پرۆفیسۆر براندن ئۆلیری بۆ گوڵان:عێراق نەیتوانی وەك دەوڵەتێكی فیدرالی فرەنەتەوە سەركەوتوو بێت

پرۆفیسۆر براندن ئۆلیری بۆ گوڵان:عێراق نەیتوانی وەك دەوڵەتێكی فیدرالی فرەنەتەوە سەركەوتوو بێت
پرۆفیسۆر براندن ئۆلیری ئوستادی زاستی سیاسەتە لەزانكۆی پەنسلفانیا و پسپۆر و تایبەتمەندە لەسەر چارەسەری كێشە ئەتنیەكان و یەكێك بووە لە راوێژكاری دەستووری نێودەوڵەتی بۆ داڕشتنی دەستوور لە عێراقدا، هەروەها یەكێكە لە نووسەرانی كتێبی ئاییندەی كوردستان لە عێراقدا، بۆ قسەكردن لەسەر بارودۆخی ئێستای عێراق چەند پرسیارێكمان ئاراستەی پرۆفیسۆر برندان ئۆلیری كرد و بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە:
* پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا خەریكە دەگاتە ئەو ئاستەی كە پێكهاتە سەرەكییەكان نەتوانن پێكەوە بژین، ئەمەش مانای ئەوەیە عێراق بەرەو ئەو ئاراستەیە دەڕوات كە پێكهاتەكان نەتوانن بەدیالۆگ كێشەكانیان چارەسەر بكەن، ئایا بەڕای ئێوە ئەم بارودۆخە تاچەند هەڕەشە لەسەر ئاییندەی ئەو وڵاتە دروست دەكات؟
- سەقامگیری لە عێراقی فیدراڵیدا لە ژێر گوماندایە، ئەمەش تا ڕاددەیەكی زۆر بەهۆی ڕەفتارەكانی حكومەتەكەی مالیكیەوەیە، هەروەها بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە لە ئاستی ئیلیتزاماتەكانیدا بێت لە ئاست حكومەتی هەرێمی كوردستان، یان عەرەبە سوننەكاندا. بەڵگەی دابەشبوونەكانی عێراق ئەوەیە كە سێ پێكهاتەكەی وڵاتەكە سیاسەتی دەرەكی جیاوازیان هەیە لە بەرامبەر سوریادا. حكومەتی بەغدا بە سەركردایەتی شیعەكان مەیلی بۆ رژێمی بەعس لە دیمەشق هەیە، عەرەبە سوننەكانیش هاوسۆزن لەگەڵ ئیخوان موسلمیندا، و كوردەكانیش پاڵپشتی برا كوردەكانیان دەكەن.
* ئەوەی ئێستا هەستی پێدەكرێت ئەوەیە كە حكومڕانی لەعێراق بەرەو حكومڕانی تاك مەزهەبی دەچێت كە مەزهەبی شیعەیە، ئەمەش ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە كە كورد و سوننە بكەونە پەراوێزەوە، ئەگەر ئەم دوو پێكهاتە سەرەكییە لە حكومڕانی بەكردەیی بەشدار نەبن، ئایا حكومڕانی تاك مەزهەبیی عێراق بەرەو كوێ دەبات؟
- عێراق ناتوانێت وەك وڵاتێكی فیدراڵی فرەنەتەوە و فرەئایینی سەقامگیر سەركەوتوو بێت، ئەگەر لەسەر بنەمای دەستوور پێكهاتەكان ئاوێتەی پرۆسەكە نەبن. سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن مالیكیەوە متمانەی خۆی لە دەستداوە. هەڵبژاردنەكانی داهاتوو یەكلاكەرەوە دەبن بۆ هەوڵەكانی سەقامگیركردنی عێراق.
* لەگەڵ ئەوەی كورد بەشێكی سەرەكییە لە پرۆسەی سیاسیی عێراق زۆر جاریش هەوڵیداوە میانگیر بێت لەنێوان پێكهاتەی سوننە و شیعە، بەڵام ئێستا كورد خۆشی بۆتە بەشێك لەكێشە، ئایا لەم حاڵەتەدا بە بۆچوونی تۆ رێگاچارەكانی بەردەم كورد چین؟
- كوردەكان چەندین ڕێگاچارەیان لەبەردەمدایە. یەكەم، دەبێت ئەمجارە یەكگرتوو بن و بەرەیەكی هاوبەشی كوردستانی دروست بكەن لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكانی داهاتوودا كە لەسەر ئاستی عێراق دەكرێت. دەبێت ڕوون و ڕاشكاو بن كە ئامادەنین دووبارە مالیكی ببێتەوە سەرۆك وەزیران، یاخود ڕازی نەبن هیچ كەسێك پۆستی دارایی، و بەرگری، یان نەوت و غاز وەربگرێت كە پەیڕەوی تێگەیشتنێكی ڕاست و دروستی دەستوور نەكات، و پێویستە پێداگیری بكەن لەسەر گرتنەدەستی یەكێك لەم پۆستانە. دەبێت ئامادەیی ئەوەیان تێدابێت ئەگەر پێویست بوو بەشداری حكومەتی بەغدا نەكەن. پێویستە پێشوەختە هاوپەیمانی لەگەڵ ئەو شیعانەدا پێكبهێنن كە بەرهەڵستی مالیكی دەكەن، هەروەها لەگەڵ عەرەبە سوننی و توركمان و مەسیحیەكان و میانڕەوەكاندا.
* لەم حاڵەتەدا كە عەرەبی سوننە خۆپیشاندانی فراوانیان دەستپێكردووە، زۆر لە چاودێران ناویان لێناوە بەهاری عێراق، ئایا بەڕای تۆ ئەم بەرهارە بەرەو كوێ دەچێت؟
- پێموایە بەرەو هەڵبژاردنێكی یەكلاكەرەوە دەچێت، كە پێویستە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بێت.
* هەندێك لە چاودێران پێیانوایە ئەم قۆناخەی ئێستای عێراق، قۆناخی فەشەلهێنانی دیموكراتییە لە قۆناخی ئینتیقالیدا، ئەمەش بەرەو شەڕی ناوخۆیی هەنگاو هەڵدەگرێت، ئایا تاچەند شەڕی ناوخۆ، عێراق بەرەو هەڵوەشانەوە دەبات؟
- من دڵنیانیم لەوەی شەڕی ناوخۆ لە ناو عێراقدا وەستابێت و كۆتایی پێهاتبێت. پێویستە كوردەكان وریابن و ڕانەكێشرێنە شەڕێكی ناوخۆی نوێوە، بەڵام پێویستە ئەوپەڕی ئامادەییان هەبێت بۆ بەرگری كردن لە هەرێمەكەیان و لە مافەكانیان. كلیلی سەقامگیری هەرێمەكە بریتییە لە یەكگرتوویی و بەرەوپێشچوونی و هەروەها ئەو پەیوەندیە دیپلۆماسیەی توانیویانە بە وریاییەوە لەگەڵ توركیا دروستی بكەن.
* دوا وتەت بۆ خوێنەرانی گوڵان چییە؟
پەیامی من بۆ خوێنەرەكانتان ئەوەیە هانی سیاسەتمەدارە كوردەكان بدەن كە یەكگرتوو بن لە ئاست مافە دەستووریەكانیاندا، و بەرنامەیەكی كوردستانی هاوبەشیان هەبێت لەو هەڵبژاردنە پەرلەمانییە كە بڕیارە لەسەر ئاستی عێراقدا ئەنجام بدرێت.
Top