پرۆفیسۆر ئەلین كارۆل بۆ گوڵان:هۆكاری سەرەكی بۆ نەگەیشتنی ئافرەتان بە پۆستی باڵاپەیوەندی بە تێڕوانینی پیاوەوە هەیە
March 7, 2013
دیمانەی تایبەت
پرۆفیسۆر ئەلین كارۆڵ دوبۆیس ئوستادی مێژووە لە زانكۆی میشیگان و تایبەتمەندە لەسەر مێژووی ئافرەت لە ئەمریكا و هەروەها مێژووی بزووتنەوە فێمینیستیەكان، بۆ قسەكردن سەبارەت بە رۆڵی ئافرەت لە پرۆسەی سیاسی و كۆمەڵگە و ئازادی ئافرەت لەكۆمەڵگە، پرۆفیسۆر ئەلین لە لێدوانێكی تایبەتی بۆ گوڵان بەمجۆرە رای خۆی خستەڕوو:(( هەندێ جار وا وێنا دەكرێت كە ئەمریكا و ئەوروپا لایەنێكن لەم پرسەدا كە ئازادی ئافرەتانیان تێدا بەدیهاتووە و كوردستان یان هیندستان لایەنەكەی دیكەی مەسەلەكەن و هێشتا ئازادی ئافرت بەدەست نەهاتووە، ئەمە ڕاست نییە. چونكە ئێمە لە خەباتی بەردەوامداین لە پێناو ئازادی ئافرەتاندا، هەر دوێنی بوو كۆنگرێسی ئەمریكا ڕازی بوو بە دابینكردنی سەرچاوە بۆ ئافرەتان بۆ ئەوەی خۆیان لە توندوتیژی بپارێزن، دیارترین پێوەری یەكسانبوونی پیاو و ئافرەت بریتییە لەوەی ئایا ئافرەت لە كاركردندا چەند داهات بەدەست دەهێنێت، كە هێشتا ئافرەتان هێندەی پیاوان داهات لە كارەكانەوە بەدەست ناهێنن....هەروەها هێشتا كەلێنێكی گەورە هەیە لە پەرلەمانەكانی ئێمەدا، كە ئافرەتان كەمینەن و كەمینەیەكی بچووكیشن، هەروەها باڵاترین پێوەر لەم ڕووەوە بریتییە لەوەی هێشتا لە ئەمریكا، بە چەشنی وڵاتانی دیكەی ئەوروپا، یان وڵاتانی ئاسیا یاخود هیندستان، هەرگیز سەرۆكێكی ئافرەتی نەبووە، ئەگەرچی ئەمە دوایین هەنگاو نییە، بەڵام هەنگاوێكی گرنگە كە هێشتا هەڵمان نەگرتووە كە متمانە بە ئافرەتێك بكەین بۆ ئەوەی ئاییندەی خۆمانی بدەینە دەست. من پێموانییە ئافرەتان توانایەكی كەمتریان هەبێت لە پیادەكردنی سیاسەتدا، ئەگەرچی ئێمە لەئەمریكا تا ئێستا سەرۆكێكی ئافرەتمان نەبووە، بەڵام ئافرەتمان هەبووە لە پۆستی باڵادا كە ئەدایەكی زۆر باشیان هەبوە، بۆ نموونە هەموو كەس دان بەوەدا دەنێت كە هیلاری كلینتۆن كەسێكی مەزن بوو وەك وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، بۆیە ئەوەی ڕێگر بووە لەوەی ئافرەتان باڵاترین پۆست بگرنە دەست، دوو هۆكارە، یەكەمیان بەرگری كردنی پیاوان بوو لە ئیمتیازی بەدەستەوەگرتنی پۆستی باڵا، دووەمیان بریتییە لەو تێڕوانینەی پیاو و ئافرەت هەیانە دەربارەی ئەوەی ئافرەت چیە و ئەتوانێت چی بكات، ئافرەتان باڵاترین پۆستی ئابووریان بەدەستەوەبوو لە كۆمپانیاكاندا، بەڵام هێشتا لە سیاسەتدا ئەمە نەهاتۆتەدی، لە ڕاستیدا چەندین حاكمی ویلایەتەكانمان هەیە كە ئافرەتن، بەڵام هێشتا سەرۆكێكی ئافرەتمان نەبووە)).