پرۆفیسۆر ئەمازیا بارام بۆ گوڵان:لەم قۆناخەدا كورد ناتوانێت میانگیری بكات بەڵكو دەبێت بەشداری بەرەیەك بكات بۆ ئەوەی مالیكی بگۆڕێت
January 17, 2013
دیمانەی تایبەت
پرۆفیسۆر ئەمازیا بارام یەكێكە لە پرۆفیسۆرە بەناوبانگەكانی جیهان لەسەر مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تۆژەرەی باڵا بووە لە ئامۆژگای برۆكینگز و لە ئامۆژگای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ئاشتی(USIP)، لەمەش زیاتر پرۆفیسۆر بارام لەسەر ئاستی جیهان وەك پرۆفیسۆرێكی تایبەتمەند بەناوبانگە لەسەر مێژوو و سیاسەت و كۆمەڵگەی عێراق، بۆ قسەكردن لەسەر بارودۆخی ئێستای عێراق و هەرێمی كوردستان، گوڵان ئەم وتووێژەی لەگەڵ پرۆفیسۆر ئەمازیا بارام ئەنجامداوە.* بارودۆخی عێراق بە ئاستێك گەیشتووە كە چیتر پێكهاتە سیاسییەكان، شیعە و سوننە و كورد ناتوانن پێكەوە كاربكەن و پێكەوە حكومەت بەڕێوە ببەن، بەچەشنێك ناتوانن كێشەكانیان لەڕێی گفتوگۆوە چارەسەر بكەن، ئایا تا چەند ئەمە هەڕەشەیە لەسەر ئاییندەی وڵاتەكە؟
- من هەڕەشەیەكی جددی دەبینم، لەبەر ئەوەی پێموایە حكومەتی بەغدا سوننە و كورد پشتگوێ دەخات، ئەمە كارێكی مەترسیدارە و پێموایە مالیكی هەڕەشە لە یەكێتی عێراق دەكات، من وای نابینم عێراق بۆ سێ بەش دابەش بێت، لەوە باوەڕەدانیم بەم زووانە ئەمە ڕووبدات. بەڵام ڕەوانەكردنی سوپا لەدژی كورد و پەراوێزخستنی سوننە كارێكی زۆر خراپە، ئەمە مایەی نیگەرانییەكی گەورەیە، بەڵام ئایا ڕاستە حكومەتی عێراق بەشە داهاتی نەوتی كوردستانی نەداوە؟
* ناكرێت بڵێین نەیداوە، بەڵام هەوڵیداوە كەمی بكاتەوە، هەروەها پارەی كۆمپانیاكانی نەوتی نەداوە؟
- ئەمە شتێكی زۆر زۆر مەترسیدارە، پێم وایە یەكێك لەو ڕایەڵە بەهێزانەی بەغدا و هەولێر پێكەوە گرێدەدات داهاتی نەوتە، ئەگەر ئەو داهاتە بە رێكوپێكی نەدات، مایەی نیگەرانییەكی گەورەیە. من دەزانم حاڵی حازر ئێوە بە سەربەخۆیی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكانی تایبەتمەند لە بواری نەوتدا ئیمزا دەكەن. باوەڕم وایە مالیكی هەڵەیەكی گەورە دەكات، لەبەر ئەوەی پێویستە بوارتان پێبدات بە شێوەیەكی سەربەخۆ گرێبەست ئیمزا بكەن، بەڵام پێویستە گرێبەستەكان بە شێوەی پێشوو بن، واتە پێویستە بوارتان پێ بدرێت هەر كارێك بكەن كە دەتانەوێت بیكەن، بەڵام دەبێت داهاتەكەی بچێتە بەغدا و دواتر بەغدا بەشی ئێوە بدات لە كۆی داهاتەكە. بەڵام ئەگەر بەشە داهاتی ئێوەی ڕاگرتبێت، ئەوا وای دادەنێم ئێوەش ئەو داهاتە بۆ بەغدا نانێرنەوە كە بە دەستی دەهێنن، لەبەر ئەوە مالیكی هەڵەیەكی گەورە دەكات و هەڵەیەكی تراژیدی دەكات، ڕەنگە وا بزانێت زۆر بەهێزە و بتوانێت هەر كارێك بكات كە بیەوێت، بەڵام ئەمە هەڵەیە، چونكە هەموو شتێك دەبێت بە ڕێككەوتن بێت، ئەگەر ڕێككەوتنیش لە ئارادانەبوو، ئەوا دەبێت گفتوگۆ بكەن. ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە ئێوە پەیوەندیەكانتان لەگەڵ توركیادا بەرەوپێشەوە دەبەن، چونكە توركیا بۆ ئێوە زۆر گرنگە، بەتایبەتی كە بەغدا لە ئێستادا مەحاڵ بووە، بە ڕاستی مەحاڵ بووە..
* هەندێ لە شارەزایان و پسپۆرانی توركیا، پێیانوایە ئەگەر كوردستان سەربەخۆیی رابگەیەنێت توركیا پشتگیری دەكات، ئایا ئێوە چۆن ئەم مەسەلەیە دەبینن؟
- ئەگەر كوردستانی عێراق بە ڕەسمی جاڕی سەربەخۆیی بدات، ئەوا دەكەوێتە دۆخێك كە زۆر پشت بە توركیا ببەستێت، سەد لە سەد پشت بە توركیا دەبەستن، بەڵام بەبۆچوونی من جارێ زووە بۆ جاڕدانی سەربەخۆیی، لەبەر ئەوەی هێشتا ئومێدی دووبارە دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ لە نێوان ئێوە و بەغدا لە ئارادایە، ئەمە دەرفەتە هێشتا ماوە و لە ئارادایە. مالیكی بەدرێژایی تەمەنی ناتوانێت بە چەشنی سەددام حوسێن ببێتە دیكتاتۆر. لە 2014دا هەڵبژاردن لە عێراق دەكرێت و ئێوەش هێشتا بەشێكن لە عێراق، ئەوەی پێویستە ئێوە بیكەن لە 2014دا ئەوەیە پێكەوە كار لەگەڵ سوننەكاندا بكەن لە پێناو ئامانجێكی هاوبەشدا، كەواتە پێویستە پێكەوە كاربكەن و ڕێككەوتن بكەن لە نێو پارتە سیاسییەكاندا، چونكە ناكرێت یەكبگرن، بەڵام دەتوانرێت بەرەیەك دروست بكرێت، بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەكاندا دژی مالیكی بووەستنەوە، هەروەها تەنانەت دەكرێت كار لەگەڵ موقتەدا ئەل سەدردا بكەن. ڕەنگە ئەمە شتێكی مومكین بێت. كەواتە هێشتا هەڵبژاردن دەكرێت لە عێراقدا و ئەمەش بە مانای ئەوەیە هێشتا دەرفەت هەیە. لەبەر ئەوە دەبێت وریا بن و زۆر پەلە نەكەن، بەڵكو پێویستە دەسەڵات كۆبكەنەوە و كەڵەكە بكەن، بە زۆری دەسەڵاتی ئابووری، كە ئێستا ئێوە بە ڕەوتێكی لەسەرخۆ ئەم كارە دەكەن، ڕاستە پێویستە پەیوەندیەكی زۆر باش و نزیكتان لەگەڵ توركیادا هەبێت، من هاوڕام لەگەڵ ئەمەدا، دواتر دەبێت لە ماوەی ساڵێكدا- كەمتر یان زیاتر- چاوەڕێ بكەین چی لە سوریادا ڕوودەدات، كە لە بەرژەوەندی ئێوە دەبێت. ئەگەر ئەسەد لە دەسەڵات دووربخرێتەوە لە سوریا، و ئەگەر حكومڕانی سوننە بێتەئاراوە- كە من نازانم كێ دەبن-، بە ئومێدی ئەوەی نەبنە دوژمنی ئێوە، ئەو كاتە ئێوە بەهێزتربن، بۆیە لەئێستادا پێویستە ئێوە بیر لە ڕێگاچارەی گەڕانەوە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا بكەنەوە. ڕاستە مالیكی زیاتر وەك دیكتاتۆر ڕەفتار دەكات، بەڵام هێشتا نەبۆتە دیكتاتۆر، چونكە هێشتا ئەو شتانەی لەبەردەستدا نییە كە پێویستیەتی بۆ ئەوەی ببێتە دیكتاتۆر، سوپایەكی بەهێزی لە دەستدا نییە، ڕاستە سوپایەكی باشە، بەڵام هێندە بەهێز نییە بە بەراورد بە سوپاكەی سەددام حوسێن، ڕاستە پارەیەكی زۆری لەبەردەستدایە، بەڵام ئەگەر ئێوە بە شێوەیەكی گونجاو كاربكەن ئەوا ئێوەش پارەتان هەیە، پێشمەرگەتان هەیە، كەواتە ئێوەش زۆرتان لەبەردەستدایە.
* ئێمە دەزانین مالیكی داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكات و عەللاویش بە هەمان شێوە، بەڵام كێشەكە ئەوەیە حكومەتی ئێستا كۆنترۆڵی هەموو شتێكی كردووە و مالیكیش بەربەست لەبەردەم كارەكانی پەرلەماندا دروست دەكات كە باڵاترین دەسەڵاتە لە وڵاتدا، ئایا تا چەند ئەمە مەترسی لەسەر دروستبوونی دیكتاتۆریەت دروست دەكات؟
- ئەوەی پەرلەمان دەتوانێت بیكات وەرگرتنەوەی متمانەیە لە حكومەت، پەرلەمان ئەم دەسەڵاتەی هەیە. حاڵی حازر كە ئێمە قسە دەكەین هێشتا زۆرینەی پێویست لە پەرلەمانی عێراقیدا دروست نەبووە بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی، هێشتا ناتوانن ئەم كارە بكەن. ئەگەر مالیكی زۆرینەی هەبێت لە پەرلەماندا ئەوا ناكرێت متمانەی لێ وەربگیرێتەوە. من دەزانم ئێوە هەندێ گفتوگۆتان لەگەڵ موقتەدا سەدردا هەبوو، بەڵام ئەمە سەركەوتوو نەبوو، موقتەدا سەدر هێشتا پاڵپشتی لە مالیكی دەكات. كەواتە هاوڕام كە پەرلەمان دەسەڵاتێكی زۆری نییە، من وای نابینم شتێكی زۆر ڕووبدات، من وای نابینم كە لە پڕێكدا زۆرینەیەك لە پەرلەمان دروست بێت و دەنگ لەسەر سەندنەوەی متمانە بدرێت، ئێوە ناتوانن ئەم كارە بكەن، لەبەر ئەوەی پەرلەمانتاری پێوستتان نییە كە پشتیوانیتان لێبكات، تەنانەت بە ئەندام پەرلەمانی ئەلعێراقیە و پارتە بچووكەكانی دیكە و پارتی ئیسلامی عێراقی، هێشتا ناتوانن ئەو كارە بكەن،.... كەواتە ڕاستە پەرلەمان دەسەڵاتێكی زۆری نییە، ئەمەوێت ئەوەم بڵێم كە هەر كاتێك دەنگی پێویستتان دژ بە مالیكی كۆكردەوە، بۆ نموونە لە پتر لە سەدا پەنجا، و مالیكی ڕازی نەبوو بچێتە ماڵەوە-دەستەبەرداری دەسەڵات بێت-، لەو كاتەدا دەبێتە دیكتاتۆرێكی تەواو. بەڵام هێشتا پێم وانییە ئەمە ڕووبدات، چونكە ئەگەر ئەم كارە بكات ئەوا هەموو جیهان لەبەرامبەریدا دەوەستنەوە، ئەو كاتە نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمریكا و تەنانەت روسیاش ڕەخنەی لێدەگرن و تەنیا ئێرانییەكان پشتیوانی لێدەكەن و ئەو كاتە-مالیكی- وەك بەشار ئەسەدی لێدێت.
* ئەوە ئاشكرایە كە حكومەت داواكاری خۆپیشاندەرە سوننەكان- كە تەنانەت سوننەكانی بەغداش خۆپیشاندانیان كرد- فەرامۆش دەكات، ئایا تا چ ڕاددەیەك ئەمە مەترسی هەیە لەسەر ئەوەی سەربكێشێت بۆ توندوتیژی و ببێتە سەرەتای بەهاری عەرەبی لە عێراقدا؟
- پێموایە دەستپێكردنەوەی شەڕی ناوخۆ بارودۆخێكی لەمە زیاتری دەوێت. ئێوە سیستمی خۆتان هەیە و ئێوە جیاوازن لە سوننەكان، ئێوە ئۆتۆنۆمیتان هەیە و دەسەڵاتێكی زۆرتان هەیە و دەسەڵاتی مەحەلیتان هەیە و.. تاد. بەڵام سوننەكان دەسەڵاتی پێویست و سەرچاوەی پێویستیان نییە بۆ بەرپاكردنی شۆڕش. ڕاستە توڕەییەكی زۆر هەیە، من توڕەییەكی زۆر دەبینم، بەڵام هێشتا شۆڕش بەدی ناكەم، هێشتا «میدان التحریر» نابینم، چونكە تەنانەت ئەگەر «میدان التحریر»یشت هەبێت لە فەللوجە یان لە ڕومادیە، ئەوا هەمان كاریگەری و دەسەڵاتی «میدان التحریر»ی قاهیرەی نابێت، لەبەر ئەوەی سوننەكان لە پەراوێزدان. بە دڵنیاییەوە بارودۆخەكە بۆ سوننەكان زۆر قورسە و ئەوانیش زۆر توڕەن، بەڵام هێشتا گوڕ و تینێك نابینم كە پاڵنەڕی ئەوەبێت خەڵكی گیانی خۆیان بخەنە مەترسیەوە و دەست بە شۆڕشێكی چەكداری بكەن. من هەندێ زانیاریم هەیە كە سەرچاوەكەی عەممانە- ئەردەن- كە هەندێ لە شێخەكانی سوننە عەرەبەكان لەوێ هەن، ئەوان زۆر توڕەن و زۆر نائومێدن، من قسەم لەگەڵ هەندێكیاندا كردووە و ئەوان باسیان لەوە كردووە كە خواستی جیابوونەوەیان هەیە لە عێراق، و ئەوان ئەتوانن ئەم كارە بكەن، چونكە ئەوان پێویستیان بە نەوتی بەسرە یان عەممارە نییە، لەبەر ئەوەی بڕێكی زۆری گازی سروشتیان هەیە لە ئەنبار، ئەمە قسەی ئەوانە و ئەمە بە من دەڵێن. بەڵام ئەوان هێشتا پێویستیان بە پارەی بەغدا هەیە. باس لەوە دەكرێت لە دەوروبەری قائیم- لە نزیك سنوری سوریا- كێڵگەی غاز هەیە، من نازانم..... هەروەها كبریت، بەڵام پێموایە هێشتا زۆر پێویستیان بە بەغدا هەیە، بۆیە هێشتا وزەیەك بەدی ناكەم، هێشتا توڕەیی پێویست لەئارادانییە بۆ دەستپێكردنی شۆڕش، چونكە ئەگەر شۆڕشێكی ڕاستەقینە بكەن و پشێوی لەگەڵ خۆیدا بهێنێت، ئەوا ئەمە بە مانای جیابوونەوە دەبێت لە بەغدا و پێموانییە ئەوان بتوانن ئەم كارە بكەن، هەرچەندە من دەزانم كە وەك پێویست زانیاریم نییە. من بە بیرتان دەهێنمەوە كە پێش كانوونی دووەمی 2011، هیچ كەسێك پێشبینی ئەوەی نەكرد كە موبارەك لە ماوەی چەند هەفتەیەكدا لە دەسەڵات دووردەخرێتەوە، كەس نەیزانی ئەوەی لە «میدان التحریر» ڕوودەدات مانای چی بوو، زۆرێك لەو خەڵكانەی دیراسەتیان لەسەر میسر كردووە و لە نێویاندا ئەوانەی ماوەیەك لە میسریشدا ژیانیان بەسەربردبوو پێیان وتم ئەوە ڕوونادات، ڕاستە خەڵكانێكی كەم هەن لێرە و لەوێ بەڵام زۆر نین، تەنانەت ئەوانەی چوونە «میدان التحریر» نەیاندەزانی ئەمە بەرەو كوێ دەڕوات، لەبەر ئەوە دەبێت وریابین، ئێمە هەندێ شت دەزانین، بەڵام زۆربەی شتەكانیش نازانین، بەڵام من شۆڕشێكی سوننی بەدی ناكەم. ئەم شۆڕشە لە سوریادا ڕوودەدات، بە دڵنیاییەوە لە سوریادا هەیە، بەڵام ئەوەتان لەبیر بێت كە سوننە لە سوریادا زۆرینەیە، لە كاتێكدا لە عێراقدا كەمینەن.
* پێشبینیت چیە بۆ ئاییندە و و پەیامت بۆ خەڵكی ئێمە چیە؟
- قەسەی من بۆ ئێوە زۆر زۆر سادەیە، پێتان دەڵێم بەردەوامبن لە بەهێزكردنی ئابووریەكەتان، بەردەوامبن لە ڕاكێشانی وەبەرهێنان لە بواری سەرچاوەی نەوتدا و بەردەوامبن لەپەیوەندیە نزیكەكانتان لەگەڵ توركیا و هەوڵبدەن چۆن پەیوەندیەكی نزیك لەگەڵ كوردەكانی سوریادا دروست دەكەن، من نازانم چۆن، بەڵام دەزانم پەنابەرێكی زۆر لە كوردستاندا هەن كە لە سوریاوە هاتوون. چاودێری بارودۆخی سوریا بكەن و هەوڵبدەن سیاسەتێكی هاوبەشتان هەبێت لەگەڵ كوردەكانی سوریادا، ئەوان زۆر پێویستیان بە ئێوەیە، لەبەر ئەوەی ئێمە نازانین كە دەسەڵاتی نوێی سوریا- هەر كاتێك حزبی بەعس و بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتدا نەمان- چۆن مامەڵە لەگەڵ كوردەكاندا دەكات، ئێمە نازانین، بەڵام ئەوەی دەیزانین ئەوەیە سوپایەكی بەهێزی نابێت، هەر كەسێ حكومڕانی بكات لە دیمەشقدا، لە دوای بەشار ئەسەدەوە، ئەوا بۆ چەند ساڵێكیش سوپایەكی بەهێزیان نابێت، ئەمەش دەرفەتێكە بۆ كوردەكانی سوریا بۆ دامەزراندنی ئۆتۆنۆمییەك بۆ خۆیان. مەرج نییە جیاببنەوە، بەڵام بۆی هەیە ئەمە لە ناوچەكانی دیكەی سوریاشدا ڕووبدات، لەبەر ئەوە دەبێت پەیوەندیەكی نزیكتان هەبێت لەگەڵ براكانتاندا لە سوریا و چاودێری بكەن چی لە سوریادا ڕوودەدات. بەڵام هەروەك پێشتر وتم دەبێت ئەولەویەت بۆ پەیوەندیەكانتان بێت لەگەڵ توركیادا.
* هەمیشە كورد ڕۆڵی میانگیریان بینیوە لە نێوان پێكهاتەكاندا، بەڵام كاتێك ئەوان بەهێز دەبن دژی ئێمە دەوەستن، بۆچی هەموو جارێك كورد ئەم هەڵەیە دووبارە دەكاتەوە؟
- چیتر ئێوە ناتوانن میانگیری نێوان شیعە و سوننە بكەن، هەروەها پێموایە پێویست ناكات میانگیری بكەن لە نێوانیاندا، لەبەر ئەوەی ئەمە هیچ هاوكاریەكی ئێوە ناكات. ئەوەی پێویستە ئێوە بیكەن ئەوەیە-ئەگەر بتوانن ئەم كارە بكەن كە من پێم خۆشە هەوڵبدەن ئەم كارە بكەن- میانگیری نێوان شیعە و سوننە مەكەن، بەڵكو هەوڵی پێكهێنانی بەرەیەكی هاوبەش لەگەڵ عەرەبی سوننەدا بدەن، بە تایبەتی لەگەڵ عەللاویدا، من دەزانم كە پارتەكەی وەك پێشوو بەهێز و یەكگرتوو نییە، بەڵام هەوڵبدەن لەگەڵ ئەل عێراقیەدا ئەم كارە بكەن، واتە چاوتان لە پێكهێنانی بەرەیەكی هاوبەش بێت لەگەڵ عەرەبی سوننەدا، ئەگەر ئەم كارە بكەن، ئەوا بەهێزتر دەبن، ئەوكاتە دەتوانن ڕووبكەنە بەغدا و داواكاری بخەنە بەردەمی. من تەواو هۆشیارم بەوەی كە لە نێوان ئێوە و سوننەشدا جیاوازی هەیە. من ئەوە دەزانم بەڵام هەموو شتێك دەوەستێتەسەر هەل و مەرجەكە و سەر ئەم ساتەوەختە، ئەوەی من دەیبینم كێشەی سەرەكی ئێستای ئێوە لەگەڵ عەرەبی سوننەدا نییە، بەڵكو بە زۆری مالیكی و لە لەگەڵ بەغدایە، لەبەر ئەوە دەبێت مرونەتتان هەبێت و بەرەیەكی تاكتیكی دروست بكەن لەگەڵ سوننەكاندا، نەك میانگیری بكەن، هیچ مانایەك لە میانگیریدا نییە، بە پێچەوانەوە دەبێت كار لەگەڵ سوننەدا بكەن لە دژی بەغدا، ئێوە دەتوانن ئەم كارە بكەن.
* تۆ زۆر رەشبینی بەوەی كورد جاڕی سەربەخۆیی بدات، بەڵام ئەگەر بەغدا ئامادەنەبێت بە دیالۆگ كێشەكان چارەسەر بكات، بەدیلی دیكە چییە؟
- من شتێكتان بۆ دەگێڕمەوە كە سێ ساڵ پێش ئێستا لە دۆستێكی زۆر باش و نزیكم بیستووە، ئەو دۆستە چەند ساڵێك پەیوەندی لەگەڵ مەلا مستەفا هەبووە، پێی وتم هەر كاتێك چووبێتە لای مەلا مستەفا بۆ دوو سێ ڕۆژ ماوەتەوە، ئەو دەیووت هەموو جارێك مەلا مستەفا پێی دەگوتم كەی بارودۆخێك دێتە پێشەوە كورد سەربەخۆیی رابگەیەنێت، ئەو وتی مەلا مەستەفا خەونی بە سەربەخۆبوونی تەواوەوە دەبینی بۆ كوردستانی عێراق- استقلال تام-، بەڵام ئەوە مومكین نەبوو. بەڵام لە ئێستادا ئەمە ئاسانترە و ئەمە مومكینە، بەڵام لە ئێستادا نە، بە دڵنیاییەوە ئێستا ئۆباما پێتان دەڵێت لە زۆر شتدا پشتیوانیتان دەكەم، بەڵام ببورن ئیعتیراف بە سەربەخۆبوونتان ناكەم، لەبەر ئەوە دەبێت واقیعی بین. ڕەنگە چەند ساڵێكی دیكە ئەمە ڕووبدات، ئەویش دەوەستێتەسەر زۆر شت، ئەوەی لە سوریا و ئەوەی لە ئێران و تەنانەت ئەوەی لە توركیاش ڕوودەدات، ئێمە دەزانین كە هەر چەند ساڵ جارێك توركیا مافی كەلتوری زیاتر و مافی دیكە بە كورد دەدات، كەواتە توركیا بە ڕەوتێكی لەسەرخۆ دەگۆڕێت، هەموو شتێك مومكینە. بەڵام دەبێت هەنگاو بە هەنگاو كاربكەن و بە تەواوەی لە عێراق جیامەبنەوە، من دەزانم كە ئێستا ئێوە گفتوگۆتان لەگەڵ مالیكیدا نییە، ئەمەش جێی داخە، بەڵام بە زۆری بەرپرسیارێتییەكە دەكەوێتە ئەستۆی مالیكی، نەك ئێوە.
* ئەوەی تۆ ئاماژەی پێدەكەیت لەلایەكەوە گرنگە، بەڵام دەبێت ئەوەشمان لەبەرچاو بێت، مالیكی خۆی بەهێز دەكات و سوپاكەی چەكدار دەكات، ئایا ئەمە مەترسی جددی دروست ناكات؟
- لە ماوەی دوو بۆ سێ ساڵی داهاتوودا سوپای عێراقی تانكی دەبێت، ئیتر تانكی ڕووسی یان تانكی ئەبرامزی ئەمریكی، من نازانم لیستی كڕینەكانی عێراق چییان بەسەرهاتووە، بەڵام لەوە دڵنیام عێراق لیستێكی دوورودرێژی هەیە بۆ كڕینی چەكی ڕوسی، كە نرخەكەی دەگاتە زیاتر لە چوار ملیار دۆلار، كە بەهۆی بوونی هەندێ گەندەڵیەوە دواخرا. بەڵام ئەتوام دڵنیاتان بكەمەوە كە ڕوسیا زۆر پەرۆشە بۆ فرۆشتنی چەكی ڕوسی بە مالیكی، هەروەها دەبێت ئەوە بزانن كە بەدەستهێنانی 500 یان 1000 تانكی ڕوسیا یان ئەمریكایی چی دەگەیەنێت بۆ ئێوە - ئەگەری زۆرە لە ڕوسیا، چونكە هەرزانترە و مەرجدار نییە، و ئەتوانیت هەر كارێكی پێبكەیت كە دەتەوێت و كەس پێت ناڵێت چۆن بەكاری بهێنیت-. لەبەر ئەوە دەبێت بیر لەمەش بكەنەوە، هەمان شت بۆ هێزی ئاسمانیش ڕاستە. من لە ئەزموونی خۆمانەوە ئەتوانم ئەوەتان پێبڵێم كە هێزی ئاسمانی لە ساڵێكدا بنیات نانرێت، بە تایبەتی كە زۆربەی فڕۆكەوانەكانی سەردەمی سەددام سوننە بوون نەك شیعە و زۆربەیان كوژران لەلایەن ئێرانەوە، یان ئیغتیالكران لە دوای ساڵی 2003وە. كەواتە مالیكی پێویستی بە بنیاتنانی هێزی ئاسمانی هەیە، بە پێی مەزەندەی من- كە من كەسێكی سەربازیم و ئەتوانم ئەم مەزەندەیە بكەم- پێنج بۆ حەوت ساڵ دەخایەنێت. من فەرماندەی بەتالیۆنی تانك بووم لە هێزی یەدەگ و ئەتوانم پێیتان بڵێم كە بنیاتنانی یەكەی زرێپۆش بە هیچ شێوەیەك ئاسان نییە، و چەند ساڵێك دەخایەنێت. كەواتە چەند ساڵێكتان لەبەردەمدایە پێش ئەوەی سوپای عێراق بگاتە دۆخێك كە نەتوانن پێشی پێبگرن.
* ئێستا لە كوردستان هەوڵێكی زۆر بۆ پەرەپێدان و بونیادنانەوەی ژێرخانی وڵات لە ئارادایە، ئایا بەڕای تۆ چۆن ئابووری كوردستان دەبێتە ئابوورییەكی ئەوتۆ پشتی پێ ببەسترێت؟
- حاڵی حازر كوردستانی عێراق ئابووریەكی سەربەخۆی نییە، و پێویستە ببێتە خاوەنی ئابووریەكی سەربەخۆ، ئابووریی سەربەخۆ بە تەنیا نەوت نییە، نەوت گرنگیەكی گەورەی هەیە، كەواتە پێویستە پەرە بە كەرتی نەوت بدەن. پەرە بە نەوت و غاز بدەن. دەبێت ئەوەتان لەیاد بێت ئەگەر ئابووریەك بە تەنیا پشت بە نەوت ببەستێت ئابووریەكی سەقامگیر نییە، بەڵكو دەبێت بایەخدان بە تەكنۆلۆژیای بەرز بدەن، پێویستە كشتوكاڵ ببووژێننەوە و تەكنۆلۆژیا بەكار بهێنن لە بواری كشتوكاڵدا، هەروەها پیشەسازی، هەموو جۆرەكانی پیشەسازی، خەڵكی ئێوە ناتوانن بە تەنیا پشت بە نەوت ببەستن و حاڵی حازر زۆربەی ئابووری ئێوە پشت بە نەوت دەبەستێت، ئەمە بەس نییە. دەبێت پێكەوە پەرە پیشەسازی و نەوت بدەن. با نموونەیەكتان بۆ بێنمەوە، ئێوە وزەیەكی زۆر هەرازنتان هەیە، لەبەر ئەوەی نەوت و غازتان هەیە. ڕاستە زۆربەی دەفرۆشن، بەڵام هێشتا لە ناوخۆدا بڕێكی باشتان هەیە، و وزەیەكی هەرزانتان هەیە، بۆ نموونە دەتوانن بەم وزەیە پەرە بە پیشەسازیەكی كارای ئەلەمنیۆم بدەن. من چەند رۆژێكە لە ئایسلاندەوە هاتوومەتەوە، لە ئایسلاند هیچ شتێك نییە، جگە لە ماسییەكی زۆر و وزە، سەرچاوەی وزەكەشیان لە گڕكانەكانەوەیە كە دەزانن چۆن بەكاری بهێنن، ئەوان وزەكە بەكاردەهێنن و سیستمێكی زۆر باشی بەرهەمهێنانی ئەلەمنیۆمی لێ دروست دەكەن، ئێستا ئەوان گەورەترین بەرهەمهێنەری ئەلەمنیۆمن لە جیهاندا، ئەوان خۆیان سەرچاوەی ئەلەمنیۆمیشیان نییە، بەڵكو كەرەستەی خاو لە هەموو بەشەكانی جیهانەوە هاوردە دەكەن، بەڵام گۆڕینی ئەم كەرەستانە بە ئەلەمنیۆم وزەیەكی زۆر گرانبەهای دەوێت كە هەموو كەس نییەتی، ئەوان هەیانە، ئێوەش هەمان وزەی هەرزانتان هەیە. كەواتە ئێوەش دەتوانن كارێكی زۆر باش بكەن لەم ڕووەوە. ئێوە پێویستتان بە ڕاوێژی ئابووریە بۆ ئەوەی سوود لە كار و گەشەپێدان وەربگرن، هەروەها ئەمە لە ڕێی بایەخپێدانی پەروەردەوە دەكرێت پێویستە ئێوە قوتابی ڕەوانەی دەرەوە بكەن بۆ ئەوەی لە بواری ئەلەكترۆنیدا فێر بن، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە و پیشەسازیەكی ئەلەكترۆنی بكەنەوە، واتە ئەوەی ئێوە لە كوردستاندا پێویستتان پێیەتی ئەوەیە تەنیا پشت بە نەوت مەبەستن ئەگەرچی نەوت لە پلەی یەكەمدایە لای ئێوە، بەڵام نەوت داهاتتان زیاد دەكات كە دەتوانن بەكاری بهێنن بۆ ئەوەی قوتابی ڕەوانەی دەرەوە بكەن و بێنەوە و پیشەسازی بكەنەوە، ئێستا هەموو شتێك پشت بە تەكنۆلۆژیا دەبەستێت، لەژاپۆن بڕوانن، كە نەوتی نییە و هیچی نییە و نزیكەی 35،000 دۆلار داهاتی تاكەكەسی هەیە لە ساڵێكدا، كوردستان دەتوانێت هەمان شت بكات، دەبێت كار لە بواری سیستمی پەروەردەدا بكرێت و ڕاكێشانی وەبەرهێنان لە بواری پیشەسازیدا، تا ڕاددەیەك لە دۆخێكی باشدان. من كوردێكی زۆرم بینیوە لە ئەمریكا و ئەتوانم پێتان بڵێم كوردەكانیش بە چەشنی هەر كەسێكی دیكە زیرەكن و ئەگەر كەسێ بڵێت كورد كەمتر زیرەكن بە بەراورد بە ئەمریكیەكان ئەوا قسەیەكی هیچە، لەبەر ئەوەی بە چەشنی ئەمریكیەكان زیرەكن، ئێوە زۆر باشن. تاكە شتێك كە پێویستە بیكەن بریتییە لە سوودوەرگرتن لە سەرچاوە مرۆییەكانتان، لە مناڵەكانتان، لە گەنجەكانتان، پەروەردەیان بكەن، ڕەوانەی دەرەوەیان بكەن و بیانگەڕێننەوە بۆ ئەوەی پەرە بە وڵاتەكەتان بدەن.