نەجیب عەبدوڵا :سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بۆ (گوڵان):
April 18, 2013
دیمانەی تایبەت
نەجیب عەبدوڵای سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق و ئەندامی لیژنەی گفتوگۆكان لەگەڵ بەغدا ؛ سەبارەت بەدوا بڕیاری لایەنە كوردستانیەكان لەسەر كێشەكانی نێوان بەغداو هەرێم و گفتوگۆكانی ئەم دواییە لەم دیمانەیە گوڵاندا باس لەو خاڵانە دەكات كە ئامادەكراوەو دووبارە دەدرێتەوە بەهاوپەیمانی نیشتمانی، ئەمەش دەقی دیمانەكەیە.* ئایا كۆبوونەوەی ئەم دواییەی نێوان شاندی كوردستانی و هاوپەیمانی نیشتمانی و نوری مالیكی بەكوێ گەیشتوون؟
- ئێمە وەك فراكسیۆنە كوردستانیەكان نامەیەكمان ئامادەكردووە كە تێیدا جەختمان كردۆتە سەر چەند خاڵێكی زۆر گرنگ، پیش هەموو شت هاتنی شاندی هاوپەیمانی نیشتمانی بۆ هەولێر بەشێوەیەكی ئیجابی هەڵسەنگێنرا، دواتر پێویستە هەموو ئەم هەنگاوانەی كە باسی گفتوگۆ دەكرێت دەبێت ئامانج لێی گەڕانەوەی پرۆسەی سیاسی لەعێراق بێت بۆ رێرەوو ئاراستەی راستی خۆی لەسەر بنەمای كۆك بوونی سیاسی و هاوبەشی نیشتمانی راستەقینە بێت و رەچاوی هاوسەنگی لەنێوان پێكهاتە سەرەكییەكانی عێراق لەدەزگا فیدرالییەكانی ناو دەوڵەتی عێراق بێتە دی، بەدیهێنانی هەموو ئەم ئامانجە نیشتمانی و دیموكراتییانە لەچوارچێوەی رێزگرتن و پابەندبوون بەدەستوور بێت، هاوكات داوامان لەلایەن هاوپەیمانی نیشتمانیی كردووە ئەمجارە چەند هەنگاوێكی ئیجابی بنێن تاوەكو دووبارە متمانە لەنێوان لایەنە سیاسییەكان بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەوەی زەمینە سازییەك بێت بۆ چوونە ناو گفتوگۆیەكی جدی تا وەكو ئەمجارە ئامانجی گفتوگۆكان چاكسازی ریشەیی بێت بۆ چارەسەركردنی قەیرانە بەردەوامەكانی ناو عێراق . لەلایەكی ترەوە خاڵێكی سەرەكی تری ناو نامەكە ئاماژەكردن بوو بە نامەی هێزە كوردستانییەكان كە 9 خاڵی سەرەكی لەخۆگرتبوو لەكۆتایی ساڵی رابردوو ئاراستەی هاوپەیمانی نیشتمانی كرابوو، خاڵەكانیش تەوەری گشتی و تایبەتی لەخۆ دەگرێت، بەشێكی پەیوەندی بەسەرجەم پرۆسەی سیاسی عێراقەوە هەیە، خاڵەكانی تریش باسی هەموو ئەو كێشانەیە كە لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیەو چارەسەر نەكراون.
* ئایا تائیستا ئەو گفتوگۆو كۆبوونەوانە هیچ ئەنجامێكی نوێی لێكەوتەوە؟
- دوای ئەوەی لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتمانی كۆبووینەوە، دواتر لەكۆبوونەوەی دووەم دا لەگەڵ نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووینەوە، لەو دوو كۆبوونەوەیە هاوپەیمانی نیشتمانی و تەنانەت نوری مالیكیش ئامادەیی خۆیان دەربڕیووە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر هەموو كێشەكان، هەروەها تەئكیدیان لەسەر دروستكردنی لیژنەكان كردەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان . لەم روانگەیەوە بڕیاری لایەنی كوردستانی ئەوەبوو جارێكی تر بگەڕێینەوە بۆ هەرێمی كوردستان و لەهەولێر كۆبوونەوەیەك بكەین بۆ دەستنیشانكردنی هەڵوێستی خۆمان بەتایبەتی كە ئەوان ئامادەن بۆ دانوستاندن و گفتوگۆكردن لەسەر هەموو ئەو كێشانەی كە هەیە.
* رۆژی شەمە دوای گەڕانەوەتان لەبەغدا، لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە ئایا دوا بڕیارتان سەبارەت بەچوونەوەتان بۆ بەغداو ئەو پێشنیارو بڕیارانەی لەم كۆبوونەوەیەدا نرا چی بوو؟
- بەبۆچوونی من هەڵوێستی ئەمجارەی لایەنی كوردستانی یاخود جۆری مامەڵەكردنیان لەگەڵ ئەم قۆناغەو قەیرانەكە خاڵێكی جیاوازی هەیە ئەگەر بەراورد بكەم لەگەڵ جارانی رابردوو، خاڵەكەش ئەوەیە ئەمجارە بۆ یەكەمجارە لایەنی كوردستانی بەكردەیی ئەم هەنگاوەیان لە مەسەلەی بایكۆتكردن نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانتاران و وەزیرەكان، زۆرجار پرسیار لەئێمە دەكرا بۆچی كارێكی وا ناكەن یا دەوترا ئەگەر ئەمە كارتێكی فشار بێت بۆ بەكار ناهێنرێت؟ ئەوەبوو ئەمجارە كورد كارتی بایكۆتكردنی لەبەغدا بەكارهێناو ماوەیەكیشە بەردەوامە، ئەمڕۆش لایەنە كوردستانییەكان سوورن لەسەر ئەوەی ئەگەر لایەنی بەرامبەر جدی نەبێت لەچارەسەركردنی ئەم كێشانە ئەوكات لایەنی كوردستانی سوورن لەسەر كشانەوەی تەواو لە پرۆسەی سیاسی عێراق، ئەم هەڵوێستە پێشتر نەبوو . هەربۆیە بەبۆچوونی من، ئەم هەڵوێستەی لایەنی كوردستانی كارێكی نوێیە بەڵام لەزۆربەی ئەو دانیشتنانە تەئكید لەسەر ئەوە دەكرێتەوە كە دەبێت كورد یەك هەڵوێست بێت لەم ئاستە سازش نەكەن لەبڕیاردان بەپێچەوانەوە ئەگەر بێتوو كورد لەم قۆناغە هەستیارە سازشی كردوو یەكهەڵوێست نەبوو دووچاری زیانێكی گەورە دەبێت.
* ئایا گەربێتوو هاوپەیمانی نیشتمانی و نوری مالیكی لەسەر هەڵوێستی خۆیان بەردەوام بن كورد مەسەلەی كشانەوەی تەواو لەحكومەتی عێراق دەگرێتەبەر؟
- لەدوا كۆبوونەوەی ئەمجارەمان هەڵوێستی بایكۆتكردن دووبارە كرایەوە، هەموو لایەنەكان سورن لەسەر ئەوەی یا دەبێت هەنگاوی جدی بەرەو چارەسەركردن بنرێت و لەبەڵێن و پەیمان و تەنیا قسەكردن دەربچێت، كۆبوونەوەو گفتوگۆكردن و سەردان و گەڕانەوە شتێكی باشە مادام خۆمان بڕیاری فیدرالیەتمان داوە بەڵام ئێمە لەگەڵ عێراقێك دەبین كە هاوبەشی راستەقینە هەبێت، ئەما ئەگەر وانەبێت دەبێت لەهەڵوێستی بایكۆتكردنی دانیشتنەكان بچینە ئاستی كشانەوەی تەواو لەپرۆسەی سیاسی لەعێراق . ئەم هەڵوێستەی ئێمە بەرەو دوو ئەگەرمان دەبات یا لایەنی بەرامبەر دەست بەچاكسازییەكی راستەقینە دەكات یا بەپێچەوانەوە ئەو كات دەبێت بڕیاری خۆمان جێبەجێ بكەین ئەویش كشانەوەیە تەواو لە پرۆسەی سیاسی عێراق.
* ئایا ئومێد هەیە بەگفتوگۆ بكەنە چارەسەرێكی گونجاوو بارودۆخەكە بەرەو هێوربوونەوە بچێت؟
- لەم رووەوە ئەزموونێكی تاڵمان هەیە هەربۆیە ناتوانم باس لەهەڵوێستی بەرامبەر بكەم، بەهەردوو دیوەكە زەحمەتە بتوانم بڵێم گەشبینم یا رەشبینم، من تەنیا كاتێك گەشبین دەبم كە لایەنی كوردستانی یەكهەڵوێست بین و سوور بین لەسەر ئەم بڕیارەی داومانە .
* بڕیار درا دوو لیژنە پێكبهێنرێت ئایا ئەو دوو لیژنەیە كەی پێكدەهێنرێن و دەچنەوە بەغدا؟
- بڕیاردرا بەزووترین كات هەردوو لیژنەكە لەم دوو سێ رۆژەدا بچنەوە بەغدا، چونكە لیژنە سەربازییەكە پێشتر هەبووە و گفتوگۆیان لەگەڵ لایەنی بەرامبەر كرد تەنیا دەچنەوە تاوەكو خاڵەكان و بڕیارەكان بخەنە بواری جێبەجێكردنەوە . سەبارەت بەلیژنەی دارایش بڕیارە هەندێك پسپۆرو شارەزای بواری دارایی دەستنیشان بكرێت و بەم نزیكانە بچنەوە بەغدا . هەر بۆیە بارودۆخەكە بەستراوەتەوە بە بونی ئیرادەیەكی راستەقینە لای هاوپەیمانی نیشتمانی ئەگەر هەست بەهەستیاری بارودۆخەكە بكەن و ئیرادەیەكی راستەقینەیان هەبێت لەوانەیە نەتوانم بڵیم چارەسەری ریشەیی هەموو كێشەكان دەكرێت، بەڵام دەگاتە ئاستێك كە وا دەكات ئێمەش بەردەوام بین تا هەڵبژاردنەكانی داهاتوو، ئەوكاتیش گۆڕانكارییەك لەنەخشەی سیاسی عێراق روودەدات.