حەمید ئەكین ئەنڤەر بۆ گوڵان:بەرووخانی رژێمی ئەسەد دەرفەتێكی گرنگ بۆ كوردەكانی سوریا دروست دەبێت
February 28, 2013
دیمانەی تایبەت
د.حەمید ئەكین ئەنڤەر مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكانە لە زانكۆی كەدیرهاس لە ئەستەنبوڵ و وانەبێژی دیراساتی توركی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لەزانكۆی پریستۆن، بۆقسەكردن لەسەر رەوشی ئێستای سوریا و كاریگەریی بارودۆخی سوریا لەسەر ناوچەكە چەند پرسیارێكمان لە د.حەمید ئەكین ئەنڤەر كرد و بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.* هێشتا توندوتیژی و پێكدادان لە نێوان هێزەكانی رژێم و موعارەزە لە سوریا بەردەوامە، بەڵام هیچ لایەكیان توانای یەكلاكردنەوەی شەڕەكەی نییە لە بەرژەوەندیی خۆی، پرسیارەكە ئەوەیە تاكەی ئەم شەڕە خوێناوییە بەردەوام دەبێت، لە كاتێكدا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شایەتی كوژرانی رۆژانەی خەڵكی مەدەنیە لە سوریا؟
- سێ سیناریۆی سەرەكی هەیە- یەكەم، سەركەوتنی یەكلاكەرەوەی موعارەزە و دەرپەڕاندنی ئەسەد و بەشێكی گرنگی سەركردەكانی بەعس. لەم حاڵەتەدا، رەنگە ئەو ئیدارە كاتیەی دەسەڵات دەگرێتەدەست رێبازێكی سوننی- ئیسلامی بگرێتەبەر و بارگرژی بەردەوام لە نێوان سەركردایەتی نوێ و كۆندا، سەركردە وەسەتەكانی بەعس- درێژەی دەبێت، ئەم بارگرژیەش بەلای كەمەوە رێڕەوی رووداوەكانی 15 ساڵی دوای ئەسەد دیاری دەكەن. سیناریۆی دووەم، پەیوەستە بە گەیشتنی موعارەزە و ئەسەد بە رێككەوتنێك، تێیدا ئەسەد دەمێنێتەوە، بەڵام موعارەزەش چەند هەمواركردنێكی گرنگ و گۆڕانكاریكەر لە رژێمەكەدا بەسەر سیستمەكەدا دەسەپێنێت. تەنانەت ئەگەر ئەمە لە مەودای كورتدا ئاشتی بهێنێتەدی، ئەوا گومانی تێدانییە لە مەودای دووردا، ئەسەد هەوڵی پاشەكشەپێكردنی ئەو چاكسازیانە و دووبارە چەسپاندنەوەی حكومڕانییەكی مەركەزی بەهێز دەداتەوە. دوایین سیناریۆ، بریتییە لەوەی ئەسەد لە شەڕێكی ئیستینزافی دوورودرێژدا موعارەزە ببەزێنێت، هێزەكانی ئەسەدیش لەم شەڕەدا تەواو شەكەت و لاواز دێنە دەرەوە، بە چەشنێك بۆشاییەكی دەسەڵات دروست دەبێت هاوشێوەی ئەوەی لە ساڵی 1991دا لە دۆخی عێراقدا دروست بوو.
* زۆرێك لە شارەزایان پێیانوایە سەرەڕای ئەوەی كێشەی سوریا، كێشەی وڵاتێكی دیاریكراوە، بەڵام ئاكامی لەسەر توركیا و ئێران و عێراق و لوبنان و سەرتاسەری ناوچەكەیە، پرسیارەكە ئەوەیە تا چ راددەیەك كێشەی سوریا بۆتە ناكۆكی نێوان شیعە و سوننە، چونكە لەلایەن سعودیە و توركیا پشتیوانی موعارەزە دەكەن، لە كاتێكدا ئێران و عێراق و حزبوڵا پشتگیری مانەوەی ئەسەد دەكەن لە دەسەڵاتدا؟ واتە تا چەند سوریا بۆتە گۆڕەپانی شەڕی نێوان شیعە و سوننەكان؟
- لە سوریادا چەندین لایەنی گرنگی شەڕی تائیفی بەدی دەكەین. ئەمەش لەوەدا دەردەكەوێت كەچۆن نفوز و دەستڕۆشتوویی دەرەكی لەسەر بنەمایەی تائیفی مومارەسە دەكرێت- ئێران هەوڵی پاراستنی زۆنی شیعەی تایبەت بە خۆی دەدات، لە كاتێكدا توركیا و وڵاتانی كەنداو كار بۆ ئەوە دەكەن سوننەكان باڵادەستبن. ئەوەی پەیوەندی بە ئێرانەوە هەبێت، ئەوا لەدەستدانی سوریا بە مانای لەدەستدانی باڵی باكوور دێت لە «كەمەربەندی شیعە»ی تایبەت بە خۆی، هەروەها بە مانای لەدەستدانی دەرفەتی گەیشتن بە لوبنان و سەپاندنی كاریگەری خۆی بەسەر ئیسرائیلدا دێت. كەواتە بە دڵنیاییەوە ئەمە شەڕی ئێرانە بۆ پارێزگاریكردن لە باڵی باكووری- كەمەربەندە شیعەكەی- كە نزیكە لە ئیسرائیلەوە و ئەم ئەولەویەتەش سوریا دەكاتە گۆڕەپانێكی شەڕی توندی تائیفی.
* بە پێی هەندێ لە سەرچاوەكانی هەواڵ، تەنانەت ئەگەر موعارەزە دەست بەسەر پایتەختدا بگرێت، واتە دیمەشق، ئەوا هێشتا رژێمی ئەسەد كۆتایی نایەت، چونكە هەندێ لە شارەزایان و چاودێرانی سیاسی پێشبینی ئەوە دەكەن ئەسەد پەنا بباتە بەر لوبنان، بۆ ئەوەی دەوڵەتێكی عەلەوی دابمەزرێنێت و پەیوەندی لەگەڵ حزبوڵا و رەنگە حەماسیشدا دروست بكات، و ئەمەش كارێكی مەترسیدارە، ئایا تا چەند ئەمە سەرەتای هەرەسهێنانی سوریا و خوڵقاندنی مەترسییە لەسەر ناوچەكە؟
- گومانی تێدانییە كە ئەگەر ئەسەد ببەزێنرێت، ئەوا درەنگ یان زوو، سوریای بەعسی دەڕووخێت. لە دوای ئەوە، رەنگە دەوڵەتێكی عەلەوی نوێ بێتە دامەزراندن، بەڵام هەمیشە ئەم دەوڵەتە لە ژێر هەڕەشەی كەمینەی سوننەدا دەژێیت. لەبری ئەوەی بچتە پاڵ حزبوڵا یان حەماس، ئەوا دەوڵەتی نوێی عەلەوی وەك دەوڵەتێكی پتر عەلمانی دەردەكەوێت و رەنگە بۆ پارێزگاریكردن لە مانەوەی خۆی، بچێتە پاڵ ئیسرائیل. هەروەها كارێكی قورس دەبێت بۆ حزبوڵا یان حەماس كە شەڕی گرووپە ئیسلامیەكانی دیكەی سوریا بكەن.
* كوردەكان بەشێكن لە سوریا و لە ماوەی چل ساڵی حكومڕانی ئەسەددا مافەكانی پێشێلكراوە، لە ئێستا هێزەكانی ئەسەد لە ناوچە كوردەكانی سوریا كشاونەتەوە، ئەمەش دەرفەتی بۆ كوردەكان رەخساندوە بۆ ئەوەی كوردەكان مافەكانی خۆیان بچەسپێنن و تا چەند ئەمە لە بەرژەوەندیی كوردەكانە؟
- ئەمە دەوەستێتەسەر ئەوەی ئایا پاشەكشەی هێزەكانی سوریا یەكجارییە یان نا. ئەگەر دوای تێكشكاندنی موعارەزە دووبارە هێزەكانی ئەسەد بگەڕێنەوە بۆ ئەم ناوچانە، ئەوا زەحمەت دەبێت بۆ كوردەكان كار بۆ بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی بكەن. هەرچۆنێك بێت، ئەگەر هێزەكانی ئەسەد نەگەڕێنەوە بۆ ئەم ناوچانە و بۆشایی دەسەڵات لە باكووردا دروست بێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەم دۆخە سەردەكێشت بۆ دروستبوونی دەرفەتێكی سیاسی نوێ بۆ كوردەكان. ئەمە دەوەستێتەسەر ئەوەی تا چەند كوردەكان لە رووی سەربازیەوە بە باشی خۆیان رێكدەخەن لە دژی میلیشیا سوننەكان، هەروەها لە رووی سیاسییەوە چەند باش خۆیان رێكخستووە لە دژی هەمان ئەو موعارەزەیەی كە لەلایەن توركیا و وڵاتانی كەنداوەوە پشتیوانی لێدەكرێت. ئەگەر كوردەكانی سوریا ئاماژەی هاوكاریكردن بۆ توركیا بنێرن، ئەوا رەنگە هاوپەیمانێكی بەهێز لە باكووردا بدۆزنەوە.
* بە پێی هەندێ لە چاودێران توركیا لەبری ئەمریكا و رۆژئاوا بە گشتی رۆڵ دەبینێت لە سوریادا، ئەمە لە كاتێكدا توركیا ئامادەنەبوو ببێتە بەشێك لە هێزەكانی ناتۆ بۆ رووخاندنی رژێمی قەزافی لە لیبیا، تا چەند رۆژئاوا باوەڕی بەوە هەیە توركیا رۆڵێكی گرنگ ببینێت لە سوریادا؟
- توركیا دەتوانێت پشتیوانی سیاسی و شەرعیەتی نێودەوڵەتی ببەخشێت- هەروەها دەتوانێت دەرگای هاوكاری و بازرگانی و وەبەرهێنان و دارایی بكاتەوە. لەوە زیاتر، ئەوەی لە سوریا روودەدات دەبێت لە ناوخۆوە سەرچاوە بگرێت و كۆدەنگی سوریەكانی لەسەربێت. ئەوەی توركیا دەتوانێت لە سوریادا بیكات بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە سنووردارە، هەروەها ئەمە تا راددەیەكی زۆر دەوەستێتە سەر ئەوەی ناكۆكی و شەڕی سوریا چۆن كۆتایی دێت.
* بارودۆخی سوریا بەرەو كارەساتێكی مرۆیی دەڕوات و بە ملیۆنەها كەس ئاوارەن و بە هەزاران كەس دەكوژرێن، پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگە لە ئاست ئەم كارەساتە مرۆییەدا؟
- لەبەر ئەوەی پێیانوایە توركیا و ئەردەن دەتوانن بە تەنیا قەیرانی پەنابەران ئیدارە بكەن، كە ئەمەش لێكدانەوەیەكی هەڵەیە. خاڵی دووەم ئەوەیە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نازانێت چۆن دەستێوەردان لە قەیرانێكی لەم شێوەیەدا بكات-شەڕەكە بەردەوامە و دەستێوەردانكردنیش لە قەیرانی پەنابەراندا لە زۆنێكی راستەخۆی شەڕدا كارێكی ئاڵۆزە. هەرچۆنێك بێت، پێموایە پاساوەكانی دەستێوەرنەدان بەس نین.