دكتۆر فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ (گوڵان): حكومەتی عێراق كەوتووەتە هەڵەیەكی گەورەوە كە تەنیا سەرقاڵی بەڕێوەبردنی قەیرانە نەك چارەسەركردنی قەیران
April 4, 2013
دیمانەی تایبەت
ئەمڕۆ بڕیارە لیژنەی گەڵاڵەكردنی هەڵوێست فراكسیۆنە كوردستانیەكان، رەشنووسی پێشنیاركراوی خۆیان لەمەڕ (كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداو چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ قەیرانی سیاسی عێراق) بۆ بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەرز بكاتەوە، ئەمەش وەكو ئامادەكارییەك بۆ ئەنجامدانی ئەو كۆبوونەوە فراوانەی كە واچاوەڕوان دەكرێت بەمنزیكانە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیران و نوێنەرانی كورد لەحكومەتی فیدرال و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سازی بدات. ئەم رەشنووسە جگە لەوەی دیدو راوبۆچوونی سەرجەم فراكسیۆنەكانە، هاوكات ئەجێندەی كارەكان و هەنگاوەكانی دوا هەڵوێستی هەرێم لەمەڕ ئەو كێشانە دیاری دەكات. بۆ قسەكردن لەسەر ئەو كۆبوونەوەیە و قەیرانی سیاسی عێراق چەند پرسیارێكمان ئاراستەی بەڕێز دكتۆر فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم و ئەندامی لیژنەی ناوبراو كردو لەدیدارێكی تایبەتدا بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.* رۆژی پێنچ شەممەی رابردوو لیژنەی گەڵالە كردنی هەڵویست كۆبوونەوە،وەك ئامادەكارییەك بۆ كۆبوونەوەی داهاتوو، ئایا دوا ئامادەكارییەكان بۆ ئەو كۆبوونەوەیە چییە؟
- لەدوا كۆبوونەوەماندا كۆمەڵێك بابەت و تەوەر خرایە بەر باس و تاوتوێكران، هەر لەتوێژینەوەو لێكۆڵینەوەی تەواویی بارودۆخی سیاسیی عێراق تا هەڵسەنگاندنی هەڵوێستی لیستەكانی ئەلعێراقییەو رەوتی سەدرو ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق، كە تێیدا لێكۆڵینەوە لەسەر یەكەیەكەی هەڵوێستی ئێستای ئەو لیستانە كرا؛ بۆ نموونە ئەو بەشەی لیستی عێراقییە كە چووە لەگەڵ مالیكی و ئەوەشی كە نەچووەو هۆكارەكانی چین؟ یا ئەو بەشەی هێزە سیاسییەكانی سوننەی عێراق كە لەخۆپیشاندانەكانی ئەم دواییە بەشدار بوون، هەروەها هەموو ئەو تەوەرو بابەتانەی كە پەیوەستن بەم بارودۆخەو رەوشی سیاسی عێراقەوە لەو كۆبوونەوەیەدا باس كرا. خاڵێكی تر لەكۆبوونەوەكەدا تایبەت بوو بە باسكردنی هەڵوێستی ئێستای خۆمان و چۆنیەتی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی دەمانەوێت بەرەو كوێ بڕۆین و چی بڕیارێك لەمەڕ قەیرانی پرۆسەی سیاسی عێراق وەربگرین؟ ئەمە جگە لە باسكردنی كۆمەڵێك تەوەری تر كە پەیوەندی هەبوو بەبارودۆخی ناوخۆو هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانەوە.
* ئێوە راسپێردرابوون بەتاوتوێكردنی راوبۆچوونی سەرجەم فراكسیۆنەكان، دەكرێت بزانین خاڵی هاوبەش وەك كۆدەنگی كورد بەرامبەر بەغدا چییە؟
- كۆبوونەوەی لیژنەی گەڵاڵەكردنی هەڵوێست خۆی لەخۆیدا نیشانەی ئەوە بوو یەكهەڵوێستی لەمەڕ كێشەكانی نێوان بەغداو هەرێم هەیە، چونكە نوێنەرانی هەموو هێزە سیاسییەكانی كوردستان لەبەغدا لەو كۆبوونەوەیەدا بەشدار بوون و بەهەند بۆچوونەكانیان وەرگیراو گفتوگۆو دانوستاندن لەبارەیەوە كرا.وەكو هەڵوێستی هاوبەشیش كە ببێتە بڕیار ئەوا لەكۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە پێشنیار دەكرێت.
* ئەو هەڵوێستە هاوبەشەی ئێستا كە كاری بۆ دەكرێت؛ تاچەند دەبێتە فاكتەرێكی گرنگ بۆ وەرچەرخانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداو یەكلایكردنەوەی كێشە هەڵپەسێردراوەكان؟
- من پێم وایە لەهەموو ئەو مەسەلانەی پەیوەندی بە بەغداو دەوڵەتانی دراوسێ وە هەیە هەڵوێستی هاوبەش زۆر گرنگە، مانای ئەوەیە هێزی یەكهەڵوێستی نیشان دەدەین كە لەكاتی دانوستاندنەكاندا بەهێز دەبین و لەبایكۆتكردنیشدا هەر بەهێز دەردەكەوین، چونكە هەڵوێستی هاوبەش لەبڕیاری چارەنوسسازی نەتەوەیی دا دەرخستنی هێزی هەرێمی كوردستانە هەروەكو چۆن لەگەڵاڵەكردنی هەڵوێستەكانمان لەمەڕ كێشەكانی نێوان بەغداو هەرێم دەركەوت.
* كەواتە ئەجێندەیەكی گشتگیرتر ئامادە كراوە كە پەیوەندی بەرێكەوتنەكانی پێشووترەوە هەیە، نەك تەنیا ئامادەكردنی ئەجێندەیەك بۆ كۆبوونەوەی فراوانی ئەمڕۆ لەمەڕ هەڵوێستی هەرێمی كوردستان سەبارەت بەو كێشانەی چەندین ساڵە لە نێوان بەغداو هەرێم بەهەڵپەسێردراوی ماوەتەوە؟
- لەراستیدا لەو كۆبوونەوەیە باسی زۆر مەسەلە كراو و یەكێك لەكۆبوونەوە فراوانەكان دادەنرا كە 4 كاتژمێر كۆبووینەوەو باسی رابردوو ئەجێندەو رێكەوتنی هەولێر كراو، هەڵسەنگاندنی تەواوی ئەو مەسەلانە كرا كە لەو رێكەوتنانەی پێشوو چی جێبەجێ كراوە یا جێبەجێ نەكراوە. تەنانەت باسی هۆكاری پەیوەندی ئێستا لەگەڵ بەغدا كراو هەموو ڕێگاو چارەسەرەكان خرایە بەرباس و گفتوگۆ. سەبارەت بەتەوەری دووەمیش كە پێشتر ئاماژەم پێداو پەیوەندی بەتەوەری ناوخۆو هێزە سیاسییەكانی كوردستانەوە هەبوو قسەی لەبارەوە كرا.
* ئەوەی وەكو ئەرێنی لە كۆبوونەوەی لیژنەی گەڵاڵەكردنی هەڵوێست سەبارەت بەكێشەكانی نێوان بەغداو هەرێم بینرا، بەشداربوونی هەر پێنچ لایەنی فراكسیۆنەكانی كوردستانە كەخۆی لە لایەنە سیاسییەكانی (پارتی و یەكێتی و گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی) دەبینیەوە، ئایا چ رادەیەك كورد دەتوانێت دەستكەوتێكی لێ دەستكەوێت؟
- دامەزرانی ئەم لیژنەیە بەبڕیاری جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان خۆی لەخۆیدا نیشانەیەكە بۆ ئەوەی پێویستە یەكهەڵوێست بین بەتایبەتی لەبەغدا، یەكهەڵوێستیش گەر بێتوو لەناو ماڵی خۆمان نەبێت رەنگدانەوەی لەبەغدا نابێت، هەر لەم روانگەیەوە تەوەری دووەمی كۆبوونەوەكە تایبەت كرابوو لەمەڕ بابەتی ناوخۆی هێزە سیاسییەكانی كوردستانەوە، چونكە ئەمانە ئەو هێزانەن كە لەبەغدا نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستان دەكەن، ئەمەو بەو پێیەی ئەو هێزە سیاسییانە لەبەغدان لەووردەكاری زانیاریی و شارەزاییان لەمەسەلەكان هەیە و بگرە پێشنیاركردنی ئەوان لەلایەك عەمەلییەو خوێندنەوەیەكی واقیعیانەی باشیان بۆی هەیە چونكە هێزە سیاسییەكانی كوردستان كە لەبەغدا نوێنەرایەتی كورد دەكەن خۆیان بەشێكن لەو واقیعە هەربۆیە خوێندنەوەو پێشنیاری پراكتیكییان هەیە.
* چاودێران ئاماژە بەوە دەكەن، كۆدەنگیەك هەیە بەوەی دەبێت بگەڕێنەوە بۆ رێكەوتنی هەولێر، ئایا تاچەند ئێوە هەڵسەنگاندنتان لەسەر ئەو بنەمایە بووە كە دووبارە ئەو رێكەوتنە ببێتە بنەما بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو كێشانە؟
- هەموو ئەو خەیاراتانە خرایە بەرچاوو باسكردن و كۆمەڵێك پێشنیار كراوە كە دەخرێنە بەر دەستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئەو كاتە بڕیاری لەسەر دەدرێت . چونكە ئەم لیژنەیەی هەڵساین بەگەڵاڵەكردنی هەڵوێست، لیژنەی بڕیار نەبوو بەڵكو لیژنەی ئامادەكردنی بڕیار بوو، كە توانیمان كۆمەڵێك بڕیاری گرنگ ئامادەبكەین و وەكو باسم كرد دەیخەینە بەردەستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان.
* بۆچوونت بۆ داهاتوو چی یە بەتایبەتی كە كۆبونەوەكە گوزارشتی لەسەرجەم فراكسیۆنەكان دەكرد؟
- بوونی ئەمجۆرە میكانیزمە بۆ گفتوگۆكردن و بەرزكردنەوەی پێشنیار بۆ سەرۆكی هەرێم گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، هەر بۆیە بەبۆچوونی من میكانیزمێكی سەركەوتوو بوو كە سەرجەم هێزەكانی كوردستانی لەخۆ گرتووەو لەبەغدا نوێنەرانی كوردن. ئەوەی دەمێنێتەوە تایبەتە بەئامادەكردنی بڕیار كە لەسەر خاڵ و مەسەلەی واقیعی دەبێت، چونكە ئامادەكردنی بڕیارێكی گونجاو لەسەر رۆشنایی ئەو گفتوگۆو وتووێژانە كارێكی ئاسان نییە و پێویستە یەك بڕیار بدرێت كە بڕیارەكەش تەنیا راسپاردەیە و بەشێوەیەكی روون و شەفاف دەخرێتە بەرچاوو لەكۆبوونەوەی جەنابی سەرۆكی هەرێم بڕیارێكی دروست و كۆتایی لەبارەیەوە دەدرێت. چونكە بڕیاری دروست لەمەڕ كێشەكانی نێوان بەغداو هەرێم و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ كێشەی قەیرانی سیاسی عێراق لەسەر بنەمای زانیاری راست و شیكردنەوەی راست.
* وەكو تێبینی دەكرێت بەشێك لەهێزە نیشتمانییەكانی عێراق پشتیوانی لە مافەكانی كورد دەكەن ؛ كە زیاتر مالیكی پێشێلی دەكات. ئایا خوێندنەوەت بۆ ئەو بارودۆخە چۆنە؟
- ئێمە پێویستە كاتێك سەیری كێشەكانی عێراق دەكەین نابێت تەنیا بڕوانینە ئەوەی تەنیا كێشەی حكومەتی عێراق لەگەڵ كورد هەیە، ئەوەتا كێشە لەگەڵ سوننەو بەشێكی شیعەش هەیە كەواتە ئەمە مانای وایە قەیرانی سیاسی عێراق قەیرانێكی ئاڵۆزەو بەشێكی پەیوەندی بە كوردستانەوە هەیەو بەشی زۆری پەیوەندی بە بیرۆكەی چۆنیەتی مامەڵەكردنی دەسەڵات و دەستوورەوە هەیە. كاتێك دووربكەویتەوە لەدەستوورو بڕگەو ماددەكانی جێبەجێ نەكەین بەواتا كێشەو قەیرانی لێدەكەوێتەوە. هەر لەم روانگەیەوە لەگفتوگۆكانی ناو كۆبوونەوەی لیژنەكە باسی هەموو لایەن و پرسەكان كرد، چونكە قەیرانی عێراق قەیرانێكی ئاڵۆزەو تەنیا پەیوەندی بەكوردەوە نییە. عێراق بەمشێوەیەی ئێستا بەڕێوەناچێت، چونكە حوكمڕانی و بەڕێوەبردنی وڵات و دەوڵەتداری بەمشێوەیە نییە ئەمە پێی دەڵێن دروستكردنی قەیران و دواتر بەڕێوەبردنی قەیران، كاری دەوڵەت بەڕێوەبردنی قەیران نییە بەڵكو دۆزینەوەی چارەسەركردنی قەیرانە، ئێستا عێراق سەرقاڵی بەڕێوەبردنی قەیرانە نەك چارەسەركردنی قەیران و ئەمەش هەڵەیەكی گەورەیە حكومەتی عێراق تێی كەوتووە.