خەسرەو گۆران بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان:بەشداری كردنی كورد بە یەك لیست، چارەنووسی ناوچە كوردستانییەكان لە دەرەوەی هەرێم دەست نیشان دەكات

خەسرەو گۆران بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان:بەشداری كردنی كورد بە یەك لیست، چارەنووسی ناوچە كوردستانییەكان لە دەرەوەی هەرێم دەست نیشان دەكات
سەبارەت بە هەستیاریی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و ئەو میكانیزم و ڕێوشوێنانەی لە لایەنە سیاسیە كوردییەكانەوە دەگیرێنەبەر بە مەبەستی دابەزینیان بە یەك لیست بۆ هەڵبژاردنەكان و كاریگەریی ئەرێنی لەسەر پۆست و دەنگ و پایەو كورسی و ورەی كوردستانیانی ئەو ناوچانەو بەرزتربوونەوەی ئاستی هەیبەتی كوردو دیاریكردنی ڕێژەی ڕاستەقینەی سروشتی هەبوونیان لەو ناوچانەدا كە لە خاكی نیشتمانی ڕەسەن و زێدی مێژووییان دابڕێنراون، هەروەها چەندین پرس و بیرو ڕای دیكەی ئەو تەوەرو بابەتانە، گۆڤاری گوڵان ئەم دیمانەیەی لەگەڵ بەڕێز خەسرەو گۆران بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان سازكرد كە ئەمە دەقەكەیەتی.
*ئەمجارە كورد بە كۆی لایەنە سیاسییەكانییەوە بەیەك لیست بەشدارییان لە هەڵبژاردنەكانی پارێزگاكانی عێراق كرد، بە تایبەتیش لەو ناوچانەی دەكەونە سنووری ماددەی 140ی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، بەشداری كردنی كورد بەیەك لیست چ جیاوازییەكی هەیە لەگەڵ پێشترو چ شانسێك بەكورد دەدات؟
- ئێمە وەكو پارتی هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ ئەوە بووین كە ئێمەی كورد لەبەر هەستیاریی ئەو ناوچانەی دەرەوەی هەرێم، لەبەر گرنگیی هەڵبژاردن لەو ناوچانە،بەگرنگمان زانی پێوەندیی بە هەموو لایەنە سیاسییەكانەوە بكەین بۆ ئەوەی بەیەك لیست دابەزین نەك بە لیستی جیاجیا، چونكە ئەزموونێكی تاڵمان هەبوو لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2010ی پەرلەمان،لە هەموو ئەو ناوچانە بە تایبەتیش لە كەركوك،بۆ نموونە لە كەركوك یەك لیستی كوردستانی نەبوو،كۆمەڵێك لیست هەبوو،لیستی هاوپەیمانی كوردستانی بوو كە پارتی و یەكێتی و چەند لایەنێكی دیكەی تێدا بوو، بێجگە لەم لیستە گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو لیستی خۆیان لەم پارێزگایە هەبوو، لەو هەڵبژاردنانەی كەركوك لە لیستە كوردیەكان تەنیا لیستی هاوپەیمانی كوردستانی توانی كورسی بەدەست بێنێت، دەنگی گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو هەمووی بەهەدەر رۆیشت كە نزیكەی 70 هەزار دەنگ دەبوو، ئەو70 هەزار دەنگە ئەگەر لەناو هاوپەیمانی كوردستانی بووایە بە قازانجی كورد دەشكایەوە، رەنگە دوو كورسی دیكەشمان هێنابایە، ئەنجامەكەش نەدەبووە 6 بە 6 ، بۆ كورد و عەرەب و توركمان، رەنگە ئەنجامەكان ببووایە 8 بە 4 یان 7 بە 5 لە قازانجی كورددا، چونكە ئەو كاتە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی (قاسم)ی هەڵبژاردن هەیە ئەو (قاسم)ە رێژەیەكە ئەگەر هەرلایەنێك یان كیانێكی سیاسی نەیگاتێ ناتوانێت كورسی ببات، بۆ نموونە بۆ ئەوەی لە كەركوك كورسی بەدەست بهێنرێت ئەو وەختە لە 2010 گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو دەبووایە بۆ بەدەست هێنانی هەر كورسیەك بەلایەنی كەم 46 هەزاروچوارسەدو بیست دەنگیان بهێنابایە، هیچ كام لەمانە ئەوەندە دەنگەیان نەهێنا،لەوانەیە 30هەزار یان 40 هەزاریان هێنابێت بۆیە ئەم دەنگانە بە فیڕۆ چوون، لە كۆتاییدا ئەو دەنگانە دەكرێنە كورسی قەرەبووكردنەوەو دەدرێنە لایەنە براوەكان، قازانجی یەكڕیزی و یەك لیستیی ئەوەبوو كە دەنگەكانمان بەفیڕۆ نەدەڕۆیشت، هەتا ئەگەر حزبێكی بچووكیش بێت 400 دەنگیشی هەبێت ئەگەر ئەویش كورسی نەهێنێت ئەوا مانای وایە كورد هێناویەتی چونكە لەناو لیستی كوردستانییە،دواتریش كورسی تەعویزی زیاتری بەبەر دەكەوێت،هەربۆیە ئێمە ویستمان كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بەیەك لیست دابەزێت،مایەی خۆشحاڵییە كە هەموو لایەك پابەندو ئامادەبوو بەیەك لیست دابەزین،ئێستا ئەو لیستەی كەهەیە(لیستی برایەتی و پێكەوەژیان) هەشت لایەنی سیاسی تێدایە،جگە لەو هەشت لایەنە هەندێ لایەنی دیكەشی تێدایە كە وەكو كیانی سیاسی لە كۆمسیۆن تۆمارنەكراون، بەڵام لە كاتی دەنگداندا پشتگیریی ئەو لیستە دەكەن،ئەمەش لە قازانجی كوردە.
* لە هەڵبژاردنی رابردوودا كورد كۆمەڵێك كەموكوڕیی هەبوو كە زیانی پێگەیاند وەك نەتەوە، ئێستا هەڵبژاردن لە كەركوك ناكرێت زۆرینەی كورد لەو ناوچانەی دەكەونە دەرەوەی هەرێم، دەكەونە پارێزگای موسڵ لە 2009 بەهەمان شێوە كورد دەنگێكی زۆری هێنا، ئەگەر هەمان شت دووبارە ببێتەوە ئێوە پێشبینی چی دەكەن لە موسڵ؟
- لە موسڵ ئەزموونێكی دوورودرێژمان هەیە،یەكەم هەڵبژاردن لە 2005 بوو،ئێمە نزیكەی زۆربەی كورسییەكانمان بەركەوت و دەسەڵات لای ئێمە بوو چونكە عارەب بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی كرد،هەڵبژاردنی دووەم كە لە 2009 كرا،كورد بەتەواوی مافی خۆی هێنا واتا بەقەد قەوارەی خۆی لەو پارێزگایە دەنگی هێنا، بۆ نموونە یەك لەسەر سێی كورسییەكانی بەركەوت،ئەوەش كەم نییە لەو بارودۆخەی كە كورد تێیدایە لەو پارێزگایە، تۆقاندن و تیرۆر و بوونی رەگەزپەرستی بەتایبەتی لەناو شاری موسڵ كە زۆربەی دەنگەكان لەوێ دێن، بە رای من ئەو 12 كورسییەی كورد هێنای كەم نەبوو،ئەو ژمارەیە كەم نییە بۆ پارێزگایەكی گەورەی وەكو موسڵ كە ئێستا ژمارەی دانیشتووانی نزیكەی سێ ملیۆن و نیوە، واتا زیاتر لە ملیۆنێك هاووڵاتی لەگەڵ لیستی برایەتی بوون، ئەو كاتە پارتی و یەكێتی و یەكگرتوو بوون هێشتا گۆڕان پەیدا نەبووبوو، ئەو وەختە زۆربەی لایەنە سیاسیەكان لەناو لیستەكە بوون، ئەمجارەش كە ساڵی 2013یە و بۆ سێیەم جار هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەو پارێزگایە دەكرێت، دیسان كورد پێكەوە بە لیستی برایەتی و پێكەوە ژیان بەشداریی دەكات، ئومێدەوارم كورد بەهەمان قەبارەی 2009 یەك لەسەر سێی كورسییەكان بەدەست بێنێت،بە تایبەتی لەو بارودۆخەی ئێستا كە لایەنی بەرامبەر كۆك نین،واتا لیستەكانی بەرامبەرمان پچڕپچڕن و لێكدابڕاون، لە 2009دا دوو جەمسەر بوون، لیستی برایەتی و حەدبا، وەكو بڵێیت ململانێیەكی نەتەوەیی بوو لەنێوان كوردو عارەب،كە بەداخەوە وای لێهات، بۆیە كورد وعەرەب بە هەموو قەبارەی خۆیان بەشدارییان كرد و بەقەد قەبارەی خۆیان دەنگیان هێنا، عارەب 50%ی دەنگەكانی هێنا كوردیش یەك لە سەر سێی دەنگەكانی هێنا ئەوی مایەوەش بۆ كۆتاكان و خەڵكی دیكە رۆیشت، ئەمجارە وانییە، هەژدە ئیئتلاف و هاوپەیمانی لەسەر 39 كورسی پارێزگای موسڵ پێشبڕكێ دەكەن، كورد بە یەك لیستە (لیستی برایەتی و پێكەوەژیان) بەشدارە، بەڵام عارەب بە 17 لیست دادەبەزێت، بۆیە دەڵێم چانسی لیستی برایەتی زۆرە كە ببێتە لیستی یەكەم، مەبەستم ئەوە نییە كە زۆرترین كورسی بهێنێت، چونكە كورد ناتوانێت زۆربەی كورسییەكان بهێنێت لە پارێزگایەك كە خۆی زۆرینە نەبێت، بەڵام لەناو ئەنجومەندا دەكرێت ببێتە گەورەترین لیستی یەكگرتوو ئەوانەی دیكە رەنگە بە هەموویان زۆرتر كورسی بێنن، بەڵام وەكو لیست وەكو تاك تاك، كەم كەم كورسی دێنن چونكە لیستەكانیان زۆرە.
*بەدەست هێنانی گەورەترین لیست لەو هەڵبژاردنە لە موسڵ چ گرنگییەكی بۆ كورد هەیە، چاوەڕوانی چی دەكرێت لە كورد؟
- كورد چەند كورسی زیاتر بهێنێت چ لە موسڵ یان لە دیالە یان لە سەڵاحەدین لە قازانجی كورددایە، هەیبەتی كورد و هەبوونیان لەو ناوچانەی كە لە وڵاتەكەیان دابڕێنراون دیاری دەكات، پێش هەموو شتێك جۆرە ریفراندۆمێكە،ئەگەر كورد 35%ی دەنگەكان بهێنێت واتا رێژەی كورد لەو پارێزگایە 35% هەیە، لە لایەكی دیكەوە چەند زۆرترین كورسیت بەربكەوێت، چانسی بڕیاردان و خۆ سەپاندنی زیاترت هەیە لەناو ئەنجومەندا، هەروەها لە پۆستە ئیدارییەكانیش بێ بەش نابیت ئەگەر كورسی زیاترت هێنا ،هەرچەندە لە موسڵ دەتوانم بڵێم زەحمەتە پۆستی یەكەم وەكو پارێزگار بدرێت بەكورد چونكە كورد وەكو زۆرینە نییە، بەڵام پۆستەكانی دیكە وەكو سەرۆكی ئەنجومەن یان جێگری سەرۆكی ئەنجومەن و جێگری پارێزگار.
*ئێوە وەكو كورد تەنیا پارێزگای موسڵتان بەدەستەوە ماوە،بەڵام حكومەتی هەرێم لە ئاست ئەو رێژە گەورەیەی كورد نییەو وەكو قەبارەی خۆیان بایەخی بەو ناوچانە نەداوە؟
- نا، بە بۆچوونی من وا نییە ئێمە بایەخ بەهەموو ناوچەكانی كوردستان لەدەرەوەی هەرێم دەدەین،تەنانەت لە پارێزگای سەلاحەدینیش ،توزخورماتو چەند بچووكە،بینیمان كە هێزەكانی دیجلە هاتنە ئەو ناوچەیە چۆن پێشمەرگە چوو بۆ بەرگری كردن ،جەنابی سەرۆك بارزانی هێڵەكانی پێشەوەی بەرگری بەسەركردەوە، بەڵام دەبێ هەموو شتێك وەكو خۆی تەماشا بكرێت، هەڵبەتە گرنگیی موسڵ ئەوەنییە كە ناوچە كوردستانییەكانی موسڵ گرنگترە، لە خانەقین یان لە توزخورماتو.. نەخێر، فراوانیی زۆری ناوچەكە وا دەكات كە بۆ ئێمە گرنگییەكەی زیاتربێت،وەكو پێویست من ناڵێم هەموو شتێك كراوە، بەڵام شتی زۆریش كراوە،بەلای كەم بەر لەهەموو شتێك ئەو ناوچانە پارێزراون لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە،هەر لە شنگار تا مەخموور ئەمن و ئاسایش بەرقەرارە،هەر لە ساڵی 2003- وە تیرۆریستان نەیانتوانیوە بە ئاسانی بگەنە ئەو ناوچانە لەبەرهێزی پێشمەرگە، دووەم هەرچی ئاسەواری تەعریبە لەو ناوچانە سڕاوەتەوە، هەموو ئەو گوندانەی كە داگیركرابوون لەلایەن رژێمەوەو درابوون بە هۆزەكانی عەرەبی، كورد بۆیان گەڕاونەتەوە ژمارەیەكی كەم نەبێت، سێیەم شت لە دەستووری عێراقیدا ماددەی 140 چەسپێنراوە بۆ دیاریكردنی چارەنووسی ئەو ناوچانە، ئەمانە هەموویان دەستكەوتن كە هەرێمی كوردستان و سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستان فەرزی كردووە، جگە لەوەش شتی زۆرتر كراوە بە هەزاران خەڵك دامەزرێنراون و بە سەدان قوتابخانەی كوردی كراونەتەوە.
*ئێوە داوا دەكەن كوردستانیانی ئەو ناوچانە بەشداریی هەڵبژاردن بكەن كەچی بەشێكی زۆریان كەموكوڕییان هەیەو داواكاریشیان هەیە،تا چەند بەڵێنی چارەسەركردنی گیروگرفتی ئەو ناوچانە دەدەن؟
- پێش هەموو شتێك جارێ با دووربكەوینەوە لە كەموكوڕییەكان، مەسەلەكە چارەنووسی ئەو خەڵكەیە، خەڵكانی ئەو شوێنانە بەهەموو هۆزەكانەوە، بەهەموو تایەفەو ئایینەكانەوە، بە ئێزدییەوە و بە شەبەكەوەو بە كاكەییەوە و بە شیعەوە بە سوننەوە،ئەوانە كە دەچن دەنگ دەدەن جارێ ریفراندۆمێكە ئەنجامی دەدەن، ئەو دەنگدانە زۆرگرنگە بۆ چارەنووسی ئەو ناوچانەو گەڕانەوەیان بۆ باوەشی هەرێمی كوردستان،هەروەها بۆ جێبەجێ كردنی ماددەی 140،تۆچەند كەمتر بچیت، ئەوەندە رێژەی كورد كەمتر دەبێت لە ئامارەكان، سبەی (یو ئێن)دێت لە دانوستانی نێوان هەرێم و بەغدا دەڵێن فەرموون دەنگی ئێوە ئەوەندەیە لە خانەقین، لەلایەكی دیكەوە ئێمە كە داوا لەخەڵك دەكەین بچن دەنگ بدەن جارێ دەنگ بۆخۆیان و چارەنووسیان دەدەن،دواتریش دەنگ بۆ وڵاتەكەیان دەدەن،گومانیشی تێدا نییە دەبێ حكومەتی هەرێم بایەخێكی بەرچاو بەم ناوچانە بدات لە رووی خزمەتگوزاریی دامەزراندن و وەرگرتنی قوتابیان و چاككردنی رێگەو بان و گەیاندنی ئاوو كارەبا و جۆرەها خزمەتگوزاریی دیكە.
Top