هنری جەی باركی پسپۆر لەكاروباری توركیا و كورد بۆ گوڵان:كێشەی كورد لە توركیا دایكی هەموو كێشەكانە، هەتا ئەم كێشەیە چارەسەر نەكرێت توركیا نابێتە وڵاتێكی دیموكراتی
April 4, 2013
دیمانەی تایبەت
پرۆفیسۆر هنری جەی باركی یەكێكە لە تۆژەرە باڵاكانی ئامۆژگای كارینجی و تایبەتمەندە لەسەر عێراق و توركیا و كورد و حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەروەها پرۆفیسۆرە لە زانكۆی لیهی و پێشتریش وەك ئەندامی ستافی پلاندانان لەوەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كاریكردووە، پرۆفیسۆر باركی خاوەنی كتێبی (توركیا لە وەرچەرخان) و هەروەها توێژینەوەیەكی گرنگ لەسەر كوردستانە بە ناونیشانی (دوورخستنەوەی تەنگژە لە كوردستان)، ئەم توێژینەوەیە وەك راپۆرتی شوباتی 2009 ئامۆژگای كارینجی پێشكەش كراوە، بۆ قسەكردن لەسەر رەوشی چارەسەركردنی كێشەی كورد لە توركیا و رۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان، گوڵان ئەم وتووێژەی لەگەڵ پرۆفیسۆر باركی ئەنجامداوە كە ئەمە دەقەكەیەتی.* راگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن پەكەكە و توركیاوە بە هەنگاوێكی گرنگ دانرا، كە جیاوازە لە ئاگربەستەكانی رابردو، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا هەردوولا دەتوانن هەنگاو بەرەو چارەسەرێكی ئاشتیانە بنێن؟ چونكە ئاگربەست خۆی لە خۆیدا ئامانج نییە؟
- كاتێك ئێوە دەڵێن جیاوازە، ئەوا پێموانییە بەو شێوەیە جیاواز بێت، لەبەر ئەوەی لە ساڵی 1993شدا ئاگربەست راگەیەنرا، كە بە راستی ئومێدێكی زۆری لێدەكرا ببێتەهۆی كۆتایی هێنان بە قەیرانەكە و ئەو كاتە سەرۆك ئۆزال لە رێی بارزانی و تاڵەبانیەوە ئامادەیی گفتوگۆكردن و قسەكردنی هەبوو لەگەڵ كوردەكاندا، بەڵام ئەوە شكستی هێنا، لەبەر ئەوە باوەڕم وانییە بە زەڕورەت ئەمە ئاگربەستێكی زۆر زۆر جیاواز بێت، چونكە لە رابردوشدا روویداوە، پرسیارەكە ئەوەیە ئامادەییەكی زیاتر هەیە؟، بەڵام من دەڵێم ئەمە یەكەمجارە لە دوای ساڵی 1993ـەوە حكومەتێك دەبینین كە ئامادەیە سەركێشی بكات بۆ ئەوەی پرۆسەكە بەرەوپێشەوە ببات، بەڵام ساڵی 1993 یەكەمجار بوو.
* بە بۆچوونی ئێوە تا چ راددەیەك گرتنەبەری رێگاچارەی ئاشتی لەبری شەڕ گرنگە بۆ توركیا و بۆ كوردەكانی ئەو وڵاتە؟
- ئاشكرایە كە ئەمە زۆر گرنگە و رەنگە ئەمە باشترین شتێك بێت كە لەدوای ماوەیەكی دوورودرێژدا روویدابێت، واتە بڕیاری گرتنبەری ئەم رێگایە. تاكە رێگاچارەی چارەسەری ئەم كێشەیە بریتییە لە گفتوگۆكردن، روونە كە ئەو هەنگاوانەی حكومەت هەڵیگرتوون لە چەند روویەكەوە هەنگاوی بوێرانەن، هەروەها پەكەكەش، بەڵام پێموایە ئەمە پرۆسەیەكی درێژخایەنە و لە شەو و رۆژێكدا روونادات و رەنگە پرۆسەیەكی درێژخایەنی سێ بۆ چوار ساڵی بێت تا ئەو كاتەی چارەسەر دەكرێت. لەبەر ئەوە دەڵێم نابێت پێشبینی ئەوە بكەین شەشی مانگ دۆخەكە چارەسەر دەبێت، پرۆسەیەكی دژوار و درێژخایەن دەبێت.
* ئەگەر توركیا ئامادەیی چارەسەركردنی كێشەی كورد بێت بە شێوەیەكی ئاشتیانە، ئەوا پێویستی بە دووبارە داڕشتنەوەی دەستوور و دووبارە پێناسەكردنەوەی ناسنامە هەیە، ئایا ئێوە پێشبینی دەكەن توركیا دەستوور دابڕێژێتەوە لەم پێناوەدا؟
- لە راستیدا ئەمە پرۆسەیەكی دوورودرێژە، لەبەر ئەوەی زۆرێك لە گۆڕانكارییەكان، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەست بێت بە دەستوورەوە، ماوەیەكی زۆری دەوێت و بە شەو و رۆژێك كۆتای نایەت. چونكە پێویست بە پێكهێنانی كۆمسیۆنی جیاواز دەكات، كە دەبێت ئەو كۆمیسیۆنانە بێنە دامەزراندن. هەروەها هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە توركیادا بەڕێوەیە و پرسی ئەوە هەیە ئایا دەكرێت هەمواركردنەوە دەستووریەكان پێش هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكان ئەنجام دەدرێت یان نا. پێموانیە بتوانن ئەمە بكەن، كەواتە زۆرێك لە مەسەلەكان دوادەخرێن بۆ دوای هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكان لە مانگی تەمموزی ساڵی 2014دا، لەبەر ئەوە ئێمە باس لە پرۆسەیەكی درێژخایەن دەكەین، هەروەها ئەمە مایەی مەترسیە، چونكە كاتێك پرۆسەكە دوورودرێژ دەبێت، رەنگە شتەكان بە ئاڕاستەیەكی هەڵەدا بڕون، بەڵام لە هەمان كاتدا پەلەكردن لە شتەكان هەمیشە كارێكی باش نییە.
* زۆر لە شارەزایان پێیانوایە توركیا پێویستی بە چارەسەركردنی كێشەی كوردە بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە سوپەر پاوەری ئیقلیمی و دووبارە پێناسەكردنەوەی خۆی وەك وڵاتێكی دیموكراتی، ئایا تا چەند چارەسەركردنی كێشەی كورد بۆ پێگەی توركیا گرنگە؟
- هەمو ئەوانە راستە و من لەم رووەوە لاریم نییە لەوەی وتتان، چونكە تاوەكو كێشەی كورد چارەسەر نەكرێت، ناكرێت توركیا ببێتە وڵاتێكی دیموكراتی و تاوەكو كێشەی كورد چارەسەر نەكرێت ناتوانێت بچێتە پاڵ یەكێتی ئەوروپا، كەواتە چارەسەركردنی كێشەی كورد بۆ ئەم دوو بوارە گرنگە. بۆ توركیا كێشەی كورد دایكی كێشەكانە، زۆربەی ئەو كێشانەی لە توركیادا هەن دەكرێت بۆ چارەسەرنەكردنی كێشەی كورد بگەڕێنرێتەوە، دەكرێت هۆكاری دەستێوەردانی سەربازی، و سیاسەتی ئابووری خراپ و سەركردایەتی خراپ، بە شێوەیەك لە شێوەكان بگەڕێنرێنەوە بۆ كێشەی كورد، كەواتە چارەسەركردنی دەرگای ئەگەری ئایندە بە رووی توركیادا دەكاتەوە.
* بەڕێزتان ئاگادارن دەمێكە هەرێمی كوردستان داوای ئەوە دەكات ئەم كێشەیە بە ئاشتی و بە شێوازی سیاسی چارەسەر بكرێت، ئایا تاچەند هەرێمی كوردستان لەم پرۆسەیە رۆڵی دەبێت؟
- ئاشكرایە حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەرێمی كوردستان دەتوانێت رۆڵێكی گرنگ ببینێت، لەبەر ئەوەی بنكەكانی پەكەكە لەو شوێنانەن كە حكومەتی هەرێمی كوردستان كاریگەری لەسەریان نییە و ناوچەی شاخاوی و سەختن، بۆیە ئەگەر پەكەكە چەكدابماڵێت بۆ هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێم گرنگ دەبێت، خاڵی دووەم ئەوەیە كە كۆتایی هاتن بەم كێشەیە هۆكارێكی یارمەتیدەرە بۆ هەرێمی كوردستان، لەبەر ئەوەی ئەگەر هەرێمی كوردستان پێویستی بەوە هەبێت رایبگەیەنێت كە كۆنتڕۆڵی خاكی خۆی دەكات، ئەوا نابێت گرووپێكی چەكداری هەبێت كە لە ژێر دەسەڵاتی خۆیدا نەبێت و بنكەی لە خاكەكەیدا بێت. هەر لەم روانگەیەوە، گرنگە كە هەرێمی كوردستان بتوانێت رایبگەیەنێت كە بڕوانن ئێمە كۆنتڕۆڵی هەموو خاكەكەمان دەكەین، كە ئەمەش كارێكی هەستیارە لەم ساتەوەختەدا، كەواتە ئەمە پرۆسەیەكی دوو سەرەیە.