخۆیاندا دەكەنەوە بەڵام چاوبرسێتی ئیخوانی سیاسی ڕێگا لەم بەخۆداچوونەوەیەی ئەوانیش دەگرێت.
گوڵان: دەكرێت دەنگە عاقڵمەندەكانی هەردوولا بەرزتر بێتەوە لەدەنگی توندڕەوەكان كە بەرژەوەندییان لەهەڵگیرسانی فیتنەدایە؟
د. نەجیب جوبرائیل: دەنگە عاقڵەكان دەتوانێت بارودۆخەكە هێوربكاتەوە، بەڵام ناتوانێت لە ڕەگەوە قەیرانە توندوتیژییە ئاینیەكە لەمیسر نەهێڵێت چونكە ئێمە لەخۆرهەڵات هەمیشە بەدەر لەنەخۆشیەكە باس لەنیشانەكانی نەخۆشی دەكەین پێویستە بەیاسا سزای ئەمجۆرە تاوانانە دیاری بكرێت.
گوڵان: كەواتە داخوازی قیبتیەكان بەدیاریكراوی چین؟
د. نەجیب جوبرائیل: یەكەم سزادانی تاوانبارانی رووداوەكان، جەخت لەوەدەكەمەوە كە تا ئێستاش هیچ كام لەو تاوانبارانە نەخراونەتە بنكەیەكی پۆلیسەوە، ئەمە بۆ ئەوەیە گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵكەن تا بەردەوام بن لەسەر تاوانەكانیان، دەستیان بەخوێنی قیبتیەكان سوور بكەن.
گوڵان: شۆڕش كاریگەری ئیجابی بۆ باشتر بوونی دۆخی موسڵمانان هەیە یا نا؟
د. نەجیب جوبرائیل: شۆڕش رووداوێكی خۆش بوو لەژیانی میسرییەكاندا، بەڵام ئەمە لەسەرەتاكەیدا، دواتر شەرعیەتی تێدا نەما، ئەمەش دوای ئەوەی لەلایەن ئیخوانەوە بەرهەمی شۆڕشەكە دزێنرا، گۆڕییان بۆ شۆڕشی میسری جیهادی، لەپێناو دامەزراندنی خەلافەت.
گوڵان: رەفتاری قیبتیەكان پێش شۆڕش بریتی بوو لە گۆشەگیربوون و دووركەوتنەوە لەكۆمەڵگای سیاسی و پشت بەستنیان بەكڵێسە بۆ چاككردنی كێشەكانیان، بەڵام لەكاتی شۆڕشدا لە رووداوە سیاسیەكان بەشدار بوون ئایا لەو بڕوایەدایت ئەم تەعداكردنانەی دوایی دیسان بیانخاتە پەراوێزەوە؟
د. نەجیب جوبرائیل: هیچ كاتێك قیبتیەكان خۆیان گۆشەگیر نەكردووە، ئەوە رژێمە یەك لەدوا یەكەكانی میسرە پەراوێزیان خستبوون، سادات ئەم كارەی كرد و موبارەك هەموو قیبتیەكانی لەیەك تاكە شەخسی وەكو پاپادا كۆدەكردەوە، بەڵام شۆڕش كە هات قیبتیەكانی خستەوە ناو هاوكێشەكەوە، پاپا پێش شێخەكانی ئەزهەر لەپێناوی میسردا دەپاڕایەوە، لەو بڕوایەداین روودانی گۆڕانكاری گەورەتر مەحاڵ نییە بۆ میسر. نابێت نائومێد بین.
گوڵان: ئەم رووداوانە واتان لێدەكات بەكۆمەڵ لەمیسر كۆچ بكەن و دەربچن؟
د. نەجیب جوبرائیل: نەخێر میسر ماڵی ژیان و مردنمانە
گوڵان: چۆن دەستپێشخەرییەكەی شێخی ئەزهەر لەپاڵپشتیكردنی یەكێتی نیشتمانیدا بەناوی ((ماڵی خانەوادە)) هەڵدەسەنگێنێت؟
د. نەجیب جوبرائیل: تەنیا دڵنیاییەك لەمیسردا هەبێت لای شێخی ئەزهەرە، ئێمە زۆر خەمخۆری بەڕێزیانین، دەیانەوێت بیكەنە ئیخوانی، پێشتریش هێڕشیان كردە سەر ئەزهەر و گەر پێیان بكردایە، ئەویشیان دەسووتاند بەڵام ئێمە پاڵپشتین بۆ ئەزهەرو شێخەكانی.