تۆزن بەهچلی پسپۆر لەسەر كێشەی كورد بۆ گوڵان:سەرۆك مسعود بارزانی دەمێكە ئەوەی راگەیاندووە كێشەی كوردی توركیا بە ئاشتی چارەسەر دەكرێت نەك رێگەچارەی سەربازی
April 4, 2013
دیمانەی تایبەت
پرۆفیسۆر تۆزن بەهچلی سەرۆكی بەشی زانستە سیاسیەكانە لەزانكۆی كینگ لە كەندا و تایبەتمەندە لەسەر پرسی ناشنالیزم و كێشەی ئیتنی و لە ناویاندا كێشەی كورد لە عێراق و توركیا، ئێستاش سەرقاڵی توێژینەوەیەكە لەسەر هەرێمی كوردستان و بەم نزیكانە بۆ ئەنجامدانی ئەو توێژینەوەیە دێتە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی لە نزیكەوە بەرەو پێشەوەچوونەكانی هەرێمی كوردستان ببینێت، سەبارەت بە رەوشی ئێستای كوردی توركیا و هەوڵەكان بۆ چارەسەری ئاشتیانە، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی پرۆفیسۆر بەهچلی كرد و بەڕێزی بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.* دەمێكە هەست بەو راستیە كراوە كە كێشەی كورد لە توركیا كێشەیەكی سیاسیەو ناكرێت بە شێوازی دیكە چارەسەر بكرێت، ئێستا ئەم قەناعەتە دروست بووە ئایا چۆن سەیری ئەم بارودۆخە تازەیە دەكەیت؟
- بۆ چەندین ساڵە ئەو راستیە روونە كە كێشەی كورد لە توركیادا پێویستی بە چارەسەری سیاسیە و ناكرێت لەڕێی رێگاچارەی سەربازیەوە یەكلابكرێتەوە. ساڵەهایە خەڵكی توركیا(تورك و كورد) بە گیان و ماڵی خۆیان باجێكی گرانیان داوە، خواستێكی بەربڵاو هەیە لە وڵاتەكەدا بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی ئاشتیانە. هەروەها بەردەوام سەرۆك مسعود بارزانی رایگەیاندووە كە كێشەی كورد لە توركیادا پێویستی بە چارەسەرێكی ئاشتیانە و سیاسیانە هەیە و بەكارهێنانی توندوتیژی بێهودەیە. هەرچۆنێك بێت، بە رەوچاكردنی ئەو بەرەوپێشچوونانەی بەم دواییە لە پەیوەندیەكانی نێوان توركیا و كوردستانی عێراقدا هاتونەتەئاراوە، ئەوا بە بەراورد بە رابردوو بارزانی رۆڵێكی گەورەتری گرتەبەر لە پەیوەندیدا بە پرسی كوردەوە، لە راستیدا بووە شەریكێكی هاندەر بۆ توركیا. بە روونی رایگەیاندووە كە خوازیارە پەكەكە كۆتایی بە خەباتی چەكداری بهێنێت لەپێناو گرتنبەری خەباتی سیاسیدا. لە ئێستا بارزانی هەڵوێست و پێگەی لە نێو كوردەكانی توركیادا گرنگ و گەورەیە، دەتوانێت بۆ هەردوولا هاندەری ئاشتی بێت.
* ئایا لەدوای ئەو هەنگاوانەی هەڵگیران هەردوولا(حكومەتی توركیا و پەكەكە) دەتوانن هەنگاو بەرەو چارەسەرێكی ئاشتیانە بنێن؟ چونكە ئاگربەست خۆی لە خۆیدا ئامانج نییە؟
- ئەم ئاگربەستەی ئێستا لە توركیا یەكەم حاڵەتی راگرتنی هێرشەكان نییە لەلایەن پەكەكەوە. كات ئەوە ساغ دەكاتەوە ئایا ئەم ئاگربەستەی ئێستا درێژە دەكێشێت و دەبێتە سەرەتای ئەو چارەسەرەی كە داواكاریە جەوهەریەكانی كورد لەخۆبگرێت(وەك پەروەردەكردن بە زمانی كورد- كە دەوڵەت پشتیوانی لێبكات- و شۆڕكردنەوەی دەسەڵات بۆ ناوچە كوردیەكە) و لە لایەن حكومەتی داد و گەشەپێدانی رەجەب تەییب ئەردۆغان و چین و توێژەكانی توركیاوە قبوڵبكرێت.
* بەڵام ئەگەر ئاگربەست بونیادی ئاشتی بەدوا نەیەت، ئەوا كێشەكە بە چارەسەرنەكراوی دەمێنێتەوە، پرسیارەكە ئەوەیە چۆن بنیاتنانی پرۆسەی ئاشتی دەبێتە ستراتیجیەتی هەردوولا؟
- پێدەچێت هەم حكومەتی توركیا و هەم پەكەكە، هەروەها ناسیۆنالیستەكانی توركیا هەندێ دەرسیان لە رابردووە وەرگرتبێت. ئەو زمانە لەبەرچاوبگرە كە ئەندامانی حكومەتەكەی توركیا بەكاری دەهێنن، لە نێویاندا ئەردۆغان، لە كاتی قسەكردن لەبارەی عەبدوڵا ئۆجەلانەوە. چیتر پێی ناوترێت «گەورە تیرۆریست» و لەبری ئەوە بە بەڕێزی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە گفتوگۆ كاری سەرەكی حكومەتە. ئێمە شایەتحاڵی پرۆسەیەكی هەستیاری ئاشتین و بۆی هەیە زۆر شت بە هەڵەدا بڕوات. ئەوانەی ئەم پرۆسەیە رەتدەكەنەوە لەنێو تورك و كوردەكاندا هەوڵی بە لاڕێدابردنی پرۆسەكە دەدەن. هەرچۆنێك بێت، پێدەچێت حكومەتەكەی داد و گەشەپێدان پێداگیر بێت، هەروەها ئۆجەلانیش لە گەیشتن بە چارەسەرێك، كەواتە گەشبینی و پاڵپشتیەكی بەربڵاو هەیە لە وڵاتدا بۆ كۆتایی هێنان بە ناكۆكیەكە. بەپێی راپرسیەك كە لە 28ی ئازاری 2013، كە لەلایەن بەشار ئەتالای راگەیەنرا، كە جێگری سەرۆك وەزیرانە، و بەرپرسە لە سەرپەرشتیكردنی دەستپێشخەری نوێی پەیوەست بە كوردەوە، لە سەدا 57.7 خەڵكی توركیا پشتیوانی هەوڵەكانی حكومەت دەكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد.
* حكومەتی توركیا ئەگەر ئامادەباشی و پشتگیری هەبێت، كەواتە دەتوانێت دەستوور دابڕێژیتەوە، ئایا ئێوە پێشبینی دەكەن توركیا دەستوور دابڕێژێتەوە لەم پێناوەدا؟
- گومانێكی كەم هەیە لەبارەی پێویستی پێداچوونەوە بە دەستووری ئێستا كە لە ساڵی 1982 تەبەنی كراوە، بەڵام كەس نازانێت دەقا و دەق ئەو پێداچوونەوەیە دەبێت چی بێت. هەروەها گومانێكی كەم هەیە لەبارەی پێویستی لابردنی ئەو ماددەیەی كە برینداركەرە بۆ كورد و كەمینە ئیتنیەكانی دیكە، كە دەڵێت «هەموو كەسێك بەهۆی هاوڵاتیبوونەوە بە توركیاوە پەیوەست بێت، توركە.» لەوەش زیاتر، ئێمە پێشبینی ئەو گۆڕانكاریانە دەكەین كە بواری یاسایی بەردەم كوردەكان بەرفراوانتر بكات بۆ ئەوەی مافە جەمەعیەكانی خۆیان بەدەست بهێنن. هەندێ لە گۆڕانكاریەكان بە چەشنی ئەوەی بوار بە پەروەردەكردنی كوردی دەدات- كە دەوڵەت پشتیوانی لێبكات- پێویست بە هەمواركردنەوەی دەستووری ناكات.
* تا چەند چارەسەركردنی كێشەی كورد بۆ پێگەی توركیاش گرنگە؟
- پێموانیە كە خواستی بەهێزكردنی دیموكراسی لە توركیادا پاڵنەری سەرەكی بێت بۆ دەستپێشخەریی نوێی توركیا بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد. چەندین هۆكار هەن بۆ خستنەڕووی دەستپێشخەریی چارەسەركردنی كێشەی كورد: لەنێو هۆكارە سەرەكیەكاندا هۆكاری درككردن هەیە بەوەی بەبێ ئەم چارەسەرە، لە رووی مرۆییەوە بەردەوام توركیا باجێكی گران دەدات و ناكۆكیەكە دەبێتەهۆی لەناوبردنی توانای توركیا و رێگری لێدەكات لەوەی رۆڵێكی گەورەتر ببینێت لە ناوچەكەدا. هەروەها مەرج نییە چارەسەركردنی كێشەی كورد ئەگەری گەیشتنی توركیا بە یەكێتی ئەوروپا بەهێز بكات. كۆمیسیۆنی یەكێتی ئەوروپا چارەسەركردنی كێشەی كوردی نەكردۆتە پێشمەرج بۆ گەیشتنی توركیا بە یەكێتی ئەوروپا، بەڵام بەردەوام داوای لە توركیا كردووە تۆماری خۆی لە بارەی مافەكانی مرۆڤەوە باشتر بكات. گومانێكی كەم هەیە لەبارەی ئەوەی توركیا دەبێتە سوپەرپاوەری ئیقلیمی ئەگەر بتوانێت كێشەی كورد چارەسەر بكات.