رۆمانۆ فرانکی سەرۆكی شارەوانی مەرزەبۆتۆ بۆ گوڵان:دروست کردنی قوتابخانەیەک بەناوی(مەرزەبۆتۆ) لە هەڵەبجە، هێمایەکە بۆ بەردەوامبوون لە مانەوەی پێوەندییەکی دۆستایەتی درێژخایەن

رۆمانۆ فرانکی سەرۆكی شارەوانی مەرزەبۆتۆ بۆ گوڵان:دروست کردنی قوتابخانەیەک بەناوی(مەرزەبۆتۆ) لە هەڵەبجە، هێمایەکە بۆ بەردەوامبوون لە مانەوەی پێوەندییەکی دۆستایەتی درێژخایەن
رۆژی ١٦ی ئاداری ئەمساڵ (25)ەمین ساڵڕۆژی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەی شەهیدە، ٢٥ ساڵ لەمەوبەر شاری هەڵەبجە دوچاری هێڕشێکی سەخت بۆوە کە لەو هێڕشەدا رژێمی بەعس گازی کیمیاوی لە دژی میللەتی کورد بەکارهێنا، لە ئەنجامدا نزیکەی 5000 هاووڵاتی سیڤیلی کورد بوونە قوربانی. بەڵام خۆشبەختانە ئەوانەی کە دەستیان لە ئەنجامدانی ئەو تاوانە گەورەیەدا هەبوو، کە هەموویان سەر بە رژێمی پێشووی بەعس بوون، لە نێوان ساڵانی 2007-2008 درانە دادگاو بە سزای یاسایی خۆیان گەیشتن، لە نێویشیاندا(عەلی حەسەن مەجید) کە تاوانباری سەرەکی ئەو کارەساتە دڵتەزێنە بوو، کە رۆژی 25ی کانوونی دووەمی 2010 حوکمی لە سێدارەدانی بەسەردا جێبەجێ کرا هەر بە مەبەستی یادکردنەوەی ئەو کارەساتە دیمانەیەکمان لەگەڵ بەڕێز (رۆمانۆ فرانکی) سەرۆکی شارەوانی و جێگری سەرۆکی رێکخراوی کۆمەڵكوژی شاری(مەرزەبۆتۆ) ی ئیتاڵیا ئەنجامدا، کە لە ساڵی 2006 ەوە پێوەندی جەمێلاجۆی واتە(دەستە خوشکایەتی) لەگەڵ شاری هەڵەبجەی شەهیددا بەستووە. ئەمەش دەقی دیمانەکەیە.
گوڵان: جەنابی سەرۆکی شارەوانی، وەک دەزانین بەستنی پێوەندیی دەستەخوشکایەتی لە نێوان شاری هەڵەبجەو شاری (مەرزەبۆتۆ)، کە لە رووی جيۆگرافیەوە زۆر لێک دوورن، بەڵام بەهۆی ئەو مێژووە درامیەی کە هەیانە تا رادەیەکی زۆر لێکنزیکن، ئەویش ئەو کارەساتە دڵتەزێنەیە کە شاری مەرزەبۆتۆ لە ساڵی 1944 بەخۆیەوە بینی زۆر لە کارەساتەکەی شاری هەڵەبجە دەچێت کە لە ساڵی 1988 ڕوویدا. هەردوولا هەمان ئازارو مەینەتيیان بینیوە، بەڕای جەنابتان لە کام دیوەوە ئەم دوو شارە دەستەخوشکە لەیەک دەچن؟
رۆمانۆ فرانکی: ئەو کارەساتەی کە لەشاری هەڵەبجە لەساڵی 1988 و لەشاری مەرزەبۆتۆ لە ساڵی1944 دا روویدا، هەرچەندە لەلایەن دوو رژێمی جیا ئەنجام درا، یەکەمیان لەلایەن رژێمی خوێناوی سەدام حوسێن و دووەمیان لەلایەن دوو ئایديۆلۆژیای فاشیستی و نازیستی وەک (هیتلەرو مۆسۆلینی) ئەنجامدرا، هەردوو کارەسات تاوانن بەرامبەر بە مرۆڤایەتی، ئەم دوو تاوانە تەنيا کاردانەوەی جەنگ نین، بەڵکو دەستی خودی ئەو بکوژەی تێدایە، کە دەیەوێت هەموو ئەو کەسانە لەناو ببات کە سەر بۆ کردەوە نادروست و توندوتیژی ئەو خاوەن دەسەڵاتە بەهێزە نانوێنن. لە کوردستانی عێراق و لە خاکی شاخاوی پۆلۆنیا، پرۆگرامێکی سەخت داڕێژرا بۆ لەناوبردنی میللەتێک کە شانازییان بە مێژوو و داب و نەریتی ئازاد و کەلتوری پێکەوە ژیان و دوور لە رەگەزپەرستی خۆیان دەکرد، کەواتە ئەو دوو شارە ئازاری زۆریان بەخۆوە بینیوە، بەڵام بە ورە بەرزی خودی هاووڵاتیانی توانییان سەر لەنوێ خۆیان و ئایندەی خۆیان دروست بکەنەوە، ئەمانە نموونەی مرۆڤایەتین. ئەوەی کە روویدا نەک تەنيا لەیاد ناکرێت، بەڵکو دەبێت بێتە ناساندن، بەتایبەتی بۆ نەوەی نوێ. ئەو خاڵانەی کە هەڵەبجە و مەرزەبۆتۆ بەیەکەوە دەبەستێتەوەو پێویستە پێیەوە پابەند بن ئەمانەن: بەیەکەوە کارکردن لە پێناو یادکردنەوە، کە ئەرکێکی واتەیی و ڕەوشت بەرزییە، بەتایبەتی بەرامبەر قوربانیانی بێ تاوانی ئەم کارەساتە کە ژیانی خۆیان لە پێناو باشتر کردنی جیهان بەخشی. ئەو جۆرە قوربانیدانە دەبێ هەمیشە یادی بکرێتەوە، بۆ ئەوەی چیتر کارەساتی لەم جۆرە روونەداتەوە ، ببێتە ئاگادارییەک بۆ تەواوی مرۆڤایەتی.
گوڵان: شاری مەرزەبۆتۆ توانی جارێکی تر لەسەر پێی خۆی بوەستێت، ئامۆژگاری جەنابتان چیيە ، بۆ دووبارە بونیاتنانەوەی شاری هەڵەبجەی شەهید؟
رۆمانۆ فرانکی: بە بۆچوونی من، شاری هەڵەبجەش توانی دووبارە بژێتەوە، کەواتە لە هەمووی گرینگتر دیاریکردنی دوا ئاستی پێکەوەبەستنی کۆمەڵگای مەدەنی و هەستکردن بە لێپرسراوێتیە لە نێو کۆمەڵگاکە، ئەویش لە رێگەی بەشداریکردن دەبێت، بەجێبەجێ کردنی بەهای جیهانی بۆ عەدالەت و رێزگرتن لە کەرامەت و بوونی تاکی مرۆڤ دێتە دی. هەروەها ئێمە پێویستمان بەوە هەیە هەلی گەشەسەندن و هەلی کار بڕەخسێنین، بۆ ئەوەی پێشکەوتنێکی هاوسەنگ بۆ خۆمان دابین بکەین، رێز لەو ژینگەیە بگرین کە تیایدا دەژین، بۆ دابین کردنی پێداویستیە سەرەکیەکانی هەموولایەک. لە هەمووشی گرینگتر ئەوەیە لە کارەکاندا ديراسەیەکی بێلایەنانە بکرێت، چینی دەسەڵاتیش دەبێ ببێتە نموونەیەک لە نێو کۆمەڵگا، بە شێوەیەکی راستگۆیی و زیرەکی و لەپێناو بەرژەوەندی گشتی نەک بۆ مەبەستی تایبەتی کار بکات.
گوڵان: جەنابی سەرۆکی شارەوانی، ساڵی (2010) لە ٢٢ وەمین ساڵوەگەری کۆمەڵکوژیەکەی هەڵەبجە، سەرۆک کۆماری ئیتاڵیا (جۆرجۆ ناپۆلیتانۆ) وتی (ئیتالیا لەریزی یەکەم دەبێت لە نێو هەموو ئەو وڵاتانەی کە دەیانەوێت یارمەتی عێراق بدەن بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری و رزگارکردنی لە مەرگەساتی شەڕ). پەیامی جەنابتان بۆ کورد بە گشتی و هاووڵاتیانی هەڵەبجەی شەهید بەتایبەتی چیيە؟
رۆمانۆ فرانکی: ئەو پەیامەی کە دەمەوێ لە مەرزەبۆتۆوە ئاڕاستەی بەرێز( خدر کەریم) سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجەی شەهیدی بکەم ئەوەیە، بەشداربوونی جەنابیان ساڵی رابردوو لەگەڵ شاندێکی گەورەی هەرێمی کوردستان، لە ٦٨ەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەی شاری مەرزەبۆتۆ ، جێگەی خۆشحاڵیمان بوو، هەروەها لەهەمان کاتدا بة ناوی یەکگرتوویی و دۆستایەتیمان گشت دانیشتووانانی شاری هەڵەبجەی خۆشەویست لەباوەش دەگرین. لەگەڵ دروست کردنی قوتابخانەیەک بەناوی (مەرزەبۆتۆ) لە شوێنێکی وا دوور وەکو هێمایەک، بۆ بەردەوامبوون لە مانەوەی پەیوەندییەکی دۆستایەتی درێژخایەن و هاریکاریکردنی یەکتری، لەپێناو سەقامگیربوونی ئاشتی، ئاسایش لە هەرێمەکەو هاوکاریکردن لەنێو هەموو میللەتان دژ بە جەنگ. دەبێت کورد بە ئاشتی و سەربەخۆیی و ئازادی بژین. ئەو پەیامەی کە سەرۆک کۆماری ئیتالیا (جۆرجۆ ناپۆلیتانۆ) دای هەمان بیرکردنەوەی ئێمەیە. ئاواتی ئێمە تەنيا بەردەوامبوونمان لە گرتنەبەری ئەو رێگایە نیيە کە پێشتر لەسەری رۆیشتووین، بەڵکو دەبێت ئەو پەیوەندییانە بەهێزتر بکەین بۆ دابین کردنی هەلی زیاتر، بۆ گۆڕینەوەو لێكگەیشتن لە نێو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابوری و پەروەردەیی و رۆشنبیریمان.
Top