عارف تەیفوور جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان:ئەگەر شیعە هاوپەیمانی كورد لەدەست بدات چارەنووسێكی خراپیان دەبێت
February 21, 2013
دیمانەی تایبەت
بارودۆخی عێراق لەگەڵ ئەوەی رۆژ لەدوای رۆژ ئاڵۆزتر دەبێت، بەڵام لە هەمانكاتیشدا هیچ هەوڵێكی ئەوتۆ نابینرێت كە كێشەكان بە ئاشتی و دیالۆگ چارەسەر بكرێن و پرۆسە سیاسیيەكە بخرێتەوە سەر سكەی خۆی، بۆیە لەم بارودۆخەدا دەرگای هەموو ئەگەرەكان كراوەیە، بۆ قسەكردن لەسەر بارودۆخی ئێستا ئەم وتوێژەمان لەگەڵ بەرێز عارف تەیفوور جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عيراق ئەنجامداو بەڕێزی بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.* بارودۆخی ئێستای عیراق چۆن دەبینیت؟
- بارودۆخی ئێستای عیراق لە دۆخێكی زۆر ناهەموارو ناجۆردایە چونكە لایەنەكان هەموویان تا ئاستێكی زۆر پێوەندییەكانیان پێكەوە كز بووەو لە یەكتر دابڕاون، بارودۆخەكە لەو كاتەوە ئاڵۆزتر بووە كە لایەنی سوننە مەزهەبەكان لە شارەكانی كە خۆيان تێیدا باڵادەستن دەستیان كردووە بە خۆپیشاندانەكان، لەولاوەش نووری مالیكی تا ئێستا وەڵامدانەوەی پێویستی نەداونەتەوە، ڕاستە كە لە ڕاگەیاندنەكانەوە لێدوانی جۆراو جۆر دەدات و دەڵێت وەڵامم داونەتەوەو خەریكی جێبەجێكردنی هەندێ مەسەلەو داخوازی ئەوانم، بەڵام ئەوەی لەسەر زەمینەی واقیعە شتێكی وا بەدیارنەكەوتووە لەوەی خۆپیشاندەران داخوازی دەكەن و جێبەجێ بوو بێت لە هەمان كاتدا ئەمڕۆ مالیكی كەوتۆتە گۆشەیەكەوەو بە تاقی تەنیا ماوەتەوە، ئیتر لەو نێوەندەدا تا بێت دۆخەكە ئاڵۆزتر دەبێت و دیار نییە دەرئەنجامەكانی كۆتایی بە كوێ دەگات..
* لە دانیشتن و وتووێژەكانی هاوپەیمانی نیشتمانی و هاوپەیمانی كوردستانی چ ئاكامگەلێك بە دیار كەوتووە؟
- تا ئێستا چ دەرئەنجامێك بۆ دانوستانەكانیان لە ئاسۆدا دیار نییە، لەم دواییەدا كە باسوخواسی ئەو خۆپیشاندانانەی سوننەكان هاتە پێشەوە هاوپەیمانی كوردستانی و كوردیش بە گشتی تا ئاستێك هەڵوێستێكی بێلایەنیان هەڵبژاردو خۆیان نەكردە تەڕەفگیر لەوەدا هاوكات لەناو كۆمەڵگەی شیعەشدا ئەو دەنگە بە توندی بەرزەو وا دەبیسترێتەوە كە شیعە بە بێ كورد تووشی زۆر چارەنووسی خراپ دەبێت لەبەر ئەوە بە هەر شێوەیەك بووە نایانەوێت كورد لە دەستی خۆیان بدەن، بۆیە لەم دواییەدا هەوڵ دەدەن ئەو پێوەندییانەی كە هەیە نوێی بكەنەوە لەگەڵ لایەنی هاوپەیمانی كوردستانی و كەوتنە پێوەندی كردن و ئێمەش لە ناو پەرلەماندا هەستمان بەوە دەكرد، بۆیە ئێستا خەریكن چارەسەری ئەو ناكۆكییانە بكەن كە لەنێوان هاوپەیمانی كوردستانی و هاوپەیمانی نیشتمانی هەیە، شاندێكیان نارد بۆ ئێرە بەناوی تارق مەزن ئەگەرچی ساڵێك دەبێت ئەو كەسایەتییە لە گۆڕەپانی سیاسی دوور كەوتۆتەوە، بەڵام كە مالیكی ئەو و دوو كەسایەتیی تری ناردە لامان كە لەوەو پێش ئەوانە نەهاتبوونە پێشێ تا بزانین ڕاست دەكەن یان قسەكانیان جددیاتی تێدایە یان نا بۆیە ئەوانەیان ناردو هاتن تا جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی يان بینی لەوەدا بزانین دەگاتە كوێ، ئەوان ئامادەیی خۆیان لە هەموو ڕوویەكەوە نیشان داوە كە چارەسەری ئەو گرفتانەی نێوان كوردو حكومەتی ناوەندی بكەن..
* ئەوەی دەیبینین پەرەسەندنی خۆپیشاندانەكانە، لە هەمووشی گرنگتر پێشوازی كردنێكی جیدیی لە داخوازییەكانی خەڵكی ناڕازی بوونی نییە، ئەی دەرئەنجامی ئەمە چی لێ دەكەوێتەوە؟
- بە ڕاستی من ئەمە بە شتێكی خراپ دەزانم، دەبوایە بەرپرسانی خاوەن دەسەڵات كە ئەمڕۆ شیعەكان زۆرینەی دەسەڵاتەكانیان لە بندەستە پێویست بوو وەڵامیان بدابایانەوە، پێویست بوو هەندێك كارو چاكسازییان بكردایە تا ببوایەتە جێی ڕەزامەندی خۆپیشاندەران، نەختێك توڕەییان دابمركایەتەوە، هەرچەندەش وا بە ئاسانی ئەم دۆزی خۆنیشاندانانەش دامركانەوەی هێندە ئاسانیش نابێت، لەبەر ئەوەی لایەنی بەرانبەریش وەڵامدانەوەی پێویستی نییە بۆ خۆپیشاندەران كە تا ئەگەر كەسانێكی دڵسۆزو ڕاستگۆ لە ناویان هەبن ئەو پاساوەیان بە دەستەوە بێت كە بڵێن ئەوە حكومەت داخوازییەكانمانی جێبەجێ كردوون.. بەمشێوەیە تا ئێستا حكومەتی عێراق بەدەنگ داواكاری خۆپیشاندەران نەهاتووەو زۆر بەلاوازی تەماشایان دەكات، لەبەر ئەوە من وایدەبینم دامركانەوەی خۆپیشاندانەكان دوورەو وابەئاسانی كۆتایی نایەت، ئەوەبوو لەهەفتەی رابردوو خۆپیشاندەران بەنیازبوون بەرەو بەغداد بەڕێبكەون كە بەراستی گەر بێتو خۆپیشاندەران بەرەو بەغدا بەڕێبكەون ئاكامێكی مەترسیداری دەبێت و رەنگە شەڕێكی تووندی لێبكەوێتەوە..
* سەبارەت بەمەسەلەی بودجەو ئەو هەوڵانەی كە لەناو پەرلەمانی عێراق بۆ كەمكردنەوەی بەشە بودجەی هەرێم دەگیرێتەبەرو بەتایبەتی لەلایەن هاوپەیمانێتی نیشتمانییەوە چ هەڵوێستێكتان دەبێت؟
- لەناو پەرلەمانی عێراق هێزە كوردستانییەكان لەململانێیەكی زۆر گەورەو توونداین كە خەڵكی زۆر كەم هەستی پێ دەكات، هەروەها كێشەو ناكۆكییەكانی ناو پەرلەمان لەسەر بڕگەو ماددەكانی بودجە، تەنیا لەسەر بەشە بودجەی كوردستان نییە بەڵكو سوننەكانیش داواكاری خۆیان هەیە، تا ئێستا دەوڵەتی یاسا كە سەرپەرشتی لیژنەی دارایی لەناو پەرلەمان دەكات زۆر بەلووتبەرزی و بێباكانە دەڕوانێتە خواست و ویستەكانی هەموولایەنەكان و وەڵامی نابەجێمان دەداتەوەو خۆیان بەخاوەنی ئەو پارەیە دەزانن كە لەعێراقدا هەیە لەكاتێكدا ئەو داهاتە پارەو سامانی هەموو عێراقییەكانە، هەربۆیە ناكۆكییەكانیان لەگەڵ هەردوو لیستی ئەلعێراقیەو هاوپەیمانێتی كوردستان و لایەنەكانی تر هەر بەردەوامی هەیەو نەگەیشتوونەتە دەرئەنجامێك، تەنانەت دەوڵەتی قانوون تا ئێستا هیچ نەرمییەكی پیشان نەداوە لەسەر ئەو كێشانەی لەبودجەدا ناكۆكییان لەسەرە، بۆ نموونە كاتێك ئێمە داوای لە 17%ی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان دەكەین و دەڵێین ئەمە بەیاسایەك لەسەردەمی عەللاویدا دەرچووەو بەهیچ شێوەیەك ئێمە ئامادە نین تەنازول لەبەشە بودجەی هەرێم بكەین، وەكو دەستپێشخەرییەكیش نووسیومانە ئەگەر هاتوو لەسەرتاسەری عێراق سەرژمێرییەكی تەواویی دادپەروەرانە لەعێراق كرا و دەركەوت رێژەی كورد لەسەرجەم دانیشتووانی عێراق لەوە كەمتر بوو ئەو كات ئامادەین بەپاڵپشتی لەسەر ئەو سەرژمێرییە گۆڕانكاری لەرێژەی كورد بكەین، جێی داخیشە ئەوان بەهیچ شێوەیەك ئامادەیی خۆیان پیشان نادەن بۆ ئەم داواكاری و پێشنیارانە تەنانەت ئامادەنین سەرژمێریش ئەنجام بدەن، ئەمڕۆ ئەلعێراقیەش دەنگی خستۆتە پاڵ دەنگی ئێمەو داوای ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری دەكات بەڵام شیعەكان كە پێیان وایە كە رێژەی لە64%ی كۆی دانیشتوانی عێراق پێك دەهێنن ، كە لەراستیدا گەربێتوو سەرژمێری ئەنجام بدرێت ئەوا بەتەئكید ئەو رێژەیە پێكناهێنن بگرە نزیكەی لە 48% پێك دەهێنن .. بەم شێوەیە دەوڵەتی قانوون نەئامادەیە سەرژمێریی گشتی عێراق ئەنجام بدرێت نە ئامادەیە گوێ لەپێشنیارو داواكارییەكانی هەردوو لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی و عێراقییە بگرێت. لەلایەكی ترەوە 4 ترلیۆن و 200 ملیار دیناری حكومەتی هەرێم قەرزارەو لەسەر بەغدا ماوەتەوەو نەیداوە كە مافی ئەو كۆمپانیا نەوتییانەیە كە لەهەرێمەكەدا كاردەكەن هەربۆیە داوامان كردووە لەبودجەكەدا ئەو بڕگەیە ئاماژەی پێبكرێت بەڵام ئەوان ئەمەش رەت دەكەنەوە هەربۆیە ئەوان نە نییەتی ئەوەیان هەیە قەرزەكانیان بدەنەوە، هاوكات ئەوانە خۆیان لەپێدانی 17%ی بودجەی وەزارەتی بەرگریش بۆ پڕچەك كردن و ئامادەكردنی كەرەستەو تەقەمەنی وەزارەتی پێشمەرگەش لەهەرێمی كوردستان دزیوەتەوە. لەهەموو حاڵەتێكدا ئێمە زۆر مەبەستمانە لەو ململانێ و كێشمەكێشەی كە ئێستا لەناو پەرلەمانی عێراق لەسەر بودجە هەیە مافی هەرێمی كوردستان نەخورێت و یاساكە بەرێكوپێكی پەسەند بكرێت.